رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شێوازی ژیانی نوێ و گۆڕانی سنوورەکانی ناسنامه‌

Facebook
Twitter
LinkedIn

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

کورتە

لەسەردەمێکدا دەژین کە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە گۆڕانی کۆمەڵایەتی خێراترە لەچاو جاران. لەناو لرفەی شەپۆلەکانی بەجیهانیبوون، بەتایبەتی هاتنی بابەتگەلی نوێی وەک دووجیهانیبوون و نزیکبوونەوەی فەرهەنگەکان و بابەتی فەرهەنگ و ناسنامه‌ی جیهاننیشتمانی (Homeland)، شێوازی ژیان (life style) گۆڕانێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و بۆتە هۆی ئەوەی ناسنامه‌ی ناوچەیی و خۆماڵی گۆڕانی بەسەردا بێت و ناسنامه‌یه‌کی جیهانی بێتە شوێنی ناسنامه‌ی کلاسیک و، سنوورەکانی ناسنامه تووشی گۆڕان بن. ئەم گۆڕانە ئەگەرچی پێویستیی سەردەمە و خۆلێلادانی ئەستەمە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی، خەریکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر شێوازی ژیان و ونبوونی توخمە سەرەکییەکانی ناسنامه دادەنێت. تەنانەت بە قەولی شانتال مووفه (Chantal Mouffe) خەریکە جۆرە ناسنامه‌یه‌کی تاکگەراییی کۆنترۆڵکراو و بێئامانج ڕەو دەگرێت کە لە داهاتوودا نەخۆشیی پەرێشانی و خەمۆکییش زیاتر دەکات. ئەم نووسینە دەیەوێ ئەنگوستی ئاماژە بۆ شێوازی ژیان لە سەردەمی دووجیهانیبوون و مۆدێلگەرایی و جه‌سته‌گەرایی (Body identity) و ڕووخانی ناسنامه لەناو کۆمەڵگە پێشنەکەوتووەکان، بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردی درێژ بکات.

پێشەکی

مرۆڤ لە کۆنەوە بە دوای شێوازی ژیان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنییەتی، بۆیە لە پەنا توخمه پێکهێنەرەکانی دیکەی ناسنامه، شێوازی ژیانیش وەک کۆمەڵە ڕەفتارێک، یەکێک لە توخمەکانی ناسنامه و پێگە و جێگەی تاک و کۆمەڵگە دیاری دەکات. ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەی کلاسیکی، زیاتر بە شێوەیەکی گرێدراوییە و لە قەبیلە و تائیفە جیا نییە، بەڵام لەناو کۆمەڵگەی مۆدێرندا ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی بەپێی چین و توێژی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان دیار دەبێت. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم چەمکی شێوازی ژیان، بووە سەرنجگەی کۆمەڵناسان. ماکس ڤێبێر یەکەمین کەسە کە ڕیشەی پێشکەوتنی ڕۆژاوا لە شێوازی ژیانی هەڵقووڵاوی ناو ئەخلاقی پرۆتستاندا دەبینێتەوە. (وبر، 1394) بەدەر لە پڕۆژەی مارکسیستی، کە بەجیهانیبوونی فەرهەنگی وەک ئیمپیریالیزمی فەرهەنگی دەناساند، لە سەردەمی بەجیهانیبوونی فەرهەنگدا شێوازی ژیانی مۆدێرن هاتۆتە ناو کۆمەڵگەی کلاسیکی و ناسنامه‌ی تووشی گێژەو کردووە و دیاردەیەکی وەک “ناناسنامه”ی (Anonymity) هێناوەتە ئارا؛ واتا تاک تێیدا نە سۆبژەیە و نە ئۆبژە (Subject and Object). جاران سەرچاوەکانی ناسنامه بریتی بوون لە نەتەوە و ئایین، بەڵام ئێستا شێوازی ژیانیش وەک فەرهەنگ بۆتە بەشێکی گرینگ و کاریگەری ناسنامه. بە جۆرێک کە بەجیهانیبوون وای کردووە کە ڕەنگاوڕەنگیی جۆری ژیان توانای هەڵبژاردەی زۆر بخاتە بەر دەستی خەڵک و دواجار فەرهەنگێکی چل پارچەیی و ناسنامه‌یه‌ک لەسەر بنەمای جیاوازیی تاکەکان دروست بێت. ئەم پێچەڵپێچییە ئەم پرسیارە تۆخ دەکات کە ئایا بەجیهانیبوون وەک سەرچاوەیەکی نوێ کاریگەریی لەسەر ناسنامه و شێوازی ژیان هەیە؟ گریمانەی سەرەتایی ئەوەیە کە نەبوونی سیاسەت و بەڕێوەبردنی شێوازی ژیان چاڵێکی ونکەری بۆ ناسنامه هەڵقەندووە کە لە داهاتوودا لێکەوتەکانی باشتر وەدەردەکەون. لە بەرانبەردا گریمانەی ڕکابەر ئەوەیە کە دەکرێ لەناو شەپۆلە جیهانگرەکانی بەجیهانیبوون خۆ لە نەرێنییه‌كان بپارێزرێت و بە پاراستنی ناسنامه، گۆڕانی ئەرێنی بەسەر شێوازی ژیاندا بێت.

پرسی سەرەکی

بە هاتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتن چەندین گرفت بۆ مرۆڤایەتی دروستبوون؛ یەکێک لەوانە خەمۆکی بوو کە تێیدا زانستی دەروونناسی گەشەی کرد. لەم دەیەی دواییشدا ئاراستەی تیۆرەکانی کۆمەڵایەتی بەرەو واری شێوازی ژیان و بەکارهێنانی کاڵا و فرەهەڵبژاردەییی ستایلدا ڕۆیشتوون کە کاریگەرییان لەسەر شێوازی ژیان و ناسنامه‌ی تاک و کۆمەڵگە هەیە. بە خوێندنەوەیەکی نوێ لە مێژووی زەینی پەرەسەندن، دەبینین کە هەر سەردەمەی بابەتێک بۆتە ڕۆحی یاری و دژایەتیی زەمانە؛ سەردەمێک زەینی یۆنانی/ نایۆنانی، مەسیحی/ نامەسیحی، پێش مۆدێرن/ مۆدێرن، ئۆرتۆدۆکس/ ڕادیکاڵ و لەم سەردەمەدا مۆدێرن/ پۆستمۆدێرن ئەو گەمەیان گێڕاوە (ستاری، 1394). لەناو یاریگەی ئەم یارییە بە بۆچوونی گیدنز ئێستا جیهان لە جیاتی ئەوەی پێ باوێتە ناو هەواری پۆستمۆدێرن، بەرەو سەردەمێک دەڕوا کە لێکەوتەکانی مۆدێرنیتە ڕیشەییتر و جیهانیتر بوونە. (گیدنز، 1385: 30) شەپۆلی خوڕێنی بەجیهانیبوون تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەی گرتۆتەوە کە نەگەیشتوونەتە قۆناغی مۆدێرنیتە. لەم کۆمەڵگەیانە جۆرە مۆدێرنیزەیەکی ئامرازی لە ڕێی بەجیهانیبوون هاتووە کە داب و نەریتەکانی نەگۆڕیوە و سوننەتە کلاسیکیيەکان جێی خۆیان نەداوەتە زانستی عەقڵانی، بەڵکوو تەنیا دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان گەشەیان کردووە و بەجیهانیبوون تێیدا پتر ڕەوی گرتووە. (گیدنز، 1382: 325) بە واتایەک، لەم جۆرە کۆمەڵگەیە دەکرێ بە پارەی نەفت شتی نوێ بکڕدرێت و بەرگی مرۆڤ و شار نوێ بکرێتەوە بەڵام بەستێنی پەروەردەی مرۆڤ بەم شێوەیە بەئاسانی ناکرێت و زانستی سیاسەتی گەره‌کە.

لە کۆمەڵگە کلاسیکی و گوازراوه‌كان ئەم دۆخە بەهۆی نەبوونی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردن شڵەژانێکی ناسنامه‌یی ساز کردووە. بە جۆرێک کە بە دیدی ناسیۆنالیستەکان، لیبراڵیزمی تاکایەتی، کە بەرهەمی مۆدێرنیزمە، بنەمای خانەوادەی تووشی لەرین و لەرزین کردووە و ئارامیی هەڵگرتووە و داری لە ڕۆحی ڕەسەنایەتیی خانەوادە داوە و ناسنامه‌ی نەتەوایەتیی تووشی خەش کردووە. پەیوەندیی نێوان خەڵک لەم دۆخەدا مانادار نییە و زیاتر ئەشیای دەوروبەری وەک سیمبول و مۆدێلگەرایی و خۆدەرخستن بۆتە پێناس و ناسنامه‌ی تاک. دواجار کۆمەڵگە لە شێوەی چینایەتی بەرەو شێوەی کۆمەڵەکی دەڕوات. لە ئاکامدا تاک تووشی نەخۆشیی خەمۆکی دەبێت و هەست بە پووچی دەکات. چونکە لاوان لێرەدا وەک بەکارهێنەرێکن کە هەڵبژاردەیەکی عەقڵانی وەک کاری ئابوورمەندانەیان نییە، بەڵکو ڕەفتاری ئەوان دەبێ لەناو زانستی کۆمەڵناسی وەک بەکارهێنەرێکی گەنج هەڵسەنگێندرێ کە تەنیا مەبەستیان سوودی ئابووری نییە بەڵکوو ڕەفتاری ئەوان بەپێی هەڵسوکەوتی خەڵکی دیکەیە. هەروەک ژان بودریار دەڵێت تاکەکان تەنیا لەبەر پێویستبوون شتێک بەکار ناهێنن. (رحمت آبادی و آقابخشی، 1385: 237)

لەم سەردەمە لەناو کۆمەڵگە بەجێماوەکاندا هاوکێشەی نێوان پەرەسەندنی ئابووری و شێوازی ژیان و چۆنێتیی بەکارهێنان لاسەنگە و لەناو کۆمەڵگەی لاوان جۆرە ژیانێکی دیکەی کردۆتە ئامانج کە زیاتر مۆدێلگەرایی و لەشگەرایی نیشانەی کەسایەتیی ئەوانە. جاران مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ دەورە دەدرا و بەکار دەهات، ئێستا مرۆڤ بەدەستی ئەشیاوە داڵدە دراوە. بە جۆرێک کە هاجون چانگ بە دروستبوونی مەکینەی جلشۆر دەڵێ “شۆڕشی مەکینەی جلشۆری”؛ چونکە بە دروستبوونی ئەو مەکینەیە ژنان کاتی زۆرتریان بۆ گەڕایەوە و کات بووە هۆی بیرکردنەوە و پێشکەوتنیان. (چانگ، 1399) ئەمە لایەنی ئەرێنیی بابەتەکەیە، بەڵام لە کۆمەڵگە پێشنەکەوتووەکاندا کاڵای مۆدێرنە تەنیا ڕواڵەتێکی مۆدێرنیزمی ئامێریانەی ساز کردووە و ماکی مۆدێرنیتە بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی بەتاڵە. ئەم تەونە کۆمەڵگەی لاوانی کوردستانیشی تەنیوە و نەوەی نوێی ئەم کۆمەڵگەیە بەهۆی لاوازیی زانستی بەڕێوەبردن زیاتر تووشی قەیرانی ناسنامه بووە و تەنانەت ئەگەر ڕاپرسییەکیان لە نێواندا بکرێت دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆریان بێئامانجن و ناسنامه و کەسایەتیی خۆیان لە شمەک و ئەشیای دەوروبەریاندا دەبیننەوە.

تیۆری ئانتۆنی گیدنز

بەجیهانیبوون وەک دیاردەیەکی جیهانگر لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییه‌وه‌ بابەتی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی. بۆیە ئاراستەگیریی کۆمەڵناسیی هاوچەرخ بەرەو لای گرینگیدان بە بابەتی بەکارهێنان و چالاکییەکانی شێوازی ژیان دەڕوات و ناسنامه‌ی تاکی و کۆیی شکڵ دەدات. بە گوتەی گیدنز جۆراوجۆری و بەریناییی مەیدانی هەڵبژاردنی ستایل بۆتە سەرەکیاتی شێوازی ژیانی ئێستا (گیدنز، 1382: 119) و شێوازگەلی جۆراوجۆری ژیانی پەیدا کردووە. ئەم بابەتە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە مۆدێرنیتەی ئەم دوایییە هەلومەرجێکی هێناوەتە ئاراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاک و کۆمەڵگە لە کەشێکی جیهانی لەگەڵ یەکتر بکەونە ئاڵوێر. لە دیدی ئەو لە جیهانی ئێستادا سوننەت زیاتر واتای خۆی لەدەست داوە و ژیانی ڕۆژانە لەسەر بنەمای کایەی دیالێکتیکی جیهانی و ناوچەیی ساز دەبێت. لە ڕاستیدا هەرچەندی سوننەت پێگەی خۆی لەدەست دەدات و ژیانی ڕۆژانە لەسەر بنەمای دیالیکتیکی ناوچەییی جیهانی ساز دەبێتەوە، تاکەکان زیاتر دەتوانن لە نێوان شێوازەکانی ژیان، شێوازێکی تایبەتی هەڵبژێرن. (گیدنز، 1382: 120) لە دیدی ئەو بەجیهانیبوون و ئاوەژووبوونەوەی ناسنامه‌ی تاک دوو جەمسەری دیالیکتیکن لە نێوان فەکتی ناوچەیی و فەکتی جیهانی کە لەناو دۆخ و هەلومەرجی جیهانیدا چۆتە پێش. بە ڕای ئەو گۆڕانگەلێک کە لەناو ژیانی تایبەتی تاکەکان هاتۆتە دی، گرێدراوییەکی زۆر بەرین و ڕاستەوخۆی لەگەڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. ئاستی کاتی و شوێنی هەڵقووڵاوی مۆدێرنیتە وەها بەرین بووە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتی، خود و کۆمەڵگە لەناو کەشی جیهانی پەیوەندییەکاندا لە بەرانبەر یەکتر قیت بوونەتەوە. (کسل، 1383: 424)

ماکی شێوازی ژیان

بەپێی وشەناسی، شێوازی ژیان چۆنێتیی دید و بۆچوون و ئاراستەی ڕەفتاری تاک و گرووپ و کۆمەڵگەیە. دەتوانین بڵێین نموونەی ڕەفتاری کۆیی دەبێتە شێوازی ژیانی کۆمەڵگە (حضرتی و سلمانی، 1395) نەک بەپێی گوتەی چاپین، (1395) کە شێوازی ژیان بە پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دادەنێت. ئەگەرچی بە بۆچوونی زۆر کەس شێوازی ژیان پێناسەیەکی کۆک و ڕوونی نییە، بەڵام بەگشتی دەتوانین بڵێین، شێوازی ژیان کۆمەڵە ڕەفتارێکە کە تاک دەیانگرێتە بەر کە نەک هەر پێویستییەکانی دێنێتە دی بەڵکوو وێنەیەکی تایبەتی لەو کەسە دەخاتە ڕوو و بۆی دەبێتە جۆرە ناسنامه‌یه‌ک لە بەرانبەر خەڵکدا. (رحمت آبادی و آقابخشی، 1385: 237) بە دیدی ماکس ڤێبێر کۆمەڵگەی مرۆیی بەرهەمی پەیوەندیی نێوان ئەندامانییەتی و ڕیشەی ئەم پەیوەندییە لەناو شتە هاوبەشەکانیاندایە؛ بەڵام ئەم هاوبەشییە بە مانای نەبوونی جیاوازی نییە لە نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا. ئەم جیاوازییانە دەبنە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەک هاوکات لەگەڵ هەبوونی یەک ناسنامه، چین و توێژگەلی جۆراوجۆر بن.

ناسنامه‌ی تاک، پەیوەندیی بە خود و چۆنێتیی ژیانی تایبەتییەوە هەیە، بەپێچەوانەی ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی کە لەسەر وێکچوونەکان وەستاوە، ناسنامه‌ی تاک پێداگری لەسەر تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی تاک دەکات. (گیدنز، 1382: 326) هەروەها کۆمەڵە خوو و نەریت و ئاراستەیەکە کە جۆرە یەکگرییەک دێنێتە کایەوه‌ و جگە لە بەردەوامیی ئاسایشی تاک، پەیوەندیی نێوان هەڵبژاردە لاوەکییەکان لەناو نموونەیەکی ڕێکخراودا دابین دەکات. (گیدنز، 1382: 121) بەپێی پێناسەی گیدنز شێوازی ژیان کۆمەڵەیەکی کۆکی ڕەفتار و چالاکیی تاکە لەناو ژیانی ڕۆژانەیدا. واتا شێوازی ژیان دەبێتە کارکردی ڕۆژانە؛ ئەم کارانە لەناو پۆشین، خۆراک و شێوازی کار و هاموشۆ لەگەڵ دۆستان دەردەکەون کە ناسنامه‌ی تاک دیاری دەکەن. کەواته‌ شێوازەکانی ژیان کۆمەڵە نۆڕم، شێوەی ڕەفتار، حەز بۆ هەر شتێک لەخۆ دەگرێت و پەیوەندیی بە ویست، بۆچوون و ڕەفتاری تاک و گرووپ و فەرهەنگەوە هەیە. تەنانەت دەکرێ بڵێین فەرهەنگیش تەنیا بریتی نییە لە کۆمەڵە نەریت و باوەڕێک، بەڵکوو فەرهەنگ چۆنێتیی و شێوازی ژیانە. لەو بارەوە زیمیل پێی وایە فەرهەنگ هەمان شێوازی ژیانە بەڵام لە چوارچێوەی کەش و کاتی تایبەتی تاک و کۆمەڵێکدا. بەپێی بۆچوونی زیمێل شێوازی ژیان کۆمەڵە کردارێکی ئاڵۆزە کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیەک بەپێی حەزی دەروونی خۆیان، لە ڕێی ئەو هەوڵەی کە بۆ هاوسەنگی لە نێوان کەسێتیی زەینی و ژینگەی واقعی و مرۆییی خۆیان دەیدەن، هەڵی دەبژێرن. (حضرتی و سلمانی، 1395) لە ئێستادا ئەم دەستەواژە مەیدانێکی بەرینتر لەخۆ دەگرێت و وەک چەمکێکی کۆمەڵناسی جێی سەرنجە و بۆتە بەشێک لە کاری سیاسەتسازیی دەوڵەت.

پێوەرەکانی شێوازی ژیان

بەپێی گۆڕانی سەردەم و نزیکبوونەوەی فەرهەنگەکان لە یەکتر و زۆربوونی جۆری هەڵبژاردنی ستایل، دوو جۆر پێوەری ماددی و مەعنەوی، شێوازی ژیانی خەڵک دیاری دەکەن: یەکێکیان بە چەند پرسیارێک وەدەر دەکەون و بەگوێرەی حەزی تاک بۆ هەڵبژاردنی جۆرەکانی فیلم، سەفەر، خۆشگوزەرانی، ئاوات و خولیاکان و… جۆرە ناسنامه‌یه‌ک دەخاتە ڕوو. ئەوەی دیکە فیزیکییە و هەر لە چۆنێتیی مۆدی پرچ، خەمڵان، کۆنتڕۆڵکردنی لەش، دەربڕینی وشەکان، خوو، ڕاگرتنی ئاژەڵی ناوماڵ، نموونەی بازاڕکردن و کڕین و… ناسنامه‌یه‌ک دەخرێتە ڕوو. لەو بارەوە گیدنز تیشک دەخاتە سەر کار و پیشەی تاکەکان کە چۆن کاریگەرییان لەسەر شێواژی ژیانی ئەوانەوە هەیە. ئەو ئاماژە بە لەش و سیمای ڕواڵەتی دەکات وەک توخمێکی سەرەکیی ناسنامه‌ی تاک. (گیدنز، 1382) شایانی باسە ئەم پێوەرانە بەپێی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، گۆڕانیان بەسەردا دێت.

شێوازی ژیانی کوردەواری

بەو پێیەی فەرهەنگ کۆڵەگەیەکی سەرەکیی ناسنامه‌یە، سەرچاوەکانی پێکهێنەری ناسنامه‌ی کوردەواری بەپێی مێژوو دابەشی چەند قۆناغ و سەرچاوەیەک دەکرێن کە پێکەوە تەواوکەری ناسنامه‌ی تاک و کۆمەڵگەی کوردین: 1) ژیاری کەونارای کوردی، 2) کەلتووری ئیسلامی و 3) فەرهەنگی جیهانی. ئارکیتایپی (کەونەنموونەی ڕەسەن و ڕیشەدار) کەونارای کوردەواریی ماد و زەردەشتە کە فەرهەنگێکی وەک نموونەی نەورۆز و ئایینی ڕەفتاری لێ ماوەتەوە. فەرهەنگی کوردی-ئیسلامی یەکێکی دیکەیە لە سەرچاوە کەلتوورییەکانی شێوازی ژیان. لە دوای هاتنی ئیسلام زۆر شتی کوردەواری بەپێی شەرع و ڕێبازی ئیسلامی دەکرێت؛ وەک میرات، هاوسەرگیری و جیابوونەوە و…، هەروەها سەرچاوەیەکی تەواو فەرهەنگی وەک کەلتووری جیهاننیشتمانی (Homeland) هەیە کە لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ژیانی ڕۆژانەدا دەبیندرێت. هەر یەک لەم سەرچاوانە ئەگەر بە دیدگەی زانستی بەڕێوە نەبرێن لاڕێ دەبن و بە بەهێزبوونی هەر یەک لەم سەرچاوانە سەرچاوەی دیکە تووشی کزبوون دەبێت. بۆ وێنە ئەگەر کەلتووری ئیسلامی بەرەو لای عەقڵگەرایی و ڕێگەی سێیەم نەهاژۆترێ، بە داعشیزمێک کۆتاییی پێ دێت کە ناسنامه‌ی نەتەوەییی بەلاوە بەڵایە. هەروەها ئەگەر نیگای گەڕانەوەی تیژ بۆ دەوڵەتی ماد هەبێت ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوی ناپێشکەوتوو ساز دەبێت. بە هەمان شێوە ئەگەر سیاسەتێکی ڕەسەن بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی پەسندی جیهانی دانەندرێت، کەلتوورێکی جیهانیی بێئامانج دەبێتە باو و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناسنامه و گەشەسەندن دەبێت.

لەناو سەرچاوەی فەرهەنگی جیهانی، خێراییی بەجیهانیبوونی فەرهەنگ گۆڕینی بەها و دیدگە و نۆڕمەکانی پێوەیە و کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیان و پڕۆسەی ناسنامه، بەتایبەت لەناو لاوانی کورددا، هەیە. نەوەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی، دوو نەوەی کۆن و نوێ پێکەوە دەبەستێتەوە؛ واتا نەوەی کلاسیک و نەوەی مۆدێڕن دەگەیه‌نێتە یەکتر. ئەم نەوەیە هەردوو سەردەمی بینیوە؛ واتا هەم هورزەل و مێشێنەی سەربانان و مەزرەقانێی کوڕگەل و مۆریانێ و پێنجووکانێی کیژان، هەم گەمەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی وەک پلێستێشن و پۆبجیی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بینیوە و لەناو گرووپی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پڕغەوغاکانی وەک کلاب هاوس هەرایانە. ئەم نەوەیە پاشماوەی نەوەی کلاسیکن و میوانە سەرەتایییەکانی جیهانی گوندی ڕواڵەتی مۆدێڕنن. ئەگەر پێیەک باوێینە ئەوبەری زەندۆڵی کۆمەڵایەتی، دەبینین کە جیاوازیی بابەکان لەگەڵ باپیران کەم بوو و ئەو گۆڕانەی کە دروستیش دەبوو وردەوردە و چاوەڕوانکراو و پەسەند بوو. بەڵام لەناکاو بە گڕەی ماتۆڕی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و دواتر دونیای پاش مۆدێرن و بەجیهانیبوون، دەرز و مەودایەکی بەرین کەوتە نێوان باب و کوڕ و دایک و کچ کە کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیان داناوە و دیاردەگەلێکی نوێ و ئاڵۆزی هێناوەتە ئارا.

بە واتایەک، عەقڵێکی کلاسیک و مۆدێکی نوێ بۆتە خڵتەی پێناسەی کۆمەڵگە پێشنەکەوتووەکان، یان وا باشترە بڵێین مۆدێرنیزمی فیزیکی هاتووە و تێمای مۆدێرنیتە دیار نییە و مۆدێرنیزاسیۆنیش وەک پڕۆژە بزرە. کەشێک ساز بووە وەک ئەوە وایە “ماکی سوننەتی، ڕووکەشێکی ناسکی مۆدێرنی بەسەردا کێشرابێ کە بە قەولی فرانس دێ واڵ (Frans de Waal) جۆرە شارستانییەتێکە کە بە پتێک دەقەڵشێت.” (برگمن، 1399: 20) بەم ڕەوتە ئاڵۆزە سازەی کۆمەڵایەتیی کوردی، کە لەسەر بناغەی کەلتوور و ئابوورییەکی کلاسیکی بینا کرابوو، تووشی گۆڕان کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەکانی مۆدێرن توانای لەجێدانانی سیستەمێکی نوێی، لەسەر بنەمای مۆدێرنیتە، نییە و لە ڕووی ناسنامه هێشتا نەکەوتۆتە ناو قۆناغی گوێزه‌ره‌وه‌ی گەییو و کامڵ. (نایبی و محمدی تلور، 1392)

ناسنامه‌ی جیهاننیشتمانی و ناسنامه‌ی نەتەوەیی

وەک گوترا، کوردەواری ناسنامه‌یه‌کە کە پێستێکی چەندلایی هەیە و لەناو ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا پێناسە دەکرێت. ئەم ناسنامه‌یە چەند لاچینە؛ چینێکی پێش ئیسلامە و چینێکی دوای ئیسلامە و چینی نوێی ڕۆژاوایییە کە ئەویش دابەشی سەردەمی مۆدێرن و پاش مۆدێرن دەبێت. لە فەرهەنگی ڕۆژاواییدا زۆر شتی وەک دێموکراسی، ئازادی، جلوبەرگ و… هاتۆتە ناو ژیانی تاکی و کۆمەڵەکیی کوردان. لە پۆستمۆدێرندا کە گۆڕان زۆرە و هیچ شتێک ڕەها نییە، ئەویش کاریگەریی لەسەر ناسنامه و فەرهەنگی کوردی داناوە. لە هەمووی هەستیارتر، لە دونیای گلۆبالیزەبوودا ناسنامه بۆتە ناسنامه‌یه‌کی چل پارچەیی و بەجیهانیبوون ناسنامه‌یه‌کی نێوانفەرهەنگی و پلۆراڵی هێناوەتە ئارا و لە ئاکامدا دیاردەی دووجیهانیبوون باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە و جیهانی تاکی دابەشی سەر دوو جیهانی ڕواڵەت و واقعی کردووە کە کاریگەرییەکەی لەسەر شێوازی ژیان زۆر ئاشکرایە.

سەرەکیترین کاریگەرییەکەی لەسەر فەرهەنگە و چەندین وردەفەرهەنگی ساز کردووە. لە ئاکامدا ناسنامه‌ی نەتەوەیی خەریکە لەناو ناسنامه‌ی جیهانیدا بتوێتەوە. لە کاتێکدا دەکرا ڕووی هەڕەشەی پلۆرالیزمی ناسنامه بگۆڕدرێت و لە ڕێی فەرهەنگی جیهانی و مافی مرۆڤ پتر پرسی نەتەوەییی کورد تۆخ بکرێته‌وه‌. لایەنی مەترسیدارتری ئەم دابەشکارییە ئەوەیە کە دووجیهانیبوون تاکی لەناو خۆیدا ئیزۆلە کردووە و بەردەوام پۆمپاژی زانیارییەکی بێبنەمای نامیتۆدی دەرخواردی تاک دەدات و کاتی دەگرێت و کەڵکی نابەجێی لێ وەردەگرێت. بەرەنجام گفتوگۆ تێک چووە و هەست کز بووە و پەیوەندیی خەشاوی بووە و چەندین جۆرە پەیوەندیی جیاواز هاتۆتە ئارا کە شێوازی ژیان و ناسنامه‌یه‌کی نامۆی نوێی بە دیاری هێناوە.

جیهانیبوونی فەرهەنگ و سیاسەتی شێوازی ژیان

لەناو گوتارەکانی کۆن گۆڕانی سیاسی لەناو سێ بازنەی پارێزگاری، چاکسازی و شۆڕشدا دەخولاوە، بەڵام لە دونیای پۆستمۆدێرندا شتگەلی وەک جیاوازی، گۆڕان، جۆراوجۆری، ناسنامه‌ی چەندچینی، جیاوازیی خستۆتە نێوان سیاسەتەکانی سەردەمی پێش مۆدێرنیتە و دوای مۆدێرنیتە. هەروەک کیت نەش ئاماژە دەکات، لە جیهانی پۆستمۆدێرنی ئێستادا سیاسەت بەهۆی سیاسەتی ناسنامه و سیاسەتی جیاوازی و سیاسەتی نوێی کۆمەڵایەتی بەرگی فەرهەنگی پۆشیوە و دەستەواژەیەکی وەک فەرهەنگیی بوونی سیاسەت هاتۆتە ئاراوە. گەشەی فراوانی واری فەرهەنگی لەناو بەستێنی پۆست-فۆردیسم و سەرمایەداریی بەکارهێنان (Consumer capitalism) و سەرمایەداری چەندنەتەوەیی، ڕەهەندی نوێی سیاسی و هزری سیاسی وەک سیاسەتی نوێی هێناوەتە ئارا. (نش، 1388) بە واتایەکی دیکە لە پێناسەی چییەتی و ئانتۆلۆژیای دەوڵەت لە دیدی ئیستۆن (David Easton) دەچینە مەیدانی کاری دەوڵەت لە ڕووی کارکردی (وه‌زیفی). بەجیهانیبوونی فەرهەنگی، خستنەڕوو و خواستی گۆڕیوە و کاریگەریی لەسەر ئاستەکانی کۆمەڵایەتی داناوە. سەتەلایت، وێبلاگە ئینترنێتییەکان و تەنانەت مۆبایل، کاڵای فەرهەنگیی ڕاکێشەر دەخاتە ڕوو و لاوان، بەهۆی هەلومەرجی تەمەن و پۆتانسیێلە دەروونی و فیزیکییەکان، هان دەدات. دەوڵەت و سیاسەت بە گوتار و نۆڕم و زەمینەسازی بۆ مرۆڤسازی، ڕۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی شێوازەکانی ژیان. لە بەرانبەردا بێسیاسەتی یان سیاسەتی پۆپۆلیستی و کێشدار لە داهاتوودا گرفتی ناسنامه دەنێتەوە. بە گوتەی هابێرماس (Jürgen Habermas)  هێزەکانی بازاڕ هەموو شتێک دەکەنە شتی فرۆشیاری و بەکارهێنەرانە؛ ئەوان بە چیرۆکگەلی ئامانجدار و شۆیە دیکیۆمێنتییەکان (Documentary show) و مەسرەفگەراییی سیاسی، کۆماری دیموکراتیک دەگەیه‌ننە ئاستێکی عاتیفیی نزم. (Good, 2055: 2-25) لەم بازاڕە ئاڵۆزەدا کە کۆمەڵگە بەرەو شەوستان دەڕوات و سەرچاوەکانی پەروەردەیی فراوان دەبن و ڕیکلام و سیمبول دەبنە ڕێکخەری ڕەفتاری فەرهەنگی، ناکرێ بۆ نموونە بە سیستەمی سیاسیی ئۆلیگارشیی سوننەتی بزاوت بکرێت.

سیاسەتی فەرهەنگی وەک گریمانەیەک کەم و زۆر لە هەموو وڵاتێکدا هەبووە. بۆ وێنە، لە وڵاتانی لیبراڵ پشتگوێ نەخراوە. نازییەکان هونەری مۆدێرنیان لەسەر بنەمای فەرهەنگی یۆنانی تڕۆ دەکرد. یەکێتی سۆڤیەت لەسەر بنچینەی دروستکردنی مرۆڤی سۆسیالیستی لەناو ئەدەبیات و هونەر و ناوەندە فەرهەنگییەکان سیاسەتی فەرهەنگییان دانا. سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپای ڕۆژاواش سیاسەتی تایبەت بە خۆیان پەیڕەو دەکرد. بەڵام گوتاری بازاڕی ئازاد لە وڵاتانی سەرمایەداری باو بوو و پشتیوانی لە هونەر و بەرهەمی فەرهەنگی دابەزی و بازاڕ بووە بنەمای ڕکابەری. گوتارێکی دیکە، ئایدیاکانی هابێرماس بوون لە واری گشتی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئەم گوتارە پتر بە دوای دروستکردنی شارۆمەندیی فەرهەنگییە. بە دیدی هابێرماس ڕوانگەکانی سیاسەتدانان بۆ مۆدێرنیتە، کۆمەڵگەی سەرکێش، کۆمەڵگەی زانیاری، کۆمەڵگەی شەبەکەیی، حوکمڕانی و حکوومەت، سیاسەتەکانی ژیان، هەموویان دیاریکەری بڕیاری خەڵکن. بڕیار بۆ ئەوەی چ شتێک وەک نۆڕم، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەکار بێت، پەیوەندیی بە سیاسەتدانانەوە هەیە. بەڵام لە بێئامانجی و بێنەزمیدا دامەزراوە نامۆکان دەبنە جڵەوکێشی کۆمەڵگە. (مک گوئیگان، 1378: 143-95)

لاوازیی سیاسەتی فەرهەنگی

بەشێکی شێواوبوونی ناسنامه، بۆ لاوازیی زانستی سیاسەت دەگەڕێتەوە. کاتێک دیاردەی فرەهەڵبژاردەییی ستایل و بەکارهێنان دەبێتە ناسنامه‌ی تاک، پێویستە سیاسەتی فرەهەڵبژاردەییی گونجاو بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی خواست لەسەر نۆڕمە باشەکان زۆرتر بێت. ئەگەر زانستی سیاسەت لە ناوەندەکانی پەروەردەیی و میدیاکاندا کز بوو و کاری پەروەردە تەنیا بە مامۆستا سپێردرا و سیاسەتی میدیا بە ڕاگەیاندنکار سپێردرا، ئەوا مەیدانی زانستی سیاسەت بەرتەنگ دەبێتەوە و ئاستی کارەکان لێڤڵێکی نزمۆکەی دەبێت. بەپێی سەرچاوەکانی ڕێکخەری ناسنامه، بە دیدی زیانناسی پەرەسەندن و بە پاراستنی ڕەسەنایەتی، دەبێ بیر لە پێشکەوتن بکرێتەوە نەک بەبێ بەرنامە و سیاسەت کاری فەرهەنگی بە میدیاکاران بسپێردرێت و میدیاکاران هەموو نەریتێکی بیانی بێننە ناو ماڵەکان. پێویستە ئەو فەرهەنگە ئەرێنییانەی کە خزمەت بە واری پێشکەوتن دەکەن بێنە ناو کۆمەڵگە؛ بۆ وێنە ماندوونه‌ناسیی ئه‌ڵمانییەکان و فەرهەنگی خوێندنەوەی ژاپۆنییەکان بە شێوەیەکی ئاگایانە نیشانی تاک بدرێت. دەبێ هەوڵ بدرێت هەندێک نەریتی جوانی کوردان وەک فەرهەنگی پێکەوەژیان و زبارە، کەلتووری کوردی تاو بدات و بچێتە ناو فەرهەنگی جیهانییه‌وه‌. بەڵام بەهۆی نەبوونی زانستی سیاسەت، سیاسەتدانەرانی میدیایی نەک هەر لەم کارەدا لاوازن، تەنانەت فەرهەنگی تەندروستی و شێوازی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانیان بۆ گرینگ نەبووە، لە کاتێکدا پێشگیریکردن لە زۆر نەخۆشی بە گۆڕینی شێوازی ژیان ڕەنگە چارە بکرێت. لە ڕاستیدا، خانەوادەی کوردی پێویستی بە توێژینەوەی جددی هەیە و، پێویستە شێوازی ژیان لەگەڵ ناسنامه‌ی کوردی کۆک بێت کە لەناو چاڵگەی دووجیهانیبووندا ون بووە؛ دەبێ بۆ هەڵبژاردنی فەرهەنگی جیهانی هەر لە خواردن، بەرگ، ڕەفتار و… بیر لە نۆڕمە ئەرێنییەکان بکرێتەوە و بە سیاسەتی هەڵبژاردن فەرهەنگی تێکۆشان لە ژاپۆنییەک وەربگیرێت نەک خورافاتی ناو ئایینی شینتۆ. پێویستە بە بەرنامەیەکی دوورئامانج کتێبگەلی پەرەسەندنی تاک وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی نەک تەنزی تاڵ و فەرهەنگی پەستی دوور لە عەقڵانییەتی ئاکادیمیکی میدیاکان، کە جیاوازیی نێوان کەشی تایبەتی و کەشی گشتی نازانن، فێری خەڵک بکرێت.

دەرەنجام

لە سەردەمی فرەپەیوەندیی جیهانی و دروستبوونی دووجیهانیبوون و پلۆرالیزمی فەرهەنگی و کایەی ئەشیای دەوروبەری مرۆڤ، شێوازی ژیان گۆڕانێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە؛ بە جۆرێک کە سنوورەکانی فەرهەنگ و ناسنامه‌ی گۆڕیوە و درزێک کەوتۆتە نێوان ناسنامه‌ی تاک و ناسنامه‌ی پێناسەکراوی کۆمەڵگە. بۆیە تیۆریسیەنەکانی واری کۆمەڵناسی و سیاسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو تیۆرگەلێکیان بۆ دیاردە نوێیەکان داناوە.

لە ڕاست گریمانەی پرسیاری ختۆکەیی، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە نەبوونی سیاسەت و بەڕێوەبردنی شێوازی ژیان سەری لە ناسنامه شێواندووە. بێ گومان ڕێگە لە شەپۆلی هەوسارپساوی گلۆبالیزەیشن ناگیرێت، لە هەمان کاتدا ناکرێ بەبێ سیاسەت و بەرنامە لەناو گێژەوی بەجیهانیبووندا گێژ بخۆینەوە و نەزانین ئەو شەپۆلانە کۆمەڵگە بەرەو کوێ دەبەن. بۆیە پێویستە بە سیاسەتی هەڵبژاردەیی سوود لە لایەنە ئەرێنییەکانی وەربگیرێت و لایەنە نەرێنییەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە جیاتی ئەوەی بێئاگایانە ئەم شەپۆلانە شێوازی ژیانی تاکی کورد ئاراستە بکەن، پێویستە بە بەرنامەی زانستی و بە کەلکوەرگرتن لە بەجیهانیبوون، ناسنامه و فەرهەنگی کوردی تاو بدرێت و بەهێز بکرێت. کورت و پوخت، باری هەڕەشە بگۆڕدرێت بۆ هەلی پێشکەوتن، کە ئەویش بە پسپۆڕانی زانستی و سیاسەتی فەرهەنگیی ژیرانە و لۆژیکانە دێتە دی.

پێشنیار

لە هەر سەردەمێکدا بەپێی دەردی ئەو سەردەمە کەسانێک ئەرکی ڕزگارییان گرتۆتە بەر؛ لە سەردەمێک خەباتی چەکداری بووە ئەرکی بەئاگایانی خۆبەختکاری کورد؛ لە سەردەمێک ڕووناکبیرانی کورد کە هەستیان بە بۆشاییی سیاسی کرد “ژێ-کاف”­یان دانا؛ زەمانێک کە زمان لە مەترسیدا بووە هەژارێک زمانی کوردیی دەوڵەمەند کرد؛ لە سەردەمێک ئەنیستیتۆی کوردی خزمەتێکی پێویستی بە کوردان کرد. ئێستا بە دیاردەی مەسرەفگەرایی و شێوازی ژیان، بەتایبەتی لەناو جوگرافیایەکدا کە ئەرتەشی سایبێری تەمای توانەوەیان بۆ ناسنامه‌ی کورد تەنیوە، دەبێ خەم لە ناسنامه و فەرهەنگسازی بخورێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ناوەندی ستراتیژیی بەرژەوەندییەکانی کورد دابندرێت. ناوەندێکی ئاکادیمی بۆ ژیاندنەوەی شێوازی ژیان و لێکۆڵینەوەی ئەم پرسە، پێویستیی هەنووکەیە. ئەم وتارە تەنیا ورووژاندن و ئاژنینی پرسێکی هەستیار بوو بەبێ ئەوەی ئامارێکی هێشوویی یان میتۆدێکی، بۆ وێنە دۆڵفی بۆ لێکۆڵینەوە، گرتبێتە بەر. پێویستە لە ناوەندێکی ئاکادیمی، شێوازی ژیان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی کاری ئاکادیمیکی لەسەر بکرێت؛ ئەگەر ئەم کارە بە شێوەیەکی زانستییانە و بە پشتیوانیی دەسەڵات نەکرێت، پۆپۆلیزمی گەلفریو ئەم دۆخە ئاراستە دەکات. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە بتوانرێ شێوازی ژیان بۆ خەڵک لە سەردەمی گولوباڵدا دیاری بکرێت، چونکە ئێمە خۆمان نازانین چەند ساڵی داهاتوو چ جۆرە شێوازێکی ژیان بۆ خۆمان هەڵبژێرین؛ بەڵام دەکرێ ئاستی تێگەیشتن و وریایی لەناو کۆمەڵگەدا بەرز بکرێتەوە و زەمینەی هەڵبژاردنی باشترین شێوازی ژیان و بەستێنی مرۆڤسازی فەراهەم بکرێت.

سەرچاوەکان

برگمن، روتگر (1399)، آدمی؛ یک تاریخ نویدبخش، ترجمه مزدا موحد، تهران: فرهنگ نشر نو.

چانگ، ها-جون (1399)، 23 گفتار درباره سرمایەداری؛ پیرامون نکاتی کە آنها را بروز نمی­دهند، ترجمە ناصر زرافشان، تهران: مهر ويستا.

حضرتی، مرتصی و گودرز سلمانی (1395)، نظریه­های سبک زندگی در حوزە جامعەشناسی، کنفرانس بین­المللی مطالعات اجتماعی فرهنگی و پژوهش دینی، رشت (ISC).

رحمت آبادی، الهام و حبیب آقابخشی (1385)، سبک زندگی و هویت اجتماعی جوانان، فصلنامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، سال پنجم، شماره 20.

ستاری، سجاد (1395)، تاریخ ذهنیت توسعه در غرب (فهمی نو از یونان باستان تا روزگار آستان)، فصلنامه علمی پژوهشی سیاستگذاری عمومی، دانشکده حقوق و علوم سیاسی دانشگاه تهران، دوره 2، شماره 1، بهار، صص 163-139.

كسل، فيلپ (1383)، چکیدە آثار گیدنز، ترجمه حسن چاوشیان، تهران: نشر ققنوس.

گیدنز، آنتونی (1382)، تجدد و تشخص جامعه و هویت شخصی در عصر جدید، ترجمه ناصر موفقیان، تهران: نشر نی.

مک گوئیگان، جیم (1378)، بازاندیشی در سیاست فرهنگی، نعمت الله فاضلی و مرتضی قلیچ، تهران: دانشگاه امام صادق.

نایبی، هوشنگ و ستار محمدی تلور (1392)، تأثیر سبک زندگی بر هویت اجتماعی (مطالعە تجربی جوانان شهر سنندج)، مجله جامعەشناسی ایران، دورە چهاردهم، شمارە 4، ص 131-152.

نش، کیت (1388)، جامعەشناسی سیاسی معاصر، ترجمە محمد تقی دلفروز، تهران: نشر کویر.

وبر، ماکس (1394)، اخلاق پروتستانی و روح سرمایەداری، ترجمه مرتضی ثاقب فر، تهران: جامی.

Good, L (2005), “Jurgen Habermas: Democracy and public sphere”, Ann Arbor.

وەرگیراوە لە:

ماڵپەڕی پێنووس

هاوشێوە