ڕینەیت هۆڵوب
وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران
هەندێک گومان هەن کە پرس و بابەتی سەرەکیی گرامشین کە لە “نووسراوەکانی زیندان[1]” قسەی لەسەر کردبوون، ئەمانەش بریتین لە چەمکی ڕۆشنبیری و لێکۆڵینەوە لە ڕۆشنبیر وەک کاتیگۆرییەکی سۆسیۆلۆجی و تێڕامان لە کایەی ڕۆشنبیری وەک بەرهەمهێنی فەرهەنگی و ئایدیۆلۆجی. هەندێک بەڵگەی دیکە هەن کە ئەم بابەتە لە فیکری ڕۆشنبیری و ئابووریی گرامشیدا پێگەیەکی گرنگی هەیە. لانیکەم کاتێک خوێنەر نامەکانی گرامشی کە لە سەردەمی زینداندا نووسیونی دەخوێنێتەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی نزیکی: پیریۆ سرافا و تاتیانا شوشت، درک بەم بابەتە دەکات: سرافا هەمیشە دەیویست لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە پاڵپشتیی گرامشی بکات، بۆیە زۆر جار لەگەڵ گرامشیدا گفتوگۆی ڕۆشنبیرییان سەبارەت بە بابەتی ڕۆشنبیری ئەنجام دەدا. بەڵام بەهۆی ئەوەی نامەکانی گرامشی لە لایەن دەستەڵاتدارانی زیندانەوە سنووردار کرابوون و تەنیا دەیتوانی مانگانە چەند نامەیەک بۆ خێزانەکەی بنێرێت، سرافا نەیدەتوانی ڕاستەوخۆ بیروڕا لەگەڵ گرامشیدا بگۆڕێتەوە. بۆیە ستراتیژییەکی بەکارهێنا کە نامەکان لەڕێگەی تاتیانا شوشت، براژنی گرامشییەوە ئاڵوگۆڕ بکات، دروستکردنی بابەت و گفتوگۆیەکی لەم شێوەیەش هیوای بەخشی کە دۆخی گرامشی جێگیر بێت و ئیرادەی زیندوومانەوەی پێ ببەخشێت. وا دیاربوو ئەم ستراتیژییەش سەری گرتووە، بەڵام بۆ ماوەیەک.
ئەو نووسراو و تێبینیانەی گرامشی سەبارەت بە پرسی ڕۆشنبیر دەینووسی، زیاد لە ئەندازە بۆ فەلسەفەی پراکسیسیی گرامشی گرنگن. هەر بۆیە تیۆری گرامشی سەبارەت بە ڕۆشنبیر، بە قووڵی ڕەگی لەو شتەدا داکوتیووە کە ئێستا پێی دەڵێین پارادایمی “مۆدێرن”.
مۆدێلی “ڕۆشنبیری ئۆرگانی” و “ڕۆشنبیری نوێ”، “ڕۆشنبیری کلاسیک”
گرامشی لە کتێبی “نووسراوەکانی زیندان” سەرنج دەخاتە سەر کیشەی ڕۆشنبیری، لەلایەکی دیکەشەوە لێکۆڵینەوەیەکە لە مێژووی ڕۆشنبیریی ئیتاڵی. لەلایەکی دیکەشەوە بەر کۆمەڵێک چەمکی دیکەی گرامشی دەکەوین وەک چەمکی “esprit de corps” کە دەتوانین بە “ستراکتووری هەستوسۆز” یاخود بە “کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری کولتووری-ڕەخنەیی” وەریبگێڕین.
هەرچۆنێک بێت لێرەدا مەبەست لە شێوە و میتۆدێکی ئاڵۆزی “کۆمەڵگە ڕۆشنبیرییەکان” نییە کە لە درێژەی گۆڕانی دیموکراتیدا پەراوێز بخرێت. بەڵکوو گرامشی لێرەدا لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لە کێشەکە نزیک دەبێتەوە و بەرەنگاریی “کۆمەڵگە ڕۆشنبیرییەکان” و ڕۆشنبیریی مێژوویی و ڕۆشنبیرانی ئیتاڵیا لەئاست گۆڕینی دیموکراتیدا پیشان دەدات. سەرەڕای ئەوەش، دۆخی سەرهەڵدانی چینێکی تازە لە ڕۆشنبیران دەخاتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە. ئەم دوو پرسە گرنگن، واتا بەرەنگاری لەئاست گۆڕانکارییەکان و سەرهەڵدانی “ڕۆشنبیریی نوێ”، دەکرێت لەژێر ناوی “ڕۆشنبیری کلاسیک” و “ڕۆشنبیری ئۆرگانی” شی بکرێتەوە. ڕۆشنبیری کلاسیک لەئاست ڕەوتی ڕووداوەکان ڕادەوەستێ و بەرگریی سیاسی دەکات، چ لە کۆمەڵگەی فیوداڵیدا بێت، یاخود لەناو سیستمی بۆرژوازیدا. بەڵام ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، ڕەوتی ڕووداوەکان ڕێنوێنی دەکات (و بەرەو ئازادی و دیموکراسی یان سۆسیالیزمی دەبات).
لێکۆڵینەوەکانی گرامشی سەبارەت بە بەرەنگاریی ڕۆشنبیران و سەرهەڵدانی “ڕۆشنبیری نوێ”، کۆمەڵێک چەمک و میتۆد دێنێتە ئاراوە کە زۆربەی تێکستەکانی گرامشی پێناسە دەکەن. لە درێژەی ناوهێنانی ئەو چەمکانە دەکرێت بە ئاماژەکردن بە چەمکی “ستراکتووری هەستوسۆز”ـەکان و پەیوەندی ئەوان لەگەڵ ڕۆشنبیری کلاسیک و تەقلیدی دەست پێبکەین.
لەگەڵ ئەوەشدا گرامشی هەمان چەمک وەک ئەرکێکی نێوەندگیر چالاک دەکات لەناو دەزگای کۆمەڵگەی مەدەنیی سەرمایەداری، ئەمەش بەڕوونی لە وتارەکەی گرامشی بەناونیشانی “سەبارەت بە پرسی باشووری” بەدی دەکرێت. ڕۆشنبیران لەنێوان خاوەنکارەکان (ئەوانەی بەڕێوبەری دامودەزگای بەرهەمهێنانن) و کرێکاران (ئەوانەی هێزی کاریان دەفرۆشن) دەبنە نێوەندگر. ڕۆشنبیران لە پێگەی دەرمانسازان، پارێزەران، قەشەکان و دکتۆرەکان توێژەرانی زانستی، لێکۆڵەران، ئەندازیاران، سەرۆکەکانی سووپا، حاکمان و ئەندامانی ئاسایش خۆیان دەردەخەن. ئەوان فۆڕمەکانی مەعریفە بەرهەمناهێنن، بەڵکوو زانیارییەکان گلدەدەنەوە و بەپێی دیسپلینی دەسەڵات زانیارییەکان بڵاو دەکەنەوە و بە جەستە و زیهنەوە خزمەت بە دەسەڵاتەکان دەکەن. ئەم تایپە لە ڕۆشنبیران دەبنە کارگیڕی دامودەزگا کولتووری و کۆمەڵایتییەکان و لەنێوان دەسەڵاتداران (خاوەن و جڵەوکەری ئامرازی بەرهەمهێنان) و چەوساوەکان (ئەو گرووپانەی کە خزمەتی چینی دەسەڵات دەکەن) دەبنە نێوەندگیر. وەک چۆن ئاپاراتووسەکانی کۆمەڵگەی سیاسی لە کاتی پێویستدا خۆی دەجووڵێنێت بۆ ئەوەی پێگەکەی بپارێزێت، ئاپارەتووسە نوخبەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش “قایلبوونی خۆڕسک”ـی جەماوەری خەڵک دەسەپێنێت، بە ئاڕاستەیەکی گشتیی سەپاو بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر ئابووریدا گرتووە.
گرنگیی دامودەزگا مەدەنییەکان[2] لەوەدایە، کە بۆ خەڵک جێگای بڕوان. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستەڵاتی خاوەنداران دەپارێزن و هەژموونی ئەوان مسۆگەر دەکەن. جیاوازیی “ڕۆشنبیری کلاسیک” و “ڕۆشنبیری ئۆرگانیک” بەپێی جیاکارییە گرامشییەکە ئاڵۆزە، چونکە زیاتر ئەو دەیەوێت ڕۆڵ و ئەرکێک بۆ ڕۆشنبیر دیاری بکات. ئەو لە لێکۆڵینەوەکەی لەسەر مێژووی ڕۆشنبیریی ئیتاڵیا درکی بەوە کرد و دەنووسێت: “هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای ئەرکی بەرهەمهێنانی ئابووری دێتە بوون، بەشێوەیەکی ئۆرگانیکی چینێکی ڕۆشنبیر لەگەڵ خۆیدا دەخوڵقێنێت، تا ئەوەی هەژموون و ئاگایی ئەرکەکەی خۆی پێ ببەخشێت، ئەویش نەک تەنیا لە پێگەی ئابووریدا بەڵکوو لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا. تا پێکهاتەی چینایەتیی ئەو تۆکمە بکات و هەڵوێست و بنەماکانی دەستەڵاتی ئەو تیۆریزە بکات”. کەواتە، ڕۆشنبیری کلاسیکیش ڕۆشنبیرییەکی ئۆرگانیکییە، چونکە ئەویش بەشێوەی ئاگایی و نائاگایی، ڕوانگە و بۆچوونەکانی چینی دەسەڵاتدار بڵاودەکاتەوە. بەڵام گرامشی بە وریاییەوە جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە لە کاتێکدا ڕۆشنبیرانی کلاسیکی ئیتاڵی سەرەڕای ئەوەی لە ساتەوەختی مێژوویی سەرهەڵدانی خۆیاندا پەیوەندیی ئۆرگانیکیان هەبووە، بەڵام لەسەر بنەمای “ستراکتووری هەستوسۆز” پێکهاتوون. قەشەکان سەردەمێک ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی بوون، واتا ئایدۆلۆژیی فیوداڵی بەرهەمدەهێنا و بانگەشەی ئەو دەزگایەی دەکرد، بەڵام لە سەردەمی بۆرژوازیدا ئیتر هەوڵ و تێکۆشانی قەشەکان تەنیا بریتیبوو لە هەستێکی نۆستالۆژی و هیچی تر نەبوو. ئەم لۆجیکەش پەیوەندیی بەو ڕوانگەیەی ئەزموونی کولتووریی کۆمەڵەیەکی تایبەتەوە هەبوو و ئەوەش بەسترابووەوە بە ڕۆشنبیرانی کلاسیکی ئیتاڵی (فەیلەسووف، هوونەرمەند، شاعیر) کە زۆربەی کات لە جیهانی ئەریستۆ و ئەفڵاتوونەوە نزیک بوون وەک لە دۆخی سیاسیی سەردەمەکەی خۆیان. هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ڕۆشنبیرانی ئیتاڵی لەڕووی سیاسییەوە خۆیان بە نامۆ دەبینی. بەپێی ئەم لۆژیکە زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئیتاڵی، لەباری سیاسییەوە سەربەخۆ دەمێننەوە و تێکەڵ بە سیاسەت نابن. لە پاڵ ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکیی بۆرژوازیدا هێشتا چینی ڕۆشنبیرانی ئایینی و کلاسیک لەئارادایە کە لەسەر “ستراکتووری هەستوسۆز” ڕاوەستاوە. گرامشی دەنووسێت: “هەرجۆرە بەرهەمهێنانێک ڕۆشنبیران و گەشەکردنی خۆی بەرهەمدەهێنێت. گرامشی لە کتێبی “نووسراوەکانی زیندان”ـدا باسی جۆرێک ڕووناکبیر دەکات کە لە یەک کاتدا هەم ئۆرگانیکە و هەم کلاسیکیشە کە ئەویش بریتییە لە ڕووناکبیری کۆمەڵگەی بۆرژوازی. ڕۆشنبیرانێکی ئۆرگانیکە چونکە کارگێڕانی بۆرژوا، لەگەڵ خۆیاندا بەشێوەی ئۆرگانیک پێکیان هێناوە، کلاسیکیشە چونکە بانگەشەی دەزگای پڕ قەیران و دژبەیەکی بۆرژوازی دەکات. دەزگایەک کە ناکۆکییەکانی بەرەو نەمان دەبات. ئەم چینە ڕووناکبیرە کە بەشێوەی ئۆرگانیک لە جەرگەی پێکهاتنی بەرهەمهێنانی بۆرژوازیدا هەڵقوڵیوە: پیشەساز، پسپۆڕی ئابووریی سیاسی، پارێزەر و بەڕێوبەریش دەگرێتەوە. ئەمانە ڕوانگە و دیدگایەک پەرەپێدەدەن کە لەگەڵ شێوەی بەرهەمهێنانی بۆرژوازی تەباییەکی تەواوی هەیە و لەگەڵ ڕۆشنبیری کلاسیک، کە ستایشی سەردەمی کۆن دەکات، جیاوازییەکی گەورەی هەیە. لە ڕوانگەی گرامشیدا ڕۆشنبیری ئۆرگانیک بێجگە لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی کاڵاکان، ئاسۆی دووری دەزگا و ئاپارەتووسەکان ئاراستە دەکات.
میتۆد و ئەرکی “ڕۆشنبیری نوێ” تەنیا ئاڕاستەکردن و وتارخوێندنەوە نییە، کە بۆ ساتێک هەستوسۆزەکان دەخرۆشێنێت. بەڵکوو بەشداریکردنە لە پراکتیکدا و ڕێکخستنی بەردەوامیی بزووتنەوە مێژوویەکانە.
سەرچاوە:
Holub, Renate (1992), Antonio Gramsci: Beyond Marxism and Postmodernism, Routledge, p. 158-164.
[1] Prison notebooks
[2] N.G.O.