رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕێگای گەیشتنی وڵاتانی کەنداو بە ئازادی ڕادەربڕین

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕەنا سەباغ

وەرگێڕانی: ژیر دانا

زۆربەی ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکان لە ئێستادا تەواوی کارکردنیان لە سێ وشەدا کورتبووەتەوە، بینینین، بیستن لەگەڵ باسنەکردنی خراپە. ئەمەیش لەپێناو ئەوەی کە بە سەلامەتی بمێننەوە کارەکەیان نەبێتە هۆی ئەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبێت. بەتایبەت کە لە ناوچەیەکی مەترسیدار دەژین کە ستەمکاری و حوکمی دیکتاتۆری تیایدا زاڵە و لەدوای بەهاری عەرەبی کە بۆ ماوەیەکی کەم لەدوای ساڵی ٢٠١١ کەشێکی لەباری دروستکرد بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، لەو کاتەوە هیچ کەشێکی دیکەی لەو جۆرە بۆ ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکان نەڕەخساوە.

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، مێژوویەکی درێژی هەیە لە کپکردنی دەنگە ئازاد و ڕەخنەگرەکان. بەهاری عەرەبی لە کاتی خۆیدا دەرفەتێکی کورتخایەن بوو کە بەهۆیەوە میدیا توانی ببێتە بە خاوەنی دەنگێکی ڕەخنەگرانە، بەڵام زۆری نەخایاند و زوو کۆتایی پێهات. بۆ نموونە کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ سوپا دووبارە دەسەڵاتی میسڕی گرتەوە دەست، ڕۆژنامەنووسەکان بە زوویی گەڕانەوە سەر ئەو شێوازە کارکردنەی کە لە پێشتردا کاری پێدەکرا و دەنگە ئازادەکەیان نەما. ئەگەر واشیان نەکردایە، ئەوا ڕووبەڕووی تەنگەژە و زیاندانیکردن دەبوونەوە، بەهۆی ئەو یاسا نوێ و یەک لەدوای یەکانەی کە بەناوی یاسانەی دژوەستانەوەی تیرۆر دەردەکران. کە دواتر لە وڵاتانی دیکەی وەک ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سعودیەیش هەمان شت ڕوویدا.

ئێستا لەژێر سایەی ئەم جۆرە یاسایانەدا، هەرکەس لایکی پۆستێکی فەیسبووک یان تویتێک بکات کە دەسەڵات بە جۆرێک لێکی بدەنەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەگەری گرتن و دادگاییکردنی ئەو کەسە دروست دەبێت. لەم ساڵانەی دواییدا بە دەیان دادگایی لەم جۆرە ئەنجامدراون لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست.

ئەم جۆرە یاسایانە لەپاڵ کۆنترۆڵکردنی بەردەوامی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵات و حکومەتەکانەوە، مەترسییەکی گەورە و ڕاستەقینەیە بۆ سەر ڕای ئازاد بەتایبەت لەناو دنیای سۆشیال میدیاکاندا. بەهۆی ئەم یاسایانەوە چەندین حکومەتی دیکتاتۆری بە تەواوەتی کۆنترۆڵی خەڵکەکەی ژێردەستیان کردووە و کۆتا بزماریان لە تابووتی ڕای ئازاد لە وڵاتەکەیان کوتیوە.

لە دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر بەهاری عەرەبیدا، وڵاتی تونس تاکە وڵاتە کە وەک نموونەیەکی باش سەیری بکەین کە توانیبێتی دەستکەوتە کاتییەکانی بەهاری عەرەبی بهێڵیتەوە. لەوی ئاساییش و ئازادی و بەتایبەتیش ئازادی ڕادەربڕین لەچاو وڵاتانی دیکە باشترە. تەلەفیزیۆنی فەرمی حکومەتی تونس لەچاو جاراندا کە خزمەتکارێکی بەئەمەکی سەرۆکە دیکتاتۆرەکە بوو، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە و تەنانەت لەچاو ڕکابەرەکانیشیدا، زیاتر جێگای متمانەی خەڵکە. تاکە کێشەی گەورەی ئەو وڵاتە لە ئێستادا دەکرێت ئەو کۆنترۆڵکردنەی بازرگانی و پیشەسازی بێت کە لەلایەن پارتە سیاسییەکان و سەرمایەدارانەوە کۆنترۆڵکراوە و بەردەوام هەوڵی زیادکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، لەڕێگای پیشەسازی وڵاتەکەوە.

تەواوی وڵاتەکانی تر بە سوریا، لیبیا و یەمەنیشەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بە تەواوەتی گەڕانەوە سەر رێبازەکەی پێشوویان و جەنگ و ستەمکاری تیایاندا دروستبووەوە. تەنانەت زۆر بە توندتر لە جاران دژی ئازادییەکانی مرۆڤ وەستاون و بەتایبەتیش ئێستا کە تەکنەلۆژیا باڵادەستە بەسەر ژیانی خەڵکیەوە، ئەوان کۆنترۆڵی تەکنەلۆژیاشیان کردووە و کردوویانە بە ئامرازێکی دیکە بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک و هێشتنەوەی دەسەڵاتی تاکڕەوی.

بێدەنگکردنی میدیای ڕەخنەگر

لە ئێستادا ڕۆژنامەنووسان، ستووننووس و پێشکەشکارەکان لەپێناو ئەوەی کە ژیانی خۆیان لەدەست نەدەن، پێویستە بێدەنگی هەڵبژێرن لە بەرامبەر هەموو ئەو ناڕەوایەتییانەی کە دەیبینن. یان بێدەنگی، یان چوونە بەرەی دەسەڵات.

ئەوان بۆ ڕزگارکردنی خۆیان ناچار دەکرێن کە ببن بە خزمەتکاری حکومەت و دەسەڵاتەکان. بۆ نموونە لە ئوردن لەم ماوانەی دواییدا بەلایەنی کەمەوە سێ لە دیارترین و چالاکترین ڕۆژنامەنووسەکان، پۆستی باڵای حکومیان پێدراوە و خۆیشیان بوون بە دەسەڵاتدار. ئەمەیش مەترسییەکی گەورە و ڕاستەوخۆی خستووەتە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دیکە کە دەیانەوێت بە ئازادی کاربکەن و خاوەنی ڕای ئازادی خۆیان بن. چونکە بەردەوام مەترسی هێرشکردنیان لەسەرە لەلایەن حکومەت، سیاسییە گەندەڵەکان، میلیشیا و چەتەکان، تەنانەت خەڵکی ئاسایی و بەڕێوبەرەکانی خۆیشیان کە پێکەوە کاردەکەن.

لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەوانی و سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت ساڵانە، وڵاتانی کەنداو هەمیشە ئەو وڵاتانەن کە لەسەر نەخشەکان بە ڕەنگی ڕەش و مەترسیدار دیاری دەکرێن و بە مەترسیترین شوێنی سەر زەوی دەزانرێن بۆ کاری ڕۆژنامەوانی. بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکانیش دەستیان لە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆیان و مافە دیموکراسیەکانیان بەرداوە تەنها لەپێناو ئەوەی کە داهاتێکی جێگیر و بەردەوامیان هەبێت.

ئەوان ژیانکردن لەژێر سایەی دیکتاتۆری و ستەمکاریدا، دەکەن بە جێگرەوەی مردن و فەوزا. چونکە ئەوان هەر لەکاتی لەدایکبوونیانەوە لەگەڵ ستەمکاریدا ژیاون، پێی ڕاهاتوون و دەتوانن لەگەڵیدا بژین. بۆیە کاتێک هەڕەشەی مردنیان لەسەر دەبێت، بێدەنگی و مانەوە لە دۆخی هەبووی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەمەیش سەیر نییە و چاوەڕونکراوە کاتێک سەیری مێژوو و دۆخی ئیستای ئەو وڵاتانە دەکەین. ئازادی ڕۆژنامەوانی هەمیشە لاواز بووە یاخود هەر نەبووە و بە ئەگەری زۆریشەوە بەو جۆرە دەمێنێتەوە ئەگەر بەم دۆخەی ئێستاوە بەرەو داهاتوو بچین. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو ڕێگریانەی کە لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دروستبوون، ئەم ڕاستیەی زیاتر سەلماند.

حکومەتی وڵاتانی کەنداو ئەوەیان بڕاندووەتەوە کە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، لە سیاسەت و بەڕێوەبردن، لە چارەسەرکرندی قەیرانەکان و لاوازی سیستەمی تەندروستی هیچی ڕێگەپێدراو نین. لەجیاتی ئەوە میدیا و ڕۆژنامەنووسان پێویستە ببن بە ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە قازانجی حکومەتەکان. ئەوانەیشی کە بەڕاستی خەریکی کاری ڕۆژنامەوانین و هەواڵی ڕاست و دروست دەگوازنەوە، دەبێت زیندانی بکرێن و هەندێکجاریش بکوژرێن.

گەڕانەوەی مافە شارستانی و سیاسییەکان

وەکو کەسێک کە بۆ نزیکەی چل ساڵ دەبێت ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەکانی وڵاتانی کەنداو دەنووسێت و هەواڵەکانی ئەو ناوچەیە بە دنیای دەرەوە دەگەیەنێت، دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەم حەوت ساڵەی ڕابردوو حەوت ساڵی هەتا بڵێیت کارەساتبار و پڕکێشە بووە لە پەیوەند بە مافی شارستانی و سیاسیی هاوڵاتییەکان.

لە وڵاتەکەی خۆم کە ئوردنە، من وازم لە نووسین بۆ دوو سەرچاوەی هەواڵی هێنا دوای ئەوەی کە سانسۆر خرایە سەر کارکردنم و ڕێگە بە بەردەوامبوونم نەدرا. لە وڵاتێکی وەکو میسڕ، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سووکایەتی پێکردنیان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بوون بە هەڵوێستێکی ئاسایی و دووبارە لەدوای هاتنە دەسەڵاتی عەبدولفەتاح سیسی.

وەکو ڕۆژنامەنووس و ستووننووسێک، من لە ئێستادا کراومەتە ژێر چاودێرییەکی بەردەوام و تەواوی کار و چالاکیەکانم لەژێر چاودێریدا. تەنانەت ئەو هاوڕێ و کەسانەیشی پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەیە یان وەکو سەرچاوە بەکاریان دەهێنم بۆ هەواڵی وەک سیستەمی بایۆمەتری پاسپۆڕت، تا دەگات بە قاچاخچێتی بە جگەرە، لەژێر چاودێریدان و ئەوانیش مەترسییان لەسەرە. تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، سێ حاڵەتی لەو جۆرە هەبووە کە پەیوەندی بە سەرچاوەیەک بکەم و ئەوانیش ڕەوانەی دەسەڵات و لایەنی ئەمنیم بکەن بەهۆی ئەو چاودێریەی کە لەسەریانە.

پێوەرە شووم و خراپەکانی ئێستا

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە من چاودێری وڵاتە عەرەبیە جیاوازەکان دەکەم کە چۆن دەستیانکردووە بە دروستکردن و سەپاندنی هەندێک پێوەری شووم و خراپ بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و بەسەر ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکانیان دەیسەپێنن. ئەو سیاسەتە لە وڵاتی میسڕەوە دەستی پێکرد و دواتر وڵات بە وڵات هەمان سیاسەتیان دووبارە دەکردەوە. یەکێک لە خراپترین لایەنەکانی ئەو جۆرە سیاسەتە، شاردنەوەی و بە نهێنی هێشتنەوەی زانیارییە. لە وڵاتەکەی خۆم کە ئوردنە و گوایە ئوردن بە یەکێک لە کراوەترین و دیموکراسیترین وڵاتی عەرەبی باسی خۆیان دەکەن، ڕۆژنامەنووسەکانی هاوڕێم بەردەوام کێشەی ئەوەیان هەیە کە زانیاری تەواو و دروستیان پێنادرێت. بۆ نموونە لە ئێستادا لە هەر ١٠ داواکارییەک کە ڕۆژنامەنووسان هەیە بۆ دەستخستنی زانیاری، تەنها ٢ داواکاری وەڵام دەدرێنەوە بە شێوەیەکی تێکڕا و ئەوانی تر پشتگوێ دەخرێن. ئەمەیش لەکاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١١ دۆخەکە باشتربووە و لە هەر ١٠ داواکارییەک، نزیکی ٦ داواکاری وەرگیراوە. واتە لە ئیستادا کاری ڕۆژنامەنووسان بۆ دەستخستنی زانیاری گرینگ و پێویست زۆر سەختتر بووە لە چاو جاران.

دەزگا میدیاییەکانیش لەلایەن حکومەتەکانەوە سانسۆر دەکرێن یان ناچار دەکرێن کە خۆیان سانسۆری خۆیان بکەن. لە ڕاپرسییەکدا کە لە ئوردن ئەنجامدرا و تیایدا نزیکەی ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس بەشدارییان کرد، دەرکەوت کە ڕێژەی ٩٥،٢٪ی بەشداربووەکان ناچار کە خۆیان سانسۆری خۆیان بکەن و ناوێرن ئەوەی کە دەیانەوێت بینووسن. بەتایبەت ڕەخنە لە پاشای وڵات، دەزگا ئەمنییەکان و سەرۆک خێڵکەکان.

ڕۆژنامەنووسێکی هاوڕێم لە ئوردن خەریکی کارکردن بوو لەسەر کەیسی بە هەدەردانی بودجەی وڵات. ئەو پێی ڕاگەیاندم کە پێش ئەوەی کارەکەی بڵاوبکرێتەوە، دەزگا ئەمنیەکان زانیبوویان کە خەریکی کارێکی لەو جۆرەیە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرد. ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان لەژێر چاودێری وردن و تەواوی هەنگاوەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تۆمار دەکرێت. ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی کە ڕۆژێک پۆلیس خۆیان کردووە بە ماڵەکەیدا بە بیانووی ئەوەی کە دراوسێکان شکاتیان لێکردووە و وتوویانە کە دەنگێ بێزارکەر لە شووقەکەیەوە دەردەچێت. بەو بیانووەوە کۆمەڵێک پۆلیس خۆیان کردووە بە ماڵەکەیدا و بەناو ڕەفە و نووسراوەکانیدا گەڕاون، ئەمەیش بەبێ ئەوەی کە هیچ فەرمانێکی دادگایان پێبێت. هاوڕێکەم داوای لەسەر حکومەت تۆمارکرد لەدوای ئەم ڕووداوەوە.

جگە لە چاودێری کردن، بەردەوام هەڕەشەی گرتن و دەستگیرکردنیش هەیە. لە وڵاتی میسڕ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە نزیکەی ١٨٣ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی).

هەندێکجار ڕۆژنامەنووسان بۆ پاراستنی خۆیان لەم مەترسیانە، ناچارن ناوی خوازراو بەکاربهێنن و ناوی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە. بەتایبەت لە سۆشیال میدیاکان بەهۆی ئەوەی کە چاودێری ڕاستەوخۆیان لەسەرە و ناتوانن هیچ چالاکیەک بکەن بەبێ ئەوەی کە حکومەت ئاگاداری بێت، بۆیە بە ناچاری لەژێر ناوی خوازراوەوە بابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە.

کێشەیەکی تریش ناچارکردنی ڕۆژنامەنووسانە بە ئاوارەبوونیان و جێهێشتنی ماڵ و ڵاتی خۆیان. ئەوەندەی من ئاگاداربم لە ساڵی ٣٠١٣ەوە نزیکەی ٢٠ کەس بەهۆی کاری مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی لە وڵاتانی سوریا، یەمەن، عێراق و میسڕ ناچارکراون کە وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و لە وڵاتێکی دیکە ئاوارەبن. بێگومان ناچارکردنەکە سادە نەبووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە. هەڕەشەکانیش لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعش، چەکدارە حووسییەکان، میلیشیاکانی عێراق و دواجاریش حکومەتەوە ئەنجام دەدرێن.

کوشتنیش گەورەترین کێشەیە کە دووچاری ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی سی پی جەی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢٠ نزیکەی ١٦٦ ڕۆژنامەنووسی عەرەب کوژراون بە هۆکاری جیاواز. هەندێکیشیان بە ئاشکرا دیارە کە تیرۆرکراون. بۆ نموونە جەمال غەسوگی کە لەناو قونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ کوژرا لە ساڵی ٢٠١٨. لوقمان سەلیمیش نموونەیەکی ترە کە بەهۆی ڕەخنەکانیەوە لە حیزبوڵای لوبنان کوژرا.

پاشەکشەکە چاوەڕوانکراو نەبوو

کەس بە جۆرێک بیری نەدەکردەوە کە کاری ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوەی ڕۆژێک ببن بە کارێکی ئاسان و بێ مەترسی، بەتایبەت لە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەی سەر زەوی کە وڵاتانی کەنداوە.

بەڵام پێشتر هیوایەک هەبوو بۆ ئەوەی کە ئەو جۆرە کارانە کەمێک ئاسانتر بن. بۆ نموونە لە ئوردن و سوریا، خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون کە دوای مردنی حاکمەکان و هاتنە سەر حوکمی کوڕەکانیان کە بەڵێنی ڕیفۆرمیان دابوو، گۆڕنکاری لە هەڵوێستی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە کاری ڕۆژنامەوانی ڕوودەدات و کەمێک باشتر دەبێت. یاخود لە میسڕ کاتێک فشارێکی زۆر لەسەر حوسنی موبارەک دروست بوو و گۆڕانکارییەکان خەریک بوو دروست دەبوون. بەڵام دواتر هیوای گۆڕانکاریش نەماوە و دۆخەکە لە جاران خراپتر بوو. لە میسڕ دوای هاتنی سیسی دۆخی ڕۆژنامەوانی زۆر لە پێشتر خراپتر بوو. لە سەردەمی حوکمی ئەودا زانیاری هەڵە، چەپاندنی ڕۆژنامەنووسان و زاڵبوونی دەسەڵاتی ئەمنی بەسەر میدیاوە بوون بە چەکی دەسەڵاتەکە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی خۆیان.

دوای مورسیش، حکومەتە تازەکە هەوڵیان دا خۆیان دەست بەسەر میدیاکاندا بگرن و تەواوی چالاکیەکان ڕاستەوخۆ لەژێر دەستی خۆیاندا بێت. هەر بۆیە لەم چوار ساڵەی دواییدا، هەوڵیانداوە کە بەشێکی زۆر لە دەزگا میدیایی و هەواڵییەکان بکڕنەوە.

ئایا ئەم دۆخەی میدیا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟

وەڵامەکە بەڵێ و نەخێرە.

هیوایەک هەیە کە حکومەتە تازەکەی جۆ بایدن هەڵوێستی جددیان لەسەر ئەم بابەتە هەبێت و بتوانن گۆڕانکارییەک بخولقێنن. بەتایبەت لە ڕووییەکەوە کە ئابووری تیایدا بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە هەردوو وڵاتی میسڕ و ئوردن، پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا بە جۆرێکە کە ناتوانن دەستبەرداری ببن. جۆ بایدن دەتوانێت لە بەرامبەر هەبوونی هاوپەیمانێتی و پەیوەندی ئابووری، فشاری ئەوە بخاتە سەر ئەو وڵاتانە کە چاکسازی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەڕبڕین بکەن. ئەو دەتوانێت ئەم کارە بکات و پێویستیشە بیکات، چونکە چاکسازی لەم بوارانەدا گرینگییەکی گەورەی دەبێت بەسەر تەواوی وڵاتانی دیکەشەوە.

پێویستە جۆ بایدن پاراستنت مافی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین بکات بە لەپێشینەترین ئامانجی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، کە دواجار قازانجێکی نێودەوڵەتی لێوە دروست دەبێت. وە گرینگیشە کە لەدوای خۆیەوە نەریتێک بەجێبهێڵێت کە پشتگیریکردنی ڕۆژنامەنووسان و پاراستنی مافەکانیان ببێت بە ئەرکێک لەسەر هەموو لایەنە بەرپرس و دەسەڵاتدارەکان.

لە ئێستادا تەکنەلۆژیا بەجۆرێک بەرەوپێش چووە کە کۆمەڵێک بابەتی گرینگی دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە. لە ئێستادا لە وڵاتانی کەنداودا لە هەر ١٠ کەسێک، ٩ کەس سۆشیال میدیا بەکار دەهێنن. ئەمەیش وایکردووە کە سۆشیال میدیا هەم لە ڕووی بازرگانیەوە و هەمیش لە ڕووی سیاسیەوە کاریگەری گەورەی بەسەر بارودۆخی وڵاتانەوە هەبێت. وە لە هەمان کاتدا زیان و قازانجیشی هەبێت. لە نموونەی زیانەکان دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە سەدان هەژماری فەیسبووک بە بیانووی ئەوەی کە خەڵکی بەرەو ئاکت و فکری تیرۆرستی هاندەدەن داخراون. لە نموونەی قازانجیش دەتوانین باسی ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە توانیویانە لەڕێگای سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیاوە ببن بە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان کە هیچ ڕەپتێکیان بە حکومەتەوە نەبێت، کە ئەمانەیش بەردەوام لە وڵاتانی کەنداودا کێشەیان بۆ دروست دەکرێت. لینا عەتاڵە کە ژنێکی ڕۆژنامەنووسی میسڕیەوە و خاوەن وێبسایتێکی هەواڵی سەربەخۆی وڵاتەکەیە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین مرۆڤەکانی جیهان دیاریکرا بەهۆی ئەو کارانەی کە لە ڕێگای وێبسایتەکەیەوە ئەنجامی دەدا. بەڵام ئەو بەردەوام دووچاری کێشە و گێچەڵ دەبووەوە و بەردەوام داوای ئەوەی لێدەکرا کە واز لە پێگەکەی بهێنێت و بیدات بە کەسانێکی دیکە.

ئەمەیش نموونەیەکە لە دۆخی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەردەخات کە دەیانەوێت دوور لە حکومەت و بەرژەوەندییەکانی کاربکەن، کە چۆن بەردەوام ڕێگرییان لێدەکرێت.

لە هەر شوێنێک کاتێک ئازادی ڕۆژنامەوانی بوونی نامێنێت، تەنها ئەمانە بوونیان دەبێت: یەک حکومەت، یەک حاکم، یەک سەرچاوە بۆ پڕوپاگەندە و لەگەڵ دنیایەک زیندان. ڕۆژنامەنووسان نابێت هەرگیز بێدەنگ بن لە ئاست ئەم جۆرە هەڵوێستە. ئێمە پێویستە چەندین ساڵی تر خەبات بکەین تا بگەین بە ئامانجەکانمان و ڕێگاکەی بەردەممان ڕێگایەکی درێژ و سەختە. وە بڕینیشی ئاسان نییە. بەڵام ئەگەر بەردەوامبین، دواجار هەر دەگەین بەوەی کە بتوانین پشت بە ڕاستییەکان ببەستین و لەسەر ڕاستییەکان بە ئازادی بدوێین.

سەرچاوە:

https://www.aljazeera.com/opinions/2021/3/15/the-long-road-ahead-for-arab-journalists-and-free-speech

هاوشێوە