رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

زوومکردنی کێشە و مەرگی رەیان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جەواد خەلیل

Download PDF

لە سەردەمێکدا کە هەموو شتێک لە خۆیدا بڕێک کێشەی هەڵگرتبێت و، ئاسانترین کارێکیش دەرهەقی زوومکردنی بێت؛ رەنگە قسەکردن لەسەر کێشە بۆ خۆی کارێکی پڕ کێشە بێت. ئەگەر رێگە بە خۆمان بدەین یەک پێناسەی کورت و گشتگیر بۆ مرۆڤی نوێ بکەین، ئەوە دەشێت لە رستەیەکی وەهادا پوختی بکەینەوە: “مرۆڤی نوێ کەسێکە بە دووی کێشەدا دەگەڕێت.” کێشەی مرۆڤی نوێ کێشەیەکی دوو دیوە، لە دیوێکدا کەسێک دەبینین لە بەرانبەر یەک دونیا لە کێشەی تاقەتپڕوکێنیی دەرەخۆییدا وەستاوە و کەوتووەتە جەنگەوە لەگەڵیان، لە دیوەکەی تردا هەر ئەم کەسە بە کۆمەڵێک کێشەی زاتییەوە هاتووتە دەر و کێشەکانی هەناردە دەکات و خۆی بووەتە کێشەخوڵقێن. رێک هاوشێوەی پاڵەوانەکەی کافکا “گریگۆر سامسا” کاتێک لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و بەرانبەر خێزان و جیهانی دەرەوە دەوەستێت و ناچاریان دەکات بە کێشەکانییەوە سەرقاڵ بن. هەڵبەت گیانگۆڕکێی گریگۆریش تا ئەندازەیەکی زۆر زادەی ماندووێتی و تاقەتپڕوکێنیی کار و بێموباڵاتیی دونیای دەرەوەی خۆیەتی. لە یەک کاتدا گریگۆر، هەم کێشەخوڵقێنە و هەمیش خۆی بووتە قوربانی کێشە دەرەکییەکان.
شتێک چ کاتێک دەبێتە کێشە؟ کاتێک بڕێک لە ئاڵۆزیی پێوە ئاڵێنرابێت و نەهێڵێت وەکوو خۆی  بە سادەیی بیبینین. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە کێشە، ناچارین لە خودی ئاڵۆزی خۆی رابمێنین. ئاڵۆزی وەک یەکەیەکی داخراو، کە هیچ کەلێن و رێڕەوێک بە روونی ناهێڵێتەوە تا لێیەوە دزە بکەینە نێوی. بێگومان لێرەدا ئاڵۆزی بۆ خۆی رووکاری هەرە زەقی کێشەیە. لە ئاڵۆزیدا مرۆڤ هەست بە بوونی کێشەی گەورە دەکات، هەست دەکات لەودیوی ئاڵۆزییەوە هەمیشە بڕێکی زۆر لە کێشە بوونی هەیە، کێشەگەلێک کە چارەکردنیان لە سەرووی توانای مرۆیی ئەمەوەیە.
ئەم بە کێشە بینینەی ئاڵۆزی، چەندە بەرهەمی ترسێکی ناوەکییانەی مرۆڤ خۆیەتی؛ دوو هێندەش بەرهەمی بیرکردنەوە میتافیزیکی و ئەفسانەیەکانێتی. کاتێک لە مێژووی ئەم سڵکردنەوەیە دەڕوانین، دەبینین کە زۆر بە قووڵی پێیەکی ئەم بیرکردنەوەیە لەنێو میتۆلۆژیا و ئایندا رۆ چووە. لە توراسی ئایینە تاکخوداییەکاندا زۆر بە روونی ئاماژەکانی پشت ئەم سڵکردنەوەیە دەبینین، بۆ نموونە: لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا هاتووە کە “نەبوخزنەسر” جووەکان دێنێتە بابل، دوای ماوەیەک مانەوەیان لەوێ و تێکەڵبوونیان بە ژیاری بابلییەکان، هەست بە گرنگی نووسینەوەی دەقەکانی نێو کتێبی پیرۆز دەکەن و تەورات دەنووسنەوە. چونکە پێیان وایە نووسینەوە و پاراستنی پیرۆزییەکان وەکوو خۆی لە جێیەکی دەستکارینەکراودا، تێگەیشتن و پارێزگاریکردن لێیان ئاسانتر دەکات. جووە بەراییەکان لەو بڕوایەدا بوون بە زارەکی هێشتنەوەی کتێبی پیرۆز، دەقەکان ئاڵۆزتر دەکات و نەوە دوای نەوە، هەر جارەی بەشێکیان لەبیر دەچنەوە و تەحریف دەکرێن. لە بیرچوونەوەش واتا پشتگوێخستن و گوێنەدان بە فەرمان و کەلامی خودا، کە هاوڕێکی گەورەترین تاوانن و دەبنە گەورەترین کێشەی عەقائیدیش! دوابەدوای جووەکان؛ هەم کریستیانەکان و هەمیش موسڵمان و بڕواداری ئایینەکانی دیش، بە هەمان رێچکەی جووەکاندا چوون: “بنووسە، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و ئاسانتر دەستت پێبگات و بیپارێزیت.” ئەوان هەموویان لە خاڵێکدا کۆک و تەبا بوون و وا بیریان دەکردەوە کە بە زارەکی هێشتنەوە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، ئاڵۆزییش دەبێتە سەرچاوەی کێشەیەکی گەوره بۆ خودا و بۆ باوەڕی لەرزۆکانەی مرۆڤ! بە پێچەوانەی تێڕوانینی سۆکراتەوە، کە پێی وابوو نووسین ئاڵۆزکردن و دوورخستنەوەی مرۆڤە لە بناوانی مەسەلەکان نەک ئاسانکردن و نزیککردنەوە. ئاخر لای سۆکرات، نووسین لەگەڵ ئەوەی خۆی کێشەیە، دوورخەرەوەی حەقیقەتیشە بۆ جێیەکی دوورتر!
پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ هەموو ئاڵۆزییەک نیشانەیە بۆ هەبوونی کێشەیەکی شاراوە و گەورەتر؟ کاتێک بە وردی دەڕوانینە زۆرێک لەو بۆچوونانەی مرۆڤ دەرهەق بە کێشەکانی پشت ئاڵۆزی، تێدەگەین لەوەی کە بۆچی ئەم تێگەیشتنە کورتی هێناوە و زادەی بیرکردنەوەی دانیشتوانی نێو ئەشکەوتەکەیە ( بە دەربڕینە ئەفلاتۆنییەکەی). چونکە دانیشتووانی نێو ئەشکەوتەکە نازانن لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە چ باسە، بۆیە پێیان وایە دەرەوەی ئەشکەوتەکە شوێنێکی تەنراوە بە کێشە. ئەم بە کێشە بینینەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە بەرهەمی سڵکردنەوەیە لە خودی ئاڵۆزی خۆی، بینینێتی بەو شێوەیەی کە وەهم و خورافاتی نێو خەیاڵدانی مرۆڤ دەیخوازێت. نابێ ئەوەش لە یاد بکەین کە جاروبار ئێمە لە هەمبەر “ئاڵۆزییەکی دەستکرد”دا دەوەستین و پێمان وایە ئاڵۆزییەکی سروشتی و دەرەئیرادەیی ئێمەیە. ئەم ئاڵۆزییە دروستکراوە ئیشی بەرگرتنە لە هەقیقەت؛ رێگریکردنە لەو راستییانەی کە ئێمە نامانەوێت بیانبینین و ئاسوودەییمان بشێوێنن؛ بۆیە ئەم ئاڵۆزییە دەخوڵقێنین، تاکوو ببێتە بەربەستێک لەنێوان ئێمە و کێشە راستەقینەکەدا. بەو مانایەی “ئاڵۆزیی دەستکرد” رێگایەکی خێرای ئێمەیە بۆ هەڵهاتن لە هەقیقەت؛ هەڵهاتن لەو کێشە راستەقینانەی کە هەن و ئێمە نامانەوێت بیانبینین، بۆیە دێین و لەگەڵ ئاڵۆزییەکدا کە خۆمان خوڵقاندوومانە مامەڵە دەکەین و وەک کێشە سەرەکییەکە دەیناسێنین!
  ئەم جۆرە تێکەڵکردنەی نێوان ئاڵۆزی و کێشە، ئەگەر ریشەکەی بشگەڕێتەوە بۆ نێو توراسی کۆن و بۆ میتۆلۆژیا و سەرەتای پێکهاتنی ئایینە تاکخوداییەکان؛ ئەوا بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەتوانین بڵێین لە لای مرۆڤی نوێ و هاوچەرخ گەیشتووتە دوا ئاستی پێگەیشتنی خۆی، گەیشتووەتە جێیەک کە چیدی ئاسان نەبێت مرۆڤی نوێ و کێشە لە یەکدی جیا بکەینەوە! ئەوەی لەم تێکەڵکردنەدا بووەتە فاکتەری سەرەکی؛ ئەوەی پاڵنەری یەکەمی ئەم پێکەوە لکانەیە، مەسەلەی زوومکردنە. مرۆڤی نوێ بە هەموو توانایەکییەوە کار لە سەر زوومکردنی کێشەکان دەکات، لەمەشدا گەشەی تەکنەلۆژی و تۆڕەکانی پەیوەندی یاریدەیان داوە. لە لای مرۆڤی نوێ جۆرێک لە زوومکردن هەیە، کە دەشێت ناوی بنێین” زوومکردنی ناهۆشمەندانە”. لەم جۆرە زوومکردنەدا شێواوییەکی سەیر دەبینین، بە شێوەیەک گەر لەوپەڕی دونیا کێشەیەک روو بدات، با دوور بێت لە زمان و شار و ناوچە و وڵاتەکەی ئەو؛ با هیچ شتێک جگە لە مرۆڤبوون بە خاوەنی ئەو کێشەیەی نەبەستێتەوە؛ با هیچ زانیاری و و داتایەکی دروستیشی لەبەردەستدا نەبێت؛ ئەو هەر دەبێت زوومی بکات و فۆکس بخاتە سەری و رای خۆی لەبارەیەوە دەرببڕێت. وەنەبێت ئەم زوومکردنەش لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هاوغەمی و پاڵپشتییەوە بێت، بەڵکوو زۆر جار بۆ زەقکردنەوە و تانەدان و چەند هێندەکردنی کێشەکەیە. واتا زوومکردنی کێشە لێرەدا ئەوەندەی بۆ زەقکردنەوەی کێشە و هێشتنەوەیەتی بەبێ چارەسەر، نیو ئەوەندە هەوڵ نییە بۆ بنبڕکردنی کێشەکە و دامرکاندنەوەی. هیچ کەس نییە لە ئێمە رۆژانە بە هۆی ئەم دونیا مەجازییەوە بەر دەیان کێشەی زوومکراو نەکەوتبین، کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی ئەو زوومکردنە نین. ئەم خووە لە مرۆڤی نوێدا گەیشتووتە ئاستێکی هێندە مەترسیدار، کە زۆر جار ترۆری کەسێتی و کێشەی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی لێ کەوتووتەوە.
خاڵێک کە لەم زەقکردنەوەیەدا دەبێتە جێی سەرنج، ئەم زوومکردنە خاوەنی چەند خەسڵەتێکی جودا و ئاشکرایە کە زۆر بە ئاسانی جیای دەکاتەوە لە “زوومکردنی هۆشمەندانە” . لەم زەقکردنەوەیەدا راگوزەری و بە هەڵواسراوی هێشتنەوە و لەبیرخۆبردنەوە و فڕێدان چوار خەسڵەتی بنەڕەتین. هەر کێشەیەک دەکەوێتە بەردەمی ئەم جۆرە لە زوومکردن دەبێت کاتییانە بێت و زوو وەلاوە بنرێت و فڕێ بدرێت، فڕێدان بەو مانایەی کە چیدی نەچیتەوە بە لایدا و بە هەڵواسراوی و بێچارەسەر بیهێڵیتەوە. هەموو ئەمانەش بە هاوردەکردنی کێشەیەکی نوێ و دروستکردنی حیکایەتێکی نوێ و زوومکردنی تا ئەوپەڕی توانا دەکرێت. کۆمەڵگە بۆچی حەزی لەم جۆرە زوومکردنەیە؟ چونکە زوومکردنی کێشەی دووەم زۆر بە ئاسانی کێشەی یەکەم لە بیر دەباتەوە و پێویستی بە لەسەر وەستان و بیرکردنەوەی قووڵ نییە. کاتێکیش مرۆی بیرکەرەوە لە رێی زوومکردنی هۆشمەندانەی کێشەکانەوە، پەردە لەسەر راستێتی و هەقیقەتی کەڵەکەکردنی کێشەکان و پشتگوێخستنیان لادەدات، لەنێو کۆمەڵدا هەرا دەنێتەوە و تاوانبار دەکرێت بە دروستکردنی کێشەی نوێ، لە کاتێکدا ئەوەی ئەم کردوویەتی تێنەپەڕاندنی کێشەکانە بەبێ چارەسەر و زوومکردنی راستەقینەیە لە پێناو چارەکردنیدا!

“زوومکردنی هۆشمەندانە” پرۆسێسێکی فیکریی قووڵە و ئامانج لێی دەرخستنی کێشە بنەڕەتی و ژیارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە مۆدێرنەکانە. کردنی کێشەیە بە بابەتێکی فیکری و قسەکردنە لەسەر کێشە وەک سەرەداوێک بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەنووکەییەکان. کەم نین ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەی لە یۆنانەوە تا دەگاتە ئێستامان، لەبارەی کێشەوە دواون. هەر بۆ خۆی بوونی کێشە، بنەمایەکی سەرەکیی دەرکەوتنی کردەی فەلسەفییانەیە. هزر و تێڕامانەکان بەرمەبنای کێشه گەورە و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین. مرۆی بیرکەرەوە، ئەوەی بیرکردنەوەی قووڵ پاڵنەری زوومکردنەکانێتی، زۆر جیاوازە لەو زۆرینەیەی کە زوومی کێشە دەکەن تەنها وەکوو سەرگەرمییەکی بەتاڵ. رەنگە مرۆی بیرکەرەوە لە دەرئەنجامی زوومکردنی کێشەیەکدا، کێشەگەلی دیکە بخووڵقێنێ، بەڵام ئەم خوڵقاندنە لە پێناو ئامانجێکی بەرزتر و گەورەتردایە تاوەکوو مرۆڤایەتی قۆناغێک بباتە پێشێ. چونکە مرۆی بیرکەرەوە پێی وایە بێکێشەیی و وەستان بۆ خۆیان نەک هەر کێشەن، بەڵکوو کێشەی زۆر بنەڕەتیشن. ئەو دەزانێت کۆمەڵگاکان ئاستی پێشکەوتنیان بەستراون بە ئاست و جۆری کێشەکانیانەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی سەرقاڵی کێشەگەلی هیومانیستی و فیکریی گەورەن و لەنێو کێشە وجودی و فەلسەفییەکاندا خەریکی زوومکارین، جیاوازن لەو کۆمەڵگایانەی کێشەکانیان سادە و وردن و بایی ئەو وردییەش قسەکردن لە سەریان ژاوەژاو دەنێتەوە.

              لێڵکردنی کێشە یان وێڵکردنی هەقیقەت

باسمان لەوە کرد کە زوومکردنی کێشە، چۆن بووتە پێناسێک بۆ جیاکردنەوە و ناساندنی مرۆڤی ئەم سەردەمە، بەڵام هێشتا بە روونی وەڵامی ئەوەمان نەداوەتەوە کە ئاخۆ تا چەندە ئەوەی مرۆڤی نوێ زوومی دەکات خودی کێشەکە خۆیەتی؟ واتا ئایا ئەوەی کە ناومان لێناوە زوومکردنی کێشە، هەر بە راستی زوومکردنی کێشەکانە یاخود سێبەری کێشەکانە و هیچ پەیوەندییەکی وەهای بە وێنا راستەقینەکەوە نییە؟! تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و حیکایەتە گشتییەکانی نێو جڤاک، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی ئەم وەڵامەی ئێمە دەدەنەوە. بۆ نموونە سەروەختێک کێشەیەک روو دەدات و دەبێتە رۆژەڤی تۆڕەکان، هەر کەسە و لای خۆیەوە لەبارەیەوە دەدوێت و دەیکاتە مژاری خۆی، ئەم رادانە دەستەجەمعییە زۆرینە تووشی بەدحاڵیبوونێکی وەها دەکات کە بڵێین ئێمەش ئاگاداری ئەو کێشەیەین. لە کاتێکدا ئەوەی بەوان دەگات، زۆر جار خودی کێشەکە نییە، بەڵکوو رای خەڵکانی دیکەیە لە سەر کێشەکە. واتا بینینی کێشە لە چاوی ئەوانی ترەوە. ئەم بینینە زۆر دوور دەکەوێتەوە لە کێشەکە خۆی، چونکە مامەڵەکردنە لەگەڵ سێبەری کێشەکاندا، نەک خودی کێشەکان. ئەم لێڵییە، وای کردووە زۆر جار بڕوا بە چیرۆکی راستەقینەی کێشەکە خۆی نەکرێت و سێبەرەکانی وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر وەربگیرێن. گرنگە بزانین بەرئەنجامی ئەم زوومکردنە نەک لە راستی کێشەکە نزیکمان ناکاتەوە، بەڵکوو هێندەی تر بەری بینینمان تەڵخ و تەماوی تر دەکات. دواجاریش ئەوەی لەو نێوەندەدا وێڵ دەبێت و بۆمان نادۆزرێتەوە، خودی هەقیقەتە؛ هەقیقەتێکی داپۆشراو بە کۆمەڵێک بینینی تر.  لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وەڵامەی تۆڕەکان و حیکایەتەکانی نێو جڤاک، کۆی وەڵامەکە نین. بۆ دەستخستنی بەشی دووەمی ئەم وەڵامە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ “کارل پۆپەر” وەختێک هەقیقەت و راستی شتەکان دەبەستێت بە رەخنەوە. بە ئیلهام‌وەرگرتن لە “پۆپەر” دەتوانین بڵێین کێشە بۆ ئەوەی روون و دیار بێت و لە هەقیقەتەکەی تێبگەین، دەبێت قابیلییەتی ئەوەی تێدا بێت بەر رەخنە بدرێت. بەم پێیە کێشە کاتێک دەبێتە کێشە کە ببێتە بابەتێک بۆ رەخنە، لە راستیشدا بەشی هەرە زۆری کێشەکانی نێو دونیای ئێمە، چونکە سێبەری کێشەکانن و خودی کێشەکان نین؛ بۆیە رەخنەکانیشمان رەخنەن لە سێبەر و دوورن لە خودی کێشەکانەوە. هەر چەندە بە رووکەشیش وای دەربخەین کە زوومی کێشەکانمان کردووە و خەریکی رەخنە لێگرتن و چارەسەر کردنیانین.


مەرگی رەیان؛ کارەسات لە چاوی ئەوانی ترەوە


هەواڵێک دەبێتە رۆژەڤ، منداڵێکی پێنچ ساڵان لە مەغریب دەکەوێتە نێو چاڵێکەوە و هاوسۆزییەکی گەورەی جیهانی بە دوای خۆیدا دێنێت، لە تەواوی جیهان خەڵکی چاوەڕوانی رزگاربوونی ئەم منداڵە دەکەن و دواییش کە گیان لەدەست دەدات هەمووان پێی دڵتەنگ و غەمگین دەبن. لە بەرکەوتنی یەکەمماندا بەم هەواڵە، سەرسامیی ئەم هاوغەمی و هاوسۆزییە گەورەیە دەبین و بە شتێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی دەبینین و لەوانەشە بڵێین مادامەکێ جیهان هێشتا خاوەنی ئەم هاوسۆزییە گشتییەیە، کەواتە مرۆڤایەتی هێشتا نەبووتە یەکەیەکی بێڕەحم و لەسۆزخراو. لێ کە کەمێک زیاتر بە دیار هەواڵەکەوە رادەمێنین و هەوڵی لابردنی دیوە کڵێشەییەکەی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت لە پشتی ئەم هاوسۆزییەوە، دڵڕەقی و بێڕەحمییەکی گەورە هەیە، کە دیوە نەبینراوەکەی هەواڵەکەیە. هەمیشە هاوسۆزی لە دۆخی هەراسازییدا هاوسۆزییەکی ناتەواوە و لە پێناوی شاردنەوەی دیوە دڵڕەق و نامیهرەبانەکەی مرۆڤدایە؛ هاوسۆزییەکە زیاتر لە نمایشکارییەوە نزیکە وەک لە کاردانەوەیەکی سروشتییانە و پاکژ.
ئەم هاوسۆزییە نمایشکارییە لە چییەوە هاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت پێش هەموو شتێک لە دۆخی دونیای شەڕ و میدیا تێبگەین، چونکە بێ تێگەیشتن لەم دووە ئەستەمە بتوانین بگەینە وەڵامێکی پوخت. سەدەی بیست و یەک بە کۆمەڵێک شەڕ و کاولکاری لە زۆرێک لە پنتە جیاوازەکانی نێو دونیادا دەستی پێ کرد، ئەم شەڕانە هەرچەندە لە قورساییدا ئەوەندەی شەڕە گەورەکانی سەدەی بیست کاولکار و سەرتاسەری نەبوون، بەڵام لە رێی میدیاوە، لە رێی تۆڕە بەرفراوانەکانی هەواڵ و گەشەسەندنی بەرچاوی دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە، زۆر لە شەڕە گەورەکانی سەدەی بیست قورستر و مەترسیدارتر دەرکەوتن. میدیا و تۆڕەکانی پەیوەندی ئەوەندە خێرا کراون لە بە زوویی گەیاندنی هەواڵی مردن و شەڕ و کوشتارەکاندا، کە گەر مرۆڤ بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات، مەحاڵە بتوانێت لە داویان دەربچێت و نەبێتە بەشێک لەو جیهانە دڕندەیە. ئەو داوەی راگەیاندن لە رێی هەواڵەکانی جەنگ و مەرگەوە بۆ ئێمەی دەنێتەوە، داوی ئاساییکردنەوە و سادەکردنەوەی مردنە تراژیدییەکانە. میدیا لە رێی بنەمای زۆر دووپاتەکردنەوەوە، زەحمەتترین رووداوەکان ئاسایی دەکاتەوە. جاران ئەگەر هەواڵی گیانلەدەستدانی کەسێکمان ببیستبا زۆر بە قووڵی رایدەچڵەکاندین؛ لێ ئێستا بە هۆی میدیاوە چیدی ئەم راچڵەکاندنانە نەماون و لەبریی ئەوە هاوسۆزییەکی رووکەشانە جێی گرتووەتەوە. هەواڵەکانی کوشتن و مردن بە شێوەیەک ئاسایی کراونەتەوە، کە ئەگەر بە کەسێک بڵێی ئەمڕۆ 15 کەس لە تەقینەوەیەکدا مردوون زۆر بە ئاسایی وەریبگرێت، یان لە باشترین حاڵەتدا ئاهێک هەڵبکێشێت و تەواو. ئەوانەی لە عێراقی دوای سەدام بەغدایان دیبێت دەزانن کە لەگەڵ تەقینەوە بەراییەکانی پایتەختدا خەڵکەکەی رادەچڵەکین و شۆک دەبوون، لێ هەر ئەوەندەی چەند جارێک ئەم هەواڵانە دووبارە کرانەوە و تەقینەوەکان زیادیان کرد، ئیدی ئەم هەواڵانە نەیاندەتوانی وەک سەرەتا شۆک دروست بکەن و خەڵکی بەغدایان رانەدەچڵەکاند! تەنانەت گەر لە بەغداد بە کەسێکت بگوتبا ئەمڕۆ ئەوەندە کەسە لە تەقینەوەیەکدا مردوون، تاقەتی نەدەبوو گوێبیستی هەواڵەکەشت بێت و زۆر بێباکانە لە مردنیان دەڕوانی. لە راستیدا شەڕ دۆخێکی دەروونیی سەخت و دڵڕەقییەکی گەورە بەرانبەر بە مرۆڤایەتی دێنێتە ئاراوە و راچڵەکین بە کارەسات و مردنە جەرگبڕەکان ناهێڵێت. ئەم دڵڕەقییە سیمایەکی شێوێنراوی بەخشیوەتە مرۆڤی نوێ، هەر بۆیە مرۆڤی نوێ ناچارە لە رێی بەردەوام پیشاندانی هاوسۆزییەوە، کار بۆ رێککردنەوە و جوان پیشاندانی ئەو سیما شێوێنراوە بکات و بە بەردەوامی رەتی بکاتەوە.

                     پرسیارێک و سێ وەڵام

لە سەردەمێکدا کە مردنی تراژیدی بووبێتە کردەیەکی ئاسایی رۆژانە و بە بەردەوامی لە رێی میدیاوە بەرکەوتنمان لەگەڵیدا هەبێت، بۆچی ئەم مەرگەی رەیان یان مەرگی منداڵانی دیکەی وەکوو ئالان کوردی و دانەر، هاوسۆزییەکی گشتی دەخوڵقێنن؟

بە سێ خاڵ دەشێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:

1. مردنی تراژیدی زۆر شێوازی هەیە، کوشتوبڕ و جینۆساید و مەرگی جەرگبڕانە بە زۆر شێواز دەکرێت ببینرێن. بەڵام ئەوەی لە مەرگی ئەو سێ منداڵەدا جیاواز و شۆکهێنەرە، بوونیانە وەک رووداوێکی تاقانە و بێپێشینە. رووداوگەلێکن کە پێشتر بە دەگمەن بینراون و هەبوون یاخود هەر نەبینراون، ئەگەریش بووبێتن بەم شێوەیە فۆکسی میدیایان نەخراوەتە سەر و راستەوخۆ نەگوازراونەتەوە بۆ ئێمە. واتا مردنی تراژیدی بە شێوەیەکی جیاواز و دەگمەن، رەهەندە شۆکهێنەرەکەی هەواڵی ئەم مردنانەیە.

2. منداڵ لە زەینی گشتیدا هەمیشە بەشە پاک و بێگەردەکەی نێو ئەو دونیایەیە کە دەمێکە پاکێتیی خۆی لەدەست داوە و پڕە لە دزێوی و خراپەکاری. منداڵ کە بەو پاکێتییەوە باجی بوونی مرۆییانەی خۆی دەدات لەنێو ئەم دونیا دزێو و خراپەکارەدا، ئازاری ویژدان هەمووان دێنێتە دەنگ و هەست بەو ستەمە گەورەیە دەکەن کە دەرهەق بە پاکێتی و بێتاوانیی منداڵێک کراوە، لەوەش تێدەگەن کە هێشتا مردنی تراژیدییانەی وەها ماوە توانای ئەوەی تێدا بێت راچڵەکین و شۆکبوونی گەورە چێ بکات.

3. مرۆڤی نوێ دەیەوێت وێنای بەرزەمرۆیی ببەخشێتە خۆی، لە رێی دەرخستنی هاوسۆزییەکی دەستەجەمعییەوە بۆ رووداوە شۆکهێن و کارەساتبارەکان، ئەم هاوسۆزییە هێندەی هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ئەستۆپاکی و بێبەریبوون لە تاوان، نیو هێندە هەوڵ نییە بۆ دەرخستنی هاوسۆزییەکی راستەقینە. کاتێک لە ئاستی تاوانێکدا هەمووان هاوسۆزییان پیشاندا و تۆ دەرینەبڕیت دیارە بەلاتەوە ئاساییە و خاڵیت لە هەست و سۆز و بەزەیی. بۆ ئەوەی ئەمەش روو نەدات خێراکە و هاوسۆزی دەرببڕە و ببە بەشێک لەم هاوسۆزییە گشتی و ساختەیە!

             
                      کێشەی لەدەستدانی بینین

زوومکردنی کێشە لە دونیای دیجیتاڵیدا وای کردووە کە ئێمە هەمیشه یەک نموونە ببینین و لە دیتنی نموونە بەرجەستە و دیارەکانی دی خۆمان بشارینەوە. لەنێو ئەم جیهانەدا تۆ تەنها ئەو شتانە دەبینیت کە میدیا زوومیان دەخاتە سەر و تەنها ئەوانە دەبنە کێشە کە لە چاوی میدیاوه کێشەن.  میدیا وەک چۆن بینینت داگیر دەکات، ئاوهایش دەیەوێت گریان و هاوسۆزی و غەمەکانیشت داگیر بکات. تۆ رەیان دەبینیت لەنێو چاڵەکەوە و چرکە بە چرکە میدیا بۆت دەگوازێتەوە، بەڵام چونکە هەمان میدیا رەیانەکانی دەوروبەری خۆت ناخاتە بەر دیدەت، تۆیش نایانبینیت. ئەمە چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئەمە واتای ئەوەیە تۆ بینینت لەدەست داوە، بینینی راستەقینە. چیدی ناتوانیت لە چاوی خۆتەوە شتەکان ببینی، بەڵکوو چاوەڕێی چاوی میدیایت تاکو، شتەکانت پێ پیشان بدات. میدیا بووتە کڵێشەیەک بۆ تەواوی شتەکان و بەری بینینی گرتووی و تەنها رێگا بە دیتنی ئەو شتانە دەدات کە خۆی مەبەستێتی و زیان بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی ناگەیەنێت.

لەدەستدانی بینین ئەو گورزە کوشندەیەیە کە میدیا لە مرۆڤی ئەم سەردەمەی داوە، بە جۆرێک کە تەنها ئەوانە بە رووداو دادەنرێن کە میدیا دانیپێداناون و باسی کردوون. لە دەوروپشتی ئێمە رۆژانە دەیان کارەسات روو دەدەن و زۆریان وەکوو شتی ئاسایی دەبینرێن، بەڵام هەر ئەوەندەی میدیا یەکێک لەم رووداوانەی زەق کردەوە و زوومی خستە سەر، ئیدی لە شتێکی ئاساییەوە دەبێتە کارەسات و رووداو. “پەخشکردنی میدیایی” بووتە بەڵگە بۆ هەبوونی کێشەیەک؛ کارەساتێک؛ رووداوێک. وەک چۆن مێژوونووس بۆ تێگەیشتن لە بابەتێکی مێژوویی ناچارە بگەڕێتەوە بۆ مەرجەعەکانی پێش خۆی، تاکوو لە رێی بەڵگە و پاڵپشتییە زانستییەکانەوە مەسەلەیەکی مێژوویی یەکلایی بکاتەوە و راستییەکان بسەلمێنێت، ئاوهایش لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵکی بۆ تێگەیشتن لە بابەتە هەنووکەییەکان و بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونی رووداو و کارەسات و مردنە تراژیدییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو “پەخشکردنی میدیایی”ە و وەک مەرجەعی سەرەکیی بابەتەکەیان تەماشای دەکەن. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە مێژوونووس خوێندنەوە و راڤەکاری و گەڕانی بە دووی راستیدا، بنەمایەکی زانستی هەیە. بەڵام خەڵکی بێ هیچ بنەمایەکی زانستی و بێ خوێندنەوە و راڤەکاری دی دەگەڕێنەوە بۆ مەرجەعە میدیاییەکانیان و وەک خۆیان وەریدەگرن. ئایا ئەم بە مەرجەعکردنەی میدیا تا کەی بەردەوام دەبێت؟ کاتێک توانای بینین بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی و راستەوخۆ شتەکان ببینرێن، ئەمەش بەو مانایە نا کە چیدی شتەکان لە رێی میدیاوە نەبینین و بایکۆتی میدیا بکەین، بەڵکوو بەو مانایەی کە کاتێک میدیا شتەکانمان بۆ دەگوازێتەوە، تەنها ئەرکی گوێزەرەوە ببینێت و نەهێڵین ببێتە جێگرەوەی بینینمان. گەڕانەوەی بینین بۆ ئاستی ئاسایی خۆی واتا گەڕانەوە بۆ ئەو توانایەی کە شتەکانی دەوروبەرمان ببینین؛ رووداو و کارەساتەکان؛ مردنە تراژیدییەکان ببینین. ئەوەی کە میدیا نایەوێت ئێمە بیبینین و نایگوازێتەوە بۆمان، بێ هیچ نێوەندگیرییەک بیبینین و وەک رووداو و کارەسات و مەرگی تراژیدی دانی پێدابنێین. لە پرۆسێسی گێڕانەوەی توانای بینیندا، دانپێدانانیش واتا و دەلالەتە راستەقینەکانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە و چیدی بۆ رەواییدان و دانپێدانان بە رووداوێک پێویستمان بەوە نابێت مەرجی هەبوونی دانپێدانانی میدیاییمان هەبێت. دواجار گرنگە بزانین لە بینینی رووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکانی چواردەورمان گرنگتر، بینینی کارەساتە هەرە گەورەکەیە، کارەساتی لەدەستدانی بینین. تۆ تا نەزانیت بینینت داگیرکراوە و لە رێی ئەوانی دیکەوە شتەکان دەبینیت، ئەستەمە بتوانیت لە رووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکان تێبگەیت و وەکوو خۆی بیانبینیت و هاوسۆزیی راستەقینەیان بۆ دەرببڕیت.


هاوشێوە