رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مۆدێرنیتە و قەیران

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

بابەک ئەحمەدی

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

مۆدێرنیتە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی فەلسەفە. هەڵبەت ئەم لێکۆڵینەوە و باسانە سنوورەکانی کاری فەلسەفەشی تێپەڕاند و زۆربەی بیریارانی زانستە مرۆییەکانیش لەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر مۆدێرنیتە بەشداربوون، بەڵام سووربوون و پێداگری لەسەر (باسی فەلسەفی) و باسی مۆدێرنیتە خاڵێکی گرنگە، چونکە بووە هۆکارێک کە کۆمەڵناسەکان و بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش ناچاربوون بێنە ناو کایەی فەلسەفییەوە. لەوانەیە هەر بەهۆی ئەم گرێکوێرە فەلسەفییەوە بووبێت کە ئێستا (ئەو کاتەی هێشتا ڕەشەبای لێکۆڵینەوە و مشتومڕ دانەمرکاوەتەوە)، ناتوانین پێناسەیەکی ورد و پوخت و بابەتییانەی مۆدێرنیتە بکەین.

مۆدێرنیتە واتا ناڕوونی

هاوکات ئەو دەمەی مێژوونووسان سەبارەت بە “ئەو سەردەمەی پێی دەگوترێت سەردەمی مۆدێرن” کۆک نەبوون، بەڵام پێشبینی دەکرا بەهاتنی فەیلەسووفان بۆ ناو بابەتەکە سەختی و دژوارییەکان زیاتر و کەڵەکە بن. یەکێکیش لە گەورەترینی ئەم فەیلەسووفانە، واتا میشێل فوکۆ، گوتوویەتی: “من هەتاوەکوو ئێستاش بەتەواوەتی نازانم لە زمانی فەڕەنسیدا بە چی شتێک دەڵێن مۆدێرن، ئێمە دەتوانین لە مەبەستی بۆدلێر تێبگەین کاتێک  وشەی مۆدێرن بەکاردەهێنێت، بەڵام لەدوای بۆدلێرەوە ئیتر لە واتای تەواوەتیی مۆدێرنیتە تێناگەین… بێگومان مەبەست ناونیشان نییە، ئێمە دەتوانین بەدڵی خۆمان ناونیشان دابنێین بەڵام من نازانم ئەم ناونیشانانە پەیوەندیی بە چ پرسێکەوە هەیە.” ئەو شتەی کە فوکۆ باسی دەکات هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ پێناسەی مۆدێرنیتەی مێژوونووسان نییە.

با لە گشتیترین مانای مێژوویی مۆدێرنیتەوە دەست بە باسەکەمان بکەین. زۆربەی مێژوونووسان کاتێک باس لە “سەردەمە مۆدێرنەکان” دەکەن مەبەستیان ماوەی قۆناغی نێوان ڕێنساس و شۆڕشی فەڕەنسایە، بەڵام زۆرێکی تر مۆدێرنیتە دەگەڕێننەوە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی لە کۆمەڵگا ئەورووپییەکان و سەرهەڵدانی بەرهەمهێنانی کاپیتاڵیزم و گشتاندنی بەرهەمهێنانی کاڵا. لە لایەکی دیکە هەندێک نووسەر دوا قۆناغی مۆدێرنیتە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیست و تەنانەت ئێستاکە دادەنێن. هەڵبەتە کێشەیەکی زۆر لەسەر قۆناغبەندیی مێژوویی نییە، بەڵکوو بابەتە گرنگەکە ناسینی خەسڵەت و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەیە. کاتێک باسەکە دەگات بەم خاڵە، بەشێوەیەکی سەیر هەست دەکرێت ناکۆکی لەمەڕ مۆدێرنیتە کەمتر دەبێتەوە. زۆر کەس پێیانوایە مۆدێرنیتە واتا سەردەمی سەرکەوتنی ئەقڵی مرۆڤ بەسەر بڕوا کۆنەکان (ئەفسانەیی و ئایینی و ئەخلاقی و فەلسەفی و…)، گەشەی بیرکردنەوەی زانستی و ڕاشناڵانە، زیادبوونی دیدی ڕەخنەگرانەی فەلسەفی، دروستبوونی یاساکانی گۆڕینەوەی کاڵا و سەقامگیربوونی کۆمەڵگەی مەدەنی بەسەر دەوڵەتدا. کەواتە مۆدێرنیتە گشتێکی کولتووری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەلسەفییە کە لە دەوروبەری سەدەی پانزدەهەمەوە، وا باشترە بڵێین لە سەردەمی دۆزینەوەی هەسارە تازەکان و داهێنانی ئامێری چاپکردن و دۆزینەوەی ئەمریکا، هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەبووە.

ئەم جۆرە سەرنجڕاکێشییەی مۆدێرنیتە کە بە سەرهەڵدان و دەسکەوتە ماددی و کولتوورییەکان دەناسرێتەوە و زۆر بەئاسانی دەتوانین ناوی بنێین “شارستانییەتی نوێ”، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕوانگەیەک کە بنەماکەی مۆنیستی Monistـییە: هاوکات لەگەڵ ئەو شتەی کە فەیلەسووفانی ڕێنسانس باسیان دەکرد، مرۆڤ ئاوێزانی سروشت دەبێت و مێژوو و دنیای مرۆڤ تێکەڵ بە دنیای ئاسمان دەبێت. واتا هەر جۆرە هێزێکی فیکری کە لەدەرەوەی ئەقڵی مرۆیی بێت نرخ و بەهای نامێنێت و ڕەت دەکرێتەوە. ئەم ئەقڵگەرایی و ڕەتکردنەوەی میتافیزیکە هێندە گەشە دەکات کە سەرئەنجام فریدریش نیچە هەموو بارودۆخەکە لە ڕستەیەکی شۆکهێنەردا کورت دەکاتەوە: بەیانییەکی زوو زەردەشت تووشی تەقواکارێک دەبێت و پاش گفتوگۆییەکی کورت هەردووکیان وەک دوو کوڕی مناڵ و بچووک لێک جیادەبنەوە. بەڵام زەردەشت کە بەتەنیا مایەوە لە دڵی خۆیدا گوتی: هیچ سەیر نییە! ئەم پیرە تەقواکارە لەناو دارستاندا هێشتا نەیبیستووە کە خودا مردووە.

ئەو جۆرە لە دید و تیڕوانین سەبارەت بە مۆدێرنیتە کە باسم لێوەکرد، مۆدێرنیتە و شارستانییەتی نوێ مرۆڤ‌سەنتەرە و مرۆڤ بەشتێک دادەنێت و دەیکاتە سەرمەشق. ئەو شارستانیەتە نوێێەی کە لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەورووپادا سەریهەڵدا و کولتوورێکی دروستکرد کە بانگەشەی جیهانگیری و تا ئەوپەڕی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ئامانج و مەبەستەکانی دەگەیەنێتە هەموو قوژبنێکی جیهان. لێرەوەیە کەمۆدێرنیتە وەکو ئایدۆلۆژیایەک ئاڕاستە دەکرێت، لایەنگران و پێشڕەوانی ڕێنسانس، وەک ڕابڵی و مۆنتەین ڕەخنەیان لە کولتووری کۆن دەگرت (بەتایبەت و لە هەمووی گرنگتر ڕەخنەگرتن لە کەنیسە) و گرنگییان بە یاساکانی سەر زەوی دەدا لەدژی یاسا ئاسمانییەکان و جەختیان لەسەر گرنگیی ئەقڵ و ڕاشیۆناڵیزم دەکردەوە. ئەم جۆرە لە لایەنگریی مۆدێرنیتە وەک هەڵگری فۆڕمێکی ئایدۆلۆژی لە تیۆرییەکانی نووسەرانی سەردەمی ڕۆشنگەری، واتا میراتگرانی ڕێنسانس بەڕوونی دەردەکەوێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لەم ڕوانگەی ئایدیا کلاسیکییەی مۆدێرنیتە بەجێماوە، دیدە پۆزەتیڤیزمییەکەی نییە (واتا هێنانەدیی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئەقڵ بنیاتنرابێت وەک ئەوەی تۆماس هۆبز و ڕۆشنگەرەکان باسیان دەکرد)، بەڵکوو لایەنگرییە نێگەتیڤییەکەیەتی. واتا بیری ڕەخنەیی و ڕووخاندنی ڕادیکاڵانەی هەموو ئەو شتانەی لە ناوەڕۆکدا سەر بە سوونەتە کۆنەکانن. کەواتە مۆدێرنیتە بەواتایەک لە واتاکان ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە سوونەت و لە خودی خۆی، مۆدێرنیتە بریتییە لە نوێخوازیی بەردەوام و لەمڕۆشیاندا، هەمیشە نوێبوونەوە و ڕەتکردنەوەی خود وهەنگاونان بەرەو پانتاییە تازەکان. زۆربەی بیریاران کاتێک باس لە مۆدێرنیتە دەکەن، بەم واتایە بەکاری دەهێنن: گشتێکی ئاڵۆز و کولتووری کە توانای ڕەتکردنەوە دەڕەخسێنێ و هەوڵی سەقامگیربوونی ئازادی دەدات. کەواتە لەجێی خۆیەتی زۆر زیاتر لەم مانایە وردبینەوە. بەو کۆمەڵگایە دەڵێن مۆدێرن کە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی بەپێی “یاسا مرۆییەکان” بەڕێوەبچێت نەک “یاسا ئاسمانییەکان”، هەروەها سیستمەکەی پشتی بە ئەقڵ بەستووە، واتا زانست و تەکنەلۆژیا. بە قسەی ماکس ڤێبەر مۆدێرنیتە بریتییە لە ڕێکخراوێکی ئەقڵییانەی ڕۆشنگەرانە کە لە بڕوابوون بە یۆتۆپیا دوورکەوتۆتەوە و بەچاوێکی زانستییانە و لە دیدی ئاوەزییەوە دەڕوانێت. کەواتە مۆدێرنیتە بریتییە لە دەستپێکی هەنگاوی دەستەڵاتی ئەقڵ و تێماکانی پەیوەستن بە تێمای ڕاشیۆناڵیزمی. کەواتە کۆمەڵگای ڕاشیۆناڵیزمی نەک بەتەنیا لە بواری زانستی و تەکنیکی و تەکنۆلۆژی چالاکە، بەڵکوو حکومەت ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات و ئەقڵ وەک چەکێک دژ بە ئایدیا کۆن و سوونەتییەکان بەکاردەهێنێت. بەپێی ئەم پێناسەیە، مۆدێرنیتە واتا گەشەکردنی هێزی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەشەی تەکنەلۆژی و زانستی و وازهێنان لە بڕوا کۆنە کولتوورییەکان.

بە مانایەکی تر، مۆدێرنیتە لە واتا گشتییەکەیدا هێندەی بڕواکردن بە ئەقڵ ملکەچی چەمکی پێشکەوتنە و لە واتا تایبەتییەکەشی واتا پیشکەوتنی ئەقڵی مرۆیی. واتا گەشەی ئابووری، زۆربوونی ژمارەی شارنشینان، پیشکەوتنی ئامرازەکانی پەیوەندی و زانیاری بەواتای مۆدێرنیتە دێن. مۆدێرنیتە هات و سرووشتی گۆڕی و کردی بە یاساکانی سروشت، واتا سروشتی کرد بە شتێک کە بناسرێت (و بتوانێت بەسەریدا زاڵبێت)، هەرچەندە ناسینی سروشت سەخت بێت، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو مۆدێرنیتە وەک ئایدۆلۆژییەک خۆی دەرخست کە دەیەوێت شتەکان بناسێ و بیاندۆزێتەوە، ئەمەش واتا گەڕان بەدوای لووتکەی بەختەوەریی مرۆڤ لەسەر زەوی و دۆزینەوەی ئازادی وەک هەستێکی مرۆیی. هەر بەوجۆرەی هیگڵ باسی دەکات بنەماکانی مۆدێرنیتە بریتییە لە هەوڵی ئێمە بۆ زاڵبوون بەسەر سرووشتدا. بەڵام ڕەخنەگرانی مۆدێرنیتە ئەوەیان پیشانداوە کە تا زیاتر بەسەر سروشتدا زاڵبووین، کەمتر خۆمانمان ناسیووە و تا زیاتر دەسەڵاتمان بۆ ئەم هەوڵدانە خستبێتە کار، زیاتر سوبێکت سەرلێشەواوتر بووە. بەڵام لە ئێستادا با واز لە ڕەخنەگران بێنین و هەروا لای لایەنگران و بانگەشە گەشبینەکانی مۆدێرنیتە بمێنینەوە.

بەڵام هەر بەڕاست ئایا لایەنگرانی مۆدێرنیتە وەکو ڕەخنەگرتن و دابڕان لە سوونەتەکان، بانگەشەی دابڕانێکی تەواویان دەکرد؟ بەڕوونی دیاربوو “دابڕانی تەواوەتی” ئامانجی ئەوان بوو هاوکات بڕواشیان وانەبوو ئەم دابڕانە تەواوەتییە لە مێژووی مۆدێرنیتەدا ڕووبدات. چونکە لە هەر کام لە فۆڕمەکانی تازەبوونەوە و نوێبوونەوەدا هەندێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی سوونەتی و کۆن دەمێنێتەوە. هەندێک شت دەگۆڕێن و هەندێک شتی دیکە دێنە ئاراوە. بناغەی مۆدێرنیتە بە خەسڵەت و تایبەتمەندیی کۆن و سوونەتی و گۆڕینی فۆڕمەکانیان و درێژەدان بە ژیان بە فۆڕم و خەسڵەتی تازە دامەزراوە. هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە توخمی نوێ و کۆن دروست دەبن، بەجۆرێک تاڕادەیەک هەم تازەیە و هەمیش کۆن. یەکێک لە گەورەترین ڕابەرانی مۆدێرنیستی، چارلز بۆدلێر لە وتاری “شێوەکاری ژیانی مۆدێرن”دا کە لە ساڵی ١٨٦٣ـدا نووسیویەتی دەڵێت: مۆدێرنیتە لە حاڵەتی تێپەڕبووندایە، زوو تێدەپەرێت، بەڵام ئەوەی کە دەشێت هەبێت، نیوەی هونەرە و نیوەکەی دیکە هەمیشەیی و نەگۆڕە.

کەواتە لەوانەیە بتوانین بڵێین ئەو مانایەی کە تا ئێستا سەبارەت بە مۆدێرنیتە ئاماژەمان بۆ کردووە ڕێژەیی و مێژووییە و تایبەتمەندیی مۆدێلبوون لەدەست دەدات. مۆدێرنیتە واتا ڕاشیۆناڵیزم و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەقڵ بخرێتە ناو هەموو کایەکانەوە،  شکاندن و هەڵتەکاندنی نۆرمە کۆمەڵایەتیی و بڕوا سوونەتییەکان و وازهێنا لە بڕوا و بیرکردنەوەی ژیانی کۆنە. بەکورتی مۆدێرنیتە ڕووکردنە ئەقڵ و نووێبوونەوەیە، چینێکی دیاریکراو ئایینێکی تایبەت و باڵادەست نییە، بەڵکوو تەنیا شتێک زاڵ بێت ئەقڵە.

لە ڕوانگەی مێژووییەوە مۆدێرنبوون هەوڵێکە بۆ پێویستیی ژیانی ئەقڵانی و خەباتکردن لەپێناو ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. هەروەک لە سەرەتادا گوتم ئەمە تەنیا تێگەیشتن و ڕوانگەیەک نییە بۆ مۆدێرنیتە. تەنانەت لە ڕوانگەی مێژووییشەوە ئەم جۆرە تێگەیشتنە (کە زۆر بەهێزە و زۆر کەس هاوڕان لەگەڵیدا) تاکە شێوەی تێگەیشتن نییە لە مۆدێرنیتە. شێوەکانی دیکەی تێگەیشتن لە مۆدێرنیتە لەلایەن زۆر فەیلەسووفەوە باسکراوە و قسە لەسەر ڕوانگەی ڕەخنەییانەی مۆدێرنیزم دەکەن. بەڵام بەرلەوەی درێژە بە باسەکە بدەین دەبێت ئاماژە بە چەمکی ڕەخنەگرتن و هزری ڕەخنەیی بدەین.

هاوشێوە