رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فەلسەفە و دروستبوونی تاکگەرایی – گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی بیرکردنەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

مارک ڤێرنۆن

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بۆچوونەکەی ئەنتۆنی کێنی لەسەر سەرچاوەی دروستبوونی فەلسەفە و پەیوەستکردنەوەی بە ئەرستۆوە بەشێکی ڕاستی تێدایە. بەڵام من پێم وایە کە پێش ئەرستۆ پێویستە قۆناغێکی دیکەیش هەبێت کە گرنگ بێت و پێویست بە باسکردن بکات. قۆناغێک کە تیایدا زەمینەیەک بۆ مرۆڤەکان ڕەخسابێت کە بەهۆیەوە ویستی بیرکردنەوە و شیکردنەوە زیاد بکات. ئەم گرنگترن قۆناغە لە دوای ئەو قۆناغەیە کە مرۆڤەکان بیرۆکەی خودایان دروست کرد. لەم قۆناغەدا سەرنج دانە سەر واقع و بەشە جیاوازەکانی بوو بە بابەتێکی سەربەخۆی دژ بەو بیرۆکەیەی کە هەموو بابەت و پرسەکانی دەگەڕاندەوە بۆ خودا.

بۆ تێگەیشتن لەم قۆناغە پێویستە پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین کە چی وای لە ئەرستۆ کرد ئەوە ئەنجام بدات کە ئەنجامی دا. ئەو دەربارەی ئەخلاق دەستی کرد بە نووسین و بەرهەمی نووسینەکەیشی گەشەکردنی زیاتری مرۆڤ بوو، دەربارەی لۆجیک نووسی و بەرهەمەکەیشی دروستبوونی سیستەمێک بوو کە تیایدا بیرکردنەوە بە دروستی ئاڕاستە دەکرێت. بۆ تێگەیشتن لە جیهان، هەستا بە جیاکردنەوەی کاتیگۆرییەکان و جۆرە جیاوازەکان و دواتریش وەسفکردنی میکانیکی کارکردنی ئەم شتانە پێکەوە. بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەم شتانە، ئەرستۆ پێویستی بەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ پێش خۆی. واتە ئەوەی ئەرستۆ کردی چنینەوەی بەرهەمی بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی پێش خۆی بوون.

با وەک نموونە باسێکی ئاناکسیمێنیس بکەین کە یەکێکە لە فەیلەسووفە کۆنەکان (٥٨٦-٥٢٦ـی پێش زایین). ئەو لە ئیستادا بە تاقیکردنەوەکانی ناسراوە. نموونەی یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی بریتی بووە لە دەرکردنی هەوا لە دەمیەوە کاتێک دەمی کراوەتەوە و کاتێکیش کە دەمی داخراوە و لە نێوان لێوەکانیەوە هەواکە دەرچووە. ئاناکسیمێنیس ئەم تاقیکردنەوەیەی کردووە و سەرنجی ئەوەی داوە کە چۆن هەمان هەوا لە هەمان سەرچاوەوە لە کاتی کرانەوەی دەمدا گەرمە و لە کاتی داخرانیشیدا ساردە.

چی وا لەم تاقیکردنەوەیە دەکات کە سەرنجڕاکێش بێت کە تەنانەت لە پێش ئەویشدا چەنەها کەس ئەمەیان کردووە و دەرئەنجامەکەیان زانیوە؟ سەرنجڕاکێشییەکە و هۆکاری جیاوازی ئاناکسیمێنیس ئەوەیە کە ئەو وەستا و بیری کردەوە لەوەی کە کەسانی تر بیریان لێ نەکردبووەوە. وە پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی بەو جۆرەیە؟ بۆچی ئەو جیاوازییە هەیە و هۆکارەکەی دەبێت چی بێت؟

لە ئێستادا ئەو تاقیکردنەوەیە بووە بە بناغەی دروستبوونی سارد کەرەوەکان. چونکە لە ئێستادا ئەوە زانراوە کە فراوانبوونی مەودای بڵاوبوونەوەی گازەکان وا دەکات پلەی گەرمیان بەرزبێتەوە و کەمبوونی مەودای بڵاوبوونەوەکەیش پلەی گەرمی دادەبەزێنێت. بەمە دەڵێن یاسای بۆیڵ. بەڵام ئەو کاتەی کە ئاناکسیمێنیس ئەم تاقیکردنەوەیەی ئەنجامدا بیری لەوە نەدەکردەوە کە تاقیکردنەوەکەی ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی تەکنەلۆژی و تەواوی مرۆڤایەتی پشتی پێ ببەستن. بەڵکو ئەوەی کە وایکرد ئەو تا ئەم سەردەمە گرنگ بمێنێتەوە لامان فزووڵەیەکەی بوو بۆ تاقیکردنەوە و زانین. بە تایبەت لەو سەردەمەی کە ئەو تیادا دەژیا کە خەڵکی بە تەواوەتی پەیوەست بوون بە بیرۆکەی خودا و هێزی باڵاوە.

گەڕانەوە بۆ دواوە لەپێناو لێکۆڵینەوە و زانیندا کارێکی زۆر ڕادیکاڵانە بووە. کەسانێکی زۆر نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن و فەیلەسووفیش هەبووە کە کوژراون لە ئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ زانین و دروستکردنی پرسیار، بۆ نموونە سوقڕات. خاڵە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە کە فەیلەسووفەکان ئەنجامی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەکانیان تەنها لای خۆیان هەڵنەگرتووە، بەڵکو خستوویانەتە بەردەم خەڵکیش. ئەوەیش هەرچەندە نەگونجاو بێت بۆ دۆخی جێگیری خەڵک، هێشتا دەکرێت بەهۆیەوە شۆڕشی مەعریفی گەورەی لێوە دروست ببێت. ئەرستۆ زۆر سەرکەوتووانە توانی ببێت بە سەرمەشقی هەموو ئەو هەوڵ و دۆزینەوانەی کە فەیلەسووفە پێش سوقڕاتییەکان جێیان هێشتبوو و دواجاریش باجی ئەوەی بە قورسی دا دوای ئەوەی کە دووجار لە ئەسینا نەفی کرا.

باشترین دەستکەوتی گەڕانەوەکەی ئەرستۆ بۆ فەیلەسووفەکانی پێش خۆی و سوود وەرگرتنی لەوان بریتی بوو لەوەی کە ئەرستۆ باشتر بە خۆی و تواناکانی خۆی ئاشنا ببێت. چونکە کاتێک کەسێک بەباشی لە دەوروبەری خۆی تێدەگات، دەتوانێت باشتر لە خۆیشی تێبگات. بە بڕوای من ئەمە ڕێک ئەو کاتەیە کە مرۆڤ، یاخود فەیلەسووف دەتوانێت ببێت بە بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆی. واتە ئەم ناسینی دەرەوە و دواتریش ناوەوەی خۆت کە لە ئەرستۆدا بەباشی دەردەکەوێت. ساتی ڕاستەقینەی دروستبوونی تاکە.

بیردۆزەکەی ڕۆبن دەنبار لەسەر سەرچاوەی ئایین دەتوانرێت وەک دژی ئەو بیرۆکەیە باس بکرێت کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەو دوای ئەوەی کە باسی قۆناغی یەکەمی ئایینی کرد کە تیایدا مرۆڤەکان پێکەوە دەچنە ناو دۆخێکی تایبەتی ڕۆحی، دواتر باسی قۆناغی دووەمی ئایین دەکات کە تیایدا تاکەکان کۆمەڵێک چالاکی نوێ دەدۆزنەوە کە بەستراوەتەوە بە چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و بەدەرلەوە لە چوون بەرەو دۆخێکی جیاواز لە دۆخی ئاسایی. ڕشتنی مەی، نوێژ و نزا کردن، قوربانی و سەردانکردنی قەشە لەو چالاکیانە بوون کە مرۆڤەکان ئەنجامیان دەدا. لێرە بەدواوە ئایین تێکەڵی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەیی مرۆڤەکان بوو.

دەنبار ئەم قۆناغ و جۆرەی ئایین بە “ئایینی ڕێبازیانە” ناو دەبات. پێشی وایە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی نیۆلیتیک (١٠٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ ساڵی پێش زایین) لەو کاتەی کە باپیرانمان دەستییان کرد بە ڕاوکردن، ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و دروستکردنی ژیانێکی جێگیر. هەر لەو سەردەمەیشدا بوو کە یەکەمین پەرستگاکان دروستکران.

میسڕی دێرین باشترین نموونەی ئەم شێوازەیە لە ژیان. پاشماوەکانی شارستانی میسڕی وەک هەرەم و گۆڕەکانیان، تا ئێستایش باس دەکرێن. لەم قۆناغەدا خوداکان وردەکاری زیاتریان بۆ زیاد بوو. بۆ نموونە لە میسڕ هەرکات خۆر هەڵبهاتایە خەڵکی دەیانگوت کە خوداوەند ڕەع لە ململانێ هەمیشەییەکەیدا سەردەکەوت بەرامبەر بە خوداوەند ئەپۆفیس.

هاوشێوە