رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا سەردەمی تاکگەرایی بەرەو کۆتایی دەچێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

مایکڵ فۆلەی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بیرۆکەی ئەم نووسینەم ئەو کاتە بۆ هات کە لەناو سینەمایەک بووم و چاوەڕێی وەرگرتنی گەنمەشامی بووم. لەو کاتەدا چاووم بە دیوارەکاندا دەگێڕا و سەیری پۆستەری نوێترین فیلمەکانم دەکرد. کە سەیرم دەکردن هەستم بە شتێکی جیاواز دەکرد. ئەو شتە جیاوازە ئەوەبوو کە فیلمەکانی ئێستا لە جیاتی ئەوەی کە یەک پاڵەوانیان هەبێت، پاڵەوانەکانیان دوو کەس یاخود کۆمەڵێک کەسن پێکەوە. ئەمەیش زۆر جیاوازە لە فیلمەکانی پێشوو کە تیایاندا پاڵەوان تەنها یەک کەس دەبوو و تەنها خۆی هەموو کێشەکانی چارەسەر دەکرد.

ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەنانەت پاڵەوانەکانیش لەم سەردەمەدا ئەوەیان پێ باشترە کە بە کۆمەڵ بجەنگن وەک لەوەی کە بەتەنیا بن لە دژی خراپە. بیرۆکەکە هانم دەدات کە تێگەیشتنێکی کۆنی خۆم بگۆڕم لەسەر تاکگەرایی. من لە پێشتردا بەهۆی ئەو پێشکەوتنە کولتووریانەی کە ڕوویاندابوو پێم وابوو کە سەردەمی تاکگەرایی سەردەمێکی هەمیشەیی دەبێت. بەڵام لە ئیستادا پێم وایە کە سەردەمێکی کاتییە و ڕۆژێک دێت کە کۆتایی بێت. یاخود دەتوانین بڵێین کە تاکگەرایی تەنها کاردانەوەیە بۆ کۆمەڵێک چەپاندن و بەستنەوەی تاک کە لە ئیستادا ئەو کێشانە خەریکن چارەسەر دەبن.

تاکگەرایی ئەو بیرۆکە مەزنە بوو کە زۆر بە باشی لە خزمەت ئازادی تاکدا بوو و وایش دەردەکەت کە بیرۆکەیەکی گەردوونی بێت و بۆ هەمیشە وەک ڕاستییەکی ڕەها بمێنێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا گەردوونی نییە و دەتوانین بە ئاسانی بیبینین کە تەنها لەناو ڕۆژئاوادا بەهێزە. وە ڕاستییەکی ڕەها نییە و دەتوانرێت ڕەخنەی لێبگیرێت و دواجاریش ناکرێت وەک بیرۆکەیەکی هەمیشەیی دایبنێین.

گەشەکردنی تاکگەرایی

دروستبوونی ئوستوورەی تاکگەرایی بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە بیرمەندە ڕۆشنگەرییەکانی سەدەی هەژدە دەیانویست تاک لە کۆت و بەندەکانی ئایین دەربکەن و تێی بگەیەنن کە ئازادیەکی تایبەتی هەیە کە تاک بتوانێت ببێت بە خاوەنی. بەڵام لە ڕاستیدا مێژووی تاکگەرایی زۆر لەمە دێرینترە و بە چەندین قۆناغی دیکەی ئاڵۆز و زۆردا تێپەڕیوە. وە بیرۆکەیەک بووە کە پەیوەست بووە بە کۆمەڵێک فاکتەری ئایینی، ماددی و مەعریفی. هەر بۆیە بەردەوام بە جۆرێک هەبووە. بەڵام لەگەڵ هاتنی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، ئەم بیرۆکەیە بە ڕاستەوخۆیی کاری لەسەر کرا و کاریگەری ڕاستەوخۆیشی پیشاندا بەسەر ژیانی تاکەکانەوە. بۆ نموونە ئەوەی کە کۆمەڵێک جووتیار پەیدا بن کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی زەوی خۆیان بدەن، یاخود شارنشینەکان هەوڵ بدەن ببن بە خاوەنی کاری خۆیان و شارەزایی لە بوارێکی تایبەتدا پەیدا بکەن، وە خاوەدارێتی تایبەتییان هەبێت توانای کەڵەکە کردنی سەرمایەیشیان هەبێت. هەموو ئەمە بووە هۆی دروستبوونی چینێکی نوێ لەناو کۆمەڵگاکاندا کە دەتوانین پێی بڵێین چینی ناوەڕاست. بۆیە تاکگەرایی بوو بە بیرۆکەیەک کە کۆکراوەی چەندین بیرۆکەی جیاواز بوو و هەوڵی بۆ دروستبوونی تاکێکی سەربەخۆ دەدا، کە هەمان ئامانجی زانکۆکانی ئێستای هەیە. بەڵام ئەم بیرۆکەیە چەندێک بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕانە بێت، هێشتا دەکرێت بیرۆکەکانی ناو مەسیحیەت لەم زیاتر شۆڕشگێڕانە بن. بە جۆرێک کە توانای گۆڕینی دنیای کلاسیکیان زۆر بەباشی هەبێت بەو دێڕەی کە دەڵێت “هەموو مرۆڤەکان یەکسانن”. لەوانەیە زۆرێک لە فەیلەسووفەکانی مێژوو بەم جۆرە لە مەسیحیەتییان نەڕوانیبێت و بە سەرنجدانە سەر سروشتی هۆمۆ-ساپیانسەکان کە بەردەوام ویستی ململانێ و وەرگرتنی دەسەڵاتییان هەیە ئەم بیرۆکەیە گرنگ نەبووبێت لەلایان. بەڵام بیرۆکەکە ئەوەندە شۆڕشگێڕانەیە کە دەکرێت دژی خوودی کێشەکانی ناو مەسیحیەتیش بەکار بهێنرێت، واتە کڵێسە دژی کڵێسە بجەنگێت. لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر دێڕە بەناوبانگەکەی لاری سیدنتۆپی مێژووناس کە لەسەر ئەم بابەتە وتوویەتی: “سێکۆلاریزم دیارییەکی مەسیحیەتیە کە پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە”.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا لقە بازرگانی و مەعریفییەکەی تاکگەرایی جیابوونەوە و بوون بە دوو تاکگەرایی جیاواز کە یەکێکیان سەرمایەداری پێشکەوتوو بوو و ئەوی دیکەیش تاکگەرایی ڕۆمانتیک بوو، کە مەبەست لە تاکگەرایی ڕۆمانتیک ئەوەیە کە تاک دنیای ماددی ڕەت بکاتەوە و بە تەنیا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی بدات لەگەڵ سروشتدا و پەنا بۆ کەژ و کێوەکان ببات. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم تاکگەرا ڕۆمانتیکیەکە بوو بە تاکگەرای (بۆهێمی)، کە مەبەست لێی هاتنەوەی تاکەکانە بۆ ناو شار و پەیوەستکردنەوەی خۆیانە بە شار یاخود بەشێک لە شار. ئەم تاکانە دواجار بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگای بۆرژوازییەت.

هەموو ئەم بەرز و نزمی و قۆناغە جیاوازانەی تاکگەرایی لە سەرەتادا تەنها جووڵەیەکی نوخبەیی بووە و تەنها هونەرمەند، ڕۆشنبیر یاخود سیاسییە ڕادیکاڵەکان خەریکی بوون. ئەوەیش بەردەوام دەبێت تا ساڵی شەستەکان لەو کاتەی کە تاکگەرایی دەچێتە ناو حەشامات و گەنجەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و بەهۆیەوە دەیانەوێت دەسەڵاتی حوکمەت ڕەت بکەنەوە. وە بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەر تاکێک پێویستە خۆی بێت و ئەوە بکات کە خۆی دەیەوێت.

ئەم قۆناغەی کۆتاییان تا ئەم سەردەمەی ئێستایش بە جۆرێک بەردەوامی هەبووە و هەر ئەوەیشە کە دەکرێت بە لووتکەی تاکگەرایی دابنرێت. باشترین ماوەی ئەم قۆناغە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بووە کە تیایدا چەندین بیردۆزی نوێی زانستی و سیاسی لەسەر تاکگەرایی دەردەچوون و تاکگەراییان بە هەمیشەیی و ڕاستی بابەتی دادەنا کە دواجار ڕەنگی دایەوە لە ڕۆحی سەردەمدا کە بە (زایتگایست) ناودەبرێت. ئەم تاکگەراییە پشتی بە دوو بیردۆزی زۆر بەهێز بەستووە کە یەکێکیان نیۆ-داروینزیم و ئەوی تریشیان نیۆ-لیبراڵیزمە. داروینیزمی نوێ پێی وایە کە تاکە بەهێزەکان ئەو تاکانەن کە توانای مانەوەیان هەیە لەچاو تاکەکانی تردا و هەر ئەمەیش هاندەری سەرەکی بووە بۆ زیندەوەران تا بەردەوام بن لە پەرەسەندن و لە ژیاندا بمێننەوە. لیبراڵیزمی نوێیش پێی وایە کە بازاڕ پێویستە ئازاد بێت و هیچ کۆت و بەندێک لەبەردەم تاکدا بوونی نەبێت تاکو بەردەوامی بەو ململانێیەی نیوان تاکەکان بدرێت کە ڕیشەیەکی سروشتی هەیە و ناکرێت ڕێگەی لێبگیرێت.

ڕەتکردنەوەی تاکگەرایی

لە ئێستادا هەم ئەو دوو بیردۆزە کەوتوونەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە و هەمیش خوودی ڕۆحی سەردەم “زایتگایست” گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. هەندێک لە بیرمەندەکانی ئێستای پەرەسەندن کەوتوونەتە سەر ئەو ڕایەی کە پێکەوەیی بە هەمان شێوەی ململانێی تاک گرینگە بۆ پێشکەوتن ئەگەر زیاتریش نەبێت. زۆرێکیش لە بیرمەندە سیاسییەکان پێیان وایە کە بازاڕی ئازاد ڕێژەیەکی زۆری لە نایەکسانی دروستکردووە و تەنانەت ئێستا گەیشتووە بەو ئاستەی کە سەرەڕای بوونی کەسانێکی دۆڕاو لە ئەنجامی سەرکەوتنی ڕێژەیەکی کەم، کەسە براوەکانیش تووشی زیانی گەورەبوون بەهۆی سیستەمەکەوە. لەلایەکی دیکەیشیەوە زانا و پسپۆڕە پزیکیشکییە دەمارییەکان هاتوونەتە سەر ئەو ڕایەی کە وشەی “خوود” بوونێکی زانستی جێگیری نییە و وەک زۆرینەی وشەکانی تر کە ئێمە ژیانی خۆمان لەسەر دروستکردووە، بەرهەمی مێشکە و لەپێناو دروستکردنی جێگیری هاتووەتە کایەوە. واتە ئەگەر بەجۆرێکی تر باسی بکەین دەتوانین ئەوە بڵێین کە وشەی “خوود” لە حەقیقەتدا بوونێکی جەوهەری نییە کە ئێمە بیدۆزینەوە و ئیشی لەسەر بکەین. بەڵکو خوود دەرئەنجامی پڕۆسەیەکی بەردەوامی ناجێگیرە. کەواتە چۆن مارگرێت ساچەری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەڕیتانیا دەگوت: “وشەی کۆمەڵ وەهمە و تەنها دروستکراوە”، ئێستایش دەتوانین بڵێین کە وشەی تاکیش بە هەمان شێوەی کۆمەڵ دروستکراوە و بەرهەمی ئەو سروشتەیە کە مرۆڤ تیایدا گەشە دەکات. بەشێک لە فەیلەسووفان، بۆ نموونە چارڵس تایلەر پشتگیری ئەو ڕایە دەکات کە پێی وایە گەورەترین کاریگەری لەسەر مرۆڤ بریتییە لە کاریگەری کەسانی دەوروبەری. کە ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی خوودناسی ئەوەندەی بەهۆی چواردەوەرەوە دروست ببێت، ئەوەندە بەهۆی چوونە ناو خۆت و گەڕانەوە بۆ خۆت دروست نەبێت. ئەو لە کتێبی (ئەخلاقی ڕەسەنایەتی) دەڵێت: “ئێمەی مرۆڤ، چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکرێت کە خاوەنی ڕا و بیرکردنەوەی خۆمان بین، خاوەنی تێڕوانینی تایبەت بین، دەست بە شتە تایبەتەکانی خۆمانەوە بگرین. بەڵام لە ڕاستیدا مێشکی ئێمە بەو جۆرە کار ناکات لە پەیوەند بە بابەتە گرنگەکانەوە کاتێک ئێمەی تاک دەبەسترێینەوە بە بابەتێکی گرنگەوە، هەمیشە پێویستە کەسێکی تر لە بەرامبەر خۆماندا دابنێین. وە تەواوی بەرهەمەکانیشمان کە لەو بابەتەوە گرنگەوە دروست بووبێتن، پەیوەستن بە جۆرێک لە دایەلۆگەوە کە لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا ئەنجام درابێتن. تەنانەت لە پێناسەکردنی شووناسی خۆیشمان. زۆرینەی کاتەکان کە ئێمە دەمانەوێت شووناسی خۆمان دەربخەین یان بیری لێبکەینەوە، بیرکردنەوەکەمان بەجۆرێکە کە هەوڵی ڕازی کردنی کەسی بەرامبەر بدەین، واتە ببین بەوەی کە ئەو دەیەوێت. هەندێک جار مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لەم پەیوەستبوونەی لە ئەوی تر ڕزگاری ببێت. بۆ نموونە ئاساییە تاکێک لە شوێنێکی ژیانیدا دایک و باوکی جێبهێڵێت و بەتەنیا بژی. بەڵام کاریگەری ئەوان و دایەلۆگی تاکەکە لەگەڵیاندا، هەتا ئەو کاتەی کە لە ژیان بەردەوام بێت، هەر بەردەوام دەبێت.

تەنانەت لەناو فیزیاشدا، کە فیزیا خۆی بە بابەتییانەترین دیسپلین دەزانێت کە لە تەواوی بووندا هەبێت، تێگەیشتنەکانی پێشتر لەسەر واقع گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە لەپێناو ئەوەی کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ڕاستی ئەم سەردەمەدا. لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە وا بیر دەکرایەوە کە تەواوی ماددەکانی ژیان لە بنەڕەتدا بگەڕێنەوە بۆ تەنۆلکە سەرەتاییەکان، کە هەر یەکەیان بوونێکی بنەڕەتی هەیە و لە ئەنجامی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان خۆیاندا، دەبنە هۆی دروستبوونی هەموو ئەو تەنانەی کە لە ژیاندا هەن. بەڵام لە سەدەی بیست و دواتریش لە سەدەی بیست و یەکدا فیزیا گەیشت بەوەی کە خوودی پەیوەندی نێوان تەنۆلکەکان بە بنەڕەتیتر بزانێت وەک لە تەنۆلکەکان. واتە لەجیاتی ئەوەی کە تەنۆلکە پەیوەندییەکانی دروست کردبێت، وا دانراوە کە پەیوەندییەکان تەنۆلکەکانیان دروست کردووە. یەکێک لە زانا فیزیاییە بیردۆزییەکان بەناوی کارلۆ ڕۆڤێلی بەم جۆرە باسی ئەم بابەتەی کردووە: “هیچ واقعێک بوونی نییە جگە لەو پەیوەندییەی کە لە نێوان سیستەمە فیزیاییەکاندا بوونی هەیە. ئەوە (شت) نییە کە (پەیوەندی) دروست دەکات، بەڵکو (پەیوەندی)ـیە کە (شت) دروست دەکات.” ئەم بیرۆکەیەی تایلەر هەم بۆ بابەتی تاکگەرایی و هەمیش بۆ شەرحکردنی دروستی تەنۆلکە سەرەتاییەکان دەگونجێت.

هاوشێوە