رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مۆدێرنیتە و قەیران

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی سێیەم

بابەک ئەحمەدی

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

مۆدێرنیتە و ئەقڵانییەت

ئایدۆلۆژیای مۆدێرنیزم بەدرێژایی سەدەکان هاوکات لەگەڵ بەمۆدێرنکردنی کۆمەڵگا ئەورووپییەکان دروست بووە. واتا هاوتەریب لەگەڵ گەیشتن بە دەستەڵاتی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەرامبەر دەوڵەتدا، گرنگیدان بە تاک، سەرهەڵدانی دەوڵەتە دیموکراتەکان و لەوەش گرنگتر هەموو ئەمانە دەبنە نیشانەی “سەرکەوتنی ئەقڵی مرۆیی”. و ئەقڵی مرۆڤ ببێتە کۆتا یاسا و هۆکاری پێشکەوتن، هەروەها سوودوەرگرتن لە سەلماندنی سەرکەوتنی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بەسەر کۆمەڵگا سوونەتییەکاندا. هەڵبەت دنیاییبوونی یاساکان پشتئەستوور بوو بەم تێگەیشتنە لە سەرکەوتنی ئەقڵی مرۆییی (فەلسەفی، یاسایی، هونەری و زانستی و… هتد) بەسەر یاسا سووننەتی و ئایینییەکاندا. ئەقڵی مرۆڤ، زانست و بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتیی بە گونجاو دادەنا، بە گوێرەی قسە بەناوبانگەکەی هیگڵ لە دەستپێکی کتێبی “فەلسەفەی ماف (١٨٢١)”ـدا: “هەرچییەک واقیعی بێت ئەقڵانییە و هەرچییەک ئەقڵانی بێت واقیعییە.” ئەم ئەقڵانیبوونی دۆخی کۆمەڵایەتییە بەناچاری ڕێگە بە پێگەیی بوونەوەی کۆمەڵایەتی و فۆڕمەکانی دەستەڵات و هەروەها جیاوازیی نێوان تاکەکان – بەپێی پۆلێنبەندیی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و بیروباوەڕەکان) دەدات.

نیچە ئەوەی دۆزییەوە کە بەئەقڵانیکردنی شتە نائەقڵانییەکان سەرلێشێواویی ئەقڵ دەهێنێتە ئاراوە. سەرئەنجامی ئەقڵانییەت هیچ نییە جگە لە ئایدۆلۆژیایەک پاساو بۆ دەسەڵاتی پیاوی خۆرئاوایی بەسەر: ژن، چینی هەژار، منداڵان، داگیرکراوان و کەمینەی ڕەگەزی و… هتد دەهێنێتەوە. ئەقڵانییەتێک کە چووە خزمەت بەدیهێنانی خواست و ئارەزووەکان و تا ئەوەی گەیشت بە بنەڕەتی “کۆمەڵگەی مەسرەفگەرا”. هەڵبەت سەرکەوتنی مۆدێرنیتە سەرکەوتنی ئەقڵی ئۆبێکتیڤە بەسەر ئەقڵی سوونەتیدا. بەجۆرێک کە ئیتر گەڕانەوە بۆ ئەو سیستمە کۆنە ئەستەم و مەحاڵە، بەڵام ڕەخنەگر دەپرسێت ئایا نەدەکرا بەجۆرێکی تر بە سەرکەوتن بگەین؟ یاخود ئەمەش بووەتە مەحاڵ؟ ئایا دەکرێت چەمکی “ڕزگاربوون” وەک ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتە کورت بکرێتەوە یاخود یەکێکە لە شێوەکانی ئەزموونکردنی مۆدێرنیتە؟ ئەم جۆرە باسانە بەر لە هەرشتێک دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەخنەگرتن لە ئەقڵانییەت. هەروەها گرنگترین پرسیار کە لێرەدا ئاڕاستە دەکرێت ئەمەیە: ئەم تێگەیشتنە گەردوونییە لە ئەقڵانییەت، مەبەست لە چ ئەقڵێکە؟ چ فۆڕمێکی تازەبوونەوە؟ چ فۆڕمێکی ژیان؟ لایەنگرانی مۆدێرنیتە وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: ئەقڵانییەتی خۆرئاوا. دەپرسین ئایا ئەمە جۆرێک لە پتەوکردنی ئایدیا ئەورووپا-سەنتەری نییە؟ بەڵام پێمان دەڵێن کە بەم جۆرە نییە. دەڵێن خۆتان بەوەوە سەرقاڵ مەکەن ڕەگوڕیشەی ئەقڵانییەتی مۆدێرنیتە لە کوێوە هاتووە و وای دابنێن کە خۆرئاوا قۆناغێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی (مێژووی هەموومان) و دەستکەوتەکانی خۆرئاوا دەستکەوتی هەموومانە. تەنانەت ئەگەر ئەم قسانەش قبووڵ بکەین دیسان دەبێت تیشک بخەینە سەر ئەو پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیانەی کە بەهۆی دژایەتی ئەقڵانیەت و لایەنی تایبەت (کولتوور، زمان و فۆڕمی ژیانی نەتەوەیی) سەریانهەڵداوە.

ماکس هۆرکهایمەر لە وتاری “کۆتایی ئەقڵ” لە ساڵی (١٩٢١)ـدا دەنووسێت لە ستایشکردنی ئەقڵدا ڕۆشنگەرەکان لەگەڵ باوکانی کەنیسەدا هاوڕا بوون. ئۆرجین دەیگوت ئێمە نابێت مرۆڤ لەگەڵ هیچ بوونەوەر و زیندەوەرێکی دیکە بەراورد بکەین لەبەرئەوەی ئەمە دەبێت بە سووکایەتیی ئەقڵ. هەروەها ڤۆڵتێریش پێی وابوو ئەقڵ خەڵاتێکی گەورەی خودایە بۆ مرۆڤ کە هەموو سیستم و کۆمەڵگەی مرۆیی لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە. لای کان ئەقڵ هۆکاری سەرکەوتنی هەموو مێژووی مرۆڤە. بەهۆی ئەم ئایدیای ئەقڵەوە بوو کە دواتر ئایدیای ئازادی و دادپەروەری و حەقیقەت سەریانهەڵدا. بڕواکردن بە ئەقڵی مرۆیی، مرۆڤێک کە چیتر کۆیلە نییە (کۆیلە بەو مانایەی کە هزری فەلسەفەی کۆن مرۆڤی وەک کۆیلەی خودا دەبینی)، بوو بە میراتی سەرەکیی ڕۆشنگەری بۆ فەلسەفەی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، هاوکات بەپێچەوانەی ئەوانەوە ڕۆمانتیکە ئەڵمانییەکان دژ بە ئەقڵ دەیاننووسی. ڕۆمانتیکەکان زۆر پێش نیچە ڕەخنەیان لە ئەقڵگەرایی ڕۆشنگەرەکان گرت. ئەوەی گرنگە لەم کێشمەکێشمەدا فەیلەسووفێکی هێنایە ئاراوە کە بڕوای بە “پاشا گەردانیی ئەقڵ” هەبوو. ویلهێلم فریدریش هیگڵ لە سەرەتای کتێبی “فینۆمینۆلۆجیی ڕوح”ـدا باسی دوو سەردەمی جیاوازی دەکرد، سەردەمی کۆن و سەردەمی مۆدێرن، هەڵبەت هیگڵیش وەک نووسەرانی فەڕەنسی و ئینگلیزی کاتێک باسیان لە سەردەمی مۆدێرن دەکرد مەبەستیان گەشەی کولتووریی ئەورووپا بوو لە سەردەمی ڕێنسانسەوە. ئەم مانایە بۆ هیگڵیش بەهەمان شێوە بوو بەتایبەتی کە ئەو هەمیشە ئاماژەی بە جیاوازیی بنەڕەتی ژیانی مۆدێرن و سەدەکانی ناوەڕاست دەکرد و باسی ڕوحی سەردەمەکەی دەکرد. بێگومان چەمکی ڕوحی سەردەمی Zeitgeist هیگڵ یەکێکە لە بەناوبانگترین چەمکە فەلسەفییەکانی مۆدێرنیتە. ڕوحی سەردەم واتا دەیەوێت سەدە (خۆی) بناسێت، هیگڵ پێی وابوو ڕوحی سەردەمی مۆدێرن دەیەوێت ئەقڵیەتی سوبێکتیڤە بناسێت.

تاکگەرایی مۆدێرنیتە

یەکێک لە بنەما گرنگەکانی مۆدێرنیتە تاکگەراییە. بنەمایەک کە لە سەردەمی ڕێنسانسەوە هەردەم لەسەر گرنگییە فەلسەفییەکەی گفتوگۆ کراوە و سەرئەنجام لە ئابووریی کلاسیکدا گرنگییە گەورەکەی دەرکەوت. هیگڵ ئەم گرنگییەی گەڕانەوە سەر چەمکی ڕوحی سوبێکتیڤە، بەڵام ڕۆمانتیکە ئەڵمانییەکان لەدژی ئەوە بوون و سەرئەنجام لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە تاکگەرایی بووە پرسێکی گرنگی فەلسەفی. ماکس ستاێرنەر و سۆرێن کیرکەگاد برگرییان لە تاکبوون دەکرد و کیرکەگارد بە ڕاشکاوییەکی سەرسووڕهێنەرەوە نووسیی تاک لە هەر شتێک زیاتر گرنگیی هەیە و ڕایگەیاند مرۆڤ لەبەر تاکبوونەکەی لەگەڵ زیندەوەرانی دیکە جیادەکرێتەوە و تاک بابەتی بنەڕەتی مەسیحیبوونە، چونکە مەسیح ڕووی لە گشت تاکێک کرد. هەربۆیە لای کیرکەگارد تاکە فۆڕمی ئیمان فۆڕمی تاکبوونە.

لێرەوەیە چەمکی سوبێکت لە ئەقڵ گرنگترە و بایەخی سوبێکتیش تەنیا لە ئازادیی هزر کورت ناکرێتەوە. بۆیە لە ململانێی تاکگەرایی و کۆگەراییدا لایەنێک لەسەر گرنگبوونی تاکگەرایی وەک چەمکێکی مۆدێرن داکۆکیی دەکرد و لایەنەکەی تر پێی وابوو کە تاکگەرایی و دوورکەوتنەوە لە ئیرادەی گشتی سەرچاوەی نامۆبوونە لە خود. ڕەخنەی کۆگەرایی لە تاکگەرایی بریتیبوو لەوەی کە بە دوورکەوتنەوە لە ئیرادەی گشتی ئەوان بنەڕەتێکی یاسای مۆدێرنیتە، واتا جیهانیبوون و گشتێتی، ڕەتدەکەنەوە. بەڵام لایەنگرانی تاکگەرایی باسیان لە ئامانجی سەرهەڵدانی مۆدێرنیزم دەکرد واتا هیومانیزمی ڕێنسانس. مارکس ستاێرنەر دەیگوت هەر فۆڕمێک ڕەگوڕێشەی کۆمەڵایەتیی نەبێت دەبێتە لەخۆنامۆبوون، تۆ وەک تاکێک خاوەنی ئەو شتەی کە هی خۆتە. هاوکات ئارسەر شۆپنهاوەر لە ڕوویەکی دیکەوە هێرشی دەکردە سەر تاکگەرایی و پێی وابوو مرۆڤ ناتوانێت لە دەرەوەی ئەوانی تر بژییەت و ناتوانێت خۆشبەختیی خۆی لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوی دیکەدا بەدەست بهێنێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا واتا ئەو قۆناغەی بە مۆدێرنیزم ناسراوە، هونەرمەندان ڕوویان کردە  تەنیایی و شەیدای تەنیایی بوون. ئەوان تەنیاییان وەک ئامانجێک باس دەکرد ئەمەش لە شاعیرێکی مەزنی سەدەی پێشووەوە فێربووبوون “بەهرەمەند تاکە کەسێکە، هەربۆیە تەنیایە.” نیچە لە دوایین نووسینەکانی خۆیدا ئەم وتەیەی چارلز بۆدلێری گێڕابۆوە. ژان-پۆل سارتەر سەبارەت بەو تەنیاییەی بۆدلێر باسی دەکات نووسویەتی کە بۆدلێر نەیتوانیووە بەرگەی ئەم تەنیاییە بگرێت بۆیە هەمیشە سەبارەت بە تەنیایی نووسیویەتی تاوەکو بتوانێت بەرگەی تەنیایی بگرێت.

ئێستا با تیشک بخەینە سەر لایەنێکی دیکەی تاکگەرایی. کۆمەڵگای پیشەسازی لە لایەکەوە بەرهەمهێنەری “دنیای بەرژەوەندییە ماددییەکان” بوو کە تێیدا بەرژەوەندیی شەخسی و مۆتیفی سەرەکیی ژیان دادەنرا و لەلایەکی دیکەوە بەرهەمهێنەری “دنیای ئارەزوو و خواستە شەخسییەکان” بوو. لەم خاڵەدا ئارەزووی سەرەکیی ژیانی تاک لە دەرەوەی هەڵبژاردن و توانای خۆیدا بوو بەڵام بیروباوەڕێکی لە تاکدا دروست دەکرد کە ئەو دەتوانێت جڵەوی هەموو شتێک بکات و بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لەڕاستیدا تراژیدیای ژیانی مرۆڤی مۆدێرن هەر ئەمەیە کە لە پڕۆسەی ژیاندا و ئارەزووی لەگەڵ ئەویتر بووندا دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە و تەنیابوونی. چونکە بۆ تێگەیشتن لە ئارەزوو و خواست و ئیرادەی خود دەبیت ئیرادە و خواستی تر قبووڵ بکەم و چاوپۆشی لە خواستەکانی خۆم بکەم. لە ژیانی مۆدێرندا کەس ناتوانێت بەتەواوەتی بە تاکبوون بمێنێتەوە، لەمەوە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەریدا تەنیایی دەبێتە خواستی سەرەکیی ژیان. پۆل ڕیکۆر لە وتارێکیدا سەبارەت بە کتێبی “چەند نووسینێک دەربارەی تاکگەرایی” لە نووسینی لوی دۆمۆن باس لە قەیرانی ناسنامە دەکات و دەتوانین لەو رێگەیەوە قەیرانی مۆدێرنیتە بناسین. لەڕوانگەی ڕیکۆرەوە چەمکی ناسنامە لە چەمکی تاکبوونەوە دەستپێدەکات. تاک لە یەکەم هەنگاوی دۆزینەوەی خۆیدا، کە هەنگاوێکی ئێپستمۆلۆژییە، خۆی وەک “کەسیك” لەناو “جۆر” جیادەکاتەوە. ئەمە جۆرێکە لە دابڕان و تاکبوون، بەڵام ئەم تاکبوونە لە کاتی پراکتیکدا واتا لە کاتی قسەکردندا مانای خۆی وەردەگرێت، کاتێک دەڵێین “بینیم کە…” جێناوی کەسی یەکەمی تاک (من) وەکو بەشێک لە جۆر دەرناکەوێت بەڵکوو تاکێک دەئافرێنێت و ئەمەش شێوەیەکە لە گەیشتن بە ناسنامە [لەڕێگەی زمانی ئاخاوتنەوە]. هەموو کەسێک لە ڕێگەی گوتنی “من” ناسنامە بەخۆی دەبەخشێت بەڵام ئەم ناسنامەیە لەگەڵ “ناسنامەی گێڕانەوە” کە بە خۆمی دەبەخشم جودایە. لەم قۆناغەدا من دەبم بە خودی خۆم، بەمجۆرە ناسنامە لە تاکی مرۆڤەوە دەبێت بە ناسنامەی گێڕانەوەیی. جوولەکەیەک، دەبێت بە مرۆڤێکی تاک و دواتر دەبێت بە ناسنامەی گێڕانەوە. لێرەدایە قەیرانی ناسنامە سەرهەڵدەدات. ئەم قەیرانەش کاتێک سەرهەڵدەدات کە ناسنامەیەک وەک گێرانەوە نەیەتە ئاراوە. هەر تاکێک خۆی لەسەر ئەو شتە دروست دەکات کە سەبارەت بە خودی خۆی دەیگێڕێتەوە (هەروەها گێڕانەوەی ئەوانیتر لەسەر خودی خۆی). بە گوتەی ویلهێلم شاپت تاک ناسنامەی نییە بەڵکوو ناسنامە خۆی لە گێڕانەوەدا دەدۆزێتەوە. شاپت باس لە دۆزینەوەی خود دەکات لەناو گێڕانەوەدا “من لە خودی خۆیدا بەتاڵە و لە کاتی گێڕانەوەدا خۆی دەدۆزێتەوە”. نهێنیی پشتی گرنگیی ئۆتۆبایۆگرافی نووسینی یادەوەریی شەخسی لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە جێناوی “من”.

سەرچاوە:

مدرنیتە و اندیشەی انتقادی، بابک احمدی، چاپ سوم، نشر مرکز، تهران.

هاوشێوە