بەشی یەکەم
مارک ڤێرنۆن
وەرگێڕانی: ژیر دانا
بۆچی ئێمە پێمان وایە کە فەلسەفە لەلای یۆنانییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە؟ چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە میسڕییەکان زۆر لەپێش یۆنانییەکانەوە ئەزموونی بیرکردنەوەی فەلسەفییان کردووە. لە پێش فیساگۆرس، پارمەنەدیس و ئەرستۆوە و نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئەوان ئەو کارەیان کردووە. “هێزی ڕاستی و دادپەروەری لەوەدایە کە توانای سەرکەوتنی هەیە” ئەم دێڕە بەشێکە لە حیکمەتەکانی کەسێکی میسڕی بە ناوی پێتاحوتێب کە لە ٢٣٥٠ ساڵی پێش زایین ژیاوە.
بەپێی گەڕانەوە بۆ کتیبەکەی بێرنارد ڕەسڵ بێت بە ناوی “مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی”، مێژووی فەلسەفە لە سەدەی شەشەمی پێش زایین دەست پێدەکات لە یەکێک لە ناوچە ژێردەستەکانی یۆنان کە ناوی میلیتۆس بووە و تورکیای ئێستا دەگرێتەوە. ڕەسڵ پێی وایە کە لەو کاتەدا فەیلەسووفەکان بیرکردنەوەیان لە ئایین جیاکردووەتەوە و وەک پرسێکی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. بەڵام ئەم قسانەی ڕەسڵ لە بەشێکی کتێبەکەیدا دەکرێت بۆ دەرخستنی مەبەستێک بووبێتن وەک لەوەی کە ئێمە بێین و وەک کەیسێکی ڕاست و تەواو مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و بەکاری بهێنین. چونکە لە نووسینەکانی ڕەسڵدا لەم جۆرە مامەڵانە بەردەوام ئەنجام دەدرێن و ناکرێت هەر بەشێک لە کتێبەکانی دەربهێنرێت و بە سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوەتا یەکەم فەیلەسووفی ناسراو کە تالیسە، بیرکردنەوەکانی هێشتا لە چوارچێوەیەکی ئایینیدا بوون و کاریگەری ئایینی بەسەرەوە بووە. لە شوێنێکدا وتوویەتی: “هەموو شتەکان خودایان تێدایە”.
ئەنتۆنی کێنی نووسەرێکی ترە کە لەسەر ئەم پرسە وەستاوە و دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە. ئەو کتێبێکی هەیە بەناوی “مێژووی نوێی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی”. کێنی لەو کتێبەدا دەڵێت کە فەلسەفە لە ئەرستۆوە دەست پێدەکات کە لە ساڵی ٣٨٤ تا ٣٢٢ـی پێش زایین ژیاوە. هۆکاری ئەوەیشی کە ئەرستۆ وەک یەکەم فەیلەسووف دابنرێت ئەوەیە کە ئەو توانی سیستەمێکی ڕێکخراو دروست بکات بۆ کۆکردنەوەی بیروبۆچوونەکانی پێش خۆی، تا بتوانێت خۆیشی بە شێوەیەکی باش باسیان لێوە بکات و ڕەخنەیان بکات. ئەم سیستەمە تەنانەت لەلایەن مامۆستاکەی ئەرستۆیشەوە کە ئەفڵاتوونە، دروست نەکراوە.
دەتوانین بە ئاسانی هەست بە کاریگەرییە گەورەکەی ئەرستۆ و سیستەمەکەی بکەین تەنها لە ڕێگای سەرنجدانە سەر بەشێک لەو وشانەی کە دروستی کردوون. بۆ نموونە لە پێش ئەرستۆدا، ئەفڵاتوون وشەی چواندن “ئەنالۆژی” هەبووە و بەکاری هێناوە. بەڵام دواتر ئەرستۆ دێت و وشەی شیکردنەوە “ئەنالیسیس” دادەهێنێت و بەکاری دەهێنێت. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە ئەفڵاتوون بەردەوام خەریکی چواندنی شتەکان بووە بە ڕاستییەکی جێگیر. بەڵام ئەرستۆ پێی وابووە کە هەر شتێک دەکرێت ورد بکرێتەوە و دواتریش خۆی بە تەنها شیبکرێتەوە. جگە لەمەیش ئەفڵاتوون گرنگی زۆری بە وشەی چۆنییەتی دەدا. بەڵام دواتر ئەرستۆ گرنگی بە وشەی چەندێتی دا. هەر لەبەر ئەوەیش کە لەلای پلاتۆ بەردەوام یەکبوون، دووبوون و سێبوون هەبووە وەک لەوەی کە ژمارەکان وەک ژمارەی تەواو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. نموونەی دەرکەوتنی ئەم بیرۆکەیەی ئەفڵاتوون لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە لە زمانی سوکراتەوە پرسیارێک دەکات لەسەر دوو دڵۆپ ئاو کە دواتر یەک دەگرن و دەبن بە یەک پارچە سەهۆڵ. پرسایەرەکە ئەوەیە کە دووبوونەکە، دوالێتییەکە و سەربەخۆیی هەریەک لە دڵۆپەکان بۆکوێ چوون؟ ئەرستۆ جیاواز لە ئەفڵاتوون بە سەربەخۆیی مامەڵە لەگەڵ ژمارەکاندا دەکات. وە پێشی وایە کە ژمارە سێ تەواوترین و باشترین ژمارەیە بەو پێیەی کە لە سەرەتایەک و ناوەندێک و کۆتاییەک دروست دەبێت. وە پرسیارکردن لە چەندێتی شتەکان لەلای ئەو هەمیشە گرنگ بووە. لێرە بەدواوە بیرمەندەکان درکیان بە گرنگی لایەنی ماتماتیکی و ژمارەیی شتەکان کرد و بۆیان دەرکەوت کە هەژمارکردنی چەندێتی شتەکان گرنگ و کردارییە. ئەمەیش هەنگاوێکی نوێ بوو بۆ مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی بیرکردنەوە. ئۆین بارفیڵد دەڵێت کە لە ئەرستۆوە مرۆڤ فێری پێوانەکردن و کێشان، شیکردنەوە و بەراورد بوو. دەشتوانین ئەوە بڵێین کە لەدوای ئەرستۆوە مرۆڤایەتی گەیشت بەوەی کە مەعریفەی کرداری لە مەعریفەی تیۆری جیابکاتەوە. ئەمەیش زۆر جیاوازە لەو مەعریفەیەی کە لە ئوستوورە و نەریتەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو کە تیایدا کردار و تیۆر جیانەکرابوونەوە.
ئەم جووڵە و گۆڕانکارییە کە ئەرستۆ دروستی کرد کاریگەرییەکی زۆری بەسەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتییەوە هەبووە. بۆ هەزاران ساڵ باپیرانی ئێمە وایان بیرکردووەتەوە کە ئەوان لەناو گەردوونێکی پڕ ژیان دەژین کە بەهۆی چەند ڕاستییەکی (ئایینی-ئوستوورەیی) توانای بەردەوامبوونی هەیە، وەک لەوەی کە بچن بیر لە خوودی ڕاستییەکان بکەنەوە وەک بابەتی سەربەخۆ و کاری لەسەر بکەن. پێتاحوتێب کاتێک باسی ڕاستی و دادپەروەری دەکرد بیری لە خوودی ڕاستی و دادپەوەری نەدەکردەوە کە دوو شتی سەربەخۆبن. بەڵکو بیری لەوە دەکردەوە کە ئەم شتانە سیفاتی خوداوەندن و بوونەکەیان پەیوەستە بە بوونی ئەو خوداوەندەوە. ئەمەیش هێشتنەوەی بابەتەکانە لە شوێنێکی بەناو پیرۆزدا کە مرۆڤ نەتوانێت دەستی پێیان بگات.
ڕۆبن دەنبار کە یەکێکە لە زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندن لە یەکێک لە کارەکانیدا هەوڵی داوە سەرچاوەی ئایین بدۆزێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش لێکۆڵینەوەی لەسەر مێنتاڵیتی مرۆڤە دێرینەکان کردووە. لەناو لێکۆڵینەوەکانیدا دەنبار ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە مرۆڤەکانی چاخی پالیۆلیتیک (٢٥٠٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر) ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە دەتوانن خۆیان بخەنە نێو دۆخێکی جیاواز لە دۆخی هەبووی خۆیان. دۆخەکەیش هەمان ئەو دۆخەیە کە دواتر هەندێک ئایینی ڕۆحانی لەسەر دروست بووە و تیایاندا مرۆڤەکان پێکەوە بە ئەنجامدانی هەندێک مەڕاسیمی تایبەت توانیویانە بە مێشکیان خەیاڵێکی فراوان بکەن و هەستیش بکەن کە هەر بەڕاستی چوونەتە ناو دنیایەکی ترەوە کە دنیای ڕۆحانیەتە. مەراسیمەکان سەماکردن و هەندێک چالاکی تایبەتیان لەخۆ دەگرت کە بڕێکی زۆر لە ئیندۆرفین ڕەوانەی مێشک دەکەن و ئەو جۆرە هەستە بۆ مرۆڤەکان دروست دەکەن. هەستەکان کاریگەرییەک دروست دەکەن لەسەر مرۆڤ کە بە هەمان شێوەی بەکارهێنانی ماددەی ئۆپیۆم بێت. لەو کاتەدا مرۆڤەکان دەگەنە ئەوپەڕی ئارامی خۆیان و تەواو دادەبڕێن لە دنیای دەوروبەریان. ئەمە نەک تەنها بووە هۆی ئەوەی کە بیرۆکەی بوونی خودا لە مێشکی مرۆڤەکاندا دروست بێت، بەڵکو پێکەوەییەکی بەهێزی لەنیوان تاکەکان دروست کرد بەهۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری مەڕاسیمەکان لەلایەن کۆمەڵێک مرۆڤەوە دەکرا وەک لەوەی کە بە تەنها ئەنجام بدرێن.ئەمەیش لە کاتێکدا کە ئامۆزا نزیکەکانی مرۆڤ (شەمپانزییەکان) توانای پێکەوەیی و دروستکردنی بازنەی کۆمەڵگایی گەورەیان نییە تا بتوانن مەڕاسیمی لەم جۆرە ئەنجام بدەن و وەک مرۆڤەکان پێش بکەون. ئەم ئەزموونە ئایینییە سەرەتاییانە بووە هۆی دروستبوونی هۆز و خێڵەکان و دواتریش دروستبوونی شارەکان. بە کورتی، مرۆڤەکان توانیان ئەو بیرۆکەیە لەلای خۆیان دروست بکەن کە مانەوە، خەیاڵکردن و دروستکردنی چیرۆک و خەیاڵکردن، لەگەڵ بیرۆکەی سەرنجڕاکێشی خوودی گەردوون هەموو پێکەوە بەستراون. هەر بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر مرۆڤەکان هەموو ئەم بابەتانەی بە یەکگرتووی دەبینی و بە سەربەخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ هەر یەکێکیاندا نەدەکرد. دواجار فەلسەفە هات و هەر یەکێک لەم بابەتانەی جیاکردەوە. فەلسەفە گۆڕانکارییەکی گەورەی دروست کرد. بەڵام بێگومان گۆڕانکارییەکە تەنها لەلایەن ئەرستۆ نەبوو. من دڵنیام ئەرستۆ خۆی ئەو کاریگەرییە ببینێت کە لەسەر خەڵک دروستی کردووە بەلایەوە سەیر دەبێت، بە تایبەت کە خۆیشی بابەتی جیاکردنەوەی پڕاکتیک و تیۆری وەک بابەتێکی ئیلاهی زانیوە. ئەرستۆ هەمیشە داوای ئەوەی دەکرد کە مرۆڤ پێویستە وا مامەڵە لەگەڵ ژیانی خۆیدا بکات کە ژیانێکە کە مردنی تێدا نییە. چونکە تەنها بەو ڕێگایە مرۆڤ دەتوانێت بەختەوەر بێت لەجیاتی ئەوەی کە هەمیشە بیر لە مردنی خۆی بکاتەوە. وە هەمیشە دەیویست ئەوە تاقیبکاتەوە کە چۆن مێشکی مرۆڤ توانای تێگەیشتنی لە پرسە گەردوونییەکان هەیە بەهۆی بیرکردنەوە و هۆکارەوە. هەرچەندە ویستی ئەرستۆ ڕێک جیاواز بوو لەوەی کە دواتر ڕوویدا، دواجار ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکانی دوای ئەرستۆ بێن و چەندین بیرکردنەوەی نوێ لەسەر بناغەکەی ئەو دروست بکەن. دەتوانین بڵێین کە زانستە کردارییەکانی ئێستا بەرهەمی بیرکردنەوەکانی ئەون. ئەوەیشی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە لە ئیستادا نە ئەو زانستە کردارییانە و نە چەندین بابەتی دیکەیش پێویستیان بەوە نییە بە ڕۆح و ئیلاهیات ببەسترێنەوە بۆ ئەوەی باس بکرێن وەک چۆن کە لە پێشتردا ڕوویدەدا.