رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گەشەکردنی تاک بەرەو کام ئاڕاستە دەڕوات؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

تروپێرت شێلب

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لەم سەردەمەی ئێستادا، تاکگەرایی هەتا بێت زیاتر بەرەوپێش دەچێت و بەردەوام گەشە دەکات. ئەوەیش زیاتر بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی ڕێگرییەکانی بەردەم تاکە بۆ ئەزموونکردنی تاکگەرایی، لە پاڵ دروستبوونی سیستەم و تێگەیشتنێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەهادا. ئەم گەشەکردنی تاکگەراییە، لە هەمان کاتدا هەم ئابووریمان بەرەوپێش دەبات و هەمیش تواناکانی تاک فراوان و بەهێز دەکات. بەڵام دەکرێت کاریگەرییەکی پێچەوانەیشی هەبێت و وا لە تاکەکان بکات کە زیاد لە پیویست پشت بە هەندێک بابەتی وەک تەکنەلۆژیا ببەستن. کە بەبێ بوونی ئەوان تاک بکەوێتە ناو دۆخێکی نەخوازراوەوە. لێرەدا پرسیارێکی گرینگ ئەوەیە کە ئایا ئێمە چۆن دەتوانین یارمەتی تاکەکان بدەین کە هەموو پێکەوە بتوانن سوود لەو دەرفەتانەی بەردەستیان وەربگرن، بەبێ ئەوەی کە تووشی کێشە ببن؟

کۆمەڵگاکانی ئێستا، بەرەو ئەو ئاقارە دەچن کە بەردەوام دەرفەتی نوێ بۆ گەشەکردنی تاکەکان بڕەخسێنن. بە تایبەت گەشەکردنیان لە ڕووی ئابووری و دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان. تەکنەلۆژیای ئی-کۆمێرس (بازرگانی ئەلیکترۆنی) ڕۆڵی سەرەکی لەم بابەتەدا هەیە. ئێمە بەردەوام دەتوانی ئەوە ببینین کە چۆن کەسانێک بەهۆی دروستکردنی سەکۆیەکی بازاڕگەری لەناو ئینتەرنێتدا چۆن دەتوانن ئابووری خۆیان بەرەوپێش ببەن. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا، ڕێژەی فرۆشی ساڵانەی بیرە لە چاو جاراندا دابەزیوە. بەڵام ژمارەی ئەو بڕاندانەی کە بیرە دروست دەکەن زیای کردووە.

تاکگەرایی لەناو دنیای دیجیتاڵدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی توانای گەشەکردنی خۆی. بە جۆرێک کە هەر کەسێک بیەوێت بتوانێت دەرفەتی دەستکەوتنی قازانج بۆ خۆی بڕەخسێنێت. لە هەمان کاتیشدا، هەڵبژاردنی بابەتیش لە ئێستادا بەهۆی تەکنەلۆژیاوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە ئەگەر باسی لایەنی تەرفیهی بکەین، پێشتر تاکەکان ناچار بوون تەنها ئەو بابەتانە وەربگرن کە لە بەردەستدا هەبوون. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئینتەرنێتەوە تاکەکە دەتوانێت تەنها ئەو بابەتانە هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت. جگە لەمانەیش، تاک دەتوانێت بیرکردنەوەی خۆی بە ئاسانی بهێنێتە ناو دنیای دەرەوە. یەکێک لە تەکنەلۆژیا نایابەکان کە لەم جارەدا باڵادەستە بریتییە لە ئامێری چاپی سێ ڕەهەندی. ئەم ئامێرە یارمەتی تاکەکان دەدات کە هەر ئامرازێک بە هەر شێوەیەک بیانەوێت، بتوانن بەهۆی ئامێرەکەوە بیهێننەوە ناو دنیای ڕاستەقینەوە. دواجار میتۆدی ئابووری “خۆت ئەنجامی بدە” لەم سەردەمادا وایکردووە کە تواناکانی تاک بۆ داهێنان پێشکەوتن، چەندین هەنگاو بەرەوپێش بچێت.

بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت کە ئەم جۆرە لە تاکگەرایی توانای ئەوەی هەیە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ئابوورییە زەبەلاحەکان. لەگەڵ ئەو هەموو گەشەکردنەیشدا، هێشتا ئابوورییە زەبەلاحەکان هەر ئەوانەن کە لە پێشتردا هەبوون و کارییان لەسەر کراوە و بە شێوازێکی جیاواز لەم شێوازە تاکگەراییەی ئێستا کار دەکەن. ئاشكرایە کە ئەمە تا سەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە و لەگەڵ گەشەکردنی زیاتری تاکگەرایی دەکرێت لە داهاتووییەکی نزیکدا تەواوی ئابووری جیهانی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت. ئەمەیش بە پشتبەستن بە پێشکەوتنی پەروەردە، پەنا بردنە بەر شارەکان و دوورکەوتنەوە لە ژیانی دەرەوەی شار، دواجاریش گەشەکردنی توانای تاکەکان بۆ داهێنان.

یەکێک لە گەورەترین ئەو فاکتەرانەی کە سوودیان بۆ تاکگەرایی هەیە، بریتییە لە گەشەکردنی چینی ناوڕاستی کۆمەڵگاکان. چینی ناوڕاست ئەو چینەن کە دەتوانن زۆر بەباشی سوود لە تەکنەلۆژیا و فاکتەرەکانی دیکە وەربگرن تا دواجار بەهۆیانەوە ئابووری پێ بەرەوپێش ببەن. لە وڵاتێکی وەک چیندا، بازرگانی ئۆتۆمبێلی گران بەها وەک بازرگانییەکی زەبەلاحی وڵاتەکە سەیر دەکرێت. چینی ناوڕاستی وڵاتەکە هاتوون و سوودیان لەم بازرگانییە زەبەلاحە وەربگرن تا بازرگانییەکی دیکەی تایبەت بە خۆیان لەناویدا دروست بکەن، کە ئەویش جوانکاریکردنە بۆ ئۆتۆمبێلی گرانبەها. لە ئیستادا بەهای ئەم بازرگانییە نوێیە کە چینی ناوڕاست خاوەنین بە نزیکەی ٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 کاریگەری ئەم تاکگەراییە لە ئێستادا لە دەرکەوتندایە و هەتا بێتیش کاریگەرییەکە زیاتر و زیاتر دەبێت، تا دەگات بەوەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازرگانییە زەبەلاحەکان هەبێت. یەکێک لە بازرگانیانەی کە لە ئێستادا لە قەیراندان بەهۆی پێشکەوتنی تاکگەرایی و ئابووری تایبەتەوە، بازرگانی گۆرانی و مۆسیقایە. یاخود بازرگانی وزە کە لە ئیستادا کەسەکان دەتوانن بە ئاسانی خۆیان ببنە خاوەنی سەرچاوەیەکی وزەی تایبەت بە خۆیان، بە بەکارهێنانی تیشکی خۆر یاخود سوود وەرگرتن لە هێزی با. لە کاتێکدا پێشتر دەبوو هەموو کەسێک پشت بەو لایەنە زەبەلاحە ببەستێت بۆ دەستختنی وزە کە کۆنترۆڵی تەواوی سەرچاوە وزەکانی وڵاتەکەی کردبوو.

هەموو ئەمانە ئەو مەترسییە گەورەیە پیشان دەدەن کە لەسەر سیستەمە کۆنەکەی ئابوورییە. وە هەتا تاکەکان زیاتر دەستکراوەبن لە کارکردن و سەربەخۆبن لە هەڵبژاردنەکانیان، مەترسییەکە بۆ سەر سیستەمە کۆن و نەریتییەکە زیاتر دەبێت. تاکە چارەسەریش ئەوەیە کە دەستبکرێت بە گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری تا لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا بگونجێنرێت.

تاکگەرایی هەتا بەرەو گەشەکردنی زیاتر بچێت، ژیانی مرۆڤەکانی زیاتر و زیاتر بەرەو پێش دەچێت. ئەرێنیترین لایەنی تاکگەرایی ئەوەیە کە دەرفەتی گەورەبوونی زیاتر دەدات بە تاکگەراکان، بەبێ ئەوەی کە پێویستیان بە گەڕانەوەی بەردەوام بێت بۆ حکومەت یاخود لایەنەکانی دیکە. ئەوان دەتوانن بە سەرمایەی تایبەتی خۆیان، ببن بە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ. بەشێکی زۆری ئەمەیش لە ئێستادا بەهۆی ئینتەرنێت بە گشتی و بەتایبەتیش سیستەمەکانی (بازرگانی ئەلیکترۆنی). بەپێی تێپەڕبوونی کاتیش، ڕەهەندی دیکەی تاکگەرایی دەردەکەوێت و لایەن و کاریگەرییە شاراوەکانیشی دەبینین. کە دواجار هەمووی لە خزمەتی ئەوەدا دەبێت کە تاک بتوانێت تاکێکی داهێنەر بێت.

هەتا ئەو کاتەی کە تەکنەلۆژیایش بەردەستتر بێت، ئەگەری ئەوەیش زیاتر دەبێت کە کەسانی بنی هەرەمەکە دەرفەتی سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دروست ببێت. بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیا و بە ئاسان بەردەستبوونی ئینتەرنێت، دەرفەت لەبەردەم تەواوی تاکەکاندا زیاتر دەبیت تا بەکارهێنانیان زیاد بکەن و بە هۆیەوە داهێنان بکەن.

بێگومان ئەم گەشەکردنی تاکگەرایی و گۆڕانی سیستەمە، بێبەش نییە لە مەترسی و خاڵی لاواز. لەوانەیە لەگەڵ پێشکەوتنی گەشەکردنەکەدا، خاڵە لاوازەکانیش زیاتر دەربکەون. بە تایبەت لەو کاتەی کە خەڵکەکە بە تەواوەتی پشت بە کرۆکی سیستەمەکە دەبەستن، کە ئەویش دەکرێت بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت یاخود سەرمایەداران بێت. تەکنەلۆژیای زانیاری دەکرێت وەک نموونەیەکی ابشی ئەم بابەتە دەکار بهێنرێت. چونکە لەناو تەکنەلۆژیای زانیاریدا هەر لایەنێکی زل هێز و خاوەن پارە دەتوانێت کۆنترۆڵی بەشێکی باشی تەکنەلۆژیای زانیاری بکات و بۆ بەرژەوەندی بازرگانی یاخود سیاسی خۆی بەکاری بهێنێت.

هەتا خەڵک زیاتر پشت بە سیستەمەکە ببەستێت، ئەگەری ئەوەیش زیاتر دەبێت کە مەترسی دروست ببێت لەسەر بەرژەوەندی تاک. بۆ نموونە مەترسییەکە دەکرێت ڕێگریکردن بێت لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و بەتایبەت ئینتەرنێت بۆ وەستاندنی خۆپیشاندان. یاخود دەکرێت لەناکاو سنووردارکردنی بازرگانەکانی ناو ئینتەرنێت بێت کە دواجار زیانی ماددی گەوەرەیان لێبکەوێت. چونکە دواجار سیستەمە تەکنەلۆژیەکان لە بنەڕەتدا موڵکی خاوەن دەسەڵات و سەرمایەداران و ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدەن.

ئایا دەتوانین خاوەندارێتی دنیای دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا بدەینە دەست خەڵک لەجیاتی حکومەت و سەرمایەداران؟ یاخود مافی تەواوی بەکارهێنەران بپارێزین؟ ئەی دەتوانین ململانێی نێوان کۆمپانیاکانی خاوەندار بە ئاڕاستەیەکدا بەین کە قازانجی تاکی تێدا بێت؟ ئایا دەتوانین لە هەمان کاتدا هەم دەرفەت بۆ تاک بڕەخسێنین بەهۆی تەکنەلۆژیاوە و هەمیش ڕێگا خۆش بکەین بۆ دروستبوونی دنیایەک کە تیایدا تاکگەرایی تێیدا باڵادەستە؟

ئەگەر بتوانین بەباشێ مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە بکەین و بە شوێنێکی باشیان بگەیەنین، ئەوا دەکرێت بڵێین کە تاکگەرایی دەتوانێت هەم لە ڕووی ئابووری و هەمیش ئازادییەوە سوودێکی باشمان پێ بگەیەنێت.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە