رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چەمکی ئازادی؛ جۆر و ڕەهەندەکانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

کنێر عەبدوڵڵا

بێ گومان وەک هەموو چەمکێکی تری زانستی و بە هۆی فرەبواریی جیاجیای چەمکی ئازادییەوە، ناکرێت چەمکی ئازادی لە یەک پێناسەدا کورت بکرێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، ئازادی بە واتای توانای خود دێت بۆ بڕیاردان لەو شتانه‌ی تایبەتن بە خۆی؛ بە شێوەیەک مرۆڤ زیاد لە هەڵبژاردەیەکی لەبەردەستدا بێت و، بتوانێت بە دوور لە هەموو ناچارکردنێک، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

ئازادی، بەرپرسیارێتییە:

ئازادیی مرۆڤ هەڵقووڵاوی خودی تاکەکانە، بەوەی هۆشمەندانە و بەرپرسیارانە لە ڕووی ناوخۆیی و دەروونییەوە هەست بە ئازادبوونی خۆی بکات و، ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتار و کرداریدا هەبێت و، ببێت بە شێوازی ژیانی. بەو واتایەی، ئازادیی واقعی لە کرداری گۆڕانکاریی خودەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە هەستکردن و درککردن و تێگەیشتن لێی. ئەوەیە دەبێتە هوی دۆزینەوەی هەنگاوی یەکەم بەرەو ئازادی و، بێ گومان ئەوەیش بە دوور لە هەموو ترس و ستەم و کۆیلایەتی و نەزانین و ناچارییەکەوە دەبێت.

لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدەدات، بەوەی ئایا مرۆڤەکان لە کۆمەڵی کوردیدا ئازادن، یان نەخێر؟ بە بڕوای من بە شێوەیەکی گشتی، نەک پیادەکردنی ئازادی و بنەماکانی لە قەیراندایە، بەڵکوو تێگەیشتن لێی لە ئاستێکی لاوازدا بەدی دەکرێت، چونکە یەکێک لە بنەما سەرەکی و بیروباوەڕەکانی ئازادی، کارکردنە بە ڕاستگۆیی و شەفافییەت. واتە ئه‌گەر مرۆڤەکان لە ژیانی خۆیاندا لە شاردنەوەی ڕاستییەکان قوتار نەکردبێت و، لە هەمان کاتدا ئه‌گەر ڕاستگۆیی لای مرۆڤه‌کان نەبووبێتە بنەمای پەیوەندییەکانیان و، مرۆڤەکان نەیانتوانی بێت ئازاد بن و له‌ هه‌مان کاتدا نه‌یانتوانی بێت بەئازادانە مومارەسەی پەیوەندییەکانیان بکەن. هه‌موو ئەوانه‌یە کە ده‌ره‌نجام دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدان و بەردەوامیی زۆرێک لە کێشەکان.

سه‌ره‌ڕای ئەوەی هۆکاری زۆر و جیاواز هەن کە وایان کردووە شاردنەوە و باسکردن لە درۆی سپی، بەناچاری بووبێتە خه‌سڵه‌تێکی باو و خوویەکی مرۆڤەکان یان بە شێوەیەکی تر بۆتە کەلتوور و فەلسەفەی زۆرێک لە تاکەکان کە ڕۆژانە ژیانی پێ دەگوزەرێنن؛ چونکە لە ناخ و هزریاندا گەیشتوونەتە ئەو ڕاددە باوەڕبوونەی، دەربڕینیان بە ڕاستگۆییی قسە و بابەتەکان هەم ڕێگرییەکان زیاد دەکات  و هەم کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، کە ئەمەیش  بێ گومان سەرچاوەی گرفتی سەرەکیی کێشەکەیە. بێ گومان گەیشتن بەو هەستە، ئەگەرچی لای خودی زۆرێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی دەرونییەوە جێی ناخۆشییە، لە هەمان کاتدا هۆکاری زۆرە.

بە نموونە، کچێک پاش ئەوەی بەخۆشەویستی پەیوەندیی هاوسەرگیریی لەگەڵ کوڕێکدا دەکات و پاش تێپەڕبوونی ساڵێک لە پەیوەندییەکەیان و لە دانیشتنێکیاندا، بەخۆشییەوە کوڕەکە بەشانازییەوە باس لە پەیوەندییەکانی ڕابردووی خۆی دەکات و بە ژنەکەیشی دەڵێت: “دەی تۆش وەک من ئازاد بەو باسی ڕابردووی خۆت بکە.” ئەوەندەی  ژنەکە لە وەڵامدانەوەیدا دەڵێت: “وەڵا منیش کوڕێک داوای پەیوەندیی لێ کردووم.” ئیدی دەرەنجام تەنیا بەو دەربڕینە، واز لە ژنەکەی دەهێنێ.

لە لایەکی تر، مرۆڤەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لەبەر ئەوەی دەنگ بە لایەنێک، یان کەسێکی دیاریکراو دەدەن، دەرەنجام سزا دەدرێن و ئیدی بە هۆی ترسەوە ناتوانن مومارەسەی ئازادییەکانی خۆیان بکەن. بۆ نموونە، ژنێک لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی داخراودا  دوور لە ئیرادەی خۆی، ناچار دەکرێت قبووڵی ژنی دووەم بکات و، لە هەمان کاتدا بەناچاریش دوور لە ویستی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گێڕانەوەی کەرامەتی، داوای جیابوونەوە دەکات.

کەسایەتییەک خۆی بە ئەکادیمی دەزانێت و نەوە پەروەردە دەکات، ژێربەژێر پەیوەندیی جۆربەجۆر لەگەڵ فێرخوازەکانی دەکات و، پاشان خۆی بە ئازادیخواز دەزانێت و لەنێو مەزەی سەرمێزی هاوڕێکانی بەشانازییەوە باس لە پەیوەندییە ژێربەژێر و شاراوەکانی خۆی دەکات، دەڵێت: “لەم ژوورەی خۆم لەگەڵ ئەوەندە کەسدا ڕام بواردووە.” ڕۆشنبیرێک بانگەشەی فەلسەفەی ئازادی بۆ مرۆڤەکان بڵاو دەکاتەوە و، ئامادەیە بە ناوی پەیوەندی و یەکترناسین و خۆشەویستییەوە چه‌ندین كچ سكپڕ بكات، بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکانی چارەنووسی بەرامبەرەکەی لەئەستۆ بگرێت.

ئیسلامییەک لەبەر ئەوەی مرۆڤێک باوەڕی بە ئایینەکەی ئەو نییە و وەک بیروباوەڕی خۆی، ڕەخنەئامێزانه‌ تێڕوانینی خۆی دەخاتە ڕوو، فەتوای کوشتنی بۆ دەردەکات و، دەربەدەری لە وڵاتەکەی دەبێتە چارەنووسی. سەلەفییەک بانگەشەی ئایینی و حەڵاڵ و حەرام و … دەکات، ئامادەیە فریوی کچانێک بدات کە لە تەمەنی کچیدایە و، هاندەری بێت تا تەڵاق لە هاوسەرەکەی وەربگرێت تا هاوسەرگیریی دووەم بکات. ئیدی نموونەی کەسانی سیاسی و کەسایەتیی بوارە جباجیاکانی تریش هەر یەک بە شێوەیەک و هتد. بۆیە بەدەستهێنانی ئازادیی هەر کەسێک گەر لەسەر حسابی ئەوی دی بێت، دواجار بە مانای زەوتکردن و تێنەگەیشتن دێت لە ئازادیی مرۆڤەکان و، بەدوور دەبێت لە هەموو بەرپرسیارێتییەک کە دواجار زه‌ره‌ر و زیانە و، بۆ چارەنووسی هەر یەکەیان مەترسیدارە.

ئازادی لە ڕوانگەی عەقڵ و فکرەوە:

ئازادی، خۆی بە تەنیا لە چێژێكی تێربوون و شەهوانی و خۆشیدا نابینێتەوە، ئەوەندەی خۆی لە سەلماندنی بوونی خۆیدا دەبینێتەوە وەک مرۆڤ و، لە هەمان کاتدا پێش هەموو شتێک ئازادبوونی عەقڵ و فکرییه‌تی بۆ گرتنەبەری ڕەوڕەوەیەکی ڕاست، بەوەی بزانێت چیی دەوێت و بۆ دەیەوێت و چۆن بەکاری دەهێنێ؟

یەکێک لە خەوشییەکانی تاکەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە بۆتە هۆی ئەوەی چەمکی ئازادی تەمومژاوی بکات، ئەم تێڕوانینەیە کە لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵ، بە نێوەندی نوخبەکانەوە (دەستەبژێره‌كان)، چەمکی تێگەیشتن لە ئازادییەکانیان کورت کردۆتەوە بۆ پۆشینی جلوبەرگ، ڕابواردن، پەیوەندیی بێسنوور، لەزەت و چێژوەرگرتن لەوی دی، بێ هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارێتییەک. ئەمە لە کاتێکدا  ئەگەر تێگەیشتنی مرۆڤەکان بۆ ئازادی لە دیدێکی هۆشمەندانەوە سەرچاوەی گرتبێت، خۆی دەتوانیت بڕیاردەر بێت لەوەی بتوانێت هەموو جلوبەرگێک بپۆشێت و، لە هەمان کاتدا شوێن و کاتی لەبەرکردنی دیاری بکات.

بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، چی پێویستە؟

مرۆڤ ناتوانێت لە چاوترووکاندنێکدا ئارەزوو و هیوایەت و خەونەکانی بێنێتە دی، وەک ئەوەی دەیەوێت. بۆ نموونە قسە بکات، ڕەفتار بکات یان گوزارشت لە دەربڕینی خۆی بکات بێ گوێدانە ئەوی تر و حساببۆکردنی. ئازادی لە کۆمەڵگه‌دا پێویستیی بە بونیادنان و کارکردنە، لانی کەم بۆ ئەوەی بتوانیت ئازاد بیت لەو کۆت و بەربەستانەی هەتە لەسەر خۆت، یان کۆمەڵگەکەت. بۆیە لێرەوە گرنگە بزانرێت ئه‌و فاکتەرانه‌ی پێویستن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، لە چیدا خۆی دەبینێتەوە، کە گرنگترینیان لەمانەدا خۆی دەبینێتەوە:

 ١- بەردی بناغەی ئازادی: دروستکردنی تاکی ئازاد کە بڕوا و متمانەی بە خۆی هەبێت و، لە بەرامبەر خۆی و کۆمەڵەکەیدا هەست بە بەرپرسیارێتی بکات. هەروەها ئیرادەیەکی هۆشمەندانەی هەبێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی، بێ ئەوەی لە بەرژەوەندییەکانی ئەوی تر بدات؛ بە واتایەکی دیکە، تاک سەرچاوەی دروستبوونی ئازادیی کۆمەڵگەکەیەتی.

٢- عەقڵ: ئازادیی تاک لە عەقڵەوە سەرچاوە دەگرێ. بۆ بەدیهێنانی ئەوەیش، تاک یان عەقڵ، پێویستە لە بازنەی ترس، دڵەڕاوکێ و داخراوی دەربچێت و، هەوڵ بدات ئازاد بێت؛ بۆیە ڕاهێنانی عەقڵ لەسەر ئازادی، بۆ تاک پێویستە.

٣- پەروەردە: بۆ ئەوەی عەقڵ ڕابهێنرێت، پێویستمان بە شێوازەکانی پەروەردە دەبێت، بەوەی هەر لە منداڵییەوە لە ڕێی ئەو بیروباوەڕ و بەهایانەی لە خێزان و کۆمەڵگه‌ و سیسته‌مەوە فێر دەکرێت، کاری لەسەر بکرێت. باشترین ڕێگەی پەروەردەیی بۆ منداڵ، ڕێخۆشکردن، یان واڵاکردنی زەمینەی گفتوگۆیە لەگەڵیدا، جگە لە بەخشین و فێربوون بەدوای زانیارییەکاندا، چونکە نەزانین، ئازادی بە تاک نادات، بەڵکوو لێی دەسێنێتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی پێواری نەزانین لای مرۆڤ ترس دەخوڵقێنێ و، وا لە کەسانی بەرامبەر دەکات کە هەمیشە خۆیان بەزاڵتر بزانن. بۆیە، مافی ئازادییەکانی لێ زەوت دەکات، بەتایبەت لە بواری ئازادیی هەڵبژاردنەکان و بڕیارسازیدا، تەنانەت لە بچوکترین شت و مەسەلەدا. بۆیە ئازادی، هەوڵ و تێکۆشانی دەوێت بۆ ئەوەی بەدەست بێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: تا چەند مرۆڤەکان هەوڵی بۆ دەدەن و تا چەند تێی گەیشتوون و دەیانەوێت ئازاد بن؟ ئەمەیش بەو واتایەی، ئازادی لە دەرگه‌ی مرۆڤەکان نادات، بێ ئەوەی هەوڵی بۆ بدەن، بەڵکوو ئازادی، شارەزایییەکی کەڵەکەبووە و، مرۆڤەکان چێژی لێ وەرناگرن تا ئەو کاتەی ڕێگە بە خۆیان دەده‌ن بچنە نێو ئەزموونەکانەوە.

ئایا مرۆڤ پێویستیی بە ئازادی هەیە؟

یەکێک لەو ئازادییانەی، مرۆڤ پێویستیی پێی هەیە، ئازادیی تاکەکەسییە کە لە ڕووی یاسایییەوە پێی دەگوترێت مافی مرۆڤ. بە واتای ئەنجامدانی هەر کردەیەکی کەسییە، کە دەیەوێت بیکات، بێ زیانگەیاندن بە کەسانی تر؛ چونکە نەبوونی ئازادی، دەبێتە هۆی کوشتنی داهێنان و دەستپێشخەری و خنکاندنی ڕۆحی جیاوازییەکان، بەمەیش نە تاک گەشە دەکات و نە کۆمەڵگه‌یش پێش دەکەوێت. بۆیە ئازادبوونی مرۆڤ گرنگە، نەک لەبەر ئەوەی دەیانەوێت بگەن بە چەند مەبەست و ئامانجێک، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئازادی بریتییە لە جەوهەری بەمرۆڤبوون. کەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەبێت، دەبێت ئازاد بێت. واتە ئازادبوون بە مانای هەبوونی مرۆڤ دێت، چونکە دواجار داهێنان و پێشکەوتن لە ڕێی مرۆڤەکانەوە دێتە بوون .

ئازادی، تا چەند ڕەهایە؟

ئەگەرچی ئازادی بەو مانایە دێت کە هیچ شتێک ڕێگر نییە لە بەردەم ئیرادەی تاک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەڵام ئەمە بە واتای ئازادبوونی ڕەها نایەت. بە واتایەکی دیکە، مرۆڤ تا ئەو شوێنە ئازادە کە سنووری ئازادییەکانی ئەوی تر دەست پێ دەکات. بە نموونە، مرۆڤ  ئازادە کاتێک دەیەوێت پیادەڕەو بێت، یان بڕیار بدات بە تۆتومبیل بڕوات بۆ ئەو شوێنەی مەبەستییه‌تی. کاتێکیش سواری “پاس” بوو، ئازادە سواری چ جۆره‌ پاسێک دەبێت و لە کوێ دادەنیشێ، بەڵام کاتێک سواری پاسەکە بوو، ئازاد نییە کورسییەکانی بدڕێنێ، یان پەنجەرەی پاسەکە بشکێنێ و، یاخود پیسی و پاشەڕۆی تێدا فڕێ بدات، یان کەسێک بەزۆر هەستێنێ و خۆی دابنیشێ. ئەمە ئەگەرچی نموونەیەکی سادەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕمانایە، کاتێک ڕۆ دەچیتە ناوەڕۆکی ڕووداوەکەوە.

ئازادی لە مەودای سیاسی و تاکەکەسییەوە:

باسکردن لە ئازادی لە هەر دوو بواری سیاسی و تاکەکەسییەوە، دابڕاو نییە لە سەرجەم بوارەکانی تر. بە واتایەکی دیکە، تەواوکەر و گرێدراوی بوارەکانی ئابووری، یاسایی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و…یه‌، تا بە هۆیەوە بتوانین خوێندنەوەمان هەبێت بەوەی بزانین تاک تاچەند ئازادە و تا چەند کۆمەڵگه‌ و سیسته‌می فەرمانڕەوایی، ئازادییان لە کۆمەڵگه‌دا فەراهەم کردووە؟

ئازادیی سیاسی بە مانای چی دێت؟

ئازادیی سیاسی، بە واتای هاووڵاتیبون دێت؛ واتە درککردنی تاک بە مافەکانی و پیادەکردنی لە ژیانی ڕۆژانەیدا لە ڕێی سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانەوە. ئه‌و مافە سیاسییانه‌ی کە خۆی لە ڕادەربڕین و قسەکردن و بەشداریکردنی سیاسییانەدا دەبینێتەوە، کە هاووڵاتی بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، بەرپرسیارانە کاریگەری و بەشداریی هەبێت لە بڕیارەکانی پەیوەست بە خودی تاکەکانەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، بە مەبەستی بەئاڕاستەبردنی کۆمەڵگه‌ بەرەو پێشکەوتن و گەشەکردنەکان.

خوڵقاندنی ئەم ژینگەیەیش دوولایەنە دەبێت: بەشێکی پەیوەستە بە خودی تاکەکانەوە کە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییان هەبێت، ئازاد بن، ئینتیمای هاووڵاتیبوونیان تێدا بێت و بە دیدێکی هۆشمەندانە و عەقڵانییەوە بڕواننە ڕۆڵ و کاریگەری و کاردانەوە و ئاسەواری بەشداربوونەکەیان. دیوێکی تری، پەیوەستە بە سیستەم، دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانییەوە کە زەمینە بڕەخسێنێ و باوەڕی بە ڕۆڵی بەشداربوونی هاووڵاتیان هەبێت و حسابیان بۆ بکات.

ئازادیی سیاسی، چۆن فەراهەم دەبێت؟

لە ڕوانگەی باسەکەی پێشوو، ئازادیی سیاسی لە کۆمەڵگه‌یه‌کدا فەراهەم دەبێت کە سسته‌می حوکمڕانی لەسەر بنەمای دیموکراسییەت بونیاد نرا بێت، کە هاووڵاتیبوون و بنەماکانی مافی مرۆڤ بەردی بناغەی سیسته‌مەکە بێت. بەڵام کاتێک ئاوڕ لە واقعی کوردستان دەدەینەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە کەم نین ئەو مرۆڤانەی لەبەر ئەوەی دەنگیان بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی نەدا، ئەوانەی ڕەخنەیان لە ئەدای کارکردنی سیاسەتمەدارێک، یان لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو گرت و، ئەوانەی دەنگیان بەرز کردەوە لەمەڕ ئەو ناهەقی و گەندەڵییانەی لە کوردستاندا دەکرێت، له‌ دەرەنجامدا بە ئاقاری زۆردا رۆیشتوون له‌وانه‌؛ نانبڕاوی، دوورخستنەوە و سزا و بێسەروشوێنکردن  تا ئەوپەڕی تێرورکردن و کوشتن بە بیانووی جۆربەجۆر.

واقعی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا، ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەگەرچی بۆ نیشاندانی ڕووی دیموکراسییەت، وەک هەر وڵاتێکی تری ڕۆژهەڵات، پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت  و مرۆڤەکان بە ویست و ئیرادەی خۆیان بێت، یان دەچنە پرۆسەکە و دەنگ دەدەن یان نا، بەزۆر ده‌نگ ده‌ده‌ن، یان بە ئیرادەی خۆیان؛ ئەمانە هەمووی مەسەلەیەکن. بەڵام دەرەنجام کارنەکردن بە ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگی هاووڵاتیان، بە واتایەکی تر گەمەکردن بە دەنگەکان لە لایەن حزبە سیاسییەکانەوە هەر یەک بە ویست و خواستی خۆی و یاریکردن بە ڕێژەی دەنگەکان بەپێی ڕێککەوتنی حزبە سیاسییەکان و هاوکاریی وڵاتانی داگیرکەر و دراوسێکان، دەرەنجام ئەوەمان پێ دەڵێن كه‌ خودی پرۆسەی ئازادیی سیاسی لە کوردستاندا لەژێر پرسیار و لاوازیدا خۆی دەبینێتەوە.

ئازادیی تاکەکەسی بە چ مانایەک دێت؟

ئازادیی تاکەکەسی بە مانای خودناسی دێت؛ واتە باوەڕبوونی تاک بەو ماف و ئەرکانەی باوەڕی پێیەتی و، هەڵێنجانی پرۆسەیەکی عەقڵانییە کە بە هۆیەوە دەبێتە کردار و ڕەفتار و، لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت. واتە دەبێتە شێوازی ژیانی، بێ ئەوەی زەرەر و زیانی بۆ کەسانی بەرامبەر هەبێت .ئەمەیش خۆی لە هەموو خواست و ویست و ئارەزوویەکی مرۆڤدا دەبینێتەوە؛ هەر لە مەسەلەی خواردن و پۆشینی جلوبەرگ، تا ئازادیی عەقڵ و فکر و هتد.

ئازادیی تاکەکەسی، لە چ کۆمەڵگه‌یه‌کدا فەراهەم دەبێت؟

ئەم جۆرەی ئازادی، لە کۆمەڵگه‌یه‌کدا بەرجەستە دەبێت کە دەستوورەکەی لە بەهاکانی مافی مرۆڤەوە هەڵقووڵابێت؛ زاڵێتی و باڵادەستیی ئایینێک، یان ڕەگەزێک یاخود ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو، لە دەستووری وڵاتەکەیدا ڕەنگدانەوەی نەبێت. کەلتوور و سیسته‌می پەروەردەیی لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی، ڕاستی و شەفافییەت دامەزرابێت. تاک وەک خود، خۆی سەنتەر بێت و، سیسته‌مەکە تاکی ئازاد بەرهەم بێنێ، نەک خێزان، یان کۆمەڵگه‌ یاخود هۆز و بنەماڵە و خێڵ و… سەنتەر بن.

ئایا ئازادیی تاکەکەسی لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا چەند فەراهەم کراوە؟

له‌به‌ر ڕۆشناییی باسەکەی پێشتر، واقعی کۆمەڵگه‌ی کوردی پێمان دەڵێت: زۆرن ئەو کچانەی لە لایەن کەسوکار و کەسانی نادیارەوە کوژران، لەبەر ئەوەی ویستیان بە بڕیار و ویست و خواستی خۆیان هاوسەرگیری بکەن، وه‌ لەجیاتی ئەوەی له‌ هەڵبژاردنی هاوسەرەکانیاندا خۆیان بڕیار بده‌ن، لە لایەن ئەوی ترەوە بڕیار لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین بابه‌ت دراوه‌ لە ژیانیاندا.

هەروەها زۆرن ئەو کەسانەی لەژێر دروشمی ئازادیدا و بە ناوی ڕۆشنبیرانەوە، لەبەر چێژ و خۆشی و کاتبردنەسەر و نیشاندانی ڕووی دیموکراسی و مەدەنی لە بۆنە و مەراسیمە تایبەتەکاندا، پێکی خواردنەوەیان لەگەڵدا دەخواردن و باسیان لە ئازادیی تاکەکەسی دەکرد و هاوڕێیەتی و هاوژینییان لەگەڵ کچان و ژناندا دەکرد، بەڵام دواجار بە سووک و کەم سەیریان دەکردن و قسەیان دەخستە پاڵیان و، ئامادە نەبوون هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکەن. ئەمانە و چەندین نموونەی تر، لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا بوونیان هەیە.

بە بڕوای من زۆربەی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران لە کوردستان ڕۆڵێکی زۆر خراپ و نێگەتیڤیان هەبوو لە مومارەسەکردنی چەمکی ئازادی وەک خۆی و، لە هەمان کاتدا نەیانتوانی یارمەتیدەر بن بۆ بونیادنانی تاکی ئازاد بە واتا قووڵ و فراوان و بەرپرسیارێتییەکەی، نەک بە واتا تەسکەکەی و کورتکردنەوەی تەنیا لە مەسەلەی ژنان و پەیوەستبوون بە خۆشی و حەز و ئارەزووەکانی تاک، کە هەڵقووڵاوی شاردنەوە و کۆیلەبوونی بووە .بەو هۆیەوە، دەتوانم بڵێم کەمن ئەو کەسانەی ڕۆژانە درۆکردن نەبۆتە پیشەیان و، شاردنەوە و نهێنییەکانی ژیانیان پڕاوپڕ و لێوانلێو نەبوون.

بۆیە، دەرەنجام هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئەو جۆرە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانە بوو، کە وای کرد خودی چەمکی ئازادی لە کوردستاندا، دوژمن و کاردانەوە و ئاسەواری زۆری لێ بکەوێتەوە؛ بەتایبەت لە لایەن ئیسلامییە سیاسییەکانەوە، کە پێیان وایە باسکردن لە ئازادی، یان کارکردن بە بنەماکانی و هەوڵدان بۆ بەرجەستەبوونی لە واقعدا، بە واتای بەڕەڵایی و لادانی مرۆڤەکان دێت؛ کە ئەمە دوورە لە ڕاستی و واتای وشەکە وەک ناوەڕۆک.

تا چەند لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا ئازادی هەیە؟

لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا دەرەنجامی ئەو واقعەی باسم لێوە کرد و ڕۆڵی بوارەکانی تری ئازادی، ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەو خەوشییانەی ڕووبەڕووی ئازادی بوونەتەوە بەکورتی بریتین لەم خاڵانە:

١- ئازادی تەنیا دروشمە و، نەبۆتە شێواز و ڕەفتاری ژیان کە کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی لە هەڵسوکەوتی تاکەکاندا هەبێت. بە شێوەیەک، تاکەکان خۆیان لە چاوی خۆیانەوە ببینن، ببیستن، تام و بۆن بکەن، هەست بە خۆشی و ناخۆشییەکان بکەن و؛ ئیدی بکەر بن نەک کارلێکراو، ئاڕاستەکەر بن نەک ئاڕاستەبۆکراو، بڕیاردەر بن نەک بڕیاربۆدراو، خۆیان ئامرازی دەستی خۆیان بن نەک بەدەست ئەم و ئەوەوە ئامرازی جیاجیا بن و بەکار بهێنرێن.

ئەوەیش لە ژینگەیەکەوە دەخوڵقێت کە تاکەکان بگەنە ئاستی باوەڕبوون بە خۆیان و، متمانە و ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن. لە هەمان کاتدا هەوڵ بدەن قبووڵی ئەوی دی وەک خۆیان بکەن نەک بەو شێوەیەی ئەو دەیەوێت؛ بەوەی خۆی خۆیەتی و، بەرامبەریشی ئەوی تر.

٢- ئازادی لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا، نەبۆتە بەرپرسیارێتی، بەڵکوو خۆی لە حەز و چێژ و ئارەزووکاندا بینیوەتەوە. ئەوەش گرفتی گەورەی خوڵقاندووە، بۆ نموونە: مرۆڤ ئازادە جگەرە بکێشێ، بەڵام کاتێک بووە هۆی بێزارکردنی کەسانی دەوروبەر، دەبێ هەڵوەستەی هەبێت. مرۆڤ ئازادە کاتێک دەیەوێت قسە بکات، بەڵام بە دەنگبەرزکردنەوەی، یان بەکارهێنانی وشەی زبر و جوێن و ڕەفتاری نەشیاو کە ببێتە مایەی هەراسانکردن و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکات.

بۆ نموونە، کاتێک کوڕێک بە ناوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ کچێکدا مومارەسەی سێکس دەکات و دەرەنجام سکی پڕ دەکات و ئیتر خۆی لە دەستی قوتار دەکات یان وازی لێ دەهێنێت و، ئامادە نییە هیچ بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆ بگرێت. لە کۆمەڵگه‌یه‌کدا کە نە یاسا، نە کەلتوور و داب و نەریت و نە هیچ پشتیوانییەکی دەبێت، تەنیا کوشتن و لەناوبردنی خۆی نەبێت،  ئەمە پێی ناگوترێت “ئازادم، بۆیە وا دەکەم”، چونکە ئازادیی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت، کاتێک ئازادیی ئەوی تر دەست پێ دەکات. بۆیە، نابێت ببێتە مایەی زەرەر و زیان بەوی تر.

٣- ئازادی بەڕەهایی تەماشا دەکرێت، لە کاتێکدا وا نییە كه‌ مرۆڤەکان هەرچییەکیان بوێت و چۆن و کەی بیانەوێت بیکەن، بێ گوێدانە بەها مرۆیییەکان و بێ لێکدانەوەی ئازاردانی ئەوانی تر، یان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یاخود پیادەکردنی ئازادی لەسەر حسابی حەز و ویست و ئازادییەکانی کەسانی بەرامبەر.

٤- دەگوترێت “ئازادی دەسەندرێت، نادرێت”. من بۆ خۆم باوەڕم بەمە نییە و، بڕوام وایە ئازادی نە دەسەندرێ و نە دەدرێ، بەڵکوو خودی ئازادی لەناو ناخ و هزری مرۆڤەکاندا هەڵدەقووڵێ و، دەبێت مرۆڤ هەوڵ بدات بیدۆزێتەوە و ئیکتشافی بکات، پاشان لێی بگات و وەڵامی هەبێت بۆ ئەوەی بزانێت چۆن دەیدۆزێتەوە و بۆ دەیدۆزێتەوە؟ کەی بەکاری دەهێنێ و لە کوێ؟

لەو ڕوانگانەوە خودی ئازادی پرۆسەیەکی هۆشمەندی ئیرادەگەرییانەیە؛ هەڵقووڵاوی ناخ و هزری تاکەکانە؛ بەر لە هەموو شتێکی دیکە، ده‌بێت ویست و خواست و خەونی مرۆڤەکانی لە پشتەوە بێت. ڕاستە هۆکار زۆرن لە بەردەم بەرجەستەنەبوونی ئازادییەکاندا، بەڵام پێش هەموو شتێک، دواجار ئەوە مرۆڤەکانن که‌ گرنگە بزانن دەیانەوێت ئازاد بن؟ یان بەئازادانە ڕەفتار دەکەن؟ بێ گومان ئەوەیش، بێ قوربانی، نایەتە بوون. بێ بوونی تاکی ئازادیش کۆمەڵگه‌ ئازادی بەخۆیەوە نابینێت؛ بێ ڕێزگرتن و تێگەیشتنی مرۆڤ لە ئەرک و مافی خۆی و ئەوانی تر نایەتە بەرهەم و، دواتر بێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، هیچ مانایەک ناپێکێت.

بۆیە تێگەیشتن و کارکردن بە بنەماکانی ئازادی، پرۆسەیەکی درێژخایەن و بە پلانی سیسته‌می حوکمڕانییە، کە تاکەکان لە دەرەنجامی ئەو سیستمەوە و لە ڕێی بەرنامەی فەلسەفەیەکی دیاریکراوی پەروەردە و فێربوونەوە وەری دەگرن و، قۆناغ بە قۆناغی ژیانی مرۆڤەکان ڕەنگدانەوەی دەبێت لە ژیانیاندا و، دواتر دەبێتە شێوازی ژیانیان و لە گوفتار و ڕەفتاریاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.

وەرگیراوە لە: ماڵپەڕی پێنووس

هاوشێوە