رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئازادی پێویستی بە یەکسانییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

جەیمس ستێربا

وەرگێڕانی: ژیر دانا

کۆمەڵگای دادپەروەرانە چییە؟ بۆ ئەوەی کە تێگەیشتنێکی پتەو و باشمان بۆ دروست ببێت لەسەر چەمکی دادپەروەری، پێویستە لە ڕوانگەی ئازادیخوازییەوە بۆ بابەتەکە بچین. ڕوانگەیەک کە بەهۆیەوە پێوەرە مۆراڵییەکان ئیشیان پێبکرێت. من دەمەوێت باسێک لەم ڕوانگە ئازادیخوازییە بکەم کە تا چەندێک پێویستی بە هەبوونی خوشگوزەرانی هەیە. ئەو خۆشگوزەرانییەی کە لەناویدا یەکسانییەک بوونی هەیە کە سۆشیالیستەکان باسی لێوە دەکەن.

ئامانجە نموونەییەکەی ئازادی نەرێنی

با لەوەوە دەست پێبکەین کە ئامانجە نموونەیی و باڵاکەی ئازادیخوازان چییە کە تەنها لای ئازادیخوازە نەرێنییەکان بوونی هەیە. ئەوەندەی تێگەیشتبین، ئازادی ئەوەیە کە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی نەبێت لەسەر ژیانی تاک لەلایەن کەس و لایەنی ترەوە. وە تاک ئەوە بکات کە دەیەوێت و پێی خۆشە بیکات. ئازادیخوازەکان زۆر جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجی نموونەیی و باڵای ئازادیخوازی بریتییە لەوەی کە زۆرترین بڕی ئازادی بۆ تاک دەستەبەر بکرێت. ئەگەریش ئامانجەکە زیاتر ورد بکەینەوە، دەتوانین بڵێین کە ئەوان دەیانەوێت ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێن: دەستەبەرکردنی مافی ژیان، مافی ڕادەربڕین، مافی ڕۆژنامەوانی، مافی بنیاتنان و مافی هەبوونی خاوەندارێتی تایبەت.

لێرەدا ئەوەی کە گرنگە بیزانین ئەوەیە کە خۆشگوزەرانی و ئازادی لەلای ئازادیخوازەکان ئەوەی تێدا جێنابێتەوە کە تاکەکان لەلایەن کەسانی دیکەوە هاوکاری ماددی بکرێن لەو کاتەی کە پێویستیانە. بەڵکو مەبەستەکەی ئەوان تەنها ئەوەیە کە تاک بژی بەبێ ئەوەی کەس دەستوەربداتە ناو کاروبارەکانی ژیانیەوە. بێگومان ئەوان ڕێگری لەو ساماندارانە ناکەن کە خۆیان بە ویستی خۆیان هاوکاری هەژارەکان دەکەن. بەڵام ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە حکومەت هاوکاری ماددی تاکەکان بکات و ئەوەیش ببێت بە ئەرکێکی سەرەکی هەر حکومەتێک. کەواتە دەکرێت بڵێین کە دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هەژاران لەلای ئازادیخوازەکان کارێکی خێرخوازییە وەک لەوەی کە کارێکی دادپەروەرانە و ئەرک بێت.

ململانێی نێوان ئازادییەکان

ئێستا بۆ ئەوەی زیاتر ئەو هەڵەیەی ئازادیخوازەکانمان بۆ دەربکەوێت کە تێی کەوتوون لە دیاریکردنی ئامانجی سەرەکی ڕێبازەکەیان، پێویستە بیرێک لە ململانێی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکان بکەینەوە. لەم ململانێیەدا پێویستە بزانین کە دەوڵەمەندەکان زۆر زیاتر لەوەی کە پێویستیانە، خاوەنی ئەو سەرچاوانەن کە دەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی لێوە دەستەبەر بکەن. بەڵام هەژارەکان بەو جۆرە نین و چەندین پێداویستی زۆریان هەیە کە پێویستیان بە دەستەبەربوون هەیە. ئەوان نە سەرچاوەی پێویستیان هەیە بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانە و نە ئازادییەکەیشیان یارمەتیان دەدات لەم کارەدا. لێرەدا ئەوەی کە ئازادیخوازەکان داوای دەکەن ئەوەیە کە دەوڵەمەندەکان بە هیچ جۆرێک ناچار نەکرێن کە ببن بە بەشێک لە چارەسەری بارودۆخی هەژارەکان. چونکە ئەوان پێیان وایە کە هەردوو لا خاوەنی ئازادی خۆیانن و ئەوەیش ئازادییە کە لەپێشینەترین پێویستییە. بەڵام دەبێت بزانین کە هەر ئەو جۆرە ئازادیەیە کە وا دەکات دەوڵەمەندەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەژارەکان و تەنها هەندێک جاری کەم بەناوی خێرەوە یارمەتییان بدەن بەبێ ئەوەی کە هیچ ناچارییەکی تێدا بێت.

لێرەدا پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە چۆن ئازادییەکە بۆ هەژارەکان سەرچاوەیەکە بۆ زیان وەک لە قازانج. واتە بەهۆی ئەو ئازادیەوەیە کە ئەوان دەرفەتی باشبوونی دۆخی ژیانیان بە هاوکاری دەوڵەمەندەکان نەماوە.

ئیستا ئەگەر ئێمە بێین و ئەم ململانێی بەرژەوەندییە وەک ململانێی نێوان ئازادییە جیاوازەکان سەیر بکەین، دەتوانین بڵێین کە ئازادی دەوڵەمەندەکان وا دەکات کە ئەوان ئازاد بن لە بەکارنەهێنانی سامانەکانی خۆیان بۆ یارمەتیدانی ئەوانی تر. لە هەمان کاتیشدا دەتوانین بڵێین کە ئازادی هەژارەکان وا دەکات کە ئەوان دەستکراوەبن لەوەی کە داوای هاوکاری لە دەوڵەمەندەکان بکەن. واتە لێرەدا بوونی ئازادییەک، ئازادییەکەی دیکەی ڕەتکردووەتەوە. بۆیە کاتێک یەکێکیانمان هەڵبژارد، پێویستە ئەوی دیکەیان ڕەت بکەینەوە. کەواتە پێویستە کامیان هەڵبژێرین؟

بەڕای من هەڵبژاردنە مۆراڵییەکە ئەوەیە کە ئازادی هەژارەکان هەڵبژێری وەک لە ئازادی دەوڵەمەندەکان. چونکە ئەوەی کە هەژارەکان بەهۆی ئازادیەکەیانەوە دەستکراوە دەبن لە داواکردنی هاوکاری لە دەوڵەمەندەکان، لەپێناو پڕکردنەوەی چەندین بۆشایی و دەستبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانە. بەڵام ئازادی دەوڵەمەندەکان لەوەی کە بە ئازادی سامانەکانی خۆیان خەرج بکەن و یارمەتیدانی هەژار ئەرک نەبێت لەسەریان، ئامانجەکەی تەنها گەیشتنە بە چێژی زیاد لە پێویست وەک لە دەستبەرکردنی پێداویستی سەرەتایی.

بەڵام لە ڕاستیدا کاتێک بابەتەکە دەگاتە ئەم ئاستە، پێویستە ئێمە خۆمان لەو جۆرە وەڵامانە بپارێزین کە تەنها بۆ بەڕێکردنی بابەتەکە دەیاندەینەوە. وە خۆیشمان بپارێزین لەوەی کە هۆکارەکانی خۆمان بسەپێنین و بیخەینە شوێنی ڕاستییەکانەوە. بۆیە پێویستە قووڵتر ببینەوە لە بابەتەکە. کەواتە با ئێستا بێین و پلەپەندییەکی ورد بۆ ئازادییەکانی خۆمان بکەین، لەو ئازادیانەی کە زۆر گرنگن تا دەگات بەوانەی کە کەم گرنگن. دوایی بێین و هەمان کار بۆ ئازادی ئەوانی تریش بکەین و پلەپەندی بکەین لە نێوان ئازادییە زۆر گرنگ و کەم گرنگەکانیان.

بەڵام لەم پلەبەندیەیشدا دەکرێت دیسان ململانێی دیکە دروست ببێتەوە. بۆ نموونە کاتێک کە تۆ پلەبەندی بۆ ئازادییەکانی خۆت دەکەیت کە کامیان لەوی دیکەیان گرنگترە، لەوانەیە لە شوێنێکدا ئازادییە زۆر گرنگەکانت لەگەڵ ئازادییە زۆر گرنگەکانی ئەوانی تر بەریەک بکەون و دواجار ململانێی دیکە دروست بکەن. یاخود تەنانەت لەناو پلەبەندیەکەی خۆتدا، دەکرێت ئازادییەکانی خوارەوەی پلەبەندیەکە هەندێک جار لەگەڵ ئەوانەی سەرەوە ململانێ دروست بکەن و شوێنی خۆیان گونجاو نەمێنێت بۆیان.

چارەسەرەکە ئەوەیە کە مەجالێک بۆ ئەوە بهێڵینەوە کە ئازادییە زۆر پێویستەکان بتوانن ئازادییەکانی تر لەناوببەن ئەگەر پێویست بکات. واتە ئێمە سەرەتا بێین و ئازادییەکانمان بەپێی پێویستی پلەبەندی بکەین. دواتر سەرنجمان لەسەر ئازادییە زۆر پێویستەکان بێت و لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئەگەر لەلایەن ئازادییە کەم پێویستەکانەوە کێشەی بۆ دروست بوو، ئەوا ئێمە ئازادییە کەم پێویستەکە لادەبەین و هەوڵی تەواومان بۆ ئازادییە زۆر پێویستەکە دەدەین. ئەم ڕێگاچارەیە لە نموونەی هەژار و دەوڵەمەندەکە بەم جۆرە دەبێت؛ ئازادی هەژارەکان بۆ داواکردنی پێویستی لە دەوڵەمەندەکان، پێویستتر دەبێت و دەچێتە پێش ئەو ئازادییەی کە دەوڵەمەندەکان هەیانە لە خەرجکردنی سامانەکانیان تەنها بۆ چێژی زیادەی خۆیان.

هاوشێوە