رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆچی دیموکراسی شکست دەهێنێت – و بۆچی شتێکی ئاساییە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

شێری بێرمەن

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆر جۆری تازەی دیموکراسی لە ئارادایە، بەڵام زۆرێکیان وا دەرناکەوێت زۆر باش بن، بۆیە دەمەوێ ئەمڕۆ دەربارەی ئەو بابەتە قسە بکەم، ئەوەی کە چۆن بیر لەو جۆرە دیموکراسییانە بکەینەوە و بەشێوەیەکی گشتیتریش دەربارەی ئەوەی چۆن بەڕاستی دیموکراسی گەشە دەکات.

لە ئێستادا زۆر کەس دەیانەوێت لەوە تێبگەن لە سەروەختی بەهاری عەرەبی چی ڕووی دا و چۆن گۆڕدرا بۆ ئەو شتەی ئێستا پێی دەڵێین زستانی عەرەبی. تەنیا چەند ساڵێک لەمەوبەر بوو کە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاپەڕینمان هەبوو لە وڵاتانی وەک میسڕ، تونس و لیبیا و هەر زوو دواتر گۆڕدرا بۆ تێکەولێکەیەک. لە ڕاستیدا زۆرێک لەو ڕاپەڕینانە هەر زوو شکستیان هێنا و گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریەتی خۆیان وەک نموونەی میسڕ و جەنەڕال سیسی. بەڵام بێگومان ئەمە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو جۆرە نییە کە ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کێشەکانی دیموکراسی بووینەتەوە. لەڕاستیدا بەڕێژەیەکی بەرچاو و دیار لە وڵاتە دیموکراتییەکانی ئەورووپاشدا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە لە هەنگاریادا، کە یەکێکە لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی دەستپێکی شەپۆلی سێیەم، ئێمە لەناوچوونی ئازادیی مەدەنی، شکستی ئازادییە سیاسییەکان و سەرهەڵدانی حیزبی نیۆ-نازیی جۆبیک پارتیمان بینی. بێگومان لە ڕووسیادا، سەرەڕای هەڵبژاردنەکان ئێمە خۆمان دەزانین ڕژێمێکی چۆنە. لە ئۆکرانیاشدا ئاژاوەیەکی سیاسیی زۆر لە ئارادایە.

ئێستا لەوانەیە کاردانەوەی زۆربەی خەڵک بەرامبەر ئەم ڕووداوانە بریتی بێت لەوەی وا بیربکەنەوە کە ڕەنگە ئەم وڵاتانە بەتەواوەتی نەبوون بە دیموکراسی یاخود پێیان وابێت لە ڕووی مێژوویی و کولتووری و ئایینییەوە هەندێک کێشە و ئاڵۆزییان هەبێت. بەڵام من هەوڵ دەدەم ئەوە بسەلمێنم کە ئەم ڕەشبینییە بێ بنەمایە، کە لەڕاستیدا زۆربەی کێشەکانی دیموکراسییە تازەکان کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کەمترین پەیوەندیی بە مێژوو و کولتوور و ئایینێکی دیاریکراوەوە هەیە، بەڵکوو زیاتر پەیوەندیی بە دروستکردنی ڕژێمێکی جێگیری دیموکراتییەوە هەیە. پێم وایە باشترین ڕێگە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە تەماشاکردنی مێژووە کە چۆن دیموکراسییە جێگیرەکان هاتوونەتە بوون. کاتێک تەماشای مێژوو دەکەین چی دەبینین؟ یەکەم دیموکراسیی مۆدێرن لە مێژوودا لە سەروەختی شۆڕشی فەڕەنسی لە فەڕەنسا هاتە ئاراوە و لە ڕاستیشدا شۆڕشی فەڕەنسی لەو سەردەمەدا بووە دیاردەیەکی جیهانی وەک لەدایکبوونی سەردەم و قۆناغێکی نوێ، و هەروەها بەهێزترین دیکتاتۆریەتی جیهانی لەناوبرد، بۆیە بەلای زۆرێکەوە وەک نیشانەی سەردەمێکی نوێی ئازادیی سیاسی کە ئەورووپا دەگرێتەوە، سەیر دەکرا. بەڵام لە واقیعدا ئەمە ڕووی نەدا، دووبارە سەرەڕای چاوەڕوانیی زۆر کەس. ئەوەی کە لە ئەورووپادا ڕووی دا ئەوە بوو کە زۆر بەخێرایی خەڵکی فەڕەنسا – و تەواوی وڵاتەکانی دیکەی ئەورووپا بۆیان دەرکەوت – کە زۆر زەحمەتترە ڕژێمێکی نوێی دیموکراسی بنیات بنێیت و ڕژێمە کۆنەکە لەناو ببەیت. هەر کە ڕژێمە کۆنەکەی فەڕەنسا شکستی هێنا فەڕەنسا بووە وڵاتێکی پڕ لە ئاژاوە و توندوتیژی و لەماوەی ساڵێک لە هەنگاونان بەرەو دیموکراسییەتەوە، ئەوەی لە فەڕەنسا ڕوویدا گۆڕینی ڕژێمێک بوو بۆ ڕژێمێکی دیکە. لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ڕژێمێکی زۆر سامناک دروست بوو کە تەنانەت سەرەکیترین هێمای بریتی بوو لە گێلۆتین و لەو ماوەیەشدا نزیکەی بیست هەزار بۆ چل هەزار کەس لە گێلۆتیندا گیانیان لەدەست دا. ئەمە ئەو شتە نەبوو کە خەڵکی فەڕەنسا هیوایان بۆ دەخواست، هەر بۆیە لە ماوەی دە ساڵدا خەڵک ئارەزووی گەڕانەوەی دیکتاتۆریەتیان دەکرد.

دواتر لە فەڕەنسا، لە ساڵی ١٨٤٨ گۆڕانکارییەکی دیکە ڕووی دا کە ئەم گۆڕانکارییە لەڕووی مێژووییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم گۆڕانکارییەی فەرەنسا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ گۆڕانکاری لە سەرتاسەری ئەورووپا. لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵێکدا – لە قۆناغ و سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیا لەئارادا نەبوو – گۆڕانکارییەکە سەرجەم ئەورووپای گرتەوە و دیکتاتۆرەکان لە هەموو لایەکەوە ڕووخان. بەڵام ئەوەی سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەمانیش هەر زۆر زوو دەڕووخان و شکستیان دەهێنا. لە واقیعدا ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانە هێندە فراوان بوون کە ساڵی ١٨٤٨ بە بەهاری خەڵکی دەناسرێت – بێگومان  دواتر زۆر کەس ئەمەیان بۆ بەهاری عەرەبی بەکارهێنا – لەبەرئەوەی کە زۆر خەڵک ڕاپەڕین و داوای داخوازییەکانیان دەکرد ناوی لێنرا بەهاری خەڵک. بەڵام دیسان لە ماوەی چەند مانگێکدا هەموو ئەم گۆڕانکاریانە هەڵگەڕانەوە و دیکتاتۆریەت گەڕایەوە بۆ دەسەڵات لە سەرجەم ئەورووپادا. تا پێنجەم کۆماری فەڕەنسا لەژێر دەسەڵاتی دوگۆل بەڕاستی جۆرێک لە دیموکراسیی جێگیر دروست بوو، کە ئەمەش سەد و شەست و پێنج ساڵ جیاوازیی هەیە لەگەڵ یەکەم گۆڕانکاریی فەڕەنسا بەرەو دیموکراسیەت و بەتێپەڕبوونی کات دیموکراسیی جێگیر دروست بوو.

بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیربچێت کە تەنیا لەدوای ساڵی ١٩٤٥ـەوەیە کە دیموکراسیی جێگیر لە ئەورووپادا بەڕاستی دروست دەبێت، لەگەڵ دروستکردنی چەندین دەزگا و پەیمانگای نێودەوڵەتیی وەک ناتۆ، برتیۆن ودز، کە بەتایبەت بۆ ئەوە دروستکران کە دیموکراسی لە ئەورووپای خۆرئاوادا جێگیر ببێت. هەروەها ئەرووپای خۆرئاوا لە ئەزموونی دیموکراتییە شکستخواردووەکانیان زۆر شت فێربووبوون، کاتێک دووبارە ئابووریی سیاسی، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دەزگاکانیان دروست دەکردەوە، زۆر جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پێویستە بەشێوەیەکی زۆر جیاواز لەوانەی پێشوو هەموو شتێک دروست بکەنەوە، ئەگەر بڕیاربێت ئەم جارە دیموکراسی بەکار بهێنین.

کەواتە لەم چاوخشاندنە خێرایەی مێژوو دەتوانین چ وانەیەک فێر ببین؟ پێموایە یەکەم شت ئەوەیە کە زۆر ڕێگە بەرەو دیموکراسی هەیە، بەڵام کەمێکیان خێرا و ئاسانن: تەنانەت لە وڵاتگەلێکیشدا کە پێمان وایە یەکسەر بە دیموکراسی بوون، وەک ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو ئاسانییە نەبووە. لە ئەمریکادا پێویست بوو شەڕی ناوخۆ دروست ببێت تاوەکو کۆیلایەتی نەمێنێت، دوای سەد ساڵ ئینجا حکومەت توانیی مافی دیموکراتیانە بە هەموو هاووڵاتییەکانی ببەخشێت. لە ئینگلتەراش لە سەدەی حەڤدەهەم شەڕی ناوخۆ و شۆڕشی گلۆریۆس ڕوویاندا تا سەدەی بیستەمی خایاند تا توانیان بگەن بە دیموکراسیەت. وانەی دووەم: لە ڕاستیدا زۆرێک لە شکستەکانی دیموکراسی لە ڕابردوودا، بووەتە هۆکاری دروستکردنی دەزگا و نۆرمگەلێک کە دواتر بتوانرێت بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی سوودبەخش بێت. دەبێت ئەوە بڵێم بە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە دەتوانین ئەوە ببینین کە زۆرێک لە کێشەکان کە ئێستا ڕووبەڕووی دیموکراسی دەبێتەوە لەمڕۆدا کێشەی بێهاوتا و ناوازە نین، ڕەنگە ئەم کێشانە پەیوەندییەکی وایان بە مێژوو، کولتوور و ئایینێکی دیاریکراوی ئەو وڵاتانە نەبێت، بەڵکوو زیاتر شتەکە پەیوەستە بەوەی کە بەڕاستی زۆر زەحمەتە دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی جێگیر دروست بکرێت.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە