رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەی تاکگەرایی دیموکراتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی (٢) و کۆتایی

پیتەر ئۆگەستین لۆلەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بە بڕوای بێڵا، چارەسەری ئەو پەژارە و خەمۆکییەی کە تاکگەرایی دروستی دەکات، ئەوەیە کە کۆتایی بە ئابووری دیموکراسی بهێنرێت. ئەو پێی وایە کە لە پڕۆسەی کۆتایی هێنان بە جیاکاری ئابووری، پەژارە و خەمۆکی تاکەکان لە تەنهابوونی خۆیان کۆتایی دێت. بێڵا زۆر بە وردی ئەم بابەتە ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی بەم جۆرەیە و چۆن چارەسەرەکە ڕوودەدات. بەڵام باسی ئەوە دەکات کە چۆن پەژارەی تاکەکان لە شوێنێکدا هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ هەستکردن بە تاوان. چونکە کەسە سەرکەوتوو و دەوڵەمەندەکان ئەو هەستەیان لەلا دروست دەبێت کە ئەوان شایەنی سامانەکەی خۆیان نین کە بووەتە هۆی جیاکردنەوەیان لە کەسانی تر. وە هەمیشە لە خەمی هێشتنەوە و پاراستنی ئەو سامانە و دوورەپەرێزییەیان دەبن. ئەوان درک بەوە دەکەن کە چۆن سامانەکەیان دەبێتە هۆی ئازارچەشتنی کەسانی تر. هەر بۆیە ترسیان بۆ دروست دەبێت لەو کەسانەی تر. هزر و دەروونیان هانیان دەدەن کە ببن بە بەشێک لە دروستبوونی کۆمەڵگایەکی یەکسانخوازی نوێ، کە تیایدا کەسە شکستخواردووەکان بتوانن دووبارە ژیانیان بۆ بگەڕێتەوە. ئەم پڕۆسەیە وا دەکات کە دڵەڕاوکێ و پەژارەی کەسە دەوڵەمەندەکان کۆتایی پێبێت.

کەسێک بە وردی سەرنج بداتە سەر ڕەوانبێژی و میتۆدەکەی بێڵا بۆ دەرخستنی ڕاکانی، دەتوانێت بە ئاسانی بۆی دەربکەوێت کە چۆن بێڵا وەک پارتیزانێکی سۆشیالیستەکان خەریکی نووسین بووە. ئەو پێی وابووە کە سەرکەوتووترین سۆشیالیستی ناو ئەمریکا کە یوجین دێبسە، خاوەنی باشترین بیرۆکە بووە کە بتوانرێت بۆ سەر ژیانی ئەمریکییەکان کاری پێ بکرێت. جگە لە یوجینیش، پشتگیرییەکی زۆری ڕۆشنبیرە سۆشیالیستەکانی دیکەیشی کردووە، کە لە ڕێگایانەوە تێگەیشتن لە پۆپۆلیزمی کردووە بە جۆرێک لە سۆشیالیزمی ناوخۆیی تایبەت بە ئەمریکا. بەڵام سەرەڕای ئەم پشتگیرییە زۆرەی بێڵا بۆ سۆشیالیزم، هێشتا قورسە پەیوەندییەکی باش بدۆزرێتەوە لە نێوان کۆمەڵگای ئەمریکی و سۆشیالیزم. چونکە خەڵکی ئەمریکا هەمیشە بە جۆرێک لە سۆشیالیزم تێگەیشتوون کە دوژمنی نەریتە باوەکەی خۆیانە. بێڵا بەم هۆیەوە ڕەخنە لە بیرکردنەوەی زۆربەی ئەمریکییەکان دەگرێت. وە هەوڵ دەدات کار لەسەر گۆڕینی ئەم بیرکردنەوەیە بکات، بە بەکارهێنانی میتۆدی سوقڕاتیانە لە بەرژەوەندی یەکسانخوازی.

بیرۆکەکەی بێڵا لەسەر ئەوەی کە سۆشیالیم تاکە چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون لەو خوود وێرانکردنەی کە لەناو ئەمریکادا ڕوودەدات، بیرۆکەیەکە کە بەرهەمی بیرکردنەوەی لۆجیکیانەی خۆیەتی. ئەو ئەم بیرۆکەیەی بە بە باشترین ڕێگا دەزانێت کە لەناو ئەمریکادا بتوانرێت بەکار بهێنرێت. تەنانەت سۆشیالیزم بەو چارەسەرە دەزانێت کە هەرگیز دیموکراسی و تاکگەرایی نەتوانن لەناوی ببەن و هەمیشە وەک چارەسەرێک ئامادەیی هەبێت. وە پێشی وایە کە ڕژێمێکی سۆشیالیستی لە بنەڕەتدا، تاکە ڕژێمە کە بتوانێت لە تاکگەرایی دیموکراتی دیموکراتتر بێت و کار بۆ بەدیهێنانی یەکسانی بکات.

هەڵە نابێت ئەگەر بێڵا بە کەسێکی مارکسی ناوزەند بکەین. بەڵام هێشتا من ناتوانم ئەو حوکمە ڕەهایە بە سادەیی و خێرایی بدەم و بە ئاسانی بکەومە هەڵەوە. چونکە ڕوونە کە ئەو پارتیزانی یەکێتی سۆڤیەت نییە. ئەو زیاتر بە دوژمنێکی سەرسەختی تۆتالیتاریزم دادەنرێت. وە پێی وایە کە تێگەیشتنەکەی و بیرۆکەکانی، ڕێگایەکی ڕاستن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو ئەمریکا. بێڵا لەوەدا ڕاست دەکات کە مارکس و تۆکۆڤێل لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ زیادەڕۆییەکانی تاکگەرایی نزیکن لە یەکەوە. دەشبێت ستاییش بکرێت کە سەرەڕای نزیکیەکەی لە مارکسەوە، هێشتا ددانی بەوەدا ناوە کە تۆکۆڤێل زیاتر لە خوودی مارکس کاری لەسەر هەندێک بابەت کردووە کە مارکس خۆی پرسیاری لەسەر کردوون. بۆیە کە من دەڵێم بێڵا مارکسییە، تەنها مەبەستم ئەوەیە کە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکگەرایی دیموکراسی زیاتر بەرەو مارکسی دەچێت لەجیاتی ئەوەی بە تەواوی لایەنی تۆکۆڤێل بگرێت.

تۆکۆڤێل و مارکس پێکەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە تاکگەرایی ڕادیکاڵی شتێک نییە کە مرۆڤەکان بتوانن بەرگەی بگرن. تۆکۆڤێل پێی وایە کە پێویستە لەناو تاکگەراییدا، بابەتانی وەک ئایین و بابەتەکانی تری ژیانی ئۆرۆستۆکراسی دووبارە دەربکەونەوە و بەکار بهێنرێن تا مرۆڤەکان بەرگەی تاکگەرایی و جیابوونەوەی خۆیان لەوانی تر بگرن. بۆ ئەمەیش نموونەی سۆشیالیزم دەهێننەوە کە تیایدا دەکرێت پرسی ئایین و باوەڕکردن بە بوونی ڕۆح، زۆر بە باشتر کاربکات و بگونجێت و تەنانەت چارەسەریش بێت لە چاو بوونی ئەم پرسانە لەناو سیستەمێکی تەواو دیموکراتدا.

تۆکۆڤێل بڕوای بەوە هەیە کە هێشتنەوە و دەست گرتن بە ئایینەوە لە سەردەمێکی دیموکراتدا، ڕێی تێدەچێت و پێویستیشە ئەنجام بدرێت. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ بڕوای تۆکۆڤێل بە بوونی ڕۆح. چونکە ئەو پێی وابوو کە بوونی مرۆڤ بوونێکی تەواو ماتریالانە نییە و ئەوان لە هەر کوێ بن، دواجار پێویستییان بەوە دەبێت کە هەست بە بوونی ڕۆحیان بکەن و خزمەتی پێویستییەکانی بکەن. بە بڕوای ئەو، کۆتایی ئایین کۆتایی مرۆڤایەتییە. بۆیە دژی ئەوە دەوەستێتەوە کە کۆتاییهێنان بە مرۆڤایەتی بکات بە دوا قۆناغی چاوەڕوانکراوی دیموکراسی و هەوڵ بۆ هێشتنەوەی ئایین دەدات لەناو دیموکراسیەتدا.

لە بەرامبەردا، بێڵا دەیەوێت هاوتاییەک لە نێوان هەردوو ئایین و سۆشیالیزمدا دروست بکات. بەڵام بێگومان ئەو ناتوانێت کارێکی نەکردە ئەنجام بدات و دواجار سۆشیالیزم هەڵبژاردە ڕاستەقینەکەیەتی. بۆیە هەوڵی ئەوە دەدات کە مانای ئایین لەناو مانا ڕزگاریخوازییەکەی کورت بکاتەوە. واتا بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێکی دیکە، بۆ بەرقەرار کردنی سۆشیالیزم. بۆیە دەکرێت بێڵا بخەینە پاڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە ئایین و سۆشیالیزم دەخەنە ناو یەک بەرەوە. ئەو پێشی وایە کە لەم سەردەمەدا، پەیڕەوی کاسۆلیکی بە تەواوەتی ئازاد بووە لە دەست ڤاتیکان و دەسەڵاتدارەکانی و لە ئێستادا بووە بە پەیڕەوێکی ئایینی سەربەخۆ. دەسەڵاتدارەکانی ڤاتیکانیش لە ئێستادا جگە لە ئابووری و هەوڵدان بۆ وەستاندنی جەنگە ئەتۆمییەکان، هیچ ڕۆڵیکی دیکەیان نەماوە.

بێڵا هەمان چاوەڕوانی مارکسی هەیە دەربارەی ئەوەی کە ئەگەر ئابووری سەربەخۆ لەناوببرێت، کە وەک تاکە فۆڕمی نایەکسانی ماوەتەوە لە ئێستادا، ئەوا دەتوانرێت دیموکراسییەکی تەندروست بەرقەرار بکرێت. تۆکۆڤێل بە پێچەوانەی ئەمانەوە باوەڕی وایە کە بەرقەراربوونی دیموکراسی، شکستی مرۆڤایەتی دەبێت. بۆیە ئەو وەک پارتیزانێکی دژ بە جەنگەکان دەردەکەوێت. مەبەستیش لە جەنگ هەموو جەنگێک نییە، بەڵکو ئەو جەنگەی کە دژی ئەو دیموکراسییەیە کە لێی دەترسا. ئەمەیش لە کاتێکدا کە مارکس و بێڵا بانگەشەی سیستەم و دۆکترینێک دەکەن کە تیایدا هیچ جەنگێک بوونی نییە، چونکە بەربەرەکانێ و ململانێی نێوان تاکەکان بوونیان نییە.

ئایا دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا بە شێوازێکی یەکسانانە، ڕێگا چارەیە بۆ دروستکردنی جیهانێکی لەو جۆرەی کە لە سەرەوە باسکرا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ دەبێت، ئەگەر هۆکاری سەرەکی بێزاری و دڕندەیی مرۆڤەکان تەنها هۆکارێکی پەیوەست بە ئابووری و پارەوە بێت لە بنەڕەتدا. بەڵام بۆچی لەناو کۆمەڵگای دیموکراتیشدا، هێشتا مرۆڤەکان دەگەن بە خاڵێک کە بێزار ببن لە دۆخەکە؟ یان لە ڕادە بەدەر هەست بە تاکگەرابوونی خۆیان بکەن و لە ڕادە بەدەر هەست بە خۆیان بکەن؟ لەبەر ئەوەی هۆکارەکە تەنها ئابووری نییە. واتە کێشەی مرۆڤە ئەمریکییەکان کە بەشێکی ئەم لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئەنجامدراوە، تەنها کەمی سەرچاوەی ئابووری نییە. بەڵکو کەمی کات دەکرێت ئەو کێشە گەورەیە بێت کە هەمیشە لەگەڵیاندا بمێنێتەوە. واتە ئەوان بە تەواوەتی درکیان بەوە کردووە کە چۆن کات بەردەوام لە ڕۆیشتندایە و بەشی ئەو خۆشگوزەرانیانە ناکات کە تاکێک دەیەوێت هەیبێت. بۆیە هەستکردنی بەردەوام بە تێپەڕبوونی کات وا لە مرۆڤەکان دەکات کە هەرگیز بەختەوەر نەبن.

مارکس و بێڵا بروایان وایە کە کێشەی مرۆڤ تەنها ئەو هەستکردن بە کاتە نییە و فاکتەری دیکە هەیە. بەڵام وەک چارەسەر، دەکرێت ڕێگەگرتن لەوەی کە مرۆڤ بکەوێتە ئەو دۆخە خوود-سەنتەریەی کە بەردەوام هەست بە خۆی بکات و بیر لە خۆی بکاتەوە چارەسەر بێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لە ڕادە بەدەربوونی تاکگەرایی دواجار مرۆڤ دەگەیەنێت بەو دۆخەی کە خۆی لە خوود-سەنتەری ڕزگاربکات؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا هەر ئەم ڕایە دەبێت بە خاڵی لێکنەچوونیان لەگەڵ تۆکۆڤێل. چونکە تۆکۆڤێڵ لە ڕادە بەدەری تاکگەرایی ناخاتە پێش تاکگەرایی خۆیەوە.

بیر لەوە بکەرەوە کە ڕای تۆکۆڤێل دەبێت چی بێت لەسەر ئەوەی کە زۆربەی ڕۆشنبیرە دیموکراتەکان سەرسامی مارکسیزمن. مارکسییەکان، ئەو تێگەیشتنەیان لەسەر تاکگەرایی دیموکراسی بۆ دروست بووە کە هۆکاری دروستبوونەکەی لەناو خوودی بێبەهایی مرۆڤایەتیدایە. ئەوەیش وا دەکات کە  دەرئەنجامی ئەو هەموو ڕق و شەڕەی کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە واتە بێبەهایی مرۆڤایەتی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆتا شۆڕش دروست ببێت. شۆڕشێک کە دژی جیابوونەوەی مرۆڤ لە یەکتری زۆربوونی خوود-ئاگایی دەبێت. مەبەستی سەرەکی ئەم شۆڕشە یەکخستنەوەی مرۆڤە لەگەڵ سروشتە نامرۆڤیەکەدا، واتا یەکخستنەوەی لەگەڵ هەموو بوونەوەر. ئەوەیش کۆتایی دەهێنێت بە ئازادی مرۆڤ. بە جۆرێکیش، خزمەت دەکات بە یەکسانخوازی. دواجار بیرۆکەی ئازادبوونی مرۆڤ، ناتوانێت خۆی بگرێت لەکاتی هەبوونی بەردەوامی گومانگەرایی ماتریالیزمی، کە بزووتنەوەکانی دیموکراسی و یەکسانخوازی لێوە دروستبووە.

بەڵام ناڕەوایەتییەک هەیە لەسەر پەیوەستکردنەوەی بێڵا و تەنانەت مارکسیش بەم دەرئەنجامەی مارکسییەکانەوە. ئەوان هەردووکیان پێیان وایە کە ڕێکخستنەوەیەکی گشتی یەکسانخوازیانە بۆ کۆمەڵگا، بەرهەمەکەی بریتی دەبێت لە دروستبوونی مانیفێستێکی ناڕێک لەسەر ئازادی مرۆڤ. بێڵا بە نموونە، هیوای ئەوە دەخوازێت کە دەستکەوتی دەرەکی، بگۆڕدرێت بۆ دەستکەوتی ناوەکی وەک بەرامبەرێک بۆ باش کارکردنی تاکەکان. ئەوەیش تەنها بە لابردنێکی تەواوی شێوازە کۆنەکە دەتوانرێت کاری پێ بکرێت، وەک شێوازێکی نوێی ژیان و کارکردن. هەروەها بێڵا ئەو ڕایەیشی هەبووە کە ئەگەر تاکگەرایی دیموکراسی بەرقەرار بێت، ئەو کاتە تاکەکان دەرفەتی ئەوەیان بۆ نامێنێتەوە کە بتوانن لەگەڵ تاکەکانی تردا و پێکەوە خەریکی حەلکردنی مەتەڵی بوون بن. بێڵا بیروڕای کلاسیکیانە و ئینجیلیانەی دیکەی زۆرە، کە وەک ڕەخنە لە تاکگەرایی دیموکراسی بەکاریان دەهێنێت. ڕەخنەکانی ئەو لەم جۆرە تاکگەراییە بە هەمان شێوەی تۆکۆڤێل، لە ڕوانگەی مرۆڤێکی ئۆرستۆکراتەوەیە کە پێی وایە مرۆڤەکان خۆیان بەرپرسن لە هەڵبژاردنەکانی خۆیان.

بەشێکی دژوەستانەوەکەی بێڵا لە بەرامبەر تاکگەرایی دیموکراسی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بڕوای وایە خۆی و ئەو کەسانەی کە ڕۆحێکی هاوشێوەی وەک ئەمیان هەیە، ناتوانن لەژێر سایەی سیستەمێک بژین کە تێکەڵەی ئۆلیگارشی و دیموکراسی بێت، کە هەمان سیستەمی ئێستای ئەمریکایە. ئەو بە قووڵی و ئورستۆکراتیانە بڕوای بەوە هەیە کە دنیا پڕیەتی لەو ڕەسەنایەتییانەی کە هێشتا کاریگەری خراپی ململانێی ماتریالیان بەرنەکەوتووە. ئەو لە چاو تۆکۆڤێلدا زۆر قورستر دەتوانێت ڕێکبکەوێت لەگەڵ ئەو دیموکراسییەدا کە لە ئێستادا لەناو خەڵکدا هەیە.

بێڵا مارکسییە. هۆکاری سەرەکی مارکسیبوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕوایەی کە بە ڕادیکاڵکردنی پڕەنسیپە دیموکراتییەکان هەیەتی کە دەتوانن بیگەیەنن بە ویستە ئەریستۆکراتییەکانی، ئەو ویستانەی کە گوایە پەیوەستن بە ڕۆحیەوە. پێشبینی و وەڵامەکانی ئەو بۆ چارەسەرکردنی مەتەڵی بوون، دیاریکراو و جێگیر نین. ئەو دژی ئەوەیش دەوەستێتەوە کە پرسی ئایین لە سیاسەت جیابکرێتەوە. تەنانەت پێی وایە کە پێویستە لەجیاتی ویژدان بە تەنیا، ویژدانی سیاسی بەکار بهێنرێت، لە پاڵ ویژدانی ئینجیلیانە تا ئابوورییەکی بێکێشە و دادپەروەریانە بێتە کایەوە. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە لای بێڵا و زۆرێک لە ڕۆشنبیرە دیموکراتەکانی تر ئەو بڕوا مارکسییە هەیە کە گوایە تەواوی کێشەکانی مرۆڤ بەهۆی مرۆڤ خۆیەوە دروست بوون و دواجاریش هەر بەدەستی مرۆڤ لەناو دەچن. بە جۆرێکی تر، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە کێشەکانی دروستکراوی دەستی خۆی ڕزگاری بکات، بە بەردەوامیدان بە مێژوو.

تۆکۆڤێڵ ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە مێژوو چارەسەری کێشەکانی مرۆڤی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. هەر بۆیە ئەو وەک بێڵا دڵخۆش نییە بە سۆشیالیزم. بەڕای ئەو سۆشیالیزم دیموکراسییەکی لە ڕادە بەدەرە، شۆڕشێکی ڕادیکاڵانەیە لە دژی دۆخی مرۆڤ. ئەو دەڵێت: “تەمەنی مرۆڤ بەس نییە تا مرۆڤەکان بتوانن تیایدا تەواوی خەیاڵەکانی خۆیان بهێننە دی. وە چێژە ناتەواوەکانیش بەس نین، تا بەختەوەرییەکی ڕاستەقینەی پێببەخشن”. لە چێژی ناتەواو دەکرێت یەکێک لە مەبەستەکانی بریتی بێت لە ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی کۆمەڵایەتی.

تۆکۆڤێل بەردەوام دەبێت: “مرۆڤ جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکانی تر، دەتوانێت هەست بە خراپی بوون بکات. کەچی هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ویستی بۆ ژیانکردن. مرۆڤەکان ژیان بە خراپ دەزانن، کەچی لە لەناوچوونیش دەترسن.” لە شوێنێکی تردا دژیەکیەکە بە جۆرێک دەردەخات کە مرۆڤ دڕندەیەکە کە فریشتەیەکی لە ناخدایە. هەر ئەمەیش بە گەورەترین مەینەتی دەزانێت کە لەسەر مرۆڤەکانە. بە ڕای مارکس خەم خواردن لە ژیان ون دەبێت، لەو کاتەی کە ئایینەکان نامێنن. ئەمە ئەگەر ڕاستیش بێت، هێشتا تۆکۆڤێل هاوڕای نییە. چونکە ئەو خەم و پەژارەی ژیان بە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لەناوناچن. مەگەر ڕیفۆرمەکە تەواوی مرۆڤایەتی لەناو ببات. لەبەر ئەوەیشی کە تۆکۆڤێل پارتیزانی ئازادیخوازییە، بۆیە ناتوانێت پشتگیری ئەم جۆرە ڕیفۆڕمە بکات کە مرۆڤایەتی دەگەیەنیت بە لەناوچوون، تەنانەت ئەگەر جۆرێک لە بەختەوەریشی پێوە بەسترابێت. ئامانجی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی پیرۆزکردنی مرۆڤە. بەڵام ئەو ئامانجە تەنها بە هەوڵی مرۆڤەکان بەدی نایەت و لە ئەنجامدا دەگات بەوەی کە دڕندەیی لێ بەرهەم بێت.

تۆکۆڤێل سەرەتاکانی دروستبوونی بیری دیموکراسی و ئازادیخوازی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی شانزە و حەڤدە. بە تایبەت بۆ ئەو کاتەی کە گومانگەرایی لە دژی هەبوونی ڕۆح و باوەڕبوون بە ڕۆح ئیشی دەکرد و هەوڵی دەدا کە بیسەلمێنێت مرۆڤ هیچ پێویستییەکی نییە بەناوی پێویستی ڕۆحی. ئەو ئایینی وەک گەورەترین دەستکەوتی ئەمریکییەکان وەسف کردووە کە لە ئۆرستۆکراسیەوە بۆیان مابێتەوە. وە لایەنگری دیموکراسیشی لە دژی ئایین وا باسکردووە کە لاینەگرییەکە لە دژی سروشتی مرۆڤ و تاکگەراییەکەیەتی. سەربەخۆبوونی ڕەها و جیابوونەوە لەوانی تر مرۆڤێک دروست دەکات کە چیتر مرۆڤ نییە.

بێڵایش دەیەویت هەمان دەرئەنجام لە سوودی خۆی و بیرۆکەکانی خۆی بەکار بهێنێت. بەڵام ئەو شکست دەهێنێت لەوەی کە پیشانی بدات کە چۆن ڕادیکاڵبوونەکەی دەربارەی پڕەنسیپە یەکسانخوازەکان سوودی بۆ تاکێتی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤ دەبێت. سۆشیالیزم وەک سیستەمێکی گشتگیر بۆ کۆمەڵگا، هیچ نییە جگە لە دیموکراسییەکی ڕادیکاڵانە. بەپێی بیرکردنەوەی تۆکۆڤێلیش، سۆشیالیزم سیستەمێکە لە دژی تاک و ئایین.

تۆکۆڤێل پێی وایە کە ئەمریکییەکان دەتوانن وەک پارتیزانی ئازادی بمێننەوە، هەتا ئەو کاتەی کە خاوەنی ئایین بن. بەڕای ئەو ئەمریکییەکان ناتوانن واز لە بیرۆکەی هەبوونی خودا بهێنن کە بەهۆیەوە مرۆڤ بووە بە جۆرێک لە پاشکۆ. تەنانەت ئەگەر بڕوای قووڵیشیان بەوە هەبێت کە پێویستە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا یەکسان بن، هێشتا دەبێت بڕوایان بە بوونی هێزێکی گەورەتری وەک خودا هەبێت. نەبوونی خودا، واتا نەبوونی تاکگەرایەکی دروست. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بمێننەوە، پێویستە ڕازی ببن بە هەموو ویست و ئازارەکانیان کە بەهۆی مرۆڤبوونیانەوە بۆیان دروست بووە. بەبێ بڕوابوونیشیان بە خودا، ئەم کارە ڕێی تێناچێت.

لە سەردەمی ئێمەدا، کەس لە ئەلیکزاندەر سۆلژێنەستین باشتر لە سۆشیالیزم و ئایین و پەیوەندی نێوانیان تێنەدەگەیشت. بە بڕوای ئەو سۆشیالیزم بریتییە لەوەی کە بەهای تاک بەپێی ڕێژەی ئەو ڕیفۆرمە دیاری بکرێت، کە بەسەر کۆمەڵگادا دێت. سۆشیالیزم لای ئەو هیچ بوارێکی بۆ بوونی تاکێکی جیاواز و سەربەخۆ نەدەهێشتەوە. وە پێی وابوو کە لەناو کۆمەڵگای سۆشیالیستیدا، تاکەکان تەنها کاڵایەکی کۆمەڵایەتین و تاکگەرایی خۆیان لەدەستدا نەماوە.

سەبارەت بە ئایینیش پێی وایە کە ئایین بە گشتی و بە تایبەت ئایینی مەسیحی، توانای ئەوەی هەیە ئازادییەک بدات بە مرۆڤەکان کە سۆشیالیزم ناتوانێت بیانداتێ. چونکە ئەو ئازادییەی ئایین دەیدات، ئازادییەکە لە شتێکی گەورەتر لە کۆمەڵگا وەردەگیرێت کە خودایە. هەر بۆیە بەڕای سۆڵژێنەستین، مرۆڤە باوەڕدارەکان ئازادترن لە سۆشیالیستەکان.

ئەم ڕایە زۆر لە بیرکردنەوەی تۆکۆڤێلەوە دوورە. بەڵام لە ڕووی ئەو ڕەخنانەی کە لەم ڕایەوە ئاڕاستەی تاکگەرایی دیموکراسی دەکرێت، هێشتا دەتوانین بڵێین کە نزیکی سۆلژێنەستین زیاترە وەک لە نزیکیەکەی بێڵا بۆ تۆکۆڤێل. بە کورتی مەبەستە گشتییەکە ئەوەیە کە تاکگەرایی دیموکراتی ناتوانێت ئازادی مرۆڤ دەستەبەر بکات.

سەرچاوە:

هاوشێوە