رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چەمکی دەوڵەت لە فەرهەنگی سیاسیی مارکسیزمدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕۆڵف میڵباند

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

چەمکی دەوڵەت لە فەلسەفەی مارکسیزمدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە ڕوانگەی مارکسیستەکانەوە دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک سەیر دەکەن کە زیاتر لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە کاری ڕاگرتن و پاراستنی پلەبەندیی چینایەتی و چەوساندنەوەیە. ئەم ڕوانەگە کلاسیکییەی مارکسیزم سەبارەت بە دەوڵەت، لە “مانیفێستۆی کۆمۆنیست”ـدا لەلایەن فریدریش ئەنگڵز و کارڵ مارکس گوزارشتی لێکراوە: “ئەوانەی ئەرکیان ڕاپەڕاندنی ئەرکی دەوڵەتی مۆدێرنە، تەنیا کۆمیتەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاری هاوبەش [و بەرژەوەندیی هاوبەشی] سەرجەم چینی بۆرژوازی.” هەڵبەت ئەم دەربڕینە زۆر لەوە ئاڵۆزترە وەک لەوەی لە یەکەم خوێندنەوەدا دەردەکەوێت، بەڵام گوزارشتێکی زۆر کورتە و زیاد لە ڕادە سادە [دەردەکەوێت]. بەهەرحاڵ ئەم تێزە نوێنەرایەتیی بیردۆزی سەرەکیی مارکسیزم دەکات لەهەمبەر پرسی دەوڵەتدا.

خودی مارکس هەرگیز هەوڵی شیکارییەکی سیستەماتیکیی دەوڵەتی نەداوە، بەڵام یەکەم دەقی دوورودرێژی مارکس پاش تێزی دکتۆراکەی (واتا کتێبی “ڕەخنە لە فەلسەفەی مافی هیگڵ، ١٨٤٣”)، بەشێوەیەکی سەرەکی بایەخ بە دەوڵەت و ماف دەدات. ئەم بابەتەش لە زۆرێک لە نووسراوەکانی مارکسدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتیش لە نووسینەکانی سەبارەت بە مێژوو، بۆ نموونە “ململانێی چینایەتی، ١٨٥٠”، “هەژدەهەمی برۆمێر، ١٨٥٢” و کتێبی “جەنگی ناوخۆی فەڕەنسا، ١٨٧١”. هەروەها فریدریش ئەنگڵزیش لە بەشێکی زۆری کتێبەکانیدا بە چڕی باس لە دەوڵەت دەکات. بۆ نموونە لە هەردوو کتێبی “ئەنتی دوورینگ، ١٨٧٨” و “ڕەگوڕیشەی ڕەچەڵەکی خێزان، ١٨٩٤”.

لینین، لە یەکێک لە نامیلکە بەناوبانگەکانی بەناوی “دەوڵەت و شۆڕش“، کە لە کۆتاییەکانی شۆڕشی بەلشەفیکیدا نووسیویەتی. مەبەستی لینین لەم نامیلکەیە دووبارە پێداگرتن بووە لەسەر تیۆری مارکسی دژ بە ڕیڤیژینیزمی دووەمی ئینتەرناسیۆنالیست، کە بەباوەڕی لینین ئەم دەستە و تاقمە مارکسیستانە (بۆ نموونە قوتابخانەی مارکسی – نەمسایی وەک ماکس ئادلەر و ئۆتۆ باوەر و ئەنتۆنیۆ گرامشی) چەمکی دەوڵەتی مارکسیان شێواندووە. بەڵام گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت لە دوای ساڵانی ١٩٦٠ لەناو مارکسیزمدا بەچڕی سەریهەڵدا. هەڵبەت دەکرێت ئەم گوێنەدانە کاتییە بە چەمکی دەوڵەت بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو هەژاریی فیکرییەی مارکسیزم کە لەسەر دەستی دەسەڵاتی ستالینیزم لەنێوان ساڵانی ١٩٢٠ تا ١٩٥٠ زاڵ بوو و لایەنگریی بزووتنەوەی “ئیکۆنۆمیستی[1]” کە بووە هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵی لاوەکی بە سەرخان (وەک دەوڵەت) ببەخشرێت و تەنیا وەک خزمەتکارێکی چینی باڵادەستی ئابووری تەماشا بکرێت. بەڵام بەشێکی زۆری کاری مارکسیستەکان لەم دواییانە لێکۆڵینەوە و بایەخ بە دەوڵەت و پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگا دەدەن.

هیگڵ لە کتێبی “فەلسەفەی ماف”ـدا هەوڵیداوە دەوڵەت وەک بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگا [و بەرجەستەبوونی ڕو‌‌حی ڕەها] پیشان بدات کە لە سەروو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانەوە دەوەستێت. بەڵام مارکس ڕەخنە لەم تێزەی هیگڵ دەگرێت و ڕەتی دەداتەوە کە دەوڵەت بەرگری لە بەرژوەندیی گشتی بکات، بەڵکوو لە ژیانی واقیعیدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی [خاوەن موڵک و چینی باڵادەست] دەکات. هەربۆیە مارکس پێشنیاری چارەسەرێکی سیاسی دەکات بۆ ئەم بێتواناییەی دەوڵەت لەمەڕ بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگا (واتا دیموکراسی)، بەڵام هەرزوو درک بەوە دەکات کە ئازادیی سیاسی بەواتای ئازایی مرۆڤ نایەت. بۆیە پێویست بە دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی هەیە، ئەویش بە نەهێشتنی خاوەندارێتی و موڵکی تایبەت.

ئەم ڕوانگەیە بۆ دەوڵەت بۆ مارکس و ئەنگڵز وەک تێڕوانینێکی بنچینەیی مایەوە، واتا وەک ئامرازێکی چینی فەرمانڕەوا کە بەهۆی خاوەندارێتی و دەستبەسەرداگرتنی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە. ئەنگڵز لە کۆتا کتێبیدا دەڵێت دەوڵەت وەک یاسایەک بێت، دەوڵەت هی بەهێزترین چینە. دەوڵەتی چینێکی باڵادەستی ئابوورییە کە لەڕێی سەنتەری دەوڵەتەوە دەبن بە باڵادەستی سیاسییش. بەهەرحاڵ، ئەم ڕوانگەیە ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات کە چۆن و بۆچی دەوڵەت کە جیاوازە لە چینی باڵادەستی ئابووری، ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت [واتا هۆی پشتگیریکردنی دەوڵەت لە چینی باڵادەستی ئابووری، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ چ هۆکارگەلێک]. ئەم پرسیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا مەودای نێوان دەوڵەت و هێزە ئابوورییەکان تەواو دیاریکراون.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دوو نەخشەڕێگەی جیاواز گیراوەتەبەر. یەکەمیان پشت بە کۆمەڵێک ژمارە و هۆکاری سیاسیی و ئایدۆلۆژی دەبەستێت، بۆ نموونە ئەو گوشارانەی چینە باڵادەستەکانی ئابووری دەتوانن لەسەر دەوڵەت و لەناو کۆمەڵگادا دروستیان بکەن و زەڕوورەتی ئایدۆلۆژی لەنێوان ئەم چینە و ئەو چینەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لەژێردەستدایە. دووەمیان باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت دەکات لە دروستکردنی سنوور لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا و بەرپرسانی دەوڵەت بەبێ گرنگیدان بە بیروباوەڕی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبێت بەڕێوبەرانی دەوڵەت زامنی کەڵەکەکردن و بەرهەمهێنانی سەرمایە بکات. لە یەکەمیاندا دەوڵەت دەوڵەتی سەرمایەدارە و لە دووەمیشیاندا دەوڵەت دەوڵەتی سەرمایەیە. هەرچۆنێک بێت هەردوو نەخشەڕێگەکە لەیەکتر جیاواز نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن.

هەڵبەتە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەردوو ڕوانگەکە بیرکردنەوەیەکی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بەوەی دەوڵەت چەندە ملکەچی هێز و گوشارەکانی دەرەوەی خۆیەتی و ئەم هێز و گوشارانەش سنوورداری دەکەن. لەم ڕوانگەیەدا دەوڵەت پاڵنەر و ئامرازێکە، کە پاڵنەر و داینامیکی ئەم کەرەستەیە لە دەرەوەوە دەستەبەر دەکرێت، ئەمەش هەر بەو چەشنەیە کە مارکس و ئەنگڵز لە دەوڵەتیان دەڕوانی. بەڵام مارکس و ئەنگڵز ڕێژەیەک سەربەخۆیی بە دەوڵەت دەبەخشن، ئەمەش بەڕوونی لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا بەرچاو دەکەوێت: وەک ڕژێمی پۆناپارتیستی لە فەڕەنسا لەدوای کودەتاکەی لویس ناپلیۆن پۆناپارت لە ساڵی ١٨٥٢.  مارکس لە کتێبی “هەژدەهەمی برۆمێر”ـدا دەڵێت:”[دەوڵەت] لە ستەمی چینێک ڕزگاری بوو بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر ستەمی تاکەکەسێکەوە.” مارکس بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “وا دەردەکەوێت کە ململانێ گەیشتبێتە بنبەست و سازانێک کە هەموو چینەکان [چینی باڵادەستی ئابووری و بۆرژوا لەگەڵ چینی پڕۆلیتار]، پێکەوە یەکسان بێدەنگ و بێتوانا بن و لەبەردەم لوولەی تفەنگدا کەوتبێتنە سەر ئەژنۆ.” مارکس لە کتێبی “جەنگی ناوخۆی فەڕەنسا”ـدا دەڵێت: پۆناپارتیزم تاکە فۆڕمی حکومەت بوو کە بتوانێت لە سەردەمێکدا کە چینی بۆرژوا دۆڕابوو و چینی کرێکارانیش توانای حکومڕانیی دەوڵەتیان بەدەستنەهێنابوو، پێکبێت. ئەنگڵز لە کتێبی “ڕەگوڕیشەی ڕەچەڵەکی خێزان”ـدا وەک ئاوارتەیەک تێبینیی ئەمەی کردبوو و نووسیویەتی: چەند قۆناغ و سەردەمێک دێنەپێش کە تێیاندا چینە دژبەیەکەکان نزیک دەبنەوە تا ڕادەی هاوسەنگی، کە لەو چرکەساتەدا دەسەڵاتی دەوڵەت کەمێک ڕووکەشانە بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەبەردەم هەردوو چینە جیاوازەکەدا سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت.” لە نموونەی ئەم قۆناغ و سەردەمانە بریتین لە: ئەو پاشایانەی لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم دەسەڵاتی ڕەهایان هەبوو و ڕژێمەکانی ناپلیۆنی یەکەم و ناپلیۆنی سێیەم و دەسەڵاتی بسمارک لە ئەڵمانیا. ئەنگڵز لەسەر سەردەمی بسمارک دەنووسێت کە سەرمایەدارەکان و کرێکاران لەبەرامبەر یەکتر هاوسەنگ و یەکسان بوون، هەردوو چین وەکو یەک لەخشتەبراون و فێڵیان لێکراوە.

هەڵبەت ئەمە دەربڕینانە بەو مانایە نایەت کە دەوڵەت (سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەیە)، بەڵكوو بەو مانایە دێت کە دەوڵەت لەهەمبەر کۆمەڵگا خۆی سەربەخۆ کردووە و بەپێی بیروباوەڕی دەسەڵاتداران دەوڵەت حوکم بەسەر کۆمەڵگادا دەکات بەبێ هیچ پشتبەستنێک بە هێزەکانی ناو کۆمەڵگا. لەم کاتەدا پرسێک لەسەر ئەم خاڵە جێبەجێدەبێت. ئەویش پرسی “ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتییە” کە مارکس و ئەنگڵز لە ساڵانی ١٨٥٠-١٨٦٠ گرنگییەکی زۆریان پێدەدا[2]. لەڕاستیدا تیۆریی مارکسیستی سەبارەت بە دەوڵەت زیاتر لەوەی کە دەوڵەت وەک دەزگا و ئامرازێکی ملکەچکردن بۆ هێزە دەرەکییەکان ببینن، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک دەبینن لەپێناو بەرژەوەندی و ئامانجی چینێکی دیاریکراو.

ئەوەی لێرەدا دەبینرێت هاوبەشییە لەنێوان ئەو کەسانەی دەوڵەت کۆنترۆڵ دەکەن و ئەوانەی خاوەن ئامرازەکانی چالاکیی ئابوورین. ئەمەش دەبێت وەک بنچینەی چەمکی سەرمایەداریی قۆرغکاریی دەوڵەت سەیر بکرێت. لەو ڕووەوەی ئەم پێناسەیە دەیەوێت ئابووری و سیاسەت تێکەڵ بکات پێناسەیەکی لاوازە، چونکە پێگەیان لە واقیعدا پێگەیەکی هاوبەشە کە لەم پێگە هاوبەشەدا ئابووری و سیاسەت ناسنامەی تایبەت و جیاوازی خۆیان هەیە و دەوڵەت دەتوانێت بە سەربەخۆییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات لە ڕاگرتن و بەرگریکردن لەو نەخشە کۆمەڵایەتییەی چینە باڵادەستەکانی ئابووری تێیدا سوودمەندی سەرەکین. تەنانەت ئەم سەربەخۆییەش لە نامیلکەی “مانیفێستۆی کۆمەنیست”ـیشدا ئاماژەی بۆ کراوە کە دەوڵەت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی ملکیچ[ـی چینێکی باڵادەستی ئابووری]. مارکس و ئەنگڵز لێرەدا باس لە کاروبارە هاوبەشەکانی چینی بۆرژوازی دەکەن و ئەمەش بەو مانایە دێت کە چینی بۆرژوازی لە چەندین ڕەگەز و توخمی جیاواز پێکهاتووە و لەچەندین لایەنەوە بەرژەوەندیی جیاوازی هەیە، سەرەڕای ئەم بەرژەوەندییانە ئەوە دەوڵەتە [لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵزەوە] کاروبار و قازاجی ئەم چینە ببات بەڕێوە. دەوڵەت بە هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری سەربەخۆییەوە کارێکی وا ناکات.

ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت لە هاوبەشیکردندا لەگەڵ چینە باڵادەستە ئابوورییەکاندا، ڕێکخستنی بەرهەڵستیی چینایەتی و زامنکردنی سەقامگیریی سیستەمی کۆمەڵایەتییە. ئەو بەڕێوبردنە چینایەتییەی دەوڵەت شەرعیەتی دەداتێت و بەرگریی لێدەکات چەندین فۆرم و شێوەی جیاواز دەنوێنێت، هەر لە کۆماری دیموکراتییەوە بۆ دیکتاتۆریەت. بەر لە یەکەمین جەنگی جیهانی، ڤلادمیرلینین وەک مارکس و ئەنگڵز جیاوازیی لەنێوان فۆڕمە جیاوازەکانی ڕژێمی دەسەڵاتدا کرد، تا ئەو ڕادەیەی ئاماژەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا کرد وەک وڵاتگەلێک کە سەربەستیی سیاسیی تەواوەتی هەیە بە بەراورد بە ڕووسیای تزار. لەگەڵ هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانی چیتر لینین وەک پرسێکی گرنگ تەماشای ئەم جیاوازییەی لە ڕژێمەکاندا نەدەکرد. لینین لە پێشەکیی “دەوڵەت و شۆڕش” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٧ و دەنووسێت: سەرکوتکاریی دڕندانەی چینی کرێکار لەلایەن دەوڵەتەوە کە هەتاوەکو بێت زیاتر لەگەڵ دامەزراوە سەرمایەدارییە بەهێزەکاندا تێکەڵ دەبێت، زیاتر و زیاتر چڕ دەبێتەوە. وڵاتە سەرمایەدارییە بەهێزەکان دەبن بە زیندانییەکی سیاسی بۆ کرێکاران.

لەڕاستیدا کەڵکەڵە و خەمی لینین لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش” و چەند نووسراوێکی دیکەدا، بەگژداچوونەوەی ئەو بیرۆکەیەی بزووتنەوەی ڕیڤیژینیزمییەیە[3]، بۆیە لینین دەڵێت: “دەشێت دەوڵەتی بۆرژوازی ڕیفۆرم بکرێت، بەڵام پێویستە وردوخاش بکرێت.” ئەمەش ئەو خاڵە بوو کە مارکس لە کتێبی “هەژدەهەمی برومێر”ـدا ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت: “هەموو شۆڕشەکان ئەم ئامێرەیان ڕازاوە و جوان کردووە، لەبری ئەوەی وردوخاشی بکەن.” مارکس دووبارە و لە سەردەمی کۆمۆنی پاریسدا دەگەڕێتەوە سەر ئەم خاڵە و دەڵێت: ئیدی کۆتا هەوڵی شۆڕشی فەڕەنسی وەک هەوڵەکانی پێشوو گواستنەوەی ئامرازی سەربازی-بیرۆکراتی نابێت لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی دیکە، بەڵکوو هەنگاوی دواتری شۆڕش بریتییە لە وردوخاشکردنی ئەم ئامێرە، ئەمەش دۆخێکی داهاتووی هەموو شۆڕشە واقیعییەکانی گەلە لەسەرتاسەری هەموو کیشوەرەکان. ئەنگڵز لە بەشێکی بەناوبانگی کتێبی (ئەنتی دورینگ) دەڵێت: یەکەم کردار و هەنگاو کە لەڕێیەوە دەوڵەت بەشێوەیەکی واقیعی  وەک نوێنەری تەواوی کۆمەڵگا دەردەکەوێت، بەناوی کۆمەڵگاوە دەستگرتنە بەسەر ئامراز و ڕێگەکانی بەرهەمهێناندا، لەبری حوکمی کەسەکان ئیدارە و پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان جێگای دەگرنەوە. دەوڵەت ناڕووخێت بەڵکوو دەپووکێتەوە. ئەم بەشە چەند لایەن و ڕەهەندێکی تری دەوڵەت لە نووسینەکانی مارکس ئەنگڵزدا پیشاندەدات و لێکچوونی مارکسیزمی کلاسیکی لەگەڵ ئانارشیزم دەردەخات. بەڵام جیاوازیی نێوانیان بریتییە لە ڕوانگەیان بۆ دەوڵەت، مارکسیزمی کلاسیکی ئەو بیرۆکەیەی ئانارشیزم ڕەت دەداتەوە کە دەڵێت دەکرێت لە بەرەبەیانی شۆڕشدا دەوڵەت لاببرێت [و بڕوخێنرێت].

مارکسیزمی کلاسیکی و لینینیزم هەمیشە جەخت لە ڕۆڵ و پێگە زۆردارانەکەی دەوڵەت دەکەنەوە، بەڕادەیەک دەتوانین بڵێین کە هەموو ڕۆڵ و پێگەکانی دەوڵەتیان فەرامۆشکردووە. [لە ڕوانگەی مارکسیزمی کلاسیکی و لینینیزم] لە کرۆکدا دەوڵەت ئەو دامەزراوەیەیە کە لەو ڕێگەیەوە چینێکی باڵادەست و چەوسێنەر دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت و بەرگری لە دەسەڵاتی خۆی دەکات دژ بەو چینانەی کە بەسەریاندا زاڵبووە و دەیانچەوسێنێتەوە. یەکێک لە ئایدیا گرنگەکانی ئەنتۆنیۆ گرامشی کە پێشکەشی مارکسیزمی کرد، بریتییە لە لێکۆڵینەوەی لەو ڕاستییەی کە دەڵێت زاڵبوونی چینی فەرمانڕەوا تەنیا لەڕێی زۆرەملێوە بەدی نایەت، بەڵکوو ڕەزامەندیش بەدیدەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی گرامشی سووربوو لەسەر ئەوەی دەوڵەت لە بواری کولتووری و ئایدۆلۆژییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕێکخستنی ڕەزامەندیدا. مژارێک کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێکی زۆری تیۆریستانی بەخۆییەوە سەرقاڵ کردووە پەیوەست بەم بابەتەوە، بریتییە لەوەی کە تا چ ڕادەیەک دەوڵەت لە ڕژێمە دیموکراسییە سەرمایەدارییەکاندا لە بارودۆخی قەیران و گرژبوونەوەدا خۆی لەگەڵ ئەرکی ڕەزامەندیدا دەگونجێنێت. پێویستە دەوڵەت لەلایەک چاوەڕوانیی جەماوەر بەدیبهێنێت و لەلایەک پێویستە داخوازییەکانی سەرمایە بەدیبهێنێت.

دامەزراندنی دەوڵەتی یەکێتیی سۆڤیەت دژایەتییەکی فیکری لەگەڵ تیۆری مارکس دروستکرد سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت، چونکە کۆمەڵگایەک هاتەئاراوە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەژێردەستی کەرتی گشتیدا بوو و ڕژێمەکە پابەندبوونی خۆی بە مارکسیزم ڕاگەیاندبوو. ئەمەش پرسیارێکی سەبارەت بە سرووشتی ئەم دەوڵەتەی کە دروستکرابوو هێنایەپێش. بەڵام دواتر هەر گفتوگۆ گەنگەشەیەکی ئەم پرسیارە سێبەری ستالینیزم دایپۆشی، چونکە وەک چاوەڕوان دەکرا ئایدیای ستالینیستی سەبارەت بە دەوڵەت سووربوو لەسەر ئەوەی گرنگی بە دەوڵەت بدرێ و دەوڵەت بەهێزبکرێت دوور لەو ئایدیایەی کە وردە وردە دەوڵەت دەپووکێتەوە. دەبێت دەوڵەت وەک بزووێنەری سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیارە زۆرەکانی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەکاربهێنرێت. ستالین دەیگوت ئەو دەوڵەتە [یەکێتیی سۆڤیەت] جۆرێکی تازەی دەوڵەت بوو کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاران و جووتیاران و چینی ڕووناکبیرانی دەکرد، واتا نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی تەواوی دانیشتوان و هاوڵاتیانی یەکێتیی سۆڤیەتی دەکرد. لەم ڕووەوە [لە ڕوانگەی ستالینیزمییەوە]، چیتر دەوڵەت دەوڵەتی چینایەتی نەبوو و هەوڵی نەدادە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی چینێکی دیاریکراو بپارێزێت بەڵکو وەک خرۆشۆڤ دەیگوت: “دەوڵەتێک بۆ تەواوی کۆمەڵانی خەڵک بوو.”

ئەمەش بووە مایەی ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی سۆڤیەتی لەلایەن ڕەخنەگرانی سۆڤیەت و ئەو دەوڵەتانەی هاوشێوەی ڕژێمی سۆڤیەتی بوون. ئەو ڕەخنەگرانەی کە تەماشای ئەم کۆمەڵگە شێوە سۆڤێتییانەیان دەکرد، وەک چەند کۆمەڵگەیەکی چینایەتی و وەک کەرەستەی چینێکی نوێ دەیانبینی. هەربۆیە لەڕووی فیکرییەوە، ئەم دەوڵەتانە جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ دەوڵەتی کۆمەڵگا چینایەتییەکانی تر. هەروەها ئەو ڕەخنەگرانە باسیان لە کۆمەڵگای ناو ئەم دەوڵەتانە دەکرد وەک (دەوڵەتێکی شێواوی کرێکاران) کە لەژێر کۆنترۆڵی بیرۆکراسییەتدا تینووی دەسەڵاتە و دواجار هەر خودی شۆڕشێکی کرێکاری ئەم دەوڵەتە لەناو دەبات.

ئەو مارکسیستانەی بەیاخ بە چەمکی دەوڵەت دەدەن، لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا ڕووبەڕووی چەندین گیروفرت و کیشەی جۆراوجۆر و جیاواز دەبنەوە، وەک پرسی سرووشت و ڕۆڵی دیاریکراوی دەوڵەت چییە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکانی ئەمڕۆدا؟ کەسایەتیی چینایەتییەکەی ئەم دەوڵەتە چۆن خۆی مانیفێست دەکات و خۆی پێشان دەدات؟ دەوڵەت تا چ ڕادەیەک دەکرێت بگۆرێت بۆ ئامرازی چینی ژێردەستەکان؟ چۆن دەکرێت لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی داهاتوودا ڕێگری لە دەستگرتن بەسەر ڕێژەیەکی زیاد لە پێویستی دەسەڵات بکرێت؟ یاخود وەک مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتە”ـدا دەڵێت: “چۆن دەکرێت دەوڵەت لە کۆمەڵگاگەلێکی لەم شێوەیەدا، لە ئۆرگانێکەوە کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێندراوە، بگۆڕدرێت بۆ ئۆرگانێک کە تەواو ملکەچی کۆمەڵگا بێت؟” بێگومان لە داهاتوودا ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری بەجێماوی دیکە، پێگەیەکی سەرەکی دەبەخشن بە گفتوگۆکردن لەسەر سرووشتی دەوڵەت لەڕوانگەی مارکسیزم.


[1] مەبەست لە بزووتنەوەی ئیکۆنۆمیستی ئەو مارکسیستانەن کە تەنیا گرنگی بە لایەنی ئابووری دەدەن و سیاسەت فەرامۆش دەکەن.

[2]  بێگومان بەر لە مارکس و ئەنگڵز پرسی دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتی لای هەندێک لە فەیلەسووفە ئایدیالیستەکانی وەک هیگڵ بیریلێکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی لەسەر کردووە.

[3] ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و لەژێر کاریگەریی ئایدیاکانی ئێدوارد برنشتایم سەریهەڵدا. برنشتایم و بیریاراکانی ئەم بزووتنەوەیە بڕوایان بەوە بوو کە سیستەمی زاڵی سەرمایەداریی دەشێت بەشێوەیەکی لەسەرەخۆ و هێواش هێواش ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، هەربۆیە برنشتایم کەمتر بڕوای بە شۆڕش و هەوڵدان هەبوو بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی.

سەرچاوە:

Bottomore, Tom (1992), A dictionary of Marxist thought, 2nd Edition, Wiley-Blackwell Publisher.

هاوشێوە