هه‌ندرێن
به‌رایی
هه‌ر له کۆتاییه‌کانی نهوەتەکان و به تایبه‌تیش دوای رووخانی رژێمی به‌عسییه‌وه، بازاڕه ههمهتهرزهکانی جیهانگریی به شه‌پۆلگه‌لێک له مۆدهکانییهوه کۆمەڵگەی کوردستانی تهنییەوه. به‌شێک له‌و مۆدانه‌ی که وه‌ک به‌شێک له‌و بازاڕه‌وه بووه بابه‌تی رووپهڕ و وێردی سه‌ر زاری نووسەر و سیاسیی کورده‌وه، چه‌مکی دوای نوێخوازیی (پۆستمۆدێرنیزم) وفهیلهسووفگهلێکی دوای نوێخواز (پۆستمۆدێرنیست) بوون. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه له خودی رۆژئاوادا کاڵبۆوه، ئه‌و چه‌مکه‌ش وه‌ک هه‌ر چه‌مکێکی دیکه، جا چ له رابردوو بێت یان هه‌نووکه‌دا، بێ هیچ گۆڕانێکی بونیاتیی و بوونی زه‌مینه‌یه‌کی رۆشنبیریی و جڤاکیی؛ بێ بوونی ئاماده‌ییه‌کی ئاگایی گشتیی؛ بێ ئاوڕدانه‌وه له پێداویستبوونێکی رۆشنبیریی، بێ وه‌رگێڕانی ده‌قگه‌لێکی ئەدەبیی و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و چه‌مکه و راڤه‌کردنێکی خهمڵیووی ئه‌و کۆبەندیی (کۆنتێکست)ەی که ئه‌و ره‌وته هزریی و رۆشنبرییهی به‌رهه‌مهێناوه، له ژیانی رۆشنبیریی و سیاسیی کوردستاندا بە رەواج بوو. هەڵبەت ئەو دیاردە هزریی، فەلسەفیی و ئەدەبییانە دوور لە رۆڵی زانستگەکان دەردەکەون و بە درەنگیشەوە لە زانستگەکاندا لە ئاستێکی سنوورداردا . ئەمەش چونکە، لە کاتێکدا لە بواری مێدیایی و زارەکییدا وەک مۆدە قسەی لەسەر دەکرێت، کەچی لە خوێندگە و زاستگەکانی کوردستاندا نەخوێدێنە کایەوە. بۆیە ئەو چەمکگەلە وەک هەر ئایدیۆلۆژیی و بابەتێکی دیکە، لە ئاستی تێگەیشتنێکی بێکردە و رووکەشدا قەتیسماو دەمێننەوە.
هەرچەند بە کوردییکردنی کۆی تێگەیشتنەکانی ئەو چەمکانە کارێکی ئاسان نییە، چونکە چەمکی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم، وەک هەر چەمکگەلێکی دیکە، سەرچاوەی زمانیی و کولتووری رۆژئاواییان هەیە و پرۆسەیەکی بەرفرەوانە، بۆیە لەم نووسینەدا، تەنێ وەک پیشنیاز، وشەی “نوێخوازیی” بۆ چەمکی “مۆدێرنیتە” و وشەی “نوێخوازیی”ش بۆ چەمکی “مۆدێرنیزم” بەکار دەهێنرێت.
له‌وه‌ش بترازێین، جێگه‌ی دۆشدامانه که ئه‌و چه‌مکه هه‌ر نه‌بوو به مۆده‌ی بڵاوکراوه رۆشنبیرییه‌کان، بەڵکە بوو به مۆده‌ی لاپه‌ڕه‌ی ئۆرگانی حیزبه‌کانیش، له کاتێکدا رەنگە نەک هەر زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی سیاسیی و کادیرانی ئه‌و حیزبانه زانیاری‌یان لەسەر مێژوو و پاشخانی نوێخوازیی-_دوای نوێخوازیی، نوێخوازیی/دوای نوێکاری (مۆدێرنیتە_پۆستمۆدێرنیتە، مۆدێرنیزم/ پۆستمۆدێرنیزم)ە ش نەبن، هەرچەندە بێ ئەوەی بشزانین، ژیان، بازاڕی ئازاد ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، کو‌لتوور، سیاسەت، پاشکۆ و بەکاربەری ئاکام و بەرهەمەکانی ئەو چەمکانەن.
هه‌ر چۆنێک بێت، لێره‌دا نه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌که له خولیایەکانی ئه‌و ره‌وته رۆشنبیرییه که‌مبکه‌مه‌وه و نه گرفته‌کانی ئه‌و دۆخە رۆشنبیرییه ناڕێکخراوەمان راڤه بکه‌م . لێ لێره‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین، که ئێمه ده‌بێ خاوه‌ن ئه‌و ئاگاییه بین که هه‌موو دیارده و مۆده‌ی شه‌پۆڵه تیۆرییه‌کان، هه‌روه‌ک هه‌موو دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی زانستیی و بگره ده‌قێکیش به دیدێکی ره‌خنه‌یی و مه‌ودا وه‌رگرتنێک لێیانه‌وه بخوێنینه‌وه. به‌های تێگه‌یشتن له‌وه‌دایه، که ئێمه‌ی خوێنه‌ر نه‌بینه دیلی کتێب و مۆده هزرییه‌کان. که‌واته ئه‌و کاته ئێمە دەبین بە خۆمان، که توانیمان گفتوگۆ، پرسیار و پشکنینهوهیهک به‌رانبه‌ر ئه‌و دیارده هزریی و تیۆرییانه به‌رهه‌مبهێنین، بەدەر لەوە، کۆمەڵگەیەکی بێئاگای بەکاربەر و بێبەرهەمین.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له روانگه‌یه‌کی هزرییەوە تەنێ دیمەنێک له ئه‌ده‌بی پۆستمۆدێرنیزم نمایشبکه‌م، کە بەشێکی گرینگە لە نوێخوازیی (مۆدێرنیتە)
له کۆتایی شه‌سته‌کاندا گفتوگۆی دوای نوێخوازیی (پۆستمۆدێرنیزم) له بواری هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌دا بوو به بابه‌تێکی گەرم. لە بواری تێوریدا چه‌مکی پۆستمۆدێرنیزم (دوای نوێخوازیی) به شێوه‌ی جوودا شرۆڤه ده‌کرێ، که‌چی هاوکاتیش ئێستاش فامکردنی ئه‌و چه‌مکه بۆ زۆر خوێنه‌ر و نووسه‌ر ئاسان نییه. ره‌نگه ئه‌و فره شرۆڤهکارییهش له‌و چه‌مکه په‌یوه‌ندی به دۆخی دوای نوێخوازییه‌وه هه‌بێت. چونکه ئه‌و دۆخه دوای نوێخوازییه به گومانه‌وه له ئاوه‌ز و یه‌کایه‌تی یان باڵاده‌ستی راستیی ده‌ڕوانێ. هه‌ر بۆیه ئه‌و ته‌رزه گومانه‌ی دوای نوێخوازیی گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی که ئه‌و راستیی و زانینه گه‌ردوونییه‌ی، که نوێخوازیی (مۆدێرنیزم) بڕوای پێ هه‌بوو، ره‌تبکاته‌وه. هاوکاتیش ئه‌و چه‌مکه هه‌میشه وه‌ک ئاراسته‌یه‌کی ره‌خنه‌یی به دژی نوێخوازیی فامدهکرێ.
پۆستمۆدێرنیزم به دژی ئاوهزگهرییهوه وه‌ک شێوازێکی رچه‌شکێن بواری هونه‌ری ته‌نییه‌وه. هاوکاتیش پۆستمۆدێرنیزم له بواری ته‌لارسازییدا به شێوه‌یه‌کی ته‌واو رووبه‌ڕووی ته‌کنیک بووه‌وه. هونه‌رمه‌ند له‌و دۆخه دوای نوێخوازییه‌دا چیتر بڕوای به دیرۆک و جیهانێکی کۆمه‌ڵیی نه‌ماوه‌ته‌وه. دۆخی جوانناسی (ئێستێتیکا)ی دوای نوێخوازیی هه‌وڵده‌دا له سنووری نێوان کات و شوێندا خۆی رزگار بکا. به‌مجۆره مرۆڤ له هونه‌ری دوای نوێخوازییدا وه‌ک کۆچه‌رێک له دیمه‌نه هونه‌رییه‌کاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌وێدا مرۆڤ به هۆی ئاگاییه بزواوهکهیهوه به‌ناو شێوه‌کاندا نمایشده‌کرێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر مرۆ سه‌رنجبدا ئه‌وه ده‌بینێ که له کاره هونه‌رییه دوای نوێخوازییهکاندا سنووره‌کانی نێوان تاکه‌که‌س و دیمه‌ن و بگره سنوورێکیش له نێوان تاکه‌که‌س و هونه‌ردا نه‌ماوه‌ته‌وه. دیاره هونه‌ر که‌ژ و هه‌وایه‌ک (ئەتمۆسفێر) ساز ده‌کا که مرۆ له‌وێدا خۆی وه‌ک که‌سێکی دیکه ده‌بینێته‌وه.
وه‌ک ده‌بینین هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ک شێری لێڤین(Sherrie Levine) به هێنانی وێنه‌یه‌ک له سییه‌کانه‌وه، وێنه یان تابلۆیه‌کی ته‌واو نوێ ساز ده‌کاته‌وه. له کن هونه‌رمه‌نده دوای نوێخوازەکانەوە، وێنه بزواوهکان، حیکاته‌کانی هولیوود و گۆرانی هیپ-هۆپ چه‌شنێکه له وێنه‌ی جیهانه‌که‌یان.
له‌و روانگه‌یه‌وه له‌و نووسینه‌دا به خوێندنه‌وه‌یه‌ک له کتێبه‌که‌ی ستیڤین کۆنۆر (Stetven Connor “کولتووری پۆستمۆدێرنیستی: ده‌روازه‌یه‌ک بۆ تیۆریی سه‌رده‌می پۆستمۆدێردن/Postmodernistic Culture: An Inteoduction to theories of the Postmodern era” (1997)، که سه‌رچاویه‌کی به‌نرخه بۆ تێگه‌یشتن له پۆستمۆدێرنیزم، وێنایه‌ک له‌و دیاردانه نمایشبکه‌م که به سه‌رده‌می پۆست‌مۆدێرن پێناسه ده‌کرێن. لێ له به‌راییدا پێوسیته پاشخانێک بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه پۆستمۆدێرنه نمایشبکرێت. دواجاریش به پێناسه کردنێک له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، ئاکامگیرییه‌ک بۆ کۆی ئه‌و نووسینه دەخەمە روو.
وێنەیه‌ک له پاشخانی دوای نوێخوازیی
مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی نوێخوازیی (مۆدێرن) له هێگل به دواوه وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی له واقیعی ژیانی ده‌ڕوانێت. له روانگه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌وه مێژوو ئامانجێکی هه‌یه، هه‌ر بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ بتوانێ ئه‌و رۆژگاره‌ی خۆی فامبکا، ده‌بوو ئه‌و دۆخه‌ی که تێیدا ده‌ژی تێبگات. له‌و روانگه‌یه‌وه دیدی رێژه‌خوازی مێژووی سەته‌ی نۆزده، که ئه‌و دیده‌ش جیهانبینی رۆمانتیک، له گریمانه‌ی کتێبه‌که‌ی هۆسێرل، “فێنۆمێنۆلۆگیی و ته‌نگژه‌ی فه‌لسه‌فه” و هه‌تا ده‌گاته هایدیگه‌ر که له هه‌وڵی ئهوەیدا بوو مێتافیزکی رۆژئاوایی تێک‌بشکێنێ، به دوای خۆیەوە هێنا. به‌مجۆره میشێل فۆکۆ به دیار ده‌که‌وێ و ئه‌و سه‌ره داوه یان پرۆسه فه‌لسه‌فییه ده‌گرێته ده‌ست. دواجاریش ژان فرانسوا لیۆتار قووت ده‌بێته‌وه و له کتێبه‌که‌ی “دۆخی پۆسمۆدێرن/(1978) La condition postmoderne”دا، ماڵئاوایی له پرسیارە گەورەکانی مۆدێرنیتە، وەک شۆڕش، راستییە گەورەکان، یان بە واتەی لیۆتار، “داستانه مه‌زنه‌کان”، ده‌کا.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی کانت بوو که ده‌روازه‌یه‌کی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریی و روانگه‌یه‌کی نوێی بۆ تێگه‌یشتن له بوونناسی مرۆڤ ئاوه‌ڵا کرده‌وه. کانت بۆ یه‌که‌مجار به شێوه‌یه‌کی راشکاو وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی مێژووی چه‌مکی رۆشنگه‌ریی پێناسه ده‌کا و ده‌نووسێته‌وه. له‌وێوه بۆ یه‌که‌مجاریش چه‌مکی رۆشنگه‌ریی ده‌بێته هاوواتای ئاگایی مرۆڤ له‌سه‌ر خودی خۆیدا. هاوکاتیش بۆ یه‌که‌مجار له کن کانتدا ئه‌و تێهزرینه فه‌لسه‌فییه ده‌خوێنینه‌وه، که چۆن بواره جوودایەکانی نوێخوازیی پێناسه بکه‌ین. به واتایه‌کی دیکه: بۆ یه‌که‌مجار کانت پێمانده‌ڵێ چۆن فه‌لسه‌فه، زانست، ئێتیک، سیاسه‌ت، جوانناسیی و … هتد ناسبکه‌ین و لێکجوودابکهینهوه.
له‌و دیده‌وه پرسی رۆشنگه‌ریی و په‌یوه‌ندییه‌کانی به پرسی ژیربێژیی، لۆگیکه‌وه له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه: ده‌بێ چی بزانم؟ ده‌بێ چی بکه‌م؟ ده‌بێ چ خواستێکم هه‌بێ؟ گشت ئه‌مانه‌ش له‌وه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌گرن: مرۆڤ چییه؟
به‌مجۆره کانت له غەمی ئه‌وه‌دا بوو که سنووری بواره‌کانی فه‌لسه‌فه به دیار بخات. له‌بۆیه هزری کانت به فه‌لسه‌فه‌ی ره‌خنه‌یی ناوزه‌د ده‌کرێ. ئه‌و فه‌لسه‌فه رهخنهییهش مانای نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و ناگه‌یه‌نێ، بەڵکە چونکه فه‌لسه‌فه‌ی کانت سنوور و ریشه‌ی بۆ وشه‌کانمان دیارییکرد و دووتای کردنه‌وه. به واتایه‌کی روونتر: سنووری و ریشه‌ی نێوان “ره‌خنه” و “ته‌نگژه”ی ده‌ستنیشانکرد.
دواجار ئه‌و پرسیاره‌ی که نه‌وه‌ی دوای کانت پێیه‌وه سه‌رقاڵبوو: نوێخوازیی چییه؟ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه چی ده‌گه‌یه‌نێ؟ چۆن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان فامبکەین؟ ئه‌و پرسیارانه‌ش وه‌ک بابه‌تێک گشت فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانتیک، له شیله‌ره‌وه به دواوه، سه‌رگه‌رم ده‌که‌ن. له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌با بزانین ئاخۆ پرسیاره‌کانی دوای نوێخوازیی چییه؟
سه‌رده‌می رچه‌شکێنی دوای نوێخوازیی
له ده‌ستپێکدا گوتمان، که دوای نوێخوازیی پێناسه‌ی هه‌مه‌ره‌نگی بۆ ده‌کرێ. مرۆ ده‌توانێ له‌مه‌ڕ پێناسه‌ی یه‌که‌مه‌وه، دوای نوێخوازیی وه‌ک درێژبوونه‌وه‌یه‌ک له مۆدێرنیزم، نوێخوازیی سه‌یر بکات. سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی دووه‌میشه‌وه ده‌کرێ دوای نوێخوازیی له کۆی خولیاکانیدا وه‌ک دابڕانێک به دژی نوێخوازیی ناسبکرێت. سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌ب ستێڤین کۆنۆر وه‌ک نموونه‌یه‌ک له‌و دابڕانه ده‌بێژێ: “هه‌رچه‌نده ئه‌و جۆره نووسه‌رانه به گشتیی به پۆستمۆدێرنیست ناودێر ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر به‌شی یه‌که‌می ئه‌و ئه‌ده‌به پۆستمۆدێرنیزمه، که‌واته له بری ئه‌وه مۆدێرنیزم ره‌تبکاته‌وه، ده‌بێ خاوه‌نی چه‌شنه ره‌خنه‌یه‌ک بێ که په‌یوه‌ندی به مۆدێرنیزمه‌وه هه‌بێت.” (1) هاوکاتیش، به واتەی هابرماس، ده‌کرێ وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له پرۆسه‌ی نوێخوازیی سه‌یری دوای نوێخوازیی بکه‌ین. هه‌ر چۆنێک بێت، گشت ئه‌و پێناسه جیاوازانه جهختکردنهوهیکن له بوونی ته‌نگژه‌یه‌ک له سه‌رده‌می نوێخوازییدا، که ئه‌مه‌ش مانای بوونی ته‌نگژه‌یه‌که له دۆخێکی کو‌لتووریی و جڤاکییدا. دیاره ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ش له خودی به خه‌ونکردن و ئاوه‌زاندنی نوێخوازیی هه‌ڵقووڵاون.
چونکه مۆدێرنیزم بڕوای بهعەقڵ عەقڵخوازییەوە هه‌یه، که ئه‌مه‌ش به واتایه‌کی ئه‌رێتی، وێنه‌ی جیهانێکی میکانیکیی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێ و بڕوای به هۆشمه‌ندی مرۆڤیش ده‌بێت. لێ له روانگه‌ی ستێڤین کۆنۆرهوه:”هه‌رچه‌نده له 1950 و 1960ه‌کانه‌وه چه‌مکی “پۆستمۆدێرنیزم” له لای گه‌لێک نووسه‌ر به‌کار ده‌هێنرا، که‌چی پۆستمۆدێرنیزم تا ناوه‌ڕاستی 1970ه‌کان خۆی نه‌سه‌پاند. کاتێک ئه‌و چه‌مکه ره‌وایه‌تی خۆی وه‌رگرت، دیارده جڤاکیی و کولتوورییه جیاوازه‌کان له نێو بوارگه‌لێکی ژیان و ئه‌کادیمیی، فه‌لسه‌فه، ته‌لارسازیی، خوێندنی فیلم و بابه‌تی ئه‌ده‌بیدا سه‌خت بوون و به دژی ده‌وه‌ستانه‌وه.” (2) ئه‌وکات لیۆتار له کتێبه‌که‌ی، “دۆخی دوای نوێخوازیی”دا کۆتایی”داستانه مه‌زنه‌کان” راده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌و به جۆرێک نێوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌ی گه‌ڵاڵه ده‌کا که بڕه‌نده بێ. ستێڤین کۆنۆر ده‌بێژێ: “به‌ڵگه‌ی ره‌خنه‌ییه‌که‌ی لیۆتار له کتێبه‌که‌یدا به ده‌وری کرده‌ی داستان له‌ناو گوتارێکی زانستیی و زانیندا ده‌خوولێته‌وه. بایه‌خی ئه‌و وه‌ک خۆی زۆر له زانیاری زانستیی و رێره‌وی شێوازه‌کانیدا نییه، بەڵکە له شێوه‌دایه که ئه‌و چه‌شنه زانیاریی و رێڕه‌وی شێوازانه ره‌وایه‌تی خۆیان وه‌ربگرن یان رابگه‌یه‌نن.”(3) کتێبه‌که‌ی لیۆتار له دوو تێڕوانیندا چڕ ده‌بێته‌وه، یه‌که‌م تێڕوانین به‌نده به نه‌بوونی نزیکایه‌تییه‌کی هاوبه‌ش، بۆ نموونه خودا، راستیی. دووه‌م تێڕوانینیش پێی وایه که چاوگه‌کانی زمان له خودی خۆیدا ده‌هزرێ. له روانگه‌ی لیۆتاره‌وه هەتاو دوای کۆپێرنیکۆس هه‌مان ئه‌و هەتاوەی پێشتر نییه. له کن لیۆتار، ئه‌وه بڕوا بووون به ئاوهزە که مرۆڤی گه‌یانده دیکتاتۆری. به‌مجۆره به پێی خوێندنه‌وه‌ی کۆنۆر له لیۆتاره‌وه بۆمان ده‌رکه‌وت که: “راستییه‌که‌ی مۆدێله‌که‌ی لیۆتار دوو قات به تاکڕهوییکردنه، چونکه هه‌ردوو بڕواکه‌ی ئه‌و به‌ندن به روانینێک له‌مه‌ڕ داڕمانێکی سه‌رتاسه‌ری له مێتا-داستانه‌کاندا، له گشت لایه‌ک و بۆ هه‌میشه‌ش، لێ هاوکاتیش به‌نده به بڕوایه‌کی قه‌تیسماو و به ده‌ڤه‌رێکی دابڕاو ((dominion له مێتا-داستانێک به‌ر له‌وه‌ی که دۆخی پاشنوێگه‌ری سه‌ریهه‌ڵدابێت.” (4) له دیدی لیۆتاره‌وه خود (سۆبژه)، ده‌مڕاستی، واتە و راسیتی سازێنه‌ری ئهڵقهبهندییهکه که ده‌بێ لێکبپچڕین. تێگه‌یشتن له خود و تاكڕه‌وی ئاوه‌ز وه‌ک ماڵئاواییه‌ک له “داستانه مه‌زنه‌کان” و نوێنه‌راتییه‌کی بنه‌مایی (فۆندهمێنتال) خۆی ده‌نوێنێ و ره‌وایه‌تی کۆتایی دێت.
له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا فه‌یله‌سووفی پۆستمۆدێرنیستی ئه‌مریکی ریچارد رۆرتی پێی وایه، زمانی یه‌کاتی زمانی گشتگریی مۆدێرنیته زمانێکی مێتا، بان داستانی سازاند. به لای رۆرتییهوه هه‌موو که‌س ده‌توانێ راستییه‌ک دروستبکا. به‌مجۆره له دیدی کۆنۆرهوه “رۆرتی، وه‌ک ئاشکرایه ئه‌وه‌ی قه‌بووڵه که جیاوازییه‌کی کولتووری هه‌یه، ئه‌و نکۆڵی له‌وه ده‌کا که ئه‌و جیاوازییه کولتوورییانه ده‌بنه هۆی سازاندنی چه‌شنه پرینسیپگه‌لی جیاواز که نه‌کرێ لێکگرێبدرێنەوە.”(5)
وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌و دیده ره‌خنه‌ییه له هه‌مبه‌ر مۆدێرنیته و ئاوهزخوازییدا، کۆمه‌ڵناسیی پۆلۆنی به‌ر ره‌گه‌ز جووله‌که، سیگمۆند باومان بڕوای وایه، هۆکردی کۆمه‌ڵکوژیی جووله‌که و به بیرۆکراتیکردنی کۆمەڵگە به‌رهه‌می خودی مۆدێرنیته‌یه. باومان پێی وایه، ئه‌و ژیاره‌ی که مۆدێرنیته سازیکرد زه‌مینه‌ی بۆ کۆمه‌ڵکوژیی جووله‌که و بیرۆکراتی ره‌خساند، که ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ئاکامێکی چاوه‌ڕوانکراو بوو. ئاکامی ئه‌و بیرۆکراتییهش بوو به تاکڕه‌ویی، رۆتین و مرۆڤی له هه‌ستی مرۆڤایه‌تیدا داماڵی.
باومان له کتێبی “ئێمه له دوای نوێخوازیی نێگه‌رانین”دا ده‌بێژێ، که ده‌ستپێکی دوای نوێخوازیی له گه‌ڕه‌کێکی ئه‌مەریکادا ده‌ستیپێکرد. له‌و گه‌ڕه‌که‌دا خانووه‌ک سازکرا که نه‌ده‌گه‌یشته زه‌وی، ئه‌مه‌ش تا وێنه‌یه‌کی ئاسان به بینه‌ر ببه‌خشێت. ئه‌و خانووانه دەرگە و کلیلگهلێکیان هه‌بوو که تێکچوو بوون. له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و خانووانه سازکران بۆ ئه‌وه‌ی ره‌ش پێست و سپی پێسته‌کان پێکه‌وه تێیاندا بژین. له ساڵی 1972دا ده‌سه‌ڵاتداران گشت ئه‌و خانووانانهیان رووخاند. به‌مجۆره به واتای باومان، له‌وێدا پرۆژه‌ی مۆدێرنیتێتە کۆتایی پێدێت. به دیدی باومان، ئاگایی و هاوئاهه‌نگی دژه‌کان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که مرۆڤه‌کان له یه‌کتر جیاوازن. لێره‌وه مرۆڤه‌کان بریتین له چوار جۆر: له روانگه‌ی جۆری یه‌که‌مه‌وه هه‌موو تشتێک رووکه‌شه، جۆری دووه‌می مرۆڤ خۆی وه‌ک گه‌ڕۆکێک دەنوێنێت، ئه‌مه‌ش بریتییه له هه‌ستی بێماڵیی و ئازادییه‌کی ره‌ها. مرۆڤی گه‌ڕۆک هیچ شوێنێک به ماڵی خۆی نازانێ، له‌بۆیه هه‌میشه له سه‌فه‌ردایه. جۆری سێیه‌می ئه‌و مرۆڤه، بریتییه له مرۆڤێکی گه‌شت و گوزاریی، گەڕۆک، ئه‌و جۆره مرۆڤه وه‌ک گه‌شتیار ناخوازێ له شوێنه‌که‌ی خۆیدا بژیت. ئه‌و مرۆڤه هه‌میشه به دوای تشتی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت، بۆیە له گه‌ڕان و سووڕاندایه. له کن ئه‌و جۆره مرۆڤه‌دا، ماڵ بریتییه له چه‌شته زیندانێک. جۆری چواره‌می ئه‌و مرۆڤه بریتییه له مرۆڤێکی گه‌مه‌باز. لێ مه‌به‌ستی ئه‌و مرۆڤه له‌و گەمەیە دروستکردنی کاریگه‌ریی نییه و هیچ ئامانجێکیشی لە ژیاندا نییه. دواجاریش باومان پێی وایه، که مه‌رگی مرۆڤ له دیدی دوای نوێخوازییه‌وه به مێدیاوه گرێدراوه، تا ئه‌و مرۆڤه له رێگای مێدیاوه هه‌ست به نه‌مری بکا، که ئه‌و نه‌مرییه‌ش به سه‌یرکردنی ناوه ناسراو و پاڵه‌وانی فیلم و سترانبێژهکانهوه ده‌سته‌به‌ر ده‌کا. هه‌ر بۆیه ئه‌و مرۆڤه گهمهبازه هیچ تشتێک به گرینگ وه‌رناگرێت.
ره‌هه‌ندی جوانناسیی له جیهانی دوای نوێخوازییدا
دیاره وه‌ک بینیمان به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی دوای نوێخوازیی له تاکه پێناسه‌که‌یدا تشتێکی ئاسان نییه. هه‌روه‌ک ئاسانیش نییه که نوێخوازیی له پێناسه‌یه‌کدا به‌رجه‌سته بکه‌ینه‌وه. لێره‌دا ده‌کرێ بڵێین که نوێخوازەکان پێیان وایه که له‌مه‌ڕ جیهان و مرۆڤدا ته‌نیا تاکه راستییه‌ک هه‌یه. لێ دوای نوێخوازەکان، به پێچه‌وانه‌ی نوێخوازەکان، پێیان وایه که هیچ راستییه‌ک بوونی نییه یان راستی تشتێکی بزواوه و فره ره‌هه‌نده. هه‌ر بۆیه ئه‌و دیدانه‌ی دوای نوێخوازەکان له کن نوێخوازەکان مایه‌ی ورووژاندنه.
له‌و دیده‌وه هونه‌ری نوێخوازیی له چوارچێوه‌ی یه‌کاتییه‌کدا فامدهکرێ، له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌شدا تێگه‌شتی دوای نوێخوازەکان بریتییه له وێنه‌یه‌کی پچڕ پچڕ و لێکترازاو، له یه‌کاتییه‌کدا جێگه‌ی نابێته‌وه. به دیوێکی دیکه‌وه له کن نوێخوازەکاندا هونه‌ر و جوانناسیی ئاماده‌ییه‌کی بێهاوتای هه‌یه. لێ هونه‌ری دوای نوێخوازیی بوونێکی نائاماده، هاودژ (په‌رادۆکس) و بێخود ده‌نوێنێ. ستێڤین کۆنۆر له‌مه‌ڕ ده‌قی دوای نوێخوازییه‌وه ده‌بێژێ که: “ئه‌ڵقه‌ی نێوان ده‌ق و جیهانی دوای نوێخوازیی لێکچنراون، ئه‌مه‌ش مانای سڕینه‌وه‌ی ده‌ق نییه تا بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه واقیعی خۆی، بەڵکە ئه‌وه چڕیی و تۆکمه‌یی دهقچنیی (textuell)یه که هه‌ڵگری ئه‌و واقیعه‌یه. کاتێک ئه‌و واقیعه ده‌گاته گوتارێک، به‌مجۆره تتشتێک بۆ حه‌په‌سان نامێنێته‌وه که پێویست بێت نێوان ده‌ق و جیهان پڕبکاته‌وه.” (6)
تابلۆی دوای نوێخوازەکان چه‌شنه گوته‌یه‌کی بێنووسهره. وێنه‌ی هونه‌ریش بریتییه له زمانێک، سیسته‌مێک له ئاماژه، رێزمانێکه یان وه‌رچه‌رخانێکی زمانه‌وانییه. لێره‌وه ئاماژه و هێما له تابلۆیه‌کی دوای نوێخوازییدا ده‌بێ چه‌ندان ناوکۆیی جیاوازی هه‌بێت. هاوکاتیش له تابلۆیه‌کی دوای نوێخوازییدا بارێکی چۆل ئاماده‌یی هه‌یه که مرۆڤ وه‌ک چه‌شنه نائامادهییهک له واقیع ده‌توانێ تێیدا بژی. له‌وێدا تابلۆ ناگه‌ڕێته‌وه لای خۆی، بەڵکە ده‌گه‌ڕێته‌وه لای جڤاک، ئه‌و شوێنه‌ی که بوونی هه‌یه. به‌مجۆره ده‌کرێ ده‌قێک یان تابلۆیه‌ک به هۆی زنجیره‌یه‌ک له روانین و وێنگهلهوه وه‌ک ده‌ق و تابلۆیه‌کی دانسقه بنوێنن، که ئه‌مه‌ش واتای ته‌رزه رامانێک له ژیان و جیهاندا نمایشده‌کا.
بۆ نموونه له تابلۆیه‌کدا کورسییه‌کی ته‌واو و وێنه‌یه‌ک له هه‌مان کورسییه‌وه ده‌بێته یارییه‌ک له نێوانیاندا ده‌سازێنێت. هه‌ر بۆیه فونکشۆنالیزم له بواری ته‌لارسازییدا وه‌ک شێوه و سازکردن بۆته شێوازێکی باو.
هه‌ڵبه‌ته شاری مۆدێرن له‌سه‌ر بنه‌مای ئامانج و لایه‌نی کرده‌یی، ساکاریی و ئاوه‌زییدا سازکرا. لێ پۆستمۆدێرنیزم به گومانه‌وه سه‌یری بڕوا بوون به ئاوه‌ز ده‌کا که مۆدێرنیزم و مۆدێرنیته بڕوایان پێ هه‌بوو. هاوکاتیش له دیدی دوای نوێخوازییه‌وه نه راستییه‌کی ره‌ها هه‌یه و نه نۆرم و شێوازێکی نموونه‌ییش. هاوکاتیش له کن پۆستمۆدێرنیشتەکاندا چه‌ندین راستیی هه‌یه. له‌بۆیه ئه‌و به‌هایانه هه‌موویان به دژه شاری مۆدێرن فامدهکرێن.
له روانگه‌ی دوای نوێخوازییه‌وه تاکوو ئه‌ده‌ب بتوانێ ئه‌زموونه‌کانی ژیان بهرجهستهبکاتهوه، ده‌بێ هه‌میشه شێواز و میتۆدی نوێ تاقیبکاته‌وه، چونکه ژیان هه‌میشه له گۆڕان دایه و رهههندهگهلی جوودای هه‌یه. سه‌باره‌ت به‌وه‌وه ستێڤین کۆنۆر ده‌ڵێ: “ره‌نگه وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێمه چاوه‌ڕوانیمان ده‌کرد، که لهمهدیو ئه‌و چه‌شنه وێناکردنانه‌ی که به‌وه رازییه به شێوه‌که‌ی تیۆریگه‌لێک ئاوڕ بۆ دواوه یان بۆ پشه‌وه بده‌نه‌وه له‌مه‌ڕ نووسینی دوای نوێخوازییه‌وه رابگه‌یه‌نرێن.” (7) له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا دوای نوێخوازەکان پێیان وایه که مرۆ ده‌توانێ سوود له شێوازه جوودایهکانی مێژوو ببینینێت و له ده‌قێکدا لێکی بترنجێنێت، مرۆ له ده‌قێکدا ده‌توانێ شێوه ده‌ربڕینێک به‌کار بهێنێ، که ده‌کرێ ئه‌وه ده‌ربڕینێکی دادایزم و سوریالیزم، سومبولیزم و زمانی رۆژانه‌یی بێت و گشت ئه‌و شێواز و ده‌ربڕینانه تێکه‌ڵاو بکا و له شێواز و ده‌ربڕینی هه‌مه‌جۆردا به‌کاریان بهێنێ. ئه‌مه‌ش له کن ستێڤین کۆنۆر، بریتییه له‌وه‌ی که: ” دوای نوێخوازیی به پێچه‌وانه‌ی دیدی گهردوونخوازیی نوێخوازییه‌وه، هه‌سته‌وه‌ریی دێهاتی جیهانی، کۆسمۆپۆلیتزمێکی ته‌نزئامێز (ئیرۆنی) پێشکه‌ش ده‌کا. ئه‌مه‌ش بوارێک بۆ گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و مۆده، شێواز و نه‌ریته‌کانی ئاوه‌زخوازیی ده‌ڕخسێنێ.” (8) به‌مجۆره به واتای دوای نوێخوازەکان شیعرێک داهێنانێکی ئۆرگینال، ره‌سه‌ن نییه. چونکه، وه‌ک دوای نوێخوازەکان ده‌ڵێن، ئێمه له جیهانێکدا ده‌ژین که تژییه له کۆپله ده‌ڕبڕین و زمانی جیاواز، هه‌ر ده‌قێکیش پڕه له گوته و زایه‌ڵه‌ی ده‌قه‌کانی دیکه. به ده‌بڕینێکی دیکه: ده‌قی دوای نوێخوازیی بریتییه له ده‌قئاوێزانی. له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌و تێڕوانه له بواری هونه‌ردا ئاکامگرییهکی تایبه‌تی هه‌یه: “هونه‌ری دوای نوێخوازیی وه‌ک کۆنتراستێک خۆی ده‌نوێنێ. تا دان به گشت توانا، واتە کایه‌کانی هونه‌ر بنرێت. به ویستی هونه‌رمه‌ند و بینه‌ره‌وه پێکه‌وه خود (سۆبژه) و خولیا و حه‌زی کاتێکی مه‌ودا درێژ له ئامێز ده‌که‌ن.” (9)
هه‌ڵبه‌ته پێشتر هونه‌ر بڕوای به بابه‌ت هه‌بوو. هونه‌ری نوێخوازیی له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆریی ساز کرا، لێ دوای نوێخوازیی خوازیار و سازکردنه‌وه‌ی هونه‌رێکی ره‌سه‌نه. هه‌موو ده‌ق، شیعر و رۆمانێکی نوێ ئاوێزانی گفتوگۆکردن و تێکه‌ڵاوکردنی یه‌کترن. ده‌قی دوای نوێخوازیی هیچ چاوگه‌یه‌کی نییه، گوته وه‌رگیراوه‌کان له ده‌ق جیاوازه‌کاندا ده‌بنه ده‌قێکی تر و ئه‌و ده‌قئاوێزانییه کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کتردا هه‌یه. له تابلۆیه‌کی دوای نوێخوازییدا، هونه‌ر و ده‌ق کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتردا هه‌یه، که ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی گشتیی له بواری ریکلام و راگه‌یاندنه‌کاندا ئه‌و وێنەیه ببینین. مه‌به‌ست له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که په‌یامه‌کان یه‌کسه‌ر کاریگه‌ریی له‌سه‌ر مرۆڤه‌کاندا دروست بکه‌ن و به ئاسانیش فامبکرێن.
هه‌ڵبه‌ت کاتێک له هه‌شتاکاندا شیعری دوای نوێخوازیی فراژا، زۆرینه‌ی ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب به دژی وه‌ستانه‌وه. له‌وێدا به‌شێک له‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌ده‌ب پێیان وابوو که ئه‌و چه‌شنه شیعره هه‌ڵگری نێوه‌ڕۆک و یهکاتییهکی بابه‌تی نییه، بەڵکە ئه‌و چه‌شنه شیعره ده‌خوازێ به شێوازه جیاواز و هاودژ (په‌رادۆکسه) راشکاوهکانییهوه پایه و ده‌سه‌ڵاتی زمان به‌سه‌ر واقیعدا بسه‌پێنێ. ئه‌و ره‌وته شیعره به‌هره‌ی له شه‌پۆڵه هزرییه‌کانی پاش بنه‌ماخوازیی (ستراکچالیزم) و تیورییه‌کانی ژولیا کریستیڤا له‌مه‌ڕ زمانی ره‌مه‌کیی و منداڵانه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌ریی دێریدا و هزرڤانهدوای نوێکارە فه‌ره‌نسییه‌کانی دیکه‌وه وه‌رده‌گرت.
ئه‌و مه‌یله‌ی دوای نوێخوازیی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، دابڕانێک له‌و منه ره‌سه‌نه، توانستی زمانه، دروستبکا، که گوایه ده‌کارێ وێنه‌یه‌کی راستینه له واقیع بسازێنێ. چونکه نوێخوازیی بڕوای به‌وه هه‌بوو و پێشی وابوو که ئه‌وه ئه‌رکی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده که ئه‌و رۆڵه راپه‌ڕێنێ. به واتەی دوای نوێخوازییه‌وه هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ده‌بێ ئیش له زمان و وێنه جیاوازه‌کاندا بکه‌ن و لێکیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، دواجاریش شیعر و تابلۆیه‌کی نوێیان لێ ساز بکه‌ن. به‌مجۆره خودی شاعیر و هونه‌رمه‌ندیش ده‌بێ وه‌ک یه‌کتر ره‌خنه‌ی خوێنه‌ر و بینه‌ر قه‌بووڵ بکه‌ن. که‌واته کاری هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر لێکچنینیهوهی دهقگهل و وێنه‌گه‌له به زمانێکی بزۆک، که ئه‌مه‌ش بوار بۆ راستییه‌کی نوێ له واتە و هه‌سته‌کان ده‌ڕه‌خسێنن.
هاوکاتیش له کن دوای نوێخوازەکاندا ده‌نگ له تابلۆیه‌کدا، بریتییه له شیعر و واتەیهکی بەدەر لە یه‌کایه‌تی. ئه‌و یارییه‌ش له به‌رهه‌مێکدا، به دیدی دوای نوێخوازەکان، له نێوه‌ڕۆک گرینگتره. له‌بۆیه ده‌بێ خوێنه‌ر یان بینه‌ر سه‌رنج له زایه‌ڵه و تێڕامانی ئه‌و یارییانه له شیعرێک یان تابلۆیه‌کدا بده‌ن. چونکه له کن دوای نوێخوازەکاندا ئه‌و یارییانه له تێگه‌یشتن و کۆی ورده‌کارییه‌کانی دیکه‌ی به‌رهه‌مێکدا گرینگ‌ترن.
وه‌ک ده‌زانین، که نوێخوازەکان به شێوازی به‌رهه‌مه هونه‌ریی و ئه‌ده‌به‌کانی خۆیانه‌وه فێریان کردین، که ده‌بێ وه‌ک یهکاتییهک سه‌یری شیعر و تابلۆیه‌ک بکه‌ین. لێ دوای نوێخوازەکان جیهانێکی ئاوه‌ڵا سه‌یری ده‌ق و تابلۆ ده‌که‌ن، که له‌وێدا مانا و وێنه‌کان به شێوه‌یه‌کی جیاواز خۆیان ده‌نوێنن. هه‌ر بۆیه ده‌بێ نووسه‌ری پۆستمۆدێرنیش وه‌ک خودی چه‌مکی هونه‌ر ئاوه‌ڵا بێت. به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش له کن دوای نوێخوازەکان (پۆستمۆدێرنیستەکان) هه‌موو تشتێک ته‌رزه تێگه‌یشتنێکی هونه‌رییه، که ئێمه‌ش ناتوانین خۆمان له‌و راستییه بدزینه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌قێک به‌رهه‌مبهێنین، که‌واته ناتوانین بانگه‌شه‌ی تشتێکی نوێ، یان کارێکی ره‌سه‌ن و جۆره وێنایه‌کی هونه‌ری له خۆماندا بنوێنین، که مرۆ له نوێخوازییدا ده‌یتوانی ئه‌وه بکات.
به‌مجۆره، وه‌ک ده‌زانین، که له به‌راییدا سه‌رده‌می دوای نوێخوازیی له بواری ئه‌ده‌ب و تالارسازییدا سه‌ریهه‌ڵدا. به‌مجۆره مشتومڕه‌کانی دوای نوێخوازیی له بواری هونه‌ردا کۆمه‌ڵێک پرسیاری کلاسیکی و جوانناسیی ورووژاند، بۆ نموونه دوای نوێخوازیی پرسی ریالیزم، هه‌ستێکی باڵای رووحی له‌مه‌ڕ مانا، ئاوه‌زخوازیی، چه‌مکی کولتووری توێژخواز و پسپۆڕیی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. لێره‌وه ده‌کرێ دوای نوێخوازیی له بواری هونه‌ردا وه‌ک یاخیبوونێک به دژی چه‌مکی یه‌کایه‌تی نوێخوازیی بخوێنینه‌وه. دوای نوێخوازەکان پێیان وایه که شێوه‌ی جوانناسیی دوای نوێخوازیی، دڵنه‌وایی و رازیکردنێک به خوێنه‌ر و بینه‌ر ده‌به‌خشێ. لێ هاوکاتیش دوای نوێخوازیی له دیمه‌نی خۆیدا وه‌ک جوانناسییه‌کی بێ شێوه خۆی ده‌نوێنێ. که‌واته جوانناسی دوای نوێخوازیی له شێوه چێژدارهکهیدا دڵنه‌واییه‌کی ناوه‌کیمان پێده‌به‌خشێ، که ئه‌مه‌ش وامانلێده‌کا له ئێستادا بژین.
سه‌رچاوه:
- Steven connor, ”Postmodernist Cultur: An introduktion”, Oxford 1989, لاپه‌ڕه 108.
- هه‌مان سهچاره، ل: 6.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 28.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 36.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 37.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 127.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 108.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 89.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 89- 90.
وەرگیراوە لە:
وێبسایتی كوردڕاوم