رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شێواز و ستراتیژی فێربوون

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕەهێل دزەیی

زۆرێک لە فێرخوازان بە دەست لە بیرچووونەوەی بابەتەکان دەناڵێنن، دەڵێن “زۆرباش بابەتەکەم خوێندۆتەوە کە دەچم بۆ تاقیکردنەوە لەبیرم دەچێ” ئەمە ڕاستە هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ شێوازی خوێندنەکەی.

ستراتیژ:-  زاراوەیەکە لە بواری عەسکەری(ملیتار) بەکارهاتووە، بەمانای پلاندان و گرتنەبەری ڕێگا و شوێنی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاری کراو، لە بواری عەسکەری پلان  و ستراتیژی تایبەت و گونجاو دەگرنەبەر بۆ سەرکەوتن لە شەڕێکدا، یان چارەسەری کێشەیەک، لە زاستی پەروەردە و فێرکردن هەمان زاراوە بەکاردەهێندرێت، بەڵام لێرەدا بۆ سەرکەوتن لە شەڕ نا، بەڵکوو بۆ سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و زانست و گەیشتن بە ئامانجی فێربوون.

لە زانستی پەروەردە و فێرکردنی سەردەمدا چەندین ستراتیژی فێربوون دەستنیشان کراوە و تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتووبووە، لە زانکۆکانی پێگەیاندنی مامۆستایان دەخوێندرێت بۆ ئەوەی مامۆستا بە فێرخوازەکانی ئاشنا بکات وببێتە هاوکارێکی باش بۆ فێربوون، ئەو زانست و زانیاریانەی لە مامۆستاکەیان وەریدەگرن ببێت بە مەعیرفە ولە بیرەوەری درێژخایەنیان بمێنێتەوە و سوودی لێوەربگرن.

لە یەکەم ساڵی دەست بەخوێندن، مامۆستا ئەرکیەتی فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لەسەر جۆرەکانی ستراتیژیەتی فێربوون، ڕۆژانە کاری لەسەر بکەن تا وای لێدێت فێرخواز ئەو ستراتیژیە دەدۆزێتەوە کە لەڕێگایەوە بە باشترین و ئاسانترین شێوە فێردەبێت.

ئەو ستراتیژیەی لە قۆناغی بنەرەتی بەکار دەهێندرێت دەکرێ هەمان ستراتیژیەت بێت کە لە قۆناغەکانی تری خوێندن بەکاردەهێندرێت، بەڵام بەشێوازێکی سادەتر و هەنگاو بە هەنگاو گەشەی پێبدرێت.

هەر وانەیەک ستراتیژیەتی تایبەت و گونجاوی هەیە، ئەو ستراتیژیەی بۆ وانەی بیرکاری بەکاردەهێندرێت گونجاو نیە بۆ وانەکانی کۆمەڵایەتی، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا گرنگە کە فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لەسەر شێواز و پلانی خوێندنی هەر یەک لە وانە جیاجیاکان.

بۆ ڕاهاتن وفێربوونی جۆرەکانی ستراتیژی فێربوون، فێرخواز پێویستی بە خوولی تایبەت نییە، بەڵکو مامۆستا ڕۆژانە کە پلانی وانەبێژی خۆی ئامادە دەکات ستراتیژی فێربوون دەبێ ببێت بە بەشێک لە پلانەکەی، هەر ماوەیەو یەکێک لە ستراتیژی فیربوو بەکاربهێنێت و فێرخوازەکانی ڕابهێنێت لە سەری تا وای لێدێت فێرخواز چەندین ستراتیژی فێربوون دەزانێت و لە نێوایان گونجاوترینیان هەڵدەبژێرێت کە لە ڕێگایەوە بە ئاسانترین وباشترین شێوە فێردەبێت. بۆ ئەوەی سوود بەخش و سەرکەوتووبێت دەبێ فێرخواز بە باشی فێربکرێت وڕاهێنانی زۆری لەسەر هەریەک لە  ستراتیژیەکان بکات تاوایلێبێت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێ.

سوودەکانی ستراتیژی فێربوون زۆرن، لە ڕێگایەوە هەر سێ قۆناغەکانی فێربوون بەیەکەوە دەبەستێتەوە (پێش فێربوون- لە کاتی فێربوون- دووای فێربوون).

١- فێرخواز ئەوەی دەیخوێنیت لە زاکرەی درێژخایەنی دەمێنێتەوە و لە داهاتوو بەکاری دەهێنێت و لەلای دەبێت بە مەعرفە.

٢- لە رووی زمانەوانی گەشەدەکات وبانکێکی زاراوەیی لەلا دروست دەبێت کە هاوکاری دەبێت بۆ گەشەکردن بە زانیاریەکانی.

٣- کاتی کەمتر بەکار دەهێنێت بۆ فێربوون چونکە پلان وبەرچاوی ڕوونە چۆن هەنگاو دەنێت بەرەو ئامانجەکەی کە فێربوونە.

 لێرەدا ناکرێ باس لە هەموو ستراتیژیەکانی فێربوون بکەین چونکە زۆرن، تەنها باس لە دوو ستراتیژی دەکەم.

ستراتیژی خوێندنەوەی تێکست: فێرخواز پارچەیەک لە تێکستەکە دەخوێنتەوە و دواتر مامۆستا داوای لێدەکات کە  بە تێگەیشتنی خۆی بۆ ناوەڕۆکی تێکستەکە وە بە شیوازی خۆی و بە وشەکانی خۆی بینوسێتەوە. ئەم ستراتیژە گونجاوە بۆ تێکستی درێژ کە فیرخواز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی درێژ کۆنترۆڵی نامێنێت و ناتوانێت ناوەرۆکی تێکستەکەی لەبیر بمێنێت، لە کاتی دابەشکردنی تێکستەکە و نوسینەوەی ناوەڕۆکی تێکستەکە بە وشە و شێوازی خۆی، وای لێدێت کە زانیاریەکان لەژێردەستی دەرنەچێ.

(LEARNING STRATEGIES)یەکێکە ترە لە ستراتیژیەکانی فیربوون، ئەوە ئەگەر بە کوردی ناوی بنێین (نەخشەی هزرین) یان (نەخشەی بیر) یان (نەخشەی بیرکردنەوە)، ئەمەیان زۆر باوە تەنانەت لە زۆرێک لە بوارەکانی کار و ژیان بەکاردەهێندرێت. لە ڕێگای ئەم ستراتیژیەوە فێرخواز زانیاری وپەیوەندی نێوان زانیاریەکان و لە رووی زمانیەوایەوە  سوودی زۆری لێدەبینێت.

لەوەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بەڕیوەبەرایەتیەک هەیە کە یەکێکە لە گرنگترین بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەم وەزارەتە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی مەشق و ڕاهێنان)، بەڵام بەداخەوە گرنگی پێنادرێت و بە ئەرکی خۆی وەک پێویست هەڵناستێ. ئەرکی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە ئەوەیە، کە بە بەردەوامی مەشق بە مامۆستایان بکات، ئەوەی تازەگەریانەی ڕوودەدات لە بواری پەروەردە و فێرکردن بە مامۆستایانی ئاشنا بکات. ئەرکی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لەگەڵ فێرکردنی مامۆستایان  مێتۆد و مۆدیلەکانی وانەبێژی سەردەمە، جۆر و شێوازەکانی کارکردن و فێرکردنی ستراتیژی فێربوون بە مامۆستایان بناسێنێت و خولیان بۆ بکاتەوە و دواتر مامۆستایان پابەند بکرێن و ببێت بە بەشێک لە پلانی وانەبێژیەکەیان. مامۆستایی ئەرکێکی پیرۆزە و هەمەلایەنە، تەنها قەدیس نەکراوە لە وتنەوەی وانەکەی، بەڵکو یەکێکیتر لە ئەرکەکانی ئەوەیە، کە فێرخواز بخاتە سەر ئەو ڕێگایەی کە خۆی تێدا دەدۆزێتەوە دەبێت بە کەسێکی باوەڕ بەخۆ و خاوەن مەعریفە وز انست وکەساییەتیەکی بەهێز و بەتوانا و بە سوود بۆ کۆمەڵگاکەی.

هاوشێوە