رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خیانەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنانی ئێران

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: دالیا ئەلعەقیدی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتی ئێرانی کرد بە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە. هۆکاری ئەم بە ئەندام بوونە مامەڵەکردنی وڵاتی ئێران بوو بەرامبەر ژنان. لە دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە و بەتایبەت بەکارهێنانی ئەو هۆکارە، گومان و خەمێکی زۆر دروست بوو لەسەر ئەو پەیامەی کە ئەم ئەنجومەنە لە ڕێگای ئەم بڕیارەوە ویستوویەتی بیگەیەنێت.

ئەم ئەنجومەنە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکەی ئەوەیە کە کار بۆ بەرقەراربوونی یەکسانی بکات. کارکردن بۆ مافەکانی ژنانیش، پێویستە لە سەرەتاییترین داواکارییەکانی ئەم ئەنجومەنە بێت بۆ وەرگرتنی ئەندام. من وەک ژنێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لەدایک بووم و بەشێکی زۆری ژیانم لەوێ بەسەر بردووە، باش ئاگاداری ئەوەم کە کارکردن بۆ بەرقەرار کردنی مافەکانی ژنان کارێکی ئێجگار قورسە. هەر ئەمەیشە وام لێدەکات کە لە کاتی بیستنی هەواڵێکی لەو جۆرە کە ئێران بووە بە ئەندام لەو ئەنجومەنە، تووڕە ببم و هەڵوێستەکردن بە بەرپرسیارێتی خۆم بزانم. بە تایبەت کاتێک باسەکە لەسەر وڵاتی ئێرانە کە لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ ژندا، مێژوویەکی باشی نییە.

بەشداری پێکردنی ژنان لە دەسەڵاتدا و پاراستنی تەواو مافەکانیان، پێویستی بەوەیە کە ئەو حکومەتەی لەژێر سایەیدا دەژین کاری جددی لەسەر بارودۆخی ژیانیان بکات. واتە حکومەتەکە بە جۆرێک وڵات بەڕێوە ببات کە ژنان لە درێژەی ژیانیاندا دەرفەت و ئامڕازی پێویستیان لەبەردەستتدا بێت تا بتوانن بەشداری دەسەڵات بکەن و جێگای خۆیان وەک هاوتای پیاو لە ئەرک و مافدا بکەنەوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران بەم جۆرە کاری کردووە و لەم جۆرە مامەڵەیەی بەرامبەر بە ژنانی وڵاتەکەی هەبووە؟

هەفتەی ڕابردوو ویلاتە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ی بڵاوکردەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ئێران. لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە کراوە کە چۆن ڕێژەی چەوسانەوەی ژنانی ئێران و پێشێلکردنی مافەکانیان، لە کۆماری ئیسلامی ئێران ئێجگار بەرزە و ژنانی ئەو وڵاتە ژیانێکی خراپیان هەیە لەژێر سایەی حکومەتێکدا کە تەنانەت لە مافی مرۆڤ خۆیشێ تێنەگەیشتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، توندوتیژی لەناو خێزاندا تەنانەت لەناو یاسای وڵاتەکەیشدا ڕێگری لێ نەکراوە. توندوتیژی و دەستدرێژی لەناو خێزاندا، وەک بابەتێکی تایبەتی دانراوە کە حکومەت نەتوانێت قسەی تێدا بکات و تەنانەت لە دەرەوەی خێزانەکانیش، ڕێگە نەدرێت کە باسی لێوە بکرێت. چونکە یاساکانی ئێران بە ڕوونی و ئاشکرایی دەسەڵاتی ڕەهایان داوە بە پیاو بەسەر ژن، خوشک و کچەکانیانەوە. وە ئازادی ئەوەیشی پێداون کە توندوتیژی جەستەیی بەکار بهێنرێت لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنانی ناو خێزانەکەی. ئەمەیش وایکردووە کە ڕێژەی توندوتیژی ناو خێزان لەناو ئێراندا ڕێژەیەکی زۆر بەرز بێت.

هەر لەناو هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە کراوە کە چەندین کەیسی لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی هەن لە وڵاتەکە کە وەک تاوان تۆمار نەکراون. چونکە ژنەکان بەردەوام ترسی ئەوەیان هەبووە کە لە کاتی تۆمارکردنی داوای یاسایی دژی پیاوەکان، خۆیان بە ئەنجامدانی خیانەت و کرداری نائەخلاقی تۆمەتبار بکرێن. ئەوەیش ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە ژنەکان لە کاتی تۆمارکردنی داواکاری بۆ بابەتی دەستدرێژی سێکسی، مەترسی ئەوە بکەوێتە سەر خۆیان کە لە سێدارە بدرێن. ئەوەیش جگە لە ترسی ئەوەی کە ناچار بکرێن شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و لە کۆمەڵگاکەی خۆیان ڕا بکەن. ئەم ترسە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی ٨٠٪ لە کەیسی دەستدرێژیە سێکسییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بە فەرمی تۆمار نەکرابێتن و نەچووبێتنە ناو دادگاوە.

کاتێک کە کچان و ژنانی ئێران لەژێر دەسەڵاتێکی لەم جۆرەدا بژین، چۆن دەتوانن چاوەڕوانی ژیانێکی ئارام و داهاتوویەکی گەش بکەن کە دەرفەتی جیاوازیان بۆ بڕەخسێنێت؟ کێ دەتوانێت بروا بە کچێکی گەنجی ئێرانی بهێنێت کە لە کاتی گەورەبوونیدا، دەتوانێت ببێ بە هەرچییەک کە خۆی بیەوێت؟ یاخود هەر خەونێک ببینێت کە دەیەوێت و بۆ هەر هیوایەک کار بکات کە پێی خۆشە؟ لە کاتێکدا کە بە تەماشاکردنی چاوی دایکیان، ڕاستەوخۆ ترس دەبینن!

ئەو جێی سەر سوڕمانە ئەوەیە کە ئەم ڕژێمە، وەک یەکێک لەو ٤٣ وڵاتە هەڵبژێردراوە کە وەک پارێزەری مافی ئافرەت سەیر دەکرێن لە چوار ساڵی داهاتوودا، لە کاتێکدا کە لەناو وڵاتەکە خۆیدا مافی ئافرەت بەردەوام دەکرێتە ژێر مەترسییەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵە بارودۆخەکە بەم شێوەیەیە. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە لە ڕژێمەکەی ڕەزا شادا خوێندنی کچان زۆر لە ئێستا باشتربوو. لە ئێستادا لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، خوێندنی کچان زۆر خراپتر بووە و تەنانەت لە قۆناغی زانکۆدا کچان ناتوانن لە هەندێک بواردا بەردەوامی بە خوێندنەکەیان بدەن. بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی و بێگومانیش، مافەکانی مرۆڤ.

لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی وڵاتی ئێرانەوە، ڕێژەی زیندانی کردن و لەسێدارەدانی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدا بووە. ژنان لە ئێراندا بەردەوام بەهۆی کەیسی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەگیرێن حوکم دەدرێن، بەبێ ئەوەی دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ کە پارێزەرێکی یاساییان هەبێت کە بەرگرییان لێبکات. لەناو زیندانییەکانیشدا تەنها ئەو ژنانە هەلی دەربازبوونیان هەیە، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەی ڕۆژئاوایی ببن و بەهۆی ئەو ڕەگەزنامەیەوە، توانای خۆ دەربازکردنیان دەبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە بە زووترین کات ئەم بڕیارەی لە لەسەر ئێران داویەتی هەڵبوەشێنێتەوە و ددان بەوەدا بنێت کە کە ڕژێمی ئێران چۆن بەردەوام لە جەنگدایە لەگەڵ ژنانی وڵاتەکەی و مافەکانیان. ئەی ئەگەر دەنگێکی دیکەی کاریگەر هەبێت کە بەرهەڵستی ئەم بڕیارە بکات، ئایا ئەو دەنگە کێ دەبێت؟ سەرۆک بایدن و پارتی دیموکرات؟ بێگومان دەبێت بزانین کە ئەوان لەسەر ئەم جۆرە پرسانە نایەنە دەنگ و پێویستە چاوەڕوانی ئەوە نەکەین کە ئەوان بەرهەڵستی بکەن. چونکە ماوەیەکی زۆرە کە ئەوان بێدەنگ بوون لە سیاسەتی خراپی ئێران و وە کێشەیشیان نەبووە لەوەی کە بە هەزاران ئەمریکی لەناو خاکی عێراقدا و لەسەر دەستی میلیشیاکانی ئەوێ کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە بکوژرێن و بکرێن بە قوربانی.

پێویستە ژنانی ئێران خۆیان بێنە دەنگ لەسەر ئەم بڕیارە. پێویستە ئەو ژنە بوێرانە کە لەناو ئێراندا و لەژێر سایەی ئەو حکومەدا ستەمکارەدا دەژین، بێن و بڵێن “نەخێر”.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە