رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یەکسانی و پەروەردە – بۆردیۆ و کۆمەڵناسیی نوێ

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

کریستین ڕۆس

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

بۆردیۆ و کۆمەڵناسیی نوێ

مێژووی تاقانەی هەر نەتەوەیەک ڕۆڵێکی بەکۆمەڵی سەبارەت بە بابەتی پەروەردە و فێرکردنی ئەو نەتەوەیە هەیە. سەرەڕای ئەوەی وەرگێڕانی ئینگلیزیی کتێبەکەی ڕانسێر لە هەلومەرجێکی جیاوازدا چاپ کرا، ڕەنگە پێویست بکات وەک سەرەتایەک دەربارەی پێشخان و کۆنتێکستی کتێبە فەڕەنسییەکە لێکۆڵینەوەیەک بکەین، باکگراوەند و کۆنتێکستێک کە هێشتا بەشێوەیەکی کاریگەرانە شوێنپێی خۆی لە ڕاپەڕینی خوێندکارانی ئایاری ٦٨ و نائومێدی و شڵەژان و ئارەزووەکانی، کە تا دەیەیەک دواتر [لەناو ڕۆشنبیریی فەڕەنسیدا] بەجێهێشتبوو و کاریگەرییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؛ بەنزیکەیی شکستی تەواوی کۆمەڵی ڕۆشنبیرانی چەپی پاریسی، بووە هۆی “کۆتایی سیاسەت” لەناو سەرکەوتنی کۆمەڵناسیدا.

ڕەنگە کاردانەوەی چاوەڕواننەکراوی ڕاپەڕینی ئایاری ٦٨ بووبێت کە ڕێگەی خۆشکرد تا لە دەیەی ١٩٧٠ـدا چەندین جۆری سیسمۆلۆجی وزەیان وەرگرت و لە سەروو هەمووشیانەوە کایەیەکی تازە دەستی کرد بە بیرکردنەوە و تێڕامان لە خۆی، ئەویش کۆمەڵناسی بوو؛ ڕەخنەی دامودەزگا و ژێرخانی کۆمەڵگا، ڕەخنە لە هێزی دەسەڵاتی هەمەگیر. لە دوای شکستی سیاسیی بزووتنەوەی ٦٨، زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەئاگا هاتنەوە و لە [گرنگیی] لێکۆڵینەوەی دەسەڵات و هێز تێگەیشتن: گرنگیی بەدەستەوە گرتنی میدیا لەلایەن (فەیلەسووفە تازەکان[1])ـەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی خۆیان، کاریگەریی میشێل فوکۆ، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ڕەنگە کاریگەریی کۆمەڵناسیی پێیر بۆردیۆ بێت – ژمارەی زۆری کارەکانی ئەو، درەنگ وەرگیڕانی کارەکانی ئەو بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، بەهۆکاری ئایدۆلۆژی، لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٨٠ دەستی پێکرد. دەکرێت بگوترێت بۆردیۆ، ڕێک بەئەندازەی کۆمەڵەی (فەیلەسووفە تازەکان) هەم لە سەرکەوتن و هەم لە شکستی بزووتنەوەی ئایاری ٦٨ سوودمەند بوو: سەرکەوتنی بزووتنەوە وزە و ژێستی ڕەخنەیی بە کارەکانی ئەو بەخشی و ناکامیی بزووتنەوەش ڕاکێشانێکی بەلای کارەکانی ئەو دروستکرد.

بێگومان کارکردنی بۆردیۆ کاریگەرییەکی جددیی لەسەر دیبەیتی میتۆدۆلۆجیانەی نێوان کۆمەڵناسە پڕۆفیشناڵەکان دانا، بەڵام بەڕاستی کاریگەریی ئەو لەسەر مێژوونووسان، ئەنسرۆپۆلۆژیستەکان، مامۆستایانی زمانی فەڕەنسی، لایەنگرانی ڕیفۆرمی پەروەردە، مێژوونووسانی هونەر، مامۆستایانی دواناوەندیی گیتۆکان [=گەڕەکە هەژارنشین و کۆچبەرەکان] و ڕۆژنامەنووسە پڕخوێنەرەکان کاریگەرییەکی فراوان بوو. ڕانسێر و نووسەرەکانی دیکەی بڵاڤۆکی “شۆڕشە لۆجیکییەکان” لە پێشەکیی کتێبی “ئیمپڕاتۆری کۆمەڵناسی (١٩٨٤)”، کە بریتیبوو لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی کۆمەڵە وتارێک، سەرکەوتنی نائاسایی دوو تێمای سەرەکیی کارەکانی بۆردیۆ، واتا بەرهەمهێنانەوە و جیاوازی[2]، – دیاردەی دەرکەوتنی ئەم دوو تێمایە هەمووان بیریان لێدەکردەوە و قسەیان لەسەر دەکرد – ئەویش لەبەر هۆکارێکی سادە کە ئەم دوو تێمایە [لە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و کۆمەڵناسیانە] ئیشی دەکرد، وەک ئەوەی ئەم دوو تێمایە، واتا چەمکی بەرهەمهێنانەوە و جیاوازی، کامڵترین ئەندێشەی فەلسەفیی کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکرد، فەلسەفەیەک کە واتای تیۆرییانە و سیاسییانەی بیست ساڵی دوایینی ژیانی ئەو نووسەرانە بوو. بە دەربڕینێکی دیکە، بۆردیۆ گوتارێکی دروستکردبوو کە بەتەواوەتی لەگەڵ سەردەمەکەی دەگونجا، زەمانێک کە بە گوتەی ئیدیتۆرەکان[ـی ڕۆژنامەی “شۆڕشە لۆجیکییەکان“]: ‘مەیلێکی هەتیوانەی تاوانبارکردنی سیستم بە دڵنیاییەکی خەمبارانە [دەربارەی] ئەبەدیبوونی سیستم [واتا هەمیشە بەجۆرێک لە جۆشوخرۆشەوە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەم و هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە سیستەم ئەبەدییە]’.

پێش ئایاری ١٩٦٨ لە کەشوهەوای تیۆریی و سیاسیدا، شەڕی ئاڵتووسێری لەپێناو شۆڕشی زانستیانە دژ بە ئایدۆلۆژیا، بۆردیۆ و ژان-کلۆد پاسێرۆن کتێبی “میراتهەڵگران (١٩٦٤)”ـیان بڵاو کردەوە، شیکارییەکی زانکۆ و تاوانبارکردنی دامودەزگاکان، شیکارییەک ئەوەی پیشان دا کە زانکۆ بەشێوەیەکی تەواوەتی ستراکتووری نایەکسانیی کۆمەڵایەتی بەرهەمدەهێنێتەوە و لەو بەرهەمهێنانەوەیەشدا غەرق بووە. بەڵام بەباچوون و لەناوچوونی ئومێدەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە دوای ڕووداوەکانی ئایاری ٦٨، کاریگەریی کتێبەکەی زیادکرد و تیۆرییەکانی دواتری ئەویش، واتا هەردوو کتێبی “بەرهەمهێنانەوە (١٩٧٠)” و “جیاوازی (١٩٧٩)” زیاتر کاریگەریی تیۆریان دانا. کارە بوونیاتگەراییە بەدیقەتەکەی بۆردیۆ و ئاوازە مارکسیستیەکەی کارەکەی ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ شیکاری تەفسیریانەی دابەشبوونی چینی کۆمەڵایەتی، شیکارییەک کە بەتەواوەتی خۆی لە گریمانەی پراکتیکی مارکسیستانە یاخود هیوایەکی سادە بۆ گۆڕینی کۆمەڵایەتی بەدوورخستەوە. نووسەرانی “شۆڕشە لۆجیکییەکان” ئارگومێنتیان دەهێنایەوە کە کارەکانی بۆردیۆ بەسەر دوو ڕوانگە جیا دەکرێتەوە: بە تیۆریەکانی بۆردیۆ دەتوانین دەسەڵات تاوانبار بکەین، هەم وەهمی ئازادیی ناو دەسەڵات دروست بکەین.

ژاک ڕانسێر لە وتارێکی ڕەخنەگرانەدا کە خودی خۆی لە بەرگێکدا بڵاوی کردۆتەوە، هێرش دەکاتە سەر بۆردیۆ و کۆمەڵناسیی نوێ و بە کاریگەرترین شێوەی گوتاری زانی کە دەستەڵاتی لە بابەتی لێکۆڵینەوە سادە و نەزانانەکەی دوورکەوتۆتەوە: لە کایەی پەروەردەدا، مامۆستا سەربازەکانی زانکۆ، لە کتێبی “بەرهەمهێنانەوە“ـدا، کەسانێکن کە پێویستە شەرعیەت بە دەسەڵاتی سیستم بدەن؛ و خوێندکارانی چینی کرێکار کە لەناو سیستمی بۆرژوازیدا دوورخراونەتەوە بەڵام [بەبڕوای بۆردیۆ] لە دوورخرانەوەی خۆیان تێناگەن (و ناشتوانن تێبگەن). ڕانسێر بە شوێنهەڵگرتنی ڕێڕەوێک لە کتێبی “میراتهەڵگران (١٩٦٤) دەستپێدەکات و بە کتێبی “بەرهەمهێنانەوە (١٩٧٠) دەگات و پەردە لەسەر لۆجیکێک هەڵدەداتەوە کە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە پیشاندانی لەدەستچوونی دیموکراسی سوودمەندە و بەپیشاندانی ئەوەی کە دۆڕانی دیموکراسی حەتمییە خۆی بەرەو پێشەوە دەبات. بۆ نموونە، ڕانسێر دەنووسێت وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە گەنجانی چینی کرێکار تەقریبەن بەتەواوەتی لە سیستمی زانکۆدا دوورخراونەتەوە و کراونەتە دەرەوە، هەروەها ڕوونیشە کە ژێردەستیی کولتوورییان بەرئەنجامی ژێردەستیی ئابوورییانە. کۆمەڵناسان ئێمە دەخەنە بەردەم تەرازووی “زانست” کە سیستمی کارکردنی تەنیا بۆخۆی ڕوون و ئاشکرایە. لە ڕوانگەی ڕانسێرەوە “لەڕێگەی دوو لێدوان”ـەوە بازنەکەی خۆی تەواو دەکات [و جیاوازیی نێوان ڕوانگەی ئاڵتووسێر و بۆردیۆ سەبارەت بە سیستەمی پەروەردە پیشان دەدات].

١. گەنجانی چینی کرێکار لە زانکۆ دەرکراون چونکە ئەوان لە هۆکاری ڕاستەقینەی دەرکردنەکەیان ئاگادار نین (کتێبی میراتهەڵگران[ـی ئاڵتووسێر]).

٢. نەزانینیان بەرامبەر بە هۆکاری ڕاستەقینەی دەرکردنیان کاریگەرییەکی ستراکتوورییە کە بەرهەمی بوونی ئەو سیستمەیە و خودی خۆشیانی وەدەرناوە (کتێبی بەرهەمهێنانەوە[ـی بۆردیۆ]).

دەشێت ‘کاریگەریی بۆردیۆBordieu effect ‘ بەم جۆرە کورت بکرێتەوە: “ئەوان دەردەکرێن چونکە نازانن بۆچی دەرکراون؛ و ئەوان نازانن بۆچی دەرکراون چونکە دەرکراون.” یاخود بە دەربڕینێکی باشتر:

١. سیستم بوونی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە چونکە بە نەناسراوی دەمێنێتەوە.

٢. سیستەم، لەڕێگەی بەرهەمهێنانەوەی بوونی خۆی، جۆرێک لە هەڵە-ناسینەوە بەرهەمدەهێنێت.

کۆمەڵناسان بە پڕۆڤەکردن لەسەر تۆتۆلۆجی، خۆیان لە پێگەی “هەمیشە تاوانبارکردنی  سیستم” جێگیر کردووە، سیستمێک “کە بووەتە هۆی ئەوەی بۆ هەمیشە خۆی لە قوربانییەکانی بشارێتەوە”: کۆمەڵناس تەنیا ئەو شتەی کە ئێمە وەک مامۆستا (و خوێندکار و قوتابی) نەماندەبینی، سەیری دەکرد، بەڵکوو لەو ڕووەوە تەماشای دەکرد کە مامۆستا و خوێندکار نەیاندەتوانی بیبینن [واتا ئەو بینینی هۆکارە ڕاستەقینەکان]: ڕانسێر دەپرسێت: ئایا لۆجیکی کۆمەڵناسیی نوێ ئەوەی پیشان نەداوە کە دەغدەغەکەی هیچ نییە جگە لەوەی قەڵەمڕەوی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و لەڕێی بە ئۆبێکتکردنی ئەویترەوە[3] شەرعیەت بە تایبەتمەندیی زانستیانەی خۆی بەدەست بهێنێت؟


[1] New Philosophers فەیلەسووفە تازەکان: نەوەیەک لە فەیلەسوودانی فەڕەنسی بوون کە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠، دوای ئایاری ٦٨، لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم دابڕان و دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە ئایدۆلۆژی و سیاسەتی چەپ و ئایداکانی شۆڕش. ئەکرێت ناوی ئەم فەیلەسووفانە وەک بەشێک لە فەیلەسووفە تازەکان بهێندرێت: بێرنارد هێنری-لوی، ئەندرێ گلوکسمان، ژان-پۆل دولە، ژان-ماری بۆنوا، گی لێردو و کریستین ژامبە. لەو سەردەمەدا میشێل فوکۆ و ڕۆڵان بارت بەرگرییان لەم فەیلەسووفانە دەکرد.

[2] Reproduction and Distinction

[3] Objectification of the other

هاوشێوە