رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

“سێکس و ڕەگەزەکانی” لە شوێنێكی ترەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

 پەیکار عوسمان

کێشەی مرۆڤایەتی جیاوازیی نیە، جیاکارییە. جیاوازیی ئەوەیە کە خودا یان سروشت بەخشیویەتی. ئیتر ئەمە هەر وابووەو هەر واش ئەبێ و بیروباوەڕی تۆ هەرچییەكبێت، هیچ لەم سروشتەی وجود ناگۆڕێ و تا ئێرا کێشەیەك لەئارادا نیە. کێشەکە لەوێوە دەستپێئەکات، کە مرۆڤ دێت، تەفسیرێکی هەڵە بۆ ئەم جیاوازییانە ئەکاو “جیاکاریی” دائەهێنێ و لەوێوە شتەکان ئەشێوێنێ.

گەردوون بەبێ مرۆڤ، بوونێکە لەناو جیاوازییدا. گەردوون بە مرۆڤەوە، بوونێکە ئەکەوێتە ناو جیاکارییەوە. یەعنی بایەك کاتێ لقی دارێك ئەشکێنێ، مەبەستی ئەوەنیە کە پێ ی بڵێ من لە تۆ بەهێزترم. بارانیش کە ئەبارێت، لەبەر چاوی سەوزی گژوگیا نیە.. بەڵکو ئەمانە بەپێ ی یاساکانی سروشت، تەنیا خەریکی بوونی خۆیانن. ئەگەر لە بوونی ئەمیشیان، شکانی ئەویان بکەوێتەوە، نە ئەم مەبەستی شکاندنی ئەوبووە، نە ئەویش دڵی ئەیەشێ!

بەڵام کاتێ سپی پێست، خۆی لە ڕەش پێست، پێ بەرزترەو کاتێ ئەم وڵات، ئەو وڵات داگیرئەکاو کاتێ پیاو، ژنی پێ کەمەو کاتێ ئەم نەژاد، خۆی پێ ڕەچەڵەکی پیرۆزەو کاتێ ئەم دین، خواو بەهەشت و پاكیی.. ئیحتیکار ئەکاو کاتێ ئەم ئایدۆلۆژیا، خۆی پێ تاکە چارەسەرەو کاتێ مرۆڤ خۆی پێ سەرداری گەردوونەو سروشت داگیرئەکاو ژینگە ئەشێوێنێ.. ئیتر کێشەکان لێرەوە دروست ئەبن و ئەمانەش کەسب و بەرهەمی مرۆڤن، نەك هی خوداو سروشت و گەردوون.

خوداش ئەوەیە کە لەمانە بێبەری و گەورەترە، نەكئەوەی کە داهێنەرو ڕەوایەتیدەری ئەمانەبێت. هەر ئەمەش جیاوزی نێوان ئەو خودایەیە کە خۆی خودایە، لەگەڵ ئەو خودایەی کە مرۆڤ دروستی کردوە. خودای ڕاستەقینە، ئەوەیە کە بانجیاکارییەو خودای دەستکرد، ئەوەیە کە شەرعیەت و پیرۆزیی بە جیاکارییەکانی مرۆڤ ئەدات!

خۆ ئەگەر عەقڵ نەبووایە، بێ دوودڵیی ئەمگوت، کێشەی مرۆڤ، مرۆڤ خۆیەتی و کێشەی گەردوونیش مرۆڤە. ئاسایی ئەشمگوت، ئازادی و ئیرادەو ئیختیار، شتێکی خراپە کە ئێمە هەمانەو شەڵا وەکو پشیلەو دارو بەرد.. هەر لەژێر جەبری سروشتدابووینایە. بەڵام چونکە مرۆڤ بوونێکی عەقڵییشی هەیە، کە لەوێدا ئیتر ئەتوانێ تەجاوزی جیاکارییەکان بکاو لێیان ئازادببێ و ئیتر جیاوازییەکان وەکو خۆی ببینێ.. ئا لێرەدا ئیتر مرۆڤ جوانەو ئا ئەمەشبوو کە خودا بە فریشتەکانی وت، ئەوان تەنیا گەندەڵ و خوێنڕێژنین، بەڵکو شتی تریش هەیە کە ئێوە نایزانن..

لەڕاستیدا ئەو حیوارە، ئەونەی کە حیواری بەینی خۆت و خۆتە، ئەونە حیواری بەینی خوایەك و فریشتەکانی نیە. یەعنی ئینسان ئەبێ خۆی بناسێ و بە خۆی بڵێ، من هەر بوونە غەریزی و سایکۆلۆژییەکە نیم، کە لەوێدا ئەبمە وەحشی داهێنەری زاڵێتی و موڵکایەتی و ستەم و جیاکارییەکان.. بەڵکو من بوونێکی عەقڵییشم هەیە، کە لەوێدا ئیتر من، تەنیا مرۆڤم.

لەوێدا ئیتر مرۆڤ خۆی لەناو جیاوازییدا ئەناسێ و سیحری جیاکاریی بەتاڵئەبێتەوە. ئیتر خۆت وەکو جیاوازێك ئەناسیت و ئەوانیتریش وەکو جیاوازێك قبوڵ ئەکەیت و ئەکەونە تەنیشتی یەك، نەك سەردەست و بندەستی یەك. لەوێدا ئیتر تۆ بوونی خۆت ئەناسیت، کە بوونێکە لە تەنیشت بوونەکانی تری ناو ئەم گەردوونەدا، نەك سەردارو سەروەرو مەنتقی هێزو زاڵێتی.. ئا لەوێشدا ئیتر ژن و پیاو، کوردو تورك، سەرڕەش و سەرزەرد، دیندارو بێدین، جیاڕەگەزخوازو هاوڕەگەزخواز.. هەمووی هەر مرۆڤە. ئاژەڵێك و مرۆڤێك و بەردێك و دارێك و گەردیلەیەك و هەسارەیەكیش، هەمووی هەر بوونە!

مرۆڤ کە خۆی ناسی و هۆشیاربوو بە مرۆڤبوون، ئیتر ستەم لە مرۆڤێك و ستەم لە پشیلەیەك و ستەم لە هەوا.. هەر ستەمەو کاتێکیش مرۆڤ فەزڵی عەقڵی هەیە بەسەر بوونەوەرەکانی تردا، ئەم فەزڵە بەرپرسیارێتی چاکبوون و ناستەمکاریی ئەخاتە ئەستۆی، نەکئەوەی حەقی زاڵێتی و موڵکایەتی پێبدات!

واز لە یاسا دەرەکییەکانی کۆمەڵگاو نەریت و دین و دەوڵەت بێنە.. لەڕاستیدا هاوڕەگەزخوازێك و جیاڕەگەزخوازێك، تەواو یەکسانی کەرامەتن، بە یاسا ناوەکییەکەی عەقڵ و ویژدان. جا بۆئەوەی نەکەوینە ناو ستەمەوەو ئەخلاق تێکنەچێت، ئەبێ پێش هەر شتێك پابەندی ئەم یاسا ئەخلاقییە ناوەکییەی ناو خۆمان بین کە یاسای مرۆڤبوونە. تەنیا لەوێشەوە پابەندی یاسا دەرەکییەکان بین، کە گونجاوبێ لەگەڵ یاسا ناوەکییەکەدا.

ئا لێرەدا، ئیتر تۆ، نە وەکو نوێنەری کۆمەڵگاو دین ئەکەویتە شەڕکردن لەگەڵ شتەکە، نە وەکو نوێنەری ئازادی و پێشکەوتن ئەکەویتە بەرگریکردن لێ ی. بەڵکو تەنیا وەکو مرۆڤ، ئەتەوێ مرۆڤبوونی خۆت بپارێزیت و هەڵوێستەکەت نامرۆڤانەو ستەمکارانە نەبێت. ئیتر هەر لێرەشەوە، هەم ڕەخنە لە دین و کۆمەڵگاو نەریت ئەگریت، لەوێدا کە شتێك نامرۆڤانەو ستەمکارانەبێت. هەم ڕەخنە لە زانست و پێشکەوتن و کرانەوە ئەگریت، لەوێدا کە شتێك نامرۆڤانەو ستەمکارانەبێت. ئیتر تۆ ڕۆبۆتێك نیت بۆ ئایدۆلۆژیای داخران یان بۆ ئایدۆلۆژیای کرانەوە، بەڵکو مرۆڤێکیت کە پێش هەر شتێ، تەنیا ئەتەوێ مرۆڤ بیت و شتێك لە شتە دەرەکییەکان، یاسا ناوەکییەکەی مرۆڤبوونت لەبیرنەباتەوە.

تەبعەن یاسا ئەخلاقییە دەرەکییەکانیش، هەر داهێنراوی مرۆڤن، بەڵام داهێنراوی بوونە غەریزی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژووی و سوڵتەوییەکەی.. مرۆڤ،، کە ئەمە بەپێ ی کات و شوێن و دۆخەکان ئەگۆڕێت. بەڵام بوونە ئەخلاقییە ناوەکییەکەی مرۆڤ، نەگۆڕەو لە هەموو کات و شوێن و دۆخێکدا هەر خۆیەتی و هەر مرۆڤبوونە.

ئا لێرەشدا، مەسولێکی گەندەڵ، بەقەت گەندەڵییەکەی، شایەنی سزاو لێپرسینەوەیە. بەڵام شایەنی کەرامەت شکاندن نا. سەدامێك و هیتلەرێکیش، بەقەت تاوانەکانیان شایەنی سزان، بەڵام شایەنی کەرامەت شکاندن نا. ئەمە بۆ سێکسیش وایەو لێرەدا ئەوەی کە ئازادییە با ئازادیبێ و تەداخولی نەکەین. ئەوەی کە جیاوازییە با جیاوازیبێ و قبوڵیکەین. ئەوەشی کە نەخۆشییە با نەخۆشییبێ و چارەسەربکرێ. بەڵام ئەوەشی کە تاوانەو لەشفرۆشیی و باندو بازرگانی سێکسییە.. (ئیتر هەر ڕەگەزێکبێت و هەر جۆرێکی سێکس بێت) با تاوانبێ و وەکو هەر تاوانێکی تر، بکەوێتە بەردەم سزاو لێپرسینەوە، بەڵام بەردەم کەرامەت شکاندن نا!

یەعنی تاوانکار هەر مرۆڤەو بەوەی کە تاوانبارە، تۆ مافی ئەوەت نیە لە مرۆڤبوون بیکەیتە دەرو لە کەرامەتی بدەیت. تۆ تەنیا مافی ئەوەت هەیە کە خۆت لە مرۆڤبوون دەرنەچیت و ئەرکی تۆ تەنیا ئەمەیە. کاتێکیش کە لە کەرامەتی بەرامبەر ئەدەیت (ئیتر بەرامبەر هەر کەسبێ و هەر دۆخێکی هەبێت) لێرەدا تۆ پێش ئەو، لە مرۆڤبوونی خۆت ئەدەیت. چونکە کەرامەت نابێ بشکێنرێ و ئەمە (بە یاسا ناوەکییەکەی ئەخلاق تاوانە) ئەگەرچی بە یاسا دەرەکییەکان باجێکیشی لەسەر نەبێ!

یەعنی نە معەسکەری داخران، نە معەسکەری کرانەوە. نە معەسکەری کۆنەخوازیی، نە معەسکەری نوێخوازیی. نە معەسکەری دین، نە معەسکەری لادین. نە معەسکەری دەسەڵات، نە معەسکەری موعارەزە. نە معەسکەری جیاڕەگەزخوازی، نە معەسکەری هاوڕەگەزخوازی. نە معەسکەری چێژپەرست، نە معەسکەری “چێژبڤە”.. بەڵکو تەنیا بازنەی مرۆڤبوون و تەنیا ئەوەی کە حەق و عەدالەتەو کە تاوان و ستەم و فەساد نیە.

یەعنی سەرەتا خۆت بناسە وەکو مرۆڤ. دواتر بە یاسا ناوەکییەکەی مرۆڤبوون و بەوەی کە ویژدانی مرۆیی ئەیخوازێ، شتەکان بپێوە، کە ئەم یاسایە لەناو هەمووماندا یەکە. نەكئەوەی شتەکان بە نەریت و یاسا دەرەکییەکان بپێوین، کە هەمیشە دووانی دژبەیەکن و لە شەڕدان. شەڕێك کە ئەسڵەن مرۆڤبوون و حەق و ناحەق تیایدا مەوزوع نیەو بەرژەوەندی و سوڵتەو بردنەوەو دۆڕان تیایدا ئامانجە.

ئێمەش بە کەوتنە ناو شەڕەکە، ئەکەوینە دەرەوەی مرۆڤبوون و ناو ناحەقیی. چونکە ئیتر ئەو هجوم و دیفاعەی کە ئەیکەین لە مرۆڤبوونەوە نیە، لە شتێکی ترەوەیە، مەسەلەن لە ئایدۆلۆژیاوە. ئیتر تۆ، ئەو کاتەشی کە شتەکە لە سنوری ئازادی و جیاوازییدایەو شایەنی دژایەتی نیە، هەر دژایەتی ئەکەیت. یان، ئەو کاتەشی کە شتەکە لە ئازادی و جیاوازی لایداوە چۆتە بازنەی فەسادو تاوان، تۆ هێشتا هەر دیفاعی لێئەکەیت. کە ئەمە هەردوکی هەر یەکەو هەر ناحەقییەکی ئایدۆلۆژییە نەك حەقانییەتێکی مرۆیی.

لە مەسەلەی هاوڕەگەزخوازی، با کۆمەڵگاو دین قسەی خۆی بکاو زانست و پزیشك قسەی خۆی بکاو یاسا قسەی خۆی بکاو کۆمەڵناس و دەرونناس و فەیلەسوف و ڕۆشنبیر قسەی خۆی بکات.. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە مرۆڤ قسەی خۆی بکات. کەرامەت و عەقڵ و ویژدانی مرۆیی قسەی خۆی بکات، کە ئەمە لای کەس نیەو لای خۆتە. لە دەرەوەتدا نیەو لەناوەوەتدایە. قسەی ئەوێش هەر ئەوەیە کە شتەکە زوڵم و ناحەقیی نەبێت، ئیتر بەبێ گوێدانە ئەوەی چ یاساو ئایدۆلۆژیایەك پێ ی خۆشە یان پێ ی ناخۆشە.

هاوشێوە