رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دوای سەمای شەقامی سەهۆڵەکە دەخوازن کە خەڵک بە بەهاکانی کام کۆمەڵگەی ئیسلامیەوە پابەند ببێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

سۆران حەمەڕەش

سەماکەی ئەم دواییەی سەهۆڵەکە و پێشتریش ڕووداوی هاوشێوەی ئەوە، بەداوی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوونی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوانەی کە دژی سەماکردنەکە وەستاون دەڵێن کە سەماکردنی ئەو دوو لاوە پێچەوانەی دابوونەریتی کۆمەڵگەی موسوڵمانی کوردستانە. ئەو پرسیارەی کە لای من وەک مێژوونوسێک دروست بووە ئەوان دەخوازن کۆمەڵگەی ئیسلامی کوردستان پابەندی بەهاکانی کام کۆمەڵگە و کام قۆناغی ئیسلام ببێت.

زۆربەی ئەوانەی کە بەم ئاڕاستەیە قسە دەکەن، ئەگەر لێیان بپرسیت کام کۆمەڵگە و کام بەها، دڵنیام ئەوان کۆمەڵگەیەکی میسالیت بۆ باس دەکەن کە هەرگیز لە مێژووی ئیسلامدا نەبووە و زیاتر یۆتۆپیا (شوێنێکی خەیاڵی کە هەموو شتێکی تێدا پێرفێکتە) یەکە کە لە زیهنی خۆیان و گوێگریاندا دروستیان کردووە. لەبەر ئەوەی کە ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر و دوای پێغەمبەریش، ئەوا دەبینێت کە ئەم بۆچوونانە خەیاڵی ئەمڕۆن نەک ڕاستیەکی مێژوویی.

لە پێش ئیسلامدا مۆسیقا لە نێو عەرەبەکان زۆر قبوڵکراو نەبووە. هەندێک گۆرانی تایبەت بە عەرەبەکان لەوانە (الحداء)، کە جۆرێک لە گۆرانی گووتن بووە لەسەر پشتی حوشتر دەگووترا، قبوڵکراو بووە. لە ڕاستیدا لەوە دەچێت تۆزێک لەوە فراونتریش بووبێت و لە هەندێک بۆنەی تایبەتیدا گۆرانی جۆری تر گووترابێت. لەبەر ئەوەی کە سەرچاوە ئیسلامیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێغەمبەر لە کاتی هەڵکەندنی چاڵدا گۆرانی هەرەوەزی لەگەڵ خەڵکەکە لە مەککەدا گوتووە. بە گشتی عەرەبی پێش ئیسلام حەزی بە مۆسیقا نەکردووە، ئەوان وەک کۆمەڵگەیەکی پابەندی کەڵتورێکی بیابانی سەخت، دەبوو هەمیشە ئامادەی شەڕ و توندوتیژی بن و لە مۆسیقادا جۆرێک لە لاوازیان بینیوە و هەر لەبەر هەمان هۆکاریش بووە عەشقیش قبوڵکراو نەبووە و لایان نەنگی بووە. مرۆڤی عەرەب وەک هەر مرۆڤێکی ترە، ئەوە ژینگەی سەختی بیابانە کە ئەو فەرهەنگەی سەپاندووە بەسەریاندا.

لە سەرەتای ئیسلامدا و لەگەڵ گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ئابووری عەرەبەکاندا مۆسیقای نەتەوەکانی تر ووردە ووردە چووتە ناو کۆمەڵگەی عەرەبی ئیسلامیەوە. یەکەم گۆرانی بێژی پسپۆڕی عەرەب ناوی طویس بووە و هەر ئەو عودی بە حیجاز ناساندووە و ناوی لە مەدینە بڵاوبووەتەوە. لە هەمان کاتدا لە شاری مەککە سەعیدی کوڕی مسجاح گۆرانیبێژێکی تری بەناوبانگی سەردەمەکەی بووە و بەهۆی تێکەڵاوبوونی عەرەب لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکەدا، ئەو گۆرانی نوێی لە ژێر ئەو کاریگەریەدا گوتووە. ئاشنابوون بە مۆسیقای نەتەوەکانی تر و ئاوێتەکردنی بە مۆسیقای عەرەبی هەر لە سەردەمی خەلیفەکانەوە دەستیپێکردووە. بۆ نموونە لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا ئیبن صریج یەکێکی تر بووە کە ناوبانگی لە گۆرانیبێژەکانی تر گەورەتر بووە. دواترمۆسیقا وا هاتە ناو فەرهەنگی عەرەبیەوە کە کەسێکی وەک سائیب خاسر (صائب خاثر)، قوتابخانەی مۆسیقای لە مەدینە دامەزراندووە.

ووردە ووردە مۆسیقا و سەما وا چووە ناو فەرهەنگی عەرەبیەوە بەشێوەیەک کە خەلیفەکانیش ئالودەی بوون. بۆ نموونە برایمی کوڕی مەهدی کە زڕبرای خەلیفە هاروونە ڕەشید بوو و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بوو بە خەلیفە، مۆسیقای خوێندبوو و گۆرانی دادەنا و گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنیش بووە. توانای مۆسیقای لە ئاستێکدا بووە کە لەگەڵ مۆسیقاناسی گەورەی وەک ئیسحاقی موسڵیشدا لەسەر مۆسیقا دەکەوتنە مشتومڕەوە. بڵاوبوونەوەی مۆسیقا بە تەواوی چووەتە کۆڕ و بنەماڵەی خەلیفەوە بەجۆرێک کە تەنانەت عولیەی زڕخوشکی خەلیفە هاروونە ڕەشیدیش بە هەمان شێوە مۆسیقا ژەن بووە.

لە سەردەمی عەباسیەکاندا کۆڕی تایبەت بە مۆسیقا و سەما و خۆشگوزەرانی و تێرکردنی ئارەزووە هەمەلایەنەکان گیراوە. جا ئەو کۆڕانە لە دیوەخانی خەلیفە و دیوەخانی خەڵکی ئاساییدا لە ئاستی جیاوازدا مۆسیقا و سەما و گۆرانی و خواردنەوەشی تێدا پێشکەشکراوە.

جا ئەم بابەتە هەوڵی نووسینەوەی ئەو مێژووە نیە کە سەدان کتێبی لەسەرە بەڵام ئاوڕادنەوەیەکە لە مۆسیقا و سەما و گۆرانی گووتنی سەردەمێک کە بە هەڵە لەلای تاکی موسوڵمانی کورد دا وێناکراوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە ناو عەرەبەکاندا لە پێش ئیسلامدا، واتە سەردەمی “جاهیلی”، مۆسیقا و گۆرانی و سەما زۆر قبوڵکراو نەبووە بێ ئەوەی کە بە تەواوی قەدەغە بکرێت . هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگڕێتەوە کە کۆمەڵگەی بیابانی دەبێت هەمیشە توند بێت و مۆسیقا جۆرێک لە خۆشلکردنی تێدایە کە دەشێت مرۆڤ لە ڕووی دەروونیەوە نەرمبکاتەوە و کاراکتارێک دروست دەکرد کە لەگەڵ سروشتی ڕەقی بیابانی ئەو سەردەمەدا نەدەگونجا. هەر لەبەر ئەوەشە لەگەڵ پەیدابوونی ئیسلام و بەریەککەوتنی زیاتر لەگەڵ نەتەوەکانی تر و گۆڕان لە هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی عەرەبدا، ئەوان بەشێوەیەک سەریان کردۆتە مۆسیقا و خۆشگوزەرانیەکانی تر کە پێشتر لایان نامۆ بووە. لە سەردەمی عەباسیەکاندا ئەو گۆڕانکاریانە گەیشتە قۆناغێکی تر بە جۆرێک کە بنەماڵەی خەلیفەکان خۆشیانی گرتۆتەوە.

پرسیارەکەی ئەم وتارە ئەوەیە کە ئەوانەی کە بە سەمای دووکەس لەسەر شەقامێک توڕە دەبن، دەخوازن کۆمەڵگەی موسوڵمانی کوردستان لە کام کۆمەڵگەی ئیسلامیەوە ئیلهامی بەها و دابوونەریت وەربگرێت، لە کۆمەڵگەی “جاهیلی” کە بەهۆی هەلومەرجی ئابووری کۆمەڵایەتیەوە خۆی بەدوور دەگرت لەهەموو خۆشگوزەرانی و مۆسیقا و سەمایەک یان دەیانەوێت وەک کۆمەڵگەی سەردەمی عەباسی و قۆناغەکانی تر بێت کە مۆسیقا و سەما و مەی خواردنەوە بەشێوەکی زۆر ڕوون لە هەموو ئاستێکدا لە ناو دیوەخانەکانی کۆمەڵگەدا بەربڵاوبووە.

هاوشێوە