رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەغداد: پیاسەیەک بەناو شارێکی پڕ تاواندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نەبیل ساڵح

وەرگێرانی: ژیر دانا

ئێوارەیەکی ئەم زستانە بوو، خەریکبووم بەناو باخچەکانی شەقامی ئەبو نەواس پیاسەم دەکرد. دواتر لە ناوشارەوە دەڕۆیشتمەوە بەرەو ڕووباری دیجلە. کە گەیشتمە نزیک ڕووبارەکە، سەیری ئاسمانم دەکرد و تۆپەڵێک هەوری لە دوکەڵ دروستبووم بینی. لە کەناری ڕووبارەکەیش، زبڵ و خاشاکێکی زۆرم دەبینی کە سووتێنرابوون و پاشماوەکەیان جێمابوو. سەگی بەڕەڵا دەیان وەڕاند و چەند پیاوێکی تەنهاش کە لەبەر سەرخۆشی ئاگایان لەخۆیان نەبوو، لەناو عەلاگەدا خۆیان مەڵاس دابوو. سەرخۆشێکیش چووکی دەرکردبوو و میزی دەکردە ناو گۆماوێکەوە. لەسەر شەقامە سەرەکییەکەیش، پۆستەری بێ ئەنداز زۆرەکانی شەهید و هێزە میلیشیاکان دەیانترساندیت و خەڵکی شارەکەیش بێباک، خەریکی خۆ ڕزگارکردن بوون لە ترافیکە قەرەلەباڵغەکە.

ئاڵای میلیشیاکان کە بە عەمود و گڵۆپە شکاوەکانەوە هەڵواسرابوون بە خێرایی دەشەکانەوە. هەندێکیان نیشانەی ناسەرەوەی “عصائب أهل الحق”یان پێوە بوو کە ڕەنگی سەوز و سپی بوو. کە سەیرت دەکردن هەستیکت بۆ دروست دەبوو کە شەقامی ئەبو نەواس، خەریکە لەگەڵ چەند سەردەمێکی جیاوازدا دەژی.

چەند ڕۆژێک پێشتر، کۆمەڵێک کەسی چەکدار کە خۆیان بە ئەندامانی “عصائب أهل الحق” ناساند لەسەر تەلەفیزیۆن دەرکەوتن و هەڕەشەیان لە خوودی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. هەڕەشەکە بەهۆی ئەوەوە بوو کە ئەوان سەرۆک وەزیرانیان بە بەرپرس دەزانی لە دەستگیرکردنی یەکێک لە ئەندامەکانیان و داوای ئازادکردنی ئەو کەسەیان دەکرد. ئەمەیش لەکاتێکدا کە ئەو کەسە بەشداربووە لە پلاندانان بۆ هەڵدانی مووشەکێک بەرەو ناوچەی سەوزی شارەکە. لەلایەکی تریشەوە ئەندامی گروپێکی چەکداری دیکە، هەڕەشەی ئەوەی لە سەرۆک وەزیران کرد کە گوێچکەی دەبڕێت. ئەم هەڕەشەیەیش بووە هۆی ئەوەی کە هاشتاگی “گوێچکەی کازمی” زۆرترین جار بەکاربهێنرێت لەناو سۆشیال میدیاکاندا.

ئەم هەڵوێست و هەڕەشانە هەمووی بۆ شکستی سیاسییەکانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە کە بۆ ماوەی جەندین ساڵە نەیانتوانیوە یاسا سەرەوەر بکەن و هەمیشە خۆیان بە پاشکۆی میلیشیا و هێزە چەکدارەکان هێشتووەتەوە. ئەمەیش وڵاتەکەی کردووە بە وڵاتێکی بێ سەروەری یاسا. ئەوا بۆ دوو دەیە دەچێت، ئەوان لەم شکستە بەردەوامن و ناتوانن لە دەرئەنجامەکەی ڕزگارییان ببێت. چەکدارەکان هەڕەشە دەکەن، خەڵکی تیرۆر دەکەن دەیانڕفێنن، مووشەک دەگرنە شوێنەکانی وەک باڵوێزی ئەمریکا کە دواجار هەر عێراقیە بێتاوانەکان بەهۆیەوە دەکوژرێن و دەبنە قوربانی.

بەبێ ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ڕێژەی مردووانی عێراق ئەنجام دەدرێن لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٩٠٢ خەڵکی سیڤیل کوژراون، کە بەشێکی زۆریان لەناو خۆپیشاندانەکاندا بوون، ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ئۆکتۆبەرەوە ئەنجامدران و لەپێناو دەستکەوتنی مافی و ئەنجامدانی چاکسازی بوون.

لە هەمان کاتدا ڕێژەی برسێتی لە بەرزبوونەوەیەکی خێرا و بەردەوامدایە لەناو عێراقدا. یو ئێن ڕاگەیاند کە لە هاوینی ساڵی پاردا ڕێژەی برسێتی ٤٠٪ بەرزبووەتەوە. ئەمەیش پێش نزمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بووە کە بێگومان ڕێژەکەی بەرزتر کردووەتەوە. ئەم هەژاری و برسێتییە بە ئاسانی دەبینرێت لەناو شەقامی ئەبو نەواسدا. منداڵەکان بە جلی دڕاو و نەعلی تاکەوتاکەوە دەسووڕێنەوە و ئاو و شەربەت دەفرۆشن لە نزیک پەیکەرەکانی شەهرەزاد و شەهرەیار کە لەلایەن محەمەد غانی حیکمەتەوە دروستکراون. کەسانێکیش لە قەراغی جادەکاندا چاوەڕێی شۆفێرەکان دەکەن کە لەلایەن بوەستن و ئەوەیان لێبکڕن کە دەیفرۆشن بە نرخێکی هەرزان.

هەژاری تاکە شت نییە کە لەناو شەقامەکاندا بیبینیت و ڕاستەوخۆ هەستی پێبکەیت. نائاساییشیش کێشەیەکی ترە. هەرچەندە ڕوونیشە کە حکومەتی عێراق ناتوانێت گرینتی سەلامەتی هاوڵاتییەکانی بدات، بەڵام هیشتا کەم شوێنی گشتی هەیە کە بچیت و سەرباز و چەکداری حکومی تیا نەبینی. کە بە ئەبو نەواسدا دەچوومە خوارەوە، وام هەست دەکرد کە بەناو ڕەبایەیەکی سەربازیدا تێپەڕ دەبم. ئۆتۆمبێلی سەربازی لە زۆربەی شوێنەکان هەبوون و لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێردا، من ٣ێ جار لەناو مەفرەزەی سەربازیدا وەستێنرام بەهۆی ئەوەی کە کامێرایەک بە ملمەوە بوو. “بۆ کوێ دەچیت؟” یەکێک لە فەرماندەکەن بە تووڕەییەوە ئەم قسەیەی پێ وتم، دواتر هەر ئەو داوای کرد کە وێنەیەکی بگرم. هەر لەو کاتەی کە بە ئەبو نەواسدا دەچوومە خوارەوە، خواردنگەیەکی بەناوبانگم بینی کە ماسی برژاویان ئامادە دەکرد. ئەو شوێنە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە بیانووی ئەوەی کە خواردنەوەی کحوولی تیا فرۆشراوە، هێرشیان کراوەتە سەر لەگەڵ چەندین شوێنی هاوشێوەی دیکەدا.

شەقامی ئەبو نەواس هێشتا بەو شەقامە دەناسرێتەوە کە خواردنەوەی کحوولی تیادا دەفرۆشرێت و چەندین فرۆشگای کحوولی لێیە. لە ئێستدا ئەوان دەتوانن خۆیان بپارێزن لە میلیشیاکان و لە کارەکانی خۆیان بەردەوامبن ڕۆژانە.

پێش ئەوەی خۆر ئاوا بێت لە شەقامە سەرەکییە تاریکەکە لامدا و خۆمکرد بە یەکێک لە پارکی ناو کۆڵانەکاندا کە تیایدا دەمتوانی کۆتا بەرکەوتنی تیشکی خۆر و دیجلە ببینم. لەو پارکەدا پیرەمێردێکم بینی کە لەسەر جۆلانەیەکی منداڵان دانیشتبوو و پاڵی بەخۆیەوە دەنا. وە بیرەیەکیشی بەدەستەوە بوو و جارجار لێی دەخواردەوە. دەبوو بیری لە چی کردبێتەوە؟ تۆ بڵێیت خوشک یان برایەکی لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا لەدەستدابێت؟ یان مووشەکە ئەمریکیەکان یەکێک لە منداڵەکانی کوشتبێت؟

کامێراکەم بەدەستەوەیە و خەریکم ئامادەی دەکەم بۆ ئەوەی وێنەیەکی پێ بگرم. وێنەی چەند دێڕە شیعرێکی شاعیری عێراقی سەرگۆن بەولەس، کە لە غەریبیدا نووسیویەتی. شیعرەکە بەم جۆرە بوو:

قورس و تەڕە

قژی ئەو پیاوەی کە خەریکە نوقم دەبێت

کە خەریکە لە ئاهەنگێک دەگەڕێتەوە

ئەو کاتەی کە گڵۆپەکانیان کوژاندەوە

خەریکە کورسی قەراخ ئاوەکە کۆدەکاتەوە و

شەپۆلەکانی دیجلە پێکەوە دەبەستێتەوە

بە ژێر پردی جمهوریدا، لە ئەبو نەواسەوە چووم بۆ شەقامی ئەلڕەشید. پردی جمهوری ئەو پردەیە کە لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا چەکدارەکان لە سەریەوە خوێنی چەندین گەنجیان ڕشت. ئەو کوشتارە لەو خۆپیشاندانەدا ڕوویدا کە تیایدا عێراقییەکان داوای نیشتیمانێکی سەلامەتیان دەکرد بەڵام لەجێی ئەوە، فیشەکیان پێدرا و بە چەک وەڵام درانەوە.

کە دەچووم بۆ شەقامی ئەلڕەشید، چاوم بە مەیدانی تەحریر کەوت. دارخورماکانی مەیدانەکە بە گڵۆپی سەوز و سپی ڕازێندرابوونەوە. دەبێت ئەم ڕازاندنەوەیە بەبۆنەی سەری ساڵەوە بێت؟ کۆمەڵێک دار خورما، کە پێشتر ئەوانیش وەک هاوڵاتییە بێتاوانە عێراقییەکان بەرکەوتووی گازی فرمێسکڕژ بوون. من خەریک بووم دەڕۆیشتم و یادەوەرییەکانی کاتی خۆپیشاندانم باشتر دەهاتەوە بیر. بۆ نموونە یەکێک لە بریندارەکانم هاتەوە بیر کە ناوی سەیف سەلمان بوو. ئەو کاتەی من بینیم لە ساڵی ٢٠١٩، لە دۆخێکی خراپدا بوو و خەریکبوو چارەسەرێکی خێرای وەردەگرت لە نەخۆشخانەیەک. دوای ئە یادەوەرییە بڕیارمدا کە پەیوەندی پێوە بکەم و هەواڵی بپرسم. لەگەڵ هەواڵ پرسینەکەیشدا، باسی ڕووداوەکانی ئەو کاتەمان کرد پێکەوە. ئەو وتی: “من هێشتایش پەشیمان نیم. ئەرکێکی ئەخلاقی بووە و بەجێم هێناوە”.

لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩دا، ئەو لەگەڵ چەند گەنجێکی هاوڕێیدا بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد و داوای ڕووخاندنی ڕژێمیان دەکرد. لەو خۆپیشاندانەدا، هێزەکانی حکومەت بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەرانی دەدایەوە و هێرشی دەکردە سەریان. سەیف لە یەکێک لە هێرشەکاندا، گازێکی فرمێسکڕژ بە قاچیدا تەقێنرا و چوو بە ئێسقانی قاچیدا. قاچی سەیف ئەوەندە خراپ بریندار ببوو، کە دواتر ناچار بوو قاچی ببڕێتەوە.

حکومەتی ئێستا بە گوێرەی قسە و بەڵێنەکانی بێت ڕێگە دەگرێت لە هەر هێرش و ئازاردانێک کە بکرێتە سەر خۆپیشاندەران و ئەو کەسانەی کە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. بەڵام هێشتا کوشتنی خۆپیشاندەر بەردەوامە، وەک کوشتنی هەر عێراقییەکی تر. سەیف یەکێکە لەو کەسانەی کە هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بەم جۆرە بەڵێنانە نەبووە. ئەو پێی وایە کە گەلی عێراق لەلای حکومەت حسابی گەلێکی مردووی بۆ دەکرێت.

کە تەلەفۆنەکەم لەگەڵ سەیف تەواو کرد، تاریکی بە تەواوی باڵی بەسەر شەقامی ئەلڕەشید کێشابوو هەرچەندە سینەما زەورا کە یەکێکە لە بەناوبانگترین سینەماکانت شارەکە و لە شەقامەکەدایە، بەڵام هیچ کەسێک سەرەی نەبەستبوو تا بچێتە ناو سینەماکە و سەیری فیلمێک بکات. جگە لە هەندێک سەرباز، هیچ کەسێکی دیکە دیار نەبوو و شەقامەکە بە تەواوەتی چۆڵ بوو.

کەمێک زیاتر ڕۆیشتم و چاوم بە کوڕێکی گەنج کەوت، کە لە کۆڵانە تاریکەکانەوە دەرکەوت. منیش چووم قسەی لەگەڵدا بکەم و لێم پرسی کە ئایا لەم ناوچەیە دەژی. ئەو وتی “بەڵێ. من لەو کەسە کەمانەم کە لەم شوێنە ماومەتەوە”. جێگای برینێکی لەسەر قۆڵی پیشاندام کە شوێنی پیاکێشانی ڕوومانەی دەنگی بوو. برینێکی تری سەر قاچی پیشاندام کە شوێنی فیشەک بوو. هەردوو برینەکەیش بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ بۆی دروست ببوو.

لەناو مۆبایلەکەیدا وێنەی ڕووداوەکانی تێدا بوو. وێنەی ئەو خەڵکەی کە لەسەر ئەو شەقامە کۆببوونەوە و ڕووبەڕووی سەربازەکان دەبوونەوە. دەستی بۆ شوێنێک ڕاکێشا و وتی: “ڕێک ئا لەویادا، سەربازەکان کەسێکیان کوشت”. هەندێک جار دەسەڵاتدارە عێراقییەکان دەڵێن کە ئەوە ئێرانییەکان بوون خۆپیشاندەرانیان دەکوشت نەک هێزەکانی عێراق. بەڵام سەیف بڕوای بەمەیش نییە وئاماژەی بۆ ئاساییشی عێراقی کرد و وتی “ئەوان بوون کە ئێمەیان دەکوشت”.

دواتر ماڵئاواییم لەو کرد و بەردەوام بووم لە پیاسەکردنەکەم. سەگی بەڕەڵا و زبڵ و خاشاک لە هەموو شوێنێک هەبوون. دیمەنەکە ساڵی ٢٠٠٣ی بیردەهێنامەوە، ئەو کاتەی کە ئەمریکا لەگەڵ سەدامدا دەجەنگان. ئەوە ١٨ ساڵ تێپەڕیوە و بەغداد هێشتا دەڵێی لە جەنگدایە. کۆپتەرە سەربازییەکان بەسەر کۆڵانە چۆڵەکاندا دەگەڕێن کە کۆڵانی گەنجە بێکار و نەگبەتەکانە. ئەو گەنجانەی کە لەوانەیە بۆ دۆزینەوەی کار چووبێتنە دەرەوە و دواتر لەناو تابووتدا هێنرابێتنەوە ناو ماڵەکانیان. ئەو گەنجانەی کە دواجار تەنها وێنەکەیان دەمێنێتەوە، تا دایکە پیرەکانیان بەدیار ئەو وێنانەوە دابنیشن و شیوەن بگێڕن.:

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە