رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وانەکانی ساڵێکی کۆڤید

Facebook
Twitter
LinkedIn

یۆڤال نوح هەراری*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ساڵی پێشکەوتنە زانستییەکان و شکستە سیاسییەکان، دەتوانین چ شتێکی لێوە فێر بین بۆ داهاتوو؟ چۆن بتوانین ساڵێکی کۆڤید کورت بکەینەوە لە ڕوانگە مێژوویییە فراوانەکەی؟ زۆر خەڵک بڕوایان وایە بەرزبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بێباکیی مرۆڤایەتیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سروشتدا دەرخستووە. ڕاستییەکەی، ٢٠٢٠ پیشانی دا کە مرۆڤایەتی دوورە لە دەستەوەستان و بێباکی. دەرد و پەتاکان چیتر هێزی بەرزەفتکراو/کۆنتڕۆڵکراوی سروشت نین. زانست ئەوانی کردووە بە ئاڵنگارییەکی بەڕێوەبراو و ئاڕاستەکراو.

کەواتە بۆچی کۆژان و مردن زۆر بووە؟ لەبەر بڕیارە سیاسییە خراپەکان بووە. لە سەردەمەکانی ڕابردوودا، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی تاعوون بۆتەوە وەک مردنی ڕەش، هیچ بیرۆکەیەکیان نەبووە کە چۆن تاعوونەکە سەری هەڵداوە و چۆن دەبێت بوەستێنرێت و ڕێگریی لێ بکرێت. کاتێک ساڵی ١٩١٨ ئەنفلەوەنزا بڵاو دەبێتەوە، باشترین زانایانی جیهان نەیانتوانیوە ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بناسنەوە؛ هەموو ئەو ڕێکارانەی جێبەجێ کراون بێسوود بوونە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە پێکوتەیەکی کاریگەر بێئەنجام و ناکارا بووە.

سەردەمی کۆڤید١٩ زۆر جیاواز بوو. یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لەبارەی پەتایەکی شاراوەی نوێ لە کۆتاییی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لێی دا. لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، زانایان نەک تەنیا ڤایرۆسەکەیان پەراوێز خستبوو، بەڵکوو دەرەنجامی کڕۆمۆسۆمەکانیان و زانیارییەکانیان بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاوکردەوە. دوای چەند مانگێک دەردەکەوێت کە ڕێکارەکان دەتوانێت زنجیرەی توشبووان کەم بکاتەوە و بوەستێنێت. دوای کەمتر لە ساڵێک چەند پێکوتەیەکی کاریگەر بە شێوەی فراوان بەرهەم هات. لە جەنگی نێوان مرۆڤ و ڤایرۆسەکان، مرۆڤ هەرگیز ئەوەندە بەهێز نەبووە.

بەردەوامبوونی ژیان لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە

هاوشان لەگەڵ دەستکەوتە بێوێنەکانی تەکنەلۆژیای زیندەوەرناسی، ساڵی کۆڤید تیشکی خستە سەر هێزی تەکنەلۆژیای زانیاری. لە سەردەمانی ڕابردوودا مرۆڤایەتی بەدەگمەن توانیویەتی پەتا بوەستێنێت چونکە مرۆڤ نەیتوانیوە لە کاتی گونجاو و ڕاستەقینەدا چاودێریی زنجیرەی توشبووان بکات، لەبەر ئەوەی تێچووی ئابووریی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ سەخت بوو. لە ساڵی ١٩١٨ دەکرا خەڵک کەرەنتینە/دابڕگە بکەیت کە هەڵامەتێکی قورسیان هەبوو، بەڵام نەتدەتوانی ئەوانە کەرەنتین بکەیت کە هەڵگری نیشانەکان بوون. ئەگەریش هەموو دانیشتووانت ناچار بکردایە بۆ مانەوەیان لە ماڵەوە بۆ چەند هەفتەیەک، داتەپینی ئابووری، تێکشکانی کۆمەڵایەتی و برسێتیی بەکۆمەڵی لێ دەکەوتەوە.

بەپێچەوانەوە، چاودێریی ئەلیکترۆنی لە ٢٠٢٠دا چاودێریکردنی ئەم نەخۆشییە ورد و نەبینراوەی ئاسانتر کرد؛ بە مانای ئەوەی کەرەنتینی کاریگەرتر و ساناتر کرد. لەوەیش گرنگتر، ئینترنێت و ئامێر، قەدەغەی هاتوچۆی درێژتر کردەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو. لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی تازە پێگەیشتوو ئەزموونی مرۆڤ تاعوونەکانی ڕابردووی بێر دەهێناینەوە بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو شۆڕشی تەکنەلۆژیا هەموو شتێکی گۆڕی.

سەبارەت بە کشتوکاڵ، هەزاران ساڵ بوو بەرهەمی خۆراکی پشتی بە دەستی کاری مرۆڤ دەبەست و نزیکەی لە ٩٠%ی خەڵک لە کێڵگەدا کاریان دەکرد. ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشكەوتوو چیتر ئەمە نابینرێت. لە ئەمریکا، تەنیا ١،٥%ی خەڵک لە کێڵگەدا کار دەکەن، بەڵام نەک بەس و گونجاوە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ هەموو کەسێک لە ئەمریکادا بەڵکوو هەناردەی دەرەوەی خۆشیانی دەکەن. زۆربەی کاری کێڵگە بەهۆی ئامێرەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەیش بەرگرییەکە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی. لەبەر ئەوە کەرەنتین کاریگەرییەکی کەمی لەسەر کشتوکاڵ دەبێت.

وای دابنێ کێڵگەیەکی گەنم لە لووتکەی سەردەمی مردنە ڕەشەکەدایە. ئەگەر بە خاوەن زەوییەکان بڵێیت لە کاتی دوورینەوەدا لە ماڵ بمێننەوە، ئەوا برسی دەبن. ئەگەر بە خاوەن زەوەییەکە بڵێیت وەرنە دەرەوە و بەرهەمەکە بدوورنەوە، لەوانەیە یەکە بە یەکە تووشی ڤایرۆسەکە ببن. ئەی چی بکەین؟

ئێستا وای دابنێ هەمان کێڵگەی گەنمە لە ساڵی ٢٠٢٠. “جی پی ئێس”ێکی ئاڕاستەکراو دەتوانێت بە کاریگەرییەکی باشتر و بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکیش ڕووبەڕووی هەڕەشەی تووشبوون بە ڤایرۆس ببێتەوە، تەواوی بەرهەمی کێڵگەکە بدوورێتەوە. لە کاتێکدا، لە ١٣٤٩، تێکڕاوی بەرهەمی دووراوە نزیکەی ٥ ڕووبە بووە لە ڕۆژێکدا. لە ٢٠١٤دا، ئەم ڕێژەیە ٣٠٠٠٠ ڕووبە بووە لە ڕۆژێکدا. لە دەرەنجامدا، کۆڤید ١٩ هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەر بەرهەمی جیهانیی دانەوێڵەی وەک گەنم، گەنمەشامی و برنج. 

خۆراکدان بە خەڵک بەتەنیا بەروبوومی دانەوێڵە نییە. دەبێت ئەو خۆراکە بشگوازرێتەوە؛ هەندێک جار هەزاران کیلۆمەتری دەوێت. لە مێژوودا بازرگانی، ڕکابەرێکی سەرەکیی چیڕۆکی پەتا و ڤایرۆسەکان بووە. کڕۆمۆسۆمە کوشندەکان لە جیهاندا بەهۆی کەشتیی بازرگانانەوە و کاروانە دوورودرێژەکانەوە جووڵەیان کردووە. بۆ نموونە: مردنە ڕەشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە چۆتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ڕێگەی ئاوریشمەوە و بەهۆی کەشتیی بازرگانانەوە کە چۆتە ئەوڕوپاوە. بازرگانی، هەڕەشەیەکی کوشندەی لەم شێوەیەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە چونکە هەر گالیسکەیەک پێویستیی بە لێخوڕێک هەبووە؛ دەیان بەلەمەوان و کەشتیوان پێویستییان بە بەکارخستنی تەنانەت بەلەمی ناو دەریا هەبووە و کەشتییە قەرەباڵغەکان و مەیخانەکانیش مەڵبەندی ئەو نەخۆشییە بوونە.

لە چاوەڕوانی ئینترنێتدا

لە کاتێکدا مرۆڤایەتی بە پڕۆسەی بەئامێربوون و ژمارەبوون و گۆڕانی چالاکییەکان بۆ ئۆنلاین تێ دەپەڕێت، مەترسییەکی تازەمان بەسەردا دەسەپێنێت. یەکێک لە شیاوترین شتەکانی ساڵی کۆڤید، نەپچڕانی ئینترنێت بوو. ئەگەر ئێمە لەناکاو بڕ و ڕێژەی هاتوچۆ لەسەر پردە ڕاستەقینەکان بەرز بکەینەوە، دەبێتە هۆی خنکان و جەنجاڵی هاتوچۆ و لەوانەیه‌ ببێتە هۆی ڕووخانی پردەکەیش. لە ٢٠٢٠، قوتابخانە، نووسینگە و کەنیسەکان بوونە ئۆنلاین تا درەنگانی شەو، بەڵام ئینترنێت نەپچڕا. بەزەحمەت بیرمان لە پچڕانیشی دەکردەوە بەڵام دەبوو بیریشی لێ بکەینەوە. لە دوای ٢٠٢٠ ئێمە دەزانین ژیان بەردەوامە، کاتێک تەواوی وڵات لە قەدەغەی هاتوچۆی ڕاستەقینەدایە. ئێستا وای دادەنێین چ دەبێت ئەگەر ژێرخانی دیجیتاڵیمان وێران بێت. تەکنەلۆژیای زانیاری وای لێکردووین زیاتر لەژێر چاودێریی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ئەندامی/ئۆڕگانییەدا بین، بەڵام لە جەنگی ئه‌لیکترۆنیدا لاوازیشی کردووین. زۆر جار خەڵک پرسیار دەکەن: کۆڤیدی داهاتوو چییە؟ هێرش بۆ سەر ژێرخانی تەکنەلۆژیمان ئەگەرێکی کراوەیە. چەند مانگێکی ویست تاوەکوو ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا بڵاو بووه‌وە و ملیۆنان خەڵکی تووش کرد. ژێرخانی ئه‌لیکترۆنیمان لەوانەیە ڕۆژێک داتەپێت و کەچی قوتابخانە و نووسینگەکانمان دەکرێت بەئاسانی ببن بە ئۆنلاین. چەند کاتت هەیە بۆ بیرکردنەوە بۆ گەڕانەوە لە ئیمەیڵەوە بۆ سنەیل مەیڵ؟

چ بژمێرین؟

ساڵی کۆڤید، بووە هۆی سنووردارکردنی زیاتری زانستی و هێزی تەکنەلۆژیمان. زانست ناتوانێت شوێنی سیاسەت بگرێتەوە. کاتێک ئێمە بڕیار لە سیاسەت دەدەین، دەبێت کۆمەڵێک بەها و بەرژەوەندی لەبەرچاو بگرین، بەتایبەت کاتێک هیچ ڕێگەیەکی زانستی نییە بۆ دیاریکردنی بەها و بەرژەوەندییە گرنگەکان و هیچ ڕێگەیەکی زانستیش نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە پێویستە چ بکەین.

بۆ نموونە: کاتێک بڕیار دەدەین کە قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنین، پێویست ناکات بپرسین کە چەند کەس تووشی کۆڤید ١٩ دەبێت ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ نەسەپێنین؟ دەبێت ئەوەیش بپرسین، چەند کەس بەهۆی خراپیی خۆراکەوە دەناڵێنێت؟ چەند کەس قوتابخانەیان یان کاریان لەدەست دەچێت؟ چەند کەس لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە ئازار دەدرێن و دەکوژرێن؟

تەنانت ئەگەر داتاکانمان ورد و جێگەی متمانە بن، پێویستە هەموو کات بپرسین: “مامەڵە لەگەڵ چیدا بکەین؟ چۆن ژمارەکان لە دژی یەکتر هەڵسەنگێنین؟” ئەمە ئەرکێکی سیاسییە نەک زانستی. سیاسییەکان پێویستە بەهۆی سیاسەتە گشتگیرەکانیانەوە هاوسەنگیی پزیشکی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕابگرن.

لەبارەی سیاسییەکانەوە

سەرکەوتنە تەکنەلۆژی و زانستییە بێوێنەکان لە ٢٠٢٠دا نەیانتوانی قەیرانی کۆڤید ١٩ چارەسەر بکەن. پەتاکەیان لە بەڵایەکی سروشتییەوە، کرد بە تەنگژەیەکی سیاسی. کاتێک مردنی ڕەش ملیۆنان خەڵکی کوشت، کەس پێشبینییەکی لە پاشا و ئیمپڕاتۆرەکان نەکرد بەڵام نەشبووە هۆی ئەوەی کە پاشا ئیدواردی سێیەم تەختی پاشایەتی و دەسەڵاتی لەدەست بدات. ئاشکرایە لەپشت دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانەوە هەوڵێک هەبوو بۆ وەستاندنی پەتاکە بەڵام کەسیش لۆمەی نەکردن بۆ شکستهێنان لە وەستاندنی پەتاکە، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤ بۆ وەستاندنی کۆڤید ١٩، ئامرازی زانستیی هەیە. زۆر وڵات لە ڤێتنامەوە بۆ ئوستڕالیا سەلماندوویانە، تەنانەت بەبێ پێکوتەیش و بە بوونی ئامرازی تر پەتاکە بوەستێنن. ئەم ئامرازانەیش، ئەگەرچی بەهای ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەرزی هەیە. ئێمە دەتوانین بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا سەر بکەوین بەڵام بۆ دیاریکردنی بەهای سەرکەوتنەکە دڵنیا نین. لەبەر ئەوە دەستکەوتە زانستییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانی سیاسییەکان داناوە.

پاراستنی بیانییەکان

یەکێک لە بۆشایییەکانی نێوان سەرکەوتنە زانستییەکان و شکستە سیاسییەکان هەماهەنگیی جیهانیی زانایان و خواستی دژایەتیی سیاسییەکانە لەگەڵ یەکتردا و کارکردنە لەژێر گوشار و نادڵنیایی و نائارامی. ئەگەرچی زانایان لە جیهاندا زانیارییەکان بەئازادانە لە نێوان خۆیاندا هاوبەشیی پێ دەکەن و پشت بە ڕێگەچارە و دنیابینییەکانی یەکتر دەبەستن. زۆرێک لە پڕۆژەی توێژینەوە گرنگەکان لەلایەن گڕووپی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراون. بۆ نموونە، یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی کە کاریگەریی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆی دەرخستووە، بەهاوبەشی لەلایەن چەند توێژەرێکەوە لە ٩ دامەزراوەی جیاوازەوە ئەنجام دراوە؛ یەکێک لەو دامەزراوانە لە بریتانیا بووە، سێ لە چین بووە و پێنجیش لە ئەمریکا بووە.

بەپێچەوانەوە، سیاسییەکان لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییه‌كی نێودەوڵەتی لەدژی ڤایرۆس و گەیشتنیان بە پلانێکی جیهانی شکستیان هێناوە. دوو زلهێزەکەی جیهان، ئەمریکا و چین، یەکتر بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و تیۆری پیلانگێڕی و تەنانەت بەئەنقەست بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە تاوانبار دەکەن. ژمارەیەکی زۆری تری وڵاتان دۆخەکەیان بەهەڵەدا بردووە یان بە داتاکان یەکتر تاوانبار دەکەن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

دژەڤایرۆسێک بۆ جیهان           

ئارگیۆمێنتەکان سەبارەت بەوەی کە لە ٢٠٢٠دا چی ڕووی داوە، کاریگەری و دەنگدانەوەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە، بەڵام خەڵکی هەموو کەمپە سیاسییەکان دەبێت بە لایەنی کەمەوە لەسەر سێ وانەی گرنگ ڕەزامەند بن: یەکەم: پێویستە ژێرخانی تەکنەلۆژیمان بپارێزین چونکە ئەمە بووە بە پارێزەرمان لە کاتی پەتاکەدا، بەڵام دەکرێت بەم زووانەیش ببێت بە سەرچاوەی کارەساتێکی خراپتر. دووەم: هەر وڵاتێک پێویستە وەبەرهێنانی زیاتری هەبێت لە سیسته‌می تەندروستیی گشتی. پێدەچێت ئەمە بەڵگەنەویست بێت بەڵام هەندێک جاریش سیاسی و دەنگدەران سەرکەوتوو دەبن لە فەرامۆشکردنی دیارترین وانە. سێیەم: پێویستە سیسته‌مێکی جیهانیی بەهێز بۆ چاودێریکردن و قەدەغەکردنی پەتاکە دابمەزرێنین. لە جەنگی سەردەمی کۆنی نێوان مرۆڤ و نەخۆشییە کرۆمۆسۆمییەکان، بەرەکانی پێشەوە بەهۆی جەستەی خودی خۆیانەوە سەرکەوتوونە. ئەگەر ئەم هێڵە لە هەر شوێنێکدا لەسەر ئەم هەسارەیە بشکێت، هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. تەنانەت دەوڵەمەندترین گەل لە پێشکەوتووترین وڵاتدا بەرژەوەندیی تایبەتییان هەیە لە پاراستنی هەژارترین گەلی وڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو. ئەگەر لە گوندێکی هەژار و لە دارستانێکی دوورەدەستدا ڤایرۆسێکی نوێ لە شەمشەکوێرەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ڕەنگە لە چەند ڕۆژێکی کەمدا بچێتە وۆل ستریتەوە.  

پەیکەری سیسته‌مێکی جیهانیی دژەپەتا لە شێوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی تردا بوونی هەیە، بەڵام پاڵپشتیی داراییی ئەم سیسته‌مە وەک پێویست نییە و هیچ کاریگەرییەکی سیاسیی نییە. پێویستە هەندێک کاریگەریی سیاسی و پارەی تەواو بەو سیسته‌مە ببەخشرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی وابەستەی سیاسییەکان نەبێت و نەیکەن بە ئامرازی دەستی خۆیان. هەروەک لە سەرەتادا تێبینیمان کرد، لەو بڕوایەدا نیم کە پسپۆڕی هەڵنەبژێردراو ئەرکی بڕیارە سیاسییە گرنگەکانی بخرێتە سەرشان. دەبێت ئەمە بۆ سیاسییەکان بەجێ بهێڵین. بەڵام هەندێک جۆری دەسەڵاتی تەندروستیی جیهانیی سەربەخۆ، دەبێت ببن بە سەکۆیەکی نموونەیی بۆ کۆکردنەوەی داتای پزیشکی و بەشداریکردن لە توانای چاودێریکردن و زەنگی ئاگادارکردنەوە و ئاڕاستەکردنی توێژینەوە و بەرەوپێشچوونەکان.

خەڵکانێکی زۆر ترسییان هەیە کە کۆڤید ١٩ ببێت بە سەرەتایەک لە شەپۆلێکی تازەی پەتاکە، بەڵام ئەگەر ئەم وانانەی سەرەوە جێبەجێ بکرێن، ڕەنگە دڵەڕاوکێی کۆڤید ١٩ دەرەنجامەکەی بەو جۆرە نەبێت و زۆر گشتگیر نەبێت. مرۆڤ ناتوانێت ڕێگە لە دەرکەوتنی ڤایرۆسێکی وا بگرێت. ئەمە پڕۆسەیەکی سروشتیی پەرەسەندنە کە ملیاران ساڵ لەمەوبەر بەردەوام بووە و لە داهاتوویش بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤ مەعریفە و کەرەستەی پێویستی هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ و گۆڕانی بۆ پەتایەکی جیهانی. ئەگەر کۆڤید ١٩ لە ٢٠٢١ بەردەوام بێت لە بڵاوبوونەوە و ملیۆنان خەڵک بکوژێت یان ئەگەر لە ٢٠٣٠دا پەتاکە زۆر کوشندەتر بێت، ئەوکات نە کارەساتێکی سروشتیی کۆنتڕۆڵنەکراوە و نە سزایەکە لەلایەن خواوە، بەڵکوو شكستی مرۆڤە؛ وردتر بڵێین، شكستی سیاسییە.

یۆڤال نوح هەراری نووسەری کتێبی “هۆشمەندەکان” و “هۆمۆدیۆس/مرۆڤەخوا” و “٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم”.

سەرچاوە: ماڵپەڕی پێنووس

هاوشێوە