رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەخلاق و یاسا

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

ڕامین جەهانبەگلو

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

کاتێک سەیری مێژووی فیکری سیاسی دەکەین، دەبینین کە بابەتی یاسا هەمیشە پەیوەست بە جەوهەر و سروشتی ئەخلاقەوە قسەی لەسەر کراوە. زۆربەی ئەو فەیلەسووفانەی لەسەر بابەتی یاسا لێکۆڵینەوەیان کردووە هەمیشە ئەو پرسەیان بۆ گرنگ بووە کە یاساکان چۆن دەتوانن ئەخلاقی یاخود نائەخلاقی بن؟ ئایا ئێمە دەتوانین قسە لەسەر ئەخلاقیبوون یان نائەخلاقیبوونی یاسا بکەین، یاخود نا؟ ئەمە بۆخۆی پرسیارێکی گرنگە کە لە فەلسەفەی مافدا Philosophy of rights خراوەتەڕوو. زۆرێک لە بیرمەندان یاخود ئەوانەی لە پێناو مافی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە، پێیانوایە کە تاک وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی بەرپرسیارە و دەبێ دژی یاسا نائەخلاقییەکان بوەستێتەوە. ئەم پرسە لە بەرهەمی زۆر نووسەر و بیرمەنددا ئامادەگیی هەیە، لە تۆڵستۆی و گاندی و لۆسەرکینگەوە تا دەگاتە نووسەرانی ئەمڕۆ. ئەوەی کاتێک کە یاسایەکی ستەمکارانە و نادادپەروەرانەمان بینی یان دەبێت ملکەچی نەبین و سەرپێچیی بکەین، یان ئەوەتا دژی بوەستینەوە. کەواتە لێرەوە دەتوانین تێبگەین کە بابەتی ئەخلاق لە یاسا و سیاسەتدا لە لووتکەی باسەکەدایە. بەڵام زۆرکات ئەوە ڕوون و ئاشکرا نییە کە چۆن بەباتێکی ئەخلاقی لە بابەتێکی نائەخلاقی جیابکەینەوە. بەها ئەخلاقییەکان و بنەڕەتە یاساییەکان لەڕاستیدا دوو شتی جیاوازن، بەڵام پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزیان بەیەکەوە هەیە. دەشتوانین بڵێین هەمووکات پابەندبوون بە ئەخلاقەوە هەمووکات ئەرکی ئەخلاقی نین، چونکە ئەم پابەندییانە لەسەروو ئەرکە یاساییەکانەوە ئاستێکی فراوانتر و گەورەتر لەخۆدەگرن. تەنانەت ئەگەر ئەخلاق ڕەگوڕیشەی ئایینیشی نەبێت ئەوا هەمووکات هەر ئەخلاق لە یاسا باڵاترە. هەربۆیە لە سەروەختی یاسای ستەمکاردا، لە کاتی یاسای چەوسێنەر و حوکمی تاکڕەودا، باڵایی بەرپرسیاریی ئەخلاقی لەسەروو یاسایانە ڕووندەبێتەوە و وەک ویژدانێکی ئەخلاقی یاخود وەک گاندی دەڵێت: “بانگی دەروونی” لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم یاسایانە دەمانخەنە ژێر بەرپرسیارێتییەوە: خۆمانی لێی لابدەین و ڕەتی بکەینەوە. تەنانەت ئەگەر ئێمە لەناو وڵاتێکی ستەمکار و داپڵۆسێنەردا بژین کە ناچارمان بکات و بڵێین دەبێت ئەم یاسایانە قبوڵ بکەین، ئەوا ویژدانمان ڕاستەوخۆ دژی ئەو یاسایانە دەوەستێتەوە.

ئەریستۆ: یاسا وەک ڕێکخستن

ئەریستۆ پێیوایە کە یاسا بریتییە لە ڕێکخستن. ئەگەر ئەریستۆ لە ڕستەیەکدا گوزارشتی لە یاسا بکردایە ئەوا دەیگوت یاسا ڕێکخستنە. وەک دەزانن لە کۆندا و لای ئەم فەیلەسووفە دێرینانە ڕێکخستن پرس و بابەتێکی زۆر گرنگ بووە، بەڵام بۆچی؟ چونکە بەپێچەوانەی ئێمەی مۆدێرنەوە کە لە دنیایەکی بێمانادا دەژین، بەڵام لەو سەدەمە دێرینەدا هەم زنجیرەیەک لە پلەبەندییان هەبوو، هەم دەیانزانی چی دەکەن و ئامانجیان چییە. دەیانزانی گەردوون ملکەچی ڕێکخستن و هاوسەنگییەکە و دەیانویست کۆمەڵگەی مرۆییش لەدرێژەی ئەم هارمۆنی و هاوسەنگییە سروشتییەدا بەردەوامی پێبدەن. ئەوان دەیانگوت گەردوون ڕێکخستنێکی سروشتیی هەیە و ئێمەش دەمانەوێت ئەمجۆرە یاسا و ڕێکخستنە لە کۆمەڵگاشدا پراکتیزە بکەین. کەواتە کاتێک ئەریستۆ دەڵێت مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە، هاوکات ئەوەش دەڵێت کە یاسا ڕێکخستنە و یاسای باش، بریتییە لە ڕێکخستنی باش. ئێمە بە یاسایەک دەڵێین باش و چاک، بە یاسایەک دەڵێین بەختەوەری بۆ مرۆڤ دەهێنێت، کە ڕێکخستنێکی چاک و باشی لێبکەوێتەوە. بەڵام مەبەستی ئەریستۆ لە ڕێکخستن چییە؟ وەک ئاماژەم بۆ کرد، لەلایەک بریتییە لە ڕێکخستنی سروشتی، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەریستۆ قسە لەسەر سیستەمێکی ڕەفتاریی ئەقڵانی و ئامانجدار دەکات. بۆچی ئامانج؟ لەبەرئەوەی وەک لای ئەوان هەموو شتێکی ژیان و بوون خاوەنی ئامانجە. ئەخلاق و مۆڕاڵیش ئامانجی هەیە. یاسا و فیزیا و زانست و…هتد هەموویان ئامانجیان هەیە. ئەو دەڵێت دەبێت سیستەمی ڕەفتاری و ئەقڵانیش بن. واتە هەستەکی نەبن بەڵکو ئەقڵانی بن. ئەریستۆ باس لەو شتە دەکات کە ئێمە ئەمڕۆ لە کۆمەڵناسیدا پێیدەڵێن فەرمانی ئەقڵانی functional rationalism. ئەریستۆ دەڵێت ئەگەر ئێمە یاسایەکمان هەبێت و بە باشییەکانی ئەم یاسایەش ڕابێین، ئەوا کۆمەڵگا دەتوانێت لەڕێگەیەوە بگاتە ڕێکخستنێکی سیستەماتیکی، بەپیچەوانەوە و ئەگەر بەم جۆرە نەبێت ئەوا کۆمەڵگە بەرەو شڵەژان و لەناوچوون دەڕوات. کەواتە بەوپێیەی ڕێکخستن لێرەدا ئامانجە، بەوپێیەی دەبێت ڕێکخستنی گەردوونی لە کۆمەڵگادا پڕاکتیزە بکرێت، دەبێت تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە بڕوایان بەم یاسایە هەبێت و یاساکنیش بەجۆرێک هەڵقوڵاوی ئیرادەی ئەوان بێت و بە باشییەکانی یاساکان ڕابێن.

وەک دەبینین ئەخلاق و یاسا چەندە لەیەکەوە نزیکن، لەڕاستیدا ئەخلاق پاراستنی مافی ئەویترە و هەندێک بنەڕەتی ڕەفتارییە کە ئایین، نەریت، کۆمەڵگا و وەک ئێمانوێل کانت دەڵێت بەشێوەی سەربەخۆ خۆمان بە خۆمانی دەبەخشین، بەڵام دەمانەوێت لەپەیوەندیدا بەوانیترەوە بەکاری بهێنین. ئێمە ناتوانین وەک ڕۆبنسۆ کرۆزۆ بژین[1]، ئێمە تەنانەت دەتوانین بڵێین کە یاسا خاوەنی ئامانجێکی ئەخلاقییە. واتا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاربکات. کەواتە یاسا بەهەمان شێوەی ئەخلاق، یاخود پیادەکردنی ئەخلاقییانەی یاسا، دەبێ یارمەتیدەرمان بێت لەپێناو بەرژوەوەندیی گەشتیدا هەنگاو بنێین. بەبڕوای ئەریستۆ ئەوەی پەیڕەوی لە یاسا بکات، بەرامبەر سروشتی یەکسانی، سروشتی دادپەروەری و لەڕاستیدا بەرامبەر سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی گەیشتۆتە هۆشیاری. چونکە بەپێی ئەم هۆشیارە ڕەفتاردەکات و بەدوای بەختەوەریی خۆی و هەموواندا دەگەڕێت.

ئەریستۆ دوو وشەی یۆنانی بەیەکەوە بەکاردەهێنێت، یەکێکیان وشەی لۆگۆسە (کە لێرەدا بەواتای ئەقڵانیەتی ئەرکی یاساکان دێت)، و هەروەها وشەی دووەم بریتییە لە دیکایۆن (کە بەواتای دادپەروەری دێت). واتا ئەقڵانیەتی ئەرکی یاساکان و دادپەروەری لەناو دوو تای یەک تەرازوودان و هەردوولا دەبێت هاوکێش و هاوسەنگ بن. واتا بابەتێک بۆئەوەی یاسایی بێت، دەبێت لە ئارەزوو و هەوەسی مرۆیی و هەستەکان دووربێت. بەبڕوای هەموو بیرمەندانی کۆن ویستی دەسەڵات لە یاسا دوورمان دەخاتەوە. ویستی دەسەڵات تەنانەت نوخبەکانی کۆمەڵگاش کوێر و کورتبین دەکات. چونکە پشت بە ئەقڵ نابەستێت، بەڵکوو پشت بە ئارەزوو و هەوەس دەبەستێت. ئێمە بەچاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی بەردەوام و تەنیا چاویان لە دەسەڵات بێت ناتوانن یاسا پارێز بن، چونکە کێشەکەی ئەو دەسەڵاتە نەک یاسا.

ئەگەر یاسایەک بەڕەهایی باش بێت، بۆیە باشە چونکە لە هەموو شوێنێک باشە. واتا دۆخێکی گەردوونی و یۆنیڤێرساڵانەی هەیە. ئەگەر یاسایەک بەشێوەی ڕێژەیی باش بێت، لەبەرئەوەی لەناو دەستەوتاقمێکی تایبەتدا، لەناو خەڵکانێکی تایبەتدا، لە جوگرافیا و قۆناغێکی مێژوویی تایبەتدا باشە. مافی مرۆڤ ناوەڕۆکێکی هەمەکی و جیهانیی هەیە، بۆ هەموو مرۆڤەکان نووسراوە. ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە یاسا باڵاترە کە بابەتێکی تایبەتی. مەسەلەی یاسادانان پەیوەندییەکی قووڵی بە کۆمەڵگای سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵگاوە هەیە.

تۆماس ئەکویناس: یاساکان ئەوکات ئەخڵاقین کە لەخزمەت بەرژەوەندیی گشتیدابن

تۆماس ئەکویناس دەڵێت یاسا هیچ نییە جگە لە فەرمانی ئەقڵ لەپێناو بەختەوەریی گشتیدا، لێرەوە زۆر لە ئەریستۆ نزیک دەبێتەوە چونکەی لای ئەمیش دیسان بەختەوەریی گشتی گرنگە. ئەو پێیوایە یاساکان ئەوکات ئەقڵانین کە دەخرێنە خزمەتی بەختەوەریی گشتییەوە. کەواتە دادپەروەری لەپەیوەندی بە بەختەوەریی گشتییەوە پێناسە دەکرێت نەک دەسەڵاتی تاکەکەس یان چەند کەسێکی دیاریکراو. کەواتە لێرەشدا یاسا بنەڕەتێکی ئەخلاقیی هەیە کە بژاردەی کەسەکان دەستنیشان و سنووردار دەکات. یەکێک لە بابەتەکانی یاساش هەر ئەمەیە، واتا چۆن هەڵبژاردنەکانمان دیاری بکەین و هاوکات سنوورداریشی بکەین. هەڵبەت فەیلەسووفانی ڕەواقی بۆچوونێکی تایبەتیان لەسەر ئەم بابەتە هەیە و دەڵێن یاسا بریتییە لە پەیوەندییەکی بونیادی لەنێوان ئەقڵ و سروشتدا. ئەوان باس لە یاسایەک دەکەن لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی گەردوونیدا. پێویستە لێرەدا شتێک لەبیرنەکەین، کاتێک یۆنانییەکان (سوقرات، ئەفڵاتوون، ئەریستۆ…هتد) باسی یاسا دەکەن، لەڕاستیدا باسی خۆیان دەکەن. باسی نەتەوەکانی تر و گەل و خەڵکی تر ناکەن. لەبەرئەوەی پێیانوایە کە ئەم یاسایانە بۆ خۆیانە کە لە چوارچێوەی سیستەمی دیموکراسیی ئەسینادا دەژین نەک نەتەوەکانی تر کە لەناو سیستەمی ئیمپڕاتۆرێتیدان. چونکە ڕەواقییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان پیشینەی مەسیحییەتن بۆ یەکەمجار قسە لەسەر مافی سروشتی دەکەن. ئەوان بابەتێکی نوێ دەهێننە ئاراوە کە هەمان جیهانیبوون و گەردوونیبوونی یاساکانە. لای ئەوان لەڕووی فیکری/ فەلسەفییەوە کۆیلەیەک و ئیمپڕاتۆرێک یەکسانن، کەواتە لەڕووی یاساییشەوە یەکسانن.

مۆنتیسکۆ: یاسا وەک پەیوەندیی نێوان دیاردەکان

ئەگەر بڕۆینە پێشتر و سەردەمی ڕۆشنگەری، هەموو دەزانن ئەوانەی ماف و یاسا دەخوێنن ناچارن بگەڕێنەوە بۆ مۆنتیسکۆ. مۆنتیسکۆ بەپیچەوانەی ڕەواقییەکان پێیوایە یاسا جۆرە پەیوەندییەکە لەنێوان هێزەکان و بوونەوەرەکان. ئەم پەیوەندییە لای ئەو زۆر گرنگە و خۆی لە کتێبی (ماف و یاساکان)دا دەڵێت: یاسا پەیوەندیی حاشاهەڵنەگری نێوان دیاردەکانە. لەبەرئەوە مۆنتیسکۆ باسی ڕوح دەکات، ڕوحی یاساکان. واتا وەک چۆن پەروەردە بۆ خۆدوورگرتنە لە هەڵەکانی مرۆڤ، یاساش ئاگادارمان دەکاتەوە لە بەرپرسیاریمان بەرامبەر مرۆڤەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا. ئەو باسی سنوورەکانمان دەکات، دەڵێت: “ئازادی بریتییە لەوەی مرۆڤ ئەو کارانە بکات بەو مەرجەی یاسا ڕێگەی پێبدات و ئەوەی کە یاساش ڕێگریی لێدەکات ئەنجامی نەدات”. کەواتە لای مۆنتیسکۆش یاسا دەبێت سنوور بۆ ڕەفتارەکانمان دابنێت.  ئێمە لە سەدەی بیست‌ویەکدا تەماشای ئەم ئایدیایە دەکەینو دەپرسین تا چەند ئەم ئازادییانەمان هەیە؟ دەگەڕێمەوە بۆ ئێمانوێل کانت کە دەڵێت: ئێمە بوونەوەری ئەقڵانین، هەربۆیە کەسانی سەربەخۆ و خودموختارین. هەر بەم سەربەخۆییەش یاسا و ئەخلاق دروست دەکەین. کەواتە ئەم سەربەخۆییەیە کە دەبێتە بنەڕەتی کەرامەتی مرۆڤ. ئەگەر مرۆڤێک سەربەخۆ نەبێت ناکرێت پێی بگوترێت مرۆڤی ئەخلاقی و یاسایی. ئەمەش بۆ ئێمەی مۆدێرن زۆر گرنگە. چونکە ئەگەر ئێمە یاساکانمان لە بابەتی دەرەوەی خۆمان، واتا فەرمانی خودایی، یان فەرمانی سەروو کۆمەڵایەتی وەربگرین، سەربەخۆییمان لەناودەچێت و کەرامەتی مرۆییشمان دەڕوشێت. کانت مرۆڤ بە خاوەن ئازادی دەزانێت بەڵام بەشایەنی ئازادیی نازانێت. ئەمەش دیسان بابەتێکی زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی سنووری ئازادی هەر کەسێک لە ئازادیی ئەوانی تردا کورت دەبێتەوە. واتا دەبێت بیسەلمێنین کە شایەنی ئەم ئازادییەین. لێرەدا هاوکیشەیەکی بەناوبانگی کانت هەیە کە بەمجۆرەیە: “بەجۆرێک ڕەفتار بکە کە بەکاربردنی ئازادییەکانت بتوانێت لەگەڵ ئازادیی هەر کەسێکی تردا بتوانرێت لەسەر بنەمای یاسایەکی گشتی دابمەزرێت.” هەر ئەو دەربڕینەوەی بۆ ئەخلاق هەیەتی، هەمان دەربڕینیش بۆ یاسا بەکار دەهێنێت.

هیگڵ: یاسا وەک زەڕوورەتی مێژوو

با باسەکەمان لە کانتەوە بگوازینەوە بۆ هیگڵ. بزانین ئەو چۆن تەماشای ئەخلاق و دەوڵەت دەکات. هیگڵ وەک کانت و ڕوسۆ یاسا بە بەرهەمی ئیرادەی ئازادیی مرۆڤەکان دەزانێت. بەڵام جیاوازییەکی سەرەکی لەنێوان هیگڵ و ئەوانیتردا هەیە، کە بریتییە لە مێژوو، یاخود زەڕوورەتی مێژوویی: یاسا بۆ هیگڵ زەڕوورەتێکی مێژووییە. کەواتە بابەتی یاسا گرەنتیی ئەقڵانیەتی تاک نییە. بەڵکو هەلومەرجێکە کە لەڕێگەی خەباتێکی مێژووی لەپێناو خودناسی و سەرلەنوێ ناسینەوەی تاکەوە خۆی نمایش دەکات. لەبەرئەمەیە کە یاسا مانا بە ژیانی سیاسیی تاکەکان دەبخشێت بەڵام دەبێت یاسا هەمیشە لە پێشکەوتندا بێت لەگەڵ پیشکەوتنی ئەخلاق لە خێزانەوە بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەت. دەبێت لەم سێکوچکەیەدا کارەکانی ئەنجام بدات، ئەگەر نا ناتوانێت بگاتە ئەو شێوەیەی هیگڵ مەبەستێتی. بۆچی باسی ئەمە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر باسی یاسا بکەین، دەبێت باسی ئەخلاقی مەدەنیش بکەین و پێمانوایە کە یاسا لە ڕەهندێکدا دەبێت ئەخلاقیكی مەدەنیش بێت. بەڵام هیگڵ باس لە ئەخلاقێکی گشتی دەکات و لە ئەخلاق جیای دەکاتەوە. واتا ئەخلاقی گشتی لە ئەخلاقی کانتی گرنگترە. چونکە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی یەکسانییە لەنێوان واقیعێکی هەبوو لەگەڵ یاسا، کەواتە یاسا دەبێت بەرجەستەی ئەو ئازادییە بێت کە ئێمە وەک نەتەوە، یاخود وەک کۆمەڵگایەکی سیاسی لەناو مێژوودا بەدەستی بهێنین، ئەگەر نا بە بڕوای هیگڵ ئەو یاسایە قبووڵکراو نییە. لێرەوەیە کە دەوڵەت دەبێت بە شتێکی ئەخلاقی. دەوڵەتێک کە ناتوانێت یاسا ئەخلاقییەکان ژێرپێ بخات، چونکە بەرجەستەبوونی دەوڵەت ڕەنگدانەوەی هەر ئەم ئەخلاقە کۆمەڵایەتییەن.

یاسا بۆ ئەوەی یاسا بێت، دەبێت شەرعێتێکی ئەخلاقیی هەبێت. چونکە وەک مارتین لۆتەرکینگ دەڵێت ئامانجی یاسا دەستەبەکردنی دادپەروەرییە. ئەگەر یاسا نەتوانێت ئەم یاسایە بچەسپێنێت، خۆی دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردنی دادپەروەری. ئەمە هەمان ئەو نموونانەیە کە بینیومانە. دەوڵەتگەلێک هاتوون و یاسایان داناوە و ئەم یاسایانە خۆیان بوون بە لەمپەڕی پێشکەوتنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.


[1]  کارەکتەرێکی ڕۆمانێکی دانیال دیفۆیە بەهەمان ناوەوە. کەسێکە بە تەنیا لە دوورگەیەکدا و دوور لە کۆمەلگا و خەڵک ژیان بەسەردەبات.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە