رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

زانیاری و ڕاگەیاندنی ئازاد

Facebook
Twitter
LinkedIn

هیوا مەجید خەلیل

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

بە کۆتاییهاتنی سەدەکانی ناوەڕاست (١٥٠٠ز) و سەرھەڵدانی شۆڕشی ڕۆشنبیری (ڕێنیسانس) لە ئەوروپا، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و ھەنگاو بە ھەنگاو لە چۆنێتیی ئەرک و سنوورەکانی دەسەڵاتدا ڕووی دا. ئەم شۆڕشە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، جەختی کردە سەر ئازادییی ڕادەربڕین وەک مافێکی سەرەکی لە ژیانی تاکدا. ئەم ڕادەربڕینەیش فاکتەرێک بوو بۆ گەیشتنی دەنگی ھاووڵاتیان بە دەسەڵات و چەقبەستنی ئەم پرەنسیپە کە دەسەڵات سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەل. لەم نێوه‌نده‌دا زانیاری و ڕاگەیاندنی ئازاد سەبارەت بە مافی تاک و دەسەڵات ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا؛ چونکە سنوورەکانی یەکدەنگی، واتە تەنیا بوونی ڕای دەسەڵاتی لە مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا تێک شکاند. لە لایەکی ترەوە، بانگەشەی هێنانەدیی سیستەمی لیبراڵی پێویستیی بەم چەمکانە ھەبوو تا بتوانێت وەک سیستەمێکی نموونەیی، وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی گەل بێت. لێرەدا کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، واتە ڕاگەیاندن، بە مافی ھەر ئەندامێکی کۆمەڵگە لە قەڵەم دەدرێت و ڕاگەیاندنی ئازاد، دەبێت بە ئامرازی لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی سیاسی.

واتای چەمکی ڕاگەیاندن

دەکرێت بڵێین کە ڕاگەیاندن واتە ھەموو چالاکییەکی فیکری یان ڕۆشنبیریی فەرمی یاننافەرمی کە دەستەیەک یان ھەندێک کەس بە مەبەستی کارتێکردنی فیکری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ئەنجامی دەدەن؛ ئامانج لەم چالاکییەیش هەڵوێستوەرگرتنە لە هەمبەر پرسێکی دیارکراو.

چەمکی ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم لەگەڵ سەرھەڵدانی حکوومەتگەلی دەستووری و بەرجەستەبوونی چەمکی دەسەڵاتی یاسایی و ڕاپەڕاندن و دادوەری، وەک سێ دەسەڵاتی سەربەخۆ سەری هەڵدا. پێناسەکردنی ڕاگەیاندنیش وەک دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، پشت بە جۆری ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان ڕاگەیاندن و دەوڵەت و دامودەزگه‌کانیدا ھەیە دەبەستێت. بۆیە ناکرێت پێی بڵێین دەسەڵاتی چوارەم، ئەگەر بێت و پەیوەندی لە نێوان دەوڵەت و ڕاگەیاندندا ھەبێت، واتە حکوومەت کۆنترۆڵی ڕاگەیاندن بکات.

ئەمەیش مانای ئەوە نادات کە ڕاگەیاندن داب و نەریتی کۆمەڵگە و ئەو بەھایانەی کە ھاووڵاتیان لەسەری کۆکن ڕەچاو نەکات، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە نابێت ھێژموونی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن بەسەر ڕاگەیاندندا زاڵ بێت، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی گۆڕینی ئاراستەی ڕاگەیاندنی ئازاد بەرەو ڕاگەیاندنی دەسەڵات و بوون بە زمانحاڵی دەسەڵاتی سیاسی؛ کە ئەم ڕێچکەیەیش زۆرتر لە وڵاتە دەسەڵاتخوازەکاندا دەبینرێت. بەڵام لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، ئەرکەکانی ڕاگەیاندن لە ھەمبەر دەسەڵات لە تەرازووی دەستووردا دیاریکراوە کە قورسایییەکەی مه‌یله‌و ڕاگەیاندنی ئازاده‌، تاکوو دەسەڵات نەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت.

بەم جۆرەیش، ڕاگەیاندن بریتییە لە پرۆسەی بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنی زانیارییە ڕاستەکان و ڕاستییە ڕوونەکان و ھەواڵە ڕاستەقینەکان و بابەتە وردەکان و ڕووداوە دیاریکراوەکان و بۆچوونە پتەوەکان. گشت ئەمانەیش ئاراستەی جەماوەر دەکرێن و بۆ بەرژەوەندیی گشتی، دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون سەرچاوەکان دیاری بکرێن. ڕاگەیاندن بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و قەناعەتپێکردن بە شێوازێکی دیموکراسییانە ئەرکەکانی ئەنجام دەدات؛ بۆیە دەبێت پرۆسەی ڕاگەیاندن پرۆسەیەکی بابەتی و جێی متمانە بێت. بەپێچەوانەیشەوە، ڕاگەیاندن دەگۆڕدرێت بۆ ڕاگەیاندنێکی دۆگمایی، کە زانیاری و کەناڵە بەرھەمهێنەرەکانی جێی گومانە و ھاووڵاتیان متمانە بەو زانیارییانە ناکەن کە لە ڕێگەی ئەم جۆرە ڕاگەیاندنەوە وەدەست دێن. لە لایەکی ترەوە، زانیارییەکان دوای دەربازبوون لە پرۆسەیەکی بەرفراوانی چاودێری و سانسۆر لە لایەن دەسەڵاتەوە، دەرخواردی ھاووڵاتیان دەدرێن. لێرەوە ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان ڕاگەیاندن و ڕای هاووڵاتیدا ھەیە، کاریگەریی ئەوتۆی نامێنێت.

بەڵام لە ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕای هاووڵاتی، کارتێکراو دەبێت بە ڕاگەیاندن و کاریگەریشی لەسەر دادەنێت. واتە پەیوەندییەکی بازنەیی و دینامیکیی دوولایەنە لە نێوان هاووڵاتی و ڕاگەیاندندا ھەیە. ڕاگەیاندن بە ھەموو جۆر و فۆرمەکانییەوە، سەرەکیترین ئامرازە لە دەربڕینی ڕای گشتی و پێکهێنانی ھەڵوێست و ئاراستەکان و داڕشتنی چوارچێوەی زەینی و وێناکان لە عەقڵی مرۆڤدا. ھەر بۆیەیش ڕاگەیاندن بایەخی تایبەتی ھەیە و جەخت لە مەترسیداربوونی دەکرێت. لێرەدا ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ڕووی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرکردنەوە و خۆشگوزەرانییەوە بۆ گشت توێژەکانی کۆمەڵگە لە ئەستۆ دەگرێت. ڕاگەیاندن ڕوانگە جیاوازەکانی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا لێک نزیک دەکاتەوە و یارمەتییان دەدات بۆ ئاگاداربوون لە ھەموو دۆز و دەسکەوتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە پەیوەستەکان بە کۆمەڵگەوە. بۆیە دەکرێت دەستنیشانی کارلێکەریی پرۆسەی ڕاگەیاندن بکەین وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوه‌ندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاک و بنیاتنانی کۆمەڵایەتییەوە. کەواتە ڕاگەیاندن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە کارلێکراو و کاریگەریی دەبێت بەسەر دیاردە کۆمەڵایەتی، که‌لتووری، سیاسی، فیکری و ئابوورییەکاندا؛ بە واتایەکی تر، ڕاگەیاندن مەنزوومەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە نێوان تاک و بنیاتی کۆمەڵایەتی و که‌لتووریدا لە جووڵانەوەدایە.

بەم شێوەیە ئەرکی سەرەکیی ڕاگەیاندن، ئەرکی ڕۆشنبیرکردنەوەی ھاووڵاتیانە سەبارەت بە پرسە ھەمەڕەھەندەکان. ڕاگەیاندن لە ڕێگەی خستنەڕووی زانیارییەکانەوە سەبارەت بەم پرسانە، یارمەتیی ھاووڵاتیان دەدات تا بتوانن بەلۆژیکانە ڕووداوەکان ھەڵسەنگێنن و دوور لە ھەر جۆرە پەڕگیری و دەمارگرژییەک بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. بەم جۆرەیش ڕاگەیاندن نەک تەنیا ھاندەرە بۆ بزاڤی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە بنیاتنانیشیدا ڕۆڵ دەگێڕێت. بۆیە ھەرچەند ئاستی ڕاگەیاندنی ئازاد بەرز ببێتەوە، هاووڵاتیش ڕۆشنبیرتر دەبێت. لە لایەکی ترەوە، بابەتی ئازادیی ڕاگەیاندن پرسێکی بایەخدار دەورووژێنێت کە ئەویش، یەکەم: ئازادیی ڕادەربڕین و ئەفراندن [چۆنێتیی بەرهەمهێنانی ئازادی ڕادەربڕین] و، دووەم: چۆنێتیی سنووردارکردنی ئەم ئازادییەیە.

دەشێ بگوترێ ئازادیی بیر و ڕادەربڕین شتێ نییه‌ جگە لە تێکشکاندنی بەربەستەکان و لابردنیان، بۆ ئەوەی مرۆڤ بە خۆڕسک گوزارشت لە خودی خۆی و بەئەنجامگەیاندنی خێر و خۆشیی کۆمەڵگەکەی بکات. دەبینین کە سیستەمی ڕاگەیاندن لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا لەسەر دوو زاراوەی سەرەکی دامەزراوە: ١- کۆمەڵگەی بازاڕ(Market Society)  ٢- پرەنسیپی بەشداریکردن. مەبەست لە کۆمەڵگەی بازاڕ ئەوەیە کە کۆمەڵگە وەک بازاڕێکی ئازادە بۆ بیر و ھزرەکان. فەیلەسووفە لیبراڵەکان کە ئەم زاراوەیان لە کۆمەڵگەکانیاندا بنیات ناوە، پێیان وایە کە پێویستە کۆمەڵگە وەک بازاڕێکی ئازاد بێت بۆ ھزرەکان؛ ئەو ھزرەی بێکەڵکە لەناو دەچێت. ئەم چەمکەیش لەم گریمانەیە سەرچاوە دەگرێت کە وای بۆ دەچێ ھاووڵاتیان ئەو ئەندامانەن کە لە توانایاندایە لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی بکەن. واتای بەشداریش ئەوە دەگەیەنێت کە ھاووڵاتیان ئەندامی بەشداریکەرن لە پرۆسەی دیموکراسیدا. لە ڕێگەی بەشداریی چالاکانەیاندا گەرەنتیی ئازادیی ڕادەربڕین دەکەن لەبارەی ھەر شتێک کە پەیوەندیی بە ژیانی تایبەتی و کاروباری ئەو کۆمەڵگەیەوە ھەبێت کە تێیدا دەژین؛ ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو ئامرازانەوە کە خۆیان ھەڵیدەبژێرن. مەبەستی سەرەکییش لەم ھزرە، قۆڕخنەکردنی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن و زانیارییە. بۆیە زانیاری، بە کاڵا و بە یەکێک لە پێداویستییە زیندووەکانی ژیان دەچوێندرێت تا ھاووڵاتی ھەر کاتێک بخوازێت ئەم زانیارییانە دەستەبەر بکات و ھاوبەش بێت لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا. بۆیە ئەمەیش دەبێتە ھۆی ھێنانەدیی پرەنسیپی دووەم، واتە بەشداریکردن لە ڕێگه‌ی دەستبەدەستکردنی زانیاری و ئاڵوگۆڕی ھزرە جیاوازەکان. لێرەدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ئازاد لە گەڵاڵەکردنی ئەم بیر و بۆچوونانە و لە دەستەبەرکردنی زانیارییە ڕاست و دروستەکاندا بەرجەستە دەبێت. بەم جۆرەیش ئاستی ھۆشیاریی تاکەکان بەرز دەکاتەوە و بۆ کارکردن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ھانیان دەدات. ھەروەھا لە نێوانیاندا ژینگەیەکی ساخڵەم دەخوڵقێنێت کە هاووڵاتیان بۆ یەکانگیری و خۆگونجاندن و بزاڤی چالاکانە هان دەدات. بەم پێیەیش ڕاگەیاندن بە پرۆسە و ئەرکێکی کۆمەڵایەتی ھەژمار دەکرێت کە ئامانجی، ڕۆشنگەرکردنی ڕای گشتیی جەماوەر و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵەکانە لە جیاوازیی ئاست و جۆراوجۆریی ئەو شتانەی کە گرنگیی پێ دەدەن.

لە ڕوانگەی پەیوەندی لە نێوان گەل و دەسەڵاتی سیاسیدا ڕەچاوکردنی چەمکی زانیاری و مافی بەدەستهێنانی، گرنگیی تایبەتی ھەیە. ھەروەھا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەسەڵات و زانیاریدا ھەیە. لە ھەمان کاتدا بە کارھێنانی دەسەڵات لە لایەن گەل و سنووردارکردنی سەرەڕۆییی حکوومەت، تەنیا لە کاتێکدا ئەگەری ھەیە کە گەل لە کار و کردەکانی حکوومەت ئاگادار بێت. لەم ڕووەوە مافی بەدەستهێنانی زانیاری، ھەم ڕێوشوێنی شیاو بۆ بەکارھێنانی دەسەڵات لە لایەن ھاووڵاتیانەوە لە ھێنانەدیی مافەکانیانەوە دەستەبەر دەکات، ھەمیش بۆ دروست کارکردنی حکوومەت و پشتبەستنی کردارەکانی بە یاسا و بەکارھێنانی ڕەوای دەسەڵاتی گشتی لە لایەن حکوومەتەوە گەرەنتی دەکات.

کەواتە ڕاگەیاندن ئەرکێکی دوولایەنەی ھەیە؛ ئەرکی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و یارمەتیدانی بەردەوامبوونی دەسەڵات بە شێوەیەک کە ھەڵقووڵاوی ڕای هاووڵاتیان بێت. بەم جۆرەیش کۆمەڵگە لە ھێژموونی دەسەڵات ڕزگار دەبێت و لە ھەر جۆرە گۆڕانکارییەک کە شیرازەی کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕووبەڕووی قەیران بکاتەوە، کۆمەڵگە لە قەیران دەپارێزێت. لێرەوە، ئازادی تا ئەوپەڕی سنوورە یاسایییەکانی پارێزراو دەبێت و دەروازەی گفتوگۆکردن لە پانتاییی ژیانی کۆمەڵایەتیدا کراوەیە. تا فەزایەکی ئازاد لە ناو کۆمەڵگەدا بوونی نەبێت و ڕاگەیاندن لەم فەزایەدا بە ئازادانە کار نەکات و زانیاری بە خەڵک نەگەیەنێت، شتێک بە ناوی ڕای گشتی دروست نابێت.

لە ڕاستیدا زانیارییە ڕاست و گونجاوەکان دەبنە ھۆی گفتوگۆیەکی ساخڵەمییانە، لە کاتێکدا کە کەمیی زانیاری، یاخود لەمەیش خەراپتر، زانیاریی دەستکاریکراو، بەبڕاوەیی دەبێتە ھۆی دەرکردنی بڕیاری زیانبەخش و گفتوگۆی ناشیاو. بۆیە ئەگەر حکوومەت بیەوێت سیاسەتەکانی کارامە بن، زیاد لەمەیش، ئەگەر ھاووڵاتیان بیانەوێت کە لە بەھادان و بەشداریکردنی مانادار لە ژیانی کۆمەڵایەتییاندا بەتوانا بن، لەم کاتەدا پێویستە متمانە بەو زانیارییانە ھەبێت کە بۆ ئەم پرسانە بە سەرەکی دەژمێردرێن. لێرەدا گرنگیی دیاربوونی سەرچاوەکانی زانیاری دەردەکەوێت. لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا بۆ ئەوەی کە ئەم سەرچاوەیە لە لایەن ھیچ دەستە و تاقمێک قۆرخ نەکرێت، کەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ ھان دراوە. بەم جۆرەیش ڕاگەیاندن وەک ھێزێک لە گۆڕەپانی سیاسیدا سەیر دەکرێت کە لە جووڵاندنی ڕای گشتیدا توانای لە سەرووی تواناکانی دەسەڵاتەوەیە، چونکە ئەگەرچی ئەم ھێزە خاوەن ھێزی ماددی نییە بەڵام پەیامەکانی ڕاستەوخۆ ئاراستەی کۆمەڵگە دەکرێن. بەم جۆرەیش ڕاگەیاندنی ئازاد وەک دەسەڵاتی چوارەم لە کۆمەڵگەدا وەکوو ھێزێکی سەربەخۆ کار دەکات و چاودێریی چالاکییەکانی خاوەنانی دەسەڵاتی سیاسی دەکات تا لە کاتی خەراپ بەکارھێنانیدا ھاووڵاتیان ئاگادار بکاتەوە.

زیاد لەمەیش، بەرفراوانیی ڕاگەیاندنی زانیارییەکان نەک تەنیا یارمەتیدەرە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕانکاری لە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکوو دەتوانین ئاماژە بە چەندین ئەرکی تر بکەین کە لە ڕێگه‌ی بوونی زانیاری و ئامرازەکانییەوە ئەنجام دەدرێت وەک:

١. زانیارییەکان یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

٢. لە ڕێگه‌ی ئامرازی پەیوەندییەوە، دەکرێت ئاستی لێکتێگەیشتن لە کۆمەڵگەدا بەرز بکرێتەوە.

٣. فراوانیی زانیارییەکان دەبێتە ھۆی یەکسانیی ئاگاداربوونەوە لە ڕووداوەکانی ناو خودی سیستەمدا؛ بەتایبەتیش ھۆکارێکە بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی کاراتر.

 دەستگەیشتن بە زانیارییەکان یارمەتیی ھاووڵاتیان دەدات بۆ دیاریکردنی ئەو شتەی کە پێویستە بیگۆڕن یان چاکتری بکەن. ھەروەھا ھاووڵاتیان پێویستیان بە ئامرازێک ھەیە کە لە نێوه‌ندیدا بتوانن کاریگەر بن لە ڕوودانی گۆڕانکاری و، فەرمانڕەوا و بەرپرسە حکوومییەکان بە بەردەوامی بخەنە بەردەم لێپرسینەوە. ھەروەھا پلانداڕێژەران و دروستکەرانی سیاسەتەکان پێویستیان بە ئامرازێک ھەیە کە بتوانن پەی بە داواکاریی ھاووڵاتیان و بەرژەوەندی و ئەولەوییەتەکانیان ببەن. بە واتایەکی تر بڕیارداڕێژەران پێویستیان بە زانیاریی گشتگیر و نوێ ھەیە بۆ ئەوەی کە بەبەردەوامی داواکارییەکانی خەڵک بۆیان ئاشکرا بکات.

پوختە

ڕاگەیاندنی ئازاد و دەستگەیشتنی ھاووڵاتیان بە زانیاری، بە یەکێک لە مافە سەرەکییەکان، بەتایبەتیش لە ڕووی سیاسییەوە، دەژمێردرێت. ئەم زانیارییانە هەقیقەتی کۆمەڵگە بەرجەستە دەکەن، بۆیە ھەر جۆرە سانسۆرێک نەک تەنیا متمانە بە دەسەڵات لەناو دەبات و جۆرە نامۆیییەک دەخاتە نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتەوە، بەڵکوو یەکێکە لە فاکتەرە بنەڕه‌تییەکانی داڕمانی دەسەڵاتی سیاسی  لە ھەر وڵاتێکدا. نموونەی زۆریش لە مێژووی سیاسیدا ھەن کە ھەوڵیان داوە زانیاری و ڕاگەیاندن لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیدا قۆرخ بکەن و تەنیا ئەو زانیارییانە پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن کە ئەگەری ھەر جۆرە ڕەخنەگرتنێک نەمێنێ؛ ھەروەک سیستەمی فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم و چەندین نموونەی تر. بەڵام لەو وڵاتانەی کە دەسەڵات بەبەردەوامی ھەوڵی داوە ڕای گشتی بەھەند وەرگرێت، پانتاییی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە مەودای ڕوون و ئاشکرایە؛ ڕاگەیاندن ئەم پانتایییە پڕ دەکاتەوە و ڕۆڵی ئەکتیڤ لە ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا دەگێڕێت و یارمەتیدەرە لە بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی ئەم ڕایە بۆ دەسەڵات.

وەرگیراوە لە:

ماڵپەڕی پێنووس

هاوشێوە