رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئامرازەکانی دروستکردنی مامۆستای خاوەن پەیام

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هەورامان وریا قانع

ئامرازی یەکەم: هەستکردنی هەموان بە گرنگی و بایەخی مامۆستای خاوەن پەیام

هەنگاوی یەکەم بۆ سەرکەوتنی هەر پرۆژەیەکی ستراتیژی، بریتییە لە هەستکردن بە گرنگی و بایەخی ئەو پرۆژەیە. لێرەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پەروەردەو بڕیار بەدەستانی وڵات، لەسەر ئاستی زۆر باڵا، هەست بە گرنگی و بایەخی مامۆستای خاوەن پەیام بکەن، دەرک بەوە بکەن مامۆستای خاوەن پەیام، بەردی بناغەی هەستانەوەو بوژانەوەی نەتەوەیە، کۆڵەکەی سەرەکی پێشکەوتن و شارستانییەتەکەیەتی.  ئەوە دەتوانێت سیستمی پەروەردەو فێرکردن گەشەپێدات و ئایندەیەکی رووناک ببەخشێت بە قوتابییەکان و بە کۆمەڵگا. ئەوە لە توانایدایە نەوەی دوارۆژ، بە رۆحێکی نیشتیمانی و مرۆیی و زانستی و بەرپرسیارەتی پەروەردە بکات. ئەگەر نەتەوەکان بە مرۆڤە مەزنەکانیان بپێورێت، ئەوا مامۆستای خاوەن پەیام دروستکەرو بونیادنانی ئەو مرۆڤانەیە. لەم بارەیەوە ئەو گوزارشتە زۆر دروستە کە دەڵێت: مامۆستایەکی خاوەن پەیام و پرۆگرامێکی خراپ و قوتابخانەیەکی وێرانم بدەرێ، قوتابییەکی زیرەک و سەرکەوتووت دەخەمە بەردەست. ئەم وتەیە بە ڕوونی پێگەی و رۆڵ و گرنگی مامۆستای خاوەن پەیام دیاریدەکات. پرۆسەی پەروەردە هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت، ئەگەر نەبێت بە خاوەنی مامۆستای لەم جۆرە. لە راستیدا ئەگەر پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگاکان، پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن بنەمای هەرە سەرەکی ئەو پێشکەوتن و گەشەکردنەبێت، ئەوا مامۆستا بناغەو کۆڵەکە هەرە گرنگەکەی ئەو پرۆسەیەیە.

ئامرازی دووەم: دانانی ستراتیژو پلان بۆ دروستکردنی مامۆستای خاوەن پەیام

دوای ئەوەی لەلایەن هەموانەوە، واتە لەلایەن کۆی کۆمەڵگاو دەزگا پەیوەندیدارەکانی سێکتەری پەروەردەو فێرکردنەوە، هەروەها لەلایەن دەسەڵاتداران و تەنانەت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش، هەست بە گرنگی و بایەخی ئەم جۆرە مامۆستایە دەکرێت، پلان و ستراتیژی تۆکمە بۆ دروستکردنی دادەنرێت. دروستکردنی مامۆستای خاوەن پەیام پێویستی بە هۆشیاریی نیشتیمانی و نەتەوەیی، دونیابینییەکی قووڵی پەروەردەیی و زانستی،  پلانی درێژخایەن، ستراتیژیەتی روون و ئاشکرا هەیە. ئەمە ئەوە دەخوازێت لە بودجەی گشتی و تایبەتی، بڕێکی زۆرباش بۆ بواری پەروەردەو فێرکردن تەرخانبکرێت، بە تایبەت بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی مامۆستای خاوەن پەیام خەرجبکرێت. ئەم مەسەلەیە نابێت و ناکرێت لەژێر هیچ پاساو و بیانویەکدا پشتگوێبخرێت، سستی و خاوخلیچکی تێدانەکرێت. بۆچی؟ چونکە مەسەلەیەکی چارەنوسسازەو بنەمای رێنیسانسی پەروەردەو فێرکردن و گەشانەوەو هەستانەوەی کۆمەڵگایە. بنچینەی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرچاوڕوونی خاوەن بەهای زانستی و پەروەردەیی و ئەخلاقی و مرۆییە. رێزو یەکتر قبوڵکردن و خۆشەویستی و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و توندڕەوی، لە سیما دیارەکانی ئەو نەوەیە دەبێت.

ئامرازی سێیەم: پیشەی مامۆستا بکرێتە پیشەیەکی بایەخدارو سەرنجڕاکێش

بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی مامۆستای خاوەن پەیام، پێویستە پیشەی مامۆستایی بکرێتە پیشەیەکی بایەخدارو سەرنجڕاکێش، پیشەیەکی رێزلێگیراو و خاوەن پێگەی باڵا لە ناو کۆمەڵگا، پیشەیەک هەمو کەسێک نەتوانێت بە ئاسانی و بە نمرەی نزم و بە ئاستی زانستی و مەعریفی کەم بیگاتێ. پیشەیەک وەک کاری پێغەمبەران و عاریفان و حەکیمەکان، پیرۆزو بڵند لێبڕوانرێت، نەک تەنها وەک دامەزراندن و کەمکردنەوەی بێکاری. بوونی بڕوانامەی بەکەلۆریۆس بۆ سەرەوەو و بینینی چەندین خولی شیاندنی پەروەردەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی کە لە ساڵێک کەمترنەبێت، بکرێن بەمەرج بۆ هەمو ئەوانەی دەیانەوێت ببنە هەڵگری ئەم پیشە پیرۆزو خاوەن پەیامە. بێگومان بەرزکردنەوەی موچەی مامۆستای خاوەن پەیام، وا دەکات پیشەی مامۆستایی سەرنجڕاکێش و بایەخداربێت، وا دەکات قوتابییە زیرەک و لێهاتووەکان، روو لەم پیشە بکەن، ئەمە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی نەوەیەک لە مامۆستای خاوەن پەیام و بلیمەت و کارامە و سەرکەوتوو. ئەمانیش لای خۆیانەوە پەیام و بلیمەتی و سەرکەوتنەکانیان دەگوێزنەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارەکان.

 لێرەوە نەوەیەکی حەماسی بۆ زانست و مەعریفە و  پەرۆش بۆ سەرکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگا دێتەئارا. بەڵام کەمی موچەی مامۆستاو خراپی بژێوی ژیانی، وا دەکات پیشەی مامۆستا ببێتە پیشەی ئەو کەسانەی کارێکی دیکەیان دەستناکەوێت. ئەو قوتابیانە روویتێدەکەن کە ئاستیان نزمە، بەهرەدارنین، وەک پێویست سەرکەوتونین و هیچ کارێکی دیکەیان دەستناکەوێت جگە لە مامۆستایی. ئەمانیش لای خۆیانەوە ئەزموونی بێبەهرەیی و ئاستنزمی خۆیان دەگوازنەوە بۆ قوتابییەکان و خوێندکارەکان. لێرەوە نەوەیەکی بێباک و کەم ئەزموون و ناحەماسی بۆ زانست و مەعریفە و داهێنان، دێتەئارا. کەواتە پێویستە باوەڕ بەو بیرۆکە پێشوەختەیە نەکەین کە دەڵێت مامۆستایی ئەرکێکی ئاسانە و رێڕەوێکی کراوەی بێ ماندووبوونە و هەمو کەسێک دەتوانێت بیگرێتەبەر، بێ ئەوەی دووچاری هیچ ناڕەحەتی و سەختییەک بێت. بگرە پێچەوانەی ئەوە راستە. پەیامی مامۆستا بارگرانییەکی قورسە، بەرپرسیارەتیەکی گەورەیە لەسەر شانی هەر کەسێک خۆی تەرخان بکات بۆ پەروەردەو فێرکردنی نەوەکان و رزگارکردنیان لە جەهل و نەزانین و دواکەوتوویی. هۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی و عەرەبی و ئیسلامی و دواکەوتنیان لە گەیشت بە کاروانی شارستانییەت، لە بەشی هەرە زۆریدا بۆ پاشەکشەی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مامۆستا ماف و حەقی خۆی بە تەواوی وەرنەگرتووە، هاننەدراوە تا پەیامە پیرۆزەکەی و خزمەتکردنی زانست بە هەمو هێزیەوە پێشکەش بکات و بیخاتەبەردەستی قوتابی و خوێندکارەکان. بڕینەوەی موچەی باش و پێدانی شایستە داراییەکان بە مامۆستای خاوەن پەیام، بەڵگەی ئەوەیە هەم کۆمەڵگاو هەم دەزگا پەیوەندیدارەکانی پەروەردەو فێرکردن و هەم بەرپرسانی باڵای وڵات، رێز لە ئەرک و رۆڵی مامۆستا دەگرن، نەک تەنها لەسەر ئاستی مەعنەوی، بەڵکو لەسەر ئاستی مادیش. ئاشکرایە پەروەردەو فێرکردن ئەو بنەما سەرەکی و بنەڕەتییەیە کە هەموو شتەکانی دیکەی لەسەر بونیاد دەنرێت، ئەو بنچینە گرنگەیە کە شوناسی نیشتیمانی و مرۆیانە لە دڵ و هزرو رۆحی نەوەکانی ئایندەدا دەچێنێت.

ئامرازی چوارەم: هەڵبژاردنی مامۆستا لە تەمەنێکی زووەوە

بۆ دروستکردنی مامۆستای خاوەن پەیام، پێویستە لە قۆناغێکی زووی تەمەنەوە دەستپێبکرێت، بۆ نموونە قۆناغی سەردەمی ئامادەیی. لەو قۆناغەی خوێندندا، قوتابییە ئاستبەرزو بلیمەت و بەهرەدارەکان، ئەوانەی کارامەیی و تواناو ئامادەباشی جەستەیی و دەرونی و زانستی ئەوەیان تێدایە ببن بە مامۆستاو حەزیان لێیە لە هۆڵەکانی خوێندندا وانە بڵێنەوە، لە کۆلیژەکانی پەروەردە وەربگیرێن و گرنتی ئەوەیان پێبدرێت دوای تەواوکردنی چوار ساڵی کۆلیژ، لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا دادەمەزرێن. دەستنیشانکردن لەو تەمەنە زووەدا، هەنگاوێکی بنچینەیی و گرنگە، چونکە هەمو خاوەن بڕوانامەیەک شیاو نییە بۆ بوون بە مامۆستای خاوەن پەیام. پێویستە هەر کەسێک بیەوێت ببێت بە مامۆستا، ئامادەباشییەکی سروشتی و خۆڕسک، توانایەکی عەقڵی گەورە، ویژدانێکی زیندوو، خۆشەویستی و رێزگرتنی ئەوانی دی، مۆراڵ و ئەخلاقێکی پەروەردەیی تێدابێت.

ئامرازی پێنجەم: دانانی مەرجی قورس بۆ وەرگرتن لە کۆلیژی پەروەردە

وەرگرتن لە کۆلیژی پەروەردە، دەبێت گۆڕانکاری گەورەی بەسەردابێت و هەموو قوتابییەک وەرنەگرێت، بە تایبەت ئەو قوتابیانەی کە بەهۆی کەمی نمرەکانیانەوەو بە ناچاری خۆیاندەکەن بەم کۆلیژەدا، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک حەزو ویست و ئارەزووی بوون بە مامۆستاییان هەبێت. بێ ئەوەی هەرگیز بیریان لەوە کردبێتەوە، رۆژێک لە رۆژان خولیای ئەوەیان هەبوبێت لەگەڵ منداڵدا مامەڵە بکەن و وانە بڵێنەوە، بگرە دەستی قەدەر هەڵیداونەتە ناو ئەو کۆلیژەوە. گرنگی کۆلیژی پەروەردە لە گرنگی کۆلیژی پزیشکی ئەگەر زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە. چونکە ئەوە کۆلیژی پەروەردەیە مامۆستاکانی بەیانی پێدەگەیەنێت کە ئەرکیان پەروەردەکردنی نەوەکانی ئایندەیە. دەبێت ئەو قوتابیانەی دەچنە کۆلیژی پەروەردە، هەڵسەنگاندنی باشیان بۆ بکرێت، بلیمەت و بەهرەدارەکانیان وەربگیرێن. شارەزایان بۆ وەرگرتنی قوتابی لە کۆلیژی پەروەردە پێنج مەرجی سەرەکیان داناوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە: مەرجی پێداویستی تەندروستی، مەرجی پێداویستی پیشەکە، مەرجی پێداویستی ئەخلاقی، مەرجی پێداویستی زانستی، مەرجی پێداویستی کۆمەڵایەتی. دەکرێت میکانیزمەکانی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، بەم شێوەیەبێت:

1-پشکنینی پزیشکی بۆ قوتابییەکە بکرێت، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هەستەوەرەکانی، نەبوونی گرفتی زمانگیران و بەزەحمەت گۆکردنی هەندێک لە پیتەکان، نەبوونی نەخۆشی گواستراوە، بوونی پێکهاتەیەکی جەستەیی ساغڵەم و تەندروست، نەبوونی هیچ جۆرە ناتەواوییەک کە وا دەکات پیشەی مامۆستایی، بە شێوەیەکی باش و تەندروست ئەنجامنەدرێت.

2-چاوپێکەوتنی شەخسی و هەڵسەنگاندن، لە پێناو زانینی کەسێتی قوتابییەکە و ئاستی زانستی و پەروەردەیی و گونجاندنی بۆ پیشەی مامۆستایی، بۆ دەرککردن بەوەی تا چەند لێهاتویی و کارامەیی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو  کێشە و گرفتانەی لە ئایندەدا لە قوتابخانەکاندا دێنەسەر ڕێی. ئایا مۆراڵ و پێکهاتەی دەرونیی و شێوازی بیرکردنەوەی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەر، شیاوە بۆ ئەوەی بکرێت بە مامۆستا؟ ئاخۆ توانایەکی باشی هەیە بۆ سەبرو تەحەمول و پابەندبوون بە کاتەوە؟  یا نەخێر کەسێکی بێسەبرەو زوو هەڵدەچێت؟ چۆن لە پەیوەندی نێوان مامۆستاو قوتابی دەڕوانێت؟ ئایا بڕوای بە لێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی هەیە؟ یان نەخێر نەرمونیان و لێبوردەیە؟ تەرازووی رق و خۆشەویستی، رێز و سوکایەتی، میهرەبانی و دڵڕەقی، بە چ لایەکدا دەشکێتەوە؟ خۆشەویستی و عەشقی بۆ منداڵ و قوتابی لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا کەسێکی قسەخۆش و خەندەبەخشە؟ یان نەخێر کەسێکی روگرژو مۆنە؟

3-تاقیکردنەوەی تواناکانی خوێندکار بەشێوەیەکی گشتی، وەک توانای بۆ خوێندنەوەو تێگەیشتن و نووسین و خەتخۆشی، توانای بۆ ئەنجامگیری و بەدەستهێنانی دەرئەنجام و شیکردنەوەی دەرئەنجامەکان، ئاستی لێزانینی بۆ بەکارهێنانی کۆمپیوتەرو ئامێرە تەکنەلۆژییەکان.

ئامرازی شەشەم: تەنها دەرچوانی کۆلیژی پەروەردەی بویناد بکرێن بە مامۆستا

وەک ئاماژەمان پێدا مامۆستایی تەنها وەزیفەیەک نییەو بەس، هەر ئەوە نییە کەسێک دامەزرێنیت و بیکەیت بە مامۆستا، ماجیکێک و کتێبێکی بدەیتە دەست و رەوانەی ناو هۆڵەکانی خوێندنی بکەیت. ئەو جۆرە تێڕوانینە بۆ پیشەی مامۆستایی، راستنییە و لە رابردوودا دەرئەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوەو لە ئێستاو ئایندەشدا، دەرئەنجامی خراپتری لێدەکەوێتەوە. مامۆستایی و کاری فەرمانبەرێک لە وەزارەتێکی دیکەدا، زۆر جیاوازن و ناکرێت وەک یەک تەماشابکرێن. هەموو کەس بۆی هەیە لە بوارێک لە بوارەکاندا دابمەزرێت، بەڵام هەموو کەس ناتوانێت ببێت بە مامۆستای خاوەن پەیام. چونکە ئەمەی دوایی پێویستی بە دەیان کارامەیی و لێزانی و شارەزایی هەیە کە دەبێت پێش دامەزراندنی، بیانزانێت و توانای بەسەریاندا بشکێت. هەڵەیە وا تێبگەین مامۆستا دوای دامەزراندنی وردە وردە فێردەبێت و خیبرە پەیدا دەکات، بۆچی؟ چونکە تا فێردەبێت و دەبێتە خاوەنی خیبرە، رەنگە چەند نەوەیەک بە خراپی پەروەردە بکات، دوور نییە دڵی دەیان و سەدان قوتابی بڕەنجێنێ و لە قوتابخانە دووریانخاتەوە.

مامۆستای خاوەن پەیام، پێش دامەزراندنی و پێش ئەوەی پێبخاتە نێو سنوری قوتابخانە و ناو پۆلەکانەوە، بەر لەوەی دەستبداتە ماجیک و شتنووسین، دەبێت بە کۆمەڵێ فلتەری زانستی و پەروەردەیدا تێپەڕیبێت، چەند قۆناغێکی لە شێوازی وانە وتنەوەدا بڕیبێت، کۆمەڵێ خولی راهێنان و پراکتیکی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ و ئەوانی دیکەدا بینیبێت، شارەزاییەکی باشی لە دەرونناسی و سایکۆلۆژیاو کۆمەڵناسی هەبێت. واتە ئەو کاتێک دێتە ناو قوتابخانەو پۆلەکانەوە، شارەزایی و خیبرەیەکی لە پێشینەی هەیە کە لە کۆلیژی پەروەردە خوێندویەتی. لێرەوە پێویستە کۆلیژی پەروەردە کۆلێژێکی تەواو موتەکامیل بێت، ستافی شارەزاو خاوەن بڕوانامەی بەرزو خاوەن بەرهەمی فیکری وانەی تێدابڵێنەوە. سەروەختێک خوێندکار ئەو کۆلیژە تەواودەکات، بە تەواوی بووبێت بە مامۆستایەکی خاوەن پەیام. لە راستیدا پرسی ئامادەکردنی کەسێک بۆ مامۆستایی، یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکانی کۆمەڵگا. پرسێکە دەخوازێت زۆر بە جدیی و لەسەر ئاستی باڵای حکومەت و فەرمانڕەوایی، بیریلێبکرێتەوەو رێوشوێنی تازە و مۆدرێنی بۆ بگیرێتەبەر. هەر ئەوەشە وایکردووە لە جیهاندا و لە رێگەی رێکخراوەکانی یونسێف و یونسکۆو چەندین رێکخراوی دیکە، وا تەماشای ئامادەکردنی مامۆستا دەکەن کە دەروازەی بنچینەیی و سەرەکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی خوێندن و پێگەیاندنی تاکی تەندروست لە جیهانی هاوچەرخدا.

بۆ ئامادەکردنی مامۆستای خاوەن پەیام لە کۆلیژی پەروەردەی بونیاد، پێویستە رەچاوی کۆمەڵێک خاڵ بکرێت، لەوانە:

1-پێشخستن و گەشەپێدانی سیاسەتی وەرگرتنی خوێندکار لە کۆلیژی پەروەردەی بونیاد، بەوەی ئەم کۆلیژە هەستیارە، دووربخرێتەوە لە دەستتێوەردانی حیزبی، واستە و واستەکاری، خزمخزمێنە و عەشیرەتگەری. پڕنەکرێت لە خوێندکاری ئاست نزم، ئەوانەی دوای ئەوەی بێهیوادەبن لە کۆلیژەکانی دیکە وەربگیرێن، بە نابەدڵی و بە ناچاری خۆیان لێرە ناونووسدەکەن.  واتە تەنها ئەو خوێندکارانە وەربگرێت کە نمرەیان بەرزەو حەزیان لە مامۆستاییە و ئامادەباشی تەواویان هەیە بۆ ئەو پیشەیە. ئەو خوێندکارانەی لە چاوپێکەوتنەکاندا، بە تواناو سەلیقەیی زمانەوانی و رۆشنبیریی خۆیان دەردەچن و توانای زانستی و مەعریفی و دەرونی و کۆمەڵایەتی و مۆراڵی و چەندین توانای دیکەیان هەیە کە گونجاون بۆ میهنەی وانەوتنەوە، قبوڵبکرێن. ئەم کۆلیژە دەبێت پارێزراوبێت لە هەر کارێکی نازانستی و ناپەروەردەیی و خەوشێکی مەعریفی. چونکە ئەوانەی ئەم زانکۆیە تەواودەکەن، سبەینێ بەرپرسیارەتی پێگەیاندنی جگەرگۆشەکان و نەوەکانی ئایندەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

لە وڵاتی فیلەندە، تەنها لە 10% ئەو قوتابیانەی نمرەی بەرزیان هێناوە، لە کۆلیژی مامۆستایان وەردەگیرێن، بۆ وەرگرتنیان بە چەندین تاقیکردنەوەی جۆراوجۆردا تێدەپەڕن. ئەمەش وا دەکات ئەو قوتابیانە بە شێوەیەکی باش سازو ئامادەبکرێن و خاوەن ئاستێکی بەرزی پەروەردەیی و مەعریفی و کۆمەڵایەتیبن، تا لە دوارۆژداو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، بتوانن لە قوتابخانەکاندا دابمەزرێن و وانەبڵێنەوە. دەکرێت ئێمەش سود لەو ئەزمونە گرنگ و دەوڵەمەندەی فیلەندە وەربگرین کە بووەتە مۆدێلێکی سەرکەوتووی پرۆسەی خوێندن و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا چاویلێدەکەن و شوێنپێی هەڵدەگرن.

2-پیادەکردنی سیاسەتی مۆڵەتوەرگراتن بۆ بوون بە مامۆستا، بەو مانایەی چۆن شۆفێر بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل، پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری هەیە. چۆن دەرمانسازێک بۆ کردنەوەی دەرمانخانە، پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی دەرمانسازی هەیە. چۆن کەسێک بۆ کردنەوەی خانوو، پێویستی بە مۆڵەتی خانوکردنەەوە هەیە…هتد، مامۆستاش بە هەمان شێوە، پێش ئەوەی ببێت بە مامۆستا، پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی مامۆستایی هەیە. پێویستە تەنانەت مامۆستای دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بونیادیش، بە کۆمەڵێ تاقیکردنەوەو تێست و هەڵسەنگاندندا تێپەڕێت، ئەگەر لەو تێپەڕینەدا سەرکەوتووبوو، ئەوا مۆڵەتی مامۆستایی پێببەخشرێت، ئەم مۆڵەتەش هەتاهەتایی نەبێت، بۆ نمونە دەکرێت بۆ پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، دوای ئەوە دیسانەوە هەڵسەنگاندنی تازە بۆ مامۆستاکە بکرێتەوە، ئەگەر سەرکەوتووبوو ئەوا مۆڵەتەکەی بۆ تازەبکرێتەوەو و بەمجۆرە.

3-بایەخدانێکی گەورە بە لایەنی پەروەردەی پراکتیکی بدرێت، بەو پێیەی ئەم لایەنە لە پرۆگرامی پێگەیاندنی مامۆستادا، رۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگیرێتەبەر:

*درێژکردەوەی کات و وانەکانی پەروەردەی پراکتیکی.

*گەڕان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی تازە، تا لە رێگەیەوە تەنسیق لە نێوان کۆلیژی پەروەدەو قوتابخانە و خوێندنگاکاندا بکرێت، بۆ وتنەوەی وانەی پراکتیکی لەلایەن خوێندکارانی کۆلیژەوە. ئەوانەی بەیانی کۆلیژ تەواودەکەن و دەبن بە مامۆستا.

*ئەگەر بکرێت چەند قوتابخانەیەکی ئەزمونی سەر بە کۆلێژی پەروەردەی بونیاد دروستبکرێت، ئەمەش بۆ ئاسانکاریکردنی وتنەوەی وانە پراکتیکییەکان و زیادکردنی دەرفەتی مەشقی پراکتیکی خوێندکارەکانی کۆلیژی پەروەردەی بونیادە. چونکە زۆرجار دروستکردنی تەنسیق لەگەڵ قوتابخانەو خوێندنگا حکومی و ئەهلییەکان، کارێکی قورس و پڕ لە رۆتین و بێنەوبەردەیە.

*خوێندکاری کۆلیژ، لەژێر سایەی مامۆستای راهێنەرو شارەزادا، بڕێکی زۆر لە وانە پراکتیکیەکانی لەو قوتابخانە و خوێندنگا ئەزمونگەریانەدا دەڵێتەوە کە سەر بە کۆلیژەکەن، لەوێدا بە باشی فێری زانستی وانەوتنەوەو شێوازە تازەکانی دیدایتیک دەبێت، ئاشنایەتی لەگەڵ کەشوهەوای پیشەی مامۆستایی پەیدادەکات، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ قوتابی و خوێندکاردا دەکات، لە نزیکەوە لەگەڵ کێشەو گرفەتەکانیان دەرگیردەبێت، بە پێی تواناو شارەزایی خۆی، چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە. رادەهێنرێت لەسەر ئەوەی نەرم و نیاو میهرەبانبێت، رووخۆش و قسەخۆشبێت، دوورکەوێتەوە لە هەر جۆرە هەڕەشە و توندوتیژییەک. ئەم پرۆگرامە دەکرێت ناوی لێنرێت (پرۆگرامی راهێنانی خوێندکاری مامۆستا).

*پێویستە وەک سیستمێکی کامڵ لە پەروەردەی پراکتیکی بڕوانرێت کە لایەنە جیاوازەکانی ئامادەکردن و مەشق و راهێنانی مامۆستا لەخۆدەگرێت. لەوانە کارامەیی وانەوتنەوە، قووڵبوونەوەی لە پسپۆڕییە ئەکادیمییەکەی، بەشداریکردنی چالاکانەی لە کۆی ئەو چالاکیانەی لە خوێندنگاکەدا ئەنجامدەدرێن، وتنەوەی وانەکان بە شێوەی پراتیکی و بەکارهێنانی تاقیگەو داتاشۆو ڤیدیۆو چەندین هۆکارو ئامرازی فێرکاری دیکە.

*پیادەکردنی سیاسەتی ئامادەکردتی مامۆستا، پێش دەستبەکاربوونی و دوای دەستبەکاربوونی، لە میانەی کردنەوەی بەردەوامی خولی بەهێزکردن و شیاندن. خولی بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و ناساندنی تیۆرە تازەکانی پەروەردەو فێرکردن و چۆنیەتی مامەڵەکردنی سەردەمیانە و مۆدرێن لەگەڵ فێرخوازەکان. لە کردنەوەی ئەم خولانەدا، دەکرێت لەپاڵ هەوڵ و تواناکانی حکومەت، سود لە هەوڵ و تواناکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی تایبەت بە بواری پەروەردەو فێرکردن وەربگیرێت. جگە لەوە دەکرێت سود لە کەسانی پسپۆڕو رۆشنبیر وەربگرن و داوایان لێبکەن لەو خولانەدا بەشدارین و بیروڕاو تێڕوانینی خۆیان بخەنەڕوو.

لێرەوە کۆلێژی پەروەردەی بونیاد، دەبێت مامۆستا لە هەموو روویەکەوە ئامادە بکات، چونکە ئامادەکردنی مامۆستا لە هەموو روویەکەوە، وا دەکات ئەو مامۆستایە هەم لە ڕووی هاوسەنگی و سەنگینی لە کەسایەتییەکەیدا سەرکەوتووبێت، هەم لە رووی ئاستی پەروەردەیی و مەعریفی و زانستیشەوە پڕچەکبێت. بەدیبێت. بەمەش کۆلیژی پەروەردە یەکەم هەنگاوی دروست و راستەقینە دەنێت بۆ دروستکردنی مامۆستای خاوەن پەیامی زانستی و پەروەردەیی.

ئەو بنەمایانەی لەسەر مامۆستای خاوەن پەیام پێویستە پێیانەوە پابەندبێت.

کۆمەڵێک بنەمای گرنگ و بایەخدار هەیە کە لەسەر مامۆستای خاوەن پەیام پێویستە ئەنجامیان بدات و پێیانەوە پابەندبێت، تا باشترین کاریگەری لەسەر قوتابییەکانی جێبهێڵێت، لەوانە:

1-پابەندبوون بە کات و وادەی دەستپێکردن و کۆتایی وانەکانەوە. دوای لێدانی زەنگی چوونە ژورەوە بۆ پۆل، زۆرێک لەو کێشانەی لە پۆلدا روودەدەن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مامۆستا درەنگ دەڕواتە پۆلەوە. ئەمە لە کاتێَکدایە ژمارەیەکی زۆری قوتابی چوونەتە پۆلەوەو نەبوونی مامۆستا بە دەرفەت دەزانن بۆ هاتوهاوارو قیڕەقیڕکردن، تەنانەت پەلاماردانی یەکترو پاڵپاڵێن کە زۆرجار شەڕو ئاژاوەی لێدەکەوێتەوەو هەر قوتابییەی ئەوی دیکە تۆمەتبار دەکات بەوەی خەتای ئەو بووە. وەلێ کاتێک مامۆستا لەگەڵ لێدانی زەنگی چوونە ژورەوە، بە خێرایی خۆی گەیاندە پۆلەکەی، ئەوا زۆرێک لەو کێشانە روونادەن. لە راستیدا وەک چۆن سەرەتای وانەکە پێویستی بەوەیە مامۆستا زوو بێتە ژورەوە، بە هەمان شێوەش کۆتایی وانەکە پێویستی بە رێکخستنی کاتە. خراپترین حاڵەت ئەوەیە مامۆستا وانەکە بە شێوەیەکی سروشتی کۆتایی پێنەهێنێت. واتە کاتی وانەکە تەواو بووەو زەنگ لێدراوە، کەچی مامۆستا رەچاوی کاتەکەی نەکردووەو هەر بەردەوامە لە وانە وتنەوەو وانەکەی بە کۆتا نەگەیاندووەو قوتابییەکانی سەرقاڵکردووە بە نووسینەوەو گوێگرتن. ئەمجۆرە رەفتارە، مامۆستا وا دەردەخات کە نەیتوانیوە کاتی وانەکەی زەبت بکات، نەیتوانیوە خاڵە سەرەکییەکانی وانەکەی پوخت و کورت بکاتەوە کە بۆ قوتابی کارێکی زۆر گرنگ و بایەخدارەو بۆ مامۆستاکەش بەڵگەی سەرکەوتنیەتی. جگەلەوە لە کۆتایی وانەکەدا و پەلەپەلکردنی مامۆستا بۆ کۆکردنەوەی کتێب و کەلوپەلەکانی، لەوانەیە وەک شلەژاوێک دەرکەوێت و لای قوتابییەکانی دیمەنێکی پێکەنیناوی هەبێت. ئەمە پێگەی مامۆستا لای قوتابییەکان کەمەکێک لاواز دەکات، کاتێک ئامۆژگارییان دەکات ئاگاداری کاتەکانیان بن و لە ساتەوەختی خۆیدا ئەرکەکانیان تەواو بکەن، کەچی خۆی خراپترین نموونەیە بۆ ئەو ئامۆژگارییە.

2-مامۆستا دەبێت بە باشی خۆی ئامادەکردبێت، یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی مامۆستای خاوەن پەیام، ئەوەیە پێشوەختە بە شێوەیەکی باش وانەکەی ئامادەکردبێت و پلانی بۆ دانابێت. کە هاتە ناو پۆلەوە، بزانێت چۆن دەستپێدەکات و بە چ شێوازێک وانەکە دەڵێتەوەو لە کوێدا کۆتایی پێدێنێت. دڵنیابێت لەوەی هەمو ئامرازە بینراو و بیستراو هۆکارەکانی فێرکردن کە لە وانەکەدا بەکاریاندەهێنێت، بە تەواوی ئامادەکراون و ئیشدەکەن و کەموکوڕییان نییە. دڵنیابێت لەوەی بۆ نموونە ماجیک و کاغەزو کەتیرەو مقەست و هەمو ئەو پێداویستیانەی دیکە ئامادەکراون کە دەکرێت لەوانەکەدا بەکاریانبێنێت. گرنگە پێشوەختە پشکنینی بۆ کارەباو پلاکەکان و ئامێرە کارەباییەکان کردبێت و دڵنیابێت لە سەلامەتی و کارکردنیان. ئەم خۆئامادەکردنە وا دەکات قوتابییەکان زیاتر متمانەیان بە مامۆستاکەیان و تاقیکردنەوەکانی وانەکە هەبێت. ئەو هەستە لە هزرو عەقڵی  قوتابییەکاندا جێگیر دەکات کە مامۆستاکەیان، کەسێکی جدییەو کەرەستەکانی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئامادەکردووە. لای مامۆستا یەکێک لە هەستە هەرە خۆش و گرنگەکان، ئەوەیە تاقیکردنەوەکانی لەبەردەم قوتابییەکانیدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت. بێگومان ئەمەش خۆئامادەکردنی پێشوەختی دەوێت.

3-بەشێوەیەکی باش دەنگی بەکاربێنێت، چونکە دەنگی مامۆستا ئامێرو ئامرازێکی سەرەکییە بۆ کۆمەنیکەیشنی نێوان خۆی و قوتابییەکانی. جگە لەوە ئامرازێکە بۆ فێرکردنی قوتابییەکان و یارمەتیدەریانە بۆ فێربوون. کەواتە پێویستە مامۆستا بەشێوەیەکی زۆر لێزانانە ئەم ئامرازە گرنگەی جەستەی، لە رووی ئاوازو دەربڕین و چۆنیەتی گوزارشتکردن و بەرزکردنەوەو نزمکردنەوەی تۆنی قسەکانی بەکاربێنێت. دەنگ یەکێکە لەو ئامرازانەی مامۆستا دەتوانێت سەرنجی قوتابییەکانی پێڕاکێشێت و جۆرێک لە چێژیان پێببەخشێت، ئەگەر هاتوو بتوانێت بە شێوەیەکی باش بیخاتەگەڕو ئیقاعی جیاواز جیاوازی پێدەرببڕێت، بە جۆرێک لای گوێچکەی قوتابی دەنگدانەوەو سەدایەکی خۆشی هەبێت. لەم لایەنەوە مامۆستا لە ئەکتەری شانۆ دەچێت. ئەکتەری شانۆ لەسەر سەحنەی نمایشکردنەکە، پێویستە دەنگی بە چەندین جۆر بگۆڕێت و پڕ بێت لە هەست و سۆز، گوزارشتبێت لەو رۆڵەی دەیبینێت. بە هەمان شێوەش مامۆستای خاوەن پەیام دبێت یاری بە دەنگی بکات و بە روون و ئاشکرایی دان بە پیتەکاندا بنێت و وشەو رستەکان بە جوانی گۆ بکات. هەموو وانەکە بە یەک ریتم نەڵێتەوە، بەڵکو ریتم و ئاوازی فرە جۆر بە دەنگی دروست بکات و هارمۆنیایەکی هاوسەنگ لەنێوانیاندا دروست بکات.

4-لەسەریەتی ئاگاداری ئەوەبێت چی لە پۆلەکەدا دەگوزەرێت، مامۆستای باش و خاوەن پەیام، ئەو قەناعەتە لای قوتابییەکانی دروست دەکات کە ئاگاداری هەموو جووڵەو پسکە پسکێکی ناو پۆلەکەیە. پشتی سەریشی دوو چاوی پێوەیەو هیچ رەفتارێکی نەشیاوی بەسەردا تێپەڕ نابێت. جارجارە بەنێو ریزەکانی پۆلەکەدا دێت و دەچێت، زمانی ئیشارەت و زمانی چاو و زمانی جەستە بەکاردەهێنێت. لە هەمو سوچ و گۆشەیەکی پۆلەکە دەڕوانێت و هیچ قوتابییەک لەو تەماشاکردن و ڕوانینەدا پشتگوێناخات، ڕوانینی بۆ پۆل و بۆ قوتابییەکان، ڕاونینێکی گشتگیرەو هەموو لایەک دەگرێتەوە. جووڵەی چاوی جووڵەیەکی بازنەیی سەرتاپاییە، هەمو پنتەکانی پۆلەکە دەگرێتەوە.

5-لەوە تێبگات کە لە پۆلدا ڕوودەدات، گرنگە مامۆستا لەو هۆکارانە تێبگات کە لە پشت رەفتاری قوتابییەکانەوەیە لە ناو پۆلدا. لەژێر رۆشنایی زانینی هۆکارەکان، دەتوانێت شێوازێکی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رەفتارەکەدا بەکاربێنێت. تا لە هۆکاری رەفتارەکە تێنەگەیت، ناتوانیت چارەسەری گونجاوی بۆ دەستنیشان بکەیت. ئەو تێگەشتنەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ خاوەنی رەفتارەکە بکەویتە قسەکردن و وتووێژێکی هێمن و بەرهەمدار، نەک قسەو وتووێژێکی پڕ هاوارو دەنگ بەرزکردنەوەو توڕەبوون. هاوارو دەنگبەرزکردنەوەو توڕەبوون، کێشەکە زیاتر قووڵدەکاتەوەو چارەسەری ناکات. هەمیشە قسەو وتووێژی نەرم و لەسەرخۆ، زووتر چارەسەری کێشەکان دەکات.

6-نابێت و ناکرێت گرنگی و بایەخدان و تەماشاکردنی مامۆستا، تەنها بۆ کۆمەڵێک قوتابی دیاریکراوبێت و ئەوانی دیکە لە دەرەوەی ئەو بایەخدان و گرنگی پێدانەبن. هەندێک لە مامۆستاکان وا راهاتوون گرنگییەکی زیاتر و کاتێکی زۆرتری وانەکە، بە چەند قوتابییەک یان گروپێک لە قوتابییەکان دەبەخشن، لەسەر حسابی کۆی قوتابییەکانی پۆلەکە. لێرەدا قوتابییە زیرەکەکان و ئاستبەرزەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت، وەک دەوترێت بەخت یاوەریانە، بەو پێودانگەی ئەوانە زیرەکن و مامۆستا دڵی بەوان خۆشە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێن مەرج نییە ئەو حاڵەتە هەمیشە بەو جۆرەبێت. چۆن؟ جاری وا هەیە مامۆستا قوتابییە زیرەکەکان و ئاستبەرزەکان پشتگوێدەخات، بەو پێودانگەی ئەوانە بۆ خۆیان زیرەکن و پێویستیان بە گوێپێدان و بایەخپێدان نییە و مامۆستا ئەو کاتەی لەواندا سەرفی دەکات، باشترە لە قوتابییە ئاست نزمەکاندا سەرفی بکات. وەلێ ئەگەر مامۆستا گوێپێدان و بایەخپێدانەکانی خۆی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەمو پۆلەکەدا دابەشنەکرد، ئەوا ئەو قوتابیانەی پشتگوێخراون، چ زیرەک یان ئاست نزم، خۆیان بە شتی لاوەکییەوە خەریک دەکەن. دوور نییە بۆ ئەوەی سەرنجی مامۆستاکەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، جۆرێک لە پشێوی و خشەخش و ورتە ورت دروست بکەن. بەمەش کەشوهەوای هێمنی پۆلەکە تێکدەچێت. ئا لێرەوەیە مامۆستای خاوەن پەیام لەسەریەتی هۆشیاری ئەوەی هەبێت کە گرنگی و بایەخدان و تەماشاکردنەکانی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەناو پۆلدا دابەشبکات و هیچ قوتابییەکی لێ بێبەش نەکات.

7-لەکاتی رودانی کێشەدا، بە باشی هەڵسوکەوت بکات. لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا، چەندین کێشەی جۆراوجۆر، چ لە ناو پۆل یان لە گۆڕەپانی قوتابخانە و ڕاڕەوی نێوان ژوورەکاندا ڕوودەدات، لەوانە بۆ نموونە: کەوتنی قوتابییەک و برینداربوونی، بەشەڕهاتنی دوو قوتابی لەگەڵ یەک، شکاندنی شوشەی پەنجەرەیەک، کەوتنەخوارەوەی ئینجانەیەکی گوڵ و بڵاوبوونەوەی خۆڵەکەی ناوی، تێکچون یان شکاندنی ئامێرێکی تاقیگە لەکاتی بەکارهێنانی لەلایەن قوتابییەکانەوە…هتد. لە هەمو ئەو ڕووداوانەدا، لەسەر مامۆستا پێویستە بە حیکمەت و هێمنی و لێزانینەوە ڕەفتار بکات، بێ نانەوەی هاتوهاوارو پەشێوی و دروستکردنی هەرایەکی گەورە و تێکدانی کەشوهەوای گشتی قوتابخانە. شکاندنی شوشەیەک یان ئینجانەیەک یاخود ئاوێنەیەک یا لایتێکی تاقیگە، کارێکی هێندە قورس نییە کۆی مەکتەبی لێئاگادار بکرێتەوەو زەندەقی قوتابییە ببرێت کە بەو شکاندنە هەستاوە. لەم حاڵەتانەدا باشترە مامۆستا لەگەڵ یەک یان دوو قوتابی، یان لەگەڵ کارگوزارەکانی قوتابخانە، بەهێمنی و لەسەرخۆیی، کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکان و پاکردنەوەی شوێنەکە ئەنجامدەدات.

8-قسەیەک مەکە ناتوانیت جێبەجێی بکەیت یان ناتەوێت جێبەجێی بکەیت. یەکێک لەو مەسەلانەی شکۆی مامۆستا لەبەرچاوی قوتابییەکانی، پێدێتە خوارەوە، ئەوەیە بەڵێنی شتێکیان پێبدات و جێبەجێ نەکات. هەرگیز بەڵێنی کارێکیان پێمەدە کە لە تواناتدا نییە ئەنجامی بدەیت. خۆ ئەگەر بەڵێنی شتێکت پێدان و دواتر، لەبەر هەر هۆیەک لە هۆیەکان، نەتتوانی ئەنجامیبدەیت، پێویستە زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوی بۆ هەموو قوتابییەکانی باسبکەیت لەبەرچی نەتتوانیوە بەڵێنەکە ببەیتەسەر، هۆکارو بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامنەدانی بەڵێنەکەیان بۆ ڕوونبکەرەوە، لە بری ئەوە بە شتێکی دیکە قەرەبویان بۆ بکەرەوە.

9-لە پۆلدا بەراوردی قوتابییەکان لەگەڵ یەکتر مەکە، یەکێک لەو هەڵە باوانەی زۆرجار مامۆستا تێیدەکەوێت، ئەوەیە ئاستی قوتابییەکی پۆلەکە، لەگەڵ ئاستی قوتابییەکی دیکەی پۆلەکە بەراورد دەکات و رایدەگەیەنێت یەکێکیان لەوی دیکەیان باشترو زیرەکترە. ئەمە وا دەکات قوتابییە ئاست نزمەکە، بێزارو بێتاقەت ببێت و ڕقی لە مامۆستاکە و وانەکەش ببێتەوە. جگە لەوە ئەوە هۆکارێکە بۆ ڕوودانی ناکۆکی لە نێوان قوتابییەکان و دابەشکردنیان بۆ زیرەک و تەمەڵ و بوون بەنەیاری یەکتر. بێگومان ئەم دابەشکارییە پەلدەهاوێت بۆ کێشەی دیکە و تێکدانی پەیوەندی نێوان قوتابییەکان و تێکدانی ئارامی و هێمنی پۆل. لێرەوە مامۆستای خاوەن پەیام، دوور دەکەوێتەوە لەو جۆرە بەراوردو دابەشکارییە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەستخۆشی و سوپاسی کارە باشەکانی هەندێک لە قوتابییەکان نەکرێت، ئاماژەدان بە کارێکی باشی قوتابییەک، پێچەوانەی بەراوردکارییە. لەوەی یەکەمدا هیچ کەمکردنەوەیەکی بۆ قوتابییەکانی دیکە تێدا نییە. بگرە هەموو قوتابییەک لەسەر کارە باشەکانی پێویستە دەستخۆشی و پشتگیری بکرێت، بۆ ئەوەی ببێت بە نموونە بۆ ئەوانی دیکە. بێ ئەوەی ئەو دەستخۆشی و پشتگیرییەی مامۆستا لەو قوتابییەی دەکات، بە حاڵەتی بەراوردکاریدا تێپەڕێت.

10-کارامەیی لەبەکارهێنانی پرسیاردا، پرسیاری باش ئامرازێکی گرنگە بەدەست مامۆستاوە، تا دڵنیابێت لە تێگەشتنی قوتابییەکان بۆ وانەکە. هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ورژاندنی بیرکردنەوەو خەیاڵی قوتابی و دەرخستنی بڕو و رادەی تێگەشتنیان لە وانەکە. مامۆستای باش و خاوەن پەیام، ئەو مامۆستایەیە بتوانێت ئەم ئامرازە گرنگەی پرسیارکردن، بە لێزانی و کارامەیی بەکاربێنێت و لە ساتەوەختی شەرحکردنی وانەکەدا، بە جوانی و ڕوونی پرسیارەکان داڕێژێت و ئاراستەیان بکات. ئاشکرایە پرسیار لە شێوازی داڕشتنی، ئاستی گرانی و سوکی، ناوەرۆک و ئەو مەبەستەی دەیەوێت بیهێنێتەدی، جیاوازو جۆراوجۆرە. لێرەوە پێویستە پرسیارەکانی مامۆستا فرە جۆرو ڕەنگاو رەنگبێت، هەمووی سوک نەبێت و هەمووی قورس نەبێت، ڕەچاوی جیاوازی تاکایەتی قوتابییەکان و ئاستی تێگەشتنیان بۆ بابەتەکە بکات. ئەم فرە جۆری و ڕەچاوکردنە، پێویستە هەم لە پرسیاری زارەکی و هەم لە پرسیارەکانی نووسینەکیدا ڕەنگبدەنەوە.

11-بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ قوتابیییەکان بکات، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی قوتابی تەنها بریتی نییە لە وەرەقەی تاقیکردنەوەکان و لەو نمرەیەی وەریدەگرێت. بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرەو لە رۆژی یەکەمەوە دەستپێدات و تا کۆتایی ساڵەکە دەخایەنێت. بریتییە لە کۆی ئەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارو چالاکی و غیابات و گرنگیدان بە دەفتەرو کتێب و نمرانەی لە ماوەی ساڵەکەدا قوتابی ئەنجامیداوەو بەدەستیهێناوە. جگە لەوە هەڵسەنگاندن پێویستە رەچاوی ئەم لایەنەش بکات: ئایا پەیوەندی ئەم قوتابییە، لەگەڵ قوتابییەکانی دیکەدا چۆن و بە چ شێوەیەکە؟ رێزگرتن و بەدەمەوەچوونی بۆ یارمەتیدانی هاوڕێکانی لە چ ئاستێکدایە؟ تا چەندە پەیوەندییەکی تەندروستی لەگەڵ قوتابییەکانی پۆلەکەو قوتابیانی پۆلەکانی دیکە هەیە؟ تا چەند رۆحی لێبوردەیی هەیەو لەکااتی ئەنجامدانی هەڵەیەکدا، داوای لێبوردن دەکات؟ ئەم لایەنە پەروەردەییە زۆر گرنگە لەکتی هەڵسەنگاندا رەچاوبکرێت. هەمو ئەوانە ئەوە بۆ مامۆستاکە رووندەکەنەوە کە قوتابییەکە تا چەند پێشکەوتووەو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، یان تاچەند پاشەکشەیکردووەو هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە. ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنە لایەنە بەهێزو لاوازەکانی قوتابی دەردەخات. لێرەوە مەسەلەی هەڵسەنگاندن هەم بۆ مامۆستاکە سودبەخشە و هەم بۆ قوتابییەکە. واتە سودێکی دوولایەنەی هەیە، یارمەتی هەردولا دەدات سود لە دەرئەنجامەکانی وەربگرن بۆ باشترکردنی ئاستی خوێندن و بڕیاردانی هاوسەنگ و دادپەوەرانە. مامۆستای خاوەن پەیام پێویستە هەموو جارێک قوتابییەکە لە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی ئاگادار بکاتەوەو دەستنیشانی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بۆ بکات. بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت مامۆستا وانەیەک تەرخان بکات بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی سەرجەم قوتابییەکان، تا لە ئایندەدا هەموو لایەک کارو چالاکییەکانیان باشتر بکەن.

12-کورتکردنەوەو پوختەکردنی وانەکە، یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی وانە وتنەوە، ئەوەیە مامۆستا لە کۆتایی وانەکەدا، رەچاوی کورتکردنەوەو پوختەی وانە بکات. ئەوە یارمەتی قوتابییەکان دەدات ئاگاداری خاڵ و ڕەگەزە سەرەکییەکانی وانەکە ببن و بیریان بکەوێتەوەو لە یادەوەریاندا جێگیری بکەن. لەبەر ئەمە مامۆستای باش و خاوەن پەیام پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو کاتەکانی وانەکەی دابەشبکات، لە کۆتایی وانەکەدا دەرفەتێک بۆ پوختەی وانەکە بهێڵێتەوەو نابێت ئەو کاتە لەکیس خۆیبدات. توێژینەوە زانستییەکان ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە  ئێمە راستەوخۆ لە دوای پرۆسەی فێربوونەوە، زۆرجار زانیارییەکانمان لەبەیردەچێتەوە، چونکە زانیارییەکان لە یادەوەری کورتمەودادا دەمێنێتەوەو ناگوێزرێتەوە بۆ یادەوەری دوورمەودا. بۆیە دووبارە باسکردنەوەی پوختەی وانەکە لە کۆتایی دەرسەکەدا، پاڵپشتییەکە بۆ گەیاندنی زانیارییەکان بۆ ناو یادەوەری دوورمەودا و جێگیرکردنیان لەوێداو ڕزگاربوونیان لە لەبیرچوونەوەی خێرا.

هاوشێوە