نووسین: ملادین دۆلار
وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران
یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان کە هەمیشە لە فەلسەفەدا سەر هەڵدەدات بریتییە لە بڕیاردان لە نێوان دوو لایەنی گەورەدا: ماتریالیزم و ئایدیالیزم. کەواتە ئێمە پێویستە لە نێوان ئەم دوانەدا یەكێکیان هەڵبژێرین، ئەگەر بەو جۆرە بێت، دەبێت بڕیار بدەین ئایە جەوهەر ماددەیە یاخود جەوهەری راستەقینە ئایدیا یان رۆحە. ئەم پرسیارانە تەنیا لە سەدەی هەژدەهەمدا وەکوو چەمک سەریان هەڵداوە، بەڵام کاتێک وەک چەمکسازی ئەم دوو چەمکە (ئایدیالیزم و ماتریالیزم) دروست بوو، وا دەرکەوت کە هەموو مێژووی فەلسەفە شەڕی نێوان ئەم دوو لایەنە گەورەیەیە. وەک دەزانن هیگڵ ئایدیالیستێکی گەورەیە، بەڵام هیگڵ چۆن لە ماتریالیزمی دەڕوانی و ماددەی وەک چی وەردەگرت؟ هیگڵ پێی وا بوو پرسیاری ماتریالیزم ناماتریالییە، لەبەر ئەوە نا کە ماددەی بەکەم وەرگرتبێت و بەلای ئایدیادا ڕۆیشتبێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بۆ هیگڵ ماددە هەروەک هەموو شتەکانی تر ئایدیایەکە، کێشەکە ئەوەیە کە ماددە هەر ئایدیایە. بۆیە هیگڵ رێزی لە ماتریالیزم دەگرت و دواتر لە فینۆمینۆلۆجی سەبارەت بە ماددە دەڵێت: “ماددە شتێکی هەبوو existing thing نییە، بەڵکوو بوونێکە being لە فۆرمێکی جیهانی و یونیڤێرساڵ یاخود فۆرمێکی کۆنسێپت. کاتێک عەقڵ ماددە تەفسیر دەکات، سروشتی جەوهەر دەبێت بە عەقڵێکی یونیڤێرساڵ و وەک بیرکردنەوەیەکی بێمانای بیرکردنەوەی مانادار گوزارشتی لێ دەکرێت، دەبێت بە بوونێکی ئۆبێکتیڤانە.” لێرەدا هیگڵ فۆرموڵەیەکی پارادۆکسیانە بەکار دەهێنێت: بێمانا مانادارە. دواتر دەڵێت: “ئەوەی دەبیندرێت، هەست پێ دەکرێت، تام دەکرێت بریتی نییە لە ماددە، بەڵکوو بریتییە لە رەنگ، بەرد و هتد، ماددە زیاتر ئەبستراکتێکی رووتە، کەواتە ئەوەی لێرەدا پیشانی دەدەین بریتییە لە جەوهەرێکی رووتی بیرکردنەوە.” کەواتە ئەمە ئارگومێنتەکەی هیگڵە سەبارەت بە ماتریالیزم. تا ئێستا کێ ماددەی بینیوە؟ کەس ماددەی نەبینیوە و ئەوەی دەشیبینین بریتییە لە رەنگ و شێوە و قەبارەی جیاواز، ئەوەی بۆنی دەکەین بۆنی جیاوازن، ئەوەی دەیبیستین دەنگی جیاوازە. کەواتە هەموو ئەو شتانەی هەستی پێدەکەین، وەک هیگڵ دەڵێت بریتییە لە (شتی ئەندێشە و بیرکردنەوە)، شتێک کە بیرکردنەوە بەرهەمی هێناوە، ئەگەر بڵێین هەموو ئەو شتانە ماددەن ئەوە دووبارە ئەبستراکت دەبنەوە. کەواتە هیگڵ لەوەدا کێشەی نییە ئەگەر بگوترێت هەموو شتێک ماددەیە، ئەگەر وابێت کەواتە هەموو شتێک ئایدیایەکی ئەبستراکتە و ماددە دەبێتە ئایدیایەکی ئەبستراکت. چونکە هەموو بوونی جیهان کورت دەکرێتەوە لە گوتنی “هەموو ئەمانە ماددەن”. کەس ناتوانێت ماددە ببینێت لەبەر ئەوەی ماددە جەوهەرێکی رووتی ئەندێشەیە و ئەو جەوهەری رووتی ئەندێشەیە دەخەینە پاڵ بوونێکی ئۆبێکتیڤانە. کەواتە بۆ هیگڵ ئەمە وەک حکوومدانێکی ناکۆتایە: ماددە ئەندێشەیە و ئەندێشە ماددەیە. ئەم ئەندێشە رووتە بریتییە لە بوونێکی دەرەکی و ئەو شتەی لە ماددە دەیدۆزینەوە ئەندێشەی رووتە لە دەرەوەدا، وەک دەزانن ئەمە پێوانەی لینین بوو “ماتریالیزم چییە” ماتریالیزم بریتییە لە ئۆبێکتێکی دەرەوە لە جیهان نەک خەیاڵی زیهنیمان، کەواتە راستە بوونێکی ئۆبێکتیڤە بەڵام دیسان ئایدیایەکی ناو زیهنیمانە.
کەواتە ماددە بریتی نییە لە هەستەکان، ئەی کێشەی ماددە چییە؟ کێشەکە ئەوە نییە ماددە بریتییە لە هەستەوەرەکان و هەبووە دەرەکییەکان و… هتد ئەوەی بۆ هیگڵ لە ماتریالیزمدا کێشەیە بریتییە لەوەی ماددە وەک جەوهەر وەربگیرێت، ئەمەش شتە هەڵەکەیە. ئەگەر ئێمە بڵێین هەموو شتێک ماددەیە ئەوا لە قسەکەی هیگڵ تێناگەین کاتێک دەڵێت: جەوهەر بریتییە لە سوبێکت. بە بڕوای هیگڵ کێشەی ماتریالیزم ئەوەیە کە وەڵامی پرسیارێکی هەڵە دەداتەوە، وەڵامێکی هەڵە سەبارەت بە جەوهەرگەرایی. کەواتە ماتریالیزم هاوشان بە ئایدیالیزم هەردووکیان هەڵەن ئەگەر بڵێین هەموو شتێک ئایدیا دیسان رووبەڕووی هەمان کێشە دەبینەوە، چونکە ئەو کات ئایدیات وەک جەوهەر وەرگرتووە. کەواتە ئەوەی پێویستە هەڵیوەشێنینەوە خودی جەوهەرگەراییە و ئەمەش مەبەستی هیگڵە کاتێک دەڵێت “جەوهەر بریتییە لە سوبێکت”. ئەگەر تەماشا شاوشەی هیگڵ بکەین، کە سەرەڕای ئەوەی ئەو شاوشەیە زۆر کەم بەکار دەهێنێت و یەکێک نییە لەو چەمکانەی زۆر دووبارە ببێتەوە و ئەویش بریتییە لە (خود-لکان/ لکاندن بە خودەوە). مەبەستی هیگڵ لەم چەمکە چییە؟ واتا هەر جۆرە خودێک self دەبێت بە خۆی itself، خود-لکان واتا ئەو ڕیسکەی خود ببێت بە ئەویتر وەک لە خودی خۆی. کەواتە خود لە خۆیدا بەتاڵە ئەگەر نەپەڕێتەوە بۆ ئەویتر، بۆیە هەموو بوونێک لە بنەڕەتی خۆیدا بەتاڵە تا ئەو کاتەی لە بنەڕەتی خۆی تێدەپەڕێت و بنەڕەتەکەی رەت دەکاتەوە. ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە نییە کە هێزێکی دەرەکی پاڵی پێوەدەنێت، بەڵکوو سروشتی خود بەو جۆرەیە کە بۆ ئەوەی ببێت بە شتێک پێویستە بۆ ئەویتر بپەڕێتەوە. شێوەیەکی تر بۆ تێگەیشتن لەمە بریتییە لە ئایدیای “کەوتن fall” کە سلاڤۆی ژیژەک لەبارەیەوە نووسیویەتی، بۆ نموونە ئایدیای کەوتن مانایەکی “کتێبی پیرۆز” وەربگرە بۆ نموونە بەهەشتێک هەبووە و دواتر مرۆڤ لەو بەهەشتە کەوتووە، ئەمەش یەکێکە لەو گێڕانەوە باوە ئایینیانەی باس دەکرێت. بەڵام ئایدیاکەی هیگڵ سەبارەت بە کەوتن بریتییە لەوەی ئێمە دەکەوین و بەهەشتیش کە پێشووتر بوونی هەبووە بەشێوەی ریترۆئەکتیڤانە بنیاتنراوە. کەواتە پێویستە شتەکان بکەون تا ببن بە خۆیان واتا لە بەهەشتی خود-شوناسیاندا نابن بە خۆیان، تەنیا لە دوای ئەو کەوتنەوەیە کە دەتوانین ببین بەو شتەی کە دەبین، چونکە بەر لە کەوتنەکە شتەکان بەتاڵ و بۆشن و تەنیا بەشێوەی ریترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش لە ئایدیای پڕێتیی بنەڕەت تێدەگەین. بۆ هیگڵ بنەڕەت هەمیشە بۆش و بەتاڵە شتێکی پڕ نییە کە وردە وردە گەشە بکات، هەر لەو شتە بەتاڵەوەیە کە دەکەوین و پاشەوپاش دەتوانین خود-شوناسەکەمان ببینین. ئەم بابەتەش زۆر بە رستەی “جەوهەر بریتییە لە سوبێکت” پەیوەندیدارە و دەتوانین بڵێین سوبێکت بریتییە لە مەحاڵیی جەوهەری بوون لە خۆیدا. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە سوبێکت لە شوێنێکی ترە و دەتوانین وەک شتێکی پەراوێزخراو جیای بکەینەوە، هیگڵ هەمیشە دژ بە دوالیزم بووە، واتا ئەگەر نەتوانین جەوهەرێک وێنا بکەین پەنا ببەین بۆ جەوهەرێکی دیکە، بەڵکوو بۆ هیگڵ شتێک لەناو ئایدیای جەوهەردا هەیە کە بەرەو ئەویترێتی پاڵی پێوەدەنێت. هەروەها ئەو سوبێکتەی ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین شتێک نییە دژ بە ئۆبێکتیڤ بێت، واتا سوبێکتێکمان هەبێت بەرانبەر شتێک یان جیهانی ئۆبێکت ڕاوەستابێتەوە بەڵکوو سوبێکت هەمیشە بە جیهانی ئۆبێکتیەوە نووساوە. بۆیە ریالیزمی گومانگەرا Speculative realism کە لە دە ساڵی ریبردوودا وەک قوتابخانەیەک بە شێوەیەکی فراوان لە جیهاندا بەربڵاوە و کاریگەریی بەجێ هێشتووە و باس لە نموونەیەکی سادەی فەلسەفەی مۆدێرن دەکەن و بەدیاریکراوی فەلسەفەی کانت، کە دەکرێت بە وشەیەک باس لەم بزووتنەوەیە بکرێت: هاوپەیوەندیگەرایی correlationism. کێشەی هاوپەیوەندیگەرایی ئەوەیە کە ئێمە دەکەوینە تەڵەی پەیوەندیی نێوان سوبێکت-ئۆبێکت، هەروەها ناتوانین ئۆبێکتێک وێنا بکەین لە دەرەوەی پەیوەندیی بە سوبێکتێکەوە. هیگڵ هەرگیز هاوپەیوەندیگەرا نەبووە، سوبێکتی هیگڵی ئۆبێکتیڤانە نەڕسکاوە، تەنانەت کانتیش هاوپەیوەندیگەرا نەبووە، هەڵبەت بابەتەکەی کانت پەیوەندیی بە هەندێک هۆکاری دیکەوە هەیە، بەڵام بۆ هیگڵ زۆر روونە کە “جەوهەر بریتییە لە سوبێکت” واتا سوبێکت ناوەکییە بەنیسبەت خودی جەوهەرەوە، لە بەرانبەری ناوەستێتەوە، بۆیە پەیوەندیی نێوان سوبێکت-ئۆبێکت لە سەرەتاوە بوونی نییە بەڵکوو سوبێکت بە جەوهەرەوە نووساوە[واتا سوبێکت بەشێک نییە لە پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی ئۆبێکتەکان بەڵکوو ئۆنتۆلۆجیانە بە ئۆبێکتەوە پەیوەستە و لێی دانابڕێت].
سەرچاوە: