رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

“دەربارەی سێڵفی”

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جولیان ستالابراس

وەرگێڕانی: ڕێباز سابیر

Download PDF

کورتەی وەرگێڕ:

وێنەی سێڵفی، یەکێکە لە دیاردە هاوچەرخەکانی کۆمەڵگای مرۆیی لەپاڵ زۆرێک لە دیاردە هاوچەرخەکانی دیکەی وەک: پۆرنۆگرافیا، مۆدێل، تەکنەلۆژیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان… هتد هاوکات  بەتێپەڕبوون بەنێو زۆرێک لە دیاردە هاوچەرخەکاندا دەتوانین دیاردەی سێڵفی کەشف بکەین.  بە پێچەوانەشەوە دەتوانین بەنێو دیاردەی سێڵفیدا تێبپەڕین و لە دەرگای زۆرێک لە دیاردەکانی کۆمەڵگای دیجیتاڵی بدەین و راڤە و کنەیان بکەین. واتە لەنێو سێڵفییەوە دەتوانین خوێندنەوە بۆ دیاردەکانی وەک: پۆرنۆگرافیا، خودئەڤینی، کۆمەڵگای نمایشی، بکەین.

لەمڕۆدا دیاردەی سێڵفی هێندە لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخدا  فراوان بووتەوە  بەشێکی دیاری شێوەژیانی هاوچەرخ و کۆمەڵگای دیجیتاڵی پێک دەهێنێت. بە هۆی ئەم فراوانی و فرەڕەهەندییەوە دەکرێت لە زۆر بوار و کایەی جیاوازەوە لەم دیاردەیە نزیک ببینەوە و راڤەی بکەین. لەوانە لە بواری سایکۆلۆژییەوە دەتوانین خوێندنەوە بۆ پەیوەندیی نێوان خود-ئەڤینی و سێڵفی بکەین، یان لە بواری سۆسیۆلۆژییەوە پەردە لەسەر پەیوەندیی وێنەی سێڵفی و کۆمەڵگای نمایشی هەڵماڵین، تا دەگات بە زانست و تەکنەلۆژیا و تەنانەت رەهەندە فەلسەفی و ئۆنتۆلۆژییەکانی سێڵفی. واتە دەتوانین لە رێگەی کۆمەڵێک میتۆد و پێدراوی پێشوەختەی زانستی و فەلسەفییەوە خوێندنەوە بۆ ئەم دیاردەیە بکەین و رەهەندە جیاوازەکانی روون بکەینەوە.

لێ بە پێچەوانەوە –جولیان  ستالابراس-  لە رێگەی ئەزموونی ژیانی خۆی لەگەڵ وێنەگرتن و وێنەدا خوێندنەوە بۆ ئەم دیاردەیە دەکات. هەروەها لە رێگەی بەراوردکردن و جیاوازیی نێوان وێنەی ئەنەلۆگ و وێنەی دیجیتاڵییەوە  واقیعی وێنەیی و وێنەی واقعیمان پێ دەناسێنێت. واقیعی وێنەیی یان زێدە-واقیع ئاماژەیە بۆ هەژموونی وێنە و بەرهەمهێنانی واقیعێک کە هیچ رەبتێکی بە خودی واقیعەوە نییە. هەروەها لە رێگەی زڕەوێنەکانەوە زێدە‌-واقیع بەرهەم دێت و بە هەموو شێوەیەک دوورە لە سروشتی واقیعەوە. بەڵکوو بەردەوام لەنێو نەفیکردن و هەڵوەشاندنەوە و گواستنەوەی واقیعدایە بۆ زێدە-واقیع.  لەگەڵ ئەوەشدا کۆی میدیۆمە بنەڕەتییەکانی واقیع، بە بەردەوامی لەنێو زێدە-پەیوەندییە نا-زمانییەکاندا بەرهەم دێنەوە. بە مانایەکی دی رەگەزە بنەڕەتییەکانی واقیع لە جوڵەی بەردەوامدان لەنێو وەستانی رەهادا. ئەگەر بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئامانجی بنەڕەتی رەگەزە ئوستورییەکان لەنێو هونەر و کۆ-شارستانییەتی مرۆڤدا گواستەوەی واقیع بووبێت لە فۆرمـێکەوە بۆ فۆرمێکی دی، ئەوا زێدە-واقیع بەنێو مەرگی ئوستورەدا بینا دەبێت و واقیع پەلکێش دەکاتە نێو پەیوەندییەکی گوێزەرەوەیی مەنگ و وەستاوی پڕ لە جوڵەوە. لێ بە پێچەوانەوە لەنێو  وێنەی واقیعیدا هێشتا وێنە پەیوەندیی بە واقیعەوە نەبڕاوە. بەردەوام لە رێگەی وێنەوە واقیع دەناسرێتەوە. هەروەها وێنە میدیۆمی زیندوومانەوەی واقیع و خۆنمایشکردنەوەیەتی لە کات و مێژووی جیاوازدا. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو روانگەیە  -جولیان ستالابراس- هاوکێشە سیانییەکەی دادەڕێژێت واتە؛ (وێنە، یادەوەری، ئەزموون). لە رێگەی ئەم هێڵکارییەوە دەیەوێت پەیوەندیی نێوان وێنە و واقیع، وێنە و سوبێکت بخاتە ڕوو.  هەروەها  دەیەوێت کاریگەرییەکانی وێنەی سێڵفی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بیناکردن یان هەڵوەشاندنەوەی سوبێکت و واقیعدا روون بکاتەوە.

سەرەتا  بۆ روونکردنەوەی ئەم سیانەیە دەبێت لە یادەوەرییەوە دەست پێ بکەین. یادەوەری ئۆرگانێکی زیندووی کەڵەکەکردن و کۆکردنەوەی ئەزموونەکانی ژیانی تاکەکەسە. واتا گەنجینەی زەخیرەکردنی ئەزموونەکانی تاکە بە درێژایی مێژووی ژیانی، کە بەنێو تاقانەیی خۆیدا ئەزموونی دەکات. هەر لێرەشەوە ئەزموون کەڵەکەبوونی کۆی رووداوەکانی تاکە لەنێو یادەوەری یاخود یادگەی تاکەکەسیدا. وێنەش لەم نێوەندەدا رۆڵی نیشاندانەوەی واقیعیەتی سوبێکتی تاکەکەسە لە چرکاساتە جیاوازەکانی مێژووی ژیانیدا. لەم پنتەوە دەشێت باس لە پەیوەندیی سوبێکت بە وێنەوە بکەین. لە سادەترین مانادا سوبێکتی مرۆیی بریتییە لە کۆی یادەوەری و ئەزموون و خۆپەروەردەکردنە تیۆری و پراکتیکییەکان دواجار کۆدیدگا و جیهانبینیی تاکەکەس. بەم واتایە وێنە رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە نیشاندانی بەردەوامی سوبێکت لە ساتە جیاوازەکانی ژیانیدا. بە پێچەوانەی ئاوێنەوە، کە ناتوانرێت وێنەی تێدا زەخیرە بکرێت. بەڵکوو تۆ تەنها دەتوانیت لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنتدا تەنها سەیری هەمان قۆناغی هەنووکەی خۆت بکەیت. بۆ نموونە مرۆڤ لە دە ساڵیدا تەنها دەتوانێت سەیری روخسار و دەست و لاق و ئەندامەکانی جەستەی دە ساڵانێک بکات و هیچی دی. بە پێچەوانەوە وێنە ئەو پۆتانشێڵەی تێدایە ئێمە لە گشت قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنماندا وێنەی جیاوازیی خۆمان ببینین. لەم پنتەوە وێنە رەگەزێکی نۆستالۆژیانەی روولە داهاتووە. ئێمە لە هەر چرکەساتێکی تەمەنماندا بە گەڕانەوە بۆ وێنەکانی رابردوو دەتوانین هەست بە هەموو گۆڕانکارییە جەستەیی و فیزیکی و ئایدیایەکانمان بکەین . هەروەها بە کەشفکردنی رێژەی گۆڕانکارییەکان دەتوانین بەرنامەڕێژی  لەپەیوەند بە سوبێکتسازییەوە بۆ داهاتوو بکەین.

ئەگەر ئەمانە رواڵەتە بنەڕەتییەکانی وێنە بن. کەواتە  وێنەی سێڵفی رۆڵ و کارکردەکانی لەسەر سوبێکت چین. بە بڕوای ستالابراس. وێنەی سێڵفی لەنێو نایادەوەریدا دروست دەبێت. گرتنی وێنەی بەردەوامی سێڵفی سات بە سات و چرکە بە چرکە یادەوەری هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەزموون لەناو دەبات. هەر بۆیە جەستە بە شێوەیەکی بەردەوام و بە ڕەهایی دەچێتە نێو دۆخی پراکتیکی نایادەوەریی مەسرەفگەراییەوە. لەم سۆنگەیەوە سوبێکت تووشی هەڵوەشاندنەوە دەبێت و تا دوا رادە شەفاف و رووت دەبێتەوە. کۆی ئەفسون و نهێنییەکانی بوونی خۆی لەدەست دەدات. بە واتایەکی دی وێنەی سێڵفی رۆڵێکی تەواو کاریگەری هەیە لە پرۆسەی شەفافبوونەوە و رووتبوونەوەی سوبێکتی مرۆیی و هاوشێوەسازیدا.

 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا  وێنە  لەمڕۆدا بە هۆی گەشەسەندنی ئامێرە هۆشمەندەکان و شاشە سمارتەکانەوە پۆتانشێڵی ئەوەی تێدایە واقیع هەڵبوەشێنێتەوە و زێدە-واقیع بەرهەم بهێنێت. ئەویش بە هۆی چەندان ئاپ و بەرنامەی وێنەگرتنەوە، کە دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت دەستکاری بکەیت. هەر لە ئەندامەکانی جەستەوە تا دەگات بە دۆخی رووناکی و تاریکی و وەرزەکانی ساڵ و دیمەنە سروشتییەکان  تا دوا رادەی دیارنەمان و سڕینەوەی واقیعی سوبێکت و واقیعی سروشتی.

ئەوەی ماوە بڵێین لە کۆتاییدا -ستالابراس- بە تەواوی رەشبینە بەرانبەر وێنەی سێڵفی. بەڵکوو پێی وایە وێنەی سێڵفی دەتوانێت رۆلی کاریگەر و رادیکاڵ بگێڕێت. لەوانە دەتوانێت هۆکارێکی بنەڕەتی بێت لە ناسینی خود و ئاشنابوون بە جەستە و قبوڵکردنی سوبێکدا. هەروەها لە رێگەی تۆخکردنەوە و زەقکردنەوەی کەلێنەکانی واقیعەوە دەتوانرێت رۆڵی کاریگەر بگێڕێت لە گوێزانەوەی واقیعدا بۆ دۆخێکی باشتر. هەر لە ئاستی تاکەکەسییەوە تا دەگات بە واقیعی کولتووری و سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگای مرۆیی.

دەقەکە:

لە یادمە لە قۆناغی منداڵیمدا چەند وێنەیەکیان گرتم، بە هۆی ئەوەی مامە پارەدارەکەم کامێراکەی تاقی بکاتەوە، تەواوی خێزانەکەم لە تەنیشت یەکدییەوە لە کەنار دەریاوە ڕیزمان بەست. لە کاتێکدا وێنەدانەوەی تیشکی خۆر لە کەنارەوە دەیدا لە چاومان. بێجوڵە وەستابووین بۆ ئەوەی وێنەکە تێک نەچێت!؟ پرۆسەی وێنەگرتن و وێنەگری  پڕ دەستکەوت بوو. کاتێک وێنەیەکت بگرتبایە وەک رووداوێک وا بوو. ئێمە چەشنی ئەوانی دیکە جگە لە وێنەگرتن شتێکی تایبەتمان دەربارەی وێنە لە یاد نییە. جیهانی وێنەگرتنی ئەو قۆناغە لە تێڕوانینی تاکەکانی ئەمڕۆدا کە هەر رۆژە و هەر خولەکە و وێنە بگرن و وێنە بگیرێن زۆر گاڵتەجارانە دێتە پێش چاو.  وەختێک سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە مەراسیمی ناشتنی نیلسۆن ماندێلادا، سێڵفییەکی لە تەک ئۆباما و کامیرۆنەوە چرکاند، لەنێو بڵاوکراوەکاندا بوو بە هەراوهۆسە. ڕەخنەگران ناویان نا وێنەی <خود-ئەڤینانە[1]> کە لە ئێستادا لە هەموو شوێنێکدا بۆتە باو. گەورەکردن و بچووکردنی بەردەوامی لێنزەکان بوارێکی بۆ ئەزموون و یادگارییەکان نەهێشتووتەوە. ئەگەر وێنە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک بە شێوەیەکی ناکۆتا بەرهەم بێت و شەیر بکرێت، ئاگایی بەرانبەر واقیع دەشێوێنێت. هیچ بوارێک بۆ هێشتنەوەی یادەوەری ناهێڵێتەوە، جگە لەو چرکەساتەی  وێنەکەی تێدا گیراوە.

                               چرکەساتی وێنەی سێڵفی “وەزیری دانیمارک، ئۆباما، کامیرۆن”

جێگای سەرسامییە کە زیاتر بەرنامە پڕهەوادارەکانی کامێرای مۆبایلی هۆشمەند، لە گرتنی وێنەی خێرادا نۆستالۆژیای وێنەیان بە هەوانتە گرتووە. کامێرا دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان، کە لەنێو ئەم مۆبایلانەدا وێنەکان بە دیقەیەکی باڵا و دەستکارییەکی ناوازە بەرهەم دێن. ئەپەکانی هاوشێوەی <هیپستۆماتیک[1]> لە رێگەی نەرمییەکی تایبەتەوە  وێنەی ئەنەلۆگ بەرهەم دەهێنێت وەک: جیاوازیی رەنگ، رەوشی نەرم، رەنگی جوان، کواڵێتیی رەنگی مات، سڕینەوە، سێبەری تاریک و تیژ، چوارچێوە بەرهەم دێنێت. ئەم پێدراو تایبەتمەندە دیارکراوانە کە لەنێو تەکنەلۆژیای کامێرا پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆدایە، مرۆڤ دەتوانێت شتانێک بەدەست بێنێتەوە کە لە پێشتردا لەدەست چوون.

 ڕیشەی تەکنەلۆژی ئەم ئەپە دەگەڕێتەوە بۆ کامێرای –لۆمۆ- کە بۆ یەکەم جار لە دەیەی -١٩٩٠-دا بە هۆی هەوڵی چەند وێنەگرێکەوە بەرهەم هات. کە هەر لە سەرەتاوە تێبینی ئەوە کرا کە ئەم ئامێرە  ناوازە رووسییە  لەنێو رەوش و ژینگەیەکی کەم رووناکیدا زۆر بەباشی کار دەکات. ئەم کامێرایە خاوەنی تایبەتمەندییەکی بەهێزی وێنەگرتن بوو. هەروەها ئیمکانی زۆری گۆڕانکاریی بینایی تێدا بوو لەم لایەنەوە وێنەگران پێشوازیان لێ کرد. هەروەها  بە هۆی کەمی کێش و بچووکی ئەم کامێرایە وێنەگران دەیانتوانی بێ کێشە وێنە بگرن. لەنێو ئەم کامێرایانەدا جۆرێک لە فیلم بەکار دەهێنرا  کە بەکاربەران دەیانتوانی وێنەکان سکان بکەن و بە شێوەی ئینتەرنێتی بڵاوی بکەنەوە. لۆمۆ وەک براندێکی باو خۆی نمایش کرد لەگەڵ فیلمە رۆشنڕەنگ و جۆراوجۆرەکانیدا بەناوی بەرهەمی تازەی کۆمپانیاوە خرایە بازاڕەوە.

“هیپستۆماتیک” فراوانتر لەوانەی پێش خۆی  لە رێگەی دۆخی لێنز و رووناکییەوە رێگا بە بەکاربەران دەدات هەر گۆڕانکارییەک دەیانەوێت لە وێنەکاندا ئەنجامی بدەن. ئەم بێلەمپەڕی و بێسنوورییە لە رێگەی -١٥٠- ملیۆن بەکاربەی ئینستاگرامەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم پرسە دەرهاوێشتەی ئەو راستییەیە، کە گرتنی وێنە و ڤیدیۆ چ دەستکاری بکرێت یان نا لە پێشدا بە چەند فلتەرێکدا تێپەڕی کردووە و جوانکاری بۆ کراوە. لە کۆتاییدا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر و فلیکەر[2] دەنێردرێت. رۆژانە زیاتر لە پەنجا ملیۆن فۆتۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەخش دەکرێت. ناونیشانی ئەم ئەپە لە تێکەڵاوکردنی <ئینستاماتیک> کە کامێرایەکی ئۆتۆماتیکی تایبەت بە دەیەکانی (-١٩٦٠- بۆ -١٩٧٠-) لەگەڵ تیلگرام پێک هاتووە. هەستی نۆستالۆژیانەی هێنایە بوون. ناوێکی بەسەرچووی کات و شوێنەکانی ئەو سەردەمە دەهێنێتەوە یاد. خوازراوترین فلتەرەکانی کۆنترایە[3] کە کەشی سارد و گەرم  دەبەخشێت. فۆتۆکە رووناکتر یان کەشێکی رەنگ ئاڵتونی پێ دەبەخشێت.

ئەو هاشتاگانەی کە بەرمەبنای ئەو جۆرە فۆتۆیانە سەرپێ کەوتوون، کڵێشەی زۆریان دەربارەی چۆنیەتیی سوودوەرگرتنی تاکەکان لە ئینستاگرام تێدایە. کەمێک لە بەناوبانگترینیان ئەمانەن ( عەشق، من، راستی، سەرنجکێش، خۆم، جوان، کیژ، هاوین، دڵخۆش، ئاماژەی خەندە) لە سەدا نەوەدی بەکاربەرانی ئینستاگرام ژێر تەمەنی -٣٥- ساڵانن و زۆرینەیان رەگەزی مێن. ئاسانی بەکارهێنانی ئەم ئەپ و کامێرانە لە ئاستێکدایە تەنانەت دەتوانرێت لە کاتی کارکردنیشدا سوودی لێ وەربگیرێت. خێرایی زۆری ئینستاگرام بۆتە هۆی ئەوەی بەکاربەران کاتی کەمتریان بوێت بۆ ڕاوەستان لە بەردەم کامێرادا و بە زووی وێنە بگرن. ئەم وێنانە بە گشتی لەسەر پەڕە بچووکەکانی مۆبایل لەگەڵ چەند کڵێشەیەک کە پێویست بە تێڕامان و وردبوونەوەی زۆر ناکات لە یەک چرکەدا بڵاو دەکرێتەوە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم کولتوورە دیجیتاڵییەدا واتا ئەزموونی خێرایی بینین، وردبوونەوە و تێڕامان لە وێنە بەرتەسک دەکاتەوە.

بەکاربەرانی ئینستاگرام ئەو وێنانەی بڵاوی دەکەنەوە مافی کۆپی ڕایتیان هەیە. لێ تائێستا بینەری پەیڕەویکردنی ئەم ڕێسایە نەبووین لە لایەن بەکاربەرانەوە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت بەکاربەران پێیان وا بێت کە کارێکی ئۆرجیناڵی نەبێت، گەر سوود لە مافی  کۆپی ڕایت وەربگرن. بەجێی ئەمە ئارەزووییەکی گشتگیر و هەرزانە هەیە لە بڵاوکردنەوەی وێنە دەستبەجێکان و ژیانی رۆژانە و کێشە و بەربەستەکان بڵاو دەکەنەوە.

وێنەی ئەنەلۆگ بابەتێکی فیزیکی و سەربەخۆیە کە بە درێژایی کات لە خۆیدا گۆڕانی بەسەردا دێت. گرتەکان پێبەپێ رەش دەبنەوە. دەشێت ون ببن یان پەیدا ببنەوە، یان لە چوارچێوە بنرێن یان لەنێو ئەلبوم بنرێن. وێنەی ئەنەلۆگ بە ئاگایانە یان بە شێوەیەکی ئایرۆنی دژی لێشاوی وێنە دیجیتاڵییەکان دەوەستێتەوە، کە لە هەر چرکەیەکدا بە بەردەوامی وێنە و ڤیدیۆی لێوە بەرهەم دێت. وێنە دیجیتاڵییەکان دەتوانرێت لە رێگەی تاگکردنەوە لەگەڵ ئەوانی دیدا تایبەتمەند بکرێت و  بەشداری پێ بکرێت تا دەستڕاگەیشتنی ئەوانی دیکەش ئاسانتر بێت. لێ لە راستیدا تەواوی وێنەکان بۆ یەک سات تەماشا دەکرێن و پاشان بە فەرامۆشی دەسپێردرێت. پرۆسەی وێنە دیجیتاڵییەکان ئارەزوویان بۆ دەرخستن و کورتبوونەوەی وێنە  لەنێو یادەوەریدا نییە. جوانیناسیی ئینستاگرام نەک بە تەنها دژ بە نۆستالۆژیا و وەفاداری  ڕەسەنایەتییە، بەڵکوو دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە باڵادەستیی تەکنەلۆژی هەژموونی خۆی لە رێگەی هاوتاسازیی وێنەیی و سەتحیکردنەوەی ئایدیاڵەکانەوە چوارچێوە وێنەییەکان جێگیر بکات.

بەشی هەرە زۆری چالاکییەکانی ئینستاگرام دەربارەی ئامادەیی خودی تاک خۆیەتی. یەکێک لە خەسڵەت و سوودەکانی فۆتۆی دەستکاریکراو لەگەڵ شێوەسازیدا، هاوشێوەی کامێرای ئەنەلۆگ ئەوەیە کە ئەو کەلێنانەی لە ئەنجامی شێوەی خودی سوبێکتەوە دەردەکەوێت لە فۆتۆکەدا، گەر بە شێوەی ئەنەلۆگ وێنە بگیرێت دژ بە فۆرمی جوانیناسییانەی باوە. ئەو فیلمانەی کە بە چوارچێوەی رەنگی گەرم بەرهەم هاتبوو بە مەبەستی باشتر نیشاندان و هاوئاهەنگی رەنگی پێست بوو. لێ ئەمڕۆ –بەستانداردکردن-[4] و کۆنترۆڵکردنی سوبێکتەکان لە ئاستی وێنەیدا زیاتر لەوە پەلیهاویشتووە، بۆتە هۆی یەکسانکردنی رەفتاری تاکەکان لە بەرانبەر لێنزی کامێراکاندا. پێشانگای کۆتایی  هونەرمەندی فەرەنسی –جی ئاڕ- لە لەندەن پێوەری بینایی ئینستاگرامی لە شێوەی پرێنتی رەش و سپیدا لەسەر رووی تابلۆ و پیادەڕەوەکان جێگیر کردبوو و پاشان لە پانتایی گشتیدا نمایشی کرد لەسەر راڕەو و پیادەڕەوەکان جێگیری کردبوو لە نمایشکردنێکی گشتیدا خستیە ڕوو.خەڵکی بە خێرایی ئەم پرێنتانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە. زۆرێك لەوانەی لەوێ ئامادەبوون چوونە پێشی کامێرا لە رێگای ئامرازە وێنەگرییەکانی خۆیانەوە لەوانە: مۆبایلی هۆشمەند، تابڵێت، تەنانەت بە کامێرای راش فۆتۆ گیراون. بە ئاسانی دەتوانیت پۆرترێتی سێڵفی کە بە خێرایی بڵاو کراوەتەوە ببینیت. سوبێکتی بچووکراوە و وێنەی دەستکاریکراو کە دەبێت هاوشوناس و بەرانبەر بێت لەگەڵ ئایدیاڵی جوانیناسییانەی کولتووری مەسرەفگەرایدا. وێنەگەلێک هاوتای شمەک و کاڵای کڕیاری و مەسرەفکرا و لە شێوەی بەڵگەی پێشکەشکردنی تەواوەتی لە بەرانبەر کولتوری بازرگانی  فۆتۆدا. ژێست  و چۆنێتیی یادەوەرییەکان بە هۆی ناوەکیبوونەوەی پێوەرەکانی پرۆفیشناڵبوون لە خۆنمایشکردندا، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی ئەزموون و یادگە  لە رێگەی گرتنی سات بە ساتی تۆمارکردنی نەخۆشانە و پاشان پەخشکردنی لەنێو ئەو وێبسایتانەی کە سوودی بازرگانی لەم وێنە و داتایانە وەردەگرن. بەم پێیە وێنەگرتنی رۆژانە کەڵکەڵەی دەقیق دەربارەی چۆنێتیی وێنەی ستاندارد بە خەڵکی دەدات. ئەوان شتانێکی ئاڵۆز کە شایەنی سەرنجە لە دروستکردنی وێنەکانیاندا فێر دەبن و، دەربارەی ئیفێکت و سەر و خوارکردنی سوود وەردەگرن و لە خۆیان دەپرسن: چالاکییەکانی وێنەگرتنی بازرگانی زیاتر لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی پراکتیکییەوە فەهم دەبێت. زۆرینەی سێڵفییەکان گرتەی جنێوئامێز و کەمێکیشیان لاساییکردنەوەی گاڵتەجاڕانەن. لێ لەگەڵ تەوزیفکردنی ئاگایی لەم بوارەدا بلقوە گۆڕان لە بواری  هێزدا دێتە بوون. بە پێچەوانەی رواڵەتەوە، وێنە دیجیتاڵییەکان ئاڵۆزترن وەک لە گرتنی وێنەیەکی خێرا. ئەوانە لە تێکەڵەیەک لە زانیاری  بینراو پێک هاتوون، کە روونکەرەوە و نیشاندەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. گروپێکی چالاکی پاکستانی بە بەکارهێنانی شێوازی پۆرترێتی هاوشێوەی –جی ئاڕ- لە وێنەی مناڵان گەورەکردنیان و جێگیرکردنیان لەسەر زەوی لەگەڵ کوشتنی هەر رۆژەی ئەم کەسایەتیانەدا دەڵێن؛ ئەگەر بارودۆخ هاوکار بێت وێنە دیجیتاڵییەکان دەتوانن رۆڵی رادیکاڵتر بگێڕن. بونیادیتر سوودی لێ وەربگیرێت بەجێی راگەیشتن بە گرتەی <شەوێکی جوان و بەیادهێنانەوەی دۆستان)، دەتوانرێت بۆ رووداوی گرنگتر ئاراستە بکرێت.


[1] “Hipstamatic” ئەپلیکەیشنێکی تایبەتە بە مۆبایلە هۆشمەندەکان. بەکارهێن لە ڕێگەی ئەم ئەپەوە دەتوانێت سوود لە چەندێن تایبەتمەندی وەربگرێت لە دەستکاری کردنی وێنەکاندا وەک: دەستکاری ڕوخسار،ڕەنگ،باگراوند، دۆخ،رۆژ و شەو،وەرزەکان…تاد..

[2] .” Flickrسایتێکی جیهانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی وێنەیە. زیاتر لە ١٠ملیۆن بەشداربوی هەیە. “

[3] “contrast” ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە لێکدژی و بەرهەمهێنانی دۆخێک کە پێچەوانەی دۆخی هەنوکەیی بێت. واتە تۆ لە هاویندا دەتوانیت لە رێگەی فلتەرەکانەوە زستان بەدی بێنیتەوە لە نێو وێنەدا.

[4] “standardisation “

هاوشێوە