رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مۆدێرنیتە و قەیران – هزری ڕەخنەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

بابەک ئەحمەدی

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

هزری ڕەخنەیی

ڕەگوڕیشەی وشەی (کریتیک) کە لە سەرجەم زمانە ئەورووپییەکاندا بەواتای ڕەخنە دێت، دەگەڕێتەوە بۆ وشەی Kritesـی یۆنانی کە بەواتای جیاکردنەوە دێت هەندێکجار لە دادگاکاندا بەواتای حکومدان بەکاردەهێنرێت. وشەی کرایسس  Crisisـیش (واتا قەیران) هەر لەم چاوگەوە وەرگیراوە. هەردوو وشەکەش ئێستاکە لە زانستی فیزیادا لەبری یەکتر بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە لە یاسای سەرمۆداینەمیکدا کە باس لە دۆخێکی قەیران دەکەن و وشەی “کریتیک” بەکاردەهێنرێت. تەنانەت لە زانستی پزیشکیدا کاتێک نەخۆش دەکەوێتە قۆناغێکی هەستیارەوە لە نەخۆشییەکەی و جەستەی نەخۆش ناتوانێت بەرەو باشتربوون بڕوات و تووشی “قەیران” دەبێت. سەرەڕای ئەوەی وشەی “کریتیک” دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی دێرین بەڵام ئەو مانایە ئەمڕۆکە لە زمانە ئەورووپییەکان تەمەنێکی کورتیان هەیە، واتا ماناکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری. پێشتر وشەی کریتیک واتای تری هەبوو. لە زمانی لاتینیدا Criticus بەواتای دەستنیشانکردنی دەقی ڕەسەن بەکار دەهێنرا. لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم ڕەخنەگرانی سەربەخۆی دەقە ئەدەبی و هونەرییەکان لە ئەورووپادا سەریانهەڵدا، پیشتر هونەرمەندان و هەندێک کاتیش فەیلەسووفان ڕەخنەیان لە کارە هونەرییەکان دەگرت. لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە شێوەنووسینی ئەمانە لە پانتایی تیۆرییا بوو. ئەوانەی لە ڕێنسانسەوە تا سەدەی هەژدەهەم لەسەر ئێستاتیکا دەیاننووسی و ڕەخنەیان لەسەر بەرهەم و کاری هونەرمەندێک نەبوو، بەڵکوو بەر لە هەرشتێک کاری تیۆرییان دەکرد و لەسەر تیۆری ئەدەبی و داهێنانی ئەدەبی دەیاننووسی.

سەرەڕای ئەوەی کە پێش سەدەی هەژدەهەم ڕەخنە بەواتای دادوەریی بەکارنەدەهێنرا، بەڵام زۆر بیرمەند هەبوو خەریکی دادوەریکردنی سەردەم و قۆناغەکەی خۆیان بوون و هەڵسەنگاندنی هزرییان دەکرد. بۆ نموونە سۆکرات دادوەریی قۆناغ و سەردەمی خۆی بوو و بیکن بەئاشکرا خۆی بە “نوێنەری ئەقڵ” دادەنا. تەنانەت بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینیش بۆخۆی جۆرێک بوو لە دادوەریکردنی ڕەخنەگرانی ئایینی ڕەسمی. لەڕاستیدا ئەو ڕۆشنگەرانەی بەخۆیان دەگوت دادوەر هاوزمانی مۆدێرنیتە بوون و لە پانتایی دەستەڵاتی هزرەوە ڕەخنەیان لە فۆڕمی ژیان و بیروباوەڕ و ئایدیای سەردەمەکەی خۆیان دەگرت. ژان-ژاک ڕوسۆ باسی لە پێویستیی “ڕەخنەی هەموو شتێک” دەکرد و مرۆڤی سادە و دڵخۆشی “پێش مێژوو”ـی لەبەرامبەر مرۆڤی داماوی شارستانییەت دادەنا. بە بڕوای ڕۆشنگەران ئەقڵی ڕەخنەیی بریتیبوو لە هزری زانستیی و هەروەها ئەقڵی زانستییان بە دادوەریکەری تەواوی حەقیقەت دادەنا، چونکە حەقیقەت بۆ ئەوان شتێک بوو لە ڕێی ئەزموونەوە دەناسرێت بەڵام ئەقڵی ڕەخنەگرانە بەرئەنجامێکە لەبەرامبەر پێشهاتێکدا. واتا زاناکان باسی ئەو شتە دەکەن کە هەیە و ڕەخنەگر یاخود فەیلەسووف باسی ئەو شتە دەکەن کە دەبێت هەبێت. ئەقڵی ڕەخنەگرانە کە سنوورەکانی زانستی تێپەڕاند لەگەڵ ئەقڵی فەلسەفی بە یەکێک دادەنران. هەربۆیە ئێرنێست کاساسیر دەڵێت: سەدەی هەژدەهەم خواستوویەتی پێی بگوترێت سەدەی فەلسەفە و سەدەی ڕەخنە.

بەهۆی ئەم یەکبوونەی فەلسەفە و ڕەخنە، لە نامیلکەیەک کە دەڵێن هی دیدرۆیە بەناوی “فەیلەسووف” کە لە ساڵی ١٧٥٥ بڵاوکراوەتەوە نووسراوە: یاسادانەر بەدوای دادپەروەریی و حەقیقەتەوەیە،بەڵام فەیلەسووف لەنێوان ڕاست و ناڕاستدا جیاوازی دادەنێت و ڕەخنەکاری دەکات.” فەلسەفەی ڕۆشنگەری لە کایەی سیاسیدا گەیشت بە شۆڕشی فەڕەنسی، بەڵام لە کایەی هزریدا میراتەکەی گەیشتە شوێنێکی دیکە: ئەویش فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانییە. فەیلەسووفە ئایدیالیستە ئەڵمانییەکان بەیارمەتیی بیرمەندانی ڕۆشنگەری توانییان کەسایەتیی فەیلەسووف وەک ڕەخنەگر/ دادوەر بناسێنن. ئێمانوێل کانت لە کتێبی “هەڵسەنگاندنی ئەقڵی نایاب (١٧٨١)” کاری ڕەخنەگری بە هاوتای دادوەران لە دادگاکاندا دانا و تا ئەو ڕادەیەی کە سەردەمەکەی خۆی بە “سەردەمی ڕەخنگەری” دانا و لە پیشەکیی کتێبەکەدا نووسیی: سەردەمی ئێمە سەردەمی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتنە و هەمووشتێکیش دەبێت ملکەچی ئەمە بێت.” کانت لە وتاری “ڕۆشنگەری چییە؟” تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و گوتی کە نووسەرانی ڕۆشنگەر هەوڵیاندا بەشێوەی ڕەخنەگرانە سەردەمەکەی خۆیان بناسێنن. هەربۆیە ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنیتە دانابڕدرێت، دەتوانین ئەمەش لە کارەکانی کانتدا کە بە فەیلەسووفی مۆدێرنیتە ناسێندراوە بدۆزینەوە. مۆدێرنیتە بناغەکەی لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئایدیا و کولتووری سوونەتی دامەزراوە و هەمیشە پشتی بە دەربڕنی ڕەخنەگرانە بەستووە تا گەشە بکات. بێگومان حکومدانەکەی کانت بریتییە لە تێپەڕین لە دۆگماتیزمییەوە بۆ ئەندێشەی ڕەخنەیی، بەڵام کانت بەپێچەوانەی نووسەرانی ڕۆشنگەران (وەک مۆنتیسکیۆ و دیدرۆ و ڕوسۆ) “ئینسایکلۆپیدیا”ی نەنووسی و بەپیچەوانەی هیگڵیش نەیتوانی “سیستمێکی زانستیانەی فەلسەفە” دابڕێژێت. بەهێزبوون و تۆکمەبوونی هزری ڕەخنەیی لە بیرکردنەوەی کانتدا ڕێگربوو لە دروستکردنی “سیستم”ـێک. کانت هەمیشە چەمکی “کریتیک”ـی بە مانا یۆنانییەکەی، واتا وەک فۆڕمێک لە هەڵسەنگاندن بەکاردەهێنا. حوکمی سەرەکیی کانت بریتییە لەوەی کە بەبێ هەڵسەنگاندن و دادوەریکردنی ورد نابێت هیچ شتێک قبوڵ بکرێت. کانت لە سێ کتێبە گرنگەکەی خۆیدا ئەقڵی پەتی و ئەقڵی پراکتیکی و هێزی دادوەریی خستە بەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنەوە.

