رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وڵاتی کوشتنەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەیكار عوسمان

(کوشتنی سیاسەت)

کاتێ کە ئێمە پێمانوایە، سیاسەت یەعنی فڕو فێڵ و دزی و درۆو، ئیتر لەسەر ئەرزی واقعیش، هەر سیاسەتێکی لەو جۆرەمان ئەبێ و ناکرێ سیاسەتێکی ئەخلاقییمان هەبێ، لەکاتێکدا هەر خۆمان بڕوامان وایە کە سیاسەت شتێکی نائەخلاقییە. ئێمە لە تێگەیشتنمانەوە بۆ سیاسەت، سیاسەتمان کوشتووەو هەر لەوێشەوە ئەتوانین زیندوی بکەینەوە. سیاسەت یەعنی هاتنە دەرەوەی تۆ لە خۆت و کرانەوەت بە ڕووی ئەوانیترو فەزای گشتیدا. جا تۆ لە کوێ ی خۆتەوە دێتە دەرەوە؟ لە ئیرادەو ئاگایی و بەرپرسیارێتییەوە، یان لە ئەنانیەت و حەزی سوڵتەو بەرژەوەندییەوە؟ لەڕاستیدا ئەوە هاتنەوە دەرەوەی یەکەمیانە کە خودی سیاسەتە، ئەگەرچی هاتنە دەرەوەی دووەمیان باڵادەستە. باڵادەستبوونی دووەمیشیان ناکاتە ئەوەی کە ئیتر ئەوە شتەکەیە، وەکچۆن ئەگەر بە ڕۆژدا پەردەکان دادەیتەوە، بەوە دنیا نابێتە شەو.

(کوشتنی ئەخلاق)

ئەخلاق ئەوەیە کە عەقڵ و دڵ و ویژدان پشتگیری ئەکاو خۆی خۆیەتی و شتێکی تر ئەو نیە. کاتێك کە شتانێكی ترمان لێئەبێ بەو، ئیتر ئەخلاق ئەمرێ. تەنیا لەوێشەوە زیندو ئەبێتەوە، کە خۆمان لە بەدیلەکانی بتەکێنین و هۆشیاربینەوە بە خودی خۆی. خۆی ئەوەیە کە ناوەکیی و گشتییە. ناوەکییە چونکە لەناو خۆتدایەو تۆ هەر ئەونەی کە مرۆڤیت، ئیتر هەڵگری مرۆڤبوونیشیت. گشتییە چونکە مرۆڤبوون لەناو هەمووماندایە، کە ئەوەش عەدالەتی خوداو یەکسانیی ئێمەیە. بەڵام بەدیلەکانی ئەخلاق، ئەوانەن کە ناوچەیی و کاتی و دەرەکیین، یەعنی ئەشێ تۆ لەناو خۆتدا، بزانیت کە شتێك ڕەبتی بە ئەخلاقەوە نیە،، کەچی لە دەرەوەی تۆدا، کۆدەنگییەکی کۆمەڵایتی و نەریتی هەیە لەسەر ئەوەی کە شتەکە بابەتی ئەخلاق بێت!

(کوشتنی خودا)

کاتێ تۆ لەناو بەشە غەریزییە ئاژەڵییەکەی خۆتدا گیرئەخۆیت و خوداش دائەبەزێنیت بۆ ئەوێ، ئیتر ئەوە تەنیا کوشتنی ئەو نیە، بەڵکو کوشتنە بە سوکایەتی پێکردنیشەوە!

حەزە سێکسییەکان، حەزی سوڵتەو زاڵێتی، پاڵنەرە غەریزی و سایکۆلۆژییەکان، داواکارییە نەریتی و کۆمەڵایەتییەکان.. ئەمانە هەن و بەشێکن لە ئێمە، بەڵام بەشە ئاگاکە نا. سادەترین ناسین و ڕێزگرتنیش لە خودا، ئەوەیە کە لینکی ئێمەو ئەو، لەڕێگەی بەشە ئاگاکەمانەوەبێت. کاتێکیش کە دین ئەبێت بە دوژمنی ئەم بەشەمان و کاری ئەبێت بە بێهۆشکردن و لێدانی عەقڵ، ئیتر ئەوە خواکوژی و پچڕانی لینکەکەیە.

(کوشتنی مرۆڤ)

کە سیاسەت کوژراو خاڵیکرایەوە لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی. کە ئەخلاق کوژراو خاڵیکرایەوە لە خۆی و پڕکرا لە بەدیل و شەبیهەکانی. کە ئاگایی کوژراو هەر لەوێشدا خودا نێژرا. ئیتر سێکوچکەی مرۆڤبوون “جوانی و چاکی و ڕاستی” ئەمرێ. ئیتر ستەم و فەساد، جێگای چاکبوون ئەگرێتەوەو جەهل و وەهم، جێگای ڕاستی ئەگرێتەوەو جوانی ساختەو ڕووکەشیی، جێگای خودی جوانی ئەگرێتەوە.

(کوشتنی کۆمەڵگا)

کە مرۆڤبوونیش مرد، ئیتر کۆی شتەکان پێکەوە پاشەکشێ ئەکاو ئەوە وەهمەو ڕاست نیە، کە تۆ پێتوایە لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیاوە لەدواوەیت، بەڵام لە ڕووی ئەخلاق و خێزانەوە حاڵت باشە. بەڵکو لەڕاستیدا، سیاسەت و هونەرو زانست و ئەخلاق و خێزان و کۆی کایەکان، هەمووی پاکێجێکەو پێکەوە هەڵئەکشێ و دائەکشێ.

(کوشتنی ژیان)

کە کۆمەڵگاش مرد، ئیتر جەنگەڵ دەستپێئەکاو ساحەکە تەنیا هێزو کەڵبەی تیائەمێنێ و لێرەشەوە ژیان ئەمرێ. ئاخر فەزای ژیان هەر ئەوەیە کە حەق حوکمی ئەکاو فەزای مەرگیش هەر ئەوەیە کە هێز حوکمی ئەکات.

(ژنکوشتن)

کاتێکیش کە هێزو زاڵێتی، لەبری عەقڵ و حەق، سەروەرە، ئیتر ژن نابێتە هاومرۆڤی پیاو، بەڵکو ئەبێتە تەرەفی لاوازی هاوکێشەکەو بەشیشی هەر کوشتن و ستەملێکرانە. ئەمەش کۆتایی نایەت، تا کۆی تێگەیشتنمان بۆ سیاسەت، بۆ ئەخلاق، بۆ دین، بۆ مرۆڤ، بۆ ژیان، بۆ سێکس، بۆ شەرەف.. نەگۆڕین. یەعنی لەڕاستیدا ژنکوشتن تەنیا کاری پیاو نیە، بەڵکو کاری کۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگاو ژینگەکەیەو ئەبێ کۆی ئەوەی کە هەیە بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش بە دەسەڵات و ڕاگەیاندن و پەروەردەو یاساو مەلاو ڕۆشنبیرو هەموومان ئەکرێت.. بەڵام لە هەموو ئەو بوارە گشتییانە گرنگتر، ئەوە کە “من تۆ” خۆمان ئەو شتەی ناو سەرمان بخەینە ئیش و بیرێکی تر لە شتەکان بکەینەوە،، بەو هیوایەی کە عەقڵ ڕێگایەکی ترمان پیشان بداو لەوێشدا، ئیتر ئیرادەمان لە کۆتی نەریت و کۆمەڵگا وەرگرینەوەو بکەوێتەوە دەست خۆمان. مەبەستم خۆمانی مرۆڤ و ئازاد.

(خۆکوشتن)

کە شتەکانی دەرەوەی تۆ، مانایان نەماو یەك یەك بە بەرچاوتەوە کوژران، ئا لەوێدا هێشتا تۆ ماویت و تۆ دەستپێئەکەیت. بەجۆرێك کە لە عەقڵ و ئاگاییدا، ئەتوانی ماناو پێناسەیەکی تریان بدەیتێ و زیندویان بکەیتەوە. کاتێکیش کە ئەمە ناکەیت، ئیتر تۆش لەگەڵیاندا ئەمریت. کە خۆشت ئەکوژیت، تەنیا ئیعلانی ئەو مردنە ئەکەیت!

ئەو کاتەی کە هەموو شتێك کۆتایی دێت، تۆ هێشتا کۆتاییت نەهاتووەو شتێك لە تۆدا هەیە، کە هەرگیز کۆتایی نایەت. بەڵام تۆ خۆت و ئەو شتە ناناسیت و هەموو ژیانت لێئەبێت بە عالەمە دەرەکییەکە، بۆیە لەگەڵ کۆتایی ئەودا، تۆش کۆتاییت دێت و خۆت ئەکوژیت.

(کوشتنی دووەم)

بەمجورە، وڵاتی ئێمە، وڵاتی کوشتنەکانەو هەموو شتەکانمان کوشت. تەرمی سیاسەت و هونەرو ئەخلاق و دین و مرۆڤ و هەموو حیکایەتەکان لەوناوەدا کەوتووەو شتێکیش هاتووە، یاری بە تەرمەکانیان ئەکاو جارێکی تریش ئەیانکوژێتەوە. ئەو شتە ناوی ڕاگەیاندنەو بۆ ڕاگەیاندنیش، تەنیا یەك وشەی سێ پیتیم هەیە:

“یەع”.

هاوشێوە