رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەتوانیت مرۆڤ بیت، نەک شتێکی دی

Facebook
Twitter
LinkedIn

لەپەراوێزی کەمپەینی “ناوی من ناوی دایکمە”

عومەر محەمەد

لەبەرایدا دەستخۆشی لە ئامادەکارانی کەمپەینەکە دەکەم، رێزی ئەوانەش دەگرم کە دژن یان تێبینیان هەیەو هێشتا ئامانجەکەیان لاڕوون نییە. دەبێت کەمپەینەکەش ئامانجەكە ڕونتر بکاتەوە. دوو ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە هەن. یان بەگفتوگۆ لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمان بەبێدەنگی هەتا دەگەینە ئامانج، یان فشاری میدیایە. واتا وەک ئێستا دەیکەین بەبابەتی میدیاو سۆشیال میدیا، بەڵام بەبێ خۆنواندنی خەڵکی خۆشگوزەران بۆ فیزلێدان.

بێگومان ئەوەی بەیاسایی کردنی لەکن ئامانج بێت رێگای یەکەمیان دەگرێت. دەنا لەوەزیاتر ئارەقی بۆنارێژن و لەولاشەوە خەڵکانێک شەڕی ئایدۆلۆژی پێدەکەن و قوربانیەکان و بێ ناسنامەکانیش بابۆخۆیان سیربخۆن و زوڕنا لێبدەن.

من پشتگیری کەمپەینەکەم بێ ئەوەی شەڕی کەس بکەم، نەک هەربۆ منداڵانی باوک نادیار و چەسپاندنی ناوی دایک. بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی کە ناسنامەیان نییە، تۆ کە پشتیوانی ئەم کەمپەینە دەکەیت دەبێت ئازاری مرۆڤی پەراوێزخراوت چەشتبێ و بزانیت کە نەبوونی ناسنامە واتا مرۆڤ لە دۆزەخدا، مەگەر هەر ئەو مرۆڤانە بزانن بێ ناسنامەیی چەندە سەختەو چۆن فڕێی داونەتە خوار هەژاریەوەو چۆن لە مرۆڤەوە کردونی بەکۆتەرەداری وشکهەڵاتوو.

نمونەیەک دەخەمەڕوو:

دایکێک دەناسم، نەک منداڵەکانی، تەنانەت خۆشی ناسنامەی نییە، چیرۆکی ئەم دایکەو منداڵەکانی هێندە تراژیدیە گەلێک شەو خەوی لەچاوان تۆراندوم و هیچم لە دەستنەهاتووە.

دایکەکە چیرۆکی خۆی بۆ باسکردم وتی: (من دایک و باوکی خۆمم نەدیوەو نازانم کێن، لەپەلاماری ئەنفالدا جاشێک، کە دیوێتی دایکم و باوکم لەدۆخێکی خراپدان و منیان پێ ئیدارە نەدراوە، لەوکاتەدا کە دایکم و باوکمیان بەرەو خوار بردووە جاشەکە چاکەی کردووەو منی هەڵگرتووەو هێناومی بۆ سلێمانی لەماڵی خۆیاندا لە قلیاسان گەورەی کردم بەڵام لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا دامی بەشوو، بەقسەی ئەو مێردم بەپیاوێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. هەر لەلای مەلا مارەی کردم، ساڵی ١٩٩١ ڕۆیشتینەوە بۆ ئێران و لەوێش نەپەرژا گرێبەستی هاوسەرگیریم بۆنەکراو کۆچی دوایی کرد، ئیتر من دیسان بێکەس مامەوەو دیسان لەگەڵ منداڵەکانم (کوڕوکچێکن) هاتینەوە بۆ ئەمدیو ئێستا نەخۆم و نەمنداڵەکانم هیچمان ناسنامەمان نییە !! منداڵەکان ئێستا گەورەبوون هەتا شەشی سەرەتاییان خوێندو لەبەر بێ ناسنامەیی نەیانتوانی چیدی بخوێنن).

باشە گریمان سەرلەبەری ئەم چیرۆکە هەڵبەستراوە، ئێ خۆ سێ مرۆڤ بەگۆشت وئێسقانەوە بوونیان هەیەو لەناوماندا بەمەینەتی دەژین. بۆ دەبێت بێ ناسنامە بن؟ چۆن بژین و چۆن بخوێنن ؟ ئەی بەها مرۆییەکەیان ؟ ئەی بەهای ئیدارەو مافی مرۆڤ ؟ چ دەبێت ئەگەر ئەم ژنە ناسنامەی عێراقی و کوردستانی و مافی مانەوەی پێبدرێت و لەسەر ناوی خۆی ناسنامە بۆمنداڵەکانیشی دەربێت؟ ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت مەرج نیە ئەم کەمپەینە هەر بۆ ئەو منداڵانە بێت کە لەژێر جەبری داعش و لەو دۆخە نائینسانیەدا هاتبنە دونیاوە کە ژنی تێدا لاقەکراوەو منداڵی لەدەرەوەی خێزان تێدا هاتووەتە دونیاوەو باوکیان نادیارە. باشە واگریمان باوکیان دیارە کە داعشێکە، ئایا ئەو منداڵانە مافی ئەوەیان نییە کە قایل نەبن تیرۆرستێک وەک باوک ببێتە پاشگری ناوەکەیان ؟ ئیدی لەوەها حاڵێکدا چ پیرۆزی وبەهایەکی باوک دەمێنێ ؟

کۆمەڵگای دوای جەنگ مرۆڤی دەوێ بۆ بونیاتنانەوە، کورد لە مێژە لە جەنگدایەو زیاد لە جارێک پەلاماری جێنۆساید دراوە، لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسیش قۆناغی راگوزەری دادوەری (مرحلة العدالة الانتقالیة)ی بەخۆیەوە نەدیوە، قوربانیەکان بەمافەکانیان نەگەیشتوون، دەنا هەزاران دۆسێی تراژیدی هەن پێویستیان بەچارەسەرە، هەزاران قوربانی هەن پێویستیان بەگەڕانەوەی ماف و شکۆیە، جا مەرج نیە قوربانیەکان راستەوخۆبن هەندێکیان ناڕاستەوخۆن، تەنانەت ناباون هەر بۆنمونە من کوڕی جاشێک دەناسم دەڵێت: ئەگەر بەدەست من بێت ناوی باوکم لەنفوس دەسڕمەوەو بەلابردنی ناوی باوکم ئەو پەڵەیە لەتەوێڵی خۆم دەکەمەوەو ناسنامەکەم و تەنانەت ناوی خۆشم دەگۆڕم، چونکە نەمن و نەدایکم هیچ دەسەڵاتمان نەبووە لەوەی باوکم دەبێتە جاش یان باش.

دەیان دۆسێ هەن باوک بەدڵرەقییەوە ماڵەی لەگەڵ هاوژین و منداڵی خۆی کردووەو بۆیان بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ لەوەها حاڵێکدا منداڵەکانی مافی ئەوەیان نەبێت کە بەناوی دایکیانەوە بناسرێنەوە نەک باوکە بەدکارەکەیان ؟ خۆئەوە بەدیوەکەی تریشدا هەر ڕاستە.

دەی ئەگەر زەمینە بۆئەم مرۆڤانە برەخسێ و ناوی دایک بەیاساو بە ئاسایی وەک ناوی باوک وەربگیرێت، هەم لەروی سایکۆلۆژییەوە ئەو مرۆڤانە ئاسودە دەبن هەم دەرفەتی زیاتریش بۆ ئەومنداڵانە دەرەخسێ کەلەدەرەوەی خیزان هاتوونەتە ژیانەوەو یاسا دەبێتە چەترێک کە لە ژێریدا کەمتر دەکەونە بەرتانەوتەشەری مرۆڤی جاهیل ودڵرەق.

ئێمە ئەگەر بەبێدەنگی و بەبێ چەلەحانێ و جنێودان و شەڕی ئایدۆلۆژی بەعەلمانی وئیسلامیەوە، بەدیندارو بێدینەوە، بەڵام بەویژدان و ئەخلاقەوە زەمینەمان بۆ شکۆداری مرۆڤ سازاندو بەردەرگای حکومەتمان گرت دەتوانین بە یاسایەکیش ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.

بەڵام ئەوەش هەروا ئاسان نیەو کاتی پێویستە، چونکە ئەوە تەنها دیوێکی کێشەکەیەو تەنانەت بەیاسایی کردنیش تەواوی ئامانجەکە بەدی نایات، چونکە هێشتا لایەنە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکەی دەمێنێت، واتا بەیاسایی کردنی پاشگری ناوی دایك ئەو منداڵانە لە بێ شکۆیی ڕزگار ناکات. بەپێچەوانەوە ئەگەر بەوردی کاری بۆ نەکرێت ڕەنگە ببێتە داوێک و لە ملیان بئاڵێ و بەئاسانی لێی ڕزگارنەبن، گریمان ئەمە بووە پڕۆژە یاساو لەپەڕلەمان تێپەڕی ئەو منداڵانە گەورەدەبن و لە نێو کۆمەڵگادا هەڵدەسوڕین و کاردەکەن و نان پەیدا دەکەن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، بەرخەڵکی جۆراوجۆر دەکەون، وەک هەرکەسێک توشی شەڕو ناکۆکی دەبن، لەناو کلتوری کۆمەڵایەتیدا کە زۆرینە ناسنامەیان بە ناوی باوکیانەوەیە، دەبنە کەمینە کە ناسنامەیان بە ناوی دایکیانەوە، ئەوسا بەسروشتی هەڵاواردنێکیش دێتە پێشەوەو دەکەونە ژێرپرسیار. ئەگەر بەوردی بیری لێنەکرێتەوە دەبنە جێگەی تانەوتەشەری خەڵکی جاهیل ودواکەوت و زوو هەستیان بریندار دەکرێت و شکۆیان دەشکێندرێ.

بۆیە دەبێت وریابین، لەهەنگاوی یەکەمدا دەبێت ئامانج ئەوەبێت ئەوانەی دایکیان هەیەو بێ باوکن ناسنامەیان بۆ بکرێت بەناوی دایکیانەوە دواتریش دەرفەت بکرێتەوە بۆئەوانەی دەیانەوێ ناوی باوکیان بگۆرنە سەرناوی دایکیان، گرنگە نەهێڵدرێت ئەنجامی ئەم کارە ببێتە هۆیەک بۆ شکاندنی شکۆی ئینسانەکان، ئەگەر ئەم کەمپەینە شکۆیان بۆنەگێڕێتەوە نابێت وابکەوێتەوە هەرچی ناسنامەکەی بەناوی دایکییەوە بوو نیشانەی پرسیاری بچێتەسەرو بەزۆڵ وبندیوار ناوزەد بکرێ و ببنە ئامانجی مرۆڤی بێ هەست و دەماخ سز.

بۆیە وای دەبینم کە یەکێک لەعەیبەکانی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە زەمینەسازی بۆنەکراوەو هێشتا نەیانتوانیوە بیکەن بەیاسا بەڵکو کردویانە بەژاوەژاو، فەرموون باتێبکۆشین زەمینەی یاسایی وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆسازدەین و بیکەین بەیاسا ئینجا نەک لە فەیسبوک بچۆ لەفەرمانگەی باری شارستانیش جێگۆڕکێ بەناوی باوک و دایکت بکە.

هاوشێوە