بەڵام کاری ڕەخنەیی بۆ نووسەرانی ڕۆشنگەر واتا “دادوەریکردن و حکومدان لە دەرەوە” و سەرنجدان لە ئایدیا و دەق و پراکتیک وەک ئۆبێکتێک. کاری ڕەخنەیی بۆ کانت ئاکت و کردارێکە لە بیرکردنەوەدا، ئەقڵ دەبێتە دادوەری خۆی. ئەقڵی پەتی هەم شتەکان هەڵدەسەنگێنێت و هەم خودی خۆشی هەڵدەسەنگێنێت و بکەری ئەم هەڵسەنگاندنە بابەتێکی دەرەکی نییە و بەڵکوو هەر خودی ئەقڵە. هەروەها کاری ڕەخنەیی کانتی ڕەخنەگرتنە لە خودی ڕۆشنگەریش. ئەقڵ لە پراکتیکدا هەست بەخۆی دەکات و خۆی هەڵدەسەنگێنێت. بۆیە کانت دەپرسێت بارودۆخ و ڕادەی بەدەستگەیشتنی زانستی ئێمە کامانەن؟ چ هەلومەرجێک دەرفەتی مسۆگەربوونی زانستی ئێمە لە سروشت و ئەندێشەی ئێمەدا مسۆگەر دەکات؟ ئێمە هەمیشە دنیا وەکو دنیایەکی پێکهاتوو لە شتە ئۆرگانییەکان دەناسین و هێزی درکپێکردنی ئێمە  نەک بەتەنیا حەقیقەتی ئۆبێکتیڤ، بەڵکوو سیستمێک دروست دەکات کە هەست بکەین حەقیقەت دەناسین. هەموو شتەکان وا دێنە بەرچاو کە دەتوانین لەڕێگەی زانستێکی پێشبینیکارانەوە یاخود لەڕێگەی ‌هێزی درکپێکردنی خۆمان شتەکان بناسین.

هیگڵ ئەم ڕوانینە ڕەخنەگرانەیەی وەرگرت و دواتر لە “ئۆدیسەی ڕوح”ـدا وەک میتۆدێکی فەلسەفی بەکاریهێنا و لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕوانینی ڕەخنەگرانە واتا هەستکردنی ڕوح. ڕەخنە بەئاگابوونی ڕەخنەگرە لە خۆی و ڕەخنە لە هەڵسەنگاندنی هزر و پێشبینیکردن باڵاترە. وشە بەناوبانگەکەی ناو فەلسەفەی هیگڵ، واتا Aufhebung هەم بە واتای پێشبینیکردن و مەزندەکردن دێت، هەم بەواتای ڕەتکردنەوەش بەکار دەهێنرێت. لەڕوانگەی هیگڵەوە مۆدێرنیتە قۆناغێکە لە کامڵبوون و بەرەوپیشچوونی ڕوح بەرەو ئازادی. هیگڵ لە پیشەکیی “فینۆمینۆلۆجیی ڕوح” سەردەمی مۆدێرن بە سەردەمی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ دادەنێت. گرنگترین تایبەتمەندیی قۆناغی نوێ هەستکردنە بە ڕوح و ڕەگوڕیشەکەشی هزری ڕەخنەگرانەیە. هیگڵ دەنووسێت کە بەئاگابوون لە سوبێکت، پێویستی بە ئازادی و قووڵبوونەوە و تاکبوون و سەربەخۆیی لە کردەوەدا هەیە و لە هەمووشتێکیش گرنگتر پێویستی بە ڕەخنەیە.

وەک گرنگترین میراتی هیگڵ، ڕەخنە لای خوێندکاران و لایەنگرانی وەک خۆی مایەوە. لە بەرهەمی هیگڵییە لاوەکاندا وشەی ڕەخنە زۆرترین جار پاتەکراوەتەوە. کارڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵز لە کتێبی “بنەماڵەی پیرۆز (١٨٤٥)” ڕەخنەیان لە ڕەخنەی ڕەخنە گرت و دواتر لە پەرتووکی “ئایدۆلۆژیی ئەڵمانی” نووسیان: ڕەخنەی ئەڵمانی هیچ کات پانتایی فەلسەفەی بەجێنەهێشت و بەهیچ جۆرێک گریمانە فەلسەفییەکانی خۆی تاقی نەکردەوە، بەڵكوو هەمیشە تێبینی و بابەتەکانی لەناو سیستمێکی فەلسەفیی تایبەتدا، کە سیستەمی فەلسەفەی هیگڵە، بە زیندانکراوی مایەوە. هەر خودی ئەم پشتبەستن بە ڕەخنەیە بوو کە ڕەخنەگرانی مۆدێرن نەیانتوانی ڕەخنەیەکی هەمەلایەن لە سیستمی فەلسەفیی هیگڵ بگرن، سەرەڕای ئەوە هەرکامێک لەو بیرمەندانە دەیانویست هیگڵ تێپەڕێنن[1]. مارکس ڕەخنەی لە سیستمی هیگڵ گرت و هەوڵێکی زۆریدا ئەو سیستمە تێبپەڕێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بپرسین ئایا سەبارەت بە خودی ڕەخنە، واتا تێگەیشتنی بنچینەیی لە واتای ڕەتکردنەوە و پێشبینیکردندا دەیتوانی هیگڵ تێبپەڕێنێت یاخود نا؟ مارکس لە “ڕەخنە لە میتۆدی هیگڵ سەبارەت بە فەلسەفەی ماف” ئەمەی شی کردۆتەوە و نووسیویەتی: ڕەخنەی فەلسەفی لە هەمووشتێک بریتی نییە لەوەی خۆی بۆ دژایەتی ئەو شتەی دژیەتی کورت بکاتەوە، بەڵكوو قسەیان لەسەر دەکات و بنچینە و زەڕوورێتییەکەیان دەناسێ. ئەم ناسینەش بەپێچەوانەی ئەوەی هیگڵ تێیگەیشتبوو دۆزینەوەی سیستمە لۆجیکییەکان نییە لەناو هەموو شتێکدا، بەڵكوو دۆزینەوەی لۆجیکی تایبەتی هەموو شتێکی تایبەتە. دووەم ناونیشانی کتێبی “سەرمایە” کە بریتییە لە ڕەخنەی ئابووریی سیاسی (١٨٦٧) و هەروەها کتێبی “گروندریسە (١٨٥٧-٦٨) وەک ڕەتدانەوە و پێشبینیکردن (دۆزینەوەی لۆجیکی تایبەت)ـی ئابووریی کلاسیک وەک بابەتێکی تایبەت. ڕەخنەیەک کە مارکسی لاو سەبارەت بە خودنامۆیی ئاماژەی بۆ کردووە و دواتر لە بەشی چوارەمی بەرگی یەکەمی سەرمایەدا باسی کردووە بەناوی “فیتیشیزمی کاڵا و نهێنییەکانی”.

تەنانەت چ وەک ئەوەی کانت ڕەخنەگرتن بە هەڵسەنگاندن دابنێین یاخود وەک مارکس و هیگڵ ڕەخنە وەک ڕەتکردنەوە و مەزندەکردن دابنێین، هێشتا لەهەمبەر ڕاست/  ناڕاست  و چاک/ خراپدا گیردەخۆین. لەم پرسانەدا ڕەخنەگر پێی وایە بەڕێژەیەک حوکم دەکات و ئەگەر حوکمدانەکەی بەڕێژەیەک ڕاست بێت ئەوا ئەو لەسەر حەقە، واتا بەجۆرێک توانیوییەتی لایەنە ناڕاستەکانی بابەتەکە هەڵسەنگێنێت و بیانناسێتەوە. بەبڕوای هیگڵ ئایدیای ڕەها و هەروەها بەبڕوای مارکس “پڕاکسیسی کۆمەڵایەتی” ئەوە دەردەخەن کە ئایا تا چەندە ڕادەی ڕەخنەکە ڕاست و دروستە، واتا ڕەخنەگرتنەکەی بە “ئەوپەڕی ڕەخنەیی” هەڵدەسەنگێندرێت. لەڕاستیدا گەورەترین ڕەخنەگرانی سەدەی پیشووتر نەیانتوانی لە پێویستیی “ئەوپەڕی ڕەخنەیی” تێپەڕن و نەشیانتوانی بەشێوەیەکی ورد و گشتگیر لەسەری بدوێن. نیچە بە گومانکارییەکی زۆرەوە نووسی: ئەوانەی وتویانە نەخێر و ڕێگەیان بە نەخێر داوە لەبەرامبەر ئەو شتانەی کە ئەوانی دیکە گوتوویانە بەڵێ، سەرئەنجام ئەوان ناچارن لەگەڵ نەخێر-گوتنەکەش دژایەتی بکەن. نیچە نەدۆزینەوەی سیستمێک [لەبەرامبەر هزری ڕەخنەیی] بە نەهامەتیی ئەندێشەی مۆدێرن دانا. ئێمەی مرۆڤ ناچارین لەناو زماندا بیربکەینەوە و لەناو بووندا بیر لە بوون بکەینەوە. ڕەخنەگرتن بریتییە لە دۆزینەوەی هەڵەکان لە بابەتی ڕەخنەکاریدا، بەڵام چی شتێک ڕێژەی ڕاست و ناڕاستی ڕەخنەکە دەپێوێت؟ و ئایا زنجیرەی ئەم کردەیە، [ڕەخنە لە ڕەخنە]، بۆ هەمیشە درێژە ناکێشێت؟

بێگومان نابێت ئەم پرسیارانەمان لەیادبچێت، چونکە نیچە قووڵترین ڕەخنەکانی لەسەر مۆدێرنیتە لێرەوە دەستپێکرد و هەر لە سەرەتاوە باسی لە تایبەتمەندێتیی “خود-بیرکردنەوە” کرد.


[1] ئەنگڵز لە کتێبەکەی خۆیدا سەبارەت بە فۆیەرباخ، پێیوایە هەموو ئەو فەیلەسووفە ماتڕیالیستانەی ڕەخنەیان لە ئایدیالیزمی هیگڵ دەگرت، لەڕاستیدا بۆخۆیان جۆرێک بوون لە ئایدیالیزم و هێشتا لەناو سیستمی فەلسەفیی هیگڵ گیریان خواردبوو و نەیاندەتوانی خۆیان لە ئایدیالیزمی هیگڵی ڕزگار بکەن.

هاوشێوە