رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یەکسانی و پەروەردە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی سێیەم

کریستین ڕۆس

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

ڕیفۆرمی پەروەردە و فێرکردن

تیۆرییە کۆمەڵناسییەکانی بۆردیۆ و پاسێرۆن بۆ هەمووان شتێکی [بۆ گوتن] هەبوو. بۆ خوێنەرە ڕۆشنبیرەکان، واتا ئەو مارکسیستانەی لە هەڵەکانیان هاتبوونە دەرەوە و لە حەقیقەت بە ئاگابوونەوە، ئەم تیۆرییانە چێژێکی ناکۆتایان دەبەخشی و پەردەی لەسەر قورمیشی فەنکشناڵیزم هەڵدەدایەوە و دەیگۆڕی بۆ لێکدانەوەی خەیاڵی بوونیاتگەری. بەڵام بۆ پەروەردەکارە پێشکەوتووەکان، ئەم تیۆرییانە ڕێگەچارەیەک بوون لە زنجیرە هەوڵێک لەپێناو ڕیفۆرم لە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی لە سیستمی قوتابخانە – و بەتایبەتی لەدوای گرتنەدەستی دەستەڵات لەلایەن فرانسوا میتران و سۆسیالیستەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨١. لەسەر ئاستی سیاسەتەکانی حکومەت لە کەرتی پەروەردەدا، کابینەکەی میتران بەهۆی ئەوەی دوو کەس بوون بە وەزیری پەروەردە: ئالان ساڤاری و ژان-پیێر شیڤێنمێنت، دوو جۆر ئایدۆلۆجیی هەبوو.

ساڤاری، کە لە ناخەوە بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ئایاری ٦٨ـی لە دڵدا بوو، بەدەستبەکاربوونی و بەرنامەڕێژی سۆسیالیستی، ئەرکی خۆی بە کەمکردنەوەی نایەکسانییەک دەزانی کە بۆردیۆ و پاسێرۆن قسەیان لەسەر کردبوو و هەربۆیە دەیویست زنجیرە ڕیفۆرمێک ئەنجام بدات. ئەگەر پەروەردەکار و مامۆستا وردەبۆرژواکان مەبەستی ئەوەیان هەبوو جیاوازی و ئیمتیازگەلێک بۆخۆیان دروست بکەن لەسەر بنەمای ئەو مەعریفەیەی کە هەیانبوو، ئەوا وەک ئارگومێنتەکەی بۆردیۆ و پاسێرۆن، ئەوان نائاگایانە دووبارە ئەو مۆدێلە کولتوورییەیان بەرهەمدەهێنایەوە و شەرعیەتیان دەدات بە ژێردەستیی ستەمی کۆمەڵایەتی، ئەو کاتە بەگوتەی ڕیفۆرمخوازانی وەزارەتی ساڤاری، ئەوا پێویستە کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی تازە دروست بکرێت: کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی پلەبەندیی لێکۆڵەر و مەعریفەکەیان بنیات بنرێت – هەڵوەشاندنەوەی جۆرێک لە ئاستی بەرز تا نزم [مامۆستاکان لە سەرەوەی سیستم و دەستەڵاتەوەن و خوێندکاران لە خوارەوەن] – ساڤاری خاوەنی ڕوانگەیەک بوو کە دژی ستەمی نایەکسانی بوو (ساڤاری سۆسیالیست بوو).

کاتێک شیڤێنمێنت، جێگری ساڤاری، (کە لە حکومەتەکەی میتران وەزیری بەرگری بوو) لە ساڵی ١٩٨٤ هاتە سەر دەستەڵات دەستبەرداری ڕیفۆرمی نیوەناچڵەکە بوو. لە کاتێکدا سەردەمی قەیرانی ئابووری هەموو جیهانی گرتبوویەوە، شیڤێنمێنت جەختی لەسەر دروشمی “نووخبەگەرای کۆماریخوازی” دەکردەوە. ئەو گەڕایەوە بۆ بنەمای ئینسایکلۆپیدیا، ڕاسۆنالیست و ڕۆشنگەریی ژولێ فێری و کۆماری سێیەمی فەڕەنسا.

لە بازنەی ڕۆشنبیریدا، ژان-کلۆد میلنەری زمانناس لە ساڵی ١٩٨٤ کتێبەکەی دەربارەی قوتابخانە بڵاوکردەوە. میلنەر تەواوی کێشە و خراپییەکانی سیستمی خوێندنی فەڕەنسای دەگەڕاندەوە بۆ “هاوپەیمانییەکی سێینە” کە بریتیبوون لە: وەزارەت، مامۆستاکان و سیستم. هەروەها ڕیفۆرمخوازەکان کە دەیانویست پێداگۆژی[=پەروەردە و فێرکردن] بەرەوپێشەوە ببەن – کە لە ڕوانگەی میلنەرەوە هیچ واتایەکی نەبوو جگە لە زانستی بۆشی فێرکردنی چۆنێتی وانەگوتنەوە. لە دیدی میلنەرەوە ڕیفۆرم لەدوای ڕیفۆرم، ڕیفۆرمێک کە ئامانجی تەنیا ئەوەیە لێکۆڵینەوەی زانستیانەی ڕاستەقینە بکات بە قوربانی لەپێناو ئەوەی “ژوورەکانی دەرس گەرموگوڕ بن”. یەکێک لە بانگهێشتە گاڵتەئامێزەکەی میلنەر ئەوە بوو کە مامۆستای باش پێویست ناکات منداڵی خۆش بوێت. دەبێت پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی بگۆڕدرێت و گەیاندنی مەعریفە بریتی نەبێت لە پەروەردەکردن educating بەڵکوو دەبێت بریتی بێت لە بنیاتنان instructing.

پراکتیزی نایەکسانی

ئەگەر ترادیسیۆنی فەلسەفی بەرهەمی جیاوازیی نێوان کاری دەستی و کاری فیکری بێت، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: چ مەرجەعیەتێک دەتوانێت ببێتە شاهێدی ئەم ترادیسیۆنە؟ ڕانسێر لەدوای بڵاوکردنەوەی کتێبی “وانەکانی ئاڵتووسێر” لە ساڵی ١٩٧٤ لە دوو لاوە خەریکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بنەما، بەردەوامی و هێرارشێتی بوو. لەڕاستیدا ڕەخنەی ڕانسێر لە تیۆرییەکانی بۆردیۆ و ئاڵتووسێر و میلنەر لە کایەی پەروەردەدا ئەوە پیشان دەدات کە لانیکەم ئەم تیۆریانە لە شتێکدا هاوبەشن: وانەیەک دەربارەی نایەکسانی. بە دەربڕینێکی دیکە سێ تیۆرییەکە کارەکەی خۆیان لەگەڵ نایەکسانی دەستپێدەکەن، دەیسەلمێنن و لەگەڵ سەلماندنیشیدا، لە کۆتاییدا دووبارە و دووبارە [ئەو نایەکسانییە] کەشف دەکەنەوە. چ ئەوەی قوتابخانە وەک بەرهەمهێنەرەوەی نایەکسانی تەماشا بکرێت (بۆردیۆ) یاخود وەک ئامرازی ماتەوزەیەک بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی (ساڤاری)، ئەنجامەکەی هەمان شتە: دروستکردن و پارێزگاریکردن لە مەودای نێوان ئارامیی داهاتوو و نایەکسانیی ئێستا و هەژارەکان لە شوێن و پێگەی خۆیان دەمێننەوە.

بەڵام ئەگەر لێکۆڵینەوەکە لەبری نایەکسانی، بە یەکسانی دەستپێبکەین چی دەبێت؟ چی مانایەکی دەبێت ئەگەر یەکسانی وەک گریمانەیەک وەربگرین لەبری ئەوەی وەک ئامانجێک سەیری بکەین؟ ئەمە ئەو وانەیەیە کە ژۆزێف ژاکۆتۆ بە ئێمەی دەبەخشێت – ‘ئێکسپێریانس‘ لە ڕوانگەی ڕۆشنگەرە فەڕەنسییەکانەوە هەم بە واتای “ئەزموون” دێت و هەم بە واتای “تاقیکردنەوە” دێت – وانەیەک کە ڕانسێر بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی ژۆزێف ژاکۆتۆ، واتایەکی سیاسی و فەلسەفیی پێدەبەخشێت.

ژیری و زیرەکیی هەموو مرۆڤەکان وەک یەکە. ئەمە پێشگریمانەیەکی سەیر (یاخود ساویلکانە)ـی ژاکۆتۆیە، وانەکەی سەبارەت بە ئازادیی هزری. و ژاکۆتۆ لەم خاڵەوە کە دەستپێدەکات [واتا ئەوەی هەمووان یەکسانن لە زیرەکیدا] (کە دۆزینەوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی لەژێر هەندێک هەلومەرجی تایبەتیی مەنفادا بوو)، ژاکۆتۆ دەگات بەو ئەنجامەی کە مەعریفە و زانین پێویستیی بە دەرسگوتنەوە نییە و بۆ فێربوونیش شیکردنەوە پێویست ناکات. ئەو دەنووسێت: “شیکردنەوە ئەفسانەی پێداگۆگیە“. شیکردنەوە نەتوانین لەناو نابات، بەڵکو لەڕاستیدا لەگەڵ شیکردنەوەدایە کە نەتوانین سەرهەڵدەدات. ئەویش بەڕێگەی دواخستنێکی کاتی بەشێک لەم کارە ئەنجام دەدات (“کەمێک دواتر”، “کەمێک زیاتر”، “بە چەند نموونەیەکی تر زیاتر لاتان ڕوون دەبێتەوە”)، ئەمەش بووە ئەفسانەی پێشکەوتنی تەواوی سەدەی نۆزدەهەم: ئەفسانەی پەروەردە لە ئەفسانەی تەواوی کۆمەڵگاوە سەریدەرهێناوە. ئەفسانەی پەروەردەکردن جیهان بەسەر دوو بەشدا دابەشدەکات: زانا و نەزان، گەورە و مناڵ، بەتوانا و بێتوانا. کاتێک دەگەین بە نیوەی دووەمی کتێبی “مامۆستای نەزان“، دواخستنی وەکیەکبوون Homology [واتا سڕینەوەی سنوورەکانی زانا و نەزان، گەورە و بچووک لە پەروەردەدا] پەیوەندیی بە چینی کرێکارانەوە هەیە، مناڵان و هەژاران لە سەردەمی گوتاری “پیاوانی پێشکەوتوو” و جموریخواز چواردەوری ژاکۆتۆیان تەنیبوویەوە.

ئەفسانەی پەروەردە هەوڵدەدات نایەکسانی لەڕێگەی چەند تێرمێکی خێراییەوە بنوێنێت: “هێواش“، “کەوتن، مانەوە“، “درەنگ کەوتن“. ئایا ئەم ئەفسانەی پەروەردەیە ئاستێکی جیهانیی وەرنەگرتووە؟ خوێندکار هەرگیز بە مامۆستا ناگاتەوە؛ هەرگیز نەتەوە تازە گەشەکردووەکان ناگەن بە نەتەوە ڕۆشنبیرەکان. تەنانەت ئەوەی ئێستا لە جیهانی سێیەم دەگوزەرێت پێی دەگوترێت “بەدیموکراسیکردن” و دامەزراندنی دامودەزگا و پێشکەوتن، هیچ نییە جگە لە نواندنەوەی ئەم نایەکسانییە [کە هەمیشە بیرت دەخەنەوە تۆ لە دواوەیت و هەرچەند هەوڵبدەیت ناتوانیت بگەیتەوە بەوانەی پێشکەوتوون].

یەکێک لە سەرسوڕهێنەرە نائاساییەکان سەبارەت بە شێوازی گیڕانەوەی کتێبی “مامۆستای نەزان” ئەوەیە کە خوێنەر ڕووبەڕووی جۆرێک لە گومان دەبێتەوە و ناتوانێت لەوە دڵنیا بێت لە کوێی کتێبەکەدا دەنگی ژاکۆتۆ دەبڕدرێت و دەنگی ڕانسێر دەستپێدەکات. ڕانسێر ئارام ئارام دەخزێتە ناو تێکستەکەی ژاکۆتۆوە و خۆی تێدا تل دەداتەوە. ڕانسێر لەم کتێبەدا دوو چالاکی پێشووتری جیاوازی بەرجەستە کردبوو – ئەرشیفسازی، کە پەیوەندیی بەڕابردووەوە هەبوو، هەروەها مشتومڕ کە پەیوەندیی بە تیۆری هاوچەرخەوە هەبوو – تێکەڵبوونی ئەم دوانەش وا دەکات کەمێک زەحمەت بێت کتێبەکە بەسەر ژانرێکدا پۆڵێن بکەن. ئایا پیاوە پێشکەوتووە کۆمریخوازەکانی سەدەی نۆزدەهەم، هەر هەمان سۆسیۆلۆژیست و کۆمەڵناسەکانی ئەمڕۆ نین؟ ئەگەر وایە ئایا ئەم کرێبە ڕەخنەیەکی تەنزئامێزە؟ ئایا تووڕەیی تەنزنووسێکە کە کەوتۆتە ناو واقیعی پۆستمۆدێرنیزمەوە و لەدەست پسپۆڕەکانی کۆمەڵگا پەنای بردۆتە بەر یۆتۆپیاکەی ژاکۆتۆ؟

مامۆستای نەزان وامان لێدەکات ڕووبەڕووی ئەو شتە بینەوە کە فەلسەفەکانی نیهیلیزم و نیو-لیبڕاڵیزم دەیانەوێت دوورمان بخەنەوە لێی: چەمکی بنەڕەتیی مۆدێرنێتیی سیاسیمان، بریتییە لە یەکسانی. ژاکۆتۆ قوتابخانەی نەبوو. وەک فەڕەنسییەکان دەڵێن Faire ecole، یەکسانی قوتابخانە دروست ناکات.

سەرچاوەکان:

Thesis11.com/Images/Pdf/6526/ArticleFile.pdf

‘Translator’s Introduction’ in Jacques Ranciere’s The Ignorant Schoolmaster: Five Lessons in Intellectual Emancipation, Published 1987, Fayard, Published in English 1991, Translated, with an Introduction, by Kristin Ross. Pp. vii – xxii

هاوشێوە