رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نەتەوە یەکگرتووەکان و بەکارهێنانی منداڵ بۆ ئامانجی سیاسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئالان ڕۆک

وەرگێڕانی: ژیر دانا

منداڵان لە سەرتاسەری جیهان بەدەست ئاکامەکانی جەنگەوە دەناڵێنن. ئەوان بە بەردەوامی دەکوژرێن، بە زۆرەملێ شەڕییان پێدەکرێت، یاخود توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت. لە ڕاپۆرتێکی ساڵی پاری یو ئێن ئەوە ئاشكرا کراوە کە ساڵی پێشوو نزیکەی ٢٥٠٠٠ پێشێلکاری تۆمار کراوە بەرامبەر بە منداڵ.

ئەنتۆنیۆ گوتێرس کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هێز و دەسەڵاتێکی زۆری هەیە بۆ دروستکردنی فشار و هەوڵدان بۆ وەستاندن و کەمکردنەوە ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە منداڵ یەنجام دەدرێن. بەڵام ئەو شکستی هێناوە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی و هەندێک بەرژەوەندی سیاسی خستوەتە پێش ئەوەی کە ژیانی منداڵان بپارێزێت.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، ئەنجومەنی ئاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاراستە کراوە بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر پرسی منداڵ و کێشەکانی منداڵ لە ناوچە پڕکێشەکاندا. ئەوەیش پێویستی بەوە بووە کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ئەو پێشێلکاریانە بڵاوبکاتەوە کە بەرامبەر بە منداڵانی جیهان ئەنجامدراون. بەتایبەت کوشتنیان، کەمئەندام کردنیان، دەستدرێژی خستنەسەریان، وە تەقاندنەوە و وێرانکردنی قوتابخانەکانیان. سکرتیری گشتی پێویستە ڕاپۆرتێکی لەم جۆرە ئامادە بکات و جگە لەئاماژەدان بە پێشێلکاری و تاوانەکان کە بەرامبەر بە منداڵان ئەنجام دەدرێن، دەشبێت ئاماژە بەو کەس لایەنانە بکات کە بەرپرسن لەو پێشێلکاریانە.

ئەو لیستەی کە تیایدا ئاماژە بە لایانە بەرپرسەکان دەکرێت لە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر بە منداڵ، بە لیستی شەرمەزاری ناسراوە. بوونی ئەم جۆرە لیستە ئامرازێکی بەهێز و بە سوودی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە دژی لایەنە بەرپرسەکان. وە هەمیشە هەر حکومەت یان لایەنێک کە بەرپرس بووبێت لە زیان گەیاندن بە منداڵ و ناویان لە لیستەکەدا هاتبێت، دواتر ناچارکراون کە هەر خۆیان ببن بە بەشێک لە چارەسەر و یارمەتیدەر بۆ نەهێشتنی پێشێلکاری بەرامبەر بە منداڵ. بەبێ ئەوە یارمەتیدانەیش ناویان لەناو لیستەکەدا دەرنەدەها.

من خۆم بە چاوەکانی خۆم هێزی ئەم لیستەم بینیوە. لە ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک من ڕاوێشکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووم دەربارەی پرسی منداڵ لە سریلانکا و کاریگەری جەنگی وڵاتەکە لەسەریان. لە ماوەی کارکردنم لەو پرسەدا چاوم بە چەندین خێزانی دڵشکاو کەوت کە چۆن منداڵەکانیان بەرکەوتەی جەنگەکە بوون یاخود لەلایەن هێزێکی سەربازییەوە کە پەیوەندی بە حکومەتی تامیلەوە هەبوو ناچار کرابوون کە بەشداری لە جەنگی ناوخۆی وڵاتەکە بکەن و چەک هەڵبگرن. بەهۆی ئەو کارەوە، لایەنە بەرپرسەکە ناوی چووە لیستی شەرمەزارییەوە و دواتر ناچار بوو بڕێکی زۆر لە داهات ببەخشێت بە پڕۆگرامی فەندی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دواجار لە ساڵی ٢٠١١ ناوی لایەنەکە لە لیستەکە ڕەشکرایەوە.

لەو کاتەدا ئێە زۆر گەشبین بووین سەبارەت بە کارەکەمان و ئەو کاریگەرییەی کە هەمان بوو لەسەر پرسی منداڵ لەناو جەنگەکاندا. وە لیستەکەیشمان بە ئامرازێکی بەهێز دەزانی بەدەست سکرتێری گشتییەوە تا ڕێگری بکات لە بەشداریکردنی منداڵ لە جەنگەکاندا. بۆ ماوەی چەندین ساڵیش هەر بەو جۆرە بووە و لیستەکە کاریگەرییەکی باشی ئەرێنی و دڵخۆشکەری هەبووە. جگە لەو نموونەیەی سریلانکا کە باسم کرد، چەندین نموونەی تریش هەن کە لیستەکە کاریگەر گەورەی لەسەریان هەبووە. لەوانیش ماویستەکانی نیپاڵ، دەستەی ئازادی ئیسلامی مۆرۆ لە فلیپین، هێزەکانی حکومەت لە چاد، وڵاتی ئۆگەندا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و سودان.

لەم ساڵانەی دواییدا، بڕیاری ئەوەی کە ناوی چ وڵات و لایەنێک بخرێتە ناو لیستەکەوە بووە بە بڕیارێکی تەواو سیاسی، لەجێی ئەوەی کە بڕیارێک بێت کە بەرژەوەندی منداڵان تیایدا لەپێشینە و مەرجی سەرەکی بێت تیایدا. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٦، سکرتێری ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بان کی مۆن بوو ناوی سعودیەی دەرکرد لە لیستەکە. لە کاتێکدا کە سعودیە لە جەنگی یەمەندا و بەهۆی موشەکباران کردنەکانیەوە لەو ساڵەدا ٤٥٠ منداڵی کوشتبوو و لە ساڵی پێشتریشدا بە سەدان منداڵی دیکە مردبوون بەهۆی هێرشەکانیەوە. هۆکاری ئەوەیش چی بوو؟ هۆکارەکە ئەوە بوو کە سعودیە هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ناوی لە لیستەکە دەرنەکرێت، ئەوان پشتگیرییە داراییەکانی خۆی بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەوەستێنێت.

هەرچەندە ئەنتۆنیۆ گوتێرسی سکرتێری گشتی ئێستا لە ساڵی ٢٠١٧ ناوی سعودیەی گەڕاندەوە بۆ ناو لیستەکە،بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی دیکە دەریهێنایەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە هەر ڕاپۆرت و زانیارییە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی دەریدەخست کە لەو ساڵەدا جەنگەکە بووەتە هۆی هەبوونی ٢٢٢ حاڵەتی جیاوازی زیان گەیاندن بە منداڵ. گوتێرس هێزە چەکدارەکانی میانماریشی لە لیستەکە دەرهێناوە کە بەهۆی بەکارهێنانی منداڵ وەک سەرباز ناوی چووبووە ناو لیستەکەوە. لەکاتێکدا کە لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا بە سەدان کەیسی جیاواز هەن کە تیایاندا ئاماژە بە پێشێلکاری بەرامبەر بە منداڵ دەکرێت لەو وڵاتەدا.

ئەم هەڵوێستانە منیان هاندا کە ببم بە بەشێک لە گروپێکی نێودەوڵەتی کە ئەندامەکانی شارەزا و پسپۆڕی مافەکانی منداڵن و لەپێناو چاودێری کردن و پیاچوونەوە بە بڕیارەکانی ئەم دواییانەی سکرتێرە گشتییەکان دروست بوون، لە زیاد کردن و کەمکردنی ناو بۆ ناو لیستی شەرمەزاری.

ئەوەی کە لە لێکۆڵینەوەکانماندا بۆمان دەرکەوت مایەی سەرسوڕمان بوو. چونکە ناهاوسەنگییەکی ئێجگار زۆر هەیە لەنێوان ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیەوە بڵاو دەکرێتەوە، لەگەڵ ژمارەی ئەو شوێن و لایەنانەی کە ناویان لەناو لیستەکەدا هەیە. بە جۆرێک کە چەندین کەیسی توندوتیژی و پێشلکاری هەن کە لەناو لیستەکەتە بوونیان نییە وەک ئەوەی کە هەر نەبن.

لێکۆڵینەوەکانمان ئەوەیشی دەرخستووە کە هێزەکانی حکومەتە جیاوازەکان هەندێک جار کارتی سەوزیان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاری و دوای ئاگادار کردنەوە کارەکانی خۆیان ئەنجامداوە. لەناو هەشت لایەن کە بەرپرس بوون لە کوشتن و کەمئەندام کردنی زیاتر لە ١٠٠ منداڵ لە ماوەی یەک ساڵدا و ناویشیان لە لیستەکەدا نەبووە، شەش لایەنیان حکومەت وڵاتان یاخود لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەتەوە بوون. بۆ نموونە هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستان، ئیسرائیل، نێجیریا و یەمەن. حکومەتەکان ئەفغانستان و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە بەرپرس بوون لە مردن و برینداربوونی هەزاران منداڵ، بەبێ ئەوەی بۆ تەنها جارێکیش ناویان لە لیستەکەدا هەبێت. پاراستنی منداڵ، بەتایبەت ئەوانەی کە لەناو جەنگدان، پێویستە بە تەواوەتی جیابکرێتەوە لە کار و بەرژەوەندی سیاسی. بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە لەکاتی هەبوونی پێشێلکاری بەرامبەر بە منداڵان، هیچ شتێک کاریگەری نەمێنێت لەسەر بڕیارەکانیان. ئەنتۆنیۆ گوتێرسی سکرتێری گشتی پێویستە زۆر بە جددی پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو لێکۆڵینەوانە بکات کە ئێمە ئەنجاممان داوە. کە هەمووی بەڵگەی جددیان هەیە تەنانەت پشت بە ڕاپۆرتە ساڵانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بەستراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەریان. پێویستە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حکومەت و لایانەنەی کە پیشێلکاریان بەرامبەر بە مافی منداڵان کردووە، سیاسەت بخرێتە لاوەوە و بە تەواوەتی پشت ڕووداو و دەرئەنجامەکان ببەسترێت. ئەوەیش تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی کە مەترسی جەنگ لەسەر منداڵان کەم بکرێتەوە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە