رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەستور: ئەفسانەكان و مەترسییەكانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح

 لە چەند رۆژ و هەفتانەی رابردوودا پرسی دەستور پرسی گەرمی ناو میدیا حیزبیی و شەخسییەکانی خێزانە سوڵتانییەکانی ھەرێم بوو، بە تایبەتی پرسی ناو میدیاکانی سەر بە خێزانی بارزانی. ئەوان پرسەکەیان وروژاند و ئەمانی تریش وەک کۆرسێکی گوێڕایەڵ بەدوای ئەواندا ھاتنەقسە. ئەوەی بۆ ئێمە جێگای سەرنج و تێڕامان بوو ئەوەبوو، زۆرینەی هێزە سیاسییەکان لەسەر ئەوە ڕێکبوون کە دەستور بۆ هەرێمی کوردستان پێداویستییەکی سیاسییە و بۆئەوەی بکرێت ”ئەم پرسە چارەنووسسازە“ش بە ئاکامبگات، پێویستە یەکڕیزبن. لەم ڕووەوە پەیوەندییەکی یەکسەرە و میکانیکی لەنێوان دەستور و یەکڕیزیدا پێشنیارکرا و دروستکردنی دەستور خۆشی وەک دروستکردنی ئەو یەکڕیزیی و یەکێتییە گریمانکراوە، وێناکرا. گومانی تێدانییە دەستور بەردی بناغەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی زۆربەی ھەرەزۆری کۆمەڵگا مۆدێرنەکانە. بەڵام پرسی دەستور ھەرگیز هیچ پەیوەندییەکی بە یەکڕیزیی و یەکگرتنەوە نییە، وەک سیاسەتمەدارانی کورد و کۆرسە ئیعلامییەکەی دەوریان لێیتەگەیشتوون و بەدەنگی بەرز بانگەشەی بۆدەکەن، ڕێک بە پێچەوانەوە پرسی دەستور پەیوەندییەکی ئۆرگانیی و پتەوی بە چەمکی جیاوازییەوە هەیە. دەستور دێت بۆ ڕێکخستنی جیاوازییەکان و پارستانیان، بۆ نیشاندانی جیاوازیی وەک گوتراوی ژمارەیەکی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی. دەستور تەنها هی ئەو هێزانە نییە کە لەسەری رێکدەکەون، بەڵکو پێویستە هی هەموو ئەو هێزانەش بێت کە لەگەڵ گوتاری سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی باو و باڵادەستدا هاوڕا نین و ناکۆکن. 

دەستور ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵگا تیایدا بڕیار ئەدات چوارچێوە گشتیی و ھاوبەش و سەرەکییەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکبخات و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا سەروەردەکات کە بتوانن ژیانیان، بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە بەڕێوەببات، وەک کەسانی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتیی و خاوەن کەرامەتی یەکسان. پاراستنی چاکەی گشتیی کۆمەڵگا، چاکەیەک ھەمووان بە چاکەی خۆیانی بزانن، بنەمای نووسینی دەستورە وەک تێکستێک بۆ ھەمووان و ھی ھەمووان. دەستور ھەرگیز تێکستی ئەم یان ئەو زۆرینەی سیاسیی یان دینیی یان کولتوریی نییە، دەستور لۆژیکی زۆرینە و کەمینە ئاراستەی ناکات، دەستور تێکستی ھەمووانە بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە. ئەمە وادەکات دەستور بەپێویست هی هەموان بێت، نەک هی ئەوانەی بەناوی هەمووانەوە قسەدەکەن و خۆیان بە نوێنەری هەمووان دەزانن. 
یەکێک لە ئاکارە ھەرە سەرەکییەکانی ئەم ساتەوەختەی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە کە جگە لە دوو جۆر زۆرایەتیی تایبەت، ھیچ زۆرایەتییەکی تری تێدانییە. یەکەمیان ”زۆرایەتییەکی دینیی“ە کە لەناوخۆیدا تەواو پارچەپارچە و دابەشبووە، پڕێتی لە جیاوازیی و ناکۆکیی و دژایەتیکردنی دینیی، تا ئاستی تەکفیرکردن و بە مونافیق و زەندیق و لادەر ناونوسکردنی یەکتری. دووھەمیان ”زۆرایەتییەکی ناڕازیی“ە لەو دونیایەی لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە. ڕووە سیاسییەکانی ئەم زۆرایەتییە ناڕازیەشمان لە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بینیی. ئەو ھەڵبژاردنە شۆکێکی سیاسیی گەورەبوو بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی ھەرێم، چونکە بایکۆتێکی بێوێنەی دەنگدان و ھەڵبژاردنی لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا، تیابینرا. داتاکان پێماندەڵێن کە کەمتر لە 40% ئەوانەی لە هەرێمدا مافی دەنگدانیان ھەیە، دەنگیان بە هێزە سیاسییەکان داوە و پارتی و یەکێتیش بەیەکەوە، 20 تا 25 لە سەدی دەنگی دەنگدەرانی ھەرێمیان ھێناوە. پانزە لە سەدەکەی تری دەنگی هێزەکانی ترن. لە ڕاستیدا لەسەروی 70% خەڵکی ھەرێمەکە دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەداوە. بەم شێوەیە هەم پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو، نوێنەرایەتی کەمینەیەکی ناو کۆمەڵگای ئێمە دەکات، ھەم یەکێتی و ھێزەکانی تریش. ئەو ھێزانەی ئێستا لە پەرلەمان و حکومەتەدا ئامادەن، کەمینەیەکی بچووکی ناو بۆشاییەکی سیاسیی گەورەن. لە ئێستاشدا و دوای تۆخبوونەوەی ململانێ سیاسییەکانی ناو پارتی و گەیشتنی بە ئاستی نەخوێندنەوەی یەکتریی و بەگژاچوونەوەیەکی ژێربەژێر، پارتی، کە کەمایەتییەکی سیاسیی بچوکە، بووە بە هەڵگری گوتارێکی پۆپۆلیستیی دەربارەی یەکڕیزیی نیشتیمانیی. ئەم ھێزە کە نەک ناتوانێت هەموو خەڵک یەکبخات و یەکدەنگیان بکات، بەڵکو ئەو یەکدەنگییەشی تەنانەت لەناو ڕیزەکانی خۆشیدا بەبێ فشار و ھەڕەشەی زۆر بۆ ناکرێت. 

ڕەھەندی سەرەکیی دەستور و دەستورگەرایی بریتییە لە دانانی سنووری یاسایی و دەزگایی بۆ دەسەڵاتی حکومەت و حوکمڕانان. پێداگرتنە لەسەر ئەو بۆچوون و ڕوانینەی پێیوایە دەسەڵاتی حکومەت پێویستە لەڕێگای کۆمەڵێک یاساوە ھەم ئاراستە و ھەم سنوورداربکرێت کە دەستوریین. لەم ڕوانینەدا دەستور ئامرازێکی سەرەکیی سنووردارکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانان و سەرچاوەیەکی گرنگ و بنەڕەتیی بەرپرسیارکردن و ڕەخساندنی توانای لێپرسینەوەیە لێیان. دەستور گواستنەوەیە لە پەنابردن بۆ لێپرسینەوەی ئەخلاقیی و ویژدانییەوە، بۆ لێپرسینەوەی یاسایی و دەزگایی. لەباتی پێداگرتن لەسەر شەرم و حەیای سیاسیی، پێ لەسەر بوونی ئامراز و دەزگا و میکانیزمی یاسایی بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران و بەرپرسیارکردن و سزادانیان دادەگرێت. دەستور سنووردانانی یاساییە بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانان، پەڕینەوەیە لەقۆناغی زەوق و تەماح و خواستی شەخسیی حوکمڕانانەوە بۆ قۆناغی بەیاساییکردنی حوکمڕانیی و سنووردارکردنی جوڵە و ھەڵسوکەوت و توانای بڕیاردانی شەخسیی و گۆترەی حوکمڕانان. ھەروەھا سنووردارکردن و چاودێریکردنی دەسەڵاتی ھەموو ئەوانەیە کە پێگە و پۆستی فەرمیی و گشتییان ھەیە. بەم مانایە حوکمڕانیی دەستوریی پێچەوانەی حوکمڕانیی تەعەسوفیی و شەخسیی و بنەماڵەییە. لەم ئاستەدا ئەوەی لەم ساتەدا و لە ھەرێمدا سەروەرە، ئەو شێوازانەیە لە حوکمڕانیی کە ناتوانن لەگەڵ حوکمڕانی یاسایی و دەستورییدا بژین، لە ڕاستیدا ئەو فۆرمە سوڵتانییانەی حوکمڕانییە کە تەواو ناکۆک و دژ بە حوکمڕانیی دەستوریین. دەستور لەناو ژینگەیەکی سیاسیی و مۆدێلێکی حوکمڕانیی لەم بابەتەدا جگە لە نوکتەیەکی بێتام شتێکی تری لێدەرناچێت. 

ھەموومان دەزانین ئەو ھێزە سەرەکییانەی لە ئێستادا حوکمڕانیی ھەرێمەکە دەکەن و پرۆسە سیاسییەکانی ناوی ئاراستەدەکەن، ھێزە خێزانی و بنەماڵاییەکانن کە لەیەککاتدا ھەڵگری دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و دەزگاییەکانی ناو دونیای ئێمەن. ئەوەی لە ھەرێمەکەدا سەروەر و حوکمڕانە خواستی تایبەتی ئەم بنەماڵە سیاسییانە و چۆنیەتی پاراستنی قازانجەکانیان و شێوازی ئیشکردنی سایکۆلۆژیای تایبەتیانە. ئەم دۆخە لە پەیوەندیدا بە یاساوە سێ ئاکاری سەرەکیی لێکەوتۆتەوە. یەکەمیان، بەکارھێنانی یاسا بەو شێوەیەی خزمەت بە دۆخی باڵادەست و دەسەڵاتی ھەمەلایەنەی ئەوان بکات. دووھەم، لادان لەیاسا و شکاندن و پەراوێزخستنی کەی بە پێویستیان زانیی و بەوجۆرەی بە پێویستیی دەزانن. سێھەمیش، لە دەزگاخستنی سەرجەمی دەزگاکان و کورتکردنەوەیان بۆ ئامرازی پاراستنی ئەو دۆخەی دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵانە لەناویدا خەونی بە ئەبەدیبوون دەبینن. لەم ژینگە یاسایی و سیاسیی و دەزگاییەدا بوون و نەبوونی دەستور ھیچ قورسایی و مانایەکی نییە، وەکچۆن بوون و نەبوونی سەرجەمی یاساکانی تر و بوونی نەبوونی دەزگاکان، ھیچ مانایەکیان نییە. لە ژینگەیەکی لەم بابتەدا دروستکردنی دەستور دەبێت بە ئامرازێکی تری درێژەدان بەو دۆخەی باڵادەستکراوە، نەک بە ئامراز و بەشێک لە پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاریی و ڕیفۆرمکردنی سیاسیی و ئابووریی و دەزگایی. مەگەر کەسێک کە ھەموو ھەستکردنەکانی بە واقیع ئیفلیجبووبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات ”دەستورێکی ڕێکوپێک“ لەدایکببێت و وەک ھەنگاوێکیش بەرەو دۆخێکی باشتر و پێشکەوتوتر کاربکات.

لەڕووی مێژووییشەوە دەستور تەنھا لەناو ژینگەیەکی لیبرال و یاساپەروەردا، لەناو ژینگەیەکی کراوە و دیموکراسدا، مانا و قورسایی ھەبووە. دەنا لە سەرجەمی دۆخەکانی تردا جگە لە چەند لاپەڕەیەکی بێنرخ و چەند بڕگەیەکی بێھێز، شتێکی دیکە نەبووە. دەستور لە ژینگەیەکی لیبرالدا ئامرازێکی گرنگ و بنەڕەتیی دەستەبەرکردنی بڕێکی گەورە لە ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانە،  میکانیزمێکی سەرەکیی پاراستنی جیاوازیی و ھێزێکی یاسایی یەکسانکردنی مرۆڤەکانیشە، بەیەکتری. لەدایکبوونی ئەو دەستورانەش کە نرخ و قورساییەکی تایبەتیان ھەبووە، بەردەوام بەرھەمی ئامادەگیی بزوتنەوەیەکی دەستورخواز بوون، بەرھەمی ھێز و خواست و ویستێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بووە کە پێی لەسەر بوون و گرنگیی دەستور داگرتوە. بەشێک بووە لە مێژوویەکی ڕاستەقینەی چاکسازیی سیاسیی و ڕیفۆرمی دەزگایی و دینیی و یاسایی. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دروستبوون و لەدایکبوونی دەستور مانایەکی مێژوویی گرنگیی ھەبووە. بەپێچەوانەی ئەمانەوە، خواستی ھەبوونی دەستور لە ھەرێمدا لەمێژە لەوە کەوتوە خواستی کۆمەڵگا و ھێزگەل و بزاوتێکی ڕیفۆرمخواز و دیموکراس بێت. دەستور لە ئێستادا دروشمی سیاسەتێکە پڕ لە دزیی و تاڵانیی و جەردەیی، پڕ لە گرتن و ڕاونان و دەرکردن، پڕ لە  تەزویر و سوکایەتپێکردن. ھاوکات بووە بە بەشێک لە ململانێیەکی جەنگەڵیی لەسەر دەسەڵاتی ڕووت، لەسەر بوون بە تاقە دەسەڵات، لەسەر چەسپاندنی تەواوەتی سوڵتانیزمی سیاسیی و حوکمڕانیکردنی چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراو. 

ھیچ یەکێک لەو ھێزانەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا حوکمڕانن بۆ چرکەیەکیش باوەڕیان بە دەستور و دەستورگەرایی نییە، دەستور ھەبێت و نەبێت ئەوان بەو جۆرە حوکمڕانیی دەکەن، کە پێگە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و سەربازییە تایبەتەکانیان بپارێزێت و دەسەڵات لەنێوان ماڵ و منداڵەکانیاندا بەشبکەن. ئەگەر دەستور ئامرازی سەرەکیی سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و حوکمڕانان و حکومەتبێت لەڕێگای یاساوە، یاسایەک کەس نەتوانێت لێی لابدات، ئەودەم لە خورافەتی بەرزکردنەوەی دروشمی دەستور لەمڕۆکەی ھەرێمدا باشتر تێدەگەین و دەبینین. ئەگەر ھەموو حکومەتێکی دەستوریی حکومەتێکی سنوورداربێت، سنوورداربونەکەشی پەیوەندیی بە کەسایەتی حوکمڕانەکانەوە نەبێت، پەیوەندیی بە ڕەوشتی باش و بەرزی ئەم یان ئەو سیاسییەوە نەبێت، ھەروەھا پەیوەندیی بەوەوە نەبێت ئایا ئەو حوکمڕانانە دیندارن یان بێدین، بەڵکو پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت یاسا ھەبێت و  یاسا سنوورەکان دروست و ئاراستەبکات و یاسا دەستنیشانی ئەوە بکات حوکمڕان بتوانێت چی بکات و چی نەکات، ئەودەم تێدەگەین چ درۆکردنێکی گەورە و چ شانۆیەکی پڕ گاڵتەجاڕیی لە ھەرێمدا، لەڕێگای ھێنانەپێشەوەی پرسی دەستورەوە لەم ساتەدا، ئەنجامدەدرێت.

 لە ژینگەیەکی سیاسیی تەندروستدا ئەوەی ناو دەستور و لە پاڵ دەستوردا ڕوودەدات، کێشانی کۆمەڵێک ھێڵە بۆ ھەمووان کە کەس نەتوانێت تێیاپەڕێنێت، یاساش ئەو ھێڵانە بپارێزێت وابکات کەس بۆی نەبێت بچێتە ئەودیوی ئەو ھێڵانەوە. دەستور بەم مانایە کتێبی کێشانی ئەو ھێڵانەیە کە ھەم حوکمڕانان نابێت و نەتوانن بیانبەزێنن، ھەم ڕای گشتیی و ھەم ئەم یان ئەو ھێز و چینی کۆمەڵایەتیی و ھەم خواستی ئەم یان ئەو دین و ھەم ھیچ زۆرینەیەکی کۆمەڵایەتیی. دەستور تێکستی (نا) گوتنە، نا گوتن بە حوکمڕانان، بە ڕای گشتیی، بەم یان بەو ھێزی کۆمەڵایەتیی، بەم دین یان بەویتریان، بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیای تایبەت، ناگوتن بەرامبەر بە بەزاندنی ھێڵە دەستورییە کێشراوەکان. دەستور تێکستێک نییە پێمانبڵێت چی بکەین، چۆن بژین، باوەڕمان بەچی بێت. دەستور تێکستێکە پێماندەڵێت چی نەکەین، کام سنوور نەبەزێنین، تا کوێ دەتوانین بڕۆین و لەبەردەمی چ ھێڵێکدا دەبێت بوەستین. لە ئێستای ھەرێمدا یەک بکەری سیاسیی بوونی نییە ئەم تێگەیشتنەی بۆ دەستور ھەبێت.
ئێمە بەر لە دوو ساڵ و پێش دروستکردنی کابینە نوێکەی حکومەتە خێزانییەکەی پارتی، پرسی دەستورمان لە وتارێکی ھاوبەشماندا تاووتوێ کرد و بۆچوونمان وابوو، گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژیی ئەم حکومەتە نوێیەی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بریتیی دەبێت لە سەپاندن و بەواقیعکردنی خەونی بەسوڵتانییکردنێکی ھەمیشەیی دەسەڵاتدارێتیی لە ھەرێمدا، لەڕێگای دانانی دەستورێکی ”رێکوپێک“وە بۆ ھەرێم. ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕوودانی ئەو پێشبینییە، کە بەناو کۆپیکردنی مۆدێلی ئەردۆگانییانەی تێپەڕاندنی دەستوردا تێدەپەڕێت، لەڕێگای ریفراندۆمێکی شکڵییانەی پڕتەزویردا.  ئەمەش ھەڵقەیەکی نوێیە لە پیادەکردنی پرۆسەی گۆڕینی خەونە سوڵتانییەکە بۆ واقیع و دروستکردنی کۆماری براگەورە.

( تایبەت بە درەو) 

هاوشێوە