رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کێشەکانی ئێستای ئەوروپا و جیهان

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێرانی: ئاراس ئەنوەر

یۆڤال نوح حەراری لە دیوانی دارای و ئابووری نەمسا و لەگەڵ چانسلەری نەمسا سێباستیان کروز ئەم ووتارەی پێشکەشکرد، بە ئامادەبوونی نوێنەر و سەرکردە و پارتە سیاسیەکانی زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و جیهان، لە بەرواری ١٣ی ئازاری ٢٠١٩.

کێشەکانی ئێستای ئەوروپا و جیهان

ئەمەوێت دەربارەی داهاتووی ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بە گشتی قسە بکەم، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ناتوانین کاریگەری ئەو دووانە لەسەر یەکتر جۆدا بکەینەوە. هەموومان دەزانین کە هێزی پێشوو “واتە حوکمی پێشوو” لە کێشەدایە. بەڵام کەس دەزانێت کە هێز یان حوکمی نوێ چۆناوچۆنە؟ چۆن ئەو حوکمە نوێیە جیهان داگیردەکات؟ ئایا دەزانین چیرۆکی نوێی داهاتووی جیهان چییە و چۆنە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، با سەرەتا بە کورتی چاو بە چیرۆکەکانی پێشوودا بخشێنینەوە.

لە سەدەی بیستەمدا، سێ چیرۆک هەوڵیاندا شرۆڤە و شیکاری میژووی مرۆڤایەتی بکەن، و پێشنیاری دید و تێڕوانینێک بکەن بۆ داهاتووی ئەوروپا و داهاتووی جیهان بە گشتی. ئەوانیش چیرۆکەکانی فاشیزم و کۆمۆنیزم و لیبڕاڵیزم بوون.

چیرۆکی فاشیزم دەڵێت؛ کە مێژوو لە ئاڵانگاری و ململانێی نێوان گەل و  نەتەوە جیاوازەکاندایە. وە تێڕوانینی بۆ جیهان وەهابوو کە دەبێت لە لایەن تەنها یەک گروپەوە “یەک هێز، یەک ئاڕاستەی سیاسی” داگیربکرێت و زۆر بە توند و تیژی ئەوانی تر بچەوسێنێتەوە.

چیرۆکی کۆمۆنیزم دەڵێت؛ کە جیهان ململانێی نێوان گەل و نەتەوە جیاوازەکان نییە، بەڵکو ئاڵانگاری و ململانێیەکە لە نێوان چینە “طبقات” جیاوازەکاندایە. وە تێڕوانینی بۆ جیهان وەهابوو کە هەموو گروپە جیاوازەکانی مرۆڤ، لە ناو یەک سیستەمی کۆمەڵایەتی سەنتەری و ناوەندگیریکراودا، دەبێت یەکانگیربکرێن، و دڵنیایی یەکسانی بدات، هەتا ئەگەر لەسەر حیسابی بەهای ئازادیشبێت.

چیرۆکی لیبڕاڵیزم ئەوەی ڕوونکردەوە؛ کە مێژوو ئاڵانگاری و ململانێیەکە، نەک لە نێوان گەلەکان و چینەکان، بەڵکو لە نێوان ئازادیخوازی و تایرەنی “حوکمی ستەمکار”یدا. وە تێڕوانینی لیبڕاڵیزم بۆ جیهان ئەوەبوو کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی و ئاشتەوایی، هاوکاری و هەماهەنگی یەکتری بکەن، لەگەڵ کەمترین کۆنترۆڵی ناوەندێتی، هەتا ئەگەر لەسەر بەهای هەندێک نایەکسانی بێت.

وەک هەموومان دەزانین، جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی سارد، چیرۆکی هەردوو حوکمی فاشیزم و کۆمۆنیزمی کردە دەرەوەی ساحەی سیاسی. و بۆ چەند دەیەیەکە کە جیهان لەلایەن جیهانگیری و هێزی ئازادیخوازییەوە حوکمڕانی دەکرێت. ئەم حوکمە لەسەر تێگەشتنێک بناغەی داناوە کە هەموو مرۆڤەکان پشکی خۆیان لە کرۆکی ئەزموون و قازانجەکانیان بەشداری پێ بکەن، بەوەی کە هەموومان بکەرێکین لە هەمان بەها گەردوونییەکاندا هاوبەشین، و هیچ گروپێک نییە کە بە میرات و لە خۆیدا باڵاتربێت لەوانیتر. هاوکاری و هەماهەنگی کردنی یەکتر زۆر خوازراوترە لە ململانێکردنی یەکتر. هەموو مرۆڤایەتی پێویستە پێکەوە کاربکەن بۆ پارێزگاریکردن لە بەها باو و هاوبەشەکان وە زیاتر قازانجە هاوبەشەکان برەوپێبدەین.

لیبڕاڵیزم وەهای پێ ووتین. بۆ هاندان و ئیدارەدانی ئەم هەماهەنگییە؛ لیبڕاڵیزم بە بەهێزکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەولەتییەکان، وە ئاسانکاریکردن بۆ جموجوڵی بۆچوونەکان، کاڵاکان و مرۆڤەکان بە تەواوی جیهاندا، ئامۆژگاریمان دەکات.

ئێستا، “حوکمی ئازادیخوازی جیهانی” زۆر هەڵە و کێشەی بۆ پێشهاتووە، لەوەی کە وەها سەلمێنرابوو کە لە بەدیلەکانی پێش خۆی باڵاترە. جیهانە ئازادەکەی سەدەی ٢١ زۆر ساماندارترە، لە ڕووی مرۆییەوە تەندروستترە، وە زۆر ئاشتیخوازترە لە چاو ئەوانەی پێشتر. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتی، کە خەڵک بەهۆی زۆر قەڵەوییەوە دەمرێت، نەک بەهۆی برسێتیەوە. یەکەم جارە کە بە درێژایی مێژوو، خەڵک بە هۆی زۆر پیرییەوە دەمرێت، نەک بە هۆی تاعونەوە، وە بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە دەمرن، زیاتر لەوەی بەهۆی توندوتیژییەوە بمرن. پەرجوی لیبڕاڵیزم دەکرێت لە بۆچوونێکدا کورت بکرێتەوە، کە جیهانێک دروستکراوە تێیدا شەکر لە باروت ترسناکترە. وەها دەردەکەوێت کە تێکڕای مردنی نەمساییەکان بەهۆی زۆر خواردنی چۆکۆلاتەوەیە نەک بەهۆی تەقینەوەوە لەلایەن ئەلقاعیدە یان هەر ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ترەوە. ئەمە پەرجووە سەرسوڕهێنەرەکەی لیبڕاڵیزمە.

ئەگەر وەها بیربکەیتەوە کە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ زەمەنە ئاڵتونییەکەی پێش لیبڕاڵیزم، کە ڕۆژگارێک هەبووە، ئەمەوێت بزانم ئەو ساڵە کەی بووە کە تۆ بیری لێ دەکەیتەوە. ئەو ساڵەی کە مرۆڤایەتی لە باشترین شێوەدابووە بە بەراورد بە سەرەتای سەدەی ٢١… ئایا ١٩١٩، یان ١٢١٩ بووە، یان وەها خەیاڵ دەکەیت کە دوورتر و کۆنتر برۆین؟

لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵک لە ئەوروپا و بەشەکانی تری جیهان، باوەڕیان بە حوکمی لیبڕاڵیزم لەدەستداوە. ئاڕاستەی تێڕوانینە نەتەوەیی یان ئایینیەکان، وە نرخاندنی گروپێکی دیاریکراو بەسەر گروپەکانی تردا، بۆتە مۆدێل. حکومەتەکان زیاد لە حاڵی خۆی، تەیاری بۆچوونەکان و کاڵاکان و خەڵک سنورداردەکەن، و یاسا نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبەر چاوناگرن. دیوارەکان لە هەموو لایەکەوە بەرزدەبنەوە؛ لەسەر زەوی، لە سایبەرسپەیس، و هەتا بەتایبەتی لەناو مێشکماندا؛ دیوارەکان دووبارە خەریکن هەڵدەچنرێن.

ئەگەر حوکمی لیبڕاڵیزم، جا ئیتر بە هەر بیانوێکبێت، لە ڕوخان و لەناوچونێکی واقعیدایە؟، گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە؛ چ جۆرە حوکم یان هێزێکی جیهانی نوێ جێگەی دەگرێتەوە؟

هەتا ئێستا، ئەوانەی لەگەڵ لیبڕاڵیزمدا لە کێبڕکێدابوون، بەشێوەیەکی سەرەکی کار  لەسەر ئاستی ناوچەیی دەکەن. ئەوانە بۆچوونگەلێکیان هەیە لەبارەی چۆنێتی پێشخستنی سود و قازانجی وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام تێڕوانینێکی بەکار لەمەڕ کار و فەنکشنی جیهان وەک گشت و یەک دەست، پێشنیارناکەن. بۆ نمونە، ناسۆنالیزمی ڕووسی، دەکرێت ڕێنوێنێکی ئەقڵانی بێت بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی ڕووسیا، بەڵام ناسیۆنالیزمی ڕووسی، هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ هەموو مرۆڤایەتی نییە. جگەلەوەی کە، بەدڵنیاییەوە، ناسیۆنالیزم بۆ ئیمپریالیزم، دەگۆڕێ و تەحویل دەبێت، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەکرێت یەک گەل و دەوڵەت، تەواوی جیهان بەتوندوتیژی داگیربکات و حوکمیان بکات.

هەرچەندە، زۆرێک لە دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی سەدەی پێشوو نهێنی فەنتازیای ئیمپریالیستبوونیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، بەڵام ناسیۆنالیستی ئەمرۆ، لە ڕووسیابێت یان ئیتاڵیا، لە تورکیابێت یان چین، لایەنداری داگیرکاری جیهانی ناکەن.

کەوایە، تێڕوانینی ئەوان بۆ جیهان چییە؟

هەندێک لە “نەتەوەپەرست” ناسیۆنالیستەکانی وەک ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا، لێگا لە ئیتاڵیا، و خوازیارانی دەرچوونی بەریتانیا لە ئەوروپا “برێگزیتەرس” بەجێی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆرییەتێکی جیهانی توندوتیژ خەون بە ناسیۆنالیستێکی نێودەوڵەتی ئاشتیانەوە دەبینن.

 ئەوان بانگەشەی ئەوە ئەکەن ” کە لەوڕۆدا، هەموو دەوڵەتان ڕووبەڕووی هەمان جۆری دوژمنەکان دەبنەوە. “بوگیمێن” شەولەبانی جیهانگیری، فرەکەلتوری، و کۆچبەران، کە مەترسی دروست دەکەن، لەسەر تێکشاندن و لەدەستدانی دابونەریت و شوناسی هەموو دەوڵەتان. ئەوان دەڵێن؛ پێویستە ناسیۆنالیست لە هەرکوێی جیهان هەیە، هۆکاری هاوبەش و پێکەوەیی لە دژایەتیکردنی ئەم مەترسییانەی هێزە جیهانگیریخوازەکانی ئێستا، دروست بکەن. هەنگارییەکان، ئیتاڵییەکان، و بەریتانییەکان، پێویستە دیوار دروست بکەن و پردەکان بڕوخێنن، و جموجوڵی خەڵک “ئەوانیتر”، کاڵاکان، و بۆچوونەکان، هێواش بکەنەوە.

ئیتر جیهان دابەشدەبێت لە نێوان دەوڵەت و گەلی جیاکراوە، و هەریک لەگەڵ پیرۆزی شوناس و دابونەریتەکانی خۆی، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بۆ هەموو جیاوازییەکان، و هەموو دەوڵەتەکان دەتوانن بە ئاشتییانە بوونی هاوبەشیان هەبێت. هەنگاریا بۆ هەنگارییەکان بێت، و ئیتاڵیا بۆ ئیتاڵییەکان بێت، و بەریتانیا بۆ بەریتانییەکان بێت، و ئیتر هەموو دەزانن کێن و پێگەی گونجاوی ئەوان لە جیهاندا چییە. ئیتر ئەوە جیهانێک دەبێت بەبێ کۆچکردن و کۆچبەران، و بەبێ بەها گەردوونیەکان، و بەبێ فرەکەلتوری و بەبێ کەمینەی جیهانی، بەڵام، لەگەڵ هەندێک بازرگانی و پەیوەندی نێودەوڵەتی ئاشتیانەدا. بە مانایەکیتر، ناسیۆنالیستی نێودەوڵەتی دید و تێڕوانینی بۆ جیهان ئەوەیە کە تۆڕی پەیوەندی دیواری لەنێوان وڵاتان هەبێت، بەڵام دیواری سنوربەند و قەڵاکانیان دۆستانەبن.

کلیلی کێشەی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە دیواری سنوربەند و قەڵاکانی نێوانیان، بە دەگمەن دۆستانەن. هەر دیوارێکی سنوربەند هەمیشە زەوییەکی زیاتر، و ئەمنییەتێکی زیاتر، و بوژاندنەوەیەکی زیاتری بۆ خۆی دەخوازێت، ئەویش لەسەر بەرفراوانبوون لە ناو زەوی دراوسێکانیدا. بەبێ هاوکاری بەها گەردوونییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، بەربەرەکانێ و پێشبڕکێی دیوارە سنوربەندییەکان ناتوانن لەسەر یاسا هاوبەشەکان ڕازیببن. هەموو هەوڵەکانی پێشوو لە میژوودا، بۆ دابەشکردنی جیهان بەسەر چەند دەوڵەتێکی بە ئاشکرا لێک جیاکراوەدا، دەرئەنجامەکەی جەنگ و کۆمەڵکوژی بووە. بەڵام ئەتوانین بڵێین، ئەگەر ئەوە ڕوویدا کە ئێمە لە ناو دەوڵەتێکی تایبەت و بەهێز، و  دیواری سنوربەندی بەهێزدا بژین، وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، و ڕووسیا، بۆچی ئێمە گرنگی بەو بابەتانە بدەین؟

هەندێک لە ناسیۆنالیستەکان، لە نێوخۆیاندا، بە پێداگرییەکی زیاتر جۆداخوازە مکوڕەکان پەروەردە دەکەن و پێگەیان پێدەدەن. ئەوان بڕوایان بە ئیمپڕاتۆریەتی جیهانگیری نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕوایان بە تۆڕی پەیوەندی دیواری سنوربدەنی جیهانی نییە. و ئەوان بە پێداگرییەوە، نەهی “ئینکاری” پێویستی بوونی هەر حوکمێکی جیهانی دەکەن، جا ئیتر ئەو حوکم یان هێزە، هەرچی بێت و هەرچۆن بێت. ئەوان دەڵێن؛ دیواری سنوربەندی ئێمە، پێویستە پردە جوڵاوەکانی بەرزبکاتەوە، و ئیتر هەموو ئەوانی تری جیهان “ئەوانەی دەرەوەی ئێمە” بە دۆزەخ. ئێمە پێویستە هاتنە ناوەوەی خەڵکی بێگانە، و کاڵای بێگانە، و بۆچوونی بێگانە قەبوڵ نەکەین، هەتا دیوارەکانمان بەهێزبن و پاسەوانەکانمان بە ئەمەکبن کێ گرنگی دەدات کە چی بەسەر بێگانەکاندادێت؟

ئەم جۆرە جۆداخوازییە توندە، بە تەواوی لە ڕاستەڕێی ئابوری جیهانی جیادەبێتەوە و تەڵاق دەدرێت. بەبێ تۆڕی پەیوەندی بازرگانی جیهانی، ئابووری هەموو دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکان دادەڕمێت، لە ناویشیاندا کۆریای باکور. وە زۆرێک لە وڵاتان، بەبێ بازرگانی جیهانی، ناتوانن خواردن بۆ خۆیان دابین بکەن. سەرکردە ناسیۆنالیستەکان هەندێک جار شوێن جۆرێک لە بەدکاری و تەشقەڵەکردن بە بازرگانی جیهانی دەکەون، بەڵام هیچکامیان پێداگرنین لەسەر بەتەواوی دورخستنەوە و وەدەرنانی وڵاتەکەیان لە تۆڕی پەیوەندی بازرگانی جیهانی، وە ئێمەش ناتوانین ببینە خاوەنی تۆڕی پەیوەندی بازرگانی جیهانی، بەبێ حوکم و هێزای جیهانگیری، کە یاساکانی یارییەکە جێگیردەکات. لەوەش گرنگتر، جا ئیتر خواست و حەزی خەڵکی لەسەربێت یان نا، مرۆڤایەتی ڕووبەڕوی سێ کێشەی باوی نوێی بێ وێنە بۆتەوە کە گاڵتەجاڕی بە سنوری نەتەوەیی دەکەن، و تەنهاوتەنهاش بە هاوکاری و هەماهەنگی جیهانی چارەدەکرێن، ئەوانیش؛ جەنگی بۆمبی ناوەکی، گۆڕانی ژینگەیی، و تەشویش و بێزارکەری تەکنەلۆجیا. تۆ ناتوانیت دیوارێک دروست بکەیت لە دژی ئەتۆمی وەرزی زستان، ناتوانیت دیوارێک دروست بکەیت لە دژی گەرمبوونی زەوی، وە هیچ دەوڵەت نەتەوەیەک ناتوانێت بلیمەتی دەستکرد (AI) و ئەندازیاری بایۆلۆجی، بە تەنها بۆ خۆی چێ بکات، چونکە هیچ حکومەتێک نییە کۆنترۆڵی زانایان و ئەندازیارانی هەموو جیهان بکات.

بۆ نمونە، بەڕێوەبردنی تاقیکرنەوەی ئەندازیاری جێنێتیکی لە مرۆڤدا، لەبەرچاوبگرین. هەموو وڵاتان دەڵێن؛ ئێمە نامانەوێت ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە بەڕێوەببەین؛ ئێمە پیاوی باشین!، بەڵام چۆن بزانین کە دوژمن و بەربەرەکانیکەرانی ئێمە کاری لەسەر ناکەن؟ ئێمە ناتوانین باوەڕیان پێ بکەین، و ڕێگەیان پێ نادەین کە لەسەروی ئێمەوەبن، بۆیە پێویستە پێش ئەوان، ئێمە ئەو تاقیکردنەوەیە بکەین. بە هەمان شێوە، ڕۆبۆتە بکوژەکان، واتە گەشەکردنی سیستەمی چەکی خۆبەڕیوەبەری، لەبەر چاوبگرین، دووبارە، هەموو وڵاتان دەڵێن؛ ئەوە تەکنەلۆجیایەکی زۆر مەترسیدارە، پێویستە زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێمە باوەڕ بە دوژمنەکانمان ناکەین کە ڕەنگە مامەڵەی پێوەبکەن، بۆیە پێویستە ئێمە سەرەتا و پێش ئەوان گەشەی پێبدەین، ئەوەش سەلامەتترین کارە کە بیکەین.

ئەگەر ئێمە ڕێگەبدەین بە پێشبڕکێی گەشەسەندنی سوپای ئەی ئای (AI) و سوپای جێنێتیکی، ئیتر گرنگ نابێت کە کێ لە پێشبڕکێکەدا براوەدەبێت؛ بەڵام دۆڕاوەکە مرۆڤایەتییە. و تەنها شتێک کە پێشبگرێت لەم پێشبڕکێ سوپاییە خاپورکارییە، دروستکردنی دیوار لە نێوان وڵاتاندا نیە، بەڵکو لەوە زیاتر، دروستکردنی متمانەیە لە نێوان وڵاتاندا – کە ئەمەش کارێکی نەکردە نییە. بۆ نمونە، ئەگەر ئەمڕۆ ئەڵمانییەکان بێن بۆلای فەرەنسییەکان و پێیان بڵێن؛ باوەڕمان پێبکەن، ئێمە تەمایەری گەشەپێدانی ڕۆبۆتە بکوژەکان نین لە تاقیگەیەکی نهێنی لە ژێر چیاکانی ئەلپی باڤاریا، فەڕەنسییەکان باوەڕ بە ئەڵمانەکان دێنن، سەرەڕای ئەو مێژووە پڕناسۆرەی لە نێوانیاندا هەبووە.

ئێمە پێویستمانە بەلایەنی کەمەوە هەوڵی دروستکردنی متمانەیەکی جیهانی بدەین. پێویستە بە خاڵێک بگەین، کە ئەمریکییەکان و چینییەکان وەک ئەڵمانی و فەڕەنسییەکان باوەڕ بە یەکتری بکەن و متمانەی هاوبەش لە نێوانیان دروست بکەن. و بە هەمان شێوە، پێویستمان بە تۆڕێکی سەلامەت و پارێزراوی جیهانییە، کە پارێزگاری لە هەموو مرۆڤایەتی بکات لە دژی شۆک و مەترسییە ئابوورییەکان، کە زۆر نزیکە ئەی ئای (AI) بەریانبدات. چەک و ئامێرە خۆکارکردەییەکان سامانێکی گەورە پێکدەهێنن لە تەوەری ناوکی تەکنەلۆجی بەرزدا، وەک هەردوو ناوچەی سیلیکۆن ڤالی کالیفۆڕنیا، و ڕۆژهەڵاتی چین. بەڵام خراپترین کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە تازەپێگەشتووانە دەبێت کە ئابوورییەکانیان لەسەر دەستی کاری هەرزان بەندە. لە کالیفۆڕنیا هەلی کار بۆ ئەندازیارانی بەرنامەسازی زۆردەبێت، بەڵام بۆ شۆفێرێکی بارهەڵگری مەکسکی و کرێکاری کارگەکان، هەلی کار زۆر کەمدەبێت. بۆیە هەتا نەگەینە دۆزینەوەی چارەیەک بۆ قەیران و تەنگەژەکان لەسەر ئاستی جیهانی، ڕەنگە هەموو دەوڵەتان بڕوخێن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری فەوزا و توندوتیژی و شەپۆلی کۆچکردن کە هەموو جیهان ناجێگیر و شێواو دەبن.

پێموایە، ئەمە تێڕوانینێکی گونجاوە بۆ خوێندنەوەی گەشەسەندنەکانی ئێستای ئەوروپا، وەک قەیرانی یەکگرتووی دەوڵەتانی ئەوروپا و کەیسی برێگزت”چوونە دەرەوەی بەریتانیان لە ئەوروپا”. برێگزت خۆی لە خۆیدا، بیرۆکەیەکی خراپ نیە، بەڵام پرسیاری جدی لەسەر یەک جەختکردنەوەیە؛ ئایا ئەم کەیسە، ئەوەیە کە ئەوروپا و بەریتانیا جەختی لەسەر بکەنەوە لە ئێستادا؟ برێگزت چۆن هاوکاری ڕێگریکردن لە جەنگی ناوەکی دەکات؟ وە چۆن هاوکاری کێشەی گۆڕانی کەش و هەوا دەکات؟ وە برێگزت چۆن هاوکاری ڕێکخستنی ئەی ئای AI و بایۆئینجنیەرین دەکات؟ تەواو ڕوونە، کە بەجێی هاوکاری، بەدڵنیاییەوە برێگزت کێشەکان بۆ چارەسەرکردن زۆر گرانتردەکات. وە هەر خولەکێک کە ئەوروپا و بەریتانیا لە بابەتی برێگزت بە خەرجی دەدەن، خولەکێک کەمتردەبێتەوە لەو کاتەی کە پێویستە لە کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانەکانی AI خەرجی بکەن. ئەگەر شکستمان هێنا لە چارەسەری کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕیکخستنەوەی AI لە ماوەی ٢٠ ساڵدا، منداڵەکانمان ئاوڕمان بۆ دەدەنەوە و لێمان دەپرس؛ بۆچی لە کاتی خۆیدا ئەمەت نەکرد؟…

ئایا ئێمە چی بڵێین؟ ببورن منداڵەکان، ئێمە زۆر لەم مەسەلەیەوە دووربووین و سەرقاڵی برێگزت بووین، کاتی ئەم کێشە بچوکانەمان نەبوو. کەوایە، بۆ ئەوەی لە سەدەی ٢١دا ڕزگارببین و بگەشێینەوە، ئەوروپا و مرۆڤایەتی بە گشتی، پێویستیان بە هەماهەنگییەکی جیهانی باشتر هەیە. وە پێویست ناکات ناسۆنالیزم ڕێگری لەو هاوکاری و هەماهەنگییە جیهانییە بکات. ئەزانم کە هەندێک سیاسی وەک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت کە ناگونجێن و بەرپەرچێکی ئەزەلی و خۆرسک هەیە لە نێوان ناسیۆنالیزم “نەتەوەگەرایی” و گلۆباڵیزم “جیهانگەرایی”، و پێویستە ئێمە جیهانگەرایی ڕەتبکەینەوە و نەتەوەگەرایی هەڵبژێرین. بەڵام من پێموایە کە ئەمە هەڵە جەوهەرییەکەیە؛ لە ڕاستیدا هیچ جیاوازی و ناگونجێنێک لە نێوان ناسیۆنالیزم و گلۆبالیزم نییە. نەتەوەگەرایی بە مانای ڕقلێبونەوە لە بێگانە نایەت، ئەوەنەی بە مانای ئاگاداری و پاراستنی هاو-وڵاتەکان “compatriot” دێت. ئێستا و لە سەدەی ٢١دا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سەلامەتی و سەرمایەی هاو-وڵاتەکەت بکەیت، پێویستە لەگەڵ بێگانەکاندا لە هەماهەنگیدابیت. بۆیە پێموایە، ناسیۆنالیستێکی باش، ئەتوانێت ببێتە گلۆبالیستێک و هیچ جیاوازی و ناگونجێنێک لەمەدا نیە. گلۆباڵیزمیش لەلایەکی ترەوە، بەمانای نەهی کردنی پێبەندی و دابونەریتی نەتەوەکان نایەت، وە بەمانای کردنەوەی سنورەکان نایەت بۆ ژمارەی بێ سنوری کۆچبەران. “Conspiracy Theory” تیۆرییەکی موئامەرە لە هەموو جێیەکدا، هەتا لە نەمساش هەیە، کە گوایە گلۆباڵیزم دەیەوێت هەموو پێبەندی و تەقەیوداتەکان بۆ خاتری کۆچکردن نەهێڵێت، وە بە میلیۆنان کۆچبەر بۆ ئەوروپا لێشاوبکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بێ مانایە، هەندێک لە گلۆباڵیستەکان دەناسم، کە هیچیان ئەمەیان ناوێت. لە ڕاستیدا گڵۆباڵیزم بە مانای دوو مۆدێلی ئاگایی دێت؛ یەکەم بنەما؛ کردەی قەبوڵکردن و بەشداریکردنی یاسا جیهانییەکانە. ئەم یاسایانەش ئینکاری ناکەن لە یەکگرتنی هیچکام لە دەوڵەت نەتەوەکان و دڵسۆزی و پابەندی هاوڵاتیانی هەرکام لە نەتەوەکان. لەوەزیاتر، یاسا جیهانییەکان پەیوەندی نێوان دەوڵەت و نەتەوەکان ئاڕاستەدەکات. ڕێگەیەکی باش بۆ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە، یان باشترین مۆدێل بۆ جیهان، یاری جامی جیهانی تۆپی پێیە. جامی جیهانی، پێشبڕکێیە لە نێوان وڵاتان “نەتەوەکان”، و خەڵکی بە خەستی دڵسۆزی خۆیان بۆ تیپی وڵاتی خۆیان دەردەبڕن. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم یارییە جیهانییە نمایشێکی ناوازەی هارمۆنی جیهانییە. فەرەنسا ناتوانێت لە دژی کرواتیا یاری بکات، هەتا تیپی هەردوو وڵات بە هامان یاساکانی یاریکردن ڕازی نەبن. هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و لە سەدەی یانزەدا، ئەوە بەتەواوی قورس و نەگونجاوبوو کە خەڵکانی فەرەنسا، کرواتیا، یابان و ئەرجەنتین بهێنیت بۆ ئەوەی پێکەوە لە ڕووسیا یاری بکەن. هەتا ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشە لۆجستییەکانت چارەبکردایە بۆ ئەوەی بیانهێنین و لە ڕووسیا کۆیان بکەینەوە، ئەوان بە هەمان یاساکانی یاریکردن ڕازی نەئەبوون. بەڵام ئەمڕۆ ئەتوانین ئەوە بکەین، ئەوەش بە کرداری کردنی گلۆباڵیزمە. ئەگەر تۆ یاری تۆپی پێت بەلاوە خۆشە، کەوایە تۆ گلۆبالیستیت. دووەم بنەما؛ ئەوەیە هەندیک جار سود و قازانجەکانی جیهانگیری بەسەر نەتەوەکاندا لەبەرچاو دەگرین، هەمووکات نا، هەندێک جار. بۆ نمونە لە یاری جامی جیهانی تۆپی پێدا، هەموو تیپەکان بە بەکارنەهێنانی ماددە ووزەبەخشە ڕێگەپێنەدراوەکان، کە بۆ باشترکردنی ئەدای وەرزشکارەکان بەکاردێت، ڕازی دەبن. هەتا ئەگەر نازناوەکەت بە هۆی پێدانی ماددەی ووزەبەخش بەیاریزانەکانت ببیەتەوە، پێویست ناکات ئەوە بکەیت، چونکە ئەگەر ئەوەت کرد تیپەکانی تریش بە هەمان ڕێگای تۆدا ئەچنەوە، و جامی جیهانی تۆپی پێ دەبێت پێشبڕکێی نێوان بایۆکیمیستەکان نەک یاریزانەکان، ئیتر وەرزش خراپ و بێزراودەبێت. هەر وەک یاری تۆپی پێ، لە ئابووریشدا بە هەمان جۆرە. ئێمە پێویستە باڵانسێک لە نێوان قازانجی دەوڵەت “نەتەوە” و قازانجی جیهانیدا بدۆزینەوە. هەتا لە جیهانێکی گلۆبەڵایزکراودا، زۆربەی زۆری ئەو باجانەی کە دەیدەیت، دەچێت بۆ باشترکردنی بواری تەندروستی و پەروەدەیی خەڵکانی نەتەوە و وڵاتەکەی خۆت. بەڵام هەندێک جار دەوڵەتان بە هێواشکردنەوەی گەشەسەندنی ئابوورییان، پێشخستنی بواری تەکنەلۆجییان ڕازی دەبن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا و بڵاوبونەوەی مەترسییەکانی تەکنەلۆجیا.

ئەم ووتارە، بانگەشەکردنێک نییە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی گلۆباڵی، کە تێڕوانین و بانگەشەیەکی زۆر ناپەسەند و مەترسیدارە. لەوە زیاتر، ئەمە بە ئامانجگرتنی پێویستییەکە کە بوونی هارۆمنییەتە بەبێ یەکچونی و هاوشێوەیی، وەک ئۆرکسترایەکە کە ئالەتەکانی ژەنین جیاوازن بەڵام بەو جیاوازییەشەوە دەتوانرێت بە هاڕمۆنی و گونجادنەوە بژەنرێن. ئەگەر هەموو ئالەتەکان لە یەکبچن، ئەوە مانای بێ ژیانی و نازیندووی دەبێت، ئەگەر هەر ئالەتێک هەمان کاری خۆی بکات، بەبێ گەڕانەوە و پێزانینی تەواو بۆ ئەوانیتر، ئەوەی دەیبستیت ژاوژاوێکی ناچیزەیە. ئـێمە پێوسیتمان بەوەیە کە ڕێگایەکی ناوەندی و بە باڵانس وەدۆزین. هەتا ئێستا نمونەی “یەکێتی ئەوروپا” باشترین نمونەی تاقیکراوەی سەرکەوتووی بەردەستە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی ناوەندگیر، و دروستکردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکی کاریگەر لە نێوان سەدان میلیۆن خەڵکدا، بەبێ فشار دروستکردن بۆ لێکچوون و هاوشێوەیی، بەبێ فشار دروستکردن بۆ یەک حکومەتی، یەک زمانی، و یەک ناشناڵیتی بەسەر هەموواندا. من هیوایەکی زۆرم هەیە کە ئەزمونکردنی ئەم هارمۆنی بەبێ هاوشێوەییە، پێشبخرێت و بۆ هەموو مرۆڤایەتی جێگیربکرێت، و بۆ ئەوروپا کە خزمەتی ئەو مۆدێلە بکات لە تەواوی ناوچەکانی تری جیهاندا. ئەوەیش لە بنچینەدا تێڕوانین و ڕوئیای منە بۆ ئەوروپا، کە پێویستە فێری جیهان بکات کە چۆن بە ئاشتیانە هەماهەنگی یەکتر بکەن، بەبێ فشاری یەک سیستەمی زاڵ یان یەک حکومەت بەسەر هەموواندا.

ئێستا، بۆ کورتە و کۆکردنەوەی مانای ئەوەی باسکرا لە کرداریدا، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو یان ساڵی داهاتوودا؟ من دەڵێم ئەوە بەمانای پێدانی کێش و پەرۆشی زیاتردێت بە کێشەکان و سودەکانی جیهانگیری، لە ناو بوونی نەخشەڕێگا و چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەکاندا. هەڵبژاردنەکان نزیکدەبنەوە، هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا و هەڵبژاردنی ناو دەوڵەتانی یەکێتییەکە. کاتێک هەڵبژاردنەکان هاتنە پێش، داواتان لێ دەکەم چوار پرسیار لە سیاسییەکانتان بکەن، ئەو سیاسییانەی خۆیان هەڵبژاردووە و داوای دەنگتان لێ دەکەن، ئێوش پێویستە چوار پرسیاریان لێ بکەن:

یەکەم؛ ئەگەر تۆ هەڵبژێردرایت، ئەو ڕێگا و کردەوانە چین کە دەیانگریتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی جەنگی ناوەکی؟

دووەم؛ ئەو کارانە چین کە دەیانکەیت، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا؟

سێیەم؛ ئەو کارانە چێن کە دەیانکەیت بۆ ڕێکخستن و ئیدارەدانی جاراسکاری تەکنەلۆجی، وەک  ئەی ئای AI و بایۆئینجنییەرین؟

چوارەم؛ و کۆتا پرسیار، جیهان لە ساڵی ٢٠٥٠دا چۆن دەبینیت؟ لە تێڕوانینی تۆدا، خراپترین سیناریۆ و باشترین سیناریۆ بۆ داهاتوو چییە؟ لەبەر ئەوەی پێویستمان بە ڕوئیا و تێڕوانینەکانە بۆ داهاتوو. ئەگەر هەندێک لە سیاسییەکان لە پرسیارەکانتان تێنگەشتن یان ئەگەر بە بەردوامی دەربارەی ڕابردوو قسەیانکرد، بەبێ فۆڕمەلەکردنی تێڕوانینی مانادار بۆ داهاتوو، دەنگیان پێ مەدەن.

هاوشێوە