رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جۆن ستیوارت میل، ستایشکەری ئازادی

Facebook
Twitter
LinkedIn

مەهدی عینایەت

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

میل فەیلەسووفێکی بەناوبانگی ئینگلیزی بوو، لە ساڵی ١٨٠٦ لە لەندەن لەدایکبووە. “جەیمز میل”ـی باوکی لە نووسەران و ڕەخنەگرانی سەردەمی خۆی بووە و لە ئێنستیتوی لێکۆڵینەوەی هیند و بەڕیتانیا زۆربەی کاروبارەکان بەسەر ئەودا کەوتبوون، سەرەڕای ئەوەی دەبوایە حەوت کەس پەروەردە بکات و بژێوییان بۆ دابین بکات. سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کاری زۆرەوە کاتی بەتاڵی کەم بوو، بەڵام کەمتەرخەمیی لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی نەدەکرد بەتایبەت کوڕە گەورەکەی “جۆن ستیوات میل”، جەیمز میل زۆر بڕوای بە [پەروەردەی] قوتابخانە نەبوو، بۆیە میلی نەناردە قوتابخانە و خۆی پەروەردەی کرد.

جۆن ستیوارت میل لە تەمەنی سێ ساڵیدا خەریکی فێربوونی زمانی یۆنانی بوو. لە حەوت ساڵیدا بەرهەمەکانی سۆکرات و ئەفڵاتوونی دەخوێندەوە و لە هەشت ساڵیدا ڕوویکردە فێربوونی زمانی لاتینی. ئەو بابەتانەی کە شەو فێری دەبوو، بۆ بەیانییەکەی لەگەڵ باوکیدا لە باخەکەی ماڵیاندا بە میتۆدێکی سۆکراتییانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرد، هەرچەندە لە زۆر بابەتدا لەگەڵ باوکیدا هاوڕا نەبوو. میل لە تەمەنی شانزە ساڵیدا دەستیکرد بە نووسینی وتاری ڕەخنەیی و لەهەمان کاتدا لەژێر کاریگەریی باوکی لە پرسە سیاسی و ئابوورییەکاندا داکۆکیی لە ئایدیاکانی باوکی دەکرد.  دواتر کاریگەریی ئەو تیۆرییانە لە تەمەنی لاوێتییدا دەرکەوتن.

میل لە تەمەنی بیست ساڵیدا بەهۆی کاری زۆر و خوێندنەوەی بەردەوام تووشی شەکەتبوونی مێشک بوو، بەڵام بەتیپەڕینی کات و خۆخەریککردنی بە شیعر و مۆسیقا توانیی لایەنی ڕوحی و فیکریی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و بوارە فکرییەکانی خۆی زیاتر لە پیشووتر بەجددی وەربگرێت.

لە تەمەنی شەست ساڵیدا میل وەک نوێنەری خەڵک چووە پەرلەمانی بەڕیتانیا، بەڵام لەبەرئەوەی میل کەسێکی بیرئازاد و ئازادیخواز بوو سەربەخۆیی خۆی پاراست و نەچووە ژێر ناو و کاریگەریی هیچ دەستە و تاقمێک. بەم جۆرە زۆری نەخایاند دەستبەرداری کارەکەی وەک ئەندام پەلەمانی بەڕیتانیا بوو و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە خستە گەڕ. بەتایبەت تیشکی خستە سەر پێکەوەژیانی کرێکاران و بیری ئازادیخوازانە، ئەمەش ئەوی لە پێگەیەکی گەورەی وەک فەیلەسووفی ئینگلیزی دانا.

ئەزموونگەری

سەردەمی میل سەردەمی ئەزموونگەری بوو و ئەم ڕەوتە خەریک بوو دەگەیشت بە لووتکەی خۆی بەتایبەت لە بەڕیتانیادا. وردە وردە بیرمەندانی ئەورووپا بەو ئەنجامە گەیشتبوون کە بنەچە و بنەڕەتی زانستی مرۆیی بریتییە لە (ئەزموون)، واتە مرۆڤ تەنیا بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونەکان دەتوانن پەی بە زانست و کایەی مەعریفی ببەن. کۆڵەکەی فەلسەفەی ئەزموونگەری بریتییە لە فەیلەسووفی ئینگلیز فرانسیس بیکۆن لە سەدەی شازدەهەم کە بناغەکانی دانا و دواتر جۆن لۆک لە سەدەی حەڤدەهەم و دەیڤد هیوم لە سەدەی هەژدەهەم ئەم فەلسەفەیەیان تۆکمەتر کردبوو و گەیاندبوویانە دوا لووتکەی خۆی. بەڵام جۆن ستیوارت میل بە لێتوێژینەوە و بەدواداچوونەکانی خۆی کۆتایی بە کاتیگۆریی ئەم فەلسەفەیە هێنا. یەکەمین بەرهەمی گرنگی میل کتێبێکە بەناوی (سیستەمی لۆجیک) کە لە ساڵی ١٨٤٣ بڵاویکردەوە و بەبڕوای بیرمەندان ئەم کتێبە لەدوای کتێبەکەی باوکی فەلسەفەی لۆجیکی، ئەریستۆ، هیچ کتێبێکی تری لەم جۆرە لەبارەی لۆجیک بڵاونەکراوەتەوە.

بەبڕوای میل نەک بە تەنیا (هەستکردن) ئامرازی درککردنە بە شتە لاوەکییەکان، بەڵکو زانستیش بە کەڵکی تێگەیشتن لە گشتێتی کاری عەقڵ دێت. “ئەوەی بە درک‌پێکردنی گشتی لە قەڵەم دەدرێت، هیچ نییە جگە لە کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردنی زانیارییە لاوەکییەکان، کە یادەوەری و خەیاڵ لە ئاوەزدا دەمێنێتەوە و هێزی خەیاڵکردن پێکەوە کۆیان دەکاتەوە و تێکەڵیان دەکات. بە گوێرەی ڕێساکانی ئەم کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردنە ئاوەز و بیری مرۆڤ شێوە دەگرێت، کە ئێمە (بە تێکهەڵکێشی واتا) ناوی دەبەین. تێکهەڵکێشی واتا لەسەر دوو ڕێسا بەندە، یەکەم بەراورد و لێکۆڵینەوە. دووەم ڕێسای هاوشێوەسازی.

زەبروزەنگ لە بەرامبەر زانست و مەعریفەدا

میل لە بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ ئۆگۆست کۆنت هاوڕایە و بۆچوونەکەشی ئەوەیە کە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بە بەکارهێنانی میتۆدی وردی زانستی دەتوانێت ڕۆژێک بگاتە ئەو ئاستەی کە زانستە سرووشتییەکان پێیگەیشتوون. بەڵام لە فەلسەفەی ئێتیک، هاوپێگەی میل فەیلەسووفێکی ئینگلیزی هەیە بەناوی جێرمی بێنتام، ئەو بنەمای خراپەی هەمووشتێک لە تەرازووی شادی و ئازار دەزانێت کە ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە. جیاوازی میل و بێنتام لەوەدایە کە بێنتام پێیوایە خۆشی و شادی لەڕووی چۆنایەتییەوە وەک یەکن، بەڵام میل پێیوایە خۆشییەکان لەڕووی چۆنایەتییەوە یەکسان نین، هەندێکجار خۆشییەک لە ئەوی دیکە باڵاترە و هەندێک جار نزمتر. ئەو خۆشییانەی کە بەتەواوی بەرهەمی هەستن بە هەستێکی هاوبەش لەنێوان هەستی ئاژەڵ و مرۆڤ هەژمار دەکرێن، بەڵام خۆشی و شادیی باڵا بەرهەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەن.

لە ستایشی ئازادیدا

هەر بەو جۆرەی ئاماژەم پێکرد بە بایەخترین و بەرجەستەترین بیرکردنەوەی میل ئەو بۆچوونەیە کە پاڵپشتی لە ئازادی دەکات، ئەو پێیوایە خۆشگوزەرانی و گەشبینیی کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بە گەشەسەندنی کەسایەتی و پێشکەوتن و باڵایی فیکری تاکەکانی کۆمەڵگا و تەنیا کۆمەڵگایەکی بەم چەشنە دەتوانێت بگات بە ئازادی. هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە کە حکومەت بتوانێت دۆخێکی گشتیی ئازادی فەراهەم بکات، کە تییدا هەموو تاکەکان بتوانن توانستە شاراوەکانی خۆیان بۆ خۆشگوزەرانیی خود و هاونیشتیمانییەکانیان دەربخەن. میل بڕوای بە سێ جۆر ئازادی هەیە: ئازادیی هزر، ئازادیی سەلیقە و ئازادیی کۆبوونەوە.

میل پێیوایە لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، کەواتە هیچ کەس ئەو مافەی نییە کە بیروڕای ئەوانی تر ڕەتبکاتەوە و دەرفەتی ڕادەربڕین لەوانی تر بستێنێتەوە. هەموو بیروڕایەک لە دوو حاڵەتدا جێگیر دەبێت: یان لەگەڵ حەقیقەتدا تەبا و گونجاوە، یاخود پێچەوانەی حەقیقەتە. ئەگەر بیروڕایەکی کەسی بەرامبەر لەسەر حەق بێت، ئەوا بە شاردنەوە و خەفەکردنی نەک تەنیا ئەو کەسەمان کۆتوبەند کردووە، بەڵکوو خیانەتیشمان لە تەواوی کۆمەڵگە و نەوەکانی داهاتوو کردووە، بەڵام ئەگەر بیروڕای ئەو کەسە بەپێچەوانەی حەقیقەتیش بێت، ئەوا ئێمە دووبارە هەبوونی بیروڕای کەسی بەرامبەرمان پێویستە، چونکە (حەقیقەت) تەنیا لەڕیگەی بیروڕا و بۆچوونە دژبەیەکەکانەوە دێتە ئاراوە و تەنیا لەڕێگەی ڕاگۆڕینەوە و ڕەخنەوەیە دەتوانێت حەق لە ناحەق جیابکاتەوە. میل کۆمەڵگا بە بەرەی پێشەوەی جەنگ بەراورد دەکات و پێیوایە ئەگەر لە بەرەیەکی ئاوهادا دوژمن بوونی نەبێت، ئەوا سەربازەکان بەهۆی کاتە بەتاڵەکانیانەوە تووشی سستی دەبنەوە و هێزی خۆیان لەدەست دەدەن، سەرئەنجامیش ئەگەر جەنگ ڕووبدات ئەوا لەهەمان کاتدا تووشی شکست دەبن و دوژمن سەردەکەوێت.

هەروەها میل ستەم تەنیا لە ستەمی سیاسیی حکومەت کورت ناکاتەوە، بەڵکوو تەسلیمبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا بە نەریتە ناڕاستەکان وەک ستەمی کۆمەڵایەتی باس دەکات. میل پێیوایە نابێت هەموو ئایدیا و فیکرەکانی پیش خۆمان وەک خۆی جێبەجێبکەین، بەڵکوو پێویستە تاکەکان هەموو نەریت و سرووتەکان و هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان لە زیهنی خۆماندا هەڵبسەنگێنین و ئەوەی لەگەڵ عەقڵدا ناگونجێت لە خۆمانی دووربخەینەوە.

میل جگە لە کتێبی (سیستەمی لۆجیک) سێ کتێبی دیکەی گرنگی هەیە بەناوی (پرەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی) کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پیشوازییەکانی فراوانی لێکرا و ئەویدیکەیان بە ناوی (لەبارەی ئازادییەوە)، هەروەها خاوەنی کتێبی (سوودگەراییە)ـیشە. دواجار ئەم فەیلەسووفە مەزنە لە ساڵی (١٨٧٣)ـدا کۆچیی دوایی کرد.

هاوشێوە