رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەی تاکگەرایی دیموکراتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی(١)

پیتەر ئۆگەستین لۆلەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەگەر ئێمە بە دیدگایەکی لیبراڵانەی مۆدێرن یاخود لیبراڵ دیموکراسییانە لە دۆخی ئێستای ئەمریکا و ئەمریکیەکان بڕوانین، ئەوا دەتوانین ئەوە ببینین کە چۆن ئەمریکیەکان بێ کێشە و بێ بەربەست نین لە هەندێک بابەت و لایەندا. تەنانەت دەتوانرێت ئەو ئەگەرەیش ببینرێت کە پەیوەندییە بەهێزەکەی ئەمریکا لەگەڵ تاکدا چۆن بەرەو ئاقاریک ڕۆیشتووە کە مەترسی هەبێت لەسەر تاکگەرایی و سەربەخۆیی مرۆڤەکان. ئەلێکسیس دی تۆکۆڤێل ئەم پەڕگری (ئێکستریمیزم)ـە ئەمریکی یاخود دیموکراسیەی ناوناوە تاکگەرایی. وە بڕوایشی بەوە بووە کە ئەم پەڕگریە لە ئێستادا کیشەیەکی تیۆرییە، بەڵام لە داهاتوودا دەبێت بە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی.

بنەڕەتی تاکگەرایی یاخود بیرۆکەی تاقانەیی و سەربەخۆیی مرۆڤ، ئەو بابەتانەن کە هێشتا تێگەیشتنێکی باش لەسەریان دروست نەبووە. تۆکۆڤێل بە تایبەت باسی ئەم تێنەگەیشتنە لەناو بەرگی دووەمی کتێبی “دیموکراسی لە ئەمریکا” دەکات. تێمای سەرەکی ئەو بەرگە تاکگەرایی دیموکراسییە. کتێبەکە سەرەڕای گرینگیەکەی، هێشتا نەتوانراوە بە شێوەیەکی باش بخوێنرێتەوە، بە تایبەت لەلایەن ئەمریکیەکانەوە. تۆکۆڤێل خۆیشی ترسی لەوە هەبووە کە مانا و مەبەستەکانی ناو کتێبەکە هەرگیز نەتوانن بگەن بە خوێنەر. بە تایبەت بۆ ئێمەی دیموکرات، باوەڕکردن زۆر قورسە بەوەی کە تۆکۆڤێل پێی وابووە تاکگەرایی بەرهەمی دیموکراسییەکی لەڕادەبەدەرە. وە دەرکەوتنی زیاتری تاکگەرایی، هاوشانە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری دیموکراسی کە دواجار هەردووکیان پێکەوە مرۆڤایەتی بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبەن. ئێمە بڕوامان وایە کە چارەسەری کێشەکانی ناو دیموکراسی بریتییە لە دیموکراسییەکی زیاتر. ئەم ڕێگا چارەیەی ئێمە تەنانەت لای ئەو کەسانەیش بوونی هەیە کە خۆیان بە شوێنکەوتووی تۆکۆڤێل دەزانن. ئەو شوێنکەوتووانەی کە لە ڕادەبەدەر دیموکراتن و کەچی هێشتا دەیانەوێت لە تۆکۆڤێل تێبگەن.

لەم سەردەمەی ئەمریکادا چەندین هەوڵ دروستبوون بۆ زیندوو کردنەوەی بیرۆکەکانی تۆکۆڤێل. لەناو ئەو هەوڵانەیشدا، دەکرێت گرینگترین هەوڵ کتێبەکەی ڕۆبەرت بێڵا بێت بە ناوی “ئاکارەکانی دڵ”. ئەو کتێبە کە دەربارەی سنوورەکانی بەردەم تاکگەراییە لەم سەردەمەی ئەمریکادا، وە هەوڵێکی ڕەسەنە بۆ بەکارهێنانی “زانستی سیاسی نوێ”ـی تۆکۆڤیل بۆ ئەم سەردەمە. نووسەری کتێبەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کتێبەکەی هەوڵێکی ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆیە بۆ خوێندنەوەیەکی ورد و شیکردنەوەی تۆکۆڤێل. بەڵام دەبێت بزانین کە بێڵا لە هەموو بابەتەکاندا هاوڕای تۆکۆڤێل نییە. بە تایبەت لەوەی کە کێشەی ئەمریکا هەبوونی دیموکراسییەکی لەڕادەبەدەر بێت. دواتریش بە ڕاشکاوی دژی تۆکۆڤێل دەوەستێتەوە لەوەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە ببینێت لە نێوان گەشەکردنی تاکگەرایی هاوشان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دیموکراسی یاخود یەکسانخوازی. بە ڕای بێڵا، تاکگەرایی دوژمنی دیموکراسییە و لە دەرئەنجامی دژایەتیکردنی ئەوەوە دروست دەبێت. تەنانەت مەترسی لەناوچوونی هەر یەکێکیان دروست دەبێت بە گەشەکردنی ئەوەی دیکەیان. بۆ ئەم مەبەستەیش، باسی کۆمەڵێک کەسی وەک ڕۆناڵد ڕەیگن دەکات و بە نموونە دەیانهێنێتەوە لەناو کتێبکەیدا، کە کەسانێکی نیۆکاپیتاڵ (سەرمایەدارێکی نوێ)ـی دژ بە یەکسانخوازی.

پشتگیریکردن لە دیموکراسی و یەکسانخوازی مەرجی بنەڕەتی بوون لەلای ڕۆبەرت بێڵا. ئەو پشتگیریکردنە تا ئاستی دۆگمابوون ڕۆیشتووە و هەر ئەو دۆگمابوونەیشی بووە لە تۆکۆڤێل جیای کردووەتەوە. ئامانجی منیش لەم وتارە بریتییە لە شیکردنەوەی بیروڕای هەریەک لە نووسەرەکان و سەرنج خستنە سەر کێشەی تاکگەرایی دیموکراسی.

تۆکۆڤێل باسی لەوە کردووە و دواتریش بێڵا هاوڕای بووە کە چۆن بە دیموکراسیکردن، توانای ئەوەی هەیە ببێتە هۆی ونبوونی ئەو پەیوەندی و ئەرکانەی کە بوون بە هۆکاری بەیەکەوەبەستنی مرۆڤەکان. بە تایبەت ئەو پەیوەندییانەی کە بەهۆی خێزان، ئایین و کۆمەڵگەی سیاسیەوە دروست بوون. هەر یەکێک لە پەیوەندیانە بە جۆرێک پەیوەندی نا دیموکراسی و نا یەکسانخوازین. وە مرۆڤی دیموکرات ناچار دەکەن کە ملکەچ بێت و بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ لای ئەوانی تر. بە دیموکراسیکردن خۆی مانای ئەوە دەدات کە تاکێک خۆی ئازاد بکات لە ژێردەستە بوونی ئەوانی تر و خۆی حوکمی خۆی بکات. بێڵا ئەم پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ خوودە بە پڕۆسەیەک دەزانێت کە شکێنەری نایەکسانییە و بە “پەیوەست بوونێکی ڕەهای تاک بە شکۆی خۆیەوە” ناوی بردووە. هەروەها پێی وایە کە لەم سەردەمەدا، ناتوانرێت ئەم بڕوایە لەلای تاکەکان دروست بکرێت و وایان لێبکرێت کە نەچنە ژێر دەسەڵاتی هیچ کەس و لایەنێکی ترەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە دەبوو هەر تاکێک بەو جۆرە بژی کە خۆی بەلایەوە باشترین و گونجاوترینە، لەجێی ئەوەی کە ژیانێکی بەسەردا بسەپێنرێت. بێڵا پێی وایە هەر دەسەڵاتێک کە سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی تاکەکان بە دەسەڵاتە باو و گشتییەکانەوە تا دەگات بە دەسەڵاتە تایبەتییەکانی وەک دەسەڵاتی خێزان یاخود سێکس، ئەوا دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە دیکتاتۆری.

نەمانی ئەم پەیوەندییانە و نەهێشتنی هەر جۆرێک لە دەسەڵات بە ڕای تۆکۆڤێل و بێڵایش بریتییە لە تاکگەرابوونێکی ڕادیکاڵانە کە مەحاڵە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت لەلایەن تاکەکانەوە. لای تۆکۆڤێل تاکگەرایی ڕادیکاڵانە و یەکسانخوازی ڕادیکاڵانە هەردوو یەک دەرئەنجامیان هەیە کە ئەتۆمیزم (تاقانە)ـییە.  ئەتۆمیزمیش بریتییە لە تێکدان و نەهێشتنی تەواو ئەو پەیوەندییانەی کە تاکێک بە تاکێکی دیکەوە دەبەستێتەوە و لە یەکیان جیا دەکاتەوە.

لەناو جیهانێکی ئەتۆمیزمییدا، کۆمەڵە کەسێک بوونیان هەیە کە بە یەکسانی جیاوازن، لە یەکناچن و نەبەستراون بە یەکترییەوە. هەر یەکێکیشیان بێبەرییە لە هەر ئەرکێک کە لە پێناو دەرەوەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و تەنانەت دەکرێت هەر یەکێکیشیان هۆکارێکی جیاوازی هەبێت بۆ ژیانکردن لە چاو ئەوی تردا و خۆی دیاریکەری هۆکاری ژیانکردنی خۆی بێت. هاتنە دی ئەم جۆرە لە ئازادی ئەرکێکی مەحاڵە. مرۆڤ ناتوانێت خاوەنی ناوەڕۆکێک بێت کە هیچ سەرچاوەیەکی دەرەکی نەبێت. ئەتۆمەکان خۆیان دەتوانن هەموو لە یەک بچن و یەکسان بن بە ڕەهایی، چونکە خاوەنی هیچ ناوەڕۆکێکی مرۆڤانە نین. بە پێچەوانەی مرۆڤەکانەوە کە ناتوانن بەو جۆرە بن.

بیرکردنەوە لەوەی کە مرۆڤ بگات بە ئازادییەکی ڕەها، بیرکردنەوەیەکی ترسناک و تۆقێنەرە. لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، مرۆڤ ناچار دەبێت کە لە خۆی ڕابکات و هەوڵ بدات لە ئازادییە ڕەهاکای خۆی ڕزگاری ببێت. تۆکۆڤێل پێی وایە کە بەبێ بوونی هیچ سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆی و بتوانرێت بەهۆیەوە ویستی مرۆڤ سنووردار بکرێت، مرۆڤە دیموکرات و ئازادەکە ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئەزموونکردنی ئازادییەکەی. دەبێت ئەوەیش بزانرێت کە مرۆڤ خۆی ویستی لەم جۆرەی نییە. چونکە دواجار هەر مرۆڤێکی دیموکرات پەیوەستبوونێکی هەیە بە ماتریالیزمی بابەتیانەی دەورووبەریەوە. مرۆڤەکان نایانەوێت بە تەواوەتی داببڕێن لە دەوروبەری خۆیان. هەر بۆیە تاکگەرایی ڕادیکاڵی وا دەکات کە جیابوونەوە لەوانی تر ببن بە کارێكی مەحاڵ و نەکردە.

تۆکۆڤێل و ڕۆبەرت بێلا هەردوو پێکەوە ئاگاداری لەسەر ئەوە دەدەن کە چۆن دروستبوونی تاکێکی تەواو دابڕاو، تاکێک کە بێبەری بێت لە هەر پەیوەندییەکی وەهمی کە مرۆڤەکان کاری پێ دەکەن وەک پەیوەندی خێزانی، ئایینی و کۆمەڵگای سیاسی دەرئەنجامێکی ترسناکی دەبێت. تاکەکان بە تەنها توانای ئەوەیان نییە کە بەرگەی ئەو دابڕاوییە ڕەهایە بگرن. چونکە تاک بەردەوام ئەوەی لە بیرە کە ئەو مرۆڤە و خودا نییە تا بتوانێت لە تەنهایی ڕەهادا بێت. تاک ئەوەی لە بیرە کە بەردەوام پیویستی بە دەرەوەی خۆیەتی. ئەوەیش باش دەزانێت کە خۆی ناتوانێت تەواوی پێداویستییەکانی خۆی، ئەو پێداویستیانەی کە لە قووڵاییدا هەن پڕ بکاتەوە. کە بەڕای تۆکۆڤێل (نەک بێڵا) قووڵترین ویستی مرۆڤ گەیشتنە بە نەمری کە هەرگیز ناتوانێت ببێت بە خاوەنی. یاخود دەتوانرێت بوترێت کە گەورەترین دەرئەنجام لە تەنیابوونی تاک ئەوەیە کە تاکەکە ناچار دەبێت خۆی تەواوی ویستەکانی خۆی پڕ بکاتەوە بەبێ هاوکاری هیچ کەسێکی تر.

بێڵا هاوڕایە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی تۆکۆڤێل لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکی کە چۆن تاکەکان لەو کاتەی کە بە تەواوەتی پشت بە خۆیان دەبەستن و لەوانی تر جیادەبنەوە، دەچنە ناو دۆخێکەوە کە سنوورێک بۆ پشوودانیان نامێنێتەوە و بەردەوام پێویستیان بەوە دەبێت کە کار بکەن بۆ بەدەست خستنی ئەوەی کە دەیانەوێت و پێویستیانە. لە هەمان کاتیشدا، هیچ دەستکەوتێک ناتوانێت پێویستی تاکەکان پڕ بکاتەوە، بە تایبەت ئەو پێویستیانەی کە لە قووڵایی دەروونی مرۆڤەکەدان بۆ نموونە پێویستییە ویژدانی و ئایینییەکان. مرۆڤی تاکگەرا بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ دەستخستنی دەستکەوتی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر، تەنها لەبەر ئەوەی کە پێی وایە هیچ ڕێگا چارەیەکی دیکەی نییە و بەردەوام هەوڵدان، تاکە هیوایەتی بۆ ڕازیکردن و تێرکردنی خۆی. لە دەرەوەی ئەم پێوەرە خوودیەیش، هیچ پێوەرێکی دیکە کار ناکات بۆیان. بەڵام بێڵا هەرگیز بێزار نابێت لە دەرخستنی نەگونجاوی ئەو هۆکارانەی کە باس دەکرێن وەک هۆکاری حەزی زۆری کارکردنی تاکەکان، بۆ نموونە ئەوەی کە تاکە دیموکراتەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی کە ڕزگاریان ببێت لە بیرکردنەوە لە خوودی خۆیان. لای بێڵا کارکردنی زۆر پەیوەندییەکی کەمی بە هەستە سەرەکییەکانی مرۆڤەوە هەیە و تاک ناتوانێت بە ئاسانی بزانێت بۆچی کاری زۆر دەکات. ناشتوانێت ئامانجی کارکردنی لەوەدا کورت بکاتەوە کە بۆ ڕزگاربوون بێت لە بیرکردنەوە لە خوود.

بێڵا و تۆکۆڤێل پێکەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە تاکە دیموکراتەکان ناتوانن خۆیان لە قەلەقی بەردەوام و تەنانەت خەمۆکیش ڕزگار بکەن. وە ئەگەری ئەوەیان هەیە کە شێتانە باوەڕیان بە ئایین بەرز بێتەوە و خەیاڵی ئایدۆلۆژیانەیان بۆ دروست بێت و لە لایەکی دیکەیشەوە، بگەڕێنەوە سەر بیرۆکەی یەکتاپەرستی (ئەوەی کە سەرتاپای هەبووەکان، دەگەڕێنەوە بۆ یەک سەرچاوە کە خودایە و پێویستە ئەو بپەرسترێت). هەموو ئەمانەیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان خۆیان لە مرۆڤەکانی تر دابڕاندووە. بۆیە تاک لەو دۆخەدا ئەو بیرۆکەیەی لا دروست دەبێت کە پێویستە دەست بە مرۆڤایەتییەوە بگرێت. تاکە ڕێگەی بەردەستیشی بۆ ئەوە، بریتی دەبێت لەوەی کە گومانی لە بڕواکانی خۆی بکات. ئەو بڕوایانەی کە خوودی دیموکراتی بوون و تاکگەرابوونەکەی دروست کردووە. ئەم گومانکردن و خوود-هەڵوەشاندنەوەیە بە زۆری لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە خۆیان بەهرەدارترین دیموکراتەکانی ناو کۆمەڵگا بوون. ئەوانەی کە هەستیان بە نەزۆکی دیموکراسی لە ڕادەبەدەر کردووە، بەڵام هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان نەبووە بۆی.

بۆ بێڵا و تۆکۆڤێلیش، کێشەیەکی گەورەی دیکەی تاکگەرایی دیموکراتی کە کاریگەرییەکەی ئەوەندە گەورەیە کە تەنانەت وا بکات دیموکراتیبوونەکە نەمێنێت، ئەوەیە کە هێرشێکی ئەوەندە توند دەکاتە سەر پێکەوەیی کە پێکەوە کارکردن بوونی نامێنێت و سەربەخۆیی ئابووری دەبێت بە یەکێک لە گرینگترین پایەکانی ژیان. دەرئەنجامی ئەوەیش دروستبوونی ململانێی توند و ماتریالیزمییەکی بە زەبرە کە ژیانی مرۆڤایەتی بەرەو نەمان دەبەن. بیرۆکەی ئەوەی کە ڕەگی تاکگەرایی تەنها لەناو ماتریالیزمدایە هیچ بەرهەمێکی نابێت جگە لە دروستبوونی پەژارە و خەمناکی. ئەو جۆرە ژیانە، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەژاری و لەدەستدانی پێگە بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن بە تەنها بجەنگن لە پێشبڕکێی ژیاندا. بۆ ئەو کەسانەیشی کە توانای جەنگیان هەیە، خەمۆکی و بیرکردنەوەی زیاد لە پێویست لە خوود دروست دەبێت. بۆیە لە هەردوو دۆخەکەدا، مرۆڤەکان دەگەنە شوێنێک کە تاکگەرایی دیموکراسییان بە دڵ نەبێت. لەناو ئەمریکادا چینی ناوڕاست کە چینە دیموکراتەکەن، هەمیشە ناڕازین لە دۆخی خۆیان و هۆکارەکەیشی بۆ سامان و سیاسەت دەگەڕێننەوە. بێڵا ڕەخنە لەم بۆچوونەیان دەگرێت پێی وایە ئەگەر ئەم کەسانە زیاتر بەرەو دیموکراسی تاکگەرایی بڕۆن ئەوا ئەو ڕاستیەیان بۆ دەردەکەوێت کە کێشەکەیان ئەوە نییە کە لێی تێگەیشتوون و شتێکی ترە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە