رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خێزان: بناغەیەک بۆ نێوەندگیری تاکگەرایی کۆمەڵایەتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

لۆرێن هۆڵ

وەرگێڕانی: ژیر دانا

پڕۆژەی سیاسەت لە کرۆکی خۆیدا بریتییە لەو پڕۆژەیەی کە لە هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگادایە بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک تاک. ئەم پڕۆژەیە بەردەوام لە پەرەسەندنایە و هەرگیز ناگات بە خاڵکی کۆتایی. هۆکاری سەرەکی ئەم نەگەیشتن بە کۆتاییەش بریتییە لەوەی کە ویستەکانی تاک پەیوەستن بە کات و شوێنەوە و سروشتێکی نەگۆڕ و جێگیریان نییە. بەها و ویست بەپێی کاتە جیاوازەکانی تەمەنی مرۆڤ دەگۆڕێن و تەنانەت لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکەیش هەر دەگۆڕێن و وەک خۆیان نامێننەوە. ئەوەی کە جێگیرە و بە جێگیری دەمێنێتەوە ئەوەیە کە پڕۆژە سیاسییەکە هەمیشە لەسەر بنەمای ناکۆکی دروست دەبێت.  چونکە پڕۆژەکە توانای ئەوەی نییە خزمەت بە ویست و بەهاکانی هەمووان بکات لە یەک کاتدا بەو پێیەی کە هی هەر یەکێکیان جیاوازە لەوەی دیکە. هەر بۆیە بۆ سەرخستنی پڕۆژەی سیاسەت پێویستە تاکەکان لە ویستە تایبەتەکانی خۆیان دووربکەونەوە و مل بۆ ویستە گشتیی و ناتایبەتەکان بدەن. وە ئەگەریش تاک هەوڵی بۆ بەدیهێنانی ویستەکانی خۆی دا، ئەوا ئەو کات لە ویستە گشتییەکانی تایبەت بە کۆمەڵگاکەی دوور کەوتووەوە.

یەکێکی تر لە سیفاتە جێگیرەکان کە کار لەسەر هاوسەنگکردنەوەی ویستی تاک و کۆمەڵ دەکات بوونی کۆمەڵێک دامەزراوەیە کە بە تایبەتی کار لەسەر ئەم پرسی هاوسەنگکردنەوەیە دەکەن. ئەم دامەزراوانە زۆرینەی جارەکان لەلایەن بیرمەندە سیاسییەکانەوە پشتگوێ دەخرێن. ئەمەیش لە کاتێکدا کە بەردەوام کار لەسەر کاڵکردنەوە یاخود تەنانەت لەناوبردنی ئەو جیاکاریانە دەدەن کە لە نێوان و تاک و کۆمەڵدا بوونیان هەیە. خێزان دەکرێت وەک یەکێک لەو چەندین نموونەیە سەیر بکرێت کە لەم جۆرە دامەزراوە نێوەندگیرییەن. لەوانەیە بە نموونەیەکی لاواز سەیری خێزان بکرێت لەم پرسەدا، بەڵام بە بڕوای من هەرە گرنگترین نموونەیە کە بەردەوام کار لەسەر هێشتنەوەی تاک دەکات لەناو کۆمەڵگای خۆیدا.

ئەوەی کە وا دەکات خێزان گرنگ بێت بریتییە لەوەی کە خێزان بوونێکی سروشتی هەیە و بەردەوامیش خەریکی شێوەدانەوەیە بە خۆی تا لەگەڵ سەردەمە جیاوازەکاندا بگونجێت. تاکەکان پێیان خۆش بێت یان نا هەر لەناو خێزانێکەوە دروستبوون. وە خێزان بۆ تاک توانای ئەوەی هەیە پەیوەستبوونێکی دروست بکات کە نە بەشداری سیاسی، نە پێکەوەیی هاوڕێیانە توانای دروستکردنیان نییە بەو جۆرەی کە خێزان دروستی دەکات. بێگومان ئەوە ڕاستە کە دەکرێت تاک لە شوێنێکی ژیانیدا بڕیاری دەرچوون لە خێزانەکەی بدات بە جۆرێک کە هەرگیز بۆی نەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەیش ڕاستە کە دەرچوونی ڕەها لە خێزان بە کارێکی نیمچە مەحاڵ بزانین. ئەوە پەیوەندییە خێزانییەکانمانن کە لەناو کۆمەڵگادا هاریکاریمان دەکەن. وە ئەزموونەکانی ناو خێزانە کە یارمەتی تاک دەدەن بتوانێت ببێت بە بەشێک لەناو دنیایەکی کۆمەڵایەتی.

بۆ من بابەتێکی سەیرە کە زۆرجار دەبینم پرسی خێزان پشتگوێ یاخود بە تەواوەتی فەرامۆش دەکرێت لەلایەن بەشێکی زۆری بیرمەندە سیاسییەکانەوە. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ پشتگوێ خستنی پرسی خێزان و کاریگەرییەکانی بەسەر تاک و ژیانی تاکەوە لەناو کۆمەڵگادا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئەوان خێزان وەک بابەتێک دابنێن کە بەرهەمی ڕاستەوخۆی عەقڵانی بوون نییە و لە پیش عەقڵانی بوونەوە هەر هەبووە، لە کاتێکدا کە سیاسەت و بیردۆزە سیاسییەکان خۆیان بەرهەمی ڕاستەوخۆی عەقڵانیەتن و لە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەودان. فرێدریک هایەک پێی وایە کە ئەوە پەیوەستکردنەوە و بە پێوەر دانانی عەقڵانیەتە کە وا دەکات پرسی خێزان زۆر لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵگا بەکار نەهێنرێت. ئەزموونەکانی پێشتر ئەوەیان دەرخستووە کە سیستەمە سیاسییەکان زۆربەی جارەکان کە شکست دەهێنن بەهۆی گرنگی نەدانە بە گرنگی کاریگەرییە بێ هەژمارە خێزانییەکان لەسەر تاک. بۆ نموونە دروستبوونی تاک لەناو خێزانەوە و ڕەوانەکردنی بۆ ناو کۆمەڵگا، هاوسەرگیری و ئەو پەیوەندییەی کە هاوسەرگیری لەنێوان خێزانەکاندا دروستی دەکات، پەروەردەی ناو خێزان و بەخشینی بەها و نۆرمەکانی خێزان بە تاک، خزمایەتی و نزیکی ئەندامانی خێزان لە یەکترییەوە، میرات و گواستنەوەی خاوەندارێتییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، وە کاریگەری ناجێگیری خیزان لەسەر ئابووری تاک، تێگەیشتن لە دادپەروەری و تاوان لە ڕوانگەی خێزانیەوە و چەندین نموونەی تر. کەواتە هەتا بیرمەندە سیاسییەکان زیاتر پرسی خێزان و کاریگەرییەکانی پشتگوێ بخەن لە لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی پەیوەندی تاک و کۆمەڵ، خێزان زیاتر ئەرکەکەیان لێ قورس دەکات و ڕێگریان بۆ دروست دەکات.

ئەم قورسکردنی ئەرکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خێزان هەرگیز بە تەواوەتی ون نابێت. هەتا زیاتر هەوڵی دوور خستنەوەی بدرێت، ئەو زیاتر کاریگەری خۆی دەردەخات بە تایبەت لەو کاتەی کە پرسی بەها بنەڕەتییەکان دێتە بەرباس لەمیانەی دروستکردنی تیۆرێکی سیاسی. ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئازادبوونی ڕەهای تاکەکان دەکەن هەر زوو بەربەستی بۆماوەیی لەبەردەمیاندا دروست دەبێت و ڕێگریان لێ دەکات. ئەوەیش لە پاڵ چۆنییەتی گەشەکردنی منداڵ و ئەزموونە تایبەتەکانی ناو خێزان.  ئێمە ئازاد نین لەوەی کە خێزانەکەی خۆمان هەڵبژێرین. هەر بۆیەن ئەزموونەکانی منداڵیشمان لە دەستی خۆماندا نییە و پەیوەستە بە خێزانەکەمانەوە. ئەوەیش کاریگەری گەورەی هەیە بەسەر ئەوەی کە ئێمە دەبین بە چ جۆرە کەسێک لە کاتی گەورەبوونماندا. بیرمەندە تاکگەراکانی وەک ئاین ڕاد بەردەوام جەخت لەسەر عەقڵانیبوونی تاک و ئازادی هەڵبژاردنی تاک دەکەن چونکە دەیانەوێت خۆیان لە کاریگەرییە هەستەکی و ڕێکەوتییەکانی دوور بخەنەوە بە جۆرێک کە هەر بوونیان نەبێت. بیریشمان نەچێت خێزان یەکێکە لەو دەگمەن شوێنانەی کە باوەڕ تیایدا کار دەکات و دەبێت بە بەشێکی بنەڕەتی و بەهیز لەناو هزری تاکدا. وە هەر خێزانیشە کە کە کێشە بۆ سەر پرسی لە پێشینە بوونی تاک و سەربەخۆبوونی دروست دەکات بەهۆی ئەوەی کە لەناو خێزاندا دەردەکەوێت کە پشت بەستنی تاک بەوانی تر چەندێک گرنگە. ئەم هۆکارانە کێشەی گەورە بۆ سەر پرسی تاکگەرایی دروست دەکەن. هەر لەبەر ئەمەیشە کە ئاین ڕاند لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی خۆیدا بە ناوی “بێ وەڵامی ئەتڵەس” بە کەمترین شێوە باسی خێزانی جۆن گاڵتی یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە دەکرێت درک بەوە بکرێت کە خێزان ڕەگی نایەکسانییە. ئەمەیش پەیوەندی هەیە بە کاریگەری پەروەردەی ناو خێزان، ڕاهاتنی ناو خێزان، کۆمەڵایەتی بوون و دواجاریش خاوەندارێتی تایبەت و گواستنەوەی خاوەندارێتییەکان لەناو خێزاندا. هەر ئەوەی کە خێزانەکان بۆ چەندین نەوە دەمێننەوە و هەر نەوەیەکیش کاریگەرە بەسەر نەوەکەی دیکەوە، ئێمە ناچار دەکات کە ببەسترێینەوە بۆ یاسا و ڕێسایانەی کە لەناو خێزاندا هەن و عەقڵگەرایی تاک ڕەت دەکەنەوە کە ڕیفۆرمی یەکسانخوازی لێوە دروست بووە. هەر خوودی خێزان خۆیشی لە دژی یەکسانخوازییە بەهۆی ئەو پێکهاتە هەرەمیەی کە خێزانی لەسەر دروست بووە و تیایدا باوان هەمیشە دەسەڵاتیان بەسەر وەچەکانی خۆیانەوە هەیە. حەقیقەتی دووگیانبوون، منداڵ خستنەوە و بەخێوکردن جیاکارییەکی تر دەردەخات لەسەر دابەشبوونی کار و ئەرک بەسەر پێکهاتە هەرەمییەکە کە هەمیشە بەر ژن دەکەوێت و دووبارە دژی یەکسانخوازییە. لە کۆتاییدا خێزان دەبێت بە نوێنەرێک بۆ دژایەتیکردنی شووناسی هاوبەشی تاکەکان. خێزانەکان نوێنەری ئەو بازنە بچووکانەی ژیانن کە تیایاندا نایەکسانی یەتەبوون و هەمیشە جیاکاری لەناویاندا هەیە. هەر بۆیە کۆمەڵگای یەکسانخوازدا هەمیشە بەدەست کاریگەرییەکانی بازنە بچووکەکانی دەسەڵاتی وەک خێزان دەناڵێنێت و بە ڕێگرییان دەزانێت لەبەردەم گەشەکردنی خۆیدا. هەر ئەمەیشە کە وایکردووە بەشێک لە کەسایەتییە ڕادیکاڵەکانی وەک مارکس و ئەنگڵس، تا دەگات بە جودیت مۆڵەر ئۆکنی فێمێنیستی لیبراڵ کە هانی خەڵک بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی خێزان و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی.

لەگەڵ ئەوەی کە خێزان ئەو کەسانە بێزار دەکات کە خاوەنی بۆچوونی سیاسی جێگیرن و پشت بە کۆمەڵێک بەهای عەقڵانی دەبەستن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بەهایەکی سیاسی بوونی نییە کە بتوانێت بەسەر هەموو بەهاکانی دیکەدا زاڵ ببێت، چونکە دواجار هیچ غەریزەیەکی مرۆڤ ناتوانێت بەسەر غەریزەکانی دیکەدا زاڵ ببێت. مرۆڤ تێکەڵەیەکە لە تاکی خۆپەرست و تاکی کۆمەڵایەتی، هاوشێوەکان و جیاوازەکان. هەر بۆیە ئەگەر سیستەمێکی سیاسی بیەوێت بمێنێتەوە؛ دەبێت ڕێز لە تەواوی ئەم ئاڵۆزی بگرێت و مامەڵە لەگەڵ هەر یەکێکیاندا بکات. بە خۆشحاڵیەوە چەند بیرمەندێک هەن کە نێوەنگیرن و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە بە گرنگیەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی خێزان و کاریگەرییەکانی بکەن. بۆیە بەلامەوە سەیر نییە ئەو بیرمەندانە ببینم کە بە شێوەیەکی هاوسەنگانە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارییە تایبەتییەکان تاک بکەن و دروستکردنی دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژیش ڕەت بکەنەوە.

بیرمەندە سکۆتلەندییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بە گشتی سەرنجیان لەسەر ئەو بابەتە بوو کە چۆن و بۆچی ژیانی تاک لەناو هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا زۆر بەباشی گونجاوە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵ. لەناو ئەو بیرمەندانەدا ئادەم سمیس بە تایبەت گرنگییەکی زۆری بەوەداوە کە تیۆرێکی کۆمەڵگای گونجاو دروست بکات کە تیایدا تاک خاوەنی ئازادی خۆی بێت و هەوڵ بۆ ویست و ئامانجەکانی خۆی بدات. هەرچەندە ئەم تیۆرەی ئادەم سمیس دواتر بە جۆرێک شکاوەتەوە کە تاکی خۆپەرستی لێوە دروست دەبێت لەجیاتی ئەوەی کە تاکێکی بەسوودی کۆمەڵایەتی لێوە دروست بێت، بەڵام هێشتا تێگەیشتنەکەی ئەو زۆر فراوان بووە و ناکرێت تەنها لەو خاڵەدا کورتبکرێتەوە. بۆ نموونە ئەو گرنگی تایبەتی بە پەیوەندی خێزانی، هاوڕێەتی و کەسانی نزیک داوە. بۆیە دەکرێت تیۆرییەکی سمیس لەجیاتی ئەوەی کە بە تیۆری دابڕانی تاک لە کۆمەڵگا لێی تێبگەین، ئێمە بێین و بە جۆرێک سەیری بکەین کە دەکرێت کار لەسەر پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵ بکات. ئەوەیش بە سوود وەرگرتن لە ویستە تایبەتییەکانی تاک و بەکارهێنانی هەستە مۆراڵییەکان وەک کەرەستەی بەدەست هێنانی ئەو ویستانە.

سەیر نییە کە بناغەی هەردوو ویستی تایبەت و هەستی مۆراڵی دەتوانرێت لەناو خێزان یاخود پەیوەندی ئێمەوە بە کەسە نزیکەکانمانەوە بدۆزرێتەوە. سمیس لە هەدوو کتێبی سامانی نەتەوەکان و تیۆری هەستە مۆراڵییەکان باس لەوە دەکات کە بیرکردنەوەکانی ئێمە و گرنگی پێدانەکانمان شتانێکی گەردوونی نین. تەنانەت سروشتی مرۆڤیش گەردوونی نییە کە لە هەموو کات و شوێنەکان بوونێکی جێگیر و ڕەهای هەبێت، بەڵکو لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئەم سنووردار بوونە تەواوی سروشتی مرۆڤ و بیرکردنەوە و هاوسۆزییەکانی لێوە دروستبووە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەر ئەمەیە کە دەکرێت ببێت بە بەردی بناغەی دروستکردنی هاوسەنگی نێوان و تاک و کۆمەڵ. ئەو هاوسۆزییەی کە هەر یەک لە ئێمە بۆ خێزان و هاوڕێکانمان هەمانە، دەکرێت سنووری خۆی ببڕێت و بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگایشدا جێبەجێ بکرێت.، ئەگەر تەنانەت بە شێوە باشەکەی خۆیشی نەمێنێتەوە و ناتەواو بێت. هەر ئەو هاوسۆزییە کە سنوورێک بۆ ڕۆحی شۆڕشگێڕی مرۆڤ دادەنێت و جێگیری و هارمۆنی ناو کۆمەڵگا دەپارێزێت.

ئێدمەند بێرک خەمە دژە شۆڕشییەکانی سمیس وەردەگرێت و بەکاریان دەهێنێتەوە لەناو ئارگیومێنتەکانی خۆیدا، بەڵام بە سوود وەرگرتن لە پرسی خێزان و کردنی ئەو پرسە بە چەقی باسەکەی. بێرک کێشەی لەگەڵ ئەو تاکگەراییە هەبوو کە لە سەردەمى شۆڕشی فەڕەنسیدا و لەژێر کاریگەری جۆن لوک هاتبووە ئاراوە. هەر بۆیە ئەو دەیویست هاوسەنگییەک بهێنێتە کایەوە لە نیوان ئازادی تاک و دەستی کار لە لایەک و تەندروستی و جێگیری کۆمەڵگاش لە لایەکی تر. ئەو بە هەمان شێوەی سمیس دژی ئەو بانگەشەیە بوو کە دەیوت “هەموو مرۆڤەکان برای یەکترن”. چونکە پێی وابوو کە ئەو دەستەواژەیە زیانی گەورەی بۆ سەر بیرۆکەی خێزان هەیەکە دواجار زیانی بۆ سەر خوودی کۆمەڵگایش دەبێت، دوای ئەوەی کە تاک و کۆمەڵ دادەبڕێن لە یەکتری.

بێرک خێزانی کردووە بە کلیلی دروستبوونی ئەو پردەی کە تاک و مافەکانی دەگەیەنێت بە کۆمەڵ و هارمۆنی کۆمەڵگا. ئەو سوودێکی گەورەی لە بیرۆکەی بۆمانەوە وەرگرتووە و لە زۆرینەی ڕاکانیدا بەکاری هێناوە. بۆ نموونە ئەو پێی وابووە کە تاک سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک مافی سروشتی تایبەت بە خۆی، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە کە لەلایەن خێزانەکەیە بۆی ماوەتەوە. بەهۆی ئەم بۆمانەوەیە ئێمە بە ناچاری کۆمەڵێک هاوسۆزی و ئەرکمان بۆ دروستبووە بەرامبەر بە هەندێک شت. وە هەر هاوسۆزی و ئەرکێکیش کە لەناو کۆمەڵگادا بۆ تاکێک دروست ببێت، درێژکراوەی هەمان ئەو هاوسۆزی و ئەرکانەیە کە تاک پێشتر لەناو خێزاندا بۆی ماوەتەوە و پەیوەست بووە پێیانەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە بێرک دژی ئەوە بووە کە کۆمەڵگا بە ڕەهایی جێی خێزان بگرێتەوە وەک ئەوەی کە مارکس و ئەنگڵس باسیان کردبوو. بە بروای ئەو خێزان بناغەی ئەو پەیوەستبوونانەیە کە تاک خاوەنیانە و لەناو کۆمەڵگادا بەکاریان دەهێنێت. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات خێزان نەبێت بە دوژمنی کۆمەڵگا و ببێت بە بناغەیەک بۆ قازانجی کۆمەڵگا. هەموو ئەو دەستکەوت و خاوەندارێتیانەیشی کە لەناو جیلە جیاوازەکانی خێزانێک دەمێنێتەوە و دەگوێزرێتەوە هەروەک چۆن گرینتی ماناوەی خێزان بە جێگیری دەستەبەر دەکات، بە هەمان شێوەیش یارمەتی مانەوەی کۆمەڵگایش دەدات.

ئەو نووسەرانەی کە لە سەرەوە باسی بیروڕاکانیانم کردووە (لەپاڵ چەند بیرمەندێکی کلاسیکی دیکەی وەک هایەک و مۆنتسیکۆ) لە نموونەی ئەو کەسانەن کە بە گرنگییەوە لە پرسی خێزانیان ڕوانیوە و پێیان وابووە کە دەبێت هاوشانی گرنگیدان بە ماف و غەریزە تایبەتییەکانی تاک گرنگی بە خێزانیش بدرێت و مانەوەیشی بپارێزرێت. ئەوان هەڵوەشاندنەوەیەکی شۆڕشگێریانەی شێوازی کلاسیکی کۆمەڵگا ڕەت دەکەنەوە کاتێک کە خێزان تیایدا ڕۆڵی نامێنێت. چونکە پێیان وایە ئەوە خێزانە کە تاک بۆ ناو کۆمەڵگا ئامادە دەکات و بەهاکانی ناو خێزانە کە دواتر سوودیان دەبێت لە مامەڵەکردنی تاکەکان لەگەڵ بەهاکانی ناو کۆمەڵگا. وە پێشیان وایە کە لە کاتی مامەڵەکردنی تاکێک لەگەڵ تاکێکی تردا جا لەناو چوارچێوەی خێزانێکدا بێت یاخود لەناو بازاڕی ئازاد، بڕیار و بیرکردنەوەکانی تاک ناکرێت تەواو عەقڵانیانە بێت و چەندین فاکتەری تر کاریگەرییان بەسەر تاکەکەوە هەیە. هەموو ئەمانە وا دەکەن کە سەرەڕای ئەو فکرانەی کە دەیانەوێت کۆمەڵگا بگۆڕن و بەرەو باشتری ببەن، ئێمە هێشتا خێزان و کاریگەرییەکانی بە گرنگ بزانین و هەوڵ بدەین هاوشانی تاک، خێزان لەناو پرسەکانماندا بهێڵینەوە.

ئەو بیرمەندانەی کە باسمان کردن، تەنها کەمینەیەکن کە باسی گرنگی ڕۆڵی خێزان دەکەن و خەمخۆرێکی جدی بابەتەکەن. وا هەوڵ دەدەن کە نێوەندگیری بکەن لە نێوان کارکردن بۆ دەستبەرکردنی مافە تاکگەراییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کە خێزان بەشێکە لێی. بێگومان لەوانەیە کەسانێکی دیکەیش هەبن کە باسیان کردبێت و گرنگیان پێدابێت. بەڵام مەبەستەکە ئەوەیە کە پێویستە بیرمەندەکانی دیکەیش کە زۆرینەن، گرنگی بەم بابەتە بدەن و ددان بەوەدا بنێن کە خێزان و کاریگەری خێزان هەمیشە پێویستە لەبەرچاو بێت و بە هەند وەربگیرێت. مرۆڤ ئاژەڵێک نییە کە تاک ڕەهەند بێت، کە بێگومان هیچ ئاژەڵێک بەو جۆرە نییە. ئەو ئاڵۆزیەی کە لە غەریزەی مرۆڤدا هەیە و دواتریش پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤی لێوە دروست دەبێت، ئەوە دەردەخات کە هیچ تیۆرێکی سیاسی تاک ڕەهەندانە ناتوانێت خۆی بگرێت و بمێنێتەوە. خێزان لە ئێستادا و تا داهاتوویەکی نزیکیش، هەر بەو گرنگیەی خۆیەوە دەمێنێتەوە و سەرچاوەی تەواوی پەیوەندی و دابڕان، کۆمەڵایەتی بوون و خۆپەرستی تاکەکان دەبێت.  وە بە هەرە گرنگترین فاکتەر دەمێنێتەوە کە کاریگەری بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەوە هەبێت. هەر بۆیە خێزان کلیلی پەرەپێدانی تاکگەرایی کۆمەڵایەتییە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە