رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەرگری لە کۆمەڵگە و کۆمەڵناسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

فەرزانە ئەمجەدی

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

پێناسە و ماهیەت و ڕۆڵی گشتیی زانستی کۆمەڵناسی، هەر لە سەرەتای دەستپێکی ئەم زانستەوە تاوەکو ئێستا پرسێکی مشتومڕئامێز و شایەنی لێکۆڵینەوە بووە؛ چ لەنێوان ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی گشتی لەدەرەوەی کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوون، چ لەنێوان ئەوانەی بەشێک بوون لەو زانستە و لەناو ڕووداوەکانی کۆمەڵناسیدا ئامادەگییان هەبووە. (خودئاگایی)ـی کۆمەڵناسی چ لەژێر ناوی ئەکادیمی و زانکۆیی و چ وەک ڕوانگەیەکی تایبەت لە پرسە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ڕۆژدا، چ لە پێگەی گفتوگۆی سەربەخۆ لەنێوان زانستە مرۆییە ئەزموونییەکانی دیکەدا، بەنزیکەیی هەمیشە و هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێکدا هەردەم سەختی و دژوارییەک لە ماهیەت و پێناسەی کۆمەڵناسیدا هەبووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

تیۆریی کلاسیکی کۆمەڵناسی و پێناسەی پێگەکەی

ئێمیل دورکهایم، وەک دامەزرێنەری زانکۆیی و ئەکادیمیی کۆمەڵناسی لە کتێبی میتۆدۆلۆجیی زانستی کۆمەڵایەتی ئامانجەکەی خۆی بە دروستکردنی زانستێک دەزانێت کە دەیەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەکانی کۆمەڵگەی ئەزموونی و واقیعی بکات و هەر لەم لایەنەوەیە کە زانستی کۆمەڵناسی لە فەلسەفە و ئێتیک و لایەنەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگا جیادەکاتەوە. بەبڕوای ئەو ئەم زانستە بەبێ تێگەیشتن لە داوەرییە فەرمییەکان و بانگهێشتی چاکە و خراپە، خەریکی لێکۆڵینەوە دەبێت لە نەزمی کۆمەڵایەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگایەکی دیکە. دۆرکهایم بڕوای وایە ئەگەرچی میتۆدی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵناسیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان دەشێت “بێلایەن” و “سەربەخۆ” بێت، بەڵام مەبەستەکەی بەهیچ جۆرێک دابڕاو نییە. خودی دۆرکهایم خۆی ئامانجی ئەوە بوو لێکۆڵینەوە لە ژیانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەدەستچوو بکات کە ئەو ئەم پەیوەندییەی بەسەر دوو جۆردا دابەشکردبوو و ناوی نابوو (پەیوەندیی میکانیکی) و (پەیوەندیی ئۆرگانی). لە دید و تێڕوانینی ئەوەوە (پەیوەندیی ئۆرگانی) جۆرێکی تازەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای دابەشبوونی کاری مۆدێرن و دروستکردنی ئاگاییەکی یەکپارچەی تاک لە پەیوەندی بە گرووپ و بەشێوەیەکی گشتیش ئاگایی تاک وابەستەی کۆی کۆمەڵگایە. هەروەها ئەم ئاگاییەی بەرامبەر بە پەیوەندیی ناونا (ئەخلاق) و لەم نێوەندەدا ئەرکی کۆمەڵناسیش بریتییە لە لێکۆڵینەوەی میتۆدیانە لەم میکانیزمە کە دەشێت کۆمەکی گەورەی کۆمەڵگا و باشترکردنی کۆمەڵگا بکات.

ماکس ڤێبەر لە لێکۆڵینەوەی میتۆدۆلۆجیانەی زانستی کۆمەڵناسی، ئەرکی ئەم زانستەی بە لێکۆڵینەوە لە تەفسیر و شیکاری (دەستبەرداربوون لە بەها)ی مێژوو و کۆمەڵگا و ئابووری دەزانی و خودی خۆیشی هەر دەستی بەم کارە کردبوو. بەبڕوای ڤێبەر کەسێک کە لە کایەی زانستی کۆمەڵایەتی کار دەکات دەتوانێت لە هەڵبژاردنی بابەتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکەیدا، بەشێوەیەک کار لەسەر بەها بکات و بابەتگەلێک دەربارەی ئەو پرسە بەشێوەیەکی زانستی هەڵبژێرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات؛ بەڵام بۆ بابەتی لێکۆڵینەوە دەبێت واز لە بەهاکان بهێندرێت و بە میتۆدی “زانستی” وەفادار بێت. زۆرێک گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە ماکس ڤێبەر بەم جۆرەڕوانینەی سەبارەت بە زانستی کۆمەڵناسی، خوازیاری ئەوە بوو کە بەشێوەیەکی گشتی “زانست” و بەشێوەیەکی تایبەتی “کۆمەڵناسی” لە کۆتوبەندی بەها و پێشمەرجەکان ڕزگار بکات. بەڵام زۆرێک لە پارادایمی کۆمەڵناسانی دوایینی ڤێبەری، پێیان وایە کە ماکس ڤێبەر نەک تەنها مەبەستێکی وای نەبووە، بەڵکوو ویستویەتی بەهاکان لە دەست زانست ڕزگار بکات. چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە زانستی مۆدێرن هاوتای شتێک بوو کە بریتیبوو لە (لەئەفسوون‌داماڵین)ـی جیهانی کۆمەڵگە. هەروەها لە دیدی ماکس ڤێبەرەوە پەیامە لۆجیکییەکانی ڕوانگەی زانستی لە پانتایی بەڕێوبەرایەتیی کۆمەڵگا و بیرۆکراسیەت لە ڕۆشنگەرییەوە هاتوون و دروستکردنی “قەفەزی ئاسنین”ـی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پسپۆڕانە. ئەو کە لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوەکانی ئێمانوێل کانت بوو، دەیگوت کە باری قوورسی واتای ژیانی مۆدێرن کەوتۆتە سەر شانی “تاک” و دەبێت بە “بەرپرسیارێتی ئەخلاقی”ـیانە و “ڕاستگۆیی فیکری”ـیانەوە بچێتە ململانێی ژیانەوە. واتا خۆتەرخانکردن بۆ ئەرکێکی پسپۆڕیی و شەخسی، بەبێ هیچ چاوەڕوانییەکی تایبەت و هەوڵدان، تەنیا بەو ئومێدەی کە نەوەکانی داهاتوو زیاتر لە ئێمە هەوڵبدەن و لێکۆڵینەوە لەو کایەیەدا بکەن و بەرەو پێشەوەی ببەن. کۆمەڵناسی لەم نێوەندەدا، هەمان ئەو پانتایی و مەیدانە بوو کە خودی ڤێبەر خۆی بۆ تەرخان کرد و لانیکەم بۆ خودی خۆی واتایەک بە ژیان بگەیەنێت. ئەو لە شوێنێکدا کە دواتر لەژێر ناونیشانی “زانست وەک پیشە” بڵاوکرایەوە پێشنیاری کردبوو کە ئەو کەسانەی توانای بەرگەگرتنی ڕووداوەکانی سەردەمی مۆدێرنیان نییە، وا باشە بەبێ دەنگی بگەڕێنەوە بۆ باوەشی کەنیسە.

کارڵ مارکس، بەهۆی دابڕان و بەرەوپێشەوەچوونی ئەو کایەیەی ڤێبەر و دۆرکهایم لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەسەر دەکرد، ناکرێت بە ئاسانی ئەو شتەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت “کۆمەڵناسی” کارڵ مارکسیش بخەینە ناوی. خودی ئەو گرنگترین کارە لێکۆڵینەوەکانی ناودەنا “ڕەخنەی ئابووریی سیاسی“. بەڵام لە کتێبی “هەژاریی فەلسەفە[1]“ـدا ڕوانگەکانی خۆی بەشێوەیەکی گشتی بە “زانستی کۆمەڵایەتی” وەسف کردووە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زۆر کاریگەر بووە بە کۆمەڵناسی ئەندێشەی کۆمەڵناسییانە.  هەروەک ئەو بەرهەمانەی کە لە تێگەیشتنی زەمینەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیبوو، دەکرێت بە بوێرییەکی زیاترەوە ئەو وەک کۆمەڵناسێک ناوبنرێت، نەک ئابووریناس یاخود هەر شتێکی دیکە.  لە ڕوانگەی ئەوەوە میتۆدی (ماتڕیاڵیزمی مێژوویی) تاکە میتۆدێکە کە لە پەیوەندی بە پراکسیسی مێژوویی-سیاسیی و کۆمەڵایەتی بتوانێت حەقیقەت ئاشکرا بکات. ئەم میتۆدە و (سۆسیالیزمی زانستی) هەر تیۆریی ململانێی کۆمەڵایەتیی (پڕۆلیتاریا)ـییە و کە بەهۆکاری پێگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی دەتوانێت کۆتایی بە(نامۆبوون)ـی مرۆڤ بهێنێت و ئازادی پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بەشێک لە بیرکردنەوەی مارکس وەک “کۆمەڵناسی” بخوێنینەوە، لە ڕوانگەی ئەوەوە هەمان زانستی ململانێی چینایەتیە کە دەبێت ڕۆڵێکی سیاسیی هەبێت و کاریگەریی لەسەر مێژوو هەبێت.

کۆمەڵناسیی مۆدێرن و پرسە دێرینەکە سەبارەت بە “پێگە”ـی کۆمەڵناسی

پرسی پەیام و پێگە لە زانستی کۆمەڵایەتیدا، تا دوایین نەوەی کۆمەڵناسانی بەناوبانگی جیهانی هێشتاش هەر بەردەوامە. هابرماس دەربارەی بابەتی “غیابی بەها“ـی ڤێبەر بڕوای وایە نەک بە تەنها شتێکی لەم جۆرە لە زانستی کۆمەڵایەتی مەحاڵە، بەڵکوو لە زانستی سروشتیشدا ئەم بابەتە نەرێنییە. بە دەربڕینێکی دیکە بێلایەنی یاخود بابەتیی موتڵەق تەنانەت لە قەڵەمڕەوی سروشتیشدا نامومکینە چونکە ئەم زانستە لە ئامانج و ئامرازی پەیوەندیی مرۆڤ سەرچاوەی گرتووە.

لە ڕوانگەی هابرماسەوە ئەوە پۆزەتیڤیستەکانن کە پەیوەندیی تەکنیکیی هەمەلایەن دەسەپێنن، چونکە ئەقڵانیەت بە پێوەری ئەقڵانیەت دەزانن و ئەقڵانیەتی پراکتیکی بە مەحاڵ دەزانن. لە لایەکی دیکەوە بە بڕوای ئەو زمان کە بریتییە لە پەیامی دەربڕینی زانستی، خودی خۆی دۆخێکی ئایدۆلۆژییانەی هەیە. زمان، میدیۆمێکە کە یارمەتیی لێکۆڵینەوەی حکومەت و دەسەڵات دەدات، هەربۆیە ناتوانێت بێلایەن و دوور لە بەهاکان بێت. لە کۆتاییدا هابرماس کاری تیۆریی ڕەخنەی لە کۆمەڵناسیدا لە کارکردن لە سێ کایەدا دەبینێت: زمان، دەسەڵات و کار. بەر لە هابرماس پیتەر بێرگەریش کۆمەڵناسیی بە کارکردن و ڕۆشنکردنەوە و پێناسەکردنی کارکردە شاراوەکان دەزانی.

پیێر بۆردیۆ، کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەڕەنسیش لەو کەسانە بوو کە دەربارەی بیرکردنەوە لەم بابەتانە بیری کردۆتەوە. پوختەی ئەم بیرکردنەوانەی لە کۆمەڵە گوتار و وانەیەکدا کە لە پەرتووکێکدا بەناونیشانی “وانە لەبارەی وانە” بڵاوکرداوەتەوە، دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە کە بۆردیۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێت:

“… ئەگەر کۆمەڵناسی بۆ ئەوە بوو کە ئامانجی خۆی بریتی بێت لە کەشفکردنی کایەکان، کە تاکەکان تێیدا خۆیان دەردەخەن و بەو هۆکارانە دەجووڵێن، واتا ببێتە هۆکاری ئەوەی کە وەک چۆن بووکەڵەکان بەبێ ئەوەی ئاگاداری یاساوڕێساکان بن ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن؛ ئەگەر کۆمەڵناسی ئەوەی لەبیربچێتەوە کە سەروکاری لەگەڵ مرۆڤەکان هەیە و ئەرکەکەی بریتییە لە کەشفکردنی واتای هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان، ئەوا بەهای ئەوەی نییە بۆ یەک کاتژمێریش کاتی پێ بەفیڕۆ بدەیت. لە ڕاستیدا ئێمە دەتوانین خۆمان بە نەقڵی تێکستێکی دیکارت قایل بکەین کە مارسیال گرۆ زۆرجار دووبارەی دەکردەوە: من بەهیچ شێوەیەک نامەوێت مرۆڤ بە خەیاڵی نادروست پەیوەست بێت، من پێمباشترە کەمتر دڵخۆش بم بەڵام زیاتر هۆشیار.

کۆمەڵناسی بە مانایەک لە ماناکان جۆرێک لە خود-نائومێدی بەرهەم دەهێنێت. واتا ئەو درۆیانە دەردەخات کە تاک بە خۆی دەڵێت، چونکە هەموو شتەکان، بە پیرۆزی و بەهاکانەوە کۆی بوونی کۆمەڵگا بڕیاری لەسەر دەدات.”

بەم پێیە دەتوانرێت بگوترێت کە بۆردیۆ بڕوای بە جۆرێک لە کارکردی ڕەخنەییانە و دەرخستن هەیە کە کۆمەڵناسی دەکات بە کایەیەک لەو بوارەدا ئیش دەکات.

گومانی کۆمەڵناسی

پرسی ئەرکی زانستی کۆمەڵناسی تەنیا بۆ کۆمەڵێک ڕووداوی ڕەخنەیی فیکری کورت نەبۆتەوە و هەندێک جار کۆمەڵێک ڕووداو و کەسانی کۆنزەرڤاتیف لە پاڵ کۆمەڵناسە ڕەخنەگرەکاندا بوونیان هەبووە و خاوەن تیۆری بوون. جددیترین ڕووخساری کۆنزەرڤاتیف لە کۆمەڵناسیی هاوچەرخدا، دەشێت کۆمەڵناسی ئەمریکی تالکوت پارسونێز و تیۆریی “کاردانەوە“ـەکەی بێت. پارسونێز ئامانجی خۆی و کۆمەڵناسی بە یارمەتی بەهێزکردنی کەسانی ناو کۆمەڵگا دەزانێت، بەشێوەیەک بۆ ئەو کۆمەڵناسی لە کولتووری کۆمەڵایەتیدا تەنیا بریتییە لە لێکۆڵینەوە. لە ڕوانگەی تیۆریی ڕەخنەیی کۆمەڵناسییەوە ئەو وەک یەکێک لە کۆنزەرڤاتیفەکان دادەنرێت. دواتر لە ناو ئەمریکادا سی. رایت میڵز[2] دژ بە قوتابخانەی پارسونێز یاخی بوو و هەوڵیدا کۆمەڵناسی لە ئەمریکادا بەرەو ئەو شتەی کە پێی دەگوت “ڕوانگەی کۆمەڵناسییانە[3]“، ئاڕاستە بکات. بەڵام مەرگیی ئەو لە تەمەنی چل ساڵیدا لەم ڕێگەیەدا ناکام مایەوە. کتێبەکەی “ڕوانگەی کۆمەڵناسییانە” گرنگترین بەرهەمی میڵز، پێشڕەوی کۆمەڵناسیی ڕەخنەگرانەی ئەمریکایە. کۆمەڵە وتاری ناو ئەم کتێبە دژ بە کۆمەڵناسیی ئەمریکایە کە زۆرینەشیان بریتیبوون لە پۆزەتیفیستەکان. میڵز بڕوای وابوو کە کۆمەڵگا و جەماوەر تەنیا پێویستیان بە زانیاری و ئامار و داتاکان نییە، چونکە زیهنیەتی خەڵک لە زانیاری و ئامارەکان بەهەڵە تێدەگات. بەبڕوای ئەو ئەوەی جەماوەری خەڵک پێویستی پێیەتی ڕوانگەی کۆمەڵناسییە کە بەیارمەتیی ئامار و زانیارییەکان بتوانێت بەڵگە بۆ خۆی بهێنێتەوە و پشتئەستوور بێت. کەسێک کە خاوەن ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییانەیە دەتوانێت درک بە کاریگەریی ڕووداوە مێژووییەکان لە ژیانی تایبەتی و چالاکییەکانی کۆمەڵگای خۆی و ئەوانی دیکە بکات. هەروەها زۆر بەباشی دەزانێت کە بۆچی تاکەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا ئاگاییەکی درۆینەیان لە پێگەی کۆمەڵگەی خۆیان هەیە.

مشتومڕ دەربارەی کۆمەڵگە و کۆمەڵناسی لە ئێران

مشتومڕ دەربارەی بابەتی ئەم وتارە، ساڵانێکە کە لە ئێران خراوەتە ڕوو و بەردەوامە، چ لەنێوان کۆمەڵناسان و چ لەنێوان ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی زانستی کۆمەڵایەتی چەندین جار ئەم زانست و پڕۆژەیەیان ڕەخنە کردووە. لەلایەکەوە بانگهێشتەکە لەم ساڵانەی دواییدا، کۆمەڵناسانی زانکۆکان بوون کە لەڕووی ڕەخنەیی ئەم زانستەوە بەرگرییان لە کۆمەڵناسی کردووە، کەسانێکی وەک: یوسف ئابزەری، پەروێز پیران، محەمەد ئەمین لەو کەسانە بوون کە توانییان بەرگری لە کۆمەڵگە و کۆمەڵناسی بکەن لە بەرامبەر سیاسەتە خراپەکانی دەوڵەت و بزووتنەوە کۆنزەرڤاتیفەکانی ناوخۆی و دەرەکی. لەبەرامبەردا، ئەو بیروباوەڕەی کە تەواوی هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە نەفیی بەها و بابەتەکانی کۆمەڵناسی بکات، ئەو بزووتنەوەیەن کە پان-ئێرانیستین و لە گۆڤاری میهرنامە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن.

یوسف ئابزەری، مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی تاران، بۆ یەکەم جار بەشێوەیەکی فەڕمی و لە دەرەوەی دانیشتنی گرووپی و ناو دەرسەکانی زانکۆ لە هۆڵی ئیبن خەلدوون زنجیرە دانیشتنێکی بەهۆی ئەزموونی هەشتا ساڵ زانستی کۆمەڵایەتی لە ئێران، سازکرد. ئەو دەربارەی سێ ئایدیا کە لەدوای شۆڕشەوە لە ئێراندا کۆمەڵگا و کۆمەڵناسی ڕەت دەکەنەوە قسەی کرد. لە ڕوانگەی ئەوەوە گوتاری دەروونشیکاری، گوتاری پان-ئێرانیستی و گوتاری بازاڕی ئازادی بنچینەییترین ئەو گوتارانەن کە دژ بە بابەتەکانی کۆمەڵناسین و لە بنەڕەتەوە لە گوماندان شتێک بەناوی کۆمەڵگا هەبێت. ئەو شتەی کۆمەڵناسەکان پێی دەڵێن (کۆمەڵگا) گومانی لێدەکەن و دەڵێن هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک پێکهاتەی مێژوویی تێکەڵ، کۆمەڵگا هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک تاکی لێکدابڕاو کە بەربەرەکانێی یەکتر و لە بنەڕەتەوە بەدوای خواستە تایبەتییەکانی خۆیانەوەن. گوتارە پان-ئێرانیستییەکان ئەوانەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرانی دێرین و لەو مێژووەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئێستا و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێرانی لەوێوە فۆڕم و شێوەی وەرگرتووە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی مۆدێرن بەگشتی بە (ئایدۆلۆژیی کۆمەڵناسانە) ناو دەبەن و ڕەتی دەکەنەوە. گوتاری دەروونناسیش زیاتر دەگەڕێننەوە بۆ شکست و هەوڵ و سەرکەوتنی تاکەکان. لەلایەکی دیکەشەوە گوتاری بازاڕی ئازادیش لە بنەڕەتەوە بریتییە لە ئازادکردنی کۆمەڵگا – لەڕاستیدا واتا زیاتر بەچینایەتی کردنی کۆمەڵگە بە یاساوڕێسای جەنگەڵ – و دژ بە هەر ئایدیایەکن کە ڕەخنە لە کاپیتاڵیزم دەگرێت.

کۆکردنەوە

ئەم فەزای فکرییە لە پەیوەندی بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی چینایەتی، لە دۆخی ڕەواجدانن بەو ئایدیایەی کە کۆمەڵگەیەک بوونی نییە تاوەکو پێویستیمان بە کۆمەڵناسی بێت. هەر بەوجۆرەی لە سەرەتای دەقەکەوە تا ئێستا و ڕووبەڕووی چەندین بابەت و ئایدیای جددیی خودناسی و خود-ئاگاییی کۆمەڵناسی بووینەوە، گەیشتین بەو ئەنجامەی کە ئەم زانستە جۆرێک لە مەیلێکی پەنهانی تێدایە بۆ چوونە ناو چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەندێکجار شۆڕش. ئەم مەیلەش لەناو کۆمەڵناسانی ئێراندا لەئارادایە و بەردەوامە. ئەگەر فەلسەفە بە زانستی فێربوونی چۆن بیربکەینەوە بزانین، ئەوا کۆمەڵناسی دەبێت بە زانستی چۆن بژین. ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ڕەخنەگرانە نەک بەتەنیا توانای ئەوەی هەیە کە (دەنگ ببەخشێتە دەنگ لێزەوتکراوان)، بەڵکوو دەتوانێت لە کایەی دەسەڵات و سیاسی و”مێژووی کۆمەڵایەتی” ببێتە دەنگی دەنگ لێزەوتکراوان.

مێژووی کۆمەڵایەتی بەپێچەوانەی مێژووی سیاسی و نیزامی کە مێژووی سەرکەوتووەکانە و لە سەرەوەی هەڕەمەکە زنجیرەی یەک لەدوای یەکی دەسەڵات دەنووسرێتەوە، کۆمەڵناسی مێژوو لە خوارەوە و لەگەڵ بێدەنگ و ژێردەستەکانی مێژوو دەنووسرێتەوە.


[1] کتێبی (هەژاریی فەلسەفە)ـی کارڵ مارکس وەڵامێکە بۆ کتێبی “فەلسەفەی هەژاریی”ـی پرۆدۆن.

[2] C. Wright Mills

[3] The Sociological Imagination

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە