رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گرینگیی ئازادی لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگادا

Facebook
Twitter
LinkedIn

حوسێن نازدار


ئازادی بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی مرۆڤ و کۆمەڵگا له ‌هەموو بوارەکانی ژیاندا پێویستییەکی سەرەکییە. هەتا هەست بە بوونی‌ئازادی‌نەکەین، هەتا نەزانین کە ئازادی‌چ گەنجینەیەکی‌جوان ‌و بەنرخە، هەتا نەزانین کە ئازادی‌چ نیعمەتێکی‌گەورەیە، رەنگە وەک پێویستە خەباتی‌بۆ نەکەین. لە کۆمەڵگایەکدا کە جیلوەی‌مرۆڤایەتی‌ئازاد بێت پڕ دەبێ ‌لە جۆراوجۆری، ‌فرەچەشنی، هەمەڕەنگی، هەستی بەرزی ئینسانی، هەستی نیشتمانپەروەری، کار و چالاکی، فیداکاری، لەخۆبوردوویی، ها‌وکاری، پاکی، دڵسۆزی، جوانی خۆشەویستی، سەرزیندوویی، داهێنان، دڵخۆشی و بەختەوەری و دەرەنجام پێشکەوتن و گەشە و درەوشانەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
ئازادی‌بەشێکە لە سروشتی‌مرۆڤ، که‌لە ئیمکانی‌وەدیهاتنی‌ویست ‌و ئیرادەی‌مرۆڤدا خۆی‌دەنوێنێ، لە دۆخی‌ئازادیدا ئیرادەی‌مرۆڤێک نابەسترێتەوە بە ئیرادەی‌مرۆڤێکی‌دیکە ‌و تاک بە ناچاری‌‌و لەژێر زەخت و گوشاری‌کەسانی‌دیکەدا هەڵسوکەوت ناکات ‌و فەرمانڕەوای رەهای‌جەستە ‌و رۆحی‌خۆیەتی‌‌و هەموو کەسێک مافی‌ژیان ‌و ئاسایشی‌خۆی هەیه.
زەوتکردنی‌هەر جۆرە ئازادییەک لە ئیرادەی‌ مرۆڤ، واتە زەوتکردنی‌هەر جۆرە مەعنەویەتێک لە کردەوەی‌ئەو، چاوپۆشیی مرۆڤ لە ئازادی لە خۆیدا دەستبەرداربوونە لە تایبەتمەندیی‌مرۆیی‌‌و چاوپۆشینە لە مافی‌مرۆڤ ‌و تەنانەت دەستبەرداربوونە لە ئەرکە مرۆیی‌یەکان، ئەم جۆرە چاوپۆشی کردنە لەگەڵ سروشتی‌مرۆڤـدا ناسازگارە.
گەشە ‌و درەوشانەوەی‌توانا ‌و لێهاتوویی‌یەکانی‌مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سەربەخۆیی ‌مرۆڤ و سەربەخۆیی مرۆڤیش دەگەڕێتەوە سەر رادەی‌ئازادیی‌ئەو، مەرجێکی‌سەرەکی‌بۆ ئازادیی‌مرۆڤ، «‌بوونی‌مافی‌هەڵبژاردنە»، مرۆڤ هەروەک بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستی‌بە نان ‌و ئاو ‌و هەوا هەیە، هەر بەو چەشنەش بۆ گەشە و درەوشانەوەی توانا و لێهاتوویی‌یەکانی تاک ‌و کۆمەڵگا پێویستی‌بە ‌بوونی مافی‌هەڵبژاردن و ئازادی‌و دادپەروەری‌ هەیه.
بڵاوبوونەوەی ‌وتاری‌ئازادیخوازانە بە چەشنێک چاوەکان دەکاتەوە ‌و سەرەنجی‌مرۆڤەکان بەرەو ئاسۆی‌روون رادەکێشێ‌کە تەنانەت چاویلکەی‌رەشی‌سەرەڕۆیی‌‌و پەردەی‌رەشی‌زۆرداری‌‌و ستەمکاری‌، ناتوانێ‌پێشی‌پێ‌بگرێ.
هەتا «ئاکار ‌و کرداری‌ئازادیخوازانە» لەنێو کۆمەڵانی‌خەڵکدا زیاتر بێ‌، «دزێوی‌‌و بێزراویی‌خو‌و و خدەی‌» ستەمکاران ‌و دیکتاتۆران باشتر دەردەکەوێ.
پەرە ئەستاندنی‌بیری‌ئازادیخوازی‌دەرفەتی‌ئەوتۆ پێک دێنێ‌کە مرۆڤەکان دژکردەوە و داوەریی‌دروست‌تر ‌و باشتریان لەسەر کردەوە و ئاکاری‌یەکتر هەبێ.
‌ناسینی‌ئازادی‌دەبێتە هۆی‌لەقاودانی‌ سەرەڕۆیی‌نهێنی‌لە پێوەندی‌ئاسایی‌ژیاندا ‌و زەمینە بۆ ئاشکراکردنی‌زوڵم ‌و ستەمکاری‌لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی‌، سیاسی‌‌و ئابوورییەکانی‌کۆمەڵگادا ئامادە دەکات.
ئازادیخوازی‌دەتوانێ‌تەوەرێکی‌هاوبەش ‌و گرینگ بێ‌بۆ مرۆڤەکان، کەلە سەرەوەی‌سەلیقە سیاسی‌‌و تەشکیلاتییەکان لەسەر باوەڕ بە فرچک بەستن و نەهادینەبوونی ‌ئازادی لە یەکتر نزیک ببنەوە و لەو رێبازەدا خەباتی‌هاوبەش ‌و یەکگرتوو بکەن.
ئازادی لەکۆمەلگایەکدا دابین و دەستەبەر دەبێت کە لەلایەن سیستمێکی دێموکراتیک بەڕێوەبچێت و یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە لەسەر بناغەی پێوەرە جیهانییەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ داڕێژرابێ و هەموو ماف و ئازادییەکانی مرۆڤی بەڕوونی و بێ جیاوازی ئایین، رەگەز، نەژاد، نەتەوە، چین وتووێژ تێدا نووسرا و سەڵمێندرابێ. دەوڵەتی ئەو وڵاته ئەرکدار و بەرپرس بێ کە ماف و ئەرک و حورمەتی تاک، کۆ، کەمینە، زۆرینە‌و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و خەڵک بەگشتی یاسامەند و نەهادینە و پراکتیزە بکات و دەرفەت و بواری یەکسان بۆ کۆمەڵانی خەڵک بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی بتوانن لە توانا و بەهرە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییەکانی یەکتر و بەها و بایەخە گشتییەکانی مرۆڤایەتی کەلکی دروست و پێویست وەرگرن هەروەها بنیادە سەرەکییەکانی دەوڵەت (وەک؛ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن) پابەند بکرێن کە بەپێی یاسای بنەڕەتی، مافی مرۆڤ بپارێزن و رێز لە مرۆڤ و بەها مرۆیی‌یەکان بگرن.
لە هەرکۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤەکان بەهۆی‌ وشیارنەبوون، نەریت، ترس، تەماح ‌ وساویلکەیی ‌مل بۆ ستەمکاری و دیکتاتۆری‌رادەکێشن، ئازادی و سەربەستی ‌لەبیر دەکرێ‌. دیکتاتۆری‌لەسەر بناغەی‌ناوشیاری‌‌و نەزانی‌‌و دواکەوتوویی کۆمەڵانی خەڵک فۆرم دەگرێ و پەلوپۆ‌دەهاوێژێ، زاڵم بەپشت بەستن بە نەجووڵان و وەستانی مەزڵووم درێژە بە ستەمکاری‌خۆی‌دەدا. هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ‌خۆی‌لە کۆت ‌و بەندی‌زوڵم ‌و ستەمکاری‌رزگار بکا، مەگەر بگاتە ئاستێک لە پێشکەوتن ‌و گەشەی‌هزری‌‌و کۆمەڵایەتی‌کە بوونی‌زوڵم ‌و ستەم ‌و نەبوونی‌ئازادی‌ بۆ قەبووڵ نەکرێ.
هەڵبژاردن ‌و گرتنەبەری‌شێوەی‌خەبات بۆ ئازادی‌رەنگە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ‌و لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی‌دیکە و لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی‌دیکە جیاواز ‌بێ‌، بەڵام ئەگەر مرۆڤ گەیشتە قۆناغی تێگەیشتن و دەرکی‌تەواو لە ئازادی‌ واتە بەو باوەڕە گەیشت کە بەبێ‌ئازادی‌ناتوانێ‌بژی‌، دەبێتە خەباتگێڕی‌ماندووی نەناسی‌رێگای‌ئازادی.

وەرگیراوە لە:

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوشێوە