رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خێزان و فێرگە ڕۆڵیان لە پەروەردەی منداڵدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

چنار عەزیز

خێزان بە یەکەمین فێرگەی منداڵ دادەنرێت، کە تیایدا فێری ڕەوشت و هەڵسوکەوت و پەروەردەیەکی گونجاو دەبێت. لەو فێرگەیەدا، زانست و زانیاریی  وەردەگرێت و کەسایەتیی و متمانە بەخۆی تیادا بەرجەستە دەکات. واتا شانۆگەرییەکە تیایدا دایک و باوک کارەکتەری سەرەکین، منداڵان  بینەری ئەو شانۆگەرییەن. چی هەڵسوکەوت و بەسەرهات و پێشهاتێک لەو شانۆگەرییە ڕوو بدات لە کەسایەتی منداڵدا ڕەنگ دەداتەوە. کەواتە بەر لە پەروەردەکردنی منداڵ، پێویستە دایک و باوک خودی خۆیان پەروەردە بکەن، کەسایەتییەکی جوان لە خودی خۆیاندا دابمەزرێنن، تا بتوانن منداڵێکی خاوەن کەسایەتی و بە ئیرادە پەروەردە بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویسته ژینگەیەکی هێمن و لەبار فەراهەم بکەن، تا بتوانن پەروەردەیەکی شیاو پێشکەش بە منداڵەکانیان بکەن. ژینگەش تەنیا بریتی نییە لەو ژینگە جوگرافییەی کە تیایدا دەژین، بەڵکو تێکهەڵکێشێکە لە پەیوەندی نێوان دایک و باوک  و خوشک و برا، هەڵسوکەوتی هەموو ئەندامانی خێزان تەواوکەری یەکترین و هەر یەکەیان کاریگەری لەسەر یەکتری هەیە. منداڵیش بەشێکە لە ئەندامانی ئەو ناوەندە ژینگەییە، کە هەموو ئاکار و ڕەفتارێک لەو ناوەندە ژینگەییە وەردەگرێت. دایک و باوک چۆن هەڵسوکەوت بکەن، چۆن گفتوگۆ بکەن، تێڕوانینیان بۆ‌ ژیان ئەرێنی یان نەرێنی بێت، لە کەسایەتی منداڵدا ڕەنگ دەداتەوە. یەکەم ئەرکی خێزانیش دروستکردنی هەستی متمانە بەخۆبوونە لای منداڵ، چونکە متمانە بە خۆبوون کلیلی سەرکەوتنی منداڵە. متمانە بەخۆبوونێک بتوانێت کە پشت‌ بەخۆی ببەستێت و لەسەر پێکانی خۆی بوەستێت و لە کەسایەتیدا ڕەنگ بداتەوە، چونکە بیرمان بێت هەموو منداڵێک قۆناغێکی لەبەر دەمە، ئەویش قۆناغی چوونە فێرگەیە، قۆناغی تەمەنی شەش ساڵییە، قۆناغی شەش ساڵی دوورخستنەوەی منداڵە لە ژینگەی خێزان بۆ ژینگەی فێرگە.

کەواتە هەموو خێزانێک پێویستە منداڵەکانیان ئامادە بکەن بۆ چوونە فێرگە. ئەمەش پێویستە بەرە بەرە ئەو هۆگرییەی منداڵ بۆ دایک و باوک هەیەتی کەمی بکەنەوە و فێرگە و مامۆستا و هاوڕێکانی لا خۆشەویست بکەن، چەندین نموونەی سەرکەوتنی خوشک و براکانی لە لا خۆشەویست بکەن. چونکە هەموو منداڵێک کاتێک دەچێتە بەر خوێندن، ترسێک دایدەگرێت، چونکە ژینگەی فێرگە ستافی فێرگە لە لای نامۆیە، ترسی هەیە لە سەرنەکەوتنی لە پڕۆسەی خوێندندا. لەو قۆناغەی خوێندندا منداڵ بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ژینگەیەکی تر، بۆیە پێویستە ئامادەبکرێت، کەسایەتییەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو دروست بکەن. چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو نەرم و نیانیەی لە ماڵەوە بۆی ڕەخساوە لە دەرەوە بۆی ناڕەخسێت، ڕەنگە بەرکەوتنی لەگەڵ هاوڕێیەکی یان لەگەڵ یەکێک لە فێرخوازەکان بۆ دروست ببێت. بۆیە پێویستە فێر بکرێت پشت بەخۆی ببەستێت و بۆ هەموو کێشەیەک نەگەڕێتەوە بۆلای دایک و باوکی، چونکە کە وانەبێت ئەم حاڵەتە لەگەڵ تەمەنیدا گەورە دەبێت، ژینگەی دەرەوەش ژینگەیەکی دڵڕەقە و پڕە لە کۆکراوەی پەروەردەی چەندین خێزانی سەرکەوتوو و سەرنەکەوتوو. هەموو ئەو پەروەردە دەرەکییانە کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ دروست دەکات.

لەبەر‌ ئەوە پەروەردە کەسایەتی منداڵ دروست دەکات، کارکردنی دایک و باوک دەبێت ئامانجدار بێت بۆ خودی منداڵ نەک بۆ خێزان. ئەگە ر وانەبێت منداڵ وا هەست دەکات بۆ خودی خۆی ناژی، هەموو هەوڵەکانی بۆ خودی خێزانە، هەست بە کەسێتی خۆی ناکات، ناتوانێت لە هەوڵەکانی ئامانجی خۆی بپێکێت. ناگات بەو مەنزڵەی کە ئاواتیەتی. دروست کردنی هەستی بەرپرسیارێتی لە منداڵدا، بەڵگەیە لەسەر کەسێتی منداڵ. بۆیە دەبێت لە پەروەردەکردندا بیر لە کەسێتی منداڵ بکرێتەوە، کەسێتییەکی ئەرێنی تیایدا بنیات بنرێت. جیهانێکی بۆ بڕەخسێت تیایدا هەست بە ئارامی و دڵخۆشی  بکات، ژیان بە جوانی ببینێت و چێژی لێ ببینێت. هەموو دایک و باوکێک دەیانەوێت منداڵ بەو جۆرە پەروەردە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت هەبن. کەواتە پێویستە لەسەر ئەو خاڵە بوەستین، کاتێک دەیانەوێت منداڵێکی خاوەن هەڵوێست و پشت بەخۆ بەستوو دروست بکەن، پێویستە خودی خۆیان پەروەردە بکەن. گۆڕانکاری لەو پەروەردەیەدا ڕوو بدات. چونکە تێکەڵدەبن  بە جیهانی تەکنەلۆژیا، لە ئێستادا ژینگەیەکە منداڵ زیاتر پێی کاریگەرە بە بەراورد بە ژینگەی خێزان.

پەروەردە هاوکێشەیەکە لە نێوان دوو بەرەی مرۆڤدا، بەرەی دایک و باوک و بەرەی منداڵ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئایا ئەو پەروەردەیەی دایک و باوک ئاڕاستەی منداڵی دەکەن، داگیرکار و چەوسێنەرە یان لە پێناو ئازادی خودی منداڵە؟ ئەگەر داگیرکاری بێت، کەواتە لە پێناو خودی خێزانە و ئەبێت منداڵ هەمیشە ملکەچی خێزان بێت و ئازاد نەبێت لە قسەکردن و گفتوگۆکردندا. لێرەدا ئازادی بەرتەسک دەبێتەوە، ئەو منداڵە نامۆ دەبێت بە خودی خۆی، دەوروبەر، فێرگە، هاوڕێکانی، تەنیا وابەستەی خێزان دەبێت. هەست دەکات هەر کارێک بۆ بەرژەوەندی خێزانە، کەواتە لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێت. لێرەدا شتێک سەر هەڵدەدا، ئەویش ڕق و کینەیە لەجێی خۆشەویستی، وا هەست دەکات دایک و باوک خۆسەپێنن لە پەروەردە کردندا. کاتێک یەکسانی ڕەچاو نەکرا، بە هەر هۆیەک بێت، بە بیانوی بە قسە نەکردن یان لاساری منداڵ یان هەر هۆیەکی تر بێت، شتێک نامێنێت بە مانای خۆشەویستی، هەموو هاوکاریکردنێکی خێزان بەرتەسک دەبێتەوە، ڕێز گرتن و خۆشەویستی و یەکگرتووی خێزان و خۆشبەختی خێزان مانای نامێنێت. پەروەردە تاک گرێ دەدات بە خێزان و فێرگە و کۆمەڵگەوە، کەواتە ئەو پەروەردەیەی پێشکەشی منداڵ دەکرێت دەبێت ئەنجامی باشی هەبێت.

ئەوەش بە گۆڕانکاری پەردەی خێزان و فێرگە لە بەرژەوەندی منداڵ، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە نەکرێت، منداڵ ناتوانێت ببێت بە کەسێکی پێشکەوتوو خواز و متمانە بەخۆبوو. لەم دۆخەدا کلتوری بێدەنگی باڵ دەکێشێت بەسەر کەسایەتی منداڵدا و تەواوی ژیانی داگیر دەکات، بەردەوامبوونی ئەو کلتورەش واتا ڕازی بوونی منداڵ تا گەورە بوونی بەم دۆخە ژینگەییەی کە هەیە. ئەمەش وەک ئاغا و کۆیلە دەبێت، تەواوی پڕوسەی پەروەردەیی خێزان و فێرگە دەبێتە پەیوەندی ئاغا و کۆیلە.

هاوشێوە