رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەی ستیرۆتیپی ئینسانی کورد

Facebook
Twitter
LinkedIn

دارا ئەنوەر زۆراب / کۆمەڵناس

دەکرێت بوترێت لەبابەتی ستیرۆتیپی دا کە پەیوەندیدارە بە ئینسانەوە، ئەوەی سۆسیۆلۆژیا لە فەلسەفە جیادەکەتەوە، ئەو دیدە فەلسەفییەیە کە بڕوای بەدروستکردنی بان مرۆڤ هەیە، ئەو دیدەی کە بڕوای وایە مرۆڤ لەسەرو خێڵ و نەتەوە و نیشتمان و ئایین و کەلتورەوەیە …هتد.، ئەوەی کەسۆسیۆلۆجیاش جەختی لەسەر دەکات، ستیرۆتیپی ئینسانی چۆن دروست دەبێت؟ کێشەی ستیرۆتیپی کۆمەڵگەکان چین؟
بێگومان سۆسیۆلۆژیا هێندەی مەبەستی شیکارییە بۆ بارودۆخەکان ، هیچ وجودێکی چارەسەرکاری نەبووە، بەدرێژای مێژوو، جگە لەوەی لەم دەیانەی کۆتا ، پێگەی خۆی لەناو وجودی چارەسەرکارییش دا پیشانداوە
بەڵام پرسیاری سۆسیۆلۆجیا ستیرۆتیپی چۆن دروست دەبێت ؟ کە ستیرۆتیپی بۆ خۆی هەموو بیرۆکە چەسپاو و نەگۆڕەکانە لە زهن و مێشک و عەقڵانیەتی تاک یان ئینساندا دروست دەبێت بەرامبەر بە ڕووداوەکان کە لە ژیان و کۆمەڵگەدایە، کە تیایدا ئینسان بە ئامادەکاری پێش وەختەی خۆی بێ تێگەیشتن بڕیار لەسەر هەموو شتەکان دەدات.
هەندێک جار کێشەی ستیرۆتیپی ئینسان لەو جۆرە باوەڕانەش دروست دەبێت کە لەمێشکی دایە، هەمیشە هەوڵدەدات هەموو شتەکان بکاتە چوارچێوەی بیرو باوەڕو ئایدۆلۆژییەکانی خۆیەوە، کە ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە کە ئینسان دەیەوێت هەموو شتەکان ببینێ و بیچەسپێنێ وەک ئەوەی لە زهنی خۆیدا گەڵاڵە بووە.
بۆیە هەمیشە سۆسیۆلۆجیا لەم پرسە کانتیکیتیەکدا پەنا دەباتەوە بۆ شیکاری پەروەردەیی ، وجودی پەروەردەیی لە دروستکردنی ئینسان و توانای عەقڵانیەتی ئینسانی. عەقڵانیەتی کراوەیی ئینسان کە لە تواناییدا بێت هارمۆنی و گونجاندن و لەیەکتر تێگەیشتن دروست بکات.
بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگە سۆسیۆلۆژییەوە سەیری ستیرۆتیپی ئینسانی کورد بکەین، کێشەگەلێکی گەورە هەیە، ڕەنگە لە وجودی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانە بەسانایی دەربکەون بەڵام لە وجودی ئینسانی دا کێشەگەلێکی سانا نین. بەتایبەت تێڕوانینمان بۆ یەکتر لەسەر ئاست و مەبنای گشتی تێڕوانین بێت بۆ جوگرافیا، بۆ شوێن، شار، خێڵ ، جۆری ئایین …هتد.
کێشە گەلی دۆخێکی ئاوا لە کۆمەڵگەدا ، لە شیکارە سۆسیۆلۆجیەکاندا وجودی ئینسانی دادەتەپێنێ ، یاخود کێشەی بۆ دروست دەکات، بۆیە لە دیدگا سۆسیۆلۆجیەکان ستیرۆتیپی ئینسانی دەبەسترێتەوە بە پەروەردەوە، کە ئەرکی پەروەردەیە توانای زهنی و عەقڵی کراوەیی لە تاکدا بەرهەم بهێنێت ، ئەمەش دەبێتەوە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەی تەندروست کەمانا جۆرج زیمیلیەکی لە تیۆری شێوەییدا ناوزەندی دەکات بە ئینسان وەک بەشە گەورەکەی کۆمەڵگە ، دروستی ئینسان دروستی کۆمەڵگەیە.
کەواتە لەم دیدگایەوە دەکرێت بڵێین کێشەی ستیرۆتیپی ئینسانی تەنها کێشەیەک نییە لە ڕێگەی پەروەردەوە چارەسەر بکرێت، بەڵکو خێزانیش وەک دامەزراوەیەکی گرنگ کاریگەری گەورەی هەیە لە چارەسەردا .
بەمەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی گۆڕانکاری لە ستیرۆتیپی ئینسانی گۆڕانە لە دروستکردن و بونیادێکی باشتر ، ئەگەر شتێک وجودی هەبێت بەناوی کێشەی ستیرۆتیپی ئینسانی .

هاوشێوە