رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاپەڕین وەک ڕووداوێکی دەگمەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

لە پەیوەندیدا بە ڕاپەڕین و یاخیبوونی کۆمەڵایەتییەوە، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە بپرسین: ”ئایا ڕاپەڕین و یاخیبوونی کۆمەڵایەتیی بۆ ڕوودەدات؟“، بەڵکو چ مێژووی ئێمە و مێژووی بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیی، پێویستی بەوەیە پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە: ”ئایا ڕاپەڕین و یاخیبوونی کۆمەڵایەتیی بۆ ڕوونادات؟“، ”بۆ ساتەوەختی ڕاپەڕینەکان لە مێژوودا ھێندە کەم و دەگمەنن“؟ لەکاتێکدا مێژووی کۆن و نوێی بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگاکانی جیھان پڕێتی لە ئەزموونی ئەو دەسەڵاتدارە دڕندە و خوێنڕێژانەی مانایەکیان بۆ ژیان و بوونی ئەو کۆمەڵگایانە نەھێشتۆتەوە کە حوکمڕانیان کردوە. لە مێژوودا ژمارەی ئەو ستەمگەر و دیکتاتۆرانە ھێجگارزۆرن کە پێوست بوو کۆمەڵگاکانیان لێیان یاخیببن و بەڕوویاندا ڕاپەڕن و کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆیان و خێزان و نوخبە سیاسییە گەندەڵەکەی دەوروبەریان بھێنن. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا بۆ ڕاپەڕین ساتەوەختی دەگمەنی ناو مێژووی زۆرینەی کۆمەڵگاکانی جیھانە؟ بۆ خەڵک دژ بەو دەسەڵاتدارە ستەمگەر و خوێناوییانە ڕاناپەڕن کە بەردەوام کەرامەتیان برینداردەکەن و لەدۆخێکی نائینسانیی و پڕ ئیھانەکرندا نیشتەجێیان دەکەن؟ بە کورتییەکەی، یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیی، خەسڵەتی غیاب و نائامادەگیی ڕاپەڕین و یاخیبوونە. 

بەشێوەیەکی گشتیی ڕاپەڕین و یاخیبوون دەرەنجامی کەڵەکەبوونی زوڵم و زۆر و ستەم و چەوساندنەوە و سوکایەتیکردنن بە مرۆڤ و پەیوەستن بە بێنرخکردنی ژیانی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانەوە. لە ئەدەبیاتی زانستییدا یاخیبوون کردەیەکی مێژووییە، لە دووجۆر زوڵم و زۆر و ستەمەوە، لە دووشێواز لە بێبەھاکردنی ژیانەوە، سەرھەڵدەدات. یەکەمیان زوڵم و زۆر و ستەمێکی بەردەوام و بونیادییانەیە، دووھەمیان زوڵم و زۆر و ستەمێکی کاتیی و تێپەڕ و بە ڕێکەوتە. ھەر یەکێک لەم دوو دۆخەش بەتەنھا، یان تێکەڵبوونیان بەیەکتری و بەیەکەوە، دەشێت ھۆکاریی یاخیبوون و ڕاپەڕینەکان بێت.

ئەم نووسینە ھەوڵدان نییە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی ڕاپەڕین بۆ ڕوونادات، لەکاتێکدا سەدان ھۆکار بۆ یاخیبوون و ڕاپەڕین لەئارادان؟ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەسەری بدوێین ئەوەیە، بۆچی ڕاپەڕین و یاخیبوونەکان، زۆرجار، دوای سەرکەوتنیان، دۆخێک دروستدەکەن، جیاوازییەکی ئەوتۆی لە دۆخی بەر لە ڕاپەڕین نییە؟ شۆڕشەکان بۆ نەک تەنھا منداڵەکانی خۆیان دەخۆن، بەڵکو ھەندێکیان نیشتیمان و گەل و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکەشیان، دەخۆن؟ 

ئەوەی کە شۆڕشەکان منداڵەکانی خۆیان دەخۆن، ڕاستییەکە لە زۆربەی شۆڕش و یاخیبوونەکانی جیھاندا دووبارەبووەتەوە. خودی ڕستەی ”شۆڕشەکان منداڵەکانی خۆیان دەخۆن“ لە ڕووداوەکانی دوای بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتوە. شۆڕشی فەرەنسیی لە گەشەکردنی خۆیدا ڕێگا بۆ لەدایکبوونی فۆرمێکی تۆقێنەر لە کوشتن و تێرۆر دەھێنێتەکایەوە، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش وادەکات ئەو قۆناغەی شۆڕش بە قۆناغی تیرۆر ناوبنرێت. لەو سەردەمی تێرۆرەدا کاتێک یەکێک لە پارێزەرە بەناوبانگەکانی فەرەنسا دەبینێت چۆن ھاوڕێکانی دەبرێنە بەر مەقسەڵە و سەریان دەپەڕێندرێت، کاتێک دواتر خۆیشی بەرەو ھەمان چارەنووس پەلکێشدەکرێت، بەر لە کوشتنی ڕوو لە خەڵکەکە دەکات و دەڵێت: ”مەترسییەکی گەورە لەئارادایە کە شۆڕش وەکو ساتورن، ( ساتورن ئەو خوداوەندە یۆنانییەیە کە هەموو منداڵەکانی خۆی دەخوات)، بەرە بەرە منداڵەکانی خۆی بخوات و لەکۆتاییشدا ستەمگەریی بەهەموو نەهامەتییەکانیەوە لەدایکبێت“. ئەم پێشبینییەی ئەو پارێزەرە فەرەنسییە دواتر وەک نیمچە یاسایەک یەخەی زۆربەی شۆڕشەکانی دونیا دەگرێتەوە. بەشێکی زۆری شۆڕش و یاخیبوونەکان دوای بەدەستھێنانی سەرکەوتن دەکەونە خواردنی منداڵەکانی خۆیان. بەلشەفییەکان لە ڕوسیادا منداڵەکان و ھاوڕێکانی خۆیان خوارد، شۆڕشی ئێرانی ھەمان تاوانی ئەنجامدا، جەزائیرییەکان بەھەمان ڕێگەدا تێپەڕین، بەعسییەکانیش لە عێراقدا چوونەوە سەر ھەمان خوانی تاوان و بەناوی ”قیادەی سەورە“وە سەدان کەسیان لەسێدارەدا، لە کۆمەڵگای ئێمەشدا ”شۆڕشگێڕەکانی شاخ“ و ”پێشمەرگەکانی دوێنێ“، دوای ڕاپەڕین، نەک تەنھا منداڵەکان، بەڵکو ھەموو وڵاتەکەیان خواردەوە و دەخۆن.
 
فرانز فانون یەکێکە لە تیۆریستە سەرەکییەکانی پرسی گۆڕانی ”شۆڕش“ بۆ ”دژەشۆڕش“ و گۆڕانی شۆڕشگێڕانی دوێنێ بۆ بازرگان و پیاوە گەندەڵەکانی دونیای دوای کۆلۆنیالیزم. فانۆن بە وردی باس لە چۆنیەتی دروستبوونی ئەو توێژە سیاسییە حوکمڕانە گەندەڵە دەکات، کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان دێنەکایەوە و دونیای دوای شۆڕش بە لۆژیکی دونیای بەر لە شۆڕش دروستدەکەنەوە، لەناو یەک کۆمەڵگادا دوو دونیای تەواو جیاواز و لەیەکدابڕاو، لەسەر ھەمان مۆدێلی دونیا کۆلۆنیالکراو، سەرلەنوێ دروستدەکەنەوە. 

لەدونیای ئێمەدا خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1991دا ڕاپەڕین و دەمودەزگاکانی دەوڵەتی بەعسیان ڕاماڵیی و بەشێکی گەورەی وڵاتەکەیان لە دەسەڵاتدارێتیی بەعسیزم ڕزگارکرد. ئەم ڕاماڵینە سەرەتای دەستپێکی مێژوویەکی سیاسیی نوێ بوو کە خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان بۆ دووهەمین جار، لە دوای سەردەمی شێخ مەحمودەوە، ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیی تاقیبکەنەوە. بەڵام ئایا ئەم ئەزموونە چ پەیام و ئاکارێکی ھەبوو؟ بۆ دوای تێپەڕینی سی ساڵ ئاکاری سەرەکییەی ئەم ئەزموونە گۆڕاوە بۆ خواردنی منداڵەکانی خۆی؟ ئەم پرۆسەی بەدەعەجانبوونە لەکوێوە ھات؟

بەبۆچوونی ئێمە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەی دەعەجانبوونە لەناو ئەم خاڵانەدا جێگیرن:
یەکەم، مۆدێلی حزب. ئەو مۆدێلە حیزبییەی لە ھەرێمدا سەروەرکرا، مۆدێلی حیزبێکی لێنینی پێشڕەوە، کە خۆی وەک بەشە پێشکەوتو و خوێندەوار و شۆڕشگێڕەکەی کۆمەڵگا وێنادەکات و پێیوایە خاوەنی ڕەوایەتییە کە بۆ ھەتاھەتایە بکەری ژمارە یەکی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئابوریی کۆمەڵگا بێت. حیزب لەم ئەزموونەدا وەک ئۆرگانێکی قەبە و فوتێکراوی لێدەێت، کە دەخوازێت ھەموو کۆمەڵگا لەناو لەشە ئاوساوەکەی خۆیدا کۆبکاتەوە و جوڵەکانی ئەو وەک حیزب ببێت بە جوڵەی کۆمەڵگا و ھێزەکانی. کۆمەڵگا لەناو لەشی حیزبدا بگۆڕێت بۆ ئۆرگانێکی کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوە. ئەم حیزبە لە ئەزموونی سیاسیی ھەرێمدا، لە فۆرمی ”حیزبی قائید“دا ئامادەیە و بەتەنها سەرکردایەتی دەزگاکانی حوکمڕانیی و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، دەکات. لە ھەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە حیزب لەم ئەزموونەدا وەکچۆن خاوەنی سوپایە، ئاواش بووە بە خاوەنی ئابوریی و دەیەھا کۆمپانیای زەبەلاح. ئەم دۆخە لە ھەرێمدا بەڕادەیەکە حیزب تیایدا گۆڕاوە بۆ بەھێزترین گەمەکەری ئابوریی و بازاڕی وڵاتەکەشی بەتەواوی کۆنترۆڵ و بەشێکی زۆریشی مۆنۆپۆڵکردوە.

دووھەم، لەناو ئەم لەشە فوتێکراو و ئاوساوەدا سەرۆکێک ئامادەیە کە قسە و بڕیار و ھەڵبەز و دابەزە سایکۆلۆژییەکانی حوکمی یاسایان ھەیە و ھەموو ئەوانەی ژێرخۆی و دەوروبەری، یان بۆ ڕەعیەت و گوێڕایەڵێک کورتدەکاتەوە، یان بۆ نەیار و ڕکابەرێک کە دەبێت سنووریان بۆدابنرێت و لەناوببرێن. ئەم سەرۆکە زۆرجار سەر بە خێڵێک، یان ناوچەیەکی تایبەتییە، ھەم خۆی وەک سەرۆک لەسەرووی یاساوەیە، ھەم حیزبەکەی لەسەرووی دادگاوە و ھەم خێڵەکەشی لەسەرووی نەتەوەوەیە. وەکچۆن سەرۆک و خێزان و بنەماڵەکەی کۆنترۆڵی حیزب دەکەن، بەھەمانشێوە ھەمان ئەو دەستەیە لەڕێگای حیزبەوە کۆنترۆڵی یەکە و ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی حیزبیش دەکەن. بەمجۆرە دۆخێک دروستدەبێت لەباتی ئەوەی حیزب لەڕێگای سەرۆک و خێڵەکەیەوە حوکمڕان بێت، سەرۆک و خێڵەکەی لەڕێگای حیزبەوە دەبن بە حوکمڕان. 
ئەمەش وادەکات، سێھەم، پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا و حیزب و دەوڵەت، ببێتە پەیوەندی کۆنترۆڵکردنی حیزب بۆ ھەردووکیان و بەمەش ستراتیژییەتی لە دەوڵەتخستنی دەوڵەت و لە کۆمەڵگاخستنی کۆمەڵگا سەروەربێت. 
چوارھەم، بە ھەڵاتن بۆ ناو حیزب و لەناو حیزبیشەوە بۆ لای سەرۆک، بەشی ھەرە زۆری تاوانباران و بەشداربووانی کارەساتە نیششتیمانیی و نەتەوەییەکانیش، لە نموونەی کارەساتی ئەنفال، دەبن بە پیاوانی ڕیزی پێشەوەی حیزب و کەسانی خاوەن پێگە و دەسەڵات لەناو کۆمەڵگادا. بەمەش سەرۆک و حیزبەکان ھەرەسێکی ئەخلاقیی گەورە لە دونیای دوای ڕپەڕیندا دروستدەکەن، کە تیایدا سنووری نێوان خائین و نیشتیمانپەروەر و تاوانبار و بێتاوان، جەلاد و قوربانیی، بەتەواوی دەسڕێتەوە. 
پێنجەم، لەناو ئەم پێکھاتە سیاسییەدا چەندان بازنەی دەسەڵات دروستدەبن، کە ھەموویان، یان زۆربەی ھەرە زۆریان، لە دەرەوەی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقییەوەن. ئەمە وادەکات حیزب لەناو حیزب و دەسەڵات لەناو دەسەڵات و ئابوریی لەناو ئابووریدا دروستببێت و پرۆسەیەکی بەرفراوانی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و ناوچەیی بخاتەوە. ئەم دۆخی پارچەپارچەبوونە بەو شوێنە دەگات لەناو ھەر شارێکدا چەندان شاری جیاواز و لەناو یەک سیستەمی خوێندندا چەندان سیستمی خوێندنی جیاواز و لەناو یەک پێکهاتەی پۆلیس و ئاساییشدا چەندان دەزگای سەربەخۆ و جیاواز و لەناو یەک ھێزی چەکداردا چەندان سوپای تایبەت، دروستببن. 
شەشەم، ئەوەی لەناو ئەم ستراتیژییەتی پارچەپاچەبوونەی دوای ڕاپەڕیندا دەمرێت و دەسڕێتەوە پڕۆژەی ”بونیادنانی نەتەوە“ و ”دروستکردنەی نیشتیمان“ و سیاسەتی ”بەرهەمهێنانی چەمکی هاوڵاتیی“ە. سەرەتا شەڕی ناوخۆ، دوای ئەو ململانێ توندتوتیژەش ”ڕێکەوتنی ستراتیژیی“ نێوان دوو زلھێزەکەی ھەرێم، هۆکار و ئامرازی سەرەکیی دروستکردنی ئەم جیھانە پارچەپارچە و دابڕاوە بوون. 
حەوتەم، شەڕی ناوخۆ تا ئەم ساتەش شەڕێکی بەردەوامە. ئەم جەنگە، جەنگی تەقلیدیی دوو خێڵ یان جەنگی مۆدێرنی دوو دونیابینیی نییە، بەڵکو جەنگێکی دابڕاوە لە سیاسەت و لە ئەخلاق، لەسەر داهات و سامان و سنوورەکانی دەسەڵات، لەسەر بوون بە پیاو و کەس و حیزب و ھێزی ژمارە یەک و مامەڵەکردنی ئەوانیتر وەک ڕەعیەت، بە لۆژیکی شەقاوە و داشەھارە. 
ھەشتەم، لە ڕاستیدا لۆژیکی جەنگ تا ئەم ساتەش ئامرازیی سەرەکیی کەڵەکەبوونی سەرمایە و کەڵەکەبوونی دەسەڵاتە لە ھەرێمدا، کۆمەڵگای کوردیی بووە بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێیەکی توند لە نێوان منداڵانی لۆردەکانی جەنگی ناوخۆیی دوێنێ لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەڵگاکە خۆشیدا. جەنگ فۆرمێکە لە میکانیزمی کەڵەکەکردنی سەرمایە، ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ستراتیژێکی نەنوسراو و کارنامەی کارکردنی نهێنیی و ئاشکرای هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمە. ئەو مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییەی ئێستا لە ئارادایە بریتییە لە مۆدێلی درێژەدان بە لۆژیکی جەنگی ناوخۆ، بەڵام بەکەرەسەی تر. ئەم شەڕە ناوخۆییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و بکەرە سەرەکییەکانی بەشێوەیەکی ستراتیژیی کار لەسەر قووڵکردنەوەی ئیرەیی کۆمەڵایەتیی و ڕقی حیزبیی و کینە و بوغزی ناوچەیی دەکەن.

دەرەنجامی سەرەکیی ئەم دۆخە بریتییە لە ڕێگەگرتنێکی ھەمەلایەن لە دروستبوونی چەمکی ھاوڵاتیی وەک کەسێکی خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی، و کردنەوەی ھەموو دەرگاکانیش بە ڕووی بەڕەعیەتکردنی ھەموواندا. ڕەعیەتێک بۆی نییە خۆپیشاندان بکات، ناڕازییەکانی دەگیرێن و زیندانیی دەکرێن، رۆژنامەنووسان و نووسەران و پەرلەمانتاران بەر چەقۆ و بۆکس و شەق دەدرێن، لە هەولێری پایتەختی ئەم ڕەعیەتگایەدا نەک تەنانەت خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی یاساغە، بەڵکو بیرکردنەوەش لە رێکخستنی خۆپیشاندان، یاخود خەونبینین بە ناڕەزاییدەڕبڕینەوە، یان نووسینی کۆمێنتێک لە فەیسبوک، قەدەغەکراوە.
 
ئەوەشی ئەم گشتە وێرانەی دونیای دوای ڕاپەڕین دەپارێزێت و سەروەریدەکات، بوونی ئەم یان ئایدیۆلۆژیا و ئەم یان ئەو ڕێباز و قوتابخانەی فیکریی نییە، بەڵکو توندوتیژییە، توندوتیژییەکی ڕووت و ھەمەشێوە. ئێستا ئیتر دوای سی ساڵ لە ڕاپەڕین ئێمە لەناو ئەزموونێکی سیاسیی ئەمنیی ترسناکداین، کە وەک قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین خۆی، جارێکیتر لەژێرەوە ئەو کۆمەڵگایە بەرەو ڕاپەڕین و یاخیبوونی تر ھاندەدات.

هاوشێوە