رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یەکسانی و پەروەردە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

کریستین ڕۆس

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

[کتێبی ‘مامۆستای نەزان’ لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن فەیلەسووفی فەڕەنسی، ژاک ڕانسێر، بڵاوکراوەتەوە و کتێبەکەش سەبارەت بە ڕۆڵی مامۆستا و تاک (individual) و ئازادبوونی تاکە. ڕانسێر لەم کتێبەدا نموونەکانی ژۆزێف ژاکۆتۆ بەکاردەهێنێت، ژاکۆتۆ مامۆستایەک بوو کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا بەبێ ئەوەی زمانی هۆڵەندی بزانێت دەرسی دەگوتەوە و لەدوای مارکسەوە دەربارەی ڕۆڵی ئازادی قسەی دەکرد. کارەکانی ژاکۆتۆ زیاتر بە ئایدیاکانی ڕوسۆیستانە Rousseauist لە قەڵەم دەدرێت؛ ئەو ئایدیایەی کە دەڵێت مرۆڤ لە بنەڕەت و لە سروشتدا چاکە و دواتر کۆمەڵگا دەیشێوێنێت. ژاکۆتۆ دەگات بەو ئایدیایەی کە پێویستە سنوورەکانی نێوان منی زانا (وەک مامۆستا) و تۆی نەزان (وەک قوتابی) بسڕدرێتەوە، ئەو لە ئەزموونەکانی خۆی دەگات بەو ئەنجامەی کە دەتوانرێت شتێک کە من نایزانم، دەتوانم ئەوی دیکە فێر بکەم: چونکە هەموو مرۆڤەکان، بە مانا ڕوسۆییەکەی، بە زیرەکییەکی گەردوونییەوە لەدایک دەبن. هەرکاتێکیش درکمان بەمە کرد، ئەوا دەگەین بە ڕزگاریی هزری.

ئەو نووسینەی لێرەدا دێت لەلایەن وەرگێڕی ئینگلیزییەوە نووسراوە و هەوڵدەدات باکگراوەندی نووسینی کتێبەکەی ڕانسێر لەناو ڕۆشنبیری و سیاسی و فەلسەفی فەڕەنسادا بدۆزێتەوە و بتوانێت ڕیشەکانی ئایدیای نایەکسانی لە پەروەردە و فێرکردندا لەناو کایەی کۆمەڵناسی دەستنیشان بکات]

ژاک ڕانسێر لە کتێبی “مامۆستای نەزان” چیرۆکی ژۆزێف ژاکۆب دەگێڕێتەوە؛ مامۆستایەک کە لە سەردەمی گەڕانەوەی دەستەڵاتی فەڕەنسادا دەڕواتە مەنفا و لە ئەزموونی ئەوێیدا میتۆدێک پیشانی دایک و باوکانی نەخوێندەوار دەدات کە چۆن بتوانن خۆیان [سەرەڕای ئەوەی کە خوێندەوارییان نییە] بتوانن منداڵەکانیان فێری نووسین و خوێندنەوە بکەن. دەشێت ئەم چیرۆکەی ژۆزێف ژاکۆتۆ پەیوەندیی بە مشتومڕ و مێزگردەکانی دوای ئایاری ١٩٦٨ـەوە سەبارەت بە کەرتی پەروەردە لە فەڕەنسادا هەبێت، خودی کتێبەکەش کە لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاوبوویەوە بۆ زۆرێک لە خوێنەران نەناسراو و بوو [و تا ساڵانێکی زۆریش خوێنەرێکی وای نەبوو]. ئاخر چۆن دەبوو ئەزموونەکانی پیاوێک کە بە هەموو سەرکەشییەکانی پێداگۆگی و پەروەردەی لە شۆڕشی فەڕەنسیدا تێپەڕاندبوو و میتۆدە یۆتۆپیاییەکەی بۆ ماوەیەکی کەم – هەرچەندە سەرتاسەری و زۆر جددی – سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و دواتر بەخێرایی لەبیرچوویەوە و کتێبەکەی ڕانسێر هەوڵی دا ئەو میتۆدانە لە فەرامۆشی ڕزگار بکات – چۆن دەکرا ئەو ئەزموونانە[ـی ژۆزێف ژاکۆتۆ] دەربارەی “پەیوەندی”، ڕووبەڕووی کێشەی پەروەردەکردنی منداڵانی ئەو کۆچبەرانەی باکووری ئەفریقا ببێتەوە لە پاریس، یاخود ئەو ڕۆشنبیرانەی بەردەوامییان بە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دەدا لەناو سیستمی خوێندنی فەڕەنسیدا؟ کتێبەکەی ڕانسێر هیچ کام لە شکستەکانی سیستەمی خوێندن شی ناکاتەوە[1]؛ و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو هیچ کام لە مێزگرد و مشتومڕەکانەوە. بابەتی گفتوگۆی کتێبەکەی ڕانسێر کە بەشێوەیەکی درامایی لە نیوەی دووەمی کتێبەکەدا باس دەکرێت، پەیوەندیی بە سەردەمی مامۆستای نەزان، ژۆزێف ژاکۆتۆوە هەیە: کاریگەریی میتۆدە نائاساییەکەی ژاکۆتۆ؛ چارەنووسی لە دەستی کەسانی خاوەن بەرژەوەندی لەناو سیستم و دامەزراوەی کەرتی پەروەردە و خستنەژێرپێی میتۆدەکەی ژاکۆتۆ؛ لەناوچوونی بەهۆی سیاسەتەکانی پەروەردەی دەسەڵاتی جولای[2] لە ساڵانی ١٨٣٠ لەژێر ڕابەرایەتیی فرانسوا گیزۆ و ڤیکتۆر کوزین. ڕانسێر لە کتێبەکەیدا ناوی دوو لە زۆر جەماوەرترین دەنگی تیۆریی دوای ساڵی ١٩٦٨ سەبارەت بە پەروەردە، واتا پیێر بۆردیۆ و ژان-کلۆد میلنەر ناهێنێت و ئاماژەیان بۆ ناکات. سەرەڕای ئەوەی بابەتی کتێبەکە بەڕوونی سەبارەت بە پەروەردەیە. چەمکە کلیلییەکانی وەک “وانە” و “هزری“، “نەزان” و “مامۆستا” لە ناونیشانی کتێبەکەدا هاتوون [کە ناونیشانی کتێبەکە بەم جۆرەیە: مامۆستای نەزان: پێنج وانە سەبارەت بە ڕزگاریی هزری]، بەڵام بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێکخستنێکی پارادۆکسیانە لە ناونیشانەکەدا هەیە. هەروەها پرسی پەروەردەش لە فەڕەنسا و لە ساڵی ١٩٨٠ـەکاندا دووبارە خرابووەوە ژێر پێداچوونەوە و لێوردبوونەوە.

خوێنەرانی فەڕەنسا بە زەحمەت توانییان لە پێگەی کتێبەکەی ڕانسێر تێبگەن، هەروەک چۆن بەشێوەیەکی گشتی بە زەحمەت توانییان لەگەڵ چارەنووسی سەربەخۆ و نەناسراوی فیکریی ئەودا بەرەو پێشەوە بچن. چونکە ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٦٥ ڕانسێر لەگەڵ مامۆستاکەی، لوی ئاڵتووسێر کتێبی “خوێندنەوەی سەرمایە[ـی مارکسیان][3]” بڵاو کردبوویەوە، بەڵام ناوبانگی لەنێوان ڕەخنەی چەپگەراکاندا پەیوەندیی بە ئاڵتووسێرەوە هەبوو کە لە ساڵی ١٩٧٤ کتێبێکی بەناوی “وانەکانی ئاڵتووسێر“ـەوە بڵاوکردەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە هەمان ساڵدا ڕۆژنامەی “شۆڕشی لۆجیکی“ـی دامەزراند. ڕانسێر فەلسەفەی خوێندبوو، لە زانکۆی پاریس مامۆستای بەشی فەلسەفە بوو، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە ساڵی ١٩٧٤ خۆی بە ئەرشیفەکانی کرێکاریی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم  نووقم کرد و کتێبگەلێکی نووسی کە ناچنە هیچ خانە و پۆڵێنبەندییەکەوە – ئەو کتێبانەی دەنگی بە ئارتیزانان [ پیشەگەران و کرێکارانی تەکنیکی] دەبەخشی، بە خەیاڵ و ئەندێشەی بیرمەندە گومناوەکان، بە کرێکارانی شاعیر و ئەو فەیلەسووفانەی بە تاقی تەنیا سیستمی ڕزگاریخوازییان پێشکەش دەکرد، ئەویش لە فەزا/ زەمانێکی هاوشێوەی ساتەکانی کۆتایی شەو، واتا ئەو کاتەی کە جەدوەلی کارکردن دەرفەتی ئەوەی دەدان [بۆ ماوەیەکی کەم لە کار و کارگەکانەوە دوور بن]. دەبێت ئەم کتێبانە بە چی جۆرێک پۆلێن بکەین؟ ئایا لە پلەی یەکەمدا کتێبی مێژوویی بوون؟ فەلسەفەی مێژوو بوون؟ مێژووی فەلسەفە بوون؟ زۆرێک لە خوێنەران کتێبی “مامۆستای نەزان“ـیان وەک چەند فراگمێنتێکی چیرۆکی مێژووی لە قەڵەم دا، کتێبێکی توحفە و دەگمەن، شتێکی نامۆی ناو ئەرشیفەکان. لەڕاستیدا کایەی پەروەردە لەناو کتێبەکەی ڕانسێردا لەبەر ئەوەی لە چاوی خوێنەرانی هاوچەرخدا بە مەحاڵ دەبینرا، وەک جۆرێک لە خۆکوژیی پەروەردەیی مامۆستایان دەبینرا – بەتایبەت ئەو شتەی ژاکۆتۆ دەیگوت هەرکەس بەتەنیا و بەبێ پێویستیی هیچ ڕاهێنەر و مامۆستایەک دەتوانێت هەرچییەک کە بیەویت فێرببێت، زۆرێک لە پەروەردەکاران بە شۆکێکەوە کتێبەکەیان خوێندەوە. هەندێک لە ڕەخنەگران کتێبەکەیان لەسەر ئاست خوێندەوە، کە بە گومانی من، دەشێت یەکسەر بڵێین خوێنەرانی بەڕیتانی یاخود ئەمریکین ئەویش بەهۆی ئەو میراتەی لە پڕاگماتیزم و تاچەریزمدا هەیانە؛ وەک جۆرێک لە لێکۆڵینەوە، یاخود حیکایەتێک کتێبەکە بیبینن، کە هەوڵدەدات بە تێڕامانێکی فەلسەفییانەوە بڕوانێتە یەکسانی.


[1] جۆرنالیزمی فەڕەنسی لە دەیەی ١٩٨٠ چەندین جار دەبارەی (شکستی پەروەردە و قوتابخانە) قسەیان دەکرد؛  ئەوان ئەم شکستەیان بە پێوەری بەراوردکاری تەخەرووج و دەرچوونی قوتابیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەراورد دەکرد. (لە سەدای ٣٠ـی ساڵی ١٩٨٥) لە سەدی تەخەروج لە فەڕەنسا، (لە سەدای حەفتاوپێنج)ـی وڵاتی ژاپۆن و (لە سەدا ٨٥.٦)ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڕەنگە ئەم ئامارانە نیشانەی ماهیەتی تەخەرووجی نوخبەیەک بێت لەناو فەڕەنسادا.

[2] دەسەڵاتی جولای: لە شۆڕشی جولای ساڵی ١٨٣٠ـەوە تا کۆماری دووەمی فەڕەنسا لە ساڵی ١٨٤٨ حکومڕانیی کرد.

[3] Lire le capital

هاوشێوە