رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگەرایی لە تیۆری کۆمەڵناسیی ئێمیل دۆرکهایم

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئالان دی بۆتۆن

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

ئێمیل دۆرکهایم یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی کە دەتوانێت باشترین یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین بۆچی سەرمایەداری سەرەڕای ئەوەی دەتوانێت دەوڵەمەندمان بکات و بمانکاتە خاوەن پارەیەکی زۆر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەمتر هەست بە دڵخۆشی دەکەین.

ئیمیل دۆرکهایم لە ساڵی ١٨٥٨ لە شارۆچکەیەکی بچووکی فەڕەنسا بەناوی “ئیپینال” لەسەر سنووری ئەڵمانیا لەدایکبووە. هەرچەندە دۆرکهایم لە خێزانێکی جوولەکەدا گەورە بووبوو، بەڵام هیچ باوەڕێکی ئایینی نەبوو و لەهەمان کاتدا سەرسام بوو بە هێزی ئایینی لەناو کۆمەڵگادا. بەهۆی توانا و لێهاتووێتییەکەییەوە، دۆرکهایم بەرلەوەی بگاتە تەمەنی چل ساڵی، پلەیەکی گەورە و شکۆداری پێبەخشرا و وەک پڕۆفیسۆرێک لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس وانەی دەگوتەوە. دۆرکهایم لە سەردەمێکدا دەژیا کە  فەڕەنسا گۆڕانکارییەکی گەورەی پیشەسازی و سەرمایەداریی بەخۆیەوە دەبینی. فەڕەنسا لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە جووتیاری تەقلیدییەوە گۆڕا بۆ کۆمەڵگایەکی شارنشینی ئابووریی پیشەسازی. دۆرکهایم ئەوەی دەبینی کە وڵاتەکەی بەخێرایی دەوڵەمەندتر دەبێت و سەرمایەداری بەشێوەیەکی بەرفراوان دەبێتە بەرهەمهێنەری کەلوپەل و کاڵاکان. لەهەمان کاتدا ئەم بەرەوپێشچوونی سەرمایەداری و پیشەسازییە دەبێتە جۆرێک لە سەرهەڵدانی ئازادی و لیبراڵیزم. بەڵام ئەوەی بەدیاریکراوی سەرنجی دۆرکهایمی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و بیرکردنەوەی لەسەر چڕکردبۆوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرد، بریتی بوو لەوەی کە سیستەمی ئابووری بەشێوەیەکی زۆر تایبەت کاریگەریی لەسەر دەروونی تاکەکان دادەنێت: ئەو شتەش بریتییە لە هاندان و پاڵنەر بۆ “خۆکوشتن”، کە پیشووتر هەرگیز ڕێژەی خۆکوژی هێندە بەرزنەبووبۆوە. ئەمەش بووە ئیلهام و سەرچاوەی بەناوبانگترین کتێبی دۆرکهایم بەناوی “خۆکوژی” کە لە ساڵی ١٨٩٧ بڵاوکرایەوە.

کتێبەکە بەشێوەیەکی کرۆنۆلۆژیی مێژوویی بەشوێن تراژیدیای هۆکاری خۆکوشتنی تاکەکاندا دەگەڕێت. دورکهایم ئەوەی دۆزییەوە کە خۆکوژی لەو وڵاتانەی لەڕووی پیشەسازییەوە پێشکەوتوون و مەسرەفگەرایی سەرمایەداری دەسەڵاتی ڕەهای گرتۆتەدەست، ئامارەکانی خۆکوژی لەو وڵاتانەدا ڕووی لەزیادبوونە. لە وڵاتێکی وەکو بەڕیتانیای سەردەمی دورکهایم، ڕێژەی خۆکوژی دووهێندەی وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا بووە. بەڵام لە وڵاتێکی دەوڵەمەندتر و پێشکەوتووتری وەکو دانیمارک، ڕێژەکە چوارهێندەی بەڕیتانیا بەرزبۆتەوە. مەبەستی دورکهایم لەوەی کە تیشکی خستبووە سەر خۆکوژی بریتی بوو لەوەی بەشێوەیەکی گشتی بەدوای ئەو هۆکارانەدا بڕوات کە لە ئاستێکی گشتیدا تاکەکان هەستی بە بێزاری و دڵتەنگی دەکەن. هەربۆیە بەدرێژایی ژیانی لێکۆڵینەوەیی دورکهایم، هەوڵی دەدا ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا خەڵکی دڵتەنگ و بێزارن. دورکهایم بۆ ئەم مەبەستە پێنج خاڵی جەوهەری ڕوون دەکاتەوە:

١. تاکگەرایی.

لە کۆمەڵگا تەقلیدییەکاندا ناسنامە و کەسایەتیی تاک پەیوەست بوو بە خێڵ یاخود چینێکەوە. هەر لە ساتی لەدایکبووندا پێگە و کاری تاک بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیاریکراوە.  هەربۆیە لەبەردەم تاکدا چەند هەڵبژاردنێکی کەم هەبوون: یا ئەواتا دەبوو بە نانەوا یاخود بە پیاوێکی ئایینی یان ئەوەی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا هاوسەرگیری بکات، بەبێ ئەوەی خۆی هیچ هەڵبژاردنێکی بۆخۆی هەڵبژاردبێت. ئەوان تەنیا دەبوایە بچوونایەتە ئەو شوێنەی کەوا کۆمەڵگا بۆیانی دیاری کردبوو. بەڵام لەژێر سیستەمی کاپیتاڵیزمی مۆدێرندا تاکەکان خۆیان هەمووشتێکی ژیانی خۆیان هەڵدەبژێرن، وەک ئەوەی چ کارێک بکەن، سەر بە چی ئایینێک بن، لەگەڵ کێدا هاوسەرگیری بکەن و ماڵ و گوزەرانیشی بۆ چی شوێنێک بار بکات. ئەگەر هەموو ئەم شتانە بەباشی بەڕێوە بڕوات، ئەوا تاک دڵخۆش دەبێت. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر شتەکان خراپ بن، ئەوە تاک دەکەوێتە دڕندانەترین شوێن کە تا ئێستا مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەیبینییووە. لەبەرئەوەی وا دەردەکەوێ جگە لە خۆیان کەسی تر شایەنی سەرزەنشتکردن و لۆمەکردن نین و هەر خودی خۆیان بەرپرسیاری دۆخی خۆیانن، هەربۆیە شکست دەبێتە بڕیاردانێکی ترسناک لەسەر پێگە و کەسایەتیی تاکەکان. ئەمەش بارێکی قوورسە بەسەر شانی تاکەکانەوە لە ژیانی سەرمایەداریی مۆدێرندا.

٢. زیادبوونی هیوابەخشین.

سەرمایەداریی ئاستی هیوا بەرزدەکاتەوە: هەمووان دەرفەتی بوون بە سەرۆک و بوون بە بەڕێوبەرییان هەیە. ڕیکلامەکان بە پیشاندانی کەلوپەلە ڕاقییەکان ئەو خواستەمان لەلا دروستدەکەن کە ئێمەش دەتوانین، ئەگەر هەوڵبدەین، بدەستیان بهێنین. دەگوترێت لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەرفەتەکان بۆ سەرکەوتن زۆرن، بەڵام هاوکات ئەگەری نائومێدبوونیش زۆرترە. لە مۆدێرنیزمدا چاوچنۆکی زیاتردەبێت، زۆر بە ئاسانی ناڕازی دەبیت بە سامانەکەی، نەک لەبەرئەوەی کەلوپەلەکانی خراپن، بەڵکوو لەبەرئەوەی تاک ناگات بە هەموو ئەو شتانەی کە لە بازاڕدان.

٣. ئازادییەکی زۆرمان هەیە.

یەکێک لە ڕەخنەکان لە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان، کە لە ئەدەبیاتی ڕۆمانسیزم زۆر ڕەنگیداوەتەوە بریتییە لەوەی کە خەڵک پێویستییان بە ئازادیی زیاترە. شۆڕشگێڕە جۆراوجۆرەکان باسیان لەوە دەکرد کە نۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان هێندە زۆرن کە دەستوقاچی تاک دەبەستنەوە. ئەو نۆرمانەی پێت دەڵێن چی جۆرە جلێک لەبەر بکەیت، لەدوای ئێوارانی یەکشەممە چی بکەیت، چ بەشێکی جەستەی ژن نابێت دەربکەوێت و… هتد. سەرمایەداری هاوشێوەی شۆڕشگێڕ و یاخیبووەکان، هەمیشە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەکەم سەیردەکات و بەهەندی وەرناگرێت. لە سیستەمی سەرمایەداریی مۆدێرندا کۆی وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگانەی وەک: دەبێت لەگەڵ کێدا هاوسەرگیری بکەیت و چۆن مناڵ گەورە بکەیت وەڵامێکی لاوازی وەرگرتووە. لە مۆدێرنێتەدا زۆر گوێمان لە کۆمەڵێک ڕستەی وەک “هەرچیت پێ باشە” دەبێت، کە وا دەردەکەوێت ئەم جۆرە دەربڕینانە لە هاوڕێیەتییەوە بێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بەواتای ئەوە دێت کە کۆمەڵگا ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە تۆ چی دەکەیت.

٤. ئەتایزم.

خودی دۆرکهایم کەسێکی ئەتایست بوو، بەڵام لەو دۆخەی کە ئایین لە خۆرئاوادا کەوتبووە ناوی و کاریگەریی جارانی نەمابوو، نیگەران بوو. چونکە لەڕوانگەی ئەوەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئایین بۆ کۆمەڵگا پێویستە. سەرەڕای کەموکوڕییەکانی ئایین، دۆرکهایم ستایشی لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی ئایینی دەکردو درکی بە کاریگەریی بەهێزی ئایین دەکرد. لەگەڵ لاوازبوونی ئاییندا، سەرمایەداری هەوڵی نەداوە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئایین بدۆزێتەوە. زانست وەکو ئایین ناتوانێت هەستی کۆمەڵایەتیی و ئەزموونی هاوبەش لەنێوان تاکەکاندا دروست بکات.

٥. لاوازبوونی نەتەوە و خێزان.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ئاستی هەستی نەتەوایەتی زۆر بەرز بوو، ئەو هەستەی کە پەیوەست بیت بە شتێکەوە کە سەردەمانێک ئایین نوێنەرایەتیی ئەم هەستەی دەکرد. هەروەها خێزانیش دەتوانێت ئەو هەستە لای تاکەکان دروست بکات کە پەیوەستن بە شوێنێکەوە. بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی خێزان بەشێکی گەورەیە لە پێکهاتەی ژیانمان، بەڵام بەوشێوەیەکی هیوای بۆ دەخوازین وەکو سەردەمانی پێش مۆدێرنیزم جێگیر نییە و هەر لەدوای تەمەنی هەرزەکاری منداڵ بە دەگمەن بە دایکوباوکییەوە پەیوەست دەبێت. چیتر منداڵەکان وا بیرناکەنەوە وەکو ئەوان هەمان کار بکەن و هەموو شتێکی ئەوان بەشێک بێت لەم. چیتر لەم سەردەمەدا نە خێزان و نە نەتەوە ناتوانێت هەستی پەیوەستییمان لەلا دروست بکات و ئەو هەستەمان پێببەخشێت کە ئێمە بەشێکین لە شتێکی بەبایەختر لە خۆمان.

ئێمیل دۆرکهایم ئەوەی پیشاندا کە ئابووریی مۆدێرن پەستانێکی زۆر لەسەر تاک دروست دەکەن و لەلایەکی ترەوە تاک بەبێ ڕێنوێنیکەرێک فڕی دەدرێتە ناو مەترسییەکانەوە. پێویستە ئێمە لە تیۆرییەکانی دۆرکهایمەوە ئەو ڕێگە تازانە بدۆزینەوە کە وامان لێبکات هاوسەنگییەک لەنێوان هەستی هاوبەشی و پەیوەستی دروست بکەین و هاوکات مەودای ئازادیی و تاکگەرایەتیمان بپارێزین.

سەرچاوە:

هاوشێوە