رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پارادۆکسی تاکگەرایی مۆدێرن

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

مارک وەینەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

زۆرێک لە کۆنزەرڤاتیڤەکان ئەوەیان کردووە بە بەشێک لە بناغەی باوەڕیان کە ئازادی تاک تەنها لە کاتێکدا توانای سەرکەوتنی دەبێت، کە دەوڵەت لاواز و سنوردار بێت. “هەتا دەسەڵاتی حکومەت زیاتر فراوان ببێت، ئازادی تاک زیاتر سنووردار دەبێت”. ئەمە بەشیکە لە نامەی ماڵئاواییەکەی ڕۆناڵد ڕەیگنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە دوای جێهێشتنی پۆستەکەی بڵاوی کردەوە. ڕۆناڵد ڕەیگن بڕوایەکی قووڵی بەم دێرە هەبووە و بە جۆرێک وەسفی ئەم دێڕەی کردووە وەک بڵێیت بە  هێندەی یاساییەکی سروشتی فیزیا ڕەها و ڕاستە. ئەم بۆچوونە بۆچوونی زۆرێک لە ئازادیخوازەکانە و بە تایبەتیش ئازادیخوازە ئەنارشیستییەکان. ئەوان پێیان وایە کە ناکۆکی نێوان تاک و حکومەت ناکۆکییەکی بنەڕەتییە و هەرگیز بە تەواوەتی کۆتایی نایەت.

بەڕای من ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە. لە ڕوانگەی بۆچوونەکەی بەرامبەر خۆی و مێژووی یاساوە، ئەم بۆچوونە بە جۆرێک دەردەکەوێت کە کۆمەڵێک سیفاتی وەهمی و ترسناک بەو تاکانە ببەخشێت کە لەژێر سایەی حکومەتە مۆدێرن و لیبراڵەکەی خۆیاندا ژیانێکی ئارامیان هەیە و سوود لە حکومەتەکەی خۆیان وەردەگرن. من گومانم لەوە نییە کە دەکرێت دەوڵەت ببێتە کەرەستەیەک بۆ دروستبوونی ستەمکاری. بەڵام نابێت نکوڵی لەوەیش بکەین کە حکومەتی باش توانای ئەوەی هەیە کە کار بۆ قازانجی خەڵک و سەربەخۆیی تاک بکات.

وەک چۆن لەناو نوێترین کتێبمدا بە ناوی “یاسای خێڵ” ئاماژە پێداوە، من پێم وایە کە هەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی بە‌هێز توانای ئەوەی هەیە کە ژیانێک دەستبەر بکات بۆ تاکەکان کە وەکو تاکی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، وەک لەوەی کە وەک ئامۆزای یەکتر سەیر بکرێن. لە کاتی نەبوونی ئەم دەسەڵاتە بەڕێوبەرییە ناوەندییەیشدا، تاکەکان هەر کات تووشی کێشەگەلێک ببن کە خۆیان نەتوانن چارەسەری بکەن، ئەو کاتە ناچار دەبن پەنا بۆ لایەنی دیکە ببەن کە زۆرجار لە فۆڕمی خێڵدا خۆی دەبینێتەوە کە درێژکراوەی خێزانە. چونکە تاکەکان پێیان وایە کە ئەندامانی خێڵ بەهۆی پەیوەستییان بە یەکترەوە ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە مافی یەکتری دەستەبەر بکەن و کاری بۆ بکەن.

ئەم گەڕانەوەیە بۆ خێڵ زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خێڵ بە شێوازێکی ڕاستەوخۆتر ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ تاک بکات و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی بکات، لە چاو حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندیدا. ئەوەیش بەهۆی ئەوەوەیە کە خێڵ لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای خزمایەتی دروستبووە کە پەیوەندییەکی سروشتی بەهێز و هەمیشەییە. هەر بۆیەش کاریگەری خێڵ بەردەوام بوونی دەبێت هەتا ئەو کاتەی کە مرۆڤەکان بە یەکترییەوە بەسترابێتنەوە.

یەکێک لە پێکهاتەکانی حکومەتە لیبراڵە مۆدێرنەکانی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە کار لەسەر نەهێشتنی ئەم گەڕانەوە بەردەوامەی تاک بکەن بۆ خێڵەکەی خۆی. بۆیە ئەگەر ئامانجی ئەو ئازادیخوازانە و ئەو ڕەخنەگرانەی کە ڕەخنە لە نەریت دەگرن و بەرهەمی ڕۆشنگەرین، لەجیاتی ئەوەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بێت کارکردن بێت بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی تاک، ئەوا وەک ئارنۆڵد کلینگ دەڵێت: “ئازادیخوازەکان دەبنە هۆی بەهێزبوونی زیاتری دەوڵەت”. دواجار ئەوان پێویستە ببنە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ لە تەواوی گۆشە جیاوازەکانەوە کۆبکنەوە و ئامادەیان بکەن بۆ ئەوەی کە حکومەتێکی پێ دابمەزرێنن کە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی تاکدا کار بکات.

ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ دەسەڵاتی خێڵدا ئەزموونێکی گەردوونییە کە هەمیشە ئامادەیی هەیە. ئەم ئەزموونە لە فۆڕم و کاتی جیاوازدا خۆی دەردەخات هەر لە سەدەکانی ناوڕاستی سکۆتلەنداوە تا دەگات بە دەوڵەتە مۆدێرنەکەی ئێستای وڵاتی لیبیا. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتی خێڵ تەنها پەیوەست نییە بە ڕەگەز و جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە. خێڵ لە ئێستادا گۆڕانکاری گەورە بەسەر فۆڕمەکەیدا هاتووە لە چاو فۆڕمە کۆنە خزمایەتییەکەدا. وە خیڵی ئیستا نەک تەنها ئەوەی هانی تاک دەدات لە دەوڵەت جیاببێتەوە لەپێناو دەستبەرکردنی ئازادی خۆی، بەڵکو پێی وایە کە تاک دەبێت لەڕێگای ڕووبەڕوو بوونەوەی خوودی دەوڵەت ئەم کارە ئەنجام بدات.

کاتێک من باس لە سەروەری خێڵ و یاساکانی خێڵ دەکەم، مەبەستم سێ دیاردە و تایبەتمەندێتی هاوچەرخی خیڵە نەک خێڵ بە مانا کۆنەکەی. لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا کە یەکێک لەم سێ دیاردەیەی تێدا بەرجەستە بێت، کێشەی گەورە بۆ سەربەخۆیی تاک دروست دەبێت. وەک هیشام شەرابی نووسەری فەڵەستینی لە کتێبی (باوکسالاری نوێ) ئاماژەی پێداوە “تاک توانای سەربەخۆبوون و بوونە خاوەنی مافەکانی خۆی نییە”. لە کاتی هەبوونی دەسەڵاتی خێڵدا، تاک لەناو بازنەی کۆمەڵێک کەسی تردا دەتوێتەوە کە هێز و پیاوبوون تیایدا لە سەنتەردایە و دەسەڵاتیش تەنها لەو سەنتەرەدا دەمێنێتەوە.

یەکەم دیاردەی تایبەت بە خێڵ کە لەم سەردەمەدا بوون و کاریگەری هەبێت بریتییە لە دیاردەی  ڕێکخستنی کولتوور و یاسا کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای خزمایەتی. جۆرە کۆمەڵگایەک هەن کە بەم جۆرەن و دابەشبوونی هێز تیایاندا هیچ نییە جگە لە درێژکردنەوەی پەیوەندییە خێزانییەکان و دابەشکردنی هێز لە نێوان ئەندامەکانی. تەواوی کار و چالاکییەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەم خزمایەتییەدا دەبێت و تاکیش هیچ توانایەکی نامێنێت جگە لەوەی کە بەردەوام پەیوەندییە خێزانییەکەی خۆی بپارێزێت. (دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم جۆرە کۆمەڵگایە جیاوازە لەو کۆمەڵگایەی کە تەنها یەک خێزانی داخراوی ناوەکی بوونی هەیە و دەسەڵاتی ڕەها تەنها لە دەستی ئەو بازنە بچووکەدایە). نموونەی ئەم جۆرە کۆمەڵگایە لە ئێستادا ئەفغانستان و سۆماڵە. بەڵام بە درێژایی مێژوو ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا بوونی هەبووە.

دووەم دیاردە بریتییە لەوەی کە لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٠٤ـی یو ئێن بۆ گەشەپێدانی مرۆیی عەرەب ئاماژەی پێکرابوو کە بریتییە لە “خێڵگەرایی”. ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا تەواو دابڕاون لەو جۆرە کۆمەڵگا مۆدێرنەی کە لە دەرەوەی خۆیان بوونی هەیە و تەواوی کۆمەڵگا لەسەر تۆڕێکی خێلگەڕایی دروستبووە کە سەنتەری هێزی هەر یەکێکیان باوکسالارییە. لە خێڵگەراییدا حکومەت خۆیشی لەسەر هەمان بنەمای خێڵ دامەزراوە، هەر بۆیە حکومەت لەم کۆمەڵگایەدا ناتوانێت وەک تاکی ئازاد و سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییاندا بکات و هەمیشە وەک ئەندامی خێڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات کە بەردەوام ئەگەری دروستبوونی کێشەن. خێڵگەرایی زۆرجار درێژکراوەی هەمان دەسەڵاتی داگیرکاری کۆڵۆنیالیزمە کە چۆن لایەنێک لایەنەکانی تر دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. سێیەم دیاردە و باوترین دیاردە بریتییە لەوەی کە دەسەڵاتی تەواو لە دەستی خێڵدا بێت لەجیاتی ئەوەی کە لە دەستی حکومەتدا بێت. لەم جۆرە کۆمەڵگا دژەلیبراڵەدا دەوڵەت یاخود دەسەلات هیچ نییە یاخود دەسەڵاتێکی لاوازی هەیە. وە لەبەر لاوازی دیموکراسیش تیایاندا دەرفەتی حکومەتێکی بەهێز کە هەڵبژاردەی گەل بێت لە ئارادا نییە. دواجار لەم جۆرە کۆمەڵگایە خاوەن دەسەڵاتەکان کە خوودی خێڵەکانن بەردەوام خەریکی تاوانکاری دەبن لەپێناو دەستکەوتنی بەرژەوەندی خۆیاندا، جا تاوانەکان لە کوشتن و مافیاگەرییەوە دەست پێدەکات تا دەگات بە بازرگانی ماددەی هۆشبەر وەک ئەوەی کە لە مەکسیک دەگوزەرێت. لە ئێستادا لەناو زۆرێک لەو وڵاتانەی کە گروپی توندڕەو و لایەنی بەهێزی تێدایە کار بۆ ئەوە دەکەن کە سیستەمی وڵاتەکەیان وەک ئەم جۆرە خێڵگەراییە لێ بکەن.

لە دەرئەنجامی ئەم نموونانە و باسکردنیان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە حوکمی خێڵ بریتییە لە شێوازێکی حوکمکردن کە تیایدا کۆمەڵێک کەس دەیانەوێت بەهۆیەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنن.

سەرەڕای جیاوازییەکانی ئەم سێ جۆرە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەتوانین ئەوە ببینین کە لە هەرسێکیاندا خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە ئازادی و سەربەخۆیی تاک تیایاندا پشتگوێ دەخرێت. لەم جۆرە پێکهاتەیەی کۆمەڵگادا سەرچاوەی دەسەڵات ناگەڕێتەوە بۆ سەنتەرێک کە حکومەتێک جێگیر و بەهێز بێت و سەر بە هیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراو نەبێت. بەڵکو دەسەڵات لە دەرەوەی ئەو سەنتەرە، واتە حکومەتە و هەر لە دەرەوەی ئەو سەنتەرەیش پێوەر بۆ هەڵسوکەوتی تاکەکان دادەنرێت بە باش بێت یان خراپ. وە سەرچاوەی دروستبوونی شەرەف و عەیبە دەبێت کە دواجار بە ڕاستەوخۆیی بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییە تاکڕەهەندییەکانی خۆیەوە. هەر چەندە ئەم شەرەف و عەیبەیە کە لەناو دەسەڵاتی خێڵەکاندا ئیش دەکات وەک جۆرە یاسایەک وایە کە بەهۆیەوە تاکەکان بتوانن خۆیان بەرەوپێش ببەن، بەڵام زیانێکی زۆری هەیە و دواجار تاک بەهۆیانەوە باجێکی گەورە لەسەر تاکگەرایی خۆی دەدات.

لەناو کۆمەڵگای شەرەف و شوورەییدا ئەگەر بمانەوێت وەسفی پێکهاتەی ئابووری بکەین، پێویستە سەرەتا لەوە تێبگەین کە چۆن بەهای کۆمەڵایەتی کەسەکان بە خزمەکانیانەوە بەستراوەتەوە و هەر تاکێک خۆی بە بەرپرس دەزانێت لە شەرەف و شوورەیی خزمەکانی تری. دابەشبوونی ئابووریش هەر درێژکراوەی ئەم پەیوەندیەیە و هاوبەشە لە نێوان خزمەکان. ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک دوای تەمەنێک کارکردن خانەنشین ببێت و بیەوێت مووچەی خانەنشینییەکەی وەربگرێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە نەتوانێت تەنها خۆی کۆنترۆڵی داهاتی خانەنشینییەکەی بکات و هەر یەکێک لە ئامۆزاکانیشی بتوانن هاوشانی خۆی ئەو کارە بکەن.

ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک بەردەوام لە خەیاڵی کار و چالاکی خزمەکانیدا بێت و هەوڵی تەواوی خۆی بدات کە خزمەکانی نەکەونە کێشەوە و کاری هەڵە ئەنجام نەدەن. چونکە دواجار خۆیان زەرەر دەکەن هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و هەمیش ئابووری. بۆیە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەردەوام ئەوە دەبینرێت کە چۆن لەکاتی دروستبوونی کێسەیەکدا تەواوی خزمەکانی ئەو کەسەی کە کێشەکەی دروستکردووە، هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن کە دەست بخەنە ناو کێشەکەوە و چارەسەری بکەن، جا بە پێدانی پارە بێت، یاخود بەرگریکردن، شەڕ و کوشتن بێت. لەناو خێڵدا ژیا بەم جۆرەیە و تاکەکان بەستراونەتەوە بە شەرەف و شوورەیی تاکەکانی تر. هەر بۆیە ئەوان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە دەستێوەردانی ژیانی ئەوانی تر و بەردەوامیش خەریکی ئەنجامدانی ئەو کارەن لە پێناو خۆیاندا.

ئەم جۆرە پڕەنسیپی پێکەوەییە پەیوەندی ناوەکی نێوان خزمەکان هەتا بێت بەهێزتر دەکات کە دوجار هانی تاکەکان دەدات کە پشتگیری زیاتری ئەم جۆرە دەسەڵاتە بکەن و بە توندیش دژی چوونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی ناوەندی ببنەوە کە بەو جۆرەی ئەوان کار ناکات.

تایبەتمەندییەکی تر سەپاندنی سزایە لەناو خێڵەکاندا. بەهۆی ئەو هارمۆنییە بەهێزەی کە لە نێوان تاکەکانی خێڵدا هەیە و بەهۆیەوە ڕژێمێکی دەسەڵات دروستبووە، تاکەکان زۆرجار بەبێ هەبوونی هیچ تاوانێک دەبێت سزا بدرێن بەهۆی تاوانی تاکێکی دیکەوە. لەناو کۆمەڵگایەکی مۆدێرنی لیبڕاڵدا هەر کەس تاوان بکات هەر ئەو کەسە سزا وەردەگرێت. بەڵام لەناو خێڵدا کەسێک تاوان دەکات و ئەگەر ئەو کەسە سزا نەدرێت، خزمێکی سزاکە وەردەگرێت. ئەمەیش جۆرە کۆمەڵگەراییەک بەرهەم دەهێنێت کە کۆنترۆڵی تەواوی ژیانی تاک دەکات. دواجار زیانێک لە تاکی ناو خێڵیێکەوە، زیانە لە هەموو خێڵکەوە.

گەورەترین زیانی ئەم جۆرە سیستەمە ئەوەیە کە تاکەکان هەموو کات ئەگەری ئەوەیان لەسەرە کە زیانێکی ئابووری یاخود کۆمەڵایەتی بکەن بەهۆی خزمەکانیانەوە و بەبێ ئەوەی کە خۆیان هیچ کارێکی هەلەیان کردبێت. بۆ نموونە ئامۆزایەکی تۆ پارەیەکی زۆر ببات و دواتر پارەکە نەگەڕێنێتەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوەی بکەیت کە خاوەن قەرزەکان بێن و بەرۆکی تۆ بگرن. بێگومان ئامۆزاکەت هەر لە سەرەتاوە زانیویەتی کە ئەو کارە هەڵەیەی بەسەر تۆدا دەشکێتەوە. بەلام مەبەستی ئەویش هەر ئەوە بووە کە کارێک بکات و خۆی باجی هەڵەی کارەکەی نەدات.

دەبێت بزانین کە ئەم سیستەمە پێکەوە ژیانێکی بەهێز دروست دەکات کە تاکەکان بتوانن بەهۆیەوە ژیان بەڕێ بکەن. بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەم جۆرە لە ژیانکردن بێبەرییە لە ئازادی و سەربەخۆبوونی تاک.

هاوشێوە