رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و جیهانی عەرەبی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: حافز غوەیل

وەرگێڕانی: ژیر دانا

زیاتر لە یەک ملیار خەڵک لە ٢٠٠ وڵاتی جیاوازەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا یادی پەنجا و یەکەمین ڕۆژی جیهانی زەوییان کردووەتەوە یاخود ئاگاداربوون لێی. جگە لە خەڵکی ئاساییش، چەندین بەرپرس و دەسەڵاتدار بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد کە لەلایەن کۆشکی سپیەوە ئەنجامدرا لە ڕۆژەکەدا. ئەمە ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە و ئەم ڕێژە بەرزە هەتاوەکو ئیستا بەم جۆرە نەبووە. بەڵام لەگەڵ بەرزی ڕێژەکەیشدا، هێشتا مەترسییەکانی سەر کەشوهەوا لە زیادبووندان.

جیاواز لە شوێنەکانی دیکەی جیهان کە خەمخۆرییەکی زۆریان پێوە دیارە دەربارەی کەشوهەوا و بەردەوام لە هەوڵ و کارکردندان تا ڕێ لە مەترسییەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوا بگرن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا لەم جۆرە هەوڵ و خەمخۆرییانە بەدی ناکرێت و مامەڵەکردن لەگەڵ کیشە و مەترسییەکانی سەر کەشوهەوا بە کارێکی گرینگ و لەپێشینە نازانرێت. لەگەڵ ئەوەیشی کە کاری جددی بۆ ئەم مەبەستە ناکرێت، بە جۆرێکیش بەهۆی ناوچەکەوە دۆخەکە بەرەو خراپبوون دەچێت. بۆ نموونە ئەو داڕمانە ژێرخانییەی کە بەردەوام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە دروست دەبێت، کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەیی لە ناوچەکە، کەمبوونەوەی بەردەوامی سەرچاوە ئاوییەکان، بوونی جەنگ بە بەردەوامی و خەرجکردنی بەشێکی زۆری سامانی وڵاتە عەرەبییەکان لە جەنگەکاندا و گرینگی نەدان بە لایەنەکانی دیکە، بوونی شەپۆلی بەردەوامی گەرمی و نزمبوونەوەی ڕێژەی ئاو، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ خراپتربوونی دۆخەکە لەجیاتی چاکبوونی و مەترسی گەورەن لەسەر کەشی ناوچەکە. ئەم مەترسییەی سەر کەشوهەوایش تەنها مەترسی نییە بۆ سەر لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو هۆکارە بۆ دروستبوونی چەندین قەیرانی جۆربەجۆر کە هەموویان زیانی گەورەیان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەبێت.

لێرەدا گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە گۆڕانی کەشوهەوا بەبێ گومان دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناچار بێت لەجیاتی سەرچاوەکانی ئێستای وزە (بۆ نموونە نەوت)، پەنا بباتە بەر سەرچاوەی دیکە. وەکو دەیشزانین نەوت و سەرچاوە ژێرزەمینییەکان سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتە عەرەبییەکانە. بۆیە گۆڕانی زیاتری کەشوهەوا ئەم زیانی گەورەی بۆ سەر ئەم سەرچاوە گرینگەی وڵاتە عەرەبەکان دەبێت. بەڵام جگە لەم بابەتەیش، چەندین بابەتی دیکەی گرینگ هەن کە زیانی گەورەیان هەیە و لە خوارەوە باسی ئەو بابەتانە دەکەین.

یەکەم بابەت کەمبوونەوەی زیاتری ڕێژەی ئاوە، بەتایبەت کە ناوچەکە خۆی ڕێژەی ئاوی کەمە و بەردەوام کێشەیەکی گەورەی وڵاتەکان کەمی ڕێژەی ئاو بووە. بە خراپتربوونی کەشوهەوا ڕێژەی ئاو کەمتر دەبێتەوە و لە دەرئەنجامی ئەمەیش، ناکۆکی نێوان ولاتەکان زیاتر دەکات لەجیاتی ئەوەی کە بەرەو چارەسەر بچن ئەو ناکۆکیانە.

دووەم بابەت کێشەی سەرچاوەکانی ئاوە، کە چۆن لە کەمبوونەوە و نەمانی بەردەوامدایە لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی دروست ببێت و دواجار ئەو کاریگەرییە خراپە، ببێتە هۆی ئەوەی کە کە نرخی خۆراک و شمەک بەرەو بەرزبوونەوە بچێت. کە بێگومان ئەمەیش بارودۆخی خەڵکەکە کە خۆی لە ئێستادا خراپە و بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن، بەرەو خراپتر ببات. بەرزبوونەوەی نرخی خواردن ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەکات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە گەنجینەی داراییان لاوازە و بەردەوامیش پێویستیان بە هەناردە کردنی خۆراکە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ ناو وڵاتەکانی خۆیان.

بابەتی سێیەم ئابووری وڵاتە عەرەبییەکانە. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپ دروست دەبێت لەسەر گەشەکردنێکی جێگیر و بەردەوامی ئابووری. بەتایبەت کاریگەرییەکە لەسەر ئەو وڵاتانە دەبێت کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان لە ڕێگای ئەم سێکتەرەوە ژیانی خۆیان دەستەبەر دەکەن. لە ئێستادا زۆرینەی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن بە تایبەت لەناو توێژی گەنجاندا. لەگەڵ خراپبوونی بەردەوامی ئابووری وڵاتەکانیش، حکومەتەکان پەنا ببەنە سەر بەرزکردنەوەی باج لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە خۆیان بەدەست خراپی گوزەرانی خۆیانەوە دەناڵێنن. هەموو ئەمانە وا دەکەن کە گرینگی نەدان بەو کێشانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست دەبن، دۆخی وڵاتەکان بخەنە بەر مەترسییەکی گەورەوە کە چاوەڕێیان بکات و هیوایەک بۆ ڕزگاربوون نەهێڵێتەوە و دواجار داڕمانی کۆمەڵایەتی دروست ببێت.

 لەو کاتەی کە دانیشتووانی وڵاتێک تووشی هەژاری و بێکاری ببن و حکومەتەکەیشیان نەتوانێت لەو دۆخە دەریان بکات، دانیشتووانەکە ناچار دەبن کە پەنا بۆ کۆچکردنی ناوخۆیی ببەن و لە شوێنەکانی خۆیانەوە، بچن بۆ شوێنەکانی تر کە پێیان وایە کاری باشتریان تیایدا دەست دەکەوێت. ئەمەیش بە زۆری لەناو دانیشتووانی گوندەکان و دەرەوەی شارەکاندا ڕوودەدات. لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و خراپبوونی سێکتەری کشتوکاڵ، خەڵکی دەرەوەی شار بە انچاری کۆچ دەکەن بۆ ناو شارەکان. ئەمەیش جگە لە چارەسەرێکی کاتی هیچی دیکە نییە و لە درێژ ماوەدا زیانێکی گەورەتری دەبێت بۆ سەر حکومەت و دۆخی خەڵکەکەیش.

ترسناکترین پاشهات لەم سیناریۆیەدا ئەوەیە کە لە دوای کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان، ئەو ڕێژە کەمە زەوی و سەرچاوە ئاوییەی کە دەمێنێتەوە لە ڕێگای سووپا و لایەنی چەک بەدەستەوە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمە نەک هەر ناسەقامگیرییەکی زۆر لەناو وڵاتەکاندا دروست دەکات، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆیشی دەبێت لەسەر ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکان و ململانێی خەڵک لەسەر ناوچەکان. پەنابردنە بەر سووپا لەلایەن حکومەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێژەیەکی کەم لە زەوی کشتوکاڵی و سەرچاوەی ئاوی، پێویستی بەوەیە کە حکومەت پارەیەکی زیاتر لە سووپادا خەرج بکاتم کە بێگومان ئەوەیش لەسەر حسابی بەشە بودجەی گشتی دەبێت.

ئێمە دەبێت خۆشحاڵ بین کە هێشتا چەند دەرفەتێکی کەم ماوە لەبەردەم حکومەت و خەڵکی وڵاتانی عەرەب تا لە ڕێگایانەوە ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە و تا ڕادەیەک ڕێگە لەو هەموو مەترسییە بگرن کە لە سەرەوە باسمان کردن. ئەو ڕێگا کەمانەوە بەهۆی گەشەکردنی مەعریفەوە دروست دەبن کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتی زیاتردا، مەعریفە و ئاگایی دانیشتووانی وڵاتانی عەرەب و دەسەڵادتدارانیشیان بەرەو پێش دەچێت. ئەمەیش وا دەکات کە بەپێی تێپەڕبوونی کات، ئەوان زیاتر درک بە مەترسییەکان بکەن و بیر لە ڕێگاچارە بکەنەوە، هەتاوەکو لە دۆخی ئێستایان خراپتر نەبن. چونکە جگە لەمە هیچ ڕێگایەکی تر بوونی نییە. داتاکان ئەوە دەسەلمێنن کە بەبێ دروستبوونی هەوڵێکی جددی لەلایەن خەڵک و حکومەتی وڵاتانی عەرەبەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، تا ساڵی ٢٠٥٠ بە ملیۆنان خەڵک ناچاری کۆچکردن دەبن.

ڕێگایەکی دیکە بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵەی تایبەت و یەکێتی دەرەکی و ناوخۆیی ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر دۆخی نالەباری ناوچەکە و کێشەکانی بەهۆی دۆزینەوە و گرتنەبەری ڕێگاچارەی نوێ. چونکە سروشتی ئەو پەیوەندی و پێکەوەییەی کە لە ئێستادا هەیە، بە هیچ شێوەیەک شیاوی ئەوە نییە و ناکرێت متمانەی پێبکرێت کە یەکێتییەک دروست بکات بۆ ئەم مەبەستە. جیهانی عەرەبی بە حکومەتەکان و دانیشتووانی ئاسایی وڵاتەکانیشەوە، پیویستیان بەوەیە کە پەیوەندی بەهێز و بەردەوامیان هەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان.

دەبێت ئەوە بزانرێت کە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا، زۆر لەوە گەورەترە کە وڵاتێک بەتەنیا بتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە. هەر ئەمەیشە وا دەکات کە یەکخستنی وڵاتە عەرەبەکان ببێت بە ڕێگا چارەیەکی گرینگ و پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.)

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە