رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

واتای بنەڕەتی فەلسەفە

Facebook
Twitter
LinkedIn

لیۆ شتراوس

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

واتای بنەڕەتی فەلسەفە چییە؟ لە بنەڕەتدا فەلسەفە بریتییە لە گەڕان بەدوای حەقیقەت و گەڕان بەدوای دەستپێکی هەموو شتەکان: لەم مانایەدا، فەلسەفە هاوشێوەی ئەفسانە myth دەردەکەوێت. بەڵام فەیلەسووف لە بنەڕەتەوە لەگەڵ دروستکەر و حیکایەتخوانی ئەفسانەکان جیاوازە. ئەوەی فەیلەسووف لە ئەفسانەناسەکان جیادەکاتەوە کەشفی سروشتە. یەکەمین فەیلەسووفەکان، دۆزەرەوە و کەشفکەر بوون. دەبوایە سروشت کەشف بکەن.  مرۆڤ بەبێ ئەوەی بزانێت شتێک بەناوی سروشت بوونی هەیە. سروشت کاتێک دۆزرایەوە کە گەڕان بەدوای سەرەتا و دەستپێکەکان، لەسەر دوو بنەمای جیاکردنەوە ئاڕاستە کرا:

ا) جیاوازیخستنە نێوان بیستن و بینین[ـی ئۆبێکتەکان] بە چاوی خۆت – دەبێت دەستپێکی هەموو شتەکان لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە مرۆڤ بتوانێت بە ڕۆژی ڕووناک هەموو کاتێک [ئۆبێکتەکان] ببینێت، شت/ اشیا‌‌ء خۆی مانیفێست دەکا و خۆی دەردەخات.

ب) جیاوازیخستنە نێوان ئەو شتانەی دروستکراوی دەستی مرۆڤن و ئەو شتانەی دروستکراوی دەستی مرۆڤ نین، ئەمەش ڕاستەوخۆ سەر بەرەو یەکەمین شتەکان دەکێشێت وەک لە کەلوپەلە سەناعی و دەستکردەکانی مرۆڤ. بەمجۆرەش ئەو شتانەی کە دروستکراوی دەستی مرۆڤ و دەستکرد نین بەرەو یەکەمین شتەکان ڕێنوێنیمان دەکەن.

لەدایکبوونی دروستکراوە دەستکردەکانی مرۆڤ بەهۆی کارئاسانی و دوور-ڕوانینەوەیە. سروشت کاتێک کەشف‌کرا کە درک بە ئەگەریات و ئیمکانی ئەوە کرا کە دەشێت یەکەمین شتەکان بووبێتنە هۆی بەرهەمهێنانی هەموو شتەکانی تر [و لەوەوە دەرچووبن و سەرچاوەیان گرتبێت]، ئەوەش نەک لەبەر دوور-ڕوانین بەڵکوو بەهۆی زەڕوورەتەوە. من دەڵێم، ئەگەری، چونکە بنەڕەتی شتەکان وەک دوور-ڕوانینی خودایی جیاناکەمەوە. بەڵام ئەمەش پێویستی بە دەرکەوتن هەیە. ئەم جۆرە تایبەتمەندییەی کەشفکردنی سروشت داوای دەرکەوتنێکی وردی هەبووەکانی بوونی ئیلاهی دەکات، دەرکەوتنێک کە لە شیکاری مانیفێستی دەرکەوتەکان  phenomena بۆ هەمووان دەستپێدەکات. هیچ دەرکەوتنێک ناتوانێت بابەتی دەرکەوتنەکەی خۆی گریمانە بکات، [لێرەوە] فەلسەفە لە بنەڕەتەوە بریتییە لە بێباوەڕیی Atheistic. جیاوازیی نێوان ئەفڵاتوون و ماتڕیالیستێکی وەک دیمۆکریتیس، ئەگەر وەک جیاوازیی نێوان ئەفڵاتوون و هەر ئەقیدەیەکی ئەزموونی ئایینی بەراورد بکرێت، ئەوا جیاوازیی نێوان ئەفڵاتوون و ماتڕیالیزمی دیمۆکریتیس کاڵ دەبێتەوە. هەوڵی ئەفڵاتوون و ئەریستۆ بۆ سەلماندنی بوونی خودا، تایبەتمەندییە ئایینیەکەی فێرکردنەکەیان [بوونی خودا] ناسەلمێنن، بەڵکوو ڕەتی دەکەنەوە.

زمانی ئەفڵاتوون و زۆرێک لە فەیلەسووفەکانی پێش-مۆدێرنpre-modern ، دۆخی شتەکان دەشارنەوە. پرەنسیپی ئەم جۆرە قسەکردنە تایبەتە هەرگیز بەشێوەیەکی گونجاو شی نەکراوەتەوە. کەواتە ڕێگەم بدەن چەند شتێک لەوە بارەیەوە بڵێم.

فەلسەفە، وەک گەڕان بەدوای بنەڕەتی ڕاستەقینەی هەموو شتەکان، هەوڵێکە بۆ جێگرتنەوەی زانست و مەعریفە سەبارەت بەم شتانە، وەک لە بیروبۆچوون. هەڵبەتە ئەم گەڕانە بەواتای بەدواداچوونێکی ڕەوا و شەرعی نایەت. نەک بەتەنها پێشداوەرییەکی گشتی دژ بە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە نهێنیی خوداکان بوونی هەبوو بەڵکوو بەهۆکارێک ئەم ڕوانگەیە دەلالەت لەوە دەکات کە گومان، نەک مەعریفە، خاسیەتی سەرەکیی ژیانی کۆمەڵایەتی یاخود سیاسییە. ئەگەر گومان خاسیەتی [سەرەکیی] ژیانی سیاسییە، فەلسەفە کە گومانەکانیش دەخاتەوە ژێر پرسیار، ئەم خاسیەتە سەرەکییەی ژیانی کۆمەڵایەتی دەسڕێتەوە: لە جەوهەردا فەلسەفە وێرانکەر و تێکدەرە (گەندەڵکردنی لاوان[1]). لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، ئەمە ملکەچبوونی فەلسەفە نییە، چونکە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا لە ژیانی سیاسی گرنگترە: کاری فەلسەفاندن بریتییە لە مەشقکردن لەسەر مردن[2]. لەگەڵ ئەوەشدا، فەیلەسووف جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داخوازییە شەرعییەکانی کۆمەڵگا و وەک هاووڵاتییەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی، چارەیەکی دیکەی نییە. ئەو [فەیلەسووف] لە ڕێگەی خۆدزینەوە لە وانەگوتنەوەی گشتی سەبارەت بەو شتەی ئەو بە حەقیقەتی دەزانێت، تا ئەو ڕادەیەی ئەو تاکە حەقیقەتە ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر کۆمەڵگە، [ئەرکی سەرشانی] ئەنجام دەدات.

ئەم ڕوانگەیە سەبارەت بە پەیوەندی فەلسەفە بە ژیان، کۆمەڵگە، وا دەخوازێت کە فەلسەفە بەشێوەیەکی جەوهەریانە تەنیا بۆ چەند کەسێکی دەگمەن بێت کە لەگەڵ سروشتی فەلسەفەدا گونجاو بن. جیاوازیی بنەڕەتی نێوان ژیرەکان و عەوام بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە کۆنسێپتی بنەڕەتیی فەلسەفەدایە. ئەو ئایدیایەی کە [دەڵێت] فەلسەفەش دەتوانێت ببێتە پێویستییەکی بنەڕەتیی ژیانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی لەناو تەواوی ئەندێشەی فەیلەسووفانی پێش-مۆدێرن نامۆ بوو. ئەفڵاتوون داوای ئەوە دەکات کە فەیلەسووفەکان ببن بە پاشا: ئەو داوای ئەوە ناکات کە پێویستە فەلسەفە فەرمانڕەوا بێت: لە شارە ئایدیاڵەکەی [کۆمار]ـدا تەنیا دوو بۆ سێ کەس سەروکاریان لەگەڵ فەلسەفەدا هەیە؛ زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بە درۆی شکۆمەندانە ڕێنوێنی دەکرێن. گەڕان بەدوای مەعریفەدا، پێویست دەکات لە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە بەڵگەی تەواومان لەبەردەستدا نییە، ئەوا پێویستە حوکمدانەکە هەڵپەسێردرێت. کەواتە هەڵپەساردن و دواخستنی ئەو حوکمانەی پێویستیان بە بڕیاردانی بەپەلە هەیە، مەحاڵە. پەیوەست بە بابەتەکانی ژیان و مەرگەوە نابێت حوکمدانەکە هەڵپەسێردرێت. سەرکەوتن یاخود شکستی کاری فەلسەفی، لە ئەگەریی هەڵپەساردنی حوکمدان، دەبێت بابەتی ژیان و مەرگ پێش هەموو بابەتەکانی تر بکەوێت. هەموو بابەتەکانی ژیان و مەرگ دەشێت لە پرسیاری “چۆن کەسێک بژیت”ـێکدا کورت بکرێتەوە. کاری فەلسەفی گریمانەی ئەوە دەکات کە پرسیاری چۆن ژیان لەپێش هەموو پرسەکانی ترەوە بێت. ئەم پرسیارە بە هۆکاری بەڵگەی پێش-فەلسەفیی هاتووە و ئەو گریمانەیە لەبەرچاو دەگرێت کە شێوەی دروستی ژیان، ئەو شتەی بەڕاستی پێویستە، بریتییە لە ژیانێک کە بۆ فەلسەفە تەرخان کراوە و نەک شتێکی دیکە. ئەم بەڵگە پێش-فەلسەفییە دواتر لەناو فەلسەفەدا، لەگەڵ شیکاری سروشتی مرۆڤدا سەلمێنرا. هەرچۆنێک بێت، لەوانەیە فەلسەفە، بەپێی واتا بنەڕەتییەکەی، تاکە شێوەی دروستی ژیان، بەختەوەری و دڵخۆشیی مرۆڤ بێت. لە ئەنجامدا، تەواوی کایە  و بەدواداچوونەکانی دیکەی مرۆڤ، هەرچەندە بەشکۆ و گەورە بێت، لە ئەساسەوە ناکاریگەر و فۆڕمێکی [دیکەی] دڵتەنگیی مرۆڤە. ژیانی ئەخلاقی وەک ژیانی ئەخلاقی، ژیانی فەلسەفییانە نییە: بۆ فەیلەسووف ئەخلاقیات هیچ نییە جگە لە دۆخ و بەرهەمهێنانی کاری فەلسەفی و لەناو خۆشیدا بەهای نییە. فەلسەفە بەتەنیا بریتی نییە لە تێپەڕین لە کۆمەڵگا و لە ئایین، بەڵکوو تێپەڕینی ئەخلاقیشە. فەلسەفە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤ لە کۆتاییدا هیچ هەڵبژاردنێکی نییە تەنیا لەنێوان فەلسەفە و دڵتەنگییەکی وەهماویدا نەبێت: تەنیا لەڕێگەی فەلسەفەوەیە کە مرۆڤ، بەبێ لەدەستدانی مرۆڤایەتیی خۆی، توانای تەماشاکردنی ڕووخساری حەقیقەتی هەیە. بانگەشەی فەلسەفە لە بانگەشەی وەحی کەمتر ڕادیکاڵ نییە.

سەرکەوتن و شکستی فەلسەفە لە ئەگەریی هەڵپەساردنی حوکمداندا، دەربارەی بنەڕەتترین پرسیارەکانە. واتا فەلسەفە گومانکارە: لە واتای بنەڕەتیی چەمکی [سروشت]، واتا تەماشاکردنی شتەکان، بە هەندوەرگرتنی شتەکان. فەلسەفە سەروکاری لەگەڵ واقیعدایە بەهەموو ئاڵۆزییەکانییەوە. دەشێت ئاڵۆزییەکەی ببێتە سەرچاوەی ڕۆشنکەرەوەی بنەڕەتترین پرسیارەکان. بۆ فەیلەسووف تێگەیشتنی تەواوەتی لە کێشەیەک زۆر زۆر بەبەهادارتر و گرنگترە لە وەڵامی ڕووتی هەر پرسیارێک. ئەو شتەی لە دیدگای فەلسەفەوە گرنگیی هەیە، واتا لە پێگەی تیۆرییەوە، دەربڕینی ئاشکرای پرسیارە سەرەکییەکەیە؛ واتا ئەوەی لە فەلسەفەدا گرنگە، دەربڕینی ڕوون و ئاشکرای ئارگومێنتێکە کە دوو وەڵامی دژبەیەکی هەبێت وەک لە وەڵامدانەوەی خودی پرسیارەکان. فەلسەفە لە واتا بنەڕەتییەکەیدا بەرلەوەی یەقینی decisive هەبێت، جەدەلی و مشتومڕئامێزە disputative. مشتومڕ تەنیا بۆ ئەو کەسانەی دەرگیری بڕیاردان نەبوون ئیمکانی هەیە، ئەوانەی پەلەیان نییە، بۆ ئەوانەی جگە لە مشتومڕ هیچ شتێکیان بەلاوە زەڕوور و پێویست نییە. ئانارشیی سیستمەکان، سووکایەتیی فەیلەسووفە جیاوازەکان، بەهیچ جۆرێک لاوازیی فەلسەفە نییە.

کاتێک فەلسەفە دەڵێت تەنیا بەختەوەریی مومکین لەناو کاری فەلسەفیدایە، مەبەستیان ئەوە نییە کە دەتوانن لەڕێگەی فەلسەفەوە گەرەنتیی بەختەوەریی مرۆڤ دابین بکەن: چونکە دەزانن مرۆڤ ئاغای چارەنووسی خۆی نییە: خۆرەتاو لە شێوەی خۆراکدا، پەناگە، تەندروستی، ئازادی و هاوڕێیەتی – خۆرەتاوێک کە بەرهەمی فەلسەفە نییە، لە ئەنجامدا، کاری فەلسەفی لەپێناو بەختەوەریدا پێویستییە.


[1] لێرەدا شتراوس ئاماژە دەکات بۆ ئەو تۆمەتانەی سۆکراتی لەسەر دادگایی کرا. دەکرێت تۆمەتەکانی سەر سۆکرات لە دوو خاڵدا کورت بکەینەوە:

١- باوەڕنەبوونی بە خودایانی ئەسینا.

٢- گەندەڵکردنی لاوا.

لەم دواییانەدا فەیلەسووفی فەڕەنسی ئالان بادیۆ گەڕاوەتەوە بۆ تۆمەتی دووەم و وەک چەمکێک لە کاری فەلسەفیی خۆیدا بەکاری دەهێنێت. بادیۆ “گەندەڵکردنی لاوان” وەک ئەرکی ڕاستەقینەی فەلسەفە دەبینێت و پێی وایە ئەرکی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە لەمڕۆدا. هەڵبەت زۆر فەیلەسووفی دیکە دژ بەم ئایدیایانەن (بۆ نموونە سلاڤۆی ژیژەک)، کە پێیان وایە لەڕاستیدا خودی سیستەم هەمووان گەندەڵ دەکات و دەبێت بەپێچەوانەوەی ڕەوتی سیستەم خۆمان ڕێکبخەین. و.

[2] ئاماژەیە بۆ دیالۆگی “کریتۆن”ـی ئەفڵاتوون، کاتێک سۆکرات لەگەڵ کریتۆن گفتوگۆ دەکات و کاری فەلسەفی وەک مەشق و ڕاهێنانی ئینسان و ئامادەکردنی بۆ مەرگ پێناسە دەکات. و.

سەرچاوە:

Leo Strauss and The Theologico-Political Problems, and other essential texts, Heinrich Meier, Cambridge University Press, p145-148.

هاوشێوە