رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردەمێکی نوێی تاکگەرایی دەرخستووە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بیجو دۆمێنیک

وەرگێڕانی: ژیر دانا

مرۆڤەکان هەمیشە بە کۆمەڵایەتیترین ئاژەڵ دانراون. بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا و لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩، بەشێکی زۆر لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤ بە تەواوەتی وەستێنراون و ڕێگریان لێکراوە. لەم کاتەدا تاکەکان ناچاربون کە تا ئەوپەڕی توانای خۆیان لە بەرکەوتن لەگەڵ ئەوانی تردا دوور بکەونەوە و بەردەوام لەناو بازنە تایبەتەکانی خۆیان بمێننەوە. بۆیە تەواوی چالاکییەکانی مرۆڤ لە خوێندن، کارکردن، بازاڕکردن، جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی یاخود ڕوابردن و کات بەسەر بردن هەموو بە ناچاری لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتییەوە بوون بە چالاکییەکی تاکە کەسی. بە جۆرێک کە خەڵکی ناچار بوون هەموو چالاکییەکانی پێشتریان کە لەگەڵ خەڵکی تر ئەنجامیان دەدا، لەدوای ڤایرۆسەکەوە بەتەنیا ئەنجامی بدەین. ئەویش بێگومان بە یارمەتی ئەو ئامرازە تەکنەلۆژیانەی ئێستا کە ئاسانکارییەکی ئێجگار گەورەیان کردووە بۆ ئەم مەبەستە.

ئەم شێوازە نوێیە لە ژیانکردن هانی ئەوەی دا کە تاکگەرایی لە هەموو کات زیاتر بەهێز بێت و تاقی بکرێتەوە. ئەم جۆرە لە تاکگەراییش بەدڵی هەمووان نییە و ڕەخنەی زۆری لەسەرە. بۆ نموونە ئەلێکسیس دی تۆکۆڤێل کە یەکێکە لە فەیلەسوفە فەڕەنسییەکان بە جۆرێک باسی تاکگەرایی دەکات کە هانی تاکەکان دەدات خۆپەرست بن و ئەوەی کە گرینگ بێت لەلایەن تەنها خۆیان و خێزانەکانی خۆیان و کەسە نزیکەکانی خۆیان بێت. ئەم جۆرە لە تاکگەرایی کە لە ئیستادا بەهۆی ڤایرۆسەکە دروستبووە وای لە کەسەکان کردووە کە تەنانەت لە خێزان و هاوڕێکانیشیان دوور بکەونەوە و تەنها خۆیان لەگەڵ خۆیاندا بمێننەوە. کە بێگومان بووەتە هۆی ئەوەی چەندین پێکەوەیی و کۆمەڵایەتیبوون بە تەواوەتی فەرامۆش بکرێنن لەلایەن تاکەکانەوە.

هەتا کات زیاتر بڕوات ئەگەری هەیە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ بەرەو کەمبوونەوەی زیاتر بروات. دووریش نییە دوای چەند مانگێک بە تەواوەتی نەمێنێت. بەڵام بەبێ گومان دەبێت بزانین کە خەڵک لە دوای ڤایرۆسەکەوە نابنەوە بەو خەڵکەی کە لە پێش ڤایرۆسەکەدا هەبوون. بۆ نموونە ئەوانەی کە کار دەکەن. زۆر قورسە کە کرێکاران و فەرمانبەران بتوانن وەک پێشتر لەگەڵ کاتی زۆری کارکردنیاندا ڕابێنەوە و هەموو ڕۆژەکانی هەفتە و ڕۆژانە چەندین کاتژمێر خەریکی کارکردن بن. تەنانەت لە ڕووی چالاکی و مەراسیمیە ئایینیەکانەوە، زۆر قورس دەبێت کە وەک جاران خەڵکی بە ناچاری ئامادەبن کە لەناو شوێنی گشتی و بە کۆمەڵ و لە کاتی دیاریکراودا چالاکی ئایینی ئەنجام بدەن.

ئەو کاریگەرییەی کە تەکنەلۆژیای نوێ دروستی کردووە و یارمەتیدەر بووە بۆ دروستبوونی چەندین خوڕەوشتی نوێ بۆ مرۆڤەکانی ئێستا، لە دوای نەمانی ڤایرۆسەکە بە ڕاستەوخۆیی ون نابێت و کاریگەرییەکەی درێژخایەن دەبێت. کۆمپانیا خاوەندارەکانیش هەوڵ دەدەن کە پەرەی زیاتر بدەن بە تەکنەلۆژیاکانی خۆیان و کاریگەرییەکە بەهێزتر و بەهێزتر بکەن. بۆ نموونە ئەپلیکەیشنەکان وا دەکەن کە مرۆڤەکان بەردەوامبن لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان لە شوێنی دیاریکراوی خۆیانەوە بەبێ ئەوەی کە بچن بۆ شوێنێکی دەرەوەی شوێنەکانی خۆیان. ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، ئەوا دەتوانین یابانمان بیربێتەوە کە چۆن لە کاتی جەنگەکەیلەگەڵ وڵاتی کۆریادا پشتی بە تەکنەلۆژیا و ئەم جۆرە لە دابران بەست تا دواجار ژێرخانی ئابووری خۆی پێ بەهێزکرد و لە ئەنجامیشدا بوو بە یەکێک لە وڵاتانەی کە بەهێزترین ژێرخانی ئابووریان هەیە. کەواتە پەرەپیدانی تەکنەلۆژیا لەم کاتەدا و زیاتر ئاڕاستەکردنی خەڵک بۆ دابران لەوانی تر و پەرەدان بەم جۆرە لە تاکگەراییە چی بەسەر دۆخی جیهاندا دەهێنێت؟

لە سەردەمانی زوودا، یۆنانییەکان هەستان بە بەکارهێنانی تاکگەرایی خۆیان و داوای دەکرد کە هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگای یۆنانی، بتوانێت خاوەنی دەنگی خۆی بێت و کاریگەری بەسەر بڕایرە سیاسییەکانەوە هەبێت. ئەمە دواجار دیموکراسی لێوە دروستبوو. پێنج سەدەیش بەر لە ئێستا  لەو کاتەی کە مارتن لوسەر کە تاکێکی بەرەنگار بوو بڕیاری دا هێز کۆبکاتەوە و بەهۆیەوە دژی کڵێسانی کاسۆلیک بوەستێتەوە، توانی بەهۆیەوە بزووتنەوەی پڕۆستنانتی دروست بکات. بە بڕوای کەسانێکی زۆر ئەو بزووتنەوەیە هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی سەرمایەداری بووە لە ئەوروپا. جگە لەوەیش، هەر مارتن لوسەر بوو کە بووە هۆی ئەوەی گرینگی بە بواری بڵاوکردنەوە بدرێت. بە تایبەت کەم لە سەردەمی خۆیدا و دوای هەوڵەکانی کتێبی پیرۆز وەرگیردرایە سەر زمانی خەڵک و بڵاوکرایەوە بە جۆرێک کە خەڵکی ئاسایی دەستیان پێی بگات و بتوانن لە دەرەوەی کڵێساکان بیخوێننەوە و لێی تێبگەن. ئەم هەوڵەی مارتن لوسەر بووە هۆی ئەوەی کە تاکەکان کۆمەڵێک دەستکەوتیان بێتە بەردەست کە پێشتر تەنها لەژێر دەستی چینە بەرزەکاندا بوون. بەم جۆرەیش تاکەکان بەهێزتر بوون.

 لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چەندین تەکنەلۆژیای نوێ ناوبانگیان پەیداکرد و زۆر باشتر لە جاران پەرەیان پێدرا. بۆ نموونە کۆبوونەوەی سەرهێڵ، بازاڕکردنی سەرهێڵ، پارەدانی سەرهێڵ، خزمەتگوزاری تەندروستی، خوێندنی سەرهێڵ و چەندین بابەتی دیکەیش. ئەم لایەنانەی تەکنەلۆژیا لە کاتی ڤایرۆسەکەدا زۆر زیاتر لە جاران بەکار دەهاتن. هەندێکیان ئەوەندە گەشەیان پێدرابوو کە پشتیان بە زیرەکی دەستکرد دەبەست بۆ ئەوەی کە بە شیوەیەکی باش و گونجاو کار بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشکەوتنێکی گەورەیە و تاکەکان لەم سەردەمەدا پێشکەوتنێکی ئێجگار گەورەیان بەخۆیانەوە دیوە، کە هەرگیز بڵاوکراوەکان (وەک لەوەی لە پێشتردا ڕوویدابوو) توانای ئەوەی نییە ئەم جۆرە پێشکەوتنە لەناو تاکەکاندا دروست بکەن.

ئێدمەند فیلیپس کە یەکێکە لە براوەکانی خەڵاتی نۆبێڵ کۆمەڵێک توێژینەوەی ئەنجامداوە و کۆمەڵێک ئەنجامی سەرنجڕاکێشی دەستکەوتووە لەناویاندا. بۆ نموونە ئەوەی بۆ دەرکەوتووە لەناو ئەو وڵاتانەی کە تاکگەرایی تیایاندا زۆرە، بە شێوەیەکی باشتر مامەلە لەگەڵ کرێکار و سەرمایەدار دەکرێت. فیلیپس پێی وایە کە تاکگەرایی لە پاڵ ژیانگەرایی دەبنە هۆی دروستبوونی ڕۆحێکی چالاک بۆ مرۆڤ کە دواجار دەیانکات بە کەسێکی دووربین. لە لایەکی دیکەیشەوە گیرت هۆفستێد کە دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی بەناوبانگە دەڵێت کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز و ڕاستەوانە هەیە لە نێوان سامانی نەتەوەیی و ئاستی تاکگەرایی لەناو کولتووری وڵاتاندا. بە جۆرێک کە تا تاکگەرایی زیاتر بێت، بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەیش باشتر دەبێت.

گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی خێرای تەکنەلۆژیا لە سەردەمی ڤایرۆسەکەدا، کاریگەرییەکەی تەنها لە نێوان تەکنەلۆژیا خۆی و بەکارهێنەراندا نامێنێتەوە و لە ئاستێکی فراوانتریشدا ئیش دەکات. بۆ نموونە کاتێک سەردەمی ڤایرۆسەکە کۆتایی دێت و خەڵکی هێشتا ئامادە نابن بە ئاسانی بگەڕێنەوە سەر شێوازە ژیانە کۆنەکەیان، لایەنە کۆنەکانی ژیان (وەک بازاڕکردن، خوێندن، هتد..) ناچار دەبن خۆیان کار بکەن بۆ ئەوەی کە خەڵکی ڕابکێشنەوە. بە جۆرێک کە پێویستیان بەوەیە چاکسازی لەناو خۆیاندا بکەن و بەرەوپێش بچن تا خەڵک ئامادەبن واز لە تەکنەلۆژیا و دوورەپەرێزی بهێنن و بگەڕێنەوە سوەر شێوازە کۆنەکان. ئەمەیش دەری دەخات کە ئەو تاکگەراییەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دروست بووە دواجار کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری و لایەنەکانی تری ژیان دەبێت. جگە لە ئابووریش زانکۆکەکانیش بە هەمان شێوە پێویستە کارێک بکەن کە دووبارە خوێندکارەکان ئامادەبن کات لەناو کامپسەکاندا بەسەر ببەن. تاکگەرایی لە ڕابردوودا توانیویەتی کاریگەری هەبێت لەسەر داخراوی ئایینەکان و لیبرالیزمی ئابووری. لە ئێستایشدا ئەو تاکگەراییەی کە ڤایرۆسەکە هێناویەتە ئاراوانە دەست دەخاتە ناو چەندین لایەنی دیکەی ژیانەوە. بە تایبەت کە ژێرخانی تەکنەلۆژی یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئەم جۆرە لە تاکگەراییەیە. پرسیارەکێ گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەم شەپۆلە نوێیەی تاکگەرایی چ جۆرە گۆڕانکاری و دەرئاساییەکی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە