نووسین: خەبات عەبدوڵا
(١)
سەرکردایەتی سیاسی کورد نە کاری ڕژد بۆ هاوژیانی لە عێراقدا دەکات، نە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی نیشتمانیی کوردستانی. ڕاستییەکەی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەبری دامەزراندنی دەوڵەت ساڵانێکە لە کەڵکەڵەی (بەدەوڵەتکردنی حیزب) خۆیدایە.
پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه خۆرئاواییه‌كان به كوردستانیشه‌وه، پڕۆسه‌یه‌كی کارەساتبار بووە. حیزبی كوردی له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شبوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه دانه‌مه‌زراوه، هه‌روه‌كو له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێكانی شاریش سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، له ڕاستیدا ئێمه ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت شارمان به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی نییه، چونكه پێوه‌ندی به‌شێكی گه‌وره‌ی هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تا ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و ناوچه‌یه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ئه‌گه‌ر له خۆرئاوا حیزب نوێنه‌ری هێزێك یان چه‌ند هێزێكی كۆمه‌ڵگه بێت، ئه‌وا لای ئێمه حیزب خۆی به نوێنه‌ری هه‌موو كۆمه‌ڵگه و ڕاستییەکەی هه‌موو نه‌ته‌وه زانیوه. حیزبی كوردی چه‌ند بچوكیش بووبێت خۆی به نوێنه‌ری هه‌مووان زانیوه. به پێچه‌وانه‌ی خۆرئاواوه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م فۆرمه له حیزبایه‌تی پێش هه‌ر شتێكی دیكه پرسی رزگاری نیشتمانی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ر بووه.
ئێستا ئیتر پاش ئەوەی حیزبی کوردی خەریکە هەموو شەرعییەتی مانەوەی خۆی وەکو فریادڕەسێکی نەتەوەیی لە دەست دەدات، لە هەوڵی گۆڕینی خۆیدایە لە دامەزراوەیەکی کۆن و چەقبەستووەوە بۆ بوونەوەرێکی دیکە. حاڵی حازر ئێمە شاهیدی پڕۆسەیەکی یەکجار ترسناکین، ئەم پڕۆسەیە گوزارە نییە لە پڕۆژەیەکی ناسیونالیستی کە حیزب بە درێژایی نیو سەدەی پێشوو نەتەوەی پێ لاس داوە، بەڵکو پرۆسەی گۆڕینی حیزب خۆیەتی بۆ دەوڵەت. دەوڵەت بۆ نەتەوە نا، بەڵکو بۆ ئەو بەشەی نەتەوە کە لە هەمان کاتدا جەماوەرەکەی حیزبن. دەوڵەت بۆ کوردستان نا، بەڵکو بۆ ئەو بەشەی نیشتمان کە نیشتمانی حیزبە. ئەم پڕۆسەیەش هاوتەریبە لەگەڵ کارەساتێکی گەورە؛ کارەساتی ئەوەی کە ئێمە لانی کەم لە باشوور وەکو نەتەوە بەرەو لەناوچوون دەچین. نەتەوە بەمانا کولتورییەکەی نا؛ (زمان، خاک و خوێنی هاوبەش)، بەڵکو نەتەوە بەمانا سۆسیۆسیاسییەکەی؛ بوونی یادەوەری و خەونی هاوبەش.
(٢)
حاڵی حازر ڕووبەڕوو لەگەڵ شکستێکدا وەستاوینەتەوە، شکستێکی بەتەنها سیاسی و ئیداری نا، بەڵکو شکستێکی جڤاکی. ئەمە شکستی کۆی ئەو پارادایمە سیاسییەیە کە بە درێژایی شەست ساڵی پێشوو و تا ئێستا لەلایەن دوو مەیلی سیاسییەوە دنە دەدرێت.
وەکو یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم شکستە، لەمڕۆدا شتێک نەماوە لە عێراق ناوی دۆزی کورد بێت. دۆزی کورد لە عێراق لەسەر دەستی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و ئەوانەی پێیان دەوترێت “نوێنەرانی کورد” لە بەغدا، لە پۆست و پارەدا کورت کرایەوە و کۆتایی پێ هێنرا. نەک هەر ئەوە، لە سایەی ئەم سەرکردایەتییەدا وێنەی ئێمه له عێراق ئاڕاسته‌یه‌کی یەکجار ناشرینی وه‌رگرت، وێنه‌ی کوردی له نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازه‌وه که خولیای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو، گۆڕی بۆ دەرۆزەکەرێکی چاوبرسی.
قسەی پێ ناوێت، کورد لە سایەی لێکترازان و نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕۆشندا نوێنەری لە بەغدا نییە، ئاخر بەشی هەرە گەورەی ئەوانەی بەغدا نوێنەری خۆیانن. ئەوانە پاڵەوانی دیموکراسیی هەڵبژاردنن. ڕاستییەکەی بەشێکی زۆری ئەوانەی بەناوی نوێنەرانی کوردەوە لە بەغدان، لەڕووی سیاسییەوە کەسانی بێ سەواد، دەست و پێ سپی و کاراکتەری هەرزەگۆن.
لە هەمان سۆنگەوە و لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، هیچ دەمێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە.
وێنەکەی خوارەوە: بوخچە و پریاسکەی ژنانی گۆڕغەریبی ئەنفال لەناو یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانی سەماوە.
(٣)
بەپێچەوانەی ئەو فۆبیایەی دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق ساڵانێکە تووشی بوون، پێویسته سامان و نه‌وتی كوردستان بکەوێتەوە ده‌ستی كورد خۆی. لەبەرئەوەی بێ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و سامانه نه‌ته‌وه‌ییه مه‌حاڵه كورد سه‌دان ساڵی دیش له وابه‌سته‌یی ناوه‌ند ڕزگاری ببێت.
ڕاستییەکەی ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی ئێمه ڕه‌خنه‌گرتن بێت له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تداریی هەرێم؛ مۆدێلی دامەزراندنی میرنشین و ئابورییەکی حیزبیی موڵکانه‌ستێن، نەک ڕەدووکەوتنی ئەو بۆچوونەی کە کوێرانە داوای ڕادەستکردنەوەی سامانی کوردستان بە کۆمەڵێک هێزی عەرەبیی گەندەڵ و ترسناک دەکات. ئاخر عێراق هەر بەتەنها نەوتی کوردستانی ناوێت، عێراق دەیەوێت کوردستان و خەڵکەکەی بەهەمان شێوەی جاران کۆڵۆنییەکی پاشکۆ و دەسندەخۆری خۆی بن.
٭٭٭
گرفتی گه‌وره‌و شاراوه له ده‌رهێنانی نه‌وت و گۆڕینی هه‌رێم بۆ میرنشینێکی نەوتیی موڵکانه‌ستێن، یه‌كه‌م نه‌بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نیشتمانی و دووەمیان نەبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موئه‌سه‌ساتی و سێیه‌میشیان ئه‌گه‌ری وردوخاشكردنی چینی ناوه‌ڕاسته، ئه‌و چینه‌ی كه كۆمه‌ڵناسه سیاسییه‌كان به بڕبڕه‌ی پشتی دامه‌زراندنی دیموكراسی داده‌نێن. به واتایه‌كی تر دواخستن و له‌به‌ینبردنی پرۆسه‌ی کرانەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی دیموكراسییە، چونکە له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر خاوه‌نی داوده‌زگەی دیموكراسی نه‌بوون (ئەنگۆلا، نەیجیریا، ڕوسیا، سعودییە، ئێران، عێراق، لیبیا .. تد)، نه‌وت سته‌مكاری خوڵقاندووه.
بوونی موئه‌سه‌سات پێشمه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسییه. ئه‌ڵبه‌ته پێشمه‌رجه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی موئه‌سه‌ساتی له سێ مه‌رج به‌ده‌ر نین، ئه‌وانیش: دروستکردنی بازاڕه وه‌کو هێزێکی جیا له ده‌وڵه‌ت/ حیزب، دووه‌میان گه‌شه‌کردنی چینی ناوه‌ڕاسته به به‌ده‌ستهێنانی توانای خۆبژێوی نه‌ک به‌پشتبه‌ستن به مووچه‌ی خۆڕایی، سێیه‌میشیان خۆڕاپسکاندن و پشتکردنه کولتوری کلاسیکیی کۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌و کولتوره‌ی که زاده‌ی کۆمه‌ڵگه داخراوه هیرارکییه‌کانه و ڕێگه به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شکردنی سامان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان نادات.
٭٭٭
كورده‌واری وه‌كو به‌شێك له عێراقی به‌عس و پاشان لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆ و لە سایەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی حیزبە کوردستانییەکاندا ڕووبه‌ڕووی له‌ناوبردن و غیابی یه‌كبینه‌ی موئه‌سه‌سات بۆته‌وه، كولتوری به‌عس و شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی حیزبە کوردستانییەکان له زه‌به‌لاحكردنی حیزب وه‌ك تاكه دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه و قووتدانی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی دیکە، جگه له‌وه‌ی كوردستانی له چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بێبه‌ش كرد، كورده‌واریشی كرده كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و له بریتی موئه‌سه‌سات تاكه‌كه‌س، سه‌رۆكی حیزب، خێزانی سیاسی، خێڵ، شێخی ته‌ریقه‌ت .. جێگه‌ی موئه‌سه‌ساتیان گرته‌وه.
ئه‌گه‌ر ململانێی حیزبی و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و كڕینی ئه‌ستۆ و په‌رده‌پۆشكردنی بێكاریی له چه‌ند ساڵی پێشووی دەسەڵاتی كوردییدا هۆكاری سه‌ره‌كی بەپاشكۆكردنی چینی ناوه‌ڕاست بووبن، ئه‌وا ته‌نها له‌میانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی موئه‌سه‌ساتیدا كه له‌بریتی دابه‌شكردنی خۆڕاییانه‌ی سامان، پێدانی هه‌لی كاركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ورده ورده‌ی ئه‌م چینه له حکومە‌ت و ڕه‌خساندنی هه‌لی خۆبژێوی بۆیان، چینی ناوه‌ڕاست ده‌توانێت له سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێت و به‌شدارییه‌كی ئه‌كتیڤ له دروستكردنی دیموكراسیدا بكات.
مەترسی گۆڕینی كوردستان بۆ میرنشینێكی نه‌وتیی موڵکانەستێن و به‌پاشكۆكردنی زۆرتری چینی ناوه‌ڕاست، ده‌شێت بۆ چه‌ندین ساڵی دیكه پرۆسه‌ی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموكراسی دوا بخات یان هەر لەبەینی بەرێت.
٭٭٭
بەمەبەستی ڕێگری‌کردن لە بەتاڵانبردنی نەوت و گۆڕینی هەرێم بۆ میرنشینێکی نەوتیی، تاکە ڕێگە خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستانە کە کۆتایی بە تاڵانوبڕۆی کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕۆڵی قاچاخچییەکانی ناوخۆ دەهێنێت. بێگومان ئەمەش مەحاڵە بەم سەرکردایەتییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بکرێت